Skip to Content

کامە جامی کام جیهانە!؟.. عەبدوڵڵا ساڵح

کامە جامی کام جیهانە!؟.. عەبدوڵڵا ساڵح

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2022 General

بە بۆنەی (جامی جیهانی، فیفا قەتەر ٢٠٢٢)


پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکە، با چاوێک بەم یاریەدا بخشێنین کە ناوی تۆپی پێیە و کەمێک باسی نهێنی خۆشەویستی ملیۆنەها کەس بکەین بۆ ئەم یاریە کەمن خۆم یەکێکم لەوان .
تۆپی پێ هونەرە، هاوشێوەی هونەرەکانی تر، هونەرێکی باڵایە، هەوڵێکی بەکۆمەڵە لە پێناو گەیشتن بە یەک ئامانج، ئەویش سەرکەوتن و بردنەوەیە ، تەنانەت، ئەگەر ڕێگەمان پێبدرێت، دەکرێ بڵێین شێوازێکە لە ململانێ، ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە، تێکەڵ بە پلانی دروست وسەرکەوتوانەی ڕاهێنەر و ئەدای هونەری یاریزان ، و یەکگرتوی و هاوئاهەنگی یاریزانەکان هەمووی پێکەوە دەکرێ وەک سمفۆنیایەک وێنابکرێ و تابلۆیەک لەهونەری جوان بخرێتە پێش چاوی عاشقان و هەواداران و شوێنکەوتوانی ئەم یاریە .
تۆپی پێ، لەپێشەنگی زوربەی یاریە وەرزشیەکاندایە کە هەستێکی دەرونی وئینسانی دروست دەکا، بەتایبەت کاتێک تیمە میللیەکان یاری دەکەن ، هەستی “سەر بەوڵاتێک بوون” ، ئەگەرچی ئەو هەستە لەکۆتاییدا ئاوێکەو دەڕژێتە ناو ئاشی دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵام ئەستەمیشە بەرگری لێبکرێ، چونکە ، لانیکەم بۆچرکەساتێکیش بێ ، ئەم یەکگرتنە خەم وئازار بیردەباتەوە و تەماشاکەر دڵخۆشدەکا بەتایبەت لەکاتی بردنەوەدا. ئەمە حاڵەتێکی مادی بەرجەستە نییە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی و سۆزداری مرۆڤە ، منداڵ و گەنج و ژن وپیاو وخەڵکانی بەتەمەنیش دەگرێتەوە.
ئەوەی دوێنێ ( ٢٩ – ١١ – ٢٠٢٢ ) کۆتایی یاریەکەی ئەمریکا وئێرانی بینیبێ کە بەئەنجامی ( یەک و سفر ) بە سودی تیپی ئەمریکا تەواو بوو ، چۆن یاریزانە ئەمریکیەکە( ئەنتۆنی ڕۆبسن ) باوەشی کرد بەیاریزانە ئێرانیەکەدا ( ڕامین ڕەزاییان ) کاتێک ئەوبەکۆڵ دەگریا چونکە تیمەکەی دۆڕابوو، وەسەری خستە سەر شانی خۆی ودڵنەوازی کردەوە، وە هەردووک یەکتریان کردە باوەش، گۆشەیەک لەم حاڵەتە ئینسانیەی بۆ دەردەکەوێ کە سیاسەت ناتوانێ سنووری بۆ دانێ .
بەڵام وەک چۆن سیستمی سەرمایەداری کونجێک نەماوە لە ژیاندا سەریپێدا نەکاو نەیشێوێنێ ئاواش هاتۆتە ناو ئەم وەرزشەوە و دەستی نگریسی گەیاندوەتێ، تەنانەت لەو چێژوخۆشیەشی زۆرکەمکردۆتەوە … ئەوەتا ملیاردێرە زەبەللاحەکانی جیهان فڕکان فڕکانیانە بۆکڕینی یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپا ، ئەویش لەپێناو قازانج وکەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان لەسەر حیسابی زەوق و ئارەزووی هاندەر وتەماشاکەر ، ئەوانە نەک یانەکە، بگرە یاریزانەکانیش دەکڕن بەشێوازێک کە تەنانەت خەو وخۆراک و جلوبەرگ و ژیانی کۆمەڵایەتیشیان دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو سەرمایەدارانەوە، کە دەکرێ وەک جۆرێک لە سیستمی کۆیلایەتی سەیر بکرێ ، ڕاستە لەبەرامبەردا یاریزانەکان مووچەی زەبەللاحیان پێدەدرێ ، بەڵام لەخۆشترین ساڵەکانی تەمەنیاندا بێبەشدەکرێن لە جێژی ژیان، هەرهەمان ئەو یاریزانانە کاتێک تەمەنیان دەچێتە سەر، چارەیان گران دەبێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەردەکرێن بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆیی .
لایەنێکی تاریکی کەی ئەو دەستێوەردانە، بازاڕی گرەوە کە ئەویش بەجۆرێک گیرفانی شوێنکەوتوان بەتاڵدەکا ، هەرئەم گرەوە ئەو یانەوەرزشیانەی کردوە بە جۆرێک لە قومارخانە، ئەمە جگە لە بازاڕی بەناوبانگی دەڵاڵەکان بۆ کڕین و فرۆشتنی یاریزانەکان ، یاخود گەندەڵی لەناو بەشێک لە ناوبژیواناندا، بەتایبەتی هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی کەنداو، بۆیە لەزوربەی پاڵەوانەتیەکانیانداپەنا دەبەنە بەر ناوبژیوانی ئەوروپی.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ١١ ی ٢٠٢٢، جامی جیهانی فیفا لە قەتەر دەستیپێکرد، دوای ئەوەی فیفا (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکێتی تۆپی پێ) لە کۆتایی ساڵی 2010 مافی ڕێکخستنی ئەو پاڵەوانەتیەی دا بەو وڵاتە. ئەم بەخشینە لەپرۆسەیەکی پڕاوپڕ لەگەندەڵیی و بەرتیلداندا ئەنجامدرا و تا ئەمڕۆش گومانی لەسەرە ! هەر ئەم پرۆسەی گەندەڵیە کاریگەری لەسەر سەرۆکی فیفای ئەو کاتە (جۆزێف سێپ بلاتەر) و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپای ئەو کاتە (میشێل پلاتینی) دانا وهەردوکیان بەتۆمەتی گەندەڵی درانە دادگا و ناچارکران دەستبەرداری پۆستەکانیان بن . ئەم مافی میوانداریکردنەی قەتەر بۆ پاڵەوانێتییەکە مشتومڕێکی زۆری بەدواداهات کەتائەمڕۆش بەردەوامە. پەردەیەک لەم شانۆگەری مشتومڕە لەو دووڕووییەدایەکە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر قەتەر نمایشی دەکەن، وەک چۆن لە بواری مافی مرۆڤدا ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تریدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. قەتەر پیشتیوانەیەکی بەهێزی مادی ومەعنەوی ڕێکخراو وهێزە ئیسلامیە توندڕەوە چەنگبەخوێنەکانی وەک تالیبان و داعش بوو تا ئەومڕۆشی لەگەڵ بێ ، جگەلەوە خەزێنەی وڵاتەکەی بۆ دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژێ وەک ئەردۆگان کردۆتەوە تا فاشیزمە نەتەوەیەکەی لەناوچەکە باڵادەست بکا و بەبەرچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانانیەوە ئەم ڕۆڵە بە ئاشکرا دەگێڕێ .
لەم مۆندیالەدا، قەتەر درکی بەوە کرد کە جبەو عەمامەی ئیسلامی ناتوانی بەر بەو شاڵاوو ئەو هەموو ڕەخنانەبگرێ کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی دەبنەوە، هەر بۆیە ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو چەفتەو عەگاڵی نەتەوەییەوە تا خەڵکێکی ” ساوێلکە ” بەوە فریوبدا کە گوایە قەتەر بۆیە دوژمنایەتی دەکرێ چونکە وڵاتێکی عەرەبیە !
لە نێو هەوڵەکانی قەتەر بۆ لادانی سەرنج لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت، کڕینی هەندێک یاریزان و کەسایەتی بەناوبانگی تۆپی پێ یە(وەک پیپ گواردیۆلا و دەیڤد بێکهام و کاکای بەڕازیلی) و هەندێکیتر، ئەمەش وا دەکات وێنەکەی لێڵتر دەرکەوێ نەک ڕوناکتر ، چونکە ئەمە لە گەمەیەکی پۆخڵی پارە و خەڵاتبەخشینەوە زیاتر شتێکی تر نیە .
دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشییە زەبەلاحانەی قەتەر لەسەر حیسابی ژیانی هەزاران کرێکاری بیانی بوو کە وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش ڕاپۆرتی وردیان لەسەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ئەو کرێکارانە تێیدا دەژیان بڵاوکردۆتەوە ، ئەم پێشێلکاریانەی مافی کرێکارانی بیانی، پەڵەیەکی خوێناویە کە مۆندیال و قەتەر دەگرێتەوە ، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە بەهەزاران کرێکاری هیندی و بەنگلادیشی و نیپاڵی و سریلانکی و پاکستانی هەرەلەسەرەتای دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشیانەوە تا ئەمڕۆ گیانیان لەدەست داوە، ئەویش لە ئەنجامی سەختی کار و زۆری سەعاتی کار بەتایبەت لەهاویندا کە پلەکانی گەرما لەسەروو بەنجا پلەوەن هەروەها نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک لە شوێنی حەوانەوەیاندا ، جگە لە پێنەدانی مووچە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە لەلایەن هەندێک “رێکخراوی خێرخوازیەوە” خۆراکیان پێبدرێت! ئەوان دامەزراوەی وەرزشی و کۆشکە لوکسەکانیان لەسەر حیسابی ژیانی ملیۆنان کرێکار دروست دەکەن . لێرەدا پرسیاری داهاتوو ئەوەیە: ئایا ئەوانەی لەم یاریگایانەدا دادەنیشن بۆ تەماشای یاریەکان ئەم تراژیدیایە دەبینن ؟ ئەوشمان بیر نەچێ کە دیاردەی کەمی ئامادەبووان لە یاریگاکاندا بە بەراورد بە مۆندیالەکانی پێشوو بە ئاشکرا دیارە ، ئەمەش وای کردوە ، وەک هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا باسی دەکەن، گوایە هێنانی هاندەران لەلایەن قەتەرەوە بە پارە وبلیتی خۆڕایی و مانەوە لەئوتێلی پێنج ئەستێرە بۆتە دیاردە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین تۆماری پێشێلکاریەکانی قەتەر لە بواری مافەکانی مرۆڤ وە بەتایبەتی مافی ژنان و مافەکانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانیش پەڵەیەکی ترە بە تەوێلی ئەم وڵاتەوە . بەداخەوە ئەمڕۆ جیهان وایلێهاتوە بۆ هەر شوێنێک بچین، دەبینین ئەهریمەنە سەرمایەدارییەکە لەبەردەم چاومان وەستاوە، ئیتر باسی چ جامێک و چ دونیایەکمان بۆ دەکەن ، دونیایەکی پڕاو پڕ لە ناڕەزایەتی و برسێتی و کوشت وکوشتار و شەڕ، بەڕاستی ئەم جیهانەو بونەوەرەکانی شایستەی ئەم بەربەرییە تە نین.

٣٠ – ١١ – ٢٠٢٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish