Skip to Content

پەیجی سێبەر، دەنگی ڕاستەقینە و ئاوێنەی ڕوونی نەستی خاوەنەکەیەتی.. کارا فاتیح

پەیجی سێبەر، دەنگی ڕاستەقینە و ئاوێنەی ڕوونی نەستی خاوەنەکەیەتی.. کارا فاتیح

Be First!
by نیسان 21, 2026 General, Opinion



دیاردەی پەیجی سێبەر و سەکۆی ناڕەسمی لە دنیای سیاسەت و میدیای ئەمڕۆ و سۆسیالمیدیای کوردیش دا بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ گوزارشتکردن لەو بۆچوون و پەیامانەی، لە چوارچێوەی فەرمی و میدیای یاسایی و پەیج و ئەکاونتی ڕاستەقینە دا ناگوترێن و بڵاو ناکرێنەوە، هەر بۆیە زۆر جار کاتێک حیزب یان لایەن و کەسایەتییەک، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم پەیجانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، زۆر بەئاسانی و بێکێشە خۆیان لێ بێبەری دەکەن و بەوە خۆیان دەپەڕێننەوە، گوایە ئەمە گوزارشت لە بۆچوونی فەرمیی ئەوان ناکات و نازانرێت کێین ئەوانە، یان دەڵێن ئەوانە تەنها هەوڵێکی خۆبەخشانە یان ناڕەسمیین، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەم پەیجانە وێنەیەکی یەکجار ڕاستگۆتر و ڕوونتری ناوەوەی ئەو لایەنانە دەنوێنن، چونکە لە پشت پەردەی بێناوییەوە کار دەکەن و هیچ کۆتوبەندێکی دیپلۆماسی یان سیاسی یان هەستڕاگرتنی بەرانبەر نایانوەستێنێت. ئەم جۆرە میدیایە دەتوانرێت وەک ئاوێنەی حەقیقیی نەستی لایەنەکان سەیر بکرێت، چونکە لێرە دا چیتر پێویست بە ڕەچاوکردنی ڕێکەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دڵنەواییی لایەنی بەرانبەر ناکات، بەڵکوو ئەوەی لە قووڵاییی بیرکردنەوە و ستراتیژی ڕاستەقینەی لایەنی خاوەن ئەو میدیا دا هەیە بە بێ سانسۆر و بەوپەڕی ئازادییەوە بڵاو دەکرێتەوە، وەک دەڵێن ئەو پەیجانە قسەی دڵی ئەوان دەکەن و ئارەزوەکانیان تێر دەکەن و دڵیان بە قسە و ناوزڕاندن و حەیابردنی نەیارانیان ئاو دەخواتەوە. ئەم پەیجانە هیچ حیسابێک بۆ لێکەوتە یاسایییەکان یان تێکچوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و تەنانەت زیانی تیرۆری مەعنەوی و فیزیکییش ناکەن، لەبەر ئەوە دەبنە زمانحاڵێکی ڕاستەقینە، هەموو ئەو ڕقوکینە یان جێنیو و بوختان و پلان و نیەتە شاراوانە هەڵدەڕێژن، کە میدیای فەرمی بە هۆی “ئیتیتکێتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی” یان ترسی بەرپرسیارێتیی یاسایی، یان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی پێچەوانە و هاوشێوە ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، هەر بۆیە سڵنەکردنەوە لە دروستکردنی کێشە و شکاندنی سنوورەکان تا دەگات بە تیرۆر و تێکدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی، لەم پەیجانە دا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەوەی دەگوترێت تەنها ڕایەکی شەخسی یان بۆچوونی کۆمەڵێک نەخۆشی بێئیلتیزامی نابەرپرس نییە، بەڵکوو گوزارشتێکی ڕاست و وردە لەو ئاراستە فیکری و دەروونییەی، کە لایەنەکان لە ژوورە تاریکەکان دا باسی دەکەن و لێرە دا بە بێ ماسک دەردەکەوێت و خۆی کەشف دەکات.
ئەم پەیجە سێبەرانە کاتێک بە ئازادیی ڕەها و بەوپەڕی موڕتاحی پەخش دەکەن، چیتر تەنها لە چوارچێوەی گەیاندنی پەیامی سیاسی و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دا ناوەستن و حساب بۆ یاسا ناکەن، بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی نزمترین ئاستی زمان و بڵاوکردنەوەی جنێوی بازاڕی و هەڵبەستنی بوختانی بێبنەما و حەیابەرە بۆ هەر کەس و لایەنێک کە بەدڵیان نەبێ و پێچەوانەی ویستی ئەوان بیر بکاتەوە. ئەوان بێ هیچ سڵەمینەوەیەک و بەوپەڕی بێباکییەوە دەست بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و تەنانەت تێکدانی ناوبانگی خێزانەکان و تۆمەتی ئەخلاقییش دەبەن، چونکە دەزانن لە پشت پەردەی بێناوییەوە پارێزراون و هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی یان یاسایییان ناکەوێتە ئەستۆ. ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن کە پڕە لە ناوزڕاندن و تانەدان لە شەرەف و کەرامەتی کەسایەتییەکان، دەری دەخات کە ئامانجی سەرەکییان تەنها گەیاندنی بیرۆکەیەک نییە، بەڵکوو تیرۆری مەعنەویی بەرانبەرە بە هەر نرخێک بێت. سڵنەکردنەوە لەم جۆرە کارە نزم و ناشرینانە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختان، لە ڕاستی دا ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەت و پانتایییە تاریکەیە، کە لە ناخی خاوەنەکانیان دا هەیە و لە ڕێی ئەم سەکۆیانەوە هەموو ئەو گرێ دەروونی و بوغز و ڕقە شاراوانە بەتاڵ دەکەنەوە، کە ناتوانن لە ڕێی میدیایەکی یاسایی و فەرمییەوە دەری ببڕن، بەمەیش دەبنە مەترسیدارترین ئامراز بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەناوبردنی کەسێتی.
لەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە دا، ئاستی ئازادیی دەربڕین دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێسەروبەریی ڕەها، کە تێیدا هەموو سنوورە ئەخلاقی و مرۆیییەکان دەبەزێنرێن، بە جۆرێک جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین دەبێتە ئامرازێکی ئاسایی بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکان و ناوزڕاندنیان. سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە فەرمییەکان، دەبێ ئەو ڕاستییە تاڵە بگوترێت، بێدەنگی یان تەنها لێدوانێکی شەرمنانە بۆ بێبەریبوونیان لەم پەیجە سێبەرانە، چیتر لە بەردەم ویژدانی گشتی و لۆژیکی سیاسی دا جێگەی نابێتەوە. ناکرێت حیزب و کەسایەتییەکان تەنها بە گوتنی “ئەمە هیی ئێمە نییە” خۆیان لە ژێر باری ئەو هەموو جنێو و ناوزڕاندن و بوختانە بدزنەوە، چونکە ئەگەر بەڕاستی ئەم سەکۆیانە تەعبیر لە ئەخلاقی سیاسی و ناواخنی ئەوان ناکەن، ئەوا دەبێت بکەونە شەڕێکی ڕاستەقینە و بێوچان لەگەڵیان دا، جگە لە سەرکۆنە و ڕەخنەگرتن لێیان، هەوڵی دۆزینەوە و سزادانیان بدەن. بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاسایی لایەنەکان لەوە دا کورت دەبێتەوە، ئەگەر دژی ئەو بێسەروبەرییە میدیاییەن، بفەرموون بە ئاشکرا دژایەتییان بکەن، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەکانیان بدەن و ڕێگری لەو پاشاگەردانییە بگرن کە هەموو پێوەر و بەها و پیرۆزییەکان دەبەزێنێت. پێویستە ئەم لایەنانە بەردەوام و بێپسانەوە لە میدیا فەرمییەکانیانەوە جەخت بکەنەوە، ئەم زمانە نزمە و ئەم بوختانانە نەک هەر گوزارشت لەوان ناکات، بەڵکوو بە کردەوەیش هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بدەن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پەیجانە کەرامەتی نەیارەکانیان پێ دەشکێنن و دڵخۆشییان دەکەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەم ئاگرە لە کۆتایی دا هەموو کایەکان دەسووتێنێت و هیچ کەس لە مەترسییەکانی پارێزراو نابێت. بێدەنگیی سیاسی لە ئاست ئەم پەتایە، جۆرێکە لە ڕەزامەندیی شاراوە، ئەگەر لایەنێک بە ڕاستگۆیی دەیەوێت بیسەلمێنێت، کە ئاستی بیرکردنەوەی لە ئاستی ئەو پەیجانە دا نییە، دەبێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە کاری ئەم سێبەرە تاریکانە نەک هەر خزمەت بەوان ناکات، بەڵکوو تیرۆرکردنی ئاساییشی دەروونیی کۆمەڵگەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هەموان، چونکە کاتێک ژینگەی سیاسی دەبێتە مەیدانی بوختان و جنێو، چیتر هیچ ڕێکەوتن و بەهایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت.
تا کەی لایەنە سیاسییەکان ئامادە نیین بەڕاستی دەستبەرداری ئەم “سوپا سێبەرە” ببن؟ کە نابن، هەر ئەمەیشە ناهێڵێت کایەی سیاسی و میدیایی لەم دۆخە نالەبارە ڕزگاری بێت، چونکە کاتێک بەرژەوەندییە کاتییەکان دەخرێنە پێش بەها ئەخلاقییەکان، “پەیجی سێبەر” لە قێزەونییەوە بۆیان دەبێتە پێویستییەکی ستراتیژی. لایەنەکان ئامادە نین دەستبەرداری ئەم چەکە ببن، چونکە پەیجی سێبەر کارێک بۆ حیزب دەکات، کە میدیای فەرمی ناتوانێت بیکات؛ ئەویش تێکشکاندنی کەسایەتیی نەیارەکانە بێ ئەوەی حیزبەکە هیچ باجێکی سیاسی یان یاسایی بدات. ئەمە جۆرێکە لە تیرۆر، کە تێیدا لایەنەکان لە پشت ماسکی بێدەنگییەوە چێژ لەو سووکایەتییانە دەبینن، کە ئاڕاستەی بەرانبەر دەکرێت، لە کاتێک دا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان دا بە ڕووخسارێکی دیپلۆماسییەوە باس لە پێکەوەژیان و پێویستیی جیاوازی و ئازادیی بیروڕا دەکەن.
ئەم دووڕوویییە نیشانەی ئەوەیە، لایەنەکان نەک هەر نایانەوێت ئەو پەیجانە دابخەن، بەڵکوو زۆر جار بە بودجەی گەورە و سوپایەکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو پەرەیان پێ دەدەن، چونکە لای ئەوان سەرکەوتن بە سەر نەیار دا، لە پاراستنی ئاستی فیکری و ئەخلاقیی کۆمەڵگە گرنگترە. کاتێک لایەنێک ئامادە نییە بە ڕاستی شەڕی ئەو زمانە نزمە بکات، واتای ئەوەیە کە ئەو زمانە بەشێکە لە ستراتیژی مانەوەی خۆی، ئەمەیش مەترسیدارترین جۆری داڕمانە، چونکە کاتێک سیاسەت لە ململانێی فیکرییەوە دەبێتە ململانێی بوختان و جنێو، ئیتر چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتێکی وا دا تەنها خەیاڵە. لایەنەکان بەم کارەیان ژینگەیەکی وایان خوڵقاندوە، ئەوەی دەمرێ ڕاستگۆیییە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جەنگێکی دەروونیی بەردەوامە، کە تێیدا هەموان دۆڕاون، چونکە لە کۆتایی دا ئەو کینە و بوختانانەی دەچێنرێن، دەبنە میراتێکی ژەهراوی بۆ نەوەکانی داهاتوو و هیچ دیوارێکی پارێزبەندی بۆ کەرامەتی مرۆڤەکان ناهێڵنەوە.

کارا فاتیح

Previous
Next

Leave a Reply