Skip to Content

مانیفێستی عەشق… بەشی یانزە …تێکست: ستیڤان شەمزینی

مانیفێستی عەشق… بەشی یانزە …تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 29, 2020 General, Poems

لە شەمەندەفەرێکدام بۆ سەفەرێکی دوور و درێژ
لەهیچ وێستگەیەک دانابەزم جگە لە وێستگەی دڵی تۆ


هەر وەک سوپایەک داگیرم بکە و هێرش بهێنە
ئاڵای سوپاکەت لەسەر بەرزایی رۆحم بچەقێنە


ئەمەوێ بە قسەت بکەم و ئاسمانت جێبهێڵم
کەچی پەپوولەی هەستم هەر دەمهێنێتەوە بۆ لای تۆ


ئەگەر رۆژێک هات و من بوومە مشتێ خۆڵەمیش
بمدەن بە دەم ئەو “با”یەی بۆ لای تۆم ئەمبا


بیر لەوە نەکەیتەوە لە خۆت دەربەدەرم بکەی
چوون شووشەی لەتبووی دڵم، رۆحت دەبڕێ


بۆچی کاتێک دەپەیڤیت، ئەڵێیت من و تۆ؟
ئاخر منێک بوونی نییە لە دەرەوەی وجودی تۆ


بەو خەنجەرە نامرم دوژمنەکانم لێم ئەدەن
بەو هەنگاوانە دەمرم لە تۆ دوورم ئەخەنەوە


لە سەمەرقەندەوە وەکوو رەشەبایەک هاتووم
تا لەگەڵ خۆم بتبەم بۆ سەر عەرشی ئەوین


هەزار ساڵە منم لە دەرگای ئەوینت ئەدەم
تۆ تەنیا ئەوەت لەسەرە دەرگاکە بکەیتەوە


ئەگەر گوومانت لە ئەشقی دێوانەییم هەیە
لە هەستی خۆت بپرسە، با ئەو وەڵامت بداتەوە


کاتێک ویستت بڕۆیت، بە ئەسپایی هەنگاو بنێ
لە پلیشانەوەی ئەو گووڵانە دەترسم لەبەر پێتا رامخستوون


ناتوانین چیدی ئەشقەکەمان بە نهێنی رابگرین
کە هەموو شەوێک ئەستێرەکان لە بەینی خۆیاندا باسی بکەن


کەمانچەیەکی کۆنی تۆز لێ نیشتووی بێ نازم
وەرە ئاوازی ئەوینت، لەسەر ژێی دڵم بژەنە


بەیانیان حکایەتی ئەشقمان بۆ هەور باس ئەکەم
ئێواران هەور لە ئیرەییدا شی دەبێتەوە بۆ باران


ببینە چۆن منت کردووە بە سوڵتانی دڵخۆشیی
کە پێشتر ئیمپراتۆرێک بووم لەسەر عەرشی گریان


Previous
Next
Kurdish