Skip to Content

دەرکەوتە سووریالییەکان لە دیوانە شیعری (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم* دا.. ڕووخۆش نەبی عەوڵا

دەرکەوتە سووریالییەکان لە دیوانە شیعری (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم* دا.. ڕووخۆش نەبی عەوڵا

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 11, 2023 General, Literature, Slider

توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی فاكه‌ڵتیی ئاداب كراوه‌ له‌ زانكۆی سۆران وه‌ك به‌شێك له‌ پێداویستییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ زمانی كوردی/ به‌سەرپەرشتی د. کازم شێخ حسێن

پوختە
پوختەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، باسکردنە لە یەکێک لە ڕێبازەکانی ئەدەبیی، ئەویش سووریالیزمە، لێرەدا دەمانەوێ سووریالیزم بناسێنین و پڕاکتیزەی بکەین لەسەر دیوانێکی شاعیری کورد نارین ڕۆستەم ئەو دیوانەش (بەرەواژ)ـە، کە شایەنی باسە ئێمە لە لایەنی تیۆریی ویستوومانە بەشێوەیەکی ئەکادێمیی تیۆری بابەتەکە بخەینەڕوو چ لەڕووی زاراوە، چەمک، مێژوو، سەرهەڵدان و بنەماکانی، لە لایەنی پراکتیکیش پشتمان بەم دیوانە بەستووە، کۆمەڵێک شیعرمان هێناوەتەوە تاکو توێژینەوەکەمان لە لایەنی پراکتیکی دەوڵەمەند بکەین و نموونە بۆ لایەنی تیۆرییەکەمان بهێنینەوە، لەڕێگەی ئەم توێژینەوەیە دەمانەوێت بیسەلمێنین بەرهەمەشیعری بەرەواژی نارین ڕۆستەم سووریالییە یان نا.

وشە کلیلیەکان: سووریالیزم، بەرەواژ، نارین ڕۆستەم، بنەماکانی سووریالیزم، وێنەی نالۆژیکیی، سەرووی واقیع، تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم.

پێشەکیی
سووریالیزم وەک ڕێبازێکی ئەدەبیی سەرەتا لە ئەدەبی ئەورووپی سەری هەڵدا، دواتر لە ناو نەتەوەکانی تر بڵاوبوویەوە و ئەدیبە کوردەکانیش سوودیان لە ئەدەبی تری دونیا وەرگرتووە و ئەم ڕێبازەیان گواستووەتەوە بۆ ناو ئەدەبی کوردیی، نارین ڕۆستەمیش یەکێکە لەو شاعیرانەی کە سوودی لە ڕێبازی سووریالیزم وەرگرتووە و لە شیعرەکانی بەرجەستەی کردووەتەوە. زۆرجار باس لە سووریالیبوونی شاعیر دەکرێت و لای کۆمەڵێک نووسەر بە شاعیرێکی سووریالی دانراوە، ئێمەش بۆیە ئەم ناونیشانەمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی شیعرەکانی نارین ڕۆستەم لە نێوان سووریالیبوون و سووریالی نەبوون یەکلایی بکەینەوە. ئەوە بخەینەڕوو شیعرەکانی تا چەند لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم دێنەوە.

دیوانی (بەرەواژ)ی نارین ڕۆستەم قسەی لەبارەوە دەکرێت کە سووریالیی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستەیەکی تر هەن کە پێیانوایە سووریالی نییە، ئەم کێشەیە بووە هۆی ئەوەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا ئەوە ڕوون بکەینەوە و نیشانی بدەین، کە چەندە ئەم دیوانە بەپێی تایبەتمەندییەکانی سووریالیزم نووسراوە.
هاوکات چەند پرسیارێک بە تەریبیی لەم توێژینەوەیەدا دەکشێت و وەڵامیان دەدەینەوە، بۆنموونە: ئایا سووریالیزم لە دیوانی شیعری نارین ڕۆستەمدا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئایا چەند بنەمای سووریالیزم ڕەنگی داوەتەوە؟ ئەو تایبەتمەندییانە کامانەن کە لای سووریالییەکان جێی بایەخن و لای نارین ڕۆستەم ڕەنگیان داوەتەوە؟ سووریالیبوون و سووریالی نەبوونی ئەم بەرهەمە لە چیدایە؟ ئەمانە گرینگی خۆیان هەیە و لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە بەشێوەیەکی زانستیی ئەم بابەتە یەکلا دەکرێتەوە.

بەشی یەکەم
زاراوەی سووریالیزم

زاراوەی surealism لە دوو بەش پێکهاتووە، sur واتە سەر، realism واتە واقیع، هەردوو وشەکە بە یەکەوە واتای (سەرووی واقیع) دەگەیەنن. لە بارەی بەکارهێنانی زاراوەکە یەکەم کەس کە ئەو زاراوەیەی بەکارهێنا گیوم ئەپۆلێنیر بوو، لە کۆنفڕانسێکدا لە بارەی ڕووحیاتی نوێ لە ساڵی ١٩١٧ بەکاریهێنا، دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین گیوم ئەپۆلێنیر لە شانۆگەرییەکی خۆیشیدا بە ناوی (مەمکەکانی بەیاتریس) ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە، هەر لە سەرەتای شانۆگەرییەکەدا ئەپۆلێنیر داوای سەرووی سرووشتی دەکرد. پاشان ئەندرێ برۆتۆن ئه‌م وشەیەی قۆزتەوە و لە مانیفێستی سووریالیزمدا دووپاتی کردەوە و ڕێبازەکەی خۆیانی پێ ناوزەند کرد. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٢٧، عەبدوڵا، ٢٠١٣: ١٨) لێرەشەوە ئەم زاراوەیە بۆ ڕێبازێکی ئەدەبی بەکارهات.

چەمکی سووریالیزم
سووریالیزم چەمکێکی بەرفراوانە چەندین پێناسەی بۆ کراوە، ئێمەش لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی سووریالیزم چەند پێناسەیەک دەخەینەڕوو:
ئەندرێ بروتۆن لە پێناسەکردنی سووریالیزم دا دەڵێت: ((بزووتنەوەیەکی زاتی و دەروونییە، بە نووسین یا بە قسەکردن، یا هەر شێوازێکی دەربڕین بێت، لە بابەتێکی سرووشتی لە بیر و ناهۆشمەندی ئادەمیزادەوە هەڵدەقوڵێت، دوور لە دەسەڵاتی عەقڵ و یاسای کۆمەڵەوە))، (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) کەواتە سووریالیزم لای ئەندرێ بریتۆن سرووشتێکە لە دەرەوەی عەقڵی مرۆڤ، دوورە لە هەموو یاسایەکی کۆمەڵگە. لە پێناسەیەکی تریشدا بەهەمان شێوە پێناسەی سووریالیزم کراوە بەوەی کە ((بریتییە لە تەعبیرکردن و بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوەز و عەقڵ)). (عومەر، ٢٠٠٥: ٨٨) واتە سووریالیزم ئەوەیە گوزارشت لە شتەکان بکەیت بێ ئەوەی بکەویە ژێر کۆنتڕۆڵی عەقڵ.
سووریالیزم لە ئینسکلۆپیدیایی فەرەنسییدا وەها پێناسەی بۆ کراوە کە: ((فەلسەفەیەکە لەسەر بنچینەیی بڕوابوون بە واقیعێکی بەرز، لە هەندێ شێوەی باو درووست بووە، کە تا هاتنی پشتگوێ خرابوون، هەروەها بە هێزی گەورەی خەون و گەمەی فیکری هەڵدەستێت، بە لە ناوبردنی هەموو بزاڤە دەروونیەکان لە ڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیان)). (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ١٨) لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت سووریالیزم لەسەر کۆمەڵێک بنەما دامەزراوە تاوەکو هاتنی سووریالیزم گرینگی بەو شێوە باوانە نەدراوە بۆ نموونە خەون یان خەیاڵ، یان گاڵتەوگەپ و یاخیبوون. لە پێناسەیەکی تردا هاتووە: ((هونەری سووریالیزم هەڵسوکەوتی وەهای تێدایە، کە بەهیچ جۆرێک لە هەڵسوکەوتی ئادەمیزاد ناچێ، چونکە ئادەمیزاد ملکەچی کۆمەڵێک یاسا و نەریتی کۆمەڵایەتییە، جا هونەری سووریالیزم خۆی بە هیچ کۆت و زنجیرێک نابەستێتەوە)). (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) هەر بۆیە سووریالیزم ئادەمیزاد تا ئەوپەڕی ئازادیی دەبات، دایدەبڕێنێ و جیای دەکاتەوە لە مرۆڤی ئاساییی.
سووریالیزم جیا لە ئەدەب لە چەندین هونەری تریشدا ڕەنگیداوەتەوە کەواتە: ((سووریالیزم نەک تەنیا لە بواری ئەدەبییات، بەڵکوو لە چەندین بواری تری وەک فۆتۆگرافیی، سینەما، شانۆ، مۆسیقا و نیگارکێشانیشدا زۆر فراوان ڕەگی داکوتاوە لای هەندێک کەسیش بووە بە شێوازی ژیانکردنیان))، (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٣) کەواتە سووریالیزم جیا لە هونەرەکان وەک شێوازێکی ژیانیش پەیڕەوی لێدەکرێت، لە ڕەفتار، کردار و گوفتاری ئەو کەسانە ڕەنگدەداتەوە کە پەیڕەویی لەم شێوە ژیانە دەکەن.

مێژووی سەرهەڵدانی سووریالیزم
وەک هەر ڕێبازێکی تر سووریالیزمیش مێژووییەکی خۆی هەیە جیای دەکاتەوە لە ڕێبازەکانی تر و کۆمەڵێک ڕابەر هەن، کە دەستییان هەبووە لە سەرهەڵدانی.
لە دوای ئەوەی ڕێبازی داداییزم کۆتاییی پێهات و کۆمەڵێک وێرانکاریی، بێسەروبەری لە دوای خۆی بەجێهێشت پێویست بوو ڕێبازێک بهێت ئەم کێشانە چارە بکات و هەندێک شت بونیات بنێتەوە، ئەوەبوو سووریالیزم وەک ڕێبازێکی ئەدەبیی هاتە ناو دونیای ئەدەب و یەکێک لە ڕابەرانی کە ناوی ئاندریە بریتۆن بوو ئەم هەوڵەیدا بە یارمەتی ئەو دارودەستەی لە ڕێبازی دادایزم مابوونەوە، ئەوەبوو قوتابخانەیەکی نوێیان بە ناوی سووریالیزم دامەزراند ئەم هەوڵە لە ساڵی ١٩٢١ درا، ئەو دەستەیە پێک هاتبوون لە ئاندریە بریتۆن، ئاراگۆن، پۆل ئیلوار، فیلیپ سووپۆ، بیردسنووس، پەنجامین پرە و هەندێ شاعیر و نووسەری دیکە. ئەم دەستەیە قوتابخانەی سووریالیزمییان لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزراند، هەر دوای ئەمانەش ئەندرێ بریتۆن هەڵسا بە بڵاوکردنەوەی مانیفێستی سووریالیزم لە ساڵی ١٩٢٤، (حوسەینی، ٢٠٠٦: ٢٢٠، پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٠) بەڵام پێش ئەم هەوڵانە هەوڵێکی تر درابوو لە لایان فیلیپ سوپۆ، ئەندرێ بریتۆن، ئاراگۆن و پۆل ئێلوار ئەویش بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک بوو کە بە یەکەم گۆڤاری سووریالیی دادەندرێت بە ناوی (لێتیراتوور) لە ساڵی ١٩١٩. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣١) ئەم گۆڤارە بە دەستپێک و سەرەتایەک دادەندرێت بۆ سووریالیزم.
لەدوای ئەوەی لە شەقامێکی گەورەی پاریسدا بنکەیەک بە ناوی (نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سووریالیستی) کرایەوە و بەیاننامەی سووریالیستی لێ بڵاوکرایەوە بە سەرکردایەتی ئەندریە بریتۆن و یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ((شۆڕشی سووریالیستیی)) بە ڕێبەرایەتی پیرناڤیل و پەنجامین بڵاوکرایەوە، ئەم گۆڤارە تاوەک ساڵی ١٩٢٩ بەردەوام بوو، هەموو ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی سووریالیزم بگاتە لووتکە لە ساڵی ١٩٢٤، و لەو پەڕی چاڵاکی دابێت، بەڵام سووریالیزم هەر لە لووتکە نامێنێتەوە، بەڵکوو لە ساڵی ١٩٢٥ ئاندریە بریتۆن و پیرناڤیل لە گۆڤاری شۆڕشی سووریالیستی لێکدی جیابوونەوە و پیرناڤیل ڕووی کردە حزبی کۆمۆنیست. (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٢٢ – ٢٢١) بەمەش سووریالیزم بەرەو کاڵبوونەوە چوو.
سووریالیزم بەم پێیە بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت قۆناغی یەکەم لەساڵی (١٩٢٤ -١٩٢٥)، قۆناغی دووەم لە ساڵی (١٩٢٥ – ١٩٣٠)، قۆناغی سێیەم (١٩٣٠) بە دوواوە. (بەرواری، ٢٠١٠: ٢٢٨) هەر بۆیە سووریالیزم هات و ڕێبازەکانی پێش خۆی ڕەتکردنەوە و کۆمەڵێک یاسا و بنەمای دانان بۆ بەرەوپێشچوونی.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی سووریالیزم
سەرهەڵدانی سووریالیزم وەک هەر ڕێبازێکی تر کۆمەڵێک هۆکاری لەپشت بووە، کە ڕۆڵیان بینیووە لە سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازە وەک:
1 – ئەو تیۆرەی سیگمۆند فرۆید داینا، لە بارەی دەروونی مرۆڤ و کاریگەریی ئاستی نەست بەسەر مرۆڤەوە. جا سووریالییەکان سوودیان لە تیۆرەکەی فرۆید وەرگرت و سوودیان لە جیهانی نەست وەرگرت.
2 ئەو کاولکاریییەی جەنگی یەکەمی جیهانیی لە دوای خۆی بەجێیهێشت، بووە هۆی ئەوەی خەڵکەکە تووشی نائومێدیی و ڕەشبینیی ببن لەو دۆخەی پێیدا تێپەڕین و دژ بەو یاسا و نەریتانە بووەستنەوە، لەمەوە یاخی دەبن و پەنا بۆ سووریالیزم دەبەن.
3 پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی یەکێک لە کەسایەتییەکان بەناوی ژاک ڤاشە، کە ئەندریە بریتۆن ناوی لێنابوو (وەستای گوێنەدان بەهەموو شتێک) بەشێوەیەکی ئاڵۆز و نادیار خۆی کوشت، کاریگەریی ئەو بەسەر سەرهەڵدانی سووریالیزم و بە تایبەتی (ئەندریە بریتۆن) حاشا هەڵنەگرە.
4 کوژانەوەی ڕێبازی داداییزم کە بە ماوەیەکی کەم بەر لەو ڕێبازە سەری هەڵدابوو. (گەردی، ٢٠١٧: ١٨٩)
5 هەردووک فەلسەفەی هیگڵ و کارل ماڕکس، فەلسەفەکەی هیگڵ داوای ژیانێکی تازەی دەکرد و دەیویست ڕابوردوو لە بەین ببات، فەلسەفەکەی کاڕل مارکسیش، کە داوای ڕووخانی ڕژێمی سەرمایەداریی دەکرد و هەوڵی دەدا ڕژێمی سۆشیالیستیی جێگەی بگرێتەوە. (حسەینی، ٢٠٠٦ : ٢٢١) هەر بۆیە دەبینین سووریالیزم وەک ئەم فەلسەفانە هەوڵ دەدات ڕابوردوو وەلاوەبنێت و جیهانێکی تازە بۆ خوێنەر دەستنیشان بکات.
6 ئەو دۆخە نالەبار و جەنجاڵانەی شارستانییەتی تازەی سەتەی بیستەم، کە مرۆڤیان لە ئەورووپا تووشی بێومێدیی، سەرلێشێوان و هەرەس کردبوو، هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بوون لە پەیدابوونی ئەم ڕێبازە. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٢٩) هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران بوونە هۆی سەرهەڵدانی سووریالیزم، کە دواتریش وەک قوتابخانەیەکی ئەدەبیی ناسێندرا.

سەرهەڵدانی سووریالیزم لە ئەدەبییاتی کوردییدا
سووریالیزم لە ئەدەبییاتی کوردیی لە بواری شیعردا بەر لەوەی وەک ڕێبازێک بناسێندرێت و بە کاریگەریی بێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە، پێشتر لە ئەدەبییاتی ئێمەش هەر لە کلاسیکەوە هەندێک نموونەی شیعری کلاسیکیی دەبینین، جۆرێک لە بنەماکانی سووریالیزمی تێدا ڕەنگ دەداتەوە و بێئەوەی ئاگاداری ئەو ڕێبازە بن و پێڕەوییان لەو ڕێبازە کردبێت نموونەی ئەمەش شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانیی، مەلا حافزی مەهابادیی … بەڵام سەرهەڵدانی سووریالیزم لەنێو هونەری کوردیی بە هونەری شێوەکاریی دەستپێدەکات لەلای (ئەنووەر تووڤی) جگە لەوەی چەندین تابلۆی سووریالیی کێشاوە، ژیانێکی سووریالیانەشی هەبووە. لە ساڵانی ١٩٧٠- ١٩٨٠ چەندین بەرهەم بڵاوکرانەوە، کە بووە هۆی گەشەپێدانی سووریالیزم وەک دیوانی (ئاو) و (لم نیازمه)ی عەباس عەبدوڵڵا یووسف یان بەرهەمە شیعرییەکانی هاشم سەڕاج و ئەنوەر مەسیفیی. سەبارەت بە دەرکەوتنی چیڕۆکی سووریالیی لە ئەدەبیاتی کوردییدا چیڕۆکەکانی لەتیف حامید بە سەرەتایەک دادەنێن بۆ سەرهەڵدانی شێوازی سووریالیی، ئەم چیڕۆکانە لە ساڵانی ١٩٧٠دا بڵاوکرانەوە و هۆیەکی گرینگ بوون بۆ بەرەوپێشبردنی سووریالیزم. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٧١) هەربۆیە ئەدەبیاتی کوردیش بێبەش نەبووە لەم ڕێبازە و توانیوویەتی لەناو ئەدەبیاتی کوردیی جێگەی خۆی بکاتەوە و چەندین شاکاری بەرز بنووسرێن، کە دەچنە چوارچێوەی ئەم ڕێبازەیەوە.

ئامانجەکانی سووریالیزم
هەر ڕێباز، تیۆر و قوتابخانەیەک، کۆمەڵێک ئامانج لەخۆدەگرێت و لەپێناو ئامانجێک کار دەکات، لێرەش باس لە ئامانجەکانی سووریالیزم دەکەین.
1- سەرنجی خوێنەر، گوێگر و تەماشاکەر بەلای خۆی ڕابکێشێ، بە هۆی ئەو هێزە جادوویییەی کە هەیەتی، کە بناغەکانی پەنهانیی، داهێنان، شتی سەیر و لادان لە هەموو شتە ناسراوەکان دەگرێتەوە، واتە ئەو کاتەی تابلۆیەک یان شیعرێک یان هەر بەرهەمێکی ئەدەبیی دەبینین و لامان نامۆیە، غەریبە و تێیناگەین سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ.
2- خەونێکی هەمیشەیی بۆ چەشە وەرگرەکانی هونەر بەرپا دەکات، ئەم چەشە وەرگرانە لەژێر خێوەتی سووریالیزمدا هەست بە بەختیاریییەکی بێهاوتا دەکەن و ئازارەکانیان بیردەچێتەوە، مەبەست لێی ئەوەیە ئەوکاتەی مرۆڤ دەگاتە دۆخی نائاگایی، ئەوە مرۆڤ لەم دۆخەدا نائاگایی ئازارەکانی بیردەچێتەوە و بەختیار دەبێ.
3- پێکهێنانی جیهانێکی تازە و سەرسووڕهێنەر کە لە چوارچێوەکەیدا، ئادەمیزاد ڕاستی خۆی دەدۆزێتەوە، دەزانێ چییە و بۆچی دەژێت. (بەسیڕ، ٢٠١٥: ٢٥١) واتە ئەو کاتەی مرۆڤ لەڕێی سووریالیزم دەستی دەگات بە سەرەوەی سرووشت لە چوارچێوەی ئەوەدا، جیهانێکی نوێی بۆ دێتە بەرهەم.
4- چێژ وەرگرتن بە هەر ئامرازێک و بە هەر شێوەیەک بێت، ئامانجێکی دیکەی سووریالیزم بوو، بۆیەش دەبینین سووریالیستەکان بەشێوەیەکی فراوان خوویان دابووە گەمە و یارییەکانی ئەدەبیی، ئەم گەمە هونەریی و یارییە ئەدەبییانە ژانرێکی تازەبوون کەوتنە ناو ئەدەبییاتی مرۆڤایەتییەوە، خوێنەر بەم گەمە ئەدەبییانەوە خۆی سەرقاڵ دەکرد. (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٣٣) ئەو ئامانجانەی باسکران لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی سووریالیزم بوون، کە سووریالیزم هەوڵیان بۆ دەدات.

بنەماکانی سووریالیزم
سووریالیزم پێڕەویی لە کۆمەڵێک بنەما دەکات، کە ڕێبازەکەی لەسەر بنیاتناوە و پشتی پێدەبەستێت، لە گرینگترینیان:
یەکەم / تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی
بە یەکێک لە بنەماکانی سووریالیزم دادەندرێت، کە سووریالییەکان گرینگی پێدەدەن و هەوڵدەدەن دۆخی نائاگایی لە شوێن ئاگایی، ئەقڵ و لۆژیک بەکاربهێنن، ئەم گرینگیدانەی سووریالیستەکان دەگەڕێتەوە بۆ تیۆرەکانی فرۆید، ئەو کاتەی فرۆید دەروونی مرۆڤی دابەش کرد بۆ سێ جۆر لە دۆخی ئاگایی، پێش نائاگایی، نائاگایی، بەپێی ئەم تیۆرە کە فرۆید داینا، گرینگترین بەشی بە نائاگایی دادەنێت. (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ٥٠) بۆیە شاعیر لە نووسینەکانیدا ئەو هەستی نائاگایییەی کە هەیەتی دەریدەبڕێت، بەو واتایەی دۆخی نائاگایی لەسەرووی دۆخی ئاگایی دادەنێن. لێرەشەوە بەو ئەنجامە دەگەین سووریالیستەکان ((نائاگایی وەک حاڵەتێکی سایکۆلۆژی سەیر ناکەن، بەڵکوو وەک چەمکێکی فەلسەفی لێکی دەدەنەوە و پەیوەندی نێوان خەون و نائاگایی ڕوون دەکەنەوە و لە ڕێگەی خەونەوە بوار بۆ نائاگایی ڕەخسا بۆ ئەوەی لە شێوەی ئاگایی و هۆش خۆی بنوێنێت)). (هـ س پ: ٥٢) بۆیە سووریالییەکان لە کاتی کارکردنیاندا بەرهەمەکانیان بەشێوەی نائاگایی دێننە بەرهەم.

دووەم / لاشەی بەتام
لاشەی بەتام یەکێکی ترە لە بنەماکانی سووریالیزم، سووریالییەکان باوەڕیان بە هێزی کۆکەرەوەی کۆمەڵێک کەس بوو، وای بۆ دەچوون ئەو هێزەی کۆمەڵە کەسە سوودی زیاتریان پێدەگەیەنێت، بۆیە شاعیرانی سووریالیی لە دەوری مێزێک کۆدەبوونەوە، پارچەیەک کاغەزیان دەهێنا، هەر شاعیرێک لە نۆرەی خۆی شتێکی لێ دەنووسی، جا نووسین بێ یان خەتێک بێت، بەم شێوەیە نۆرەکە دەسووڕایەوە، لە کۆتایییدا نیگارێکی جوان یان کۆمەڵە ڕستەیەکی غەریب و سەرسووڕهێنەر پێکدەهات، دەتوانین بڵێین ئەم بنەمایە بۆیە بەو ناوە ناونراوە، چونکە یەکەمین نموونەی سووریالییەکان بوو بە ناونیشانی “لاشەی بەتام، شەڕابی تازە دەخواتەوە” جگە لەم نموونەیە چەندین نموونەی تر هاتنە بەرهەم، کە بەشێوەی کاری بەکۆمەڵ درووست بوون، بۆ نموونە “سەدەفی سنگال، نانی سێ ڕەنگ دەخوات” یان “بووخاری باڵدار، باڵندەی گێلی خەڵەتاندووە” ئەمانە لە بواری نووسیندا، لە بواری تابلۆشدا کۆمەڵێک بەرهەم لەبەردەستن بۆ نموونە مرۆڤێک، کە سەری قرژاڵ بێ و زۆر شتی تریش هاتوونەتە ئاراوە. (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٣٥، ٢٣٦) هەر بۆیە سووریالییەکان سوودیان لە هێزی کۆمەڵ وەردەگرت. دەتوانین بڵێین ئەم بنەمایە وەک یارییەکی نووسین وایە کە لەلایان کۆمەڵێک شاعیر دێ و دەچێت، هەر یەکێک لەوانە ڕستەی یان وشەی پێش خۆی تەواو دەکات، بێئەوەی ئەو کەسە بزانێ ئەوەی پێش خۆی چی نووسیووە. (عومەر، ٢٠٠٥: ٩٠)

سێیەم / نووسینی ئۆتۆماتیکی
ئەم هونەرە یەکێکە لە بنەمایەکانی سووریالیزم (ئەندرێ برۆتۆن) لە بەیاننامەی یەکەمی سووریالییەکاندا ڕایگەیاند و وەک یاسا و دەستوورێک چەسپاندی. (مەنتک، ٢٠١١: ٣٢) دەتوانین بڵێین لە نووسینی ئۆتۆماتیکییدا، نووسەری سووریالی هەوڵدەدات لە دەست ژاوەژاو و قەرەباڵغیی ڕزگاری ببێت و جڵەوی بیرکردنەوەی بداتە دەست قەڵەمەکەی. بەواتایەکی تر قەڵەمەکە کەسەکە ببات تاوەک دۆخی نائاگایی و ئۆتۆماتیکیی بۆ ئەوەی شت بنووسێت، بە ئازادانە بینووسێت و ئەم تەکنیکە بە بنەمایەکی گرینگی سووریالیەکان دادەندرێت. (هـ س پ، هـ ل) واتە بێگوێدانە ئەقڵ و بیرکردنەوە لە شیعر نووسین، ڕێک بینووسێت. یان دەشێت بڵێین نووسینی ئۆتۆماتیکیی واتە ((نووسەر لە هەر کاتێکدا بێت دەست بداتە پێنووس و بێئەوەی بیربکاتەوە، بێئەوەی خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی لۆژیک و کۆنتڕۆڵی عەقڵەوە، بێ بیرکردنەوە بۆ شیعر نووسین، ئەوەی دێتە سەر دڵ و زمانی یان خەیاڵی یەکسەر بینووسێتەوە. ڕەسەنایەتی ئەم تەکنیکە یاخود بنەمایە لەوەدایە باشتر خۆت لەدەست هەموو جۆرە کۆنتڕۆڵێکی بیرکردنەوە، عەقڵ و لۆژیک ڕزگار بکەیت. لەو کاتەدا پێویستە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی خۆت بە دونیای دەرەوە بپچڕێنیت، تەنیا بە پەلەپەل ئەو شیعرەی لە کانگای خۆت تۆمار بکەیت. ئەم هونەرە پێش هەموو شتێک بۆ ئەوەبوو، کە مرۆڤ خۆی لەدەست شارستانیەتی درۆزنی هاوچەرخ بدۆزێتەوە و بتوانێ، بەهرەی سرووشتی ناو خودی خۆی بتەقێنێتەوە و توانای خۆڕسکی خۆی بدۆزێتەوە)). (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٧) کەواتە نووسینی ئۆتۆماتیکی ئەوەیە بێئەوەی خۆت بدەیتە دەست بیرکردنەوە و عەقڵ دەست بە نووسین بکەیت.

چوارەم / شێتیی
سووریالییەکان لەدیاریکردنی شێتیی وەک بنەمایەک، ئەوە مەبەستی خۆیان هەبووە، چونکە هەروەک دەزانین شێتەکان لە دونیادا بەشێوەیەکی سەیر ڕەفتار دەکەن، قسە و هەڵسوکەوتیان لە مرۆڤی ئاسایی جیاوازە، بۆیە دەتوانین بڵێین ((خەیاڵ لە دنیای ئێستاماندا بێ ڕکابەرییە، بیر و هۆشی شێتان بەشێوەیەکی ناکۆک و بێ سەروبەر و سەرخۆشی تێدەپەڕێت، بیر و هزر و زەینی ئەوان تەنیا لەبەر چاوی خەڵکانی ئاساییدا پچڕ پچڕ و لێڵ و مغەوەشە، چونکە شێتان عادەتی ژیانی ڕۆژانەیان لەدەستداوە، ئەم شێتانە کە کۆمەڵگە بە تۆمەتی سەرپێچی لە دابونەریتەکان تڕۆی کردوون، لە دونیای وەهم و خەون و جێبەجێکردنی داواکانی دەرووندا دەژین و هەموو کارێک لای شێتەکان و لەوێندەر حەڵاڵ و جایزە)). (حسەینی، ٢٠٠٦: ٢٣١) سووریالییەکان گرینگی بەم وڕێنەی شێتانە دەدەن، چونکە دوورە لە ژیانی واقیعی. لە پێناسەیەکی تردا هاتووە دەڵێ: ((شێتیی لای سووریالییستەکان ڕزگاربوون بوو لەدەست کۆتوبەندەکانی عەقڵ، کەواتە شێتەکان زۆربەی ئەو ڕێگەیانە شارەزان کە دەمانگەیەنن بە جیهانی ناهۆشیاریی، ئەو ڕێگەیانەی کە لە ناو زەینی عاقڵەکاندا گیراون و ئێمەی عاقڵ ناتوانیین پێیاندا بڕۆین، جیهانی شێت بۆ سووریالیزم گەنجینەیەکی لەبننەهاتووە، چونکە پڕە لە جوانییەکانی نائاگایی و ناهۆشیاریی)). (پیرباڵ، ٢٠٠٩، ٢٦٥) لەمەوە دەزانین شێتەکان لە دونیای نائاگاییدان و بێ ویستی خۆیان ڕەفتار دەکەن.
شێت لای سووریالییەکان ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ((شێتەکان دەروونیان شێواوە و لە دەرەوەی سنووری عەقڵ و لۆژیک قسە دەکەن ئەمەش یەکێکە لە ویستەکانی سووریالییەت)). (گەردی، ٢٠١٧: ١٩٦) هەر بۆیە سووریالییەکان لەڕێی شێتیییەوە بە ویستی خۆیان دەگەن. سووریالییەکان لە ڕێگەی ناهۆشیاریییەوە دەیانویست جوانییە نائاگاییێەکان بدۆزنەوە. زۆرجار مرۆڤی ئاساییی پەی بە هەندێک شت نابات وەک ئەوەی شێتەکان لەڕێگەی نەستەوە پەی بە هەندێک شت دەبەن.

پێنجەم / خەون
خەون بە بنەمایەکی گرینگ لای سووریالیزم دادەندرێت، خەون یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی سووریالیست، چونکە کاتێک مرۆڤ بەهۆی جەنجاڵیی ژیان، ژاوەژاو و بیرکردنەوە لە ژیان ماندوو دەبێت، پەنا بۆ نووستن دەبات، ئینجا خەون دونیایەکی ئازادە، ئازادییەکی ڕەها. ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە سووریالییەکان دەیانویست و پەنایان بۆ دەبرد. هەموو شتێک لە جیهانی خەون دەسکەوتنی ئاسانە، مرۆڤ لەم کۆتوبەندەی عەقڵ قوتاری دەبێ و ئازادیی بەدەستدەهێنێت). (مەنتک، ٢٠١١: ٢٩) کەواتە دونیای خەون ئەو دونیایەیە کە سووریالیستەکان تێیدا دەگەنە سەرووی واقیع. سووریالییەکان ئەو وێنانەی لە دۆخی خەون دەیبینن، بێئەوەی دەستکاریی بکەن و ڕێکخستنی لۆژیکیی بۆ بکەن دەیخەنە سەر کاغەز و دونیای نەست بە باڵاتر دەزانن و لە سەرووی دونیای هەست دایدەنێن. (پرهام، ٢٠٠٣: ١٣٧) یەکێک لە بیرمەندەکانی سووریالیزم کە ناوی (سلڤادۆر دالی)یە لە هەموویان زیاتر ئارەزووی لە خەون هەبووە، لە کتێبێکی خۆیدا بە ناوی (ژنی ژنی نادیتەنی)دا دەڵێت: ((هەموو ڕۆژەکەی خۆمان بە نائاگایی و ناهۆشیارییەوە بە دوای وێنە لە دەستچووەکانی ناو خەونەکانمان دەگوزەرێنین، هەر بۆیە کاتێ وێنە خەوناویێەکەی خۆمان دەبینینەوە، یەکسەر وا تێدەگەین کە ئێمە ئەوەمان لە پێشتر لە شوێنێکی دیکەدا دیووە)). (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٥) هەر بۆیە سووریالییەکان خەون بە دونیای ڕاستیی دەزانن. سووریالییەکان (خەونی شەوانیان بە ڕاستترین تۆمار و دەربڕی باری دەروونی بۆ مرۆڤ دەزانن. بۆیە زۆرجار ئەوە لە (سان بۆل ڕۆ) دەگێڕنەوە کە دەچوو دەنووست لە پشت سەریەوە تابلۆیەکی هەڵدەواسی لێی دەنووسی “شاعیر سەرقاڵی کارە”). (عەبدوڵا، ٢٠١٣: ٥٩) ئەگەر بمانەوێت نموونەیەک بۆ ئەم بنەمایە بهێنینەوە نموونەیەکی فیلیپ سوپۆ دەهێنینەوە، کە لە خەوندا نەبێت عەقڵی مرۆڤ دەرکی پێ ناکات “لە خەوێکی قووڵ دەچێت کە چیا بەسەر دەریاوە مەلە دەکات” ئەم ڕووداوە لە خەوندا نەبێت عەقڵی مرۆڤ دەرکی پێ ناکات. (هـ س پ، هـ ل).

شەشەم / گاڵتەوگەپ (هونەری گاڵتە پێکردن)
ئەم بنەمایە کاردەکات بۆ ئەوەی شتە نابەجێیەکان ڕەتبکاتەوە و بەشێوەیەک کە (کاتێک تۆ دەتەوێت دەستەڵاتی ستەم و ئەم جیهانی درۆیە وێران بکەیت، لە سەرەتادا پێویستە ئەو دەستەڵات و جیهانە ڕیسوا بکەیت، گەمەپێکردن و گاڵتەپێکردن بەو دونیا و دەسەڵاتە دیارە شێوازێکی کاریگەری ڕیسواکردن و وێرانکردنە، کەواتە بۆ ڕیسواکردنی دەستەڵات و شکستپێهێنانی چوارچێوەی ستەم، هەروەها بۆ خۆبەتاڵکردنەوە لە غەم و حەسرەتی پەنگخواردووی دەروون، گەمە و گاڵتەپێکردن، کاریگەرترین چەکی دەربڕینە. گەمە و گاڵتەپێکردن ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە باوەکانی نێوان شت و دیاردەکان تێکبشکێندرێت و لە پەنجەرەیەکی دیکەی عەنتیکەوە بڕوانینە دونیا، کە هەم دڵت خۆش دەکات و چێژێکت پێدەبەخشێ، هەم فێریشت دەکات). (پیرباڵ، ٢٠٠٩: ٢٦٣) کەواتە ئەم گاڵتەوگەپەی سووریالییە بۆ خۆبەتاڵکردنەوەیە لەو جۆرە ستەم و دەستەڵاتەی هەیە بەشێوەی پێکەنینامێز. هەر بۆیەش (سووریالیزم ڕەوشتێکی هەیە ئەویش ئەوەیە، دەیەوێت بەرگێکی پێکەنیناویی بەبەر شتەکاندا بکات، بۆ ئەوەی ئەو شتانەی، کە لە جیهاندا هەن ببنە مایەی گاڵتەجاڕیی و خەڵک لەو شێوازە کۆنانەی لەسەری ڕاهاتوون، بەوشێوەیە ڕزگار بکات، ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەک بێت بۆ جۆرێک لەسەراوەڵاکردنی ژان و غەمە پەنگخواردووەکانیان لە بەرانبەر ناکۆکیی و ناتەبایییەکانی واقیع). (حوسێن، ٢٠٠٧: ٢٢٨)

بەشی دووەم
نارین ڕۆستەم و سووریالیزم

نارین ڕۆستەم یەکێکە لەو شاعیرە کوردانە، کە پەیڕەویی لە ڕێبازی سووریالیزم لە نووسینی دەقەکانی دەکات، کۆمەڵێک نووسەریش ئەم ڕاستییەیان دووپات کردووەتەوە لەوانە:
تەلار تاهیر لە بارەی نارین دەڵێت: ((نارین ڕۆستەم لە سەردەمێکی جیاوازتر لەوانی پێشوو بە تەوژمێکی تر و بە ژانرێکی تر، سەر بە ڕێبازی سووریالیزمە)). (تاهیر، ٢٠٢٢)
کەژاڵ ئەحمەدیش لە بارەی سووریالییەتی شیعرەکانیەوە دەڵێت: ((کچی شاعیری دیار ڕۆستەم باجەڵانە، نارین ئەو تاقانە کچە سووریالییەی نووسەری بواری شیعری کوردییه، کە هەم هاوچەرخانە دەنووسێت و هەم یاخیی و دژە باوە)). (ئەحمەد، ٢٠٢٢)
نارین ڕۆستەمیش لە بارەی بەرهەمەکەی خۆیەوە (بەرەواژ) دەڵێت: ((بەراواژ دونیایەکی ئاسایی نییە، دونیایەکی نائاسایییە، کۆی شیعرەکانیش دونیایەکی نائاسایین)). (kurdsat daily،٢٠٢٢) بۆیە ئەگەر سەیری شیعرەکانی نارین ڕۆستەم بکەین دەبینین سووریالیزم لە شیعرەکانی ڕەنگی داوەتەوە.

یەکەم: ڕەنگدانەوەی بنه‌ماكانی سووریالیزم لە دیوانە شیعری (بەرەواژ) دا
هەموو ئامانجی سووریالیزم ئەوەیە، کە کار لەسەر جیهانی نەست دەکەن، ئینجا چ شتێک بەو جیهانی نەستەیان بگەیەنێت گرینگی پێدەدەن وەک خەون، شێتایەتیی و منداڵیی … تاد. ئێمەش لێرەدا هەوڵدەدەین ئەو بنەمایانەی سووریالیزم کە لە دەقەکەدا بەرجەستەبوون لەگەڵ ئەو شتانەی، کە سووریالییەکان بایەخی پێدەدەن بیانخەینەڕوو، شایەنی باسە ئەم بەرهەمە (بەرەواژ)، کە کۆمەڵە شیعرێک لەخۆدەگرێت، تا ڕادەیەک سووریالیین، ڕەنگ و بۆنێکی سووریالییان هەیە لە چەند شیعرێکی کەم نەبێ سووریالییەکی تەواو لە شیعرەکانیدا نییە، بەڵام لە سووریالیزمیش نزیک بوونەتەوە و بە ڕەنگوبۆنێکی سووریالیانەی نووسیووە.

1- نووسینی ئۆتۆماتیکی
ئەم بنەمایە لای سووریالیستەکان گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەم بنەمایە خۆزەحمەتکردن و لەبەردانیشتنی شاعیر بەدەم شیعرەکانی تێدا نییە، هەرچی بۆی هاتنبێ نووسیویەتی، بۆ نموونە لە شیعری بووکەڵەی سووپەرماندا بەشێوەیەکی دیار ئەم بنەمایە بەرچاو دەکەوێت و شاعیر لەم شیعرەدا جڵەوی داوەتە دەست قەڵەم و ئەم جڵەودانە دەست قەڵەمەش چەندین ڕستە و دەستەواژەی سەیر و غەریبیان لای ئێمە درووستکردووە، ئەم دەربڕینانە بەڵگەی ئەوەن، کە لەبەردانیشتنی شاعیری تێدا نەبووە، بەڵکوو نووسینێکی لە خۆوەیە، بۆ نموونە دەڵێت:
جامخانە بە تۆپێکی فوتبۆڵ زرمەی لێ هەستا،
بووکەڵەیەکی سوپەرمان دەرپەڕی.
بەسەر کێڵگەیەکی وشکدا دەفڕێت
هەور دەگوشێت، برووسکەیەک فڕێ دەدات و
هیچ نابارێت
لە خوارەوە، جووتیارێک کەوتووە.
زیندانێکی نهێنی دەدۆزێتەوە،
گوریس هەڵدەدات
زیندانییەکان دەیکەن بە جۆلانە.
ئەم دەربڕینانەی لای سەرەوە هەروەک دیارە سەرچاوەی نووسینی ئۆتۆماتیکین ئینجا لە درێژەی شیعرەکەدا دەڵێت:
لە قاوەخانەکان …
بە ڕەحەتی قاوە دەڕژێننە دەمی پێکەنینەوە،
نەوەک بخەوێت:
دەیخواتەوە و هێڵنج دەدات
سووپەرمان، پەتۆیەکی پێدا دەدات،
لە ناو جامخانە شکاوەکە دەنیشێتەوە،
پارچە شووشەیەک هەڵدەگرێ.
قۆڵی هەڵدەکات دەماری نییە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١ : ١٩)
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ((ئەم شیعرە باس لە سووپەرمانێک دەکات لە کۆمەڵگەیەکی وەها دەبێتە بووکەڵە، ئەگەر هەور بگووشێت و برووسکەش بهاوێژێت ئەوا کۆمەڵگەیەکی وشک هەیە هیچ دڵۆپێک نابارێت، سووپەرمان پەتێک بۆ زیندانییەکان هەڵدەدات، بەڵام زیندانییەکان لە خەون و بیری ئازادییدا نین، بۆیە پەتەکە دەکەن بە جۆلانە، ئەمە گوزارشتێکی ئەمڕۆیی دۆخی کۆمەڵگەی کوردیێە، جا سووپەرمان لە کۆتایییدا دەستەوەستان دەبێ؛ قۆڵی خۆی بۆ خۆکوژیی هەڵدەکات، بەڵام سووپەرمانەکە بووکەڵەیە و زیاتر نییە تا دەماری هەبێ)). (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) ئەم ناوەڕۆکە تایبەتمەندیی سووریالیی تێدایە، چونکە سووریالییەکان دژی نەگۆڕان دەوەستنەوە، سووریالییەکان دەیانەوێ دونیایەکی نوێ و سەردەمی نوێ دابمەزرێنن نەک هەر لەڕووی ناوەڕۆک، ئەگەر لە ڕووی وشە و دەستەواژەش سەیری ئەم شیعرە بکەین دەبینین کە چەند دەستەواژەیەکی سەیری تێدایە کە سووریالیین بۆنموونە: هەور دەگوشێت، برووسکەیەک فڕێ دەدات، لە قاوەخانەکان بە ڕەحەتی قاوە دەڕژێننە دەمی پێکەنیەوە، بووکەڵەی سوپەرمان قۆڵی هەڵدەکات دەماری نییە، ئەم وشە و دەربڕینانە تەواو سووریالیین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ ئەم شیعرە لە خۆوەیە و شاعیر پێش ئەوەی بیری لێبکاتەوە نووکی قەڵەم سازاندوویەتی.

2- تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی
تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی هەندێک وێنەی نالۆژیکی و زۆر دوور لە واقیع بەرچاو دەکەون، زمانێکی تێکهەڵ کە ڕەنگ و بۆنێکی سووریالیی داوەتێ، کۆکردنەوەی ئەو شتانە بەیەکەوە لەشیعرێکی ئاساییدا زۆر باو نییە، بەڵام لە شیعری سووریالییدا ئاساییێە و هەموو شتەکان پێکەوە کۆدەکەنەوە، وەک ئەم نموونە شیعریییە:
دەستێک بە شەش پەنجەوە
کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان،
درێژترینیان هی جەنگاوەرێکە،
شەڕێک قەوما و شەڕەفی نیشتیمان
هاتە گۆڕێ و ئێ …
با دەست بە وشەوە بگرین
تایەی لۆریی زبڵڕێژەکە
قرچەی لە شتێک هەستاند
پەنجەی مامۆستای بیرکاریمانە
گەنگەرین پەڕاندی
تا ئەو وانەی پێگوتین
پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە.
ئەم ناوەڕۆکە باس لە زبڵخانەیەک دەکات کە کۆمەڵێک جێی پەنجە بەسەر چەند شتێکەوەن کە فڕێ دراون یان کۆمەڵێک ئەزموونی جیاواز لە ناو کۆمەڵگەدا تووشی سەرگەردانیی بوون جا دەڵێت درێژترین پەنجە هی جەنگاوەرێکە. واتە ناخۆشترین چیڕۆک هی جەنگاوەرێکە کە بە شۆڕشەوە ماندوو بووە، شەڕێک قەوما و شەڕەفی نیشتمان هاتە گۆڕێ و ئێ ئەم ئێیە مەبەست واتە هیچ لە گۆڕێ نییە و دەڵێت با دەست بە وشەوە بگرین. تایەی لۆریی زبڵڕێژەکە قرچەی لە شتێک هەستاند واتە چەرخی زەمانە هەموو ئەو شتانەی شکاند. دڵی هەمووانی شکاند. باس لە عەقڵی مامۆستای بیرکاریی دەکات کە نەگۆڕە وەک نەخۆشیی گەنگەرین لێکی دەداتەوە، نەخۆشیی گەنگەرین پەنجەکان ڕەش دەکات، عەقڵی مامۆستای بیرکاری ڕەش بووە، چونکە عەقڵێکی ماتماتیکیی و وردی هەیە تا ئەو وانەی پێدەگوتین پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە. واتە تا عەقڵ لە کۆمەڵگە وجودی هەبوو شتەکان یاسا لەسەر ڕۆیشتوو بوون. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
هەروەک دەبینین چەندین وێنەی نالۆژیکی لەخۆگرتووە و لە دواتردا دەڵێت:
با فوو لە عەلاگەیەکی ڕەش دەکا
پەنجەی دکتۆری تێدایە
دکتۆر ئاڵوودەی هێرۆیین بوو،
سەماعە بە ملیەوە …
بۆ دۆزینەوەی سەرەسیفۆن
هەناوی تەنەکەزبڵ نەما نەیپشکنێ
مووسێک پەنجەی ژەهراویی کرد.
ئەم کارتۆنە بێدەرگەیە
پەنجەی مێژوونووسی تێدایە
مێژوونووس
لەنێوان وشەکانی (سەرۆک) و (بەرمیل)
فاریزەی لەبیرچوو.
پەنجەی پێنجەم و شەشەم
خاوەنەکەیان لێبووکێکە،
قرتاندی.
کە دەگری و پەنجەکانی دەموچاوی
دەشارنەوە،
دەیەوێ لە کونێکی گەورەترەوە
پێکەنینی جەماوەر ببینێ. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٧)
لە درێژەی ناوەڕۆکەکەدا دەڵێت: لێرەش باس لەوە دەکات کە زەمەن هەموو شتێک لەگەڵ خۆی دەهێنێ دکتۆر ئاڵوودەی هێرۆیین دەبێت. واتە دکتۆر تووشی خۆلەبیرکردن دەبێت بە دوای بابەتی لاوەکییەوە دەبێت، مووسێک پەنجەی ژەهراویی کرد؛ گوزارشتە لەوەی کۆمەڵگە درزێک یان ناخۆشییەک یان فیتنەیەک شەقی کرد، ئەم کارتۆنە بێ دەرگەیە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بێ دەرگەیە، دواتر باس لە مێژوو دەکات؛ مێژوونووس جیاوازیی ناکات لەنێوان سەرۆک و بەرمیل، بەرمیل چەندە ناشیرین بێت سەرۆکیش وایە، پەنجەی پێنجەم و شەشەم خاوەنەکەیان لێبووکێکە قرتاندی؛ ئەو لێبووکە دەیەوێ پێکەنینی جەماوەر ببینێ، پەنجەی پێنج و شەش دەنووشتێنێتەوە. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
ئەم شیعرە چەندین دەربڕینی نالۆژیکیی تێدایە وەک، کۆمەڵێک پەنجەی قرتاو لە زبڵخانەیەکدان، پێنج کۆ پێنج نەبوو بە دە، هەناوی تەنەکەزبڵ، ئەم کارتۆنە بێ دەرگەیە، ئەم دەربڕینانە ماوەیەک پەنگخواردووی ناخی شاعیر بوون، بەڵام دواتر تەقاونەتەوە و کۆمەڵێک وێنەی نالۆژیکیی کە لەگەڵ واقیع یەکناگرن درووستبوون. ئه‌م وێنانه‌ش بێگومان به‌رهه‌مهێنه‌ری دۆخی نائاگایی شاعیره،‌ كه‌ له‌ نه‌ستیدا ماونه‌ته‌وه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك ته‌قاونه‌ته‌وه‌.

3- خەون
ئەوەی سووریالییەکان دەیانەوێت ئەوەیە لە ڕێگەی خەون بگەن بە دونیای سەرووی واقیع و خۆیان لەو دۆخەی تێیدان ڕزگار بکەن، بۆ ئەمەش پشت بە خەوتن دەبەستن، چونکە لەو کاتەی مرۆڤ دەخەوێت، دەکەوێتە دۆخی نائاگایی و ئەو شتانەی لە خەون دەیبینێ لە واقیعدا بوونی نییە، ئەم کۆپلەیە لە شیعری سێ برادەر دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە دەڵێت:
من چەند هەفتە جارێک
بۆ خڕکردنەوەی کەرەستەی شیعریی
سەرم لە دەرەوە هەڵدەکێشا
شەوانیش لەناو ئارەقەی خەو ڕادەچڵەکیم
بە تەلەفۆن خەونەکەم بە ناو گوێچکەی
بەرگدرووەکەدا دەڕژاند.
ڕەقە، زۆر ڕەقە
نابێتە کراس. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ١٢)
ئەم شاعیرە خەونێکی دیووە کە لە گوتنەکەدا دیارە لەگەڵ دونیای ڕاستییدا نایەتەوە، بۆیە بەرگدوورەکە پێی دەڵێت نابێتە کراس، لەم شیعرە خەونەکە ناگێڕێتەوە کە چییە، بەڵام دیارە کە کەوتووەتە دۆخی نائاگایی و خەون بە شتێک دەبینێ کە لەگەڵ ڕاستیی ئەوێ نایەتەوە.

4- گاڵتە و گەپی سووریالیی
یەکێکی ترە لەو بنەمایانەی سووریالیزم، کە نارین لە شیعرەکانی خۆی بەکاری هێناوە، نارین گاڵتەوگەپ بەرانبەر بە چەند شتێک بەکاردەهێنێت، کۆمەڵگە، دونیای خێزان.
‌أ- گاڵته‌كردن به‌ كۆمه‌ڵگه‌
وەک ئەم نموونە شیعریییە کە گاڵتە بە کۆمەڵگەیەک دەکات دەڵێت:
ئێکسپایەر
بەزەیی موشتەرییەکانی نادییەک تاقی
دەکاتەوە
پشیلەیەکی زەردی ئاسایییە
لە نزیک مێزی دادوەرەکە دەمیاوێنێ
دادوەر دەفتەرەکەی دەردێنێ
ژمارەیەکی دیکە، دەخاتە سەر
دادپەروەرییەکانی
کوتێک جگەر لە شیشەکەی بەردەمی
دەکاتەوە و
بۆی هەڵدەدات:
“لە پێناو خەڵک”

لێرەدا دادوەرەکە کەسە ئاسایییەکە وەک مەبەستێک بۆ خۆی بەکاردێنێ کە دەڵێی دادپەروەریم کردووە، کوتێک جگەر لە شیشەکەی بەردەمی دەکاتەوە و دەڵێت لە پێناو خەڵک، خۆی لەپێش چاوی خەڵک بە باش نیشان دەدات و کەسەکە بەکاردەهێنێ لە دواتردا دەڵێت:
بازرگانەکە بە پشە پش
تۆپەڵێک کلێنس بە لوولدراوی،
لە کەجەپ دەسوێ و لە قاپێک
بەڕێزەوە دەیخاتە بەردەمی.

زەنگی ئاگاداریی نووسەرە عەبەسییەکە
لێی داوە،
کەمێکی دیکە باڵانسی وشەی دەبێتە سفڕ
لە کەسانی ئەوێ دەڕوانێ
کە بۆ ئەو هێشتا هەوادارن
لەم کۆپلەیەی هەمان شیعردا ئەوا نووسەریش کەسەکە لەو سەردەمەی ئێستا بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەهێنێ:
بوتڵێک بیرە دەوەشێنێ پشیلە شەلە شەل
دەکەوێتە تۆڕی یوتیووبەرێک
لە کامێرای یوتیووبەر
پشیلە هێڵنج دەدات و
گۆشت و ئێسقانی خەڵک دەتفێنێتەوە
وەرن بە بێ سڵاو …
هەر کەس، پارچەی خۆی بباتەوە و بژی. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٥)

ئەم شیعرە باس لە دژایەتیی چەند چینێک دەکات بەرانبەر بە تاکی کۆمەڵگە، ئینجا ئەو چینانە تاک بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دەهێنێت کەسەکە چینی ئاسایییە، بەڵام بەدەست چینی سەردەستەوە دەتلێتەوە و پەنا بۆ هەریەک لە دادگە، بازرگان، یووتیووبەر و نووسەر دەبات، بەڵام هەموویان بۆ مەرامی خۆیان بەکاری دەهێنن. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢)

‌ب- گاڵتەکردن بە دونیای خێزان
وەک لەم نموونە شیعرییە دەردەکەوێت:
کڵاو
باوکم ویستی خەمۆکیەکەی بشارێتەوە،
کڵاوێکی چەرمی کردە سەر و
بوو بە شاعیر.

برایەکەم بە مووسی خراپ پرچی دەتاشی
سەری لوول داو فڕێی دایە ناو بازنەی
کڵاوێکی ڕەش،
دەیویست برینەکانی سەری بشارێتەوە
بووبە ئیماندار.
من کڵاوێکی جادووییم لەسەر نرا و بزر بووم.

ئەو کڵاوەی باوکمی کرد بە شاعیر،
لە چەکمەجەی دۆڵابەکە پاڵکەوتووە.

کڵاوی برام بوو بە قیڕ و
بە سەرییەوە نووسا

من بە دوای کڵاوە جادووییەکەدا دەگەڕێم:
بزری کردم و بزر بوو. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٥)

شیعری کڵاو باسکردنە لە دونیایەکی خێزانیی، باوکێک هەیە کە دەیەوێ لە ڕێگەی بوون بە شاعیر خەمەکانی بشارێتەوە، کڵاوێکی چەرم دەکاتە سەری و ئەم کڵاوە چەرمە دەموچاوی دادەپۆشێت، کۆپلەی دووەم برایەکەیەتی سوود لە مووسی هەرزان وەردەگرێت کە سەری بریندار دەکات دەیەوێ برینەکانی بشارێتەوە دەبێت بە ئیماندار، کە دەڵێ سەری هەڵدەداتە ناو بازنەی کڵاوێکی ڕەش؛ واتە مێشکی خۆی تەسلیمی دین دەکات، ئەو کڵاوەی باوکەکە دەکات بە شاعیر لە چەکمەجەی دۆڵابەکە کڕ دەکەوێت؛ واتە کە دەبێ بە شاعیر مرۆڤ هەردەم لە گۆڕاندایە، مرۆڤ تێیدا جێگیر نییە، بەڵام کڵاوی براکە کە کردوویەتی بە ئیماندار ئایینە، ئایینیش ڕەگ و ڕیشەی قووڵترە و بە ناخی مرۆڤ ڕەگ دادەکوتێت و بەهێزترە، کە دەڵێ کڵاوی برام بوو بە قیڕ و بە سەرییەوە نووسا مەبەست لێی ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیای دینیی مرۆڤ بەزۆر دەتوانێت لێیەوە بێتە دەرەوە، چونکە زووتر و خێراتر مرۆڤ گیرۆدەی دین دەبێت، جا شاعیر لەو نێوەندەدا ون و سەرگەردان دەبێت. بۆیە دەڵێت من بە دوای کڵاوە جادوویییکەدا دەگەڕێم بزری کردم و بزر بووم. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت شاعیر بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز باس لە دۆخێکی خێزانیی دەکات کە دەڵێت کڵاوی باوکم لە چەکمەجەکە پاڵکەوتووە، یان کڵاوی برام بوو بە قیڕ و بەسەرییەوە نووسا.

دووەم: هەندێ خەسڵەت و تایبەتمەندیی سووریالیزم لە دیوانی بەرەواژدا

وەک پێشتر خستمانەڕوو لە شیعرەکانی نارین ڕۆستەمدا تەواوی بنەماکان ڕەنگیان نەداوەتەوە، بەڵام تام و بۆیەکی سووریالیی بەسەر زۆربەی شیعرەکانیەوە باڵی کێشاوە، خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت: ((شیعر پۆڵێن ناکەم، ئەوە کاری من نییە. من باوەڕم بە سرووشتیبوونی شیعرە، بەزۆر چوارچێوەی بۆ درووست ناکەم. (بەرەواژ) شیعری وەھای تێدایە، فڕی بەسەر سووریالیزمەوە نییە و ھیی وایشی ھەیە، بەسەر پەتی سووریالیزمدا بازبازێنیەتی. ئەوجا سووریالیزم ڕێبازێکی ئەدەبیی تازە نییە تەواوی شیعری پێوە خەریک بکەین، با کات بە نوێخوازیی بدەین، بەڵام چۆن؟ گرفتی ئێمە ئەوەیە، بە ناوی نوێخوازیییەوە ھەرچی بکەوێتە بەر دەستمان، بۆ ناو شیعری ھەڵدەدەین: (شانۆ، گێڕانەوە، ئەفسانە، شێوەکاریی، نوکتە و قسەی نەستەق …) خۆ ھەندێکجار ئەوە جوانە، بەڵام میوانەکان ئەوەندە زۆرن، جێگە بۆ شیعر نامێنێتەوە و لە ماڵەکەی خۆی دەردەکرێت.)). (چاوپێکەوتن، ڕۆستەم) وەک دەبینین خۆیشی دان بەوە دادەنێت شیعرەکانی بە تەواوی سووریالیی نین، بەڵام سوودی لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێبازە وەرگرتووە، ئێمەش لێرەوە هەندێک لەو شتانە دەخەینەڕوو، کە لای سووریالیەکان جێی بایەخن و بە جیهانی نەستیان دەگەیەنێت.

1- یاخیبوون
یاخیبوون یەکێکە لە سیما دیار و بەرچاوەکانی سووریالیزم، بۆیە دەبینین سووریالیزم بەشێوەیەکی زەق و بەرچاو لە بەرهەمی شیعری (بەرواژ)دا بەرچاو دەکەوێت، لە بەرهەمی شیعری بەراواژ یاخیبوونەکە بە سێ شێوەیە:

أ- ‌یاخیبوون لە زمان
ئەگەر بێتوو سەیری ئەم بەرهەمە بکەین چەندین وشە و دەستەواژەمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە لادانیان تێدا کراوە، بۆ نموونە هەر خودی ناونیشانی بەرهەمەکە خۆی کە نووسراوە (بەرەواژ) واتە ئاوەژوو پیتی (ژ) بە سەراوبن نووسراوە، هەر خۆی ناوی بەرهەمەکە بەڵگەیە بۆ سووریالییبوونی شیعرەکانی، یاخیبوون لە زمان وەک لەم نموونە شیعریییەدا دەردەکەوێت:
ئەگەر شیعری قوتوو بۆ لادانی زمان و ڕێزمان وه‌ربگرین كه‌ شاعیر یاخیبووه‌ و ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ سووریالییه‌، بۆ نموونه‌ له‌م ڕستانه‌ی خواره‌وه‌دا:
قووتوو
قوتوویه‌كی بێسه‌ره‌ ماڵه‌كه‌مان
هه‌ندێك جار شه‌كری تێده‌كرێت و
زۆر جاریش خوێ.
کە خوشکم چووە ناو جلی بووکێنیەوە،
ماڵمان شه‌كردان بوو
(ناگەینە کۆتایی، شەکردانەکە بەشی
خواردنەوەی پیاڵە چاییەکیشی تێدا نامێنێ).
ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لە
دەست پەڕی و
خوێن به‌ ده‌ماری تانكیدا هاته‌ خوارێ
قوتووه‌كه‌ پر ببوو له‌ خوێ
لێرەدا کۆمەڵێک وشە و وێنەی نالۆژیکی بەرچاومان دەکەون بۆ نموونە: خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ، دەماری تانکی یان ماڵمان شەکردان بوو. ئەمانە وێنەی نالۆژییکین و لەگەڵ واقیع یەک ناگرن و لادانیان لە زمانی ئاسایی درووستکردووە. لە بەشەکانی دواتر کە دەڵێت:
دەرمانخانەکان لە جیاتی دەرمان، بلیتی
یانەسیبیان دەفرۆشت.
بانگدەر (‌أکبر)ــــەکەی (اللە)ی قووت دایەوە.
لە ناوەڕاستی ئەم قووتووەدا،
ئاسمان پارچه‌ڕایه‌خێكی موتفه‌ڕكه‌،
هه‌ڵواسراوه‌
هه‌ر په‌ڵه‌هه‌ورێكی چڵكنی بكه‌وێته‌ سه‌ر،
دایكم به‌ گه‌سك لایده‌بات
(ئەوە دەشارمەوە کە دایکم بە قەرەوێڵەیەکەوە
نووساوە و پەڵەهەورە چڵکنەکان دەژمێرێ).
به‌ سواری گه‌سكه‌كه‌ به‌سه‌ر قوتووه‌كه‌دا
ده‌فڕم،
باوکم …
پێکێک عەرەق هەڵدەدا و
فوو بە فانۆسەکەدا دەکات
من له‌ گه‌سكه‌كه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌ و
به‌ناو قاپی جاجیكدا ده‌كه‌وم،
ته‌باغه‌كه‌ كوژاوه‌ته‌وه‌
به‌شی ساڵێكی دیكه‌ نه‌گبه‌تی كوڵاوه‌. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢١)
ناوەڕۆکی ئەم شیعرە ((باس لە منداڵیی کەسێک دەکات کە ماڵەکەی خۆیانی بە شێوەیەکی زۆر جیاواز بینیووە، ماڵێک لەشێوەی قوتوو، کە سەری نەبووە و زۆر جار خوێ لەو ماڵە کراوە و جاروباریش شەکر، منداڵ هەر لە گچکەیییەوە هەست بە تاڵیی و شیرینی ژیان دەکات، هەر لەگەڵ ئەوەی خوشکەکەی مێرد دەکات شیرینیی دەچێژێت و تامی خۆشیی دەکات، بەڵام ئەوەندە ناخایەنێت ئەم شیرینییە ناتوانێت تا سەر بە تەنیا بە بێ دژەکەی بژێت کە تاڵییە، ئیدی ماڵەکە دەبێت بە خوێ و تاڵیی. دواتر دەڵێت بەلووعەی تانکی ئاوەکەم لەدەست پەڕی، خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ لە دەستپەڕینی بەلووعەی تانکی ئاو کەوتنە نێو ژیانێکی ترەوه‌، کە ژیانی خوێ و شیرینیێە ژیانی دووانەکانە، دواتر هەروەک منداڵ دەمێنێتەوە، دەرمانخانەش بە شوێنی فرۆشتنی بلیتی یانەسیب تێدەگات، ئاسمان کە سەری ئەم ماڵە بوو، دایکی بە گەسک هەورە چڵکنەکان لادەبات. دواتر بە ناوی قاپی جاجیک دەکەوێت)). (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢) ئەم نموونانە وەک (قووتویەکی بێسەرە ماڵەکەمان، ماڵمان شەکردان بوو، خوێن بە دەماری تانکیدا هاتە خوارێ، ئاسمان پارچە ڕایەخێکی موتفەڕکە، من لە گەسکەکە بەردەبمەوە) ئەم نموونانە لادانی زمانیی و یاخیبوونی زمانن، چونکە لە زمانی ئاساییدا کە ئەم دەستەواژانە بەکاردێن، لەنگیی لە قسەکردن درووست دەکەن، بەڵام لە ئەدەبدا داهێنان درووست دەکات.

‌ب– یاخیبوون لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان
شاعیر لە نەریتی کۆمەڵایەتی یاخی بووە کە شتێکی نابەجێبوون لای شاعیر، بۆنموونە لەم شیعرەدا:
شەڕە پشیلە
لە قاپووتێکی دەستی دوو
شیعرێک پژمی
پێشانی دایکمم دا
جنۆکەی لێ دەرکرد و بە قورئان ڕاوی نا
ناومان لێنا شەڕەپشیلە
لە کن عەڕیزە نووسی ناسنامە
کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز
سەرەو خوارم کرد
فرمێسکێکی لێ کەوت
نییەتی
دەرکراین (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٩)
سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی باس لە سەردەمانی ڕاوبردوو دەکات، شاعیر بە سەرنجدان لە ڕابوردوو شتێک دێتە بوون و پێشانی دایکی دەدات، ئەو لەگەڵ دایکی بەهۆی کۆنیی شتەکە و زۆر سەرنجدان لێی، دایکی بە قوڕان ڕاوی دەنێت، ناویان لێنا شەڕە پشیلە؛ واتە شتێکی ئاڵۆزە تێیناگەیت، لەکن عەریزەنووسی ناسنامە کە قەڵەم دەگاتە سەر ڕەگەز سەرەوخواری دەکات، باوەڕی بە نێر و مێ نابێت و فرمێسک لێ کەوتنەکەش گوزارشتە لەوەی لەوکاتەوە لە ئازار و ناخۆشیدا دەژیم کە باوەڕم بە نێر و مێ نەبوو. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
لەم کۆپلانەی سەرەوە یاخیبوون بەرچاو دەکەوێت دەبینین شاعیر لەوە یاخی بووە کە لەلای عەڕیزەنووس قەڵەم گەیشتووەتە سەر ڕەگەز یاخی بووە، لەو کاتەوە بڕوای بە جیاوازیی نێوان نێر و مێ نییە. دواتر دەڵێت:
کتێبخانەی گشتی…
تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف
زبڵدانێکیان هەبوو
بازمان بەسەردا
لە گەڕانەوە
ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە هەڵی داین
شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو
لەو زەلکاوە قولابی شاعیران
بۆق
زبڵ
ئاویان
بۆ شیعر ڕاوکرد
تا وشکی کرد
لە لێواری زەلکاو
قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە
شەڕەپشیلە هەر نەگەڕایەوە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٢٩)
ناوەڕۆکی ئەم بەشە کتێبخانەی گشتیی تایبەت بە بێناسنامان لە بەشی ئەرشیف زبڵدانێکیان هەبوو؛ واتە باس لە قەرەباڵغیی شار دەکات کە عادەتی شار هەمیشە وایە کۆمەڵێک کەسی پەراوێزی تێدایە. کەواتە کەسەکە کەوتووەتە پەراوێزەوە، دەڵێ بازمان بەسەردا، واتە ویستم ئەوە تێپەڕێنم، ویستمان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بڕۆین لە کاتی گەڕانەوە ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە هەڵی داین؛ واتە ڕێگرێکمان بۆ پەیدا بوو هەڵی داین؛ ڕێگرەکە واتە دەستەڵات، حکومەت هەڵی داین پۆلیس مەبەستی چاودێریکردنی دەسەڵاتە هەڵیان دەدات، شیعرەکە کەوتە ناو زەلکاو واتە دۆخی مەعریفەکە کەوت خەڵک وەرینەگرت دەکەوێتە ناو زەلکاو لەو زەلکاوە قوولابی شاعیران، بۆق، زبڵ، ئاویان بۆ شیعر ڕاوکرد؛ واتە کە دۆخە نوێکە کەوت خەڵکی هیچوپووچ و بێمەعریفە لەو زەلکاوە ڕاو دەکرێن و بەهایان پێدەدرێت. (چاوپێکەوتن، عەزیز)
لە کۆپلەی کۆتایی ئەم شیعرە یاخیبوونە لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان چونکە (ئافرەت پشتگوێ خراوە، واقیعێک نیشاندەدات، کێشەی جێندەریی کۆمەڵگەی کوردیی باس دەکات، و گوزارشتە لە ژنێک کە فڕێدراوەتە لێواری زەلکاو، بۆیە ڕەهەندی وجودیی و مرۆییەکەی ژن وندەبێت و ناگەڕێتەوە). (نەوزاد، ٢٠٢٢).
بەکورتیی یاخیبوونی شاعیر بۆ یەکسانیی، دیموکراسیی و ئازادیییە، ئەوەتا خۆی لەبارەی شیعر و ئازادیییەوە دەڵێت: ((مامۆستاکانی من لە ئەدەبیاتدا، ھیچ کام لە شاعیرانی بەناوبانگ و نووسەرانی داھێنەر نەبوون. ئەو ڕۆژنامەنووسە سەرەتایییانەی کە کارەکانیان ھیچ یاسایەکی ڕۆژنامەوانیی نەیدەگرتنەوە و لە پێناو وشەی (ئازادیی)دا کوژران و دەستگیر کران، مامۆستای من بوون. شیعرنووسین مامۆستای وەھای دەوێت ئازادییت لە ناودا بچێنێت، ئەوەی دیکە لە قووتدانی کتێبەکانەوە فێری دەبیت. وێنەکان لای من بە جۆرێکن، ئەگەر ڕۆشنبیریی کورد لە ناوەڕاستی شارەکەی خۆیدا لەبارەی (ئازادیی)یەوە بنووسێت، سەبەتەیەک نانی گەرممان پێشکەش دەکات، پڕ لە وردەچیڕۆکی: بۆنی ئارەقە، ھەڵمی نان و سووتانی دەست. ئەو ڕۆشنبیرەیش کە لە دوورەوە فیکە بۆ ئازادیی شارەکەی لێدەدات، ئەو نانە ساردوسڕەمان دەرخوارد دەدات کە تازە لە بەفرگر ھاتووەتە دەرێ. ئێ خۆ دەکرێت ھەردووکیان تەرمی ئازادییان بە کۆڵەوە بێت، بەڵام وەک (ھێمن) دەڵێت: گەرچی لای ئاغا خەیاڵی خاوە میللیەت// من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم)) (چاوپێکەوتن، نارین)

2– دونیای منداڵیی
سووریالییەکان گرینگییەکی زۆریان بە منداڵیی داوە، چونکە دونیای منداڵییان وەک خەون تەماشا کردووە، ئەگەر سەیریشیان بکەین ئەم دوو شتە وەک یەک وان، چونکە وەک چۆن سووریالییەکان لە خەوندا ئازادن لە دونیای منداڵییشدا، ئەوە منداڵ ئازادە و گرینگی بەهیچ نادات، یاخود شەرم لەهیچ شتێک ناکات لە ڕووی ڕەفتار و قسەکردنییەوە، لەو تەمەنە منداڵ دۆخی نەستیی هەیە، بەڵام زۆرجار لەو تەمەنە منداڵ بێ ویستی خۆی کپ دەکرێت، ئەم کپکردنە دەبێتە گرێ لای منداڵ، بۆیە زۆرجار دەبینین ئەوانەی کە داهێنانیان لە بواری ئەدەبدا کردووە، دونیای منداڵییان ناتەواو بووە، ئەمە وەک تەقاندنەوەی هەستی نائاگایش وایە کە گەورە دەبن ئەوەی لە دەروونیاندا ماوەتەوە بەشێوەی نائاگایی دەریدەبڕن، هەر بۆیە دەبینین نارین ڕۆستەم وەک شاعیرێک زۆر سوودی لە منداڵیی وەرگرتووە، بەتایبەت لە ”بەرەواژ”دا بۆنموونە لە شیعری حەمام بەر ئەم دونیای منداڵیییە دەکەوین کە دەڵێت:
باوکم شاعیر بوو
ڕۆژێک گۆی زەوی کەوتە ژێر دەستی
لە چڵپاوی کۆڵانێک دەریهێنانین
هەڵی داینە ناو تەشت و
لەبەردەم دەرگای حەمامی بازاڕ ڕژاین
هەر یەک لە ئێمە
کاغەزی زەرد بە ناوچەوانمانەوە
جوان بیانشۆن
چڵک و برینەکانیان داماڵن
دەمەوێ بە پاکی بیانبەمە ناو شیعرێکمەوە
من لەوە بچکۆڵەتر بووم کە دەبینرام
سابوون قاچی هەڵخلیسکاندم و کەوتم
هاوارم کرد…

شاعیر گوزارشت لە دۆخی منداڵیی دەکات کە کۆمەڵگە پێی خلیسکاندووە و زیڕەی پێکردووە دواتر دەڵێت:
برایەکەم منداڵ نەمابوو
عەبایەکی ڕەش بوو
بە بزماری ژەنگاوی دیواری حەمام
هەڵواسرابوو
خوشکم…
بە دوای شانەی پرچیدا ڕۆیشت
نەگەڕایەوە
بۆ شەو
ئێمە کراین بە باشترین شیعر
باوکم…
خەڵاتی بەرزکردەوە
گۆی زەوی لە دەستیدا خزی
دەرگای ئەم حەمامە دامەخەن
من دەمەوێ لەم شیعرەدا
بێمە دەرەوە. (ڕۆستەم، ٢٠٢١: ٣٣)

شیعری حەمام کۆتا شیعری دیوانی بەرەواژە، ناوەڕۆکی ئەم شیعرە باس لە دونیای منداڵیی شاعیر دەکات، شاعیر لە ڕێی جێناوی کەسی سەربەخۆی “ئێمە” گوزارشت لە دۆخیی خێزانی خۆیان دەکات، کە تووشی نەخۆشیی و خەمناکیی بوون، بۆیەش ڕەنگی زەردی بۆ بەکارهێناون، کەسانێک کە خەمناک بن و نەخۆش بن ڕەنگی دەموچاویان زەرد دەبێت، لەم خێزانەدا خوشک و براکان بە گوێی یەکێکی گەورەتر دەکەن و ئەرکیان پێ ئەنجام دەدرێت. لەم شیعرە شاعیر لە قۆناغی منداڵییدا ڕەشبین دەبێت لە قوڕنیچکێک یان گۆشەیەکی ماڵەوە سەیر دەکات، هەر بۆیە کە منداڵەکە گەورە دەبێت دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ کۆمەڵگە، بۆیە سابوون قاچی هەڵدەخلیسکێنێ و زیڕەی پێدەکات، واتە کۆمەڵگە دەیکەوێنێ، لەو کۆپلەیەش کە دەڵێ برایەکەم منداڵ نەمابوو عەبایەکی ڕەش بوو بە بزماری ژەنگاویی دیواری حەمام هەڵواسرابوو؛ لێرەدا مەبەست لەوەیە کە منداڵەکە براکەی منداڵ نەبوو لە ڕووی ڕەفتارەوە وەک گەورەکانە، بۆیە وەک عەبایەکی ڕەش وەک پاسەوانی نەریت چاودێریی بەرانبەر دەکات و هەڵواسراوە؛ لێرەدا گوزارشتە لەوەی برا هەر کە منداڵ نامێنێت دەبێتە پارێزەری نامووس. بزماری ژەنگاوییش ئاماژە بۆ ئەوە دەا ئەم دەستەڵاتە ساختە و لەرزۆکە نۆڕمێکی ژیانە و زوو یان درەنگ ئاوا دەبێت. لە دواتر باس لە خوشک دەکات بەو مانایەی ئێمەی خوشکان هەردەم بە دوای شانە و بووکۆڵە و … تاد دەبردرێین، تا لە ڕوانینی ئەواندا جێگەمان ببێتەوە، تا چەند دوای ئەمانیش بکەوین ئەوا لە ناسینی خۆمان دوورتر دەکەوینەوە، دواتر باوک هەیە دەیەوێت کەرەستەکان/منداڵەکانی بکات بە باشترین شیعر بەڵام گۆی زەوی لە دەستیدا دەخزێت؛ واتە خێزان لە دەستیدا دەخزێت، شاعیر لە کۆپلەی کۆتایییدا دەیەوێت بڵێت: من نامەوێ چیتر کەرەستەی کەس بم، دەمەوێ لەم شیعرە بێمە دەرەوە لە حەمامی بازاڕ، واتە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیی و خاوەن دەنگە دەنگ دەیەوێت بێتە دەرەوە. (محەمەدەسوورە، ٢٠٢٢)
بۆیە شیعری حەمام بە دونیای منداڵیی دادەندرێت کە سووریالیەکان گرینگی پێدەدەن.

ئەنجام
ئەو ئەنجامانەی لە کۆتاییی توێژینەوەکەدا پێی گەیشتین، بریتین لە:

  • لە شیعرەکانی نارین ڕۆستەمدا لە کۆی بنەماکانی سووریالیزم تەنیا چوار بنەما لە شیعرەکانیدا بەرجەستەبوونەتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە (نووسینی ئۆتۆماتیکیی، تەقاندنەوەی هەستی نائاگایی، خەون و گاڵتەوگەپی سووریالیی).
  • جگە لە بنەماکانی سووریالیزم کە لە شیعرەکانی شاعیر ڕەنگیانداوەتەوە، هەندێک لەو شتانەی لای سووریالییەکان جێگەی بایەخن لە شیعرەکاندا ڕەنگیانداوەتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە (دونیای منداڵیی و یاخیبوون).
  • شیعرەکانی نارین ڕۆستەم جگە لە هەندێک شیعر نەبێت، ئەوانی تر ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ڕێبازی سووریالیزم نین، واتە بە تەواویی مانا خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی سووریالیزمیان تێدا بەرجەستە نەبووە، بەڵام سوودی لە هەندێ خەسسڵەت و تایبەتمەندیی سووریالیزم وەگرتووە، ئەمەش وایکردووە شیعرەکانی نارین ڕۆستەم تام و بۆیەکی سووریالییان هەبێت و بە گشتیی کەشێکی سووریالیی بەسەر شیعرەکانیدا زاڵبێت.

    —————————

لیستی سەرچاوەکان
کتێبەکان

• ئەحمەد مەحموود عەبدوڵا، (٢٠١٣)، سووریالیزم لە شیعری کوردیدا (دوای ڕاپەڕین – ١٩٩١)، سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.
• حەمە مەنتک، (٢٠١١)، سووریالیزم لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی ئاراس.
• ڕەزا سەید حسەینی، (٢٠٠٦)، قوتابخانە ئەدەبییەکان، و: حەمە کەریم عارف، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی موکریانی.
• سیروس پرهام، (٢٠٠٣)، ڕیالیزم و دژە ڕیالیزم لە ئەدەبیاتدا، و: حەمە کەریم عارف، دهۆک، دەزگەی سپیرێز.
• سەردار ئەحمەد گەردی، (٢٠١٧)، ڕەخنەی ئەدەبی، چاپی یەکەم، هەولێر، چاپخانەی هێڤی.
• فەرهاد پیرباڵ، (٢٠٠٩)، ڕێبازە ئەدەبیەکان، چاپی سێیەم، سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە.
• کامل حەسەن بەسیر، (٢٠١٥)، مێژووی ڕەخنەسازی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس.
• نارین ڕۆستەم، (٢٠٢١)، بەرەواژ، چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگەی نووسیار.
• هێڤی بەرواری، (٢٠١٠)، ڕێبازێن ئەدەبی، چاپی یەکەم، دهۆک، چاپخانەی هاوار.
• هیمداد حوسێن، (٢٠٠٧)، ڕێبازەکانی ئەدەبیی، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی ئاراس.

فەرهەنگ
• موحسین ئەحمەد عومەر، (٢٠٠٥)، فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی، چاپی یەکەم، هەولێر، دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.

چاوپێکەوتن
• چاوپێکەوتن لەگەڵ د. کەیفی عەزیز، سەرۆکایەتی بەشی زمانی کوردی، ڕێکەوتی ٢٦- ٤-٢٠٢٣.
• چاوپێکەوتن لەگەڵ نارین ڕۆستەم، نامەی ئەلیکترۆنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕێکەوتی ٢١-٤-٢٠٢٣.

سەرچاوەی ئەلیکترۆنی
• kurdsat daily، ٢٠٢٢، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بۆ شاعیر نارین ڕۆستەم سازدەکرێت {ئۆنڵاین} ڕێکەوتی دوا سەردان ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە: https: //youtu.be/RNlcUZ9C-68
• تەلار تاهیر، ٢٠٢٢، نارین ڕۆستەم و سووریالیزم. {ئۆنڵاین} . ڕێکەوتی دوا سەردان ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە: https: //nusyar.com/archives/1492
• سرووشت نەوزاد، ٢٠٢٢، شیعری شەڕەپشیلە چارەنووسێکی باشی نییە. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی دوا سەردان ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە: https: //nusyar.com/archives/1197
• سۆران محمدە سوورە، ٢٠٢٢، شیعر و شاعیریی و خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمەشیعری بەرەواژی نارین ڕۆستەم. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی سەردان ٣٠ ی نیسانی ٢٠٢٣ لە:
https: //dengekan.info/archives/author/soranmihemedesure
• کەژاڵ ئەحمەد، ٢٠٢٢، ئەو شاعیرەی ژیان بەردێک بوو بەر سەری کەوت کەچی دڵی شکاند. {ئۆنڵاین}. ڕێکەوتی دوا سەردان ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە:
https: //nusyar.com/archives/1299

  • نارین ڕۆستەم سەلام، لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٢ ی هەولێرە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی (شانۆ)یە، یەکەم شیعری لە تەمەنی ١٥ ساڵیی بە ناوی (باخ) نووسیووە و دواتر لە (گۆڤاری کاروان) بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی دوو کتێبی شیعرییە، (پاڵەوانە کارتۆنیەکە ٢٠١٣، بەرەواژ ٢٠٢١) دە ساڵ وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد لە دەزگەکانی کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی، دەنگی ئەمریکا کاری کردووە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish