جەنگی ئیسرائیل-حەماس چیمان پێ دەڵێت؟.. د. صابر حسن رسول
یەکەم: ئەو ئەفسانە و وێنایەی کە بۆ ئیسرائیل کرابوو لە هێزی بەرگری و هەواڵگری، بۆ یەکەم جار تێکشکاو لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بەجۆرێک جەستەی ئیسرائیل زامدارکرا کە لە دەرەوەی پێشبینیەکان بوو و لە مێژووی دروست بوونی ئیسرائیلدا وێنەی نەبووە.
دووەم: کە ئێستا ئیسرائیل وەک گورگێکی بریندار هێرش دەباتەوە، پابەندی هیچ بەهایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە و هیچ هێڵێکی سوری نییە و بە پاڵپشتیی ئەمریکا لەسەروو یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەفتاردەکات و ئەو کۆمەڵکوژیەی لە غەززە خستووەتەوە کە مرۆڤایەتی شایەتحاڵیەتی.
سێیەم: بزووتنەوەی حەماس و دانیشتوانی غەززە، سەرەڕای لاوازی ژێرخان و کەمیی و سادەیی تفاقی جەنگیان، کە ١٦ ساڵە لەژێر گەمارۆی سەختی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییدان، بەڵام بە باوەڕی بەهێز و ئیرادەی بەرزەوە ڕووبەڕووی گەورەترین ستەمکاری سەردەم بوونەتەوە و سڵ لە مردن ناکەنەوە.
چوارەم: وڵاتانی ئەوروپا خاوەن ئیرادەی خۆیان نین و کوێرانە شوێن ئەمریکا کەوتوون. ئەمریکا و ئەوروپاش بە ئاشکرا و بێ شەرمانە مامەڵەی دووفاقیانە لەگەڵ گەلی فەڵەستین و گەلانی موسوڵماندا دەکەن.
پێنجەم: سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامی هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک بووکەڵەی گوێڕایەڵی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا. دەرکەوت بێ هەڵوێست و بێ ئیرادەن لە ئاست تاوانە وەحشیگەریەکانی ئیسرائیل بەرامبەر گەلی فەڵەستین. ئەوەندە لەرزۆک و تێکشکاون، ئیرادەی دەرکردنی باڵوێزی ئیسرائیل و پچراندنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵیدا نییە، کە ئەمە لانی کەمی هەڵوێستە دژ بەو هەموو کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات.
شەشەم: جیهانی ئیسلامی زۆر و بۆری بەسەریدا زاڵە و بەشێک لەوانەی بە کۆمەڵی موسوڵمانان هەژماردەکرێن لە ڕاستیدا هاوسۆزی ئیسرائیلن، نەک لەبەرئەوەی سودێکیان لێی بینیوە، بەڵکو وەک دژایەتیان بۆ گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس. دیارە لە ناو کوردیشدا ئەم هەڵوێستە نەشازە ڕۆژانە دەبینرێت. لەو ڕووەوە، ئەم جەنگە قوڵی ڕەش و سپی زیاتر دەرخست و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان موسوڵمان و دووڕووی تۆختر کردەوە.
حەوتەم: لەسەر ئاستی جیهان هێشتا ڕێژەیەکی باش لە مرۆڤی مردۆڤدۆست هەن کە لە ئازاری مرۆڤەکانی تر تێدەگەن و خاوەن هەڵوێستن و دەنگیان لەئاست تاوان و نادادی بەرامبەر مرۆڤەکانی تر هەڵدەبڕن، بەڵام ئەوانیش لە پێگەی بڕیار و دەسەڵاتدانین؛ هەوڵەکانیان کاریگەری هەیە بەڵام لە سنورێکی دیاریکراودا.
هەشتەم: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە ناکاریگەر کراوە و زیاتر وەک شانۆی تەسفیە حسابی سیاسیی خۆیان بەکاریدەهێنن. سەرەڕای هەڵوێستی جوانی (ئەنتۆنیۆ گوتیرێس)ی سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە کە دەڵێ (هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بێ هۆکار نەبووە)، بەڵام ئەم ڕێکخراوە جیهانییە توانای بڕیاری یەکلاکەرەوەی نییە و کاریگەریەکەی لە چوارچێوەی سەرکۆنەکردن و هاریکاری مرۆیی تێناپەڕێت.
نۆیەم: میدیای ڕۆژئاوایی لە ژێرکاریگەری لۆبی زایۆنیدایە و لایەندارانە ڕووماڵی ڕووداو و پێشهاتەکان دەکەن. تەنانەت ئەوکاتەی بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانووت ناتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە حەماس منداڵی سەربڕیبێت، هێشتا بەشێک لە میدیا ڕۆژئاواییەکان بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵی ساختە لەبارەی سەربڕینی منداڵەوە.
دەیەم: لە هەزارەی سێیەم و لە سەدەی بیست و یەکدا، هێشتا لە جیهانێکدا دەژین کە زیاتر لە دارەستانی ئاژەڵەکان دەچێت و مەنتیقی هێز زاڵە بەسەر مەنتیقی عەقڵدا و کورد وتەنی (مست لە درێشە دەگەڕێتەوە). بەکارهێنانی چەک و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ململانێکان یەکلایی دەکاتەوە، نەک عەقڵ و عەدالەت. ئیتر ئەو چەک و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووانە چ کارەسات و مەرگەساتێک دەخوڵقێنن، لای وڵاتانی دونیا گرنگیەکی نییە!