
هەوریێکی ڕەش پۆشە ڕەنگی ئاشتی بزر دەکات دووکەڵی جەنگ …. سەروین دەروێش
لە شارە بچوکەکەمان
بە دەم ڕێگاوە دەستی باوکم گرتبوو..
خۆر لەنێو هەڵماتێکی سەوزدا لە دەستم هەڵات
نازانم چی وای کرد ئەو ڕۆژە سەرۆکەکان تووڕە دەربکەون
گوللەیەکی خەمبار لە ئاسمانی جەنگدا،
دەستەسڕەکەی باوکم کون بکات؟!
کۆبونەوەکان بە نهێنی ئەنجام دەدران،
فەرمانڕەواکان قەت نەدەبینران و
لە نێو لیستێکی ڕەشدا خۆیان مەڵاس دابوو
لەگەڵ ئێمە توڕە، لە گەڵ یەکتری پێدەکەنین.
جەنگ وەک هەوریەکی ڕەش پۆش
ڕەنگی خۆشی لە ماڵی ئێمە داپۆشی
دەبوایە وەک پیاوێک ڕەفتاربکەم و نەگریم
پێویستم بە نوقڵ خواردن بوو
بەکاغەزی رەنگاو رەنگی نوقڵەکانم
سەیری خانوە خۆڵەمێشییەکانم دەکرد.
کاتێک شار بێدەنگ دەبوو..
دەمزانی سەرۆکەکان هەوڵ دەدەن شتەکان وەک خۆی لێبکەنەوە…
وەک ئەوەی هیچ شتێک نەبووبێ، دەستیان بە پێکەنین کردەوە…
جەنگ کۆتایی هات
بەڵام ئەوکات قاپەگوڵ گوڵیەکانی دایکم لە چێشتخانەکەمان هەمووی شکابوون.
کۆنگرەی ئاشتی کرا
کۆترە دزراوەکانیان بەشکرد
بە هەزارەها ئاڵای بچوکیان لە چین هاوەردە کردو
دانەیەکیان بە مندا، لە کۆڵانی ماڵە روخاوەکان،
منداڵە بێ باوکەکان
لەسەر دیواری بێ درز و ئەستوری غوربەت
کە نیشتیمان نەیدەتوانی بەسەریدا دەربازی بێت و
بگەڕێتەوە نێو دڵمان
ئێمە ئاڵامان بە دەستەوەبوو!