Skip to Content

کاتێک دەمامکی “کوردایەتی” دەکەوێ!.. عەبدوڵا ساڵح

کاتێک دەمامکی “کوردایەتی” دەکەوێ!.. عەبدوڵا ساڵح

Closed
by ته‌مموز 6, 2023 General, Opinion



دوای پتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتی “کوردایەتی”، ئەوەتا بەرهەمی ئەم دەسەڵاتە، کە حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە پیادەیان کردووە، زۆر بەئاشکرا لە کوردستانی عێڕاق بەدی دەکرێ. ئەمڕۆ لە هەر سوچێکی ئەم سەرزەمینەی ناوی هەرێمی کوردستانی عێڕاقە، جگە لە ڕق و بێزاری و نەفرەت لە دەسەڵات، شتێکی تر نابیستی، ڕق و توڕەبوونێکی پەنگخواردوو لە ئەگەری هەر تەقینەوەیەکدا ئەم تەخت و تاراجە دەکاتە تۆزی بانان.
دەستەواژە سواوەکانی وەک (کوردایەتی- نیشتمان – خوێنی شەهیدان – کوردبوون – کوردستان یان نەمان …هتد) لە بازاڕی سیاسەتدا ئەمڕۆ لە کوردستان پولێک ناکەن، بەپێچەوانەوە بەرهەمی ئەم هاتوهوریایە بە ئاقارێک گەیشتوە کە بادانەوە بەرەو دەسەڵاتی مەرکەزی لە بەغدا بۆتە ئاوات و مەرامی بەشێکی بەرچاو لەم کۆمەڵگایەدا و هەر هەنگاوێک بەو ئاقارە جێگای پێشوازیە! ئەوتا لە ڕاپرسیەکدا کە (دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان) پێی هەستاوە لەژێر ناوی (ڕاپرسیيەك دەربارەی دۆخی هه‌رێم و ئاینده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان) کە پتر لە نۆ هەزار کەس بەشداری تێدا کردوە لەوەڵامی پرسیارێک دەربارەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا کە ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە؟ لە سەدا حەفتاو نۆ (%٧٩) بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە(١).
ئەمە خۆی بەرهەمی ئەو نائومێدیـیەیە کە لە “کوردایەتی” پاشەکەوت بووە و باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنی کە تا دوێنێ بەشێکی بەرچاوی فریوی شیعاری (کوردستان بەهەشتی زەمین – بەردی وەک گەوهەرە – زەڕڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری – ئەی کوردینە با دەست لەناو دەست کەین هەموو …هتد) شیعارگەلێک کە ئێستا بۆتە مایەی گاڵتەجاری.
ئەمڕۆ بەئاشکرا و زۆر بەڕوونی ئەو دەمامکە لە ڕووی “کوردایەتی” لاکەوتوە و ڕووە ڕاستەقینە دزێوەکەی دەرکەوتووە کە جگە لە برسیەتی، ماڵوێرانی، خەفەکردنی دەنگی ئازاد، زیندان و ئەشکەنجە، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان، نەخۆشی، نەخوێندەواری، بێبەشبوون لە هەموو خۆشیەکی ژیان … چی تری لێپاشەکەوت نەبوو!
ئەوەتا ئێستا و لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتی کوردایەتیـیە، بڵاوبونەوە و مامەڵە بە مادە هۆشبەرەکان بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، برسیـیەتی و بێکاری بەرۆکی سەدان هەزار کەسی گرتووە بەتایبەتی گەنجان و بەناچاری ڕێگای مەرگ بەرەو هەندەران دەگرنەبەر تا لەم بارودۆخە دەرباز بن، دیاردەی سواڵ کردن، لەشفرۆشی، دزین، ڕفاندن، کوشتنوبڕین لەنێو ئەندامنی یەک خێزاندا، باوک ڕۆڵەکانی خۆی دەکوژێ، برا برا دەکوژێ، بێمتمانەیی بە دەزگای دادوەری وای کردوە خەڵک پەنا بەرێتە بەر توانای خۆی بۆ تۆڵە سەندن، ئەمە جگە لە قوربانیانی ڕێگاوبان کە دەکرێ وەک شەڕێکی بەردەوام، بەڵام بێدەنگ، هەژمار بکرێ، خۆ دیاردەی ژنکوشتن لەسەر “شەرەف” دەمێکە کوردستانی بردۆتە چڵەپۆپەی لیستی ئەو وڵاتانەی ژن تیایاندا دەچەوسێتەوە و دەکوژرێ ئەویش تەنیا بەتاوانی ژن بوون!
ئەم دەسەڵاتە بەجۆرێک بۆتە جێی نەفرەتی جەماوەر تەنانەت کارە باشەکانیشی، ئەگەر هەبن، بەگومانەوە سەیردەکرێن.
یەکێک لە دیاردە سەیر و سەمەرەکانی ئەم کوردستانە، مووچە دابەشکردنە، کە بۆتە مەسەلەیەکی سیاسی و جۆرێک لە یاری چاوشارکێ! مووچە خۆر بەداخەوە کراوە بە “کۆیلە”ی مووچەکەی و وایلێکراوە ڕۆژ و سەعات بژمێرێ لە چاوەڕوانی لیستی مووچە و دابەشکردنی کە ئەویش لەژێر پاساوی نەبوونی پارەی کاش، هەندێ جار، لەنیوەی ڕێدا دەوەستێ و کۆمەڵێک نائومێدی بەدوای خۆیدا دێنێ و دەسەڵاتیش بێشەرمانە شانخاڵی دەکاتەوە لە ئاقاریدا!
لەنێو ئەم هەموو داخ و دەردە، لایەنێک بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە شان و قۆڵ ڕادەوشێنێ و وادە و بەڵێنی بەدیهێنانی خەونی (کوردستان دەکەینە بەهەشەت) بەجەماوەر دەدا و هەمان ڕۆڵی (بزوتنەوەی گۆران) دەبینێ کاتێک لە ڕاپەڕینی (شوباتی ٢٠١١)دا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوو و بەقازانجی دەسەڵات شکستی پێهێنا و خامۆشی کرد، ئەم مۆدێلە لە (نەوەی نوێدا) دەردەکەوێ. ئیسلامیـیەکان و حیزبەکانیشیان بەجۆڕێک لای جەماوەر بێ ڕەسید و ئیعتبار بوون کەتازە نە شیعاری (ئیسلام ڕێگە چارەیە و نە ترسی قەبر و قیامەتیش) نایخوا.
کوردستان و خێروبێرەکەی ئەمڕۆ بۆ مشتێک سەرمایەدارە کە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا هەڵتۆقیون، ئەوەتا (تۆری هەواڵی گەرمیان) لە یەکێک لە ڕاپۆرتەدەنگیەکانیدا بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ: لە کوردستان سێزدە (١٣) ملیاردێر و دە هەزار (١٠٠٠٠) ملیۆنێر هەیە!! ئەمە خۆی نیشانەیەکی زەق و بێئەملا و ئەولایە کە قوتبی بوونەوەی چینایەتی (polarization – جەمسەرگیری) لەم کۆمەڵگایەدا دەردەخا، لە لایەک ڕیزی ملیۆنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران و مووچەخۆران و گەنجانی بێکار، لە لاکەی تری کەمایەتیـیەکی سەرمایەدار، ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم کوردایەتیـیە بەرگریـیە لە سەروەت و سامان و پارێزگاری یە لەم کەمایەتیـیە، ئەمڕۆ لە کوردستان ژیان و خۆشبژێوی بۆ ئەوانەیە پارەیان لەبەردەستە و بەس، هەر بۆیە بەبێ جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی ئەو چەند ملیۆن کەسە لەڕیزی ئەم کەمایەتیـیە ناکرێ باس لە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بکرێ لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ لە کوردستاندا زۆر بەئاشکرا بەرژەوەندی دوو چین لە ئارادایە – سەرمایەدار و کرێکار، ئەم دەسەڵاتە لە هیچ ئامرازێک نەپرینگاوەتەوە و هەموو ڕێگایەکی گرتۆتە بەر، وەک چاوچنۆکترین توێژاڵ، لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی سەرمایەداران، کۆمەڵگا زۆر بەئاشکرا ئەم سیاسەتە ئابوریـیە نیولیبرالیزمە کە دەسەڵات پیادەی دەکا لە کوردستاندا تاقیکردۆتەوە، نەمانی کەرتی گشتی و ڕادەستکردنی هەموو سێکتەرەکانی بەکەرتی تایبەتی وەک، خوێندن، تەندروستی، کارەبا، ئاو، بەشی زۆری خزمەتگوزاریـیەکان دەرئەنجامەکەشی ئەم نەهامەتیـیەی لێ پاشەکەوت بووە.
ئەمرۆ هیچ کونج و کەلەبەرێک نەماوە لەم کۆمەڵگایەدا مۆرکی چینایەتی پێوە نەبێ، بۆیە بەرژەوەندی زۆرینەی ئەو جەماوەرە بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێش، بەستراوەتەوە بە گرێدانی خەباتیان بە ئاسۆی سوشیالیزمەوە، هیچ ڕێگایەکی کە بۆ بەدیهێنای ئازادی و خۆشبژێوێ و یەکسانی لەئارادا نەماوە، ئەمە تاکە ڕێگایە لەبەردەم ئەم کۆمەڵگایەدا بۆ دەربازبوون لەم نەهامتیـیە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ.
-.-..-.-
(١) سایتی شار پرێس ٦-٦-٢٠٢٣.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish