Skip to Content

چیرۆكی هونەریی و، وردە نیگا … نووسینی: دیار لەتیف

چیرۆكی هونەریی و، وردە نیگا … نووسینی: دیار لەتیف

Closed
by ئاب 29, 2018 General, Literature


“خوێندنەوەی دەقی ‘كێ‌ مام تۆفیقی دەنگزل دەناسێت؟’ ی ئارام كاكەی فەلاح.”

———————
پێشباس:

ئەم لێكۆڵینەوەیە، لەمەڕ دەقێكە بە ناونیشانی “كێ‌ مام تۆفیقی دەنگزل دەناسێت؟” چیرۆكنووس ئارام كاكەی فەلاحە، كە بە كورتە چیرۆک ناوزەند دەكرێت.
ترینویل میسیۆن دایت، دەڵێت: “كورتە چیرۆكی ئاسایی، لە سنووری پێنج هەزار، تا شەش هەزار وشەدا، جێی خۆیی كردۆتەوە.”1
دەكرێت لە كورتە چیرۆكدا، گازەرەكە سێ‌ لاپەڕە بۆ چوار لاپەڕە بێت، هەر بۆیە باشترین جۆری كورتە چیرۆک، ئەوەیە بە چنراوێكی تۆكمەی زمانیی بچێنرێت؛ هەروەها، “كورتە چیرۆک لە پێناو كردنەوەی گرێكاندا، كات و شوێن، لەبەر یەک بكشێنرێنەوە.”2
لە كورتە چیرۆكدا، پاڵەوان سنوورێكی دیاریكراوی هەیە، تاڕادەیەک وا باشە لە نێوان “1-3” كەسایەتی، لەسەر تەختەی شانۆی چیرۆكەكە ببن، چوونكە قەرەباڵغی دروستكردن و كێش هێنانەوەی كات و شوێن، ڕایەڵی نێوان كورتە چیرۆک و چیرۆكی درێژ دەپسێنێت و، دەبێتە چیرۆكی درێژ، كە ئەمەش باسێكی ترە.

لە ڕووی زمانەوە:

لێرەدا، چەند خاڵێک لە لاوازی زمانی ئەم دەقە چیرۆكە دەخەینە ڕوو:
لە شوێنێكدا، چیرۆكنووس دەنووسێت: “نەمدەتوانی لە ژوورەكانی ناوخۆ، لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكمدا بژیم.”
لە ئێستای پرۆسەی خوێندندا، لە بری ناوخۆ كە لەبەرگرتنەوەی داخلی عەرەبییە. “بەشە ناوخۆییەكان” بەكار دەهێنرێت؛ ئەمە لە لایەک، لە لایەكی ترەوە وشەی “ناوخۆ” ئەگەر گونجاویش بێت، هێشتا هەر لەوێدا ڕێک نایەتەوە، چوونكە گێڕەرەوە دەڵێ: ‌”نەم دەتوانی،” كەواتە ئەو ڕاناوی “من”ە، كە لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكیدا بووە، ناكرێت چەند ژوورێكیان هەبووبێت؛ كەواتە دەبوو بنووسرایە: “نەمدەتوانی لە ژووری ناوخۆیی، لەگەڵ چەند هاوتەمەنێكمدا بژیم.”
“ئێمە لە تەمەنێكدابووین، كە بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” ئەم وتنە درێژبڕی تێدایە، باشتر وابوو بنووسرێت: “ئێمە لەو تەمەنەدا، بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” یان “ئێمە بە هەموو شتێكی دونیا پێدەكەنین و، گاڵتەمان بە هەموو كەسێک دەهات.” چوونكە لە هەر دوو بارەكەدا، لەبەر ئەوەی هاوتەمەن هاتووە، پێویست بە “لە تەمەنێكدا بووین” ناکات، كە هاوواتای یەكن.

“تۆ حەقت چییە بە سەرەوە”
ڕاستییەکەی، ئەم ڕستەیە زۆر ستاندارد نییە و، لە هەمانكاتیشدا “حەق” وشەیەكی عەرەبییە و، لە “الحق”ەوە هاتووە، باشتروابوو بنووسرێت: “تۆ لەوە بگەڕێ‌.” یان “تۆ مافت بەسەر ئەوەوە نەبێت.” چوونكە هەم جوانكارییە و، هەمیش ستاندارد “یەكگرتوو.”
لە بری “قەت” كە لە “قگ”ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، واباشتربوو بنووسرێت: “هەرگیز.”
لە بری “فەقیر” كە لە “الفقرا‌و- فقرا”ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، باشتروابوو وشەی “نەدار”ی كوردی بنووسرێت.
“نسیب” عەرەبییە و، تاڕادەیەک “چارە- بەش” هەمبەرییەتی بنووسرابا باشتر بوو.
“حەسود” عەرەبییە و، دەبووایە بنووسرێت: “ئیرەیی،” کە كوردییە.
“قاڵدرمە” توركییە و، باشتروابوو “پەیژە، پلیكانە” بنووسرێت.
“ئەمر” عەرەبییە و، باشتروابوو “فەرمان یاخود داخواز” بنووسرێت.
“قایم” عەرەبییە و، باشتروابوو “بەهێز، تووند” بنووسرێت.
“خەبەر” عەرەبییە و، باشتروابوو “ئاگا” بنووسرێت.
“سەعات” عەرەبییە و، بشتروابوو “كاتژمێر، كاژمێر، دەمژمێر” بنووسرێت.
“قبوڵ” عەرەبییە و، بشتروابوو “ڕازی” بنووسرێت. بە مشێوە بنووسرێت:”كۆمەڵگە ڕازی بكەیت.” “مشتەری” عەرەبییە و، بشتروابوو “كڕیار” بنووسرێت.

ڕاستییەکەی، ئەم وشە عەرەبییانە، هەموو كوردێندراوە و خراوەنەتە ژێر فۆنەتاكتیكی زمانی كوردییەوە. وشەی “تۆز” كە لەوێدا هاتووە، “هەندێ‌ جار دووقاتی دەوت و ئینجا تۆزێكی لێ‌ دادەشكاند.” وشەی “تۆز” لێرەدا دەگونجێت، بەڵام لەبەر ئەوە وشەكە جوانناسی نییە، باشتروابوو “كەمێک، هەندێک” بەكار بهێنرایە، هەرچەندە ئاشكرایە وشەی “تۆز” لە ڕەهەندە واتاگەراییەكەیەوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بە دوای كابراكەدا، دەڕوات و دەڵێت: “درۆم كرد، گاڵتەم كرد, سوعبەتم كرد، تۆ گاڵتە نازانی؟” لێرەدا، دەستەواژەی “سوعبەتم كرد” زێدەیە و، پێویست ناكات بنووسرێت. لە شوێنێكدا، وشەی “موكەبەرە” نووسراوە،كە وشەیەكی عەرەبییە و، لە كوردیدا: “بڵندگۆمان” هەیە. پێشگری “هەچ” لەگەڵ “كاتێ،” هاتووە بەمشێوەیە: “هەچ كاتێ،‌” واباشتربوو بنووسرێت: “هەر كاتێ‌، هەر كاتێكک،” چوونكە نووسەر دەبێت ڕەچاوی باری زمانی ستاندارد “یەكگرتوو” بكات. “ئەوە دوو سەعاتە دەگری، زۆر بە دەنگی بەرز دەگری، گوێچكە تەحەمولی ناكات.” سەرەتا لە بری “سەعات” دەبوو “كاتژمێر،كاژێر،كاتپێو” بنووسرایە. بەمشێوەیە بنووسرێت: “ئەوە دوو كاتژمێرە زۆر بە دەنگی بەرز دەگری و، گوێچكە بەرگەی ناگرێت،” چوونكە “دەگری” یەكەمی ناوێت و زێدەیە، هەروەها “تەحەمول” عەرەبییە “بەرگەگرتن” كوردییە.
“ڕۆژێک لە دێیەكەی خۆمان بوومە شوانی كۆمەڵێک مەڕوماڵات، لەگەڵ مەڕ و بزنەكاندا ڕاكە ڕاكەو یاریم كردووە،” لێرەدا درێژبڕی كراوە و دەتوانرا بەمشێوەیە بنووسرێت: “ڕۆژێک لەدێیەكەی خۆمان بوومە شوانی كۆمەڵێک مەڕ و بزن، لەگەڵیاندا ڕاكەڕاكەو یاریم كردووە” چوونكە دەستەواژەی مەڕوماڵات خاوەنییەتی ئاژەڵدارییە. دەبێت ڕەچاوی باری كورتبڕی و واتاداری بكرێت. “بە حاڵ نووزەی دەهات،” وا جوانتر بوو بنووسرایە: “بە ئەستەم نووزەی دەهات.” هەروەها، وشەی “زەعیف” عەرەبییە و، لە بری ئەوە “لاواز” بەكار بهێنرایە. لە بری بە “نیوە قیمەت،” بە “نیوە نرخ یان نیوەی نرخ” بنووسرایە. لە بری وشەی “سەلاجە” کە وشەیەكی عەرەبییە، بنووسرایە: “بەفرگر یان بەفرگرە.” لە شوێنێکی دیکەش نووسراوە، “مودیر،” کە وشەیەكی عەرەبییە و، باشتروابوو بەڕێوەبەر” بنووسرێت. كە هەر لە دێڕی دواتردا وشەی “بەڕێوبەر” بەكاردەهێنێت، كە دەبوو خۆی یەكلا بکردبایەوە، لە نووسینی “مودیر” یان بەكارهێنانی “بەڕێوبەر.” وشەی “موعامەلە” بەكار هاتووە لە دەقەكەدا، “هەڵسوكەوت یان مامەڵە” زۆر و كەم لە بری ئەو وشەیە بەكاردێت بنووسرایە باشتربوو. “ئیمزا” بەكارهاتووە، واباشتربوو “واژوو” بنووسرایە. هەرچەندە وشەی “جنۆكە” كوردێندراوە، كە لە “جنی” عەرەبییەوە هاتووە، بە واتای “نادیار، شاراوە، پەنهان” دێت، هەروەها، وشەی “پەری، لەمەچێتر”یش بەكاردەهێنرێت. لە بری “غەدر” دەتوانرا وشەی “ستەم” بنووسرایە، كە هەم لە ڕووی ئاوازە و، هەم لەڕووی واتاییەوە ڕاستەوانە دێتەوە.

ناونیشانی چیرۆكەكە:

ناونیشانێكی پرسیارییە، هەڵگری پەیامێكی كۆمەڵایەتییە، ناونیشانی پرسیاری هەمیشە شتێک یان گرێیەک لە دەروونی خوێنەردا دەهێڵێتەوە؛ چوونكە هەڵگری چەمكی پرسیارە و هەر بۆیە وا لە خوێنەر دەكات، بە دوای واتا مەعریفیی و شاراوەكانی ناو دەقدا بگەڕێت. لە هەمانكاتیشدا، مەرج نییە هەموو ناونیشانێكی پرسیاری، خاوەن پێگەیەكی قووڵی مەعریفی یاخود دەرگایەكی كراوەی بە ڕووی دەقدا بێت. “ناونیشان بە توخمێكی گرنگی هەر دەقێكی ئەدەبیی و هەر نووسراوێكی مێژوویی و سیاسیی و جوگرافیی و زانستی… تاد دادەنرێت.”3
مەبەست لە توخم، واتە: بوونیادی هەر دەقێک یان نووسراوێكە، ئیتر چی سیاسیی یان ئەدەبیی یان جوگرافیی و زانستی بێت.
ئەم ناونیشانە، لە لێنراوەكە “دەقەكە” هەم بوونیادێكی ڕستەییە و، هەمیش پرسیاری، هەرچەندە ئامڕازی “كێ‌” چەمكێكی پرسیارییە و، دەتوانرێت وەكوو پێشگرێک یان ناوگرێک پرسیاری واتایی جیاوازی لێ دروست بكرێت؛ بـەڵام باشتروایە ئامڕازی پرسیار لە پێشەوە دابنرێت، چوونكە ڕاستەوخۆییەكی تێدایە و، كار لە وەرگری دەقەكە دەكات، بە واتایەكی دی، تووشی ڕامانی لەهەمبەر دەقدا دەكات.

بەڵام ئەگەر لە “ناوگر”دا بوو، كەمتر دەبێتە وەڵامـەتی بزواندن و، تاڕادەیەک بزوێنەری دەقەكە لەكار دەخات و، ئەوكات نزیك دەبێتەوە لە ناونیشانی ناجوانكاریی و پەردەی كپیییەک بەسەر دەقدا دادەدات، ئەمە لە كاتێكدا ئاوازی ناوەكە ئاڵۆزكاو بوو.
بڕگەی “مام تۆفیق،” ئەم وشەیە، ناوێكی عەرەبییە و، لە كۆندا لەمجۆرە ناوانە لە منداڵ دەنرا، هەروەها، بڕگەی دواتر “دەنگزل” ئەمەش لە دوو وشەی سادە پێكهاتووە: “دەنگ+ زل” كە ئەمەش هەردووكیان بەسەر یەكەوە وشەیەكی لێكدراویان ڕۆناوە.
ئەم وشانە بە جیا، خاوەن واتای تەواو نین و، بە لێكدانیان دەبنە وشەیەكی واتاداری لێكدراو، لێرەدا كۆی وشەكان بریتییە “لە پێنج وشە.” هەرچەندە ئەم ناونیشانە لە ڕووی ئاستەنگی درێژییەوە، كەمێک دروستكەری كێشەی نەمانەوەیە لە یادگەی وەرگرەكاندا؛ هەروەها، هەست دەكەین ئەو كاتەی ڕستەكە تەواو دەكەین، پێویستمان بە پاشخانی بڕە هەوایەكی زۆرە بۆ وتنەوەی. هۆکاری لاوازی درێژی ناونیشان بۆ بە ئاسان نەتوانینی وتنەوەی، لە لایەن تاكەكان بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە. هەرچەند لێرەدا، ناونیشانە كە ئەو زانیارییە بە خوێنەر دەدات، كە پیاوێكە و دەنگی زلە. دووەم ناونیشان یارمەتیمان دەدات، بۆ زوو هەرسكردنی لە یادگەماندا؛ هەروەها، بارسووكیش ببێت بۆ وتنەوەیی و لەسەر زار مانەوەی، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە نادیاری لە لای خوێنەر بە جێبهێڵت.

ناوەڕۆكی چیرۆكەكە:

ناوەڕۆكی دەقەكە، لە پانتایی چەمكی كۆمەڵایەتییدا چنراوە و، باس لە دیاردەیەكی ناو كۆمەڵگەی كوردی دەكات؛ كە دەڵێت: “ئێمە خۆمان میللەتێكین هەر بە دەگمەن بە دەنگی نزم قسە دەكەین.”٥.
لێرەدا، وەستانێک لەسەر ئەم واتای وتەیە دەكەین؛ لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا، مرۆڤ هەمیشە كۆت و پێوەندییەكی پێوەیە و ناتوانێت لە خۆی بكاتەوە، سنووری ئازادییەكانی زۆر تەسكە و لە زۆركاتدا دەگاتە ڕادەی نەبوون؛ هەر بۆیە كاتێک دەرگای ئەشكەوت بە ڕوویدا دەكرێتەوە، لە خۆوە بە بەرزترین دەنگ هاوار دەكات من ئازاد بووم، بەڵام لەڕاستیشدا وانییە، چوونكە پاش ئەوەی كە دەروونی تاكەكان هەریەک بە جۆرێک كۆمەڵكوژ دەكرێن، كە دیسان ئەم هاوكێشەیە، دەچێتەوە سەر كوژیارەكانی ناو ئەشكەوت، وەک وتمان بە هۆی تێكچوونی بەرنامەی دەروونی مرۆڤەكانەوە لەمشێوەیە دێتەكایەوە.
ئارام كاكەی فەلاح؛ لەم چیرۆكەدا، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پێمان ڕادەگەیەنێت، تاكی كورد لایەنی سۆزداریی زاڵە بەسەریدا. هەربۆیە كێشەی بیركردنەوەی هەیە و، هەمیشە ئەم دەردە ناكۆتایە بووەتە هۆكاری دواخستنی میللەتێكی خاوەن بوون و، پێگەی خۆی؛ كە هەر لە دێر زەمانەوە مۆڕكی نەتەوایەتیی و ڕەسەنێتی خۆیی هەبووە. هەروەها، بەشێكی تر لەتیشكی ناوەڕۆكەكەی دەخاتە سەر لایەنی ژیانی خوێندكار، لە گوزەرانی بەشە ناوخۆییەكان و زانكۆدا.
لێرەدا، باس لەو كێشەیەی بەشە ناوخۆیانە دەكات، كە ڕێگرە لە بەردەم پێگەیاندنی خوێنكاری بلیمەت و داهێنەردا، چوونكە بە هۆی نەبوونی لێژنەی چاودێرییەوە چەندین خوێنكار دەبنە هێزمی ئەو بارە ناهەموارە؛ وەک لە دەستپێكی چیرۆكەكەوە ڕەهەندە ڕەخنەییەكەمان بۆ ڕووندەكاتەوە، كە گەنجێكی زۆر چالاک و زانستخواز بووە، بـەڵام بە هۆی ئەوەی كە ناتوانێت لە ژووری بەشە ناوخۆییەكاندا گوزەران بكات، ئەویش بە هۆی ئەوەی دەكەوێتە لای كۆمەڵێک هاوڕێی گاڵتەچی و قۆشمەباز و پێچەوانەی باوەڕی تاكێتییەوەی. هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر گەڕان بۆ دۆزینەوەی شوێن و دەرباز بوون لەو سەرهێشەیە. ئەنجا، لە كۆتاییدا باس لە دیاردەیەكی تازە دەكات، هەرچەندە ئەم دیاردەیە تازە نییە و، لە فەرمانڕەوایی “شێخ مەحموود”ەوە زۆر و كەم پیادە كراوە و، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەویش بابەتی كۆمەككارییە/ واستە.

چیرۆكنووس، فلاشی لەو تاریكە دزێوەی ناو كۆمەڵگە داوە،كە كۆمەككاری هێزێكی گەورەی هەیە لە دامەزراندنی خوێندكاردا، نەک خوێندكار، هەنووكە هەموو بوارێكی دامودەزگاكانی گرتووەتەوە. هەر بۆیە لێرەدا، بێئومێدیی خوێنكارانی زانستگەمان لە پاش تەواوكردن بۆ دەردەخات و، دەڵێت: “ئەوە ئێستا بۆ ساڵێک دەچێت من زانكۆم تەواو كردووە، هەر بە دوای ئیشدا دەگەرێم و دەستم ناكەوێت، لەم شارەدا زانكۆش تەواو بكەی بێ‌ واستە هیچ شوێنێک ناتگرێتە خۆی.”6.
چیرۆكنووس، توانیویەتی باس لەسەر بوونێكی زیندوو و سەردەم بكات و، بە جیا تیشک بهاوێژێتە سەر دیاردە ناشرینەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردی.

ئەنجام:

١- لەڕووی زمانەوە: هەندێک هەڵەی زمانیی و كۆمەڵێک وشەی بیانی، بە تایبەتی وشەی عەرەبی بەكارهێناوە.
٢- لە ڕووی ناونیشانی دەقەوە: تاڕادەیەک درێژە و ئاستەنگی بۆ كاتی وتنەوە دروست دەكات، بـەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناونیشانێكی جوانە و، سەركەوتووبووە لە هەڵبژاردنی ناوەكەدا و، توانویەتی ڕایەڵی نێوان ناونیشان و دەق ڕابگرێت.
٣- لە ڕووی ناوەڕۆكەوە: كەرەستەیەكی زیندووی كردووەتە بابەتی دەقەكە و، زۆر بە باشی هاوكێشەی قەیرانەكەی بە خوێنەر گەیاندووە.

—————————————————

ژێدەرەكان:
• هونەری كورتە چیرۆكنوسین، و. مستەفا ساڵح كەریم.
• هەمان سەرچاوە.
• ئەزمونی خوێندنەوە، ن: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.
• هەمان سەرچاوە.
• گۆڤاری هەنار، ژ. 55، ئۆگەستی 2010.
• هەمان سەرچاوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish