Skip to Content

ئارامی بەر لە گەردەلوول.. نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

ئارامی بەر لە گەردەلوول.. نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2022 General


پاش نیوەڕۆیەک بڕیارمدا بچم بۆ چایەخانەیەک و کەمێک هەوای پاک هەڵمژم، دەمێکی زۆرە لە کارەکەم مۆڵەتم وەرنەگرتووە تا بتوانم ڕۆژێک پشووم هەبێت و گەڕانێکی کورت ئەنجام بدەم، داوی مۆڵەتم لە بەڕێوەبەری کارەکەم کرد، ئەویش زۆر بە روخۆشیەوە وتی: ڕۆژی یەکشەمە با پشووی تۆبێت.
حەزدەکەم کەمێک لە مێز و چواردەوری دیوارەکەم خۆم بشارمەوە، لەگەڵ ئەم پشووە بڕیارێکم دا، کە بەپیادە بچم بۆ بازاڕ، خۆشم دوور بگرم لە قسە و گفتوگۆ، بەیانی کاتژمێر هەشتی بەیانی بە ڕێکەوتم بۆ بازاڕ، بە کوچەو کۆڵانەکان خۆم گەیاند بۆ بازاڕو لە چایەخانێک لامدا بۆ خواردنی چایەک. ” ببورە دەکرێت چایەکی کەم شەکرم بۆ بێنیت ” چایەکی گەرم و ڕۆژنامەیەکی بۆ هێنام و وتی: ” فەرموو ئەمەش ڕۆژنامەی ئەمڕۆیە ” ، ” زۆر سوپاس ”
چاوەکانم بە ڕۆژنامەکە کەوت کە زۆر بیرم کردوە، لەبەر تەلەفزیۆن ناتوانم نەک رۆژنامە تەنانەت کتێبەکانیشم پشتگوێ خستووە، لاپەڕەی رۆژنامەکام هەڵایەوە و دەستم کرد بە خوێندنەوەیان لەم کاتەدا دوو پیاوی بەتەمەتی ڕیشدار لە نزیک منەوە دانیشتن بێ ئەوەی سڵاوێکێش بکەن، لەدڵی خۆمەوە وتم کە ئەمە لەبەر من بووە کە تام و چێژی خۆوێندنەوەکەم لێ تێک نەچێت، خەریکی خوێندنەوە بووم ئەوان دەستاین بە گفتوگۆکردن کرد، یەکدیان بەناوی حاجی بانگدەکرد، زوو زووش داوای چایەی گەرم و تازەیان دکرد.
گفتوگۆکە لەوە دەستی پێکرد کە حاجی وتی:

  • چی بکەین؟ ژیانێکی دوبارەیە لەکار بۆ ماڵ.
  • حاجی منیش هەروام بەڵام چ کارێک کە خۆت دەیزانی کە ئەو کارە لە کەسێکی بەتەمەن ناوەشێتەوە، هاوتەمەنەکانی خۆم هەموویان خانەنشین بوون منی داماو نەبێت کە هەر بەشم ڕاکردنە بۆ کار.
  • جا حاجی ئەمە کەی ژیانە، ئێرە بووە بە گۆڕستان کە وەک گۆڕێکی بێ خاوەن.
  • باشە چی دەبوو ئەوکاتەی ژیان دابەشکرا ئێمەی کورد لە کیشوەرێکی تر بایین؟
  • چۆن چی دەبوو؟ ئێمە دووانە هەر واین جا چ کیشوەرێک بێت.
  • نا ڕەنگە باشتر بووباین، لەوەتەی هەم چێژم لەم ژیانە وەرنەگرتووە، تۆ دەڵێی چی؟
  • هەمان ڕەئیی جەنابتم هەیە، جگە لەوەی کە ئەو ڕۆژە نەبێت کە خودا کوڕێکی پێبەخشیم، ئەوکاتە باوکێکی سەرکەوتوو بووم، ئێستا چی کە لەکۆتایی تەمەندام و هەر ڕاکە ڕاکەمە بۆ ژیان.
  • ژیانێک هاوشێوەی گەردەلوول، سەرەتاکەی دیارە و کۆتایەکەی وونە.
  • حاجی کۆتایی ئەم گەردەلوولە بە تێکشکانی مرۆڤ لەم ژیانە کۆتایی دێت، ڕەنگە ئێمە لەم گەردەلوولەدا خۆمان وون بکەین، بیرم دێت کە منداڵ بووم حاجی لە گەڕەکەکەمان سینەما هەبوو کە هەفتەی یەک جار نمایش دەکرا، من هەفتێک کارم دەکرد و لە کۆتایی هەفتە هەرچی کۆم کردبوویەوە بۆ بلیتێک سەرفم دەکرد، ئەمە بەت بەختیە؟!
  • حاجی ئێمە هەر لە منداڵیەوە دیوای خۆشبەختیمان ڕوخاند، کە ئەو دیوارە هیچ وەستایک ناتوانێت چاکی بکاتەوە، ئێرە کۆتایی رێگایە.
  • لە کۆنەوە ڕوخاندمان کە کاتێک گەردەلوول دەستی پێکرد و شوێنێک نەما بۆ خۆ حەشاردان، گەردەلوول ئێمەی لەگەڵ چارەنوسی خۆی برد.
  • دەزانی بیری ئەکاتانە دەکەمەوە کە جوانترین جلەکانم دەپۆشی و لە بازاڕەکانی شاردا دەخولامەوە، یاخوت لەبەر دەرگای دوکانەکانی نێو بازاڕ دەواستام و قەڵام و دەفتەر تێبینەکەم دەر دەهێناو دەستم بە نوسین دەکرد.
  • چی بەو کاتانەی لە کۆڕەکان شعرم دەخوێندەوە و سەیری خەلکەکەم دەکرد ناخم ئاسودەی پێدەبەخشیم.
  • حاجی هەڵسە با بگەڕینەوە بۆ ماڵ وا نیوەڕۆیە.
    ئەوان چایەخانەکەیان جێهێشت و منیش هەڵسام و لە خاوەنی چایەخانەکەم پرسی ئاخۆ ئەم دوو بەڕێزە کەی دێن بۆ ئێرە، وتی: ” ئەو دوو کەسە خەلکی کۆنی ئەم شارەن، هەموو بەیانێک دێن و تا نزیک نیوەڕۆ دمێنەوە ” بڕیارم دا کە زوو مۆڵەت وەربگرم و خۆم بگەیەنم بۆ لای ئەم دوو بەڕێزە کە زۆر سرنجی منیان راکێشا، بڕیارم دا گەر ئەم جارە بگەڕێمەوە دیدارێکیان لەگەڵ سازدەکەم…..

نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

Previous
Next
Kurdish