Skip to Content

هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئازار 25, 2024 General, Poems

دایکم خوێندەواری نەبوو

کەچی باشترین شاعیر و نیگارکێش بوو!

دایکم نە هیچ دیوانەشیعرێکی دوای خۆی جێ هێشت و

نە لە ژیاندا پێشانگایەکی شێوەکاری کردەوە

کەچی  لە فرمێسکەکانی جوانترین

شیعری دەهۆنییەوە و

نایابترین تابلۆی دەکێشا

دایکە لە بێتۆییدا،

هەموو شتەکان بۆنی بێزاریی دەدەن

نە ڕەنگەکان وەک جاران دڵخۆشم دەکەن، نە بە گوێگرتن لە  مۆسیک هەست بە چێژ دەکەم، نە سەرمای زستان گەرمم دەکاتەوە و نە ئامێزی هیچ کچێک ئارامیم پێ دەبەخشێ

هەست بە زەمهەریر دەکەم

سەر بە هەر گوڵێکدا دەکەم، بۆنی ژەهری لێدێت

هەر پۆرترێکت دەکێشم، چوارچێوەکەی دەچێتەوە سەر ڕەنگی کولێرەکەی دەستی تۆ

ئەم کەونە، وەک سێبەری حەقیقەتێکی ون بوو، خۆی دەنوێنێت

ئەم سنووری بێدایکییە زۆر سەخت دەمهاڕێت

چ چۆڵەوانییەکە ئەو مەملەکەتەی بێدایکی

هەر بیابانە تێیدا چرۆدەکات، هەر فرمێسکە و باڵ دەگرێت

تەماشام پڕە لە چۆڵەوانی

دەڵێن سەر شۆستەکان پڕن لە مرۆڤ

بەڵام من جگە لە تەنیایی، هیچی تر نابینم

دڵنیام ڕۆژێک دێت ئێوەش تێدەگەن کە بێدایکی، چ دۆزەخێکە

سەیرە!

هێشتا واعیزی گەڕەکەکەمان بە دەنگە جاڕزکەرەکەی

 دەڵێت بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە

 من نە دایک و نە بەهەشت، هیچیانم نەماوە

دایکم کە مرد،

تەنها باوڵەکەی کاتی بۆکێنی خۆی و زەرفێک پاشماوەی خەمی باوکمی وەک میرات و یادگاری بۆ جێهێشتم

 جاران بابایەکی بڕواداربووم

 لەگەڵ مردنی دایکم، خوداش مرد

لەمێژە من نە دەچم  بۆ هیچ کلێسایەک و نە لای خاچی عیسا

 نە دەڕۆم بۆ ئۆرشەلیم  و نە ئاتەشگا

نە هیچ مزگەوتێک بەسەر دەکەمەوە و نە ئەو شوێنانەی کە ناویانناوە ماڵی خودا

 لێرە هەموو ڕێگاکان لە بری ڕۆما، دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم

تا ئێستا بۆ هیچ شتێک لەو شتانەی کە لێم ونبوون نەگەڕاوم، تەنها دایکم نەبێ

بمبوورن، دەزانم کە بڕێکجار زۆر گەمژەم! دەمەوێ بە خەیاڵ خۆم فریودەم و خەمەکانم بە جگەرەیەکی بێتاقەتی لەگەڵ پێکێک مەستیی لە بیرم خۆم بەرمەوە

 ئەفسووس! زۆر هەوڵم دا لە دوای مەرگی دایکم بیانووەک بۆ ژیان و مانایەک بۆ بوون بدۆزمەوە، کەچی هێشتا هەر دەستەوسانم

تا بیسەلمێنین کە دایکیش خودایە، تەنها پێویستمان بە ڕۆنانی پەیکەرە خواوەندێکی ترە

دایکە، لە بێتۆییدا نەخشەی دڵم خەریکه وەک لاشەی نیشتیمان هەپروون هەپروون  بێ

وەک باران ڕووتم

وەرە بە کراسی هەستت دامپۆشە

من ڕقم لە بیابان و خامۆشییە

وەرە بە فانۆسی سۆزت ئەو کیشوەرەی بێدەنگیم داگیرسێنە

دایکە، من شاعیرێکی ترسنۆکم، لە تاریکی دەترسم

وەرە ئامێزی ڕووناکیت لە باڵای بێنازیم وەربێنە

وەرە و دڕکی ئەو خەمە گەورەیە

لە پاژنەی ڕۆحم دەربێنە

بۆچی هێندە بێموبالاتانە و بێدەنگ ڕاکشاویت

هۆ دایە

گوتم هەڵسەوە تکایە

ئەو شوێنە غەریبە لەتۆ نایە

دایە،

کێ وەک جاران نوقڵم بداتێ و

چیرۆکم بۆ بڵێت

کێ دڕک لە پێیەکانم دەربێنێت و

قژم دابێنێت

کێ لایلایەم بۆ بڵێت و

ئامێزم تێوەربێنێت

دایکە، دوای تۆ زۆر هێتیم کەوتووم

 تەنها لە تەمەن گەورەبوومە

بە ڕۆح هێشتا منداڵە لاسارەکەی جارانم

ئەو منداڵەی هێشتا پێویستی بە نغرۆبوون لەناو نازی دایکە

ئەها سەیرکە چەند پەرێشانم دایە

 گوتم هەڵسەوە تکایە، تابووت و گۆڕستان لە تۆنایە

تکایە، ڕۆحی من بۆخۆت بەرە و

دایکمم بۆ بگەڕێنەوە ئەی خودایە

دایکە تکایە، هەڵسەوە و وەکو جاران لەناو تەشتی دڵپاکیدا

بە ئاوی بەرائەت بمشۆرە

ئایەتەکانی بەختەوەریم لەسەر بخوێنە و

عەلاگەی چاوەڕوانیم پڕکە لە وردە ملەبەزی پێکەنین

بگەڕێوە و دەیجوورە تاریکەکانی ماڵەوە

بە وەسیەتەکانت ڕووناک کەرەوە

سەیرە!

تۆ کێوبوویت، چۆن وا بە ئاسانی مامزی تەمەنی خۆتت

خستە ژێر ملی چەقۆی ئەو گلە دڵڕەقە!

مردن زۆر لەوە بچووکترە کە دایکم ببات

ئەها سەیرکەن، چیم بەسەرهاتووە

هێندە سەرگەردانم، لە گەردیلەکانی جەستەی دایکم پەرتوبڵاوترم

هەر دەلێی لە لەوحی مەحفووزەوە موتوربەی تەنیایی کراوم!

بازاڕ جممەی دێت لە هیچ، دەوروبەرم هەمووی هیچە، کەچی من هەست بە هیچ ناکەم

ئەو ئازارە سەرمەدییانەی من، بە هیچ مۆرفینێک ڕامناکرێت

دایکە تکایە، بەس تۆهەڵسەوە، بەڵێن بێت

ئیتر لێناگەڕێم خەمی لەوە گەورەتر، لە قەفەسی ڕۆحم داگیرسێت

لێناگەڕێم قەبارەی عەبەسییەتەکەم

لەوە عەبەستربێ

لێناگەڕێم

ئاوی حەسرەت لە دەریای چاوەڕوانیمدا

پەنگ بخواتەوە

لێناگەڕێم کوندەپەپووی ڕەشبینیی،

لەسەر تەنافی ڕوانگەم بنیشێتەوە

لێناگەڕێم

وەرزێکی تری خلیسکان

لە پێدەشتی خەونەکانم دەسپێبکات و

ڕەوێکی تری قەڵەقی وجوودی هەناسەکانم

بەسەرکاتەوە

دایکە، بەس تۆ هەڵسەوە، بەڵێن بێت بڕۆمە تەوالێتی زەمەن و

خۆم لە تاڵیی بەتاڵ بەتاڵ کەمەوە.

شەماڵ بارەوانی

Previous
Next
Kurdish