Skip to Content

چـیرۆک بۆ منـداڵان/ خـۆزگـەی باپـیرەم هـێـنـایـەدی.. نووسینی: رەزا شـوان

چـیرۆک بۆ منـداڵان/ خـۆزگـەی باپـیرەم هـێـنـایـەدی.. نووسینی: رەزا شـوان

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2022 General, Kids Literature

باوکـم تـا پـۆلی سێ و دایکـیـشـم تـا یـەکی نـاوەنـدیـیان خـوێـنـدبـوو. بـەڵام باپـیرەم و داپـیرەم نەخوێنـدەوار بوون. لە سەردەمی ئەواندا، لە گونـدەکەیاندا قـوتابخانە نەبـوو.
لە پـۆلی پـێـنجی بنـەڕەتی بـووم. کە لە ماڵـەوە دادەنیـشـتم و ئەرەکەکانی قـوتـابخـانەم جـێبەجێ دەکرد. زۆر جار باپیرەم لە نزیکمەوە لەسەر کورسییەک دادەنیشت و سەیری دەستـمی دەکـرد. رۆژێـکـیان باپـیرەم هـەناسـەیەکی قـووڵی هـەڵـكـێـشا و تی: خـۆزگـە.
ـ باپـیرە گیـان، بـۆچی ئەو هـەنـاسەیـەت هـەڵکـێـشا؟ چـی خـۆزگـەیەک دەخـوازیـت؟!
باپـیرە: خـونچـە گیـان، خـۆزگـەی ئـەوە دەخـوازم، کە منـیش خـوێـنـدەوار بـوومـایە و فـێری نووسین و خوێنـدنەوە بوومایە. بمتوانیایە ئەو پەرتووکەی تۆم بخوێنـدایەتەوە.
ئەو شەوە خەیاڵم لە لای هەناسە و خۆزگەکەی باپـیرەم بوو. لە دڵی خۆمدا وتم: جا بۆ باپـیرەم فێری نووسین و خوێندنەوە نەکەم.. باپیرەم پیاوێکی زیرەکە و زوو فێردەبێت.
بۆ بەیـانی ئەو شەوە کە لە قـوتابخـانە گەڕامـەوە، پێـنووسێک و دوو تیانـووسی سەد پەڕەیی و لاستـیکێکی کوژانـدنـەوە و پێنووستاشێکـم کڕی و خـستیانمە ناو کیسەیەکی نایـلـۆنی جـوانـەوە.
باپـیرەم وەکـو هـەمـوو رۆژەکـانی کە، بە زەردەخـەنـەوە بەخـێرهـاتـنەوەی لـێکـردم و ماچـمیکـرد. کـیـسەکـەم دایی.
ـ باپـیرە گـیان ئـەم دیـارییـە جـوانـانـەم بـۆ تـۆ کـڕیـوە.
باپـیرە: دیـاری.. ئەمانە چـین خـونچـە گیـان؟ چی لەم پێـنـووس و تیـانووسانە بکەم؟!
ـ باپـیرە ئەی تـۆ هـەناسەت هـەڵـنەکێشا و نەتـوت خۆزگە فـێری نووسین و خوێندنەوە بـوومـایە. مـن فـێری نـووسـین و خـوێنـدنەوەت دەکـەم.
باپـیرە ـ قـاقـا پێکەنی: خۆنچـە گیان، تازە من چـۆن فـێری نووسین و خوێندنەوە دەبم؟
ـ باپـیرە گیـان، دەزانـم زۆر حـەزت لە نـووسـین و خـوێنـدنەوە هـەیە، تـۆ زیـرەکـیـت. لـەو بـڕوایـەدام کـە زوو فـێردەبیـت.
تـوانیـم باپـیرەم رازی بـکەم. رۆژی وانـەیـەکی خوێنـدنـەوە و وانـەیـەکی بیـرکـاریـم پێدەوتەوە. هەستم بەوە کرد، کە رۆژ لە دوای رۆژ باپیرەم حەزی بۆ فـێربوون زیاتر دەبێـت. وای لـێهـات خـۆی بانگمی دەکـرد و دەیـوت خـونچـە گیـان کـاتی وانەکانـمە.
لە مـاوەی نـۆ مانگـدا، باپـیرەم فـێری نووسینی هـەموو پیـتە کوردییـەکان و چـۆنیـیەتی نووسینی وشـە و داڕشـتنی رسـتە کرد. فـێری نووسینی هەموو ژمارەکان و هـەر چوار کـردارەکانی بیـرکاریشـم کـرد. باپـیرەم زۆر بە ئاسانی فـێری خوێـنـدنەوەی بابەتـەکـانی خوێندنەوەی کوردی تا پـۆلی شەشی بنەڕەتی بـوو. من گەیشتمە پـۆلی حـەوتی بنەڕەتی و باپـیرەشم بە تەواوی فـێری نووسین و خوێنـدنەوە بوو. کۆمەڵێک پەرتـووکی کوردی بۆ خـۆی کـڕی. بە زۆریش حـەزی لە خـوێنـدنەوەی چـیرۆک و شـیعـرە.
رۆژێـکـیان کە لە قـوتـابخـانە گـەڕامـەوە.. باپـیرەم وەکـو جـاران مـاچـمی کــرد.
باپـیرە: خـونچـە گیـان، مامـۆسـتا جـوان و شـیریـن و زیـرەکـەکەم. ئـەم کـاتـژمـێرە جـوانـەم بـۆ تـۆ کـڕی و بە دیـاری پـێـشکەش بـێـت.. ئـەگـەر لـە زێـڕێـشـت بـگـرم هـێـشـتا هـەر کـەمـە. تـۆ منت کرد بە خوێنـدەوار. ئیتر هـەناسە هـەڵناکـێـشم و زۆر دڵخـۆشـم. وا هەسـت دەکـەم کـە مـرۆڤـێکی تـرم.
ـ زۆر سوپاس باپـیرە گیان بۆ ئـەم دیـارییـە جـوانەت. مـن دوو هـێـندەی تـۆ دڵخـۆشم کە توانـیم فـێرتـبکەم و خـۆزگەکەت بهـێنمەدی. بـڕیـارم داوە کە داپـیرەشـم فـێربکەم.

نەرویـج: ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish