Skip to Content

کورتەچیڕۆک/ عەرەبەکانی گەڕەکەکەی ئێمە.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک/ عەرەبەکانی گەڕەکەکەی ئێمە.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by كانونی دووه‌م 28, 2022 General, Literature

شەو بوو، لەناکاو بوو بەهەرا دەنگ بەتەواوی لەنێو کۆڵانەکە دەبیسترا، لەوکاتەی چوومە دەرەوە بینیم ئافرەتێک لەبەر دەرگا بەهەداوان خۆی لەدەستی پیاوەکەی رزگاڕ بکات، پیاوەکە کاتێک منی بینی شەرمێک دایگرت، هەر لەو کاتە باوکی کوڕەکە هەردووکیانی بردە ژوورەوە بەتوندی پێیانیگوت: شەرم بکەن، هەموو هاوسێییەکانتان هەراسان کردووە، من تا ئەو کاتە ورتەیەک لەدەمم نەهاتبووە دەرەوە، بەڵام باوکی کوڕەکە بەشەرمەوە گوتی: خۆت دەزانی ئەو دەنگە دەنگە لەنێوان ژن و مێردا روو دەدا.
هیچ قسەیەکم نەکرد، تەنیا سەرێکم بۆ لەقاند، لەچاوانی ئەو ئەوەم خۆێندەوە، کێشەیەکی گەورە لەنێوان ئەو ژن و مێردە هەیە، چەندین نهێنی پێشترە ئێستا ئاشکرا دەبێ.
دەتوانم بڵێم سەدا چلی گەڕەکەکەی ئێمە تا ئێستاش عەرەبن، بەشێکی زۆر لەوانە ئاوارە بوونە، وەک هەمان دیمەنی دوورخستنەوەی خێزانە کوردەکان بوون، لەدوای شۆڕش لەجێگە و رێگەی خۆیان دوور خرانەوە بۆ باشووری عێراق، لەچاوانی هەردوو لا دەخوێندرێتەوە زوڵم و زۆری بەم رۆژەی گەیاندوون، هەرچۆنێک ئێستا دوور لەشار و گەڕەکەکانی خۆیان نیشتەجێن.
ئەو رۆژە یەکێک لەو عەرەبانەی سڵاو لەیەکتر دەکەین، بانگی کردم و گوتی: چووم ماسی زیندوو بکڕم دوای ئەوەی داوای پاککردنەوەم کرد، کابرای ماسی فرۆش لەکاتی سک هەڵدڕینی ماسییەکە و پارچە پارچەکردنی، کەچی ماسییەکە هەر دەجوولایەوە، ئەو هاوسێییەمان لەوێ بوو ئەویش بۆ ماسی کڕین هاتبوو، کاتێک ئەو دیمەنەی بینی ئەو شوێنەی جێهێشت، کاتێک بەماسی فرۆشەکەم گوت: بۆ؟ کەچی هێچ وەڵامێکی نەدامەوە، ئێستا لەتۆ دەپرسم : بۆ؟ منیش پێکەنیم رۆیشتم، کەچی ئەو بەدەنگێکی بەرز گوتی:دەزانم ئێوە بەزاڵم و دڕندە لەئێمە گەیشتوون.
لام بوو بووە مەراق تا بزانم نێوان ئەم ژن و مێردە بۆ وا ئاڵۆزبوو، بەڵام لەهەندێک بابەت بپرسیت، هەرچۆنێک بێ زۆربەی عەرەبە نیشتەجێبووەکانی گەڕەکەکەی ئێمە منیان دەناسی، یەکێک لەوانەی منی بەهاوڕێ دەزانی، گەنجێکی باڵابەرزی رەشتاڵە بوو، بێ ئەوەی بزانی دەییبنم ماوە نا ماوە بەکۆڵانەکەی ئێمەدا داهات و سەیری ئەو ماڵەی دەکرد، رۆژێک هەر خۆی بابەتەکەی کردەوە و گوتی: دەزانم گومانم لێدەکەی، کە بەدوای شتی خراپدا دەگەڕێم، بەڵام بابەتەکە بەجۆرێکی دیکە، من کوڕە هەژارێکی شارێکی ناوەڕاستی عێراقم…خێزانی ئەو کوڕەی هاوسێتانم خۆشدەویست، ئەویش منی خۆش دەویست، چەند جارێک چووم بۆ داخوازی، بەڵام باوکی ئامادەنەبوو، هیچ وەڵامێکی خانەوادەکەی ئێمە بداتەوە، ئەو ماڵەی هاوسێتان، یەکێکن لەدەوڵەمەندەکانی شارەکەم، چەند جارێک لەو شارەی لێیهاتووین گرفتیان بۆم دروستکردووە و کەووومە نێو کێشمەکێشی پۆلیس، هەر ئەوان بەزەبری پارە ئەو کچەیان بۆ کوڕەکەیان خواست، کێشەی ئەو شەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو لەرێگە گەیشتینە بێ ئەوەی هیچ قسەیەک لەگەڵ یەکتردا بکەین، تەنیا ئەو خەندەیەکی کرد، بەچاو سڵاوی لێکردم، بەڵام ئەوم نەزانی لەدوورەوە مێردەکەی بینیوویەتی، کاتێکیش بەکۆڵانەکە تێدەپەڕم هەر تەنیا بۆ خەندەیەکە و بەم خەندەیەش دڵم ئاو دەخواتەوە و هیچ مەبەستیکی دیکەم نییە.

Previous
Next
Kurdish