کورتە چیرۆک/ گفتوگۆی چایخانە.. رەسوڵ بەختیار
مرۆڤەکان بەتەواویی گۆڕاون، وەک پێشتر نییە، کاتێک لەچایخانە دابنیشیت گوێت لەهەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێش بێ، پێشتر، مەبەستم لەپێشتر ساڵانی نەوەد تا دووهەزارە، گوێت لەهەندێک بابەتی خۆش دەبوو.
دەیگوت: عوسمان چوومەوە گوند و دێهاتەکانی خۆمان خزمانم بینی، سەیرە هەر وەک خۆیانن هیچ نەگۆڕاون، وەکجاران پیاون لەپشت یەکن، کەس ناوێرێ زەفەریان پێ ببا، چوومە ناو باخەکان بەڕاستی خۆشبوو، شووتی سەوز سەوز بوو، یەکسەر لەبڕکی کردەمەوە، چەقۆیەکم هێنا دوو کەرتم کرد، بەڕاستی بەتام بوو، ئێستاش تامی لەژێر زمانمدایە، ئاخ چۆن بچمەوە، ئەو منداڵانە فێری شار بوون، کەس نایەت.
یەکێکی دیکە هەڵیدەدایەوە: منیش وەک تۆ زۆر حەزم لەگوندە، دەمەوێ لەم جەنجاڵی شارە رزگارم بێ، شار ئێمەی کوشت هەمووی کردین بە کرێکار و فەرمانبەر، بەڕاستی کاتێ ئەو بەڕێوبەرە رەزاگرانە دەبینم، وا دەزانم پارەی ئەم هەرێم و عێراقە هەمووی ئەوە دەیخوا.
کەچی گفتوگۆی ئێستایی نێو چایخانەکان ئێرە و ئاسمان جودایە.
هەر ئەو عوسمانەی پێشتر باسمان کرد، باس لە ڤیلا و کچی جوان و مۆدیل دەکات.
کاتێک عوسمان دێتە چایخانە بەناو هاوڕێیەکانی هەڵدەستنەوە، کاک عوسمان وەرە ئێرە، من دەچمە ئەوێ.
عوسمان وەک ئەوەی لەباب و باپیرانییەوە موڵک و ماڵی بۆ مابێتەوە، بەبرادەرە نزیکەکەی دەڵێ: ئەوە چیبوو تووشی منت کرد، زۆر کەللەرەقە، بەڵام هەر سێ دەفتەر دۆلارم لێی قازانج کرد، جارێکی دیکە، ئەو شکوڵاتانەم بۆ مەنێرە، وەڕسی کردم، وا دەزانێ خەڵکی ڵەندەنە، ڵەندەن چییە، دەتوانم لایەکی ڵەندەن بکڕم.
هاوڕێیەکەی: وازی لێ بێنە، بۆ پڕۆژە نوێیەکەمان جیتکرد؟
عوسمان: خەم مەخۆ، وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیە دوو ملیۆن دۆڵار قازانجمانە. لەوەش گەڕێ، بۆ مانگی داهاتوو پڕۆژەیەکی دیکە هەیە، هەمووی تۆ خاوەنداری بکە، خۆت دەزانی، زۆر سەرقاڵم، ئەوە با دیاری بێ.
هەر لەنێو ئەو چایخانەیەدا، یەکێک بۆ یەکەمجارە لەو چایخانە دەبیندرێ، سڵاو دەکا، چەند کەسێک سڵاوەکەی وەردەگرنەوە، یەکسەر دەڵێن: شێرۆ ئەوە تۆیی، دەزانین لەئەڵمانیایی، ئێ ئێ هەواڵت چۆنە؟
شێرو:هەواڵم چۆن بێ، خێزانەکەم لێم جیابۆوە، کوڕە گەورەکەشم قسەم لەگەڵ ناکات، کچە بچووکەکەشم تەمەنی یانزدە ساڵە لەگەڵ دایکییەتی، بەڵام کەس قسەم لەگەڵ ناکات.