Skip to Content

بەقەد دوری نزیکین!.. هێدی گەڵاڵی

بەقەد دوری نزیکین!.. هێدی گەڵاڵی

Closed
by ئایار 4, 2023 General, Poems


ئێستا لە شەمەندەفەری درێژی تەمەنا
سەرکەوتم …
بە دەستێکم
خوا حافیزی لە خۆمی منداڵی و
یەکەم وێستگەی شارو نیشتیمانەکەم دەکەم
بە دەستەکەی ترم
عەینەکەکەم لە چاوە کزەکانم چێ دەکەم
بۆئەوەی ژیاننامەی ئەوسا و ئێستام بە پەنجە لەرزۆکانەم بنوسمەوە!
سروشتی ژیان پانتا فراوانە؛
وەک ئەو دەریایەی تا چاو بڕ دەکا دوور دوور ئەنوێنێ …
وەک ئەو ئاسمانەی لە قوڵایی بەرزیدا بێ وێنەیە…
وەک ئەو زەمینەش سەرتاپا سەراب دایپۆشیوەو
ئەوسەری نابینرێت…!
تەنیا و بێ حەوسەڵە خۆمی ڕابردوو و خۆمی ئێستا
لە فارگۆنێکداین
ئەوەندە لەگەڵ یەکتریدا ناکۆک نین زۆریش تەباین؛
ئەوی بچکۆلەو منی گەورە
هاوبیر و هاوخوێن و یەک ڕەگەز
تەنیا ئەوەی لە یەکتری جیامان دەکاتەوە
ڕووخسار و باڵامانە!!!
سەیر نیە منی ڕابردوو لەگەڵ منی ئێستادا
هاوڕێ و هاوسەفەربین ، چونکە لەیەک کاتدا
ئەو مێژوویەک لە ڕابردووی
پێشکەش بە مێژوویەک لە داهاتووی
تەمەنێک کردووە….
لەیەک کاتدا:
هەم ڕابردووی ئەم و
هەم ئێستای من بەقەد دووری لە یەک نزیکن و
یەکسانیشن بە یەک !!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next