Skip to Content

گۆڕان، لەناو (وەهمی) گۆڕان!؟.. عەبدوڵڵا ساڵح

گۆڕان، لەناو (وەهمی) گۆڕان!؟.. عەبدوڵڵا ساڵح

Closed
by كانونی دووه‌م 21, 2024 General, Opinion

ئەنشتاین دەڵێ: شێتی ئەوەیە؛ چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ بی لە تاقیکردنەوەیەک کە پێشتر شکستی هێناوە!
دوێنێ شەممە ٢٠ – ١ – ٢٠٢٤دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.
بزوتنەوەی گۆڕان بە دروشمی ( ئەیگۆڕین) وەک قەوارەیەکی سیاسی وکاراکتەرێکی نوێی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٩ بەفەرمی هاتە ناو دینای سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و لەعێڕاق ، وەک بزوتنەوەکە خۆی دەڵێ: ( کۆشش دەکا لەرێی هەڵبژاردنی دیموکراتیانەی ئازاد و کێبڕکێی ئاشتیانە وبەدەست هێنانی متمانە و دەنگی هاوڵاتیان لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێم بۆ گەیشتن بە دەسەڵات- پرۆگرامی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان) هەروەها لەپێناو گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان، ڕۆشنکردنی بودجەی هەرێم و جیاکردنەوەی حزب لە دەسەڵات ویەکخستنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی و….. گەلێک ئامانجی تر. بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدانی هەموو ئەو ئەرکانەی بەستۆتەوە بەدەستاودەستکردنی هێمنانەو ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی دەنگدان و پەرلەمانەوە.
چاوخشاندنێکی سەرپێی بە مێژووی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ دوو ڕاستیمان بۆ دەربخا ئەویش:
یەکەم: بزوتنەوەی گۆران لەدەرەوی دەسەڵات توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بێ و ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دامرکاندنەوەی، بەتایبەتی ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ ی جەماوەری کوردستان دژی دەسەڵاتی سیاسی کوردایەتی لەو هەرێمە، ئەگەرچی سەرەتای ڕاپەڕینەکەی جەماوەری شاری سلێمانی بە دروشمی ( چۆڵی کەن ئەو کورسیە، میللەت هەمووی برسی یە ) هاتنە سەرجادە و ئەو کات بزوتنەوەی گۆڕان ناوی (( گێرەشێوێن)) ی لە خۆپیشاندەران نا.

دووەم : لەناو دەسەڵاتیشدا ؛کاتێک بەشداری لەحوکمڕانیدا کرد، بووە پارسەنگی ڕاگرتنی باری لاری دەسەڵاتی هەردووک حزبی پارتی و یەکیەتی و لەئەنجامداخۆی مایە پووت هاتە دەرێ و کارێکی کرد بەشێکی بەرچاوی ئەندامە دیارەکانی لێی دووربکەونەوە، تەنانەت هەندێکیان دان بەوەدابنێن و بڵێن: ( لەنێو سەبەتەکەی کاکە نەوە هێلکەی پیس هەیە)!.
ئەمڕۆ، بەبەرپاکردنی کۆنفرانسی دووەمیان کە وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە لەدەستپێکی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی پێکرد گوایە: ( بۆ کاری هەستانەوەی گۆڕان هیچ درەنگ نیە ) کە من پێم وایە نەک هەر درەنگە، بەڵکو لە حاڵەتی مانەوەو بەردەوامی بزوتنەوەکەشدا جگە لە هەیکەلێکی بێ توانا ودەسەڵات ناتوانێ شتێکی تر بێ.
بەتاقیکردنەوە دەرکەوتوە پەرلەمان لەکوردستاندا، کە جێگای ئومێدی بزوتنەوەکەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکاریانەی ئەوان داوای دەکەن، وەک هەموو سێکتەرەکانی تر، دەستکەللای دەستی هەردووک حزبی دەسەڵاتدارە، دوو حزب کە خاوەنی میلیشیای چەکدارن، پەرلەمانێکیش حزبە بەشداربوەکانی میلیشیای چەکداریان هەبێ؛ ئیتر هاوار هاواری ناوپەرلەمان هیچی لێشینابێتەوە وخۆشیان باش دەزانن کە کلیل وقفڵی دەرگای پەرلەمان لای کێ یە و کەی بیانەوێ دەیکەنەوە و دایدەخەن! هەتا گریمان پەرلەمانێکی کارا و بەتوانا لە دەسەڵاتدابوو، خۆ گۆڕان ژمارەی کورسیەکانی هەر لەکەمی دایە!
لە ووتەکانی ڕێکخەری گشتیدا ڕاستیەکی کە دەردەکەوێ کە دەڵێ : ( هیچ گەرەنتیەک لە ئارادانیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم) کەواتە کەشتیەکە بەرەو نقوم بوون دەڕوا و کاتی ئەوەیە خۆت دەربازبکەی، ئیتر هەستانەوە چۆن و لە کوێ و بەرەو کوێ ؟
مێژووی سەرهەڵدان و لاوازبوونی ئەم بزوتنەوەیە، واتە بەهار و پاییزی تەمەنی؛ بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێ، لێرەدا جێی خۆیەتی بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان بیانخەینە بەردەست خوێنەر:

  • لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە تەمموزی ٢٠٠٩ توانی ٢٥ کورسی بەدەست بێنێ و وەک هێزێکی ئۆپۆزسین خۆی بناسێنێ.
  • لەیەکەم بەشداری لە پەرلەمانی عێڕاقدا مارتی ساڵی ٢٠١٠توانی هەشت کورسی بەدەست بێنێ.
  • لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئەیلولی ٢٠١٣ بیست و چوار کورسی بەدەست هێنا.( کەمی کرد).
  • لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق نیسانی ٢٠١٤ نۆ کورسی بەدەست هێنا.
  • لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان ( یوسف محەممەد) ڕێگری لێکرا بچێتە هەولێر ئیتر پەرلەمانەکە بە ئەمری پارتی داخرا.
  • ئەیلولی ٢٠١٧ بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕیفراندۆمەکەی پارتی.
  • لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق ئایاری ٢٠١٨ پێنج کورسی بەدەست هێنا.( دایە کەمی)
  • لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٢ کورسی بەدەست هێنا.( نیوەی کورسیەکانی لەدەست دا)
  • لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق ساڵی ٢٠٢١ بزوتنەوەکە کەمترین ڕێژەی دەنگدانی بەدەست هێنا بەشێوەیەک کە هیچ بەربژێرێکی نەیتوانی کورسی پەرلەمان بەدەست بێنێ. ( سفر).
    ئیتر با چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بین!


    ٢١ – ١ – ٢٠٢٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish