زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (3-7) … دایوشی شایگان
رووه‌كانی ناسنامه
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
“تاكه كلیلێكی ئه‌فسانه‌یی بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیاكان بوونی نییه”
———————–
داریوشی شایگان نوسه‌ر و بیریاری ئیرانی له 24ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1935 له شاری (تاران) له باوكێكی ئازه‌ری (توركی- ئیرانی) شیعه و دایكێكی سوونه مه‌زهه‌ب له دایكبووه، خانه‌واده‌كه‌یان به زمانی جۆرجی و رووسی و توركی و فارسی قسه‌یان كردووه، ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ی زمان كاریگه‌ری زۆری له سه‌ر شایگان دروستكردووه! شایگان له سه‌ره‌تاوه ده‌چێته قوتابخانه‌یه‌كی فڕه‌نسی له تاران و هه‌ر له زووه‌وه فێری زمانی فڕه‌نسی ده‌بێت، له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیدا ده‌چێته وڵاتی بریتانیا له شاری (له‌نده‌ن) درێژه به خوێندن ده‌دات، بۆ رازیكردنی خواستی خانه‌واده‌كه‌ی له شاری (ژنێف) خوێندنی پزیشكی هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام حه‌ز له‌و رشته‌یه ناكات و ناتوانێ درێژه‌ی پێبدات، زێتر مه‌یلی له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه ده‌بێت، به‌ڵام بوێری ئه‌وه‌ی نییه، دژی خواسته‌كانی باوكی بێته‌وه، هه‌رچۆنێ بێت خۆی له كۆلیژی زانسته سیاسییه‌كان ده‌بینێته‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له شاری ژنێفه‌وه چالاكییه زانستییه‌كانی درێژه پێده‌دات، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر له‌وێ له ماف و فه‌لسه‌فه و زانستی زمان ده‌خوێنێ، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان دروست ده‌كات و له كۆڕه‌كانی (ژان پیاجێ) و (كارل گۆستاف یۆنگ) ئاماده ده‌بێت، پێش ده‌رچوونی له كۆلێژی ژنێف به دوو ساڵ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هاوڕێی كۆلیژ له به‌شی زانسته‌كانی جوانی خاتوو (فه‌ریده زه‌ندیه) ده‌كات… هه‌موو تواناكانی خۆی له زانسته‌كانی ئایین به‌كار ده‌هێنێ و له ساڵی 1967 كتێبێك به زمانی فارسی به ناوی (ئایین و قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی هیندی) له دوو به‌رگدا به چاپ ده‌گه‌یه‌نێت.
داریوشی شایگان له (سۆربۆن) پله‌ی ماجستێر و دواتر دكتۆرا له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایینه‌كانی هیندی و فه‌لسه‌فه‌ی به‌راوردكاری به ده‌ست ده‌هێنێ، تێزه‌كه‌ی له ژێر ناونیشانی (په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئایینه هیندییه‌كان و سۆفیگه‌ری…)دا ده‌نوسێت، پێیوایه جه‌وهه‌ری ئایینه‌كان له به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌موو لقه‌كان و ده‌سته‌واژه مه‌عنه‌وییه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه!
بۆ جاری دووه‌م له ساڵی 1962 په‌یوه‌ندی به زانكۆی تاران ده‌كات و تا ساڵی 1980 هه‌موو چالاكییه‌كانی خۆی له‌و زانكۆیه‌دا له زمانی سانسكریتی و بیروڕا و فیكره هیندییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی فیدائی و بوزی و یۆگا و دانایی عیرفانی سه‌رف ده‌كات، دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیمام خومه‌ینی ده‌گه‌ڕێته‌وه فڕه‌نسا…
شایگان بیریارێكی فره مه‌عریفه‌یه و هه‌میشه به شێوه ئاسۆیی و ستوونی بیری خۆی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات و له سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی كار ده‌كات، به ئاشكرا ده‌ڵێت من به‌رده‌وام له گۆڕان و پێگهیشتندام، وه‌ك چۆن ده‌ڵێت ئه‌گه‌رچی هاوڵاتی ئیرانی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی به ده‌گمه‌ن ده‌گۆڕێ، به‌ڵام من بیركردنه‌وه‌كانم له گۆڕانی به‌رده‌وامدان و وه‌ستانیان نییه! شایگان ده‌ڵێت سه‌یره‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌تا ئێستاش گه‌وره‌ترین بیریارمان شاعیرهكانمانن و نوێترینیان حافزی شیرازییه، كه حه‌فسه‌د ساڵ پێش ئێستا ژیاوه، نامه‌وێ خراپ له قسه‌كانم بگه‌ن، من نامه‌وێ له نرخی ئه‌وان كه‌م بكه‌مه‌وه، جه‌لاله‌دینی رۆمی، حافزی شیرازی… دنیای ئه‌وان له‌گه‌ڵ دنیای ئێمه ته‌واو جیاوازه، پێویسته بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه خۆمان به مه‌عریفه‌ی نوێ پڕ چه‌ك بكه‌ین، چونكه تاكه كلیلێكی ئه‌فسانه‌یی بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیاكان بوونی نییه! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه بخوێنیته‌وه پێویستت به پله‌به‌ندكردنی هه‌یه، ناشێ شته‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بكه‌ین.
ناسنامه و ئاژاوه
ناسنامه قسه‌ی زۆری لێكراوه و یه‌كێكه له بابه‌ته پڕ ئیشكاله‌كانی دنیای هاوچه‌رخ، وه‌ك چۆن بیروڕای زۆر لێكنزیك له‌و باره‌وه هه‌یه، به هه‌مان شێوه راڤه‌كردنی زۆر جیاواز و جۆراوجۆریشی هه‌ڵگرتووه… داریوشی شایگان له كتێبی (ناسنامه به چل روو)ه‌وه قسه له ناسنامه وه‌ك رووه‌كی ریزۆمییه یان جهزموور ده‌كات، ئه‌و وشه‌یه بنه‌ڕه‌تێكی لاتینی هه‌یه، مانای به‌ن، دا‌و ده‌دات، ئاماژه‌یه بۆ داوه‌كان و چنین، تۆڕ و تێكئاڵان و تانوپۆی داوه‌كان، ئه‌و قسه‌كردنه بۆ ناوی جۆرێك له رووه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه “ریزۆمییه-Rhizomatique” قاچه‌كانی له ژێر گڵ به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی درێژ ده‌بێته‌وه، لێپرسراوه به‌رانبه‌ر گه‌شه‌ی ئه‌و رووه‌كه، هه‌موو ساڵێ خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، له سه‌ره‌وه‌ش به شێوه‌یه‌كی دیار و به‌رده‌وام هه‌موو شتێك ده‌خاته نێوهخۆیهوه، رزگاربوون لێی مه‌حاڵه، هه‌تا ئه‌گه‌ر بیبڕیتهوهش، چونكه نه سه‌ره‌تای هه‌یه و نه كۆتایی، نه ئه‌سڵی هه‌یه و نه ئامانج، هیچ نییه جگه له ریشاڵ، به‌شێكی بچووك له‌و رووه‌كه ده‌شێ گه‌شه بكات و نوێ بێته‌وه و به‌رده‌وام بێت. ئه‌و وشه‌یه له سه‌رده‌می ئه‌فلاتووندا بۆ سه‌یركردنی جه‌سته و مێشك به كار هێنراوه… (ژیل دۆلۆز Gilles Deleuze 1926-1995)ی فه‌یله‌سوف وه‌ك شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی بوونی جۆراوجۆر ته‌ماشای ده‌كات و ئه‌و وشه‌یه‌ی دژ به فه‌لسه‌فه‌ی دیكارت كه خه‌ریكی دامه‌زراندن و رهگداكوتان بووه، هه‌روه‌ها دژ به فه‌لسه‌فه‌ی هیگل كه درێژه به جوله و نه‌شونما ده‌دات و ئامانجدار خۆی ده‌نوێنێ به كاری هێناوه، تاكو له ئۆڕگانییهت و رێكخستن و ئامانجگه‌رایی رزگاری ببێت.
له قسه‌كردن له باره‌ی ئاڵۆزی ناسنامه وه‌ك ئاڵۆزی رووه‌كی ریزۆمییهوه، قسه‌كردنه به پێی خێرایی زه‌مه‌ن و رۆشنبیریی و دنیای تازه‌گه‌رییه‌وه. له به‌دواداگه‌ڕانی ناسنامه‌دا ده‌كه‌وینه ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌وه، وه‌ك چۆن رووه‌كی ریزۆمی وێڵمان ده‌كات! ئه‌مڕۆ ناسنامه كۆمه‌ڵێك رووه له یه‌ك كاتدا، ئه‌مڕۆ هه‌موو شته‌كان له یه‌ك زه‌مه‌ندا ده‌رده‌كه‌ون، به‌مجۆره‌ش ژیاری له دنیادا هیچ هاوگونجانێ به خۆوه نابینێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو جیاوازییه رۆشنبیرییه جۆراوجۆره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیارییه‌كی جیهانی گه‌وره ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و ژیارییه جیهانییه به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیایه، ته‌كنه‌لۆجیا هه‌موو ماناكان له خۆیدا ون ده‌كات و به‌ره‌و وێرانه‌یی ده‌بێته‌وه، به‌و مانایه‌ش دنیای هاوچه‌رخ هیچ ئامانجێكی له پێشدا نه‌ماوه، جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ دوێنێ و چاوپێداخشانه‌وه‌ی دوێنێ نه‌بێت…
له دنیادا ئه‌وه فره‌یی رۆشنبیرییه وای كردووه له دوو رووه‌وه قسه له ناسنامه بكه‌ین، یه‌كه‌میان تاك ناسنامه‌یی و تاك رۆشنبیریی، دووه‌میان فره ناسنامه‌یی و فره رۆشنبیریی، ئه‌مڕۆ ئه‌و قسه‌كردنه، قسه‌ی كۆمه‌ڵگای یه‌كگرتووه وله هه‌مان كاتدا قسه‌ی كۆمه‌ڵگای جۆراوجۆر و فره‌یه! هه‌موو ئه‌و شێوه قسه‌كردنانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه هه‌یه. دایوشی شایگان له‌و كتێبه‌دا بایه‌خێكی زۆری به دیالۆگ و مه‌یله نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و وڕێنهكانیان ده‌دات و پێیوایه هه‌ندێجار قسه‌كردن له ناسنامه به‌ره‌و بنبه‌ستبوون و به به‌ردبوون ده‌به‌ن، چونكه مرۆڤی ناسیونالی له‌گه‌ڵ زمان و مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له تازه‌گه‌رییه‌كان بهیهكدادهچێت. به‌و مانایه‌ش شایگان بڕوای به ناسنامه هه‌جین هه‌یه.
ناسنامه به چل رووه‌وه
ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی داریوشی شایگان له بنه‌ڕه‌تدا ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌كی (فۆلكلۆر)ی ئیتاڵییه، له‌و شانۆگه‌رییه پاڵه‌وانه‌كه جلێ له چل پارچه‌ی جیاواز ده‌پۆشێ و هه‌ر پارچه‌ی به ره‌نگێكه. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناونیشانه‌وه پێمان ده‌ڵێت مرۆڤی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی ناچاره وه‌ك تاك و به یه‌ك روو ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام له ناوه‌وه جۆراوجۆره و پڕه له وههم و تارمایی و پڕه له نه‌گوتن و بێده‌نگی، پڕه له چێژ و ژانوژوار… كه‌واته ئه‌گه‌رچی ناچاره تاكه ناسنامه‌یه‌ك بخاته گیرفانییه‌وه، به‌ڵام حه‌ز ده‌كات هه‌ڵگری چه‌ندین رووی جۆراوجۆری ناسنامه بێت! مرۆڤی ئه‌مڕۆ له فه‌زایه‌كی جۆراوجۆر پێده‌گات، فه‌زایه‌ك كه هیچ شتێكی تێدا روون و ئاشكرا نییه، هیچ كاتێك ناتوانین بۆ یه‌ك ره‌گ بگه‌ڕێنینه‌وه، ئێمه ئه‌مڕۆ ناتوانین به ته‌نیا له زه‌وییه‌كی داخراودا بژین، له ناوه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆدا مێژووی مرۆڤایه‌تی كۆ بۆته‌وه.
ناسنامه له فه‌زای ئیسلامی (عه‌ره‌بی، ئیرانی، توركی…) شوێنێكی پڕ بایه‌خی داگیر كردووه، ئه‌گه‌رچی ئایین پاڵپشتێكی رووتی ناسنامه نییه! ناسنامه له دنیای ئه‌مڕۆدا كراوه‌یه به سه‌ر هه‌موو ناشیرینی و جوانییه‌كان و پێتاندن و تێكهڵابوونهكان و لێكجیابوونه‌وه و پارچه پارچهبوونهكان و گۆڕانكارییه‌كان… هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌لاله‌ت له به وه‌همبوونی دنیا و به تارمایی بوونی دنیا ده‌كه‌ن، وه‌همه‌كانی دنیا و تارماییه‌كانی له ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ره‌نگی داوه‌ته‌وه، مرۆڤی هاوچه‌رخ تا پله‌ی ته‌قینه‌وه چالاكه.
ئه‌مڕۆ دنیا له به‌رانبه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره و قه‌یرانێكی ئاوێته و كراوه دایه، كه ناتوانین بیری لێبكه‌ینه‌وه و ده‌ستی به‌زه‌یی بۆ درێژ بكه‌ین، ئه‌مڕۆ دنیا له كۆنترۆڵ ده‌رچووه، مرۆڤ له كۆنترۆڵ ده‌رچووه، چۆن ده‌شێ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه! مرۆڤ كۆنترۆڵی خۆی ونكردووه، عه‌قڵ تراژیدیای لێ ون بووه، مرۆڤ له دنیا ون بووه، عه‌قڵ له ته‌كنه‌لۆجیادا ون بووه، هاوشانی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا مه‌یلێكی رۆحی له جوله دایه، بۆ نموونه فاڵگرتنه‌وه، به‌و مانایه‌ش بڕوامان به عه‌قڵ له‌ق بووه، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له ناوه‌وه‌مان روو ده‌ده‌ن، هه‌ر ته‌نها مه‌یلی رۆحی نییه، به‌ڵكو سووربوونه له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌فسانه‌كان.
مرۆڤ بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه، كه دنیا به‌و شێوه‌یه رووبه‌ڕووی ته‌قینه‌وه‌ی زۆربوونی كۆمه‌ڵه و ئایینه‌كان و نیمچه ئایینه‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆرئاوایی بێته‌وه! هه‌ر له ساڵی (1992)ه‌وه نزیكه‌ی چوار ملیۆن نوسخه له كتێبی فیكری (بنه‌چه ئایینزاكانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی) فرۆشراوه، كه‌چی رۆمانی ئهفسانهئامێزی (كیمیاگه‌ر)ی پاولۆ كۆیلۆ ده ملیۆنی لێفرۆشراوه… ئه‌وه پێمانده‌ڵێت دنیای ئه‌مڕۆ بۆ مه‌یلی رۆحانیی و ئه‌فسانه و جۆرێك له سه‌رسامبوون به خورافات ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ عه‌قڵ و فیكر و به‌دواداچوونی فیكری ناگه‌ڕێته‌وه، بۆ مه‌سه‌له ناعه‌قڵانییه‌كان و خورافات ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ به پیرۆزراگرتن و كڕنووشبردن بۆ شته نادیاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ مه‌یڵی منداڵانه‌ی سه‌یر سه‌یر…
یه‌كێك له دیارده‌كانی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆجیا دروستكردنی گۆڕانكارییه له ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆجیا له حه‌قیقه‌ته‌وه ده‌مانگوازێته‌وه بۆ مه‌جاز، به‌ره‌و واقیعێكمان ده‌بات، كه تێیدا كات و شوێن ده‌توێته‌وه، زه‌مان و مه‌كان به‌نێویه‌كدا چڕ ده‌بنه‌وه و ده‌مانخه‌نه واقیعێك له حه‌قیقه‌تی هه‌نووكه‌یی راسته‌وخۆ، جۆرێك له ده‌رككردن و وێنه و ناسنامه‌ی هه‌ڵواسراومان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات، مرۆڤی ئه‌مڕۆ ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسنامه و ناسنامه‌ی مه‌جازی و ناسنامه‌ی دیجیتالی…
دنیای ئه‌مڕۆ دنیای كه‌وتنی بیركردنه‌وه و ده‌ركه‌وتنی بینینه، دنیای گواستنه‌وه‌یه له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، لێره بۆ ئه‌وێ… ئه‌مڕۆ مرۆڤ له بوونه‌وه‌رێكی پشتبه‌ستوو به گشت، گوازراوه‌ته‌وه بۆ بوونه‌وه‌رێكی پشتبه‌ستوو به ته‌كنه‌لۆجیا، ترسی ته‌كنه‌لۆجیا كۆتایی بۆ نییه. داریوشی شایگان پێیوایه ئه‌مڕۆ دنیا هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و پێچه‌وانه بۆته‌وه و پڕبووه له نێودژی، هه‌موو ئه‌و نێودژییانه دنیایان شێواندووه و هاوسه‌نگیان بۆ هیچ شتێك نه‌هێشتۆته‌وه، ئه‌مڕۆ له دنیادا هیچ شتێك دیار و زانراو نییه، هیچ بابه‌تێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌و دنیایه‌دا بوونی نه‌ماوه. دنیای ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌چی له لایه‌ك دنیای داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه و خۆی ئاوێنه‌یی ده‌نوێنێ، به‌ڵام به دیوه‌كه‌ی دیكه دنیای پارچه پارچه‌بوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و وێرانبوونی ده‌رككردن و دنیابینی و به‌ها و بیروڕا و ئایدیۆلۆژیایه… شایگان ده‌ڵێت خۆرئاوا هه‌م ده‌رده و هه‌م ده‌رمانه، ناسنامه‌ش هه‌زاران روو و یه‌ك رووی هه‌یه، به هه‌زاران رێگا و رێگایه‌ك خۆی ده‌شارێته‌وه، به مانایه‌كی دیكه بوونی ناسنامه بێ ژماره و پڕه له شیانه‌یی و ئاوێته‌بوون و نواندنكاری…
هه‌ولێر 19/7/2017