چوار وەرزە پایز.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
Closed
(پایزی یەکەم)
چیلکەو چەواڵی ..
ڕۆژە بەسەرچوەکانی..
سوتان، ئەو باخەوانەی..
تەنها لە تەواوبوونی پایزا بینراو،،
لە دەرکەوتنی کازیوەیەکی مۆرا،،
بڵێسەی گڕی..
لە هەموو شتێک بەردا،
بە بیرەوەری تۆشەوە
(پایزی دوەم)
لەگەڵ کاتژمێرەکە،،
لە ڕکابەریەکی سەختام،،
کامان ناوەستین..
لە چاوەڕوانییت!
(پایزی سێیەم)
ئەو ووتی..
پێویستە فێربیت،،
لەگەل تێپەڕبوونی ..
هەر پۆلە مەلێکی پایزانە،،
تنۆکە فرمێسکێ بوەرێنی،،
ووتم بۆچی؟؟؟
خۆ من هەموو ڕۆژێکم..
بیرەوەری تێپەڕبوونی..
گەڕیدەیەکی ژێر گریانی…
تەماوی پایزێکە
(پایزی چوارەم)
جەستە،،،
تابلۆی شکستی ئێستایە،،
مرەکەبی قەترانی..
ڕژاوی کاتیشە…
بەسەرخاچی ووشەی
دابڕان..
لەسەر لێوی پەنجەرەیەکیش،،
فرمێسکی تکاوی…
نەهاتنێکتە،،
………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ڕوسی
(Larisa Koshkina)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.