Skip to Content

گۆڕینی شووناسی کات لە شیعری( یاخی بوون)ی لەتیف هەڵمەت دا.. عەتا قەرەداغی

گۆڕینی شووناسی کات لە شیعری( یاخی بوون)ی لەتیف هەڵمەت دا.. عەتا قەرەداغی

Closed
by ئه‌یلول 22, 2023 General, Literature, Uncategorized

چەند مەشقێکی دەروونی شیعرێکی نوێی لەتیف هەڵمەتە کە لە رۆژنامەی رۆژنامە ژمارە (6:) ی 22ی22ی 3008دا بڵاوی کردۆتەوە. ئەم شیعرە لە چەند بەشێک پێکهاتووە.لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەکی بەشی یەکەمی شیعرەکە بکەین کە بە ناونیشانی (یاخی بوون )ە،ئەویش بە لەبەرگرتنی میتۆدی رەخنەی تەواوکاری .بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە شوێن و پایەی لەتیف هەڵمەت لە جوگرافیای شیعری کوردیدا دیارو لە بەرچاوەو ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی ئێمە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەو بە ئاشکراش لەسەر دوو پایە راوەستاوە کە یەکەمیان هەست و خەیاڵی فراوان و مەودا قوڵی ئەم شاعیرەیە ، دووەمیان ئەوەی کە بە ئاشکرا بە ئەزموونی ئەم شاعیرەوە دیارە ئەوەیە کە سەرباری ئەو خەیاڵ و بارە خۆڕسکیەی ئەم کە بۆ شیعر رسکاوە ، ئەزموونی شیعری شاعیرانی دیاری جیهان و رۆشنبیری هەمە لایەنەی خۆیی و ئاگادار بوونی دەوڵەمەندی لە ئەفسانەو فانتازیای کوردی و ئیسلامی و جیهانی سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی شیعرن لای ئەم شاعیرە . هەروەک گیانی لە روودا وەستان و یاخی بوونیش لە کەسێتی ئەم شاعیرەدا دەروێکی گرنگی هەیە لە ئەزموونی شیعری لەتیفداو لە راستیشدا لەتیف ئەو شاعیرەیە کە تاکو ئێستا لە بەخشش نەکەوتووەو لەگەڵ هەڵچوونی تەمەنیدا هەستی شیعری وخەیاڵی شیعری و جیهانبینی شیعری فراوانترو فرە رەهەندتر دەبێت بە تایبەتی لەو شیعرانەی کە لەم چەند ساڵەی دوایدا بڵاوی کردوونەتەوە .
رەنگە بەشێکی دیار لە ناوەندی رووناکبیری کوردی ئیستا ئەم قسەیەی منیان بەلاوە سەیر بێت چونکە لەتیف ئەندامێک نییە لەو بەناو گروپ و ئەلقە رۆشنبیریانەی کە بەرژەوەندی دەرەوەی ئەدەب و داهێنان پێکیەوە بەستوون لە رێگای بەرگریکردن لە یەکترییەوە دەیانەوێت بوون و بەردەوامی خۆیان بسەلمێنن .

لەتیف هەڵمەت لە بەرئەوەی لە دەرەوەی حیزبە و راگەیاندنی حیزب هیچ خزمەتێکی ئەوی نەکردووەو تەنانەت ئەم ماوەیەکی فراوانی لە نێوان شیعرو وەزیفەی شیعرو سیاسەت و حیزبایەتیدا داناوەو سەرباری ئەوەی شیعری ئەم بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بووەتە مۆتیڤی خۆڕاگرتن و خۆبەدەستەوە نەدان و لە رووداوەستانی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەوی داگیرکەر یان جەلاددا بەڵام وەکو هەندێ شاعیرو نووسەری تر نەیویستووە سوود لەو رابردووەی خۆی وەربگرێت لەسەر حسابی داهێنانی ئێستای واتە لەتیف ئەو شاعیرەیە کە نایەوێت لەسەر رابردووی پیرۆزی خۆی بژی و بەردەوام بێت بەو ئەندازەی کە دەیەوێت شاعیرێکی ئەزمونگەر بێت و ئەزموونی نوێ شووناسی بەردەوامبوونی بۆ دەستەبەر بکات . بە واتایەکی تر شیعری لەتیف لە رابردوودا بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بەخشین بە مرۆڤی ئێمە بۆ خۆِراگری و چۆکدانەدان لە بەرامبەر ئەوی دەسەڵات یان داگیرکەر یان ئەوی داگیرکەری ئازادی و رێگر لە بەردەم مافە سرووشتییەکانی مرۆڤدا ئەویش چی لەسەر ئاستی تاکە کەس بێت یان لەسەر ئاستی نەتەوە یان کۆمەڵگا بێت .
ناونیشانی ئەم شیعرەی لەتیف کە(یاخى بوون )ە ، ناونیشانیکی سەرەکیشى هەیە لەگەڵ چەند شیعرێکی تردا کە هەموو شیعرەکانیش پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە ، ئەو ناونیشانەش بریتیە لە( چەند مەشقێکی دەروونیی بە وشە ) ،ئەمەیش بۆخۆی ناونیشانێکی سەرنج راکێشەو لە ئاستی بینراودا ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ چۆن پێویستی بە مەشقی جەستەیی واتە وەرزش هەیە بە هەمان شێوە پێویستی بە وەرزشی دەروونیش هەیە .ئەگەر وەرزشی جەستەیی لە رووی جەستەیی و فیسیۆلۆژیەوە مرۆڤ بەهێزو تەندروست بکات و بیکاتە کەسێکی چالاک ئەوا وەرزشی دەروونی یان رۆحی لە رووی دەروونی و رۆحیەوە بەهێزی دەکات و رایدەهێنێت بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداوو بارودۆخی چاوەڕووان نەکراو ، هەروەک دەشێت رۆڵی کاریگەریشی هەبێت لە پاکژکردنەوەی رۆح و دەرووندا .دیارە دەشێ لێرەدا وەهایشی لێکبدەینەوە کە مەشقی دەروونی جۆرە پەیوەندییەکیشی هەبێت بە مەسەلەی تەسەوفەوەو مەبەست لە مەشقی دەروونیش جۆرێک لە خۆئامادەکردن بێت بۆ پاکژ بوونەوەو خاوێنکردنەوەی رۆح و دەروون بە مەبەستی توانەوە لە زاتی ئیلاهیدا یان لە رۆحی باڵای یەزداندا کە ئەوەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە پشت لە دنیا بکات و دەست بەرداری هەموو چێژوو خۆشییەکی دنیا بێت و خۆی ئامادە بکات بۆ بە دەستهێنان و مسۆگەرکردنی ئەو دنیای تەمەن درێژ. ئەم ناونیشانە لەلایەک لەگەڵ دەقەکەدا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیەو دەتوانین بڵێین بریتیە لە چڕکردنەوەی پرسیارو جیهانبینی دەقەکە. لە لایەکی تریشەوە ئەم ناونیشانەو ئەو لێکدانەوەیەی کە لە سەرەوە بۆمان کرد دەشێ وەکو ئۆتۆبایۆگرافیاى قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی شاعیر خۆی سەیر بکرێت کە مەبەست لەوەش ژیان و رەفتار کردن و دیدو روانینی ئەوە بۆ ژیان لەم ساڵانەی دوایدا ، هەرچەندە ئێمە ئەوە دەزانین کە لەتیف لەگەڵ ئەوەشدا نموونەیەکی یاخی و نامەئلوفە لە نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا هەم لە رووی داهێنانەوە هەم لە رووی کەسێتی خۆیەوە ، دیسان کەسێکی خاوەن بڕواو مولتەزیمیشە لە رووی ئایینیەوە کە ئەوەش دیسان بارێکی نائاساییەو تەنیا لەو جوگرافیایەدا جێگای دەبێتەوە کە جوگرافیای شاعیران و داهێنەرانە.بە هەرحاڵ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا لێی بدوێین دەقێکی شیعرییە نەک ئۆتۆبایۆگرافیای شاعیر هەرچەندە دەشێ ئەم دەقەیە وەک هەر دەقێکی داهێنەرانە پەیوەندی بە کەسێتی بەرهەمهێنەکەیەوە هەبێت.هەڵبەت جێگای خۆیەتی کە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین کە لەم ماوانەی دوایدا لەتیف بە رۆحی سۆفیەک دەنووسێت و ئەو حاڵەتەش بەشێوەیەکی سرووشتی دێت و لەتیف و ئەنوەر قادر ئەو دوو شاعیرە دیارەی نەوەکەی خۆیانن کە ئێستا هەستێکی بەرزی تەسەوف دەسەڵاتی بەسەر ئەزموونی شیعری ئەواندا کردووە هەرچەندە هەریەکەیان سەرسام بوون و لایەنگری بۆ یەکێک لە دوو رێبازە دیارەکەی تەسەوف هەیە لە کوردستاندا بەڵام لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە پاکی و خاوێنی و مەودای قوڵی رۆحی تەسەوفە .

ئەم شیعرەی لەتیف لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە لە رووکەشدا وادەرناکەوێت زۆر پەیوەست بن بەیەکەوە بەڵام لەناوەرۆک و ئەو پرسیارانەی کە بەشەکان هەڵیان دەگرن دەردەکەوێت کە بە شێوەیکى ئاشکرا لە بابەتێک دەدوێن و بەرجەستەی یەک جیهانبینی دەکەن هەرچۆن وێرانە خاکی ت.س.ئیللیەت لە چەند بەشێک پێکهاتووەو هەر بەشە وەکو شیعرێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت بەڵام لە راستیدا بە هەموو بەشەکان ئەو شیعرە بە ناوبانگە پێکدەهێنن کە پێی دەگوترێت وێرانە خاک .

ناونیشانی بابەتی یەکەم ( یاخی بوون ) مانای لە یاسا دەرچوون و بەزاندنی سنوورەکان دەگەیەنێت .دەشێ ئەو یاخی بوونە یاخی بوونی مرۆڤ بێت وەکو هەستیارترین و پڕ بەهاترین بوونەوەرو سەرمایە لە گەردووندا .یان دەشێ یاخی بوونی هەرکام لە توخم و رەگەزەکانی نێو ئەم گەردوونە بێت .لەم بەشەدا لە بری مرۆڤ رۆژەکانی هەفتە یاخی دەبن و ئەو رێگایەی بەلایەنی کەمەوە لە دەرکەوتنی ئایینی ئیسلامەوە لە بەریان گرتووەو لەسەری دەڕۆن و پێی راهاتوون رەتی دەکەنەوەو دەیگۆڕن.ئەویش نەک بەشێوەیەکی نهێنی و لە پشتی پەردەوە بەڵکو بەشێوەیەکى ئاشکراو راگەیەندراو .هەریەکە لە رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکە یاخی دەبێت کە پێی سپێردراوە . هۆی ئەو یاخى بوونەش لە سنووری دەقەکەدا ئاشکرا دەکرێت کە بریتیە لە بێزار بوون لەو رۆتینی چەند بارە بوونەوەیەی کە تا ئەندازەیەک بەشداریشە لە رێکخستنی هارمۆنیای سرووشتدا .هەرچەندە هێنانی رۆژەکانی هەفتە بە دوای یەکدا دەشێ بمانگێڕێتەوە بۆ ئەفسانەی درووستبوونی گەردوونیش لە رۆژەکانی هەفتەدا ، خۆ ئەگەر بەم شێوەیەش بیرمان لێکردەوە ئەوا یاخی بوونی رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە لایەک یاخی بوونە لەو دەسەڵاتەی کە لەسەرەوە ئەو ئەرکانەی بەسەر رۆژەکاندا دابەشکردووە ، لەلایەکی تریشەوە بەرزکردنەوەی پرسیارە بەرامبەر بە درووستبوونی گەردوون چونکە وازهێنانی هەر رۆژە لەو ئەرکەی کە پێی سپێردراوە لە ئاستێکی تردا نارازیبوونە بەرامبەر بەو پێکهاتەیەی کە لەواندا وەکو کات ئەفرێندراوە . هەروەک یاخی بوونی رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکانەی کە بۆیان دیاری کراوە رووتکردنەوەی کاتە لە رووداو ئەوەش ئاشکرایە کات تەنیا ئەو دەمە دەبێتە خاوەنی شووناس کە رووداوی تیادا بەئەنجام بگات یان کاری تیادا بکرێت .کەواتە لێرەداو لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا دەلالەتی ونکردنی شووناسی کات بەرهەم دێت . لەوەشدا شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت بە بۆچوونی ئەو ئەفراندنی گەردوون و ئەفریدە بوونیش دەکەونە بەردەم پرسیارەوەو شتێکی ئەوتۆ نین کە بە ئومێدەوە سەیریان بکەین ئەوەتا ئەو زەمەنەی کە گەردوونی تیادا خولقێنراوەو لە هەمان کاتدا لەو گەردوونەدا ئەرکی پێسپێردراوە واز لە ئەرکەکانی خۆی دەهێنێت بەوەش دیارە بەشێک لە هارمۆنیای سرووشت دەشێوێت یان تێک دەچێت .سەرباری ئەوەی کە رۆژەکانی هەفتە پشت لەو ئەرکانە دەکەن کە پێیان سپێردراوە لە ئەنجامی بێزار بوونیان لە چەند بارەبوونەوەی ئەو رۆتینەدا ، بەڵام دەستەوسان و بێ ئەرک نامێننەوە بەڵکو هەریەکەیان ئەرکێکی نوێ دەگرێتە ئەستۆ یان بەناوی ئەرکێکی ترەوە ئەرکی سەرەکی خۆی بەجێدەهێلێت .

رۆژەکانی هەفتە
لە دووبارەکردنەوەی خۆیان
بێزار بوون
هەینی بڕیاری داوە
مۆڵەت لە مزگەوتەکان وەربگرێ و
ئەمساڵ بچێ
بۆ حەجی پیرۆز
جا ئیتر نازانم ئەم ماوەیە
پۆن نوێژی هەینی بکەین …

شاعیر رۆژەکانی هەفتە لە شووناسی خۆیان وەکو کات رووت دەکاتەوەو شووناسی مرۆڤیان پێدەبەخشێت ئەویش یەکەم لەو رووەوە کە توانای بڕیار دانیان پێدەبەخشێت . دووەم بە گوێرەی هەینی کە لەم کۆپلەیەدا ناوی هاتووە دەچێت بۆ حەج کە دیارە تەنیا مرۆڤی مسوڵمان دەچێت بۆ حەج . بێگومان ئەوەی ئاشکرایە لای مسوڵمانان و لە ئایینی ئیسلامیشدا هەینی پیرۆزترین رۆژی هەفتەیەو رۆژی خواپەرستی و نوێژی جەماعەتە . لە لایەکی ترەوە هەینی مۆڵەت لە مزگەوت وەردەگرێت بۆ ئەوەی کە بچێت بۆ حەج ، دیسان لێرەشدا لە لایەک هەینی خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت چونکە تەنیامرۆڤ مۆڵەت وەردەگرێت ، هەروەک مزگەتیش خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت چونکە داوای مۆڵەتی لێدەکرێت و مۆڵەتیش دەدات بە هەینی بۆ ئەوەی بچێت بۆ حەج .دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا ئامانجێکی ئاشکرا هەیە لە پشتی ئەم پرۆسەی بە مرۆڤ کردنی کات و شوێنەوە لە لای لەتیف یان ئەوە بەرهەمی خەیاڵ ونەست و هەڵچوونی شیعرییە ؟ بە هەرحاڵ ئەگەر لە ئاستی بینراوی دەقەکەشدا نەتوانرێت وەڵامى ئەم پرسیارە بدرێتەوە ، ئەوا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کات و شوێن کە دوو رەگەزی سەرەکین کە بوون لەواندا دەگاتە ئەنجام و مەبەست لە بوونیش لەو ئاستەیدا کە لێرەدا مەبەستمانە تەنیا مرۆڤە ، بۆیە دەشێ خودی ئەم دوو رەگەزە زیندووەش لە ئەنجامی پەیوەستبوونیانەوە بە مرۆڤ و بوونەوە خاسێتەکانی مرۆڤ وەربگرن .دیسان لێرەدا دەشێ ئەو لێکدانەوەیەش بکرێت کە پەیوەستبوونی شاعیر بە ئایین و بە سرووتەکانی ئایینەوە وەهای کردووە کە تەنیا لە روانگەی ئایینەوە سەرنجی کات و تەنانەت شوێنیش بدرێت و ئەو کات و شوێنانەی کە لە روانگەی ئایینەوە پیرۆزن ئەوانە رووبەرێکی دیاری کراو لە جوگرافیای شیعرەکە داگیر بکەن . ئەوەشی کە شاعیر وەکو پرسیارێکی بێ وەڵام لە ئاستیدا رادەمێنێت ئەوەیە کە دڵنیا نییەو نازانێت لەمەو دواو تا ئەو کاتەی کە هەینی لە حەج دەگەڕێتەوە چۆن نوێژی هەینی بکەن .بەڵام ئەگەر وەها سەیر بکەین کە نوێژی هەینی تەنیا پەیوستە بە هەینیەوە ، کەواتە کاتێک کە هەینی ئامادەبوونی نەبێت مانای وایە ئیتر شتێکیش نامێنێت بە ناوی نوێژی هەینیەوە کەواتە ئیتر پێویست بەوە ناکات کە شاعیر بەوجۆرە نیگەران بێت بەرامبەر بەو نوێژە .بەهەرحاڵ ئەوەی لێرەدا بەرجەستە دەبێت ئەوەیە کە مادەم کات سیفاتی خۆی لە دەست دەدات و سیفاتی مرۆڤ وەردەگرێت مانای وایە هارمۆنیای گەردوون بە رەگەزەکانی کات و شوێنیشەوە تێک دەچێت ، ئەوەش لە ئاستێکی قوڵتردا پەیوەندی بە کۆمەڵێ هۆکارەوە هەیە کە دەشێ لە سەرووی دەسەڵاتی مرۆڤەوە بێت .

هەروەها شەممە
بە پاسپۆرتێکی ساختە
دەڕوا بۆ ئیسرائیل و
لەوێ دەبێ بە بە پەنابەر …لەوانەشە ببێ بە
بە کتێبفرۆش .

شەممە رۆژی پیرۆزی جوولەکەیە ، ئێستا لای ئێمە یاخی دەبێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت و ەچێت بۆ ئەو جێگایەی کە تیایدا بە پیرۆز سەیری دەکەن .سەرەتا جێگای خۆیەتی کە بپرسین ئایا بۆچی رۆژەکان هەموویان لە لای ئێمەن و ئەرکەکانیشیان لە روانگەی ئێمەوە یان باشتر بڵێین لە روانگەی ئیسلامەوە بەسەردا دابەشکراوە .دیارە وەڵامی ئەم پرسیارەش پەیوەندی بە شووناس و وابەستەبوونی بەرهەم هێنی دەقەکەوە هەیە کە کەسێکی خاوەن بڕواو هەڵگری روانینێکی سۆفیانەیە هەربۆیە لە تێڕوانینی خۆیەوە سەیری دنیا دەکات .بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە بۆچی دەبێت شەممە بە پاسپۆرتی ساختەوە بچێت بۆ ئیسرائیل ؟ لە کاتێکدا کە شەمە بەلای جولەکەوە رۆژێکی پیرۆزە دەبووا خۆیان هەوڵیان بدایە ئەو رۆژە ببەنەوە بۆ لای خۆیان و هەموو رێگایەکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە لەبەر بگرن کەچی لە دەقەکەدا دەبینین کە شەممە بە پاسپۆرتی ساختەوە دەپێت بۆ ئیسرائیل .ئەمەش ئەو لێکدانەوەیەی بۆ دەکرێت کە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت خودی ئیسرائیل رەسەنایەتی تێدا نییە یان بەشێوەیەکی تر شووناس و رەسەنایەتی ئیسرائیل دەخاتە بەردەم پرسیارو گومانەوە بە تایبەتیش کە شوێن و پایەی شەممە لەوێ دیاری دەکات ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرچەندە لە روانینی ئێمەوە شەممە رۆژی پیرۆزی جولەکەکانە بەڵام دەبینین ئەم رۆژە لەوێ دەبێ بە پەنابەر ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جولەکەکان یان ئەو رۆژە بەهی خۆیان نازانن ، یان لە بنەڕەتدا بڕوایان بەو پیرۆزی ئەو شووناسەیە نییە کە ئێمە پەیووەست بەوان بە رۆژی شەممەمان بەخشیووە . لە پشتی ئەم بۆچوونەشەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە شاعیر دەیەوێت بلێت ئیسرائیل ئەو پێکهاتەیەیە لەبەر ئەوەی کە رەسەنایەتی نییە هیچ شتێک بەلای ئەوەوە پیرۆز نییە بە رۆژی شەممەشەوە هەر بۆیە رێز لەو رۆژە ناگرێت و لەوێ دەبێ بە پەنابەر لە کاتێکدا دەبوو شەممە راستەوخۆ بچووایەتە ماڵی پیرۆزو ببوایەتە سەروەری هەموو کاتەکان. بێگومان لە روویەکی تریشەوە دەتونین وەهای لێکبدەینەوە کە رۆژی شەممە لە نێو کەلتوورو مێژوو زەمینەی ئیسلامەوە بە نهێنی دەڕوات و لە ئیسرائیل بەوە رازی دەبێت ببێت بە پەناهەندە ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە نەک هەر مرۆڤ بەڵکو (کات)یش لە زەمینەی پڕ لە تووندو تیژی و نەبوونی ماف و ئازادی دنیای ئیسلامەوە هەڵدێن و بەوە رازی دەبن کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی جوولەکەدا ببنە پەنابەر یان ببن بە کتێب فرۆش .ئەمەش لە ئاستێکی تردا جیاوازی نێوان کەلتووری جولەکەو کەلتووری ئیسلام نیشان دەدات کە یەکەمیان کراوەترەو جێگای تاکە کەسی ئازادی تێدا دەبێتەوە بەڵام دوەمیان کەلتوورێکی داخراوەو تیایدا رووبەری ئازادی تاک لە هەموو روویەکەوە زۆر تەسکەو لە ئاستی نەبووندایە .دەشێ لێرەدا وەکو مرۆڤ سەیری کات بکەین و وای لێکبدەینەوە ئەوەی کە لە ئیسرائیل دەبێت بە پەنابەر هەر کەسێکی جیهانی ئێمە یان جیهانی ئیسلامییە .
هەروەک دەشێ رۆژی شەممە دوای ئەوەی کە بە پاسپۆرتی ساختەوە دەچێتە ئیسرائیل ببێتە کتێب فرۆش ، دیسان لێرەشدا کات خاسێتی مرۆڤی پێبەخشراوەو دەبێتە هەڵگری ئەرکێک کە لەراستیدا ئەرکی مرۆڤە. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە کات کە دەشێ مەبەست مرۆڤیش بێت لە نێو هەموو ئەو کارانەدا کە دەشێ هەڵیبژێرێت دەبێتە کتێب فرۆش ، ئەمەش لە ئاستی یەکەمدا ئەوە دەگەیەنێت کە شەممە هەروەک گوتمان دەشێ بەهەرکەسێکی دنیای ئێمە دابنرێت کەسێکە دۆستی کتێب و زانینە ، بەڵام بە ئاشکرا دەبینین ئەو دۆستی کتێب و زانینە ئێمە بەجێ دەهێڵێت و دەچێت لە ئیسرائیل دەبێت بە کتێب فرۆش کە ئەمەش لە ئاستی دووەمدا ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە ئیسرائیل خەڵکێکی لێیە دۆستی کتێبن و کتێب دەکڕن بۆیە شەممە لەوێ ئەو کارە هەڵدەبژێرێت کە دەشێ لەلای ئێمە بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت . هەروەک دەشێ وەهایشی لێک بدەینەوە کە شەممە هێمای زانین و فێرکردنە هەر بۆیە ئەرکی کتێب فرۆشی هەڵدەبژێرێت هەتا لەو رێگایەوە ئەوەی دەیەوێت لە پێناوی فێرکردندا بە جوانی بە ئەنجامی بگەیەنێت .دیارە ئەوە ئاشکرایە کە شەممە لە کەلتووری ئیسلامیدا رۆژی یەکەمی هەفتەیە واتە سەرەتاو دەستپێکردن . کتێب فرۆشتنیش دیسان سەرەتایە بۆ کردنەوەی هەر دەرگایەکی نوێ کەواتە لە هەردوو بارەکەدا شەممە هەمان ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە کە ئەرکی دەست پێکردن و کردنەوەی دەرگای نوێیە کە دەشێ وەکو سەرتای هەفتەیەکی نوێ سەیر بکرێت یان سەرەتای ئەو دنیا نوێیەی کە لە کتێبەوە دەست پێدەکات .

یەک شەممە بڕیاری داوە
بە پێ بچێ بۆ فاتیکان و لەگەڵ پاپادا
چارەسەرێک بۆ کێشەی نێوانی موسڵمان و
مەسیحییەکان .. بدۆزێتەوە .

یەک شەممە کە رۆژی پیرۆزی مەسیحییەکانە و تا ئەندازەیەک لە کەلتووری ئیسلامیشدا بە پیرۆز سەیر دەکرێت و زۆرێک لە سرووتە پڕ بایەخەکانی وەکو ژن هێنان تاکو ئێستاش بە گشتی لەم رۆژەو رۆژی پێنج شەممەدا ئەنجام دەدرێن ئەویش لەبەر ئەوەیە کە ئەم دوو رۆژە بۆ کاری خێرو چاکە لە رووی ئەزموونی ژیانی ئاسایی خەڵکەوە دوو رۆژی گرنگن و هیچ مەترسییەکیان تێدا نییە .ئێستا یەک شەممەوە بڕیاری داوە کە ئێمە بە جێبهێڵێت و بچێت بۆ فاتیکان .بێگومان شاعیر هەریەکە لەم رۆژانەی هەفتە وەها رێک دەخات کە هەریەکە بچێت بۆ ئەو جێگایەی کە خۆی پەیوەندی پێوەی هەبێت . لەم ئاقارەشدا یەک شەمە دەچێت بۆ فاتیکان بۆ ئەوەی بە دیداری پاپا شاد ببێت و گفتوگۆی سەبارەت بە بابەتێکی گرنگ و پڕ بایەخ لە گەڵدا بکات کە ئەیش چارەسەرکردنی کێشەی نێوان مسوڵمانان و مەسیحیەکانە.لێرەدا شاعیر بە شێوەیەکی ئاسایی لەوە دەدوێت کە ناکۆکی لە نێوان پەیڕەوکەرانی ئەو دوو ئایینەدا هەیەو ئەو کێشەیەش پێویستی بە چارەسەرە بەڵام دەبێ کێ هەوڵی ئەو چارەسەر کردنە بدات ؟ بێگومان شاعیر ئەو ئەرکە گرنگ و گرانە بە رۆژی یەک شەممە دەسپێرێت بەواتا جارێکی تر خاسێتی مرۆڤ بە ( کات ) دەبەخشێت . لێرەشداو لە ئاستی نەگوتراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە گفتوگۆی نێوان ئایین و کەلتوورە جیاوازەکان شتێکی پێویستەو بۆ ئەوەی ناکۆکی و توندو تیژییەکان خاو بکرێنەوە دەبێ گفتوگۆ بکرێت .لێرەدا جارێکی تر دەردەکەوێت کە نەک هەر ئەوەی کە یەک شەممە خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت بەڵکو دەبێتە نوێنەری مسوڵمانان و هاوتای پاپا بەواتا وەکو کەسی یەکەم یان قسەکەری مسوڵمانان دەردەکەوێت . بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەک شەممە بە پێ دەچێت بۆ فاتیکان . دەشێ ئەمەش وەها لێکبدرێتەوە یەک شەممە کە نوێنەرایەتی مسوڵمانان و جیهانی ئیسلام دەکات لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیاو هۆکاری پەرەسەندووەی هاتووچۆ کردندا بە پێ دەڕوات مانای وایە ئەو جیهان و کەلتوورەی کە تاکو ئێستا یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات هێشتا لە بارێکی هێندە دواکەوتوودا دەژی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە جگە لە پێ بە هیچ شتێکی تر سەفەر بکات یان ئەوەیە ئەو کەلتوورەی کە یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات دان بەو هەموو پێشکەوتن و دۆزینەوە نوێیانەی زانست و تەکنۆلۆژیادا نانێت بۆیە بە پێ لێرەوە دەچێت بۆ فاتیکان ، هەروەک دەشێت وەهایشی لێک بدەینەوە کە کەلتوورو فیکری ئیسلامی کە یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپادا بیەوێت وەهای دەربخات کە ئەو هەتاکو ئێستا خاوەنی تواناو هێزی فیزیکی خۆیەتی و هەرچەندە لە رووی پێشکەوتن و پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیاوە ناگاتە ئاستی رۆژاوا بەڵام لە رووی هێزی فیزیکییەوە خاوەنی توانایەکی نەپساوەیە و هەرچەندە لە رووی راستیەوە ئەم بۆچوونە جگە لە دواکەوتوویی و دان نەنان بەوی پێشکەوتوودا هیچی تر ناگەیەنێت .لە لایەکی تریشەوە ئەو جیاوازیە لە نێوان کەلتووری رۆژاواو کەلتووری رۆژهەڵاتیدا یان لە نێوان کەلتووری مەسیحی و کەلتووری ئیسلامیدا دەردەخات کە یەکەمیان کەلتوورێکە عەقڵ و لێکدانەوەو تێڕامان کاری تیادا دەکات و دووەمیشیان کەلتوورێکە کە هێزو بازووى مرۆیی کاری تیادا دەکات ، هەر ئەوەش وایکردووە کە کەلتوورو عەقڵی رۆژاوا ببێتە ناوەندو کەلتوورو عەقڵی رۆژهەڵاتیش کەنار یان پاشکۆ بێت.

دوو شەممەش سواری پاسکیلێک بووەو
بەرەو ئوسترالیا دەڕواو لەوێ دەبێ
بە ئەندامی پەرلەمان و
راوە کەنغەر دەکات .

دوو شەممەوەکو مرۆڤ رەفتار دەکات واتە خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت و سواری پایسکیل دەبێت ، بەڵام بۆ کات بەسەربردن و خۆشی سواری پاسکیل نابێت بەڵکو بۆ سەفەرێکی دوورو بڕینی رێگایەکی درێژ ئەوە دەکات کە ئەویش سەفەر کردنە لێرەوە بۆ ئوسترالیا ، دیارە ئەوەش لە پێناوی مەبەست و ئامانجێکدا دەکات کە بوون بە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە . دەشێ ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات ئایا دەشێ لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانەدا کەسێکی بێگانە ببێتە ئەندامی پەرلەمان ؟ بێگومان ئەوە مەگەر تەنیا لە خەیاڵی شیعری و لەو پۆتۆپیایەدا جێگای ببێتەوە کە شیعر درووستی دەکات و بەرهەمی دێنێت .بە هەر حاڵ دوو شەممە کە شووناسی مرۆڤێکی وڵاتی ئێمەی پێبەخشراوەو کۆچ دەکات بۆ ئوسترالیاو لەوێ دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان و ئەرکی سەرەکیشی لە بری ئەرکی هەر پەرلەمانتارێکی ئاسایی هەر جێگایەکی ئەم جیهانە کە یاسادانان و نوێنەرایتی کردنی خەڵکە لە نێو پەرلەماندا کەچی ئەم راوە کەنغەر دەکات .ئەمەش لە لایەک پرسیار سەبارەت بە گەوهەرو ماهیەتی پەرلەمانی ئوسترالیا بەرز دەکاتەوە ، لە لایەکی تریشەوە پرسیار سەبارەت بە شووناسی دوو شەممە بەرز دەکاتەوە کە بۆچی لێرەوە بە سواری پاسکیل دەچێت بۆ ئوسترالیاو لەوێش بە ئاسانی دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان و لە جیاتی یاسادانان و نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی راوە کەنغەر دەکات ، کە دەشێ لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا مەبەست لە دوو شەمە هەر کەسێکی وڵاتی ئێمە بێت کە بووە بە ئەندامی پەرلەمان و ناتوانێت رۆڵی راستەقینەی ئەندامی پەرلەمان ببینێت و لە بری ئەری راستەقینەی خۆی هەندێ کاری تر دەکات کە دوورو نزیک پەیوەندی بە ئەرکی ئەندامی پەرلەمانەوە نییە .

سێ شەممە عاشقی یاری تۆپی پێ بووەو
دەچێ بۆ مەکسیک
دەبێ بە گۆڵچی
چوار شەممە دەمانچەیەکی لە ( کەلار ) کڕیووەو
دەڵێ دەبم بە چەتەی فیلمی کاوبۆو
لە سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆدا راوە کەرکەدەن دەکەم …
پێنج شەممەش خۆی مینڕێژ کردووەو
دەڵێ ئەگەر پەرلەمان نەمکات
بە پشووی فەرمی
خۆم دەتەقێنمەوە …

سێ شەممەش شووناسی مرۆڤ وەردەگرێت و وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی حەز لە یاری تۆپی پێ دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئارەزووەشی دەچێت بۆ مەکسیک و لەوێش دەبێت بە گۆلچی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە بۆچی سێ شەممە وڵاتێکی تر هەڵنابژێرێت ؟ کە لە راستیدا ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە برەوی یاری تۆپی پێوە هەبوایە دەبووایە لە بری مەکسیک بچوایە بۆ بەرازیل . بەڵام بەهەرحاڵ دەشێ وای لێک بدەینەوە کە هەڵبژاردنی مەکسیک تەنیا پەیوەندی بە کارکردنی خەیاڵ و هەستی شاعیرەوە هەیە .هەرچەندە دەشیا بە گوێرەی رۆژی سێ شەممە بەپێی ئەو باکگراوندە ئایینیەی کە شیعرەکە هەیەتی و بەپێ باکگراوندی تایبەتی شاعیریش ، باس لەوە بکرایە کە سێ شەممە رۆژێکە بۆ ئەنجامدانیکار و بارو سەفەر نابێت ، هەروەک لەلایەکی تریشەوە بە گۆێرەی کەلتووری ئیسلامی بە گشتی و کەلتووری شیعەش بە تایبەتی شێ شەممە ئەو رۆژەیە کە بە رۆژی غەدرو گوناه و ناپاکی دادەنرێت چونکە وەک دەگوترێت لە رۆژەدا پیلانی شەهید کردنی ئیمامی عەلی دانراوەو هەر لەم رۆژەشدا نەخشەی رشتنی خوێنی حسێن دانراوە کە تاکو ئێستا لە مێژووی ئیسلامدا وەکو گەورەترین غەدرو ناپاکی سەیر دەکرێت .بەڵام لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەم لێکدانەوەیە نادۆزرێتەوە ، هەرچەندە دەشێ لە ئاستی قوڵ یان نەبینراوی دەقەکەدا دەلالەتی لەو جۆرە بەرهەم بێت .
چوار شەممە دەبێتە کەسێکی ئاسایی وڵاتی ئێمەو بە هەمان عەقڵ و بۆچوون و لێکدانەوەی نێو کەلتووری ئێمە بیر دەکاتەوەو رەفتار دەکات .لێرەدا شاعیر شوێن لە ناو وڵاتی خۆماندا دیاری دەکات بۆ ئەو پێداویستیانەی کە چوار شەممە دەیەوێت بەدەسیان بهێنێت . چوار شەممە پێویستی بە دەمانچەیەک هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە چەتەی فیلمی کاوبۆی و لای ئەسکیمۆکان راوی کەرکەدەنی پێ بکات . لێرەدا دەبینین چەند کەلتوورو زەمینەو کەسێتی جیاواز تێکەڵاو بەیەکتر کراون کە ئەوانیش ( کەلار) و سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆ وەکو شۆێن و سیمای گەنجێکی سەرکەشی نێو واقیعی ئێمە کە شووناسی بوون و تەنانەت پیاوەتی خۆی لە بوونی ئەو دەمانچەیەدا دەبینێتەوە کە لە کەلار کڕیوێتی، ئەم گەنجە تا ئەندازەیەکی ئاشکرا هاوشێوەیە لەگەڵ چەتەی فیلمی کاوبۆیدا . لێرەدا ئەگەر وامان دانا کە مەبەست لە چوار شەممە گەنجێکی سەرکەشی وڵاتی ئێمەیە ، ئەوا ئەو گەنجەی ئێمە خەون بەوەوە دەبینێت کە ببێتە هاوشێوەی چەتەی فیلمی کاوبۆی و دەمانچەیەک بکات بە قەدیداو خەون بە ئەنجامدانی جێبەجیکردنی چەندین کاری سەرکەشانەوە دەبینێت وەکو چوونە نێو وڵاتی پڕ لە سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆو لەوێش راوی کەرکەدەن بکات .لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە چوار شەممە کە لە کەسێتی لاوێکی ئێمەدا بەرجەستە دەبێت کەسێتیەکە تەنیا بە دوای حەزوو ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆیدا دەڕوات و دەیەوێت سەرکەشانە بە دوای جێبەجێکردنی ئەو حەزوو ئارەزووە تایبەتیانەدا بڕوات بەبێ ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بۆ سوودو بەرژەوەندی و ویستەکانی کۆمەڵگا بکرێت کەواتە لێرەدا چوار شەممە دەبێتە وێنەیەکی بەرجەستەکەری رووبەرێک لە مێژووى ئێمە کە رووبەری رۆیشتن بە دوای حەزوو ویست و ئارەزووە تاکە کەسییەکاندایە .هەروەک لە لایەکی ترەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئێمە خاوەنی بڕواو متمانەیەکی تەواو نین بە بوون و بە رەسەنایەتی خۆمان بۆیە بەوجۆرە زەمینەو واقیعی خۆمان بەجێدەهێلین و دەمانەوێت لە شوێنانی تر جێگا بۆ خۆمان بکەینەوە ، لە پێناوی گەیشتن بەو ئامانجەشدا دەبێ هەوڵی خۆ گونجاندن بدەین کە لەو سەروبەندەشدا شووناسی لاوازی خۆمان لە دەست دەدەین تا بنوانین وەکو ئەوانی ئەوێ رەفتار بکەین ، بێگومان ئەم هەڵوێستەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە لەبەر ئەوەی خاوەنی کەسێتیەکی ناسراوو ئامادە نین لە بەرامبەر ئەوانی ترداو باکگراوندێکی شارستانی و کەلتووری خاوەن شووناسی دیارمان نییە هەتا لە سەر ئەو زەمینەیە بتوانین بوونی خۆمان بسەلمێنین و لەسەر زەمینەی ئەوانی تریش توانای ئەوەمان هەبێت بڵێین ئەمە ئێمەین و پارێزگاری لە بوونی خۆمان دەکەین نەک کاتێک کە دەچینە سەر زەمینی ئەسکیمۆ هەوڵبدەین دەمامکی کەسێتی ئەسکیمۆ بکەین، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە ئێمە نابین بەو کەسێتیە ، هەروەک بەم حاڵەتەی ئێستاشمانەوە ناتوانین پارێزگاری لە بوونی سادەو لاوازی خۆمان بکەین ئەمەش ئەو چرکە ساتە مێژووەییەیە کە ئێمە تیایدا هەست بە ونبوون دەکەین یان هەر لە راستیشدا ئێمە لە ونبووندا دەژین .
پێنج شەممەش هەمان شووناسی مرۆڤی هەیە لە سەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە . ئەوەی لە کەلتووری ئیسلام و ئێمەشدا لە بارەی پێنج شەممەوە باس دەکرێت ئەوەیە کە ئەم رۆژەیە وەکو رۆژێکی پیرۆز سەیر دەکرێت بەڵام لە دەقەکەدا خاسێتی مرۆڤێکی دزێوو ناشیرینی پێدەبەخشرێت ، مرۆڤێک کە بارگاوی کراوە بە رەگەزەکانی تووندو تیژی و بەو پێیەش لەبری پرۆژەی بنیادنان و ئاوەدان کردنەوە هەڵگری پرۆژەی ترسناکی تەقینەوەو وێرانکردن کوشتن و لە نێوبردنە. ئەم رۆژەش کە وەکو مرۆڤێکی ترسناک خۆی مینڕێژ کردووە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر داواکەی جێبەجێ نەکرێت ئەوا خۆی دەتەقێنێتەوە . یەکەم ئەم هەڕەشەیە شووناسی ئەو رۆژەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە شووناسێکی ترسناکەو هەڵگرەکەی کەسێکی مەرگ دۆستەو دەیەوێت فەزایەک درووست بکات کە رۆحی تاریک و رەشی تاناتۆسیانە باڵی بەسەردا بکێشێت و دەست بخاتە بینی ئیرۆس .بەمانایەکی تر پێنج شەممە کە لێرەدا خاسێتی مرۆڤی وەرگرتووە دەبێتە هێمای مرۆڤێکی مەرگ دۆست . دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە لە کەلتووری ئیسلامی و ئێمەشدا پێنج شەممە دوارۆژی هەفتەیەو مرۆڤی نێو کۆمەڵگای ئیسلامی بە درێژایی هەفتە کاردەکات بەو ئومێدەی کە کۆتای هەفتە کە رۆژانی پێنج شەممەو هەینیە بە هیمنی و بە خۆشى بەسەر ببان کەچی لێەدا لە بری کۆتاییەکی هێمن و پڕ لەئاسودەیی ، کۆتاییەکی ئاڵۆزو پڕ لە تووندو تیژی و مەرگەسات بەرجەستە دەکرێت، کە ئەوەش دەلالەتێکی خراپ و پڕ لە مەرگەسات بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت کە داهاتوو چاوەڕوانی ئاسۆیەکی گەش ناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە لە بەردەم مەترسی و ئاسۆیەکی لێڵ دایە ، هەرچەندە بە گشتی مرۆڤایەتی لەبەردەم ئایندەیەکی ترسناکدا دەژى ،بەڵام دەبێ ئەو راستیە بزانین کە ئومێدی ژیان و بەرەو پێشەوە چوون و ئاسوودیی هەمیشە لە هێزی بێ ئومێدی بەهێزترە ، واتە هەمیشە مۆتیڤی ژیان دۆستی چالاکترو بەهێزترە لە مۆتیڤی مەرگ دۆستی هەر ئەوەش هۆکاری درێژە پێدانی ژیان و بیناکردن و ئاوەدان کردنەوەو بنیادنانی شارستانیە .

پێنج شەممە وەکو پێشتر باسمان کرد لە کەلتووری ئیسلامیدا رۆژێکی پیرۆزە ، لە بەر ئەوەی داواکارییەکانی لێرە جێبەجێ ناکرێت و هەست بەوە دەکات کە غەدری لێدەکرێت و لە بری ئەو رۆژی شەممە کە بە روانینی باوی کەلتووری ئیسلامی و ئێمەش رۆژی شەممە هیچ پیرۆزییەکی نییە کەچی دەکرێت بە پشوو بۆیە ئەمیش داواکاری خۆی لەگەڵ جۆرێک لە هەڕەشە کردندا بەرز دەکاتەوە کە ئەویش هەڕەشەی خۆ تەقاندنەوەیە . ئەم بۆچوونە رەنگە لە رووکەشدا بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت بەڵام ئەگەر لە ئاستی قوڵداو پەیوەست بە باری کۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤی کوردو رۆژهەڵاتیش لێکی بدەینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە دەلالەتێکی کۆمەڵایەتی مەودا قوڵ لێرەدا بەرهەم دێت و لە هەمان کاتیشدا ئاماژەی جۆرێک لە رەخنە گرتن لە دەسەڵاتی ئێمەو دەسەڵاتی سەرجەم ئەو کۆمەڵگاو وڵاتانە دەردەکەوێت کە تووندو تیژی و کەسان و رێکخراوی تووندو تیژیان تیا بەرهەم دێت یان تیادا درووست دەبێت .لە کاتێکدا کە پەرلەمان داوای پێنج شەممە بۆ ئەوەی بکرێت بە پشوو رەت دەکاتەوە ، ئەوا ئەم رۆژەیە خۆی مینڕێژ دەکات و دەیەوێت خۆی بتەقێنێتەوە ، لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کاتێ داواکارییەکانی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتەوە رەت دەکرێنەوەو پشت گوێ دەخرێن ئەوا خەڵک لە بەردەمی دوو رێیانێکدا دەمێنێتەوە یان ئەوتا واز لە داواکارییەکانی بهێنێت و بەو ئەمری واقیعە رازى ببێت کە تیایدا دەژی ، یان ئەوەتا رێگای بەکار هێنانی هێزو تووندو تیژی لەبەر بگرێت لە پێناوی ناچار کردنی دەسەڵاتدا بۆ جێبەجێ کردنی داوا کارییەکانی کە دەشێ ئاستی تووندو تیژییەکەشی بگاتە خۆ تەقاندنەوە . لێرەو لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە دەسەڵاتیش بەشدارە لە درووستکردنی تووندو تیژی و فەوزای کۆمەڵایەتیدا واتە کاتێک کە دەسەڵات پشت لە داواکانی جەماوەر دەکات و مافەکانیان پێشێل دەکات و گوێیان لێناگرێت ئەوە مانای وایە هیچ بوارو رێگایەک بۆ جەماوەر نامێنێتەوە کە لە بەری بگرێت لە پێناوی گەیشتن بە ماف و داوا کارییەکانیدا بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ تووندو تیژی و کاری تێکدەرانەو وێرانکەرانە دەبات کە درووست بوونی بەشێکی زۆری رێکخراوە تووندڕەوو تیرۆریستەکان لە کۆمەڵگا داخراوو دواکەوتووەکانی وەکو ئێمەدا بەرهەمی ئەو سیاسەتە نادرووستانەن کە دەسەڵات بەرامبەر بە جەماوەر لە بەری دەگرێت و پیادەی دەکات .

لە لایەکی تریشەوە کاتێ پێنج شەممە داوا لە پەرلەمان دەکات کە بیکات بە پشووی رەسمی ئەوە مانای وایە لە سنووری دەقەکەدا بە جۆرێک رووناکی دەخرێتە سەر ئەو کارانەی کە پەرلەمان دەیکات ودەشێ وەها لێکبدرێتەوە کە ئەو کارانە بایەخێکی ئەوتۆیان نییە. ناراستەوخۆش تیشک دەخرێتە سەر ئەو ئەرکە سەرەکی و گەوهەرییانەی پەرلەمان کە پێویستە ئەنجامیان بدات . بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان بریتیە لە یاسا دانان و چاودێری کردنی حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی بەڕێوەبردن و لێپێچانەوە کردن لە حکومەت و سەرجەم کاربەدەستان لە سەرەوە بۆ خوارەوەو لە کاتی هەستکردن بە کەمووکورتی و کەمتەرخەمیدا ، بەڵام پەرلەمانی ئێمە لە بری ئەوە خۆی سەرقاڵ دەکات بە دەرکردنی یاسای جگەرە کێشانەوە کە ئەوەش لە راستیدا دەچێتە چوار چێوەی مەسە تایبەتیەکانی تاکە کەسەوە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەرکی دەبێت بەوەی کە بڕیار بدات رۆژێک بکرێت بە پشوو یان وێنەی دوو سەرکردە بە تەنیشت یەکەوە لە هەموو داموو دەزگاکانی وڵاتدا هەڵبواسرێت کە ئەوەش سەردەمی دیکتاتۆرو کەلتووری بەعسمان بیر دەخاتەوە کە ئەرکی پەرلەمانە هەوڵبدات کەلتووری بەعس ریشە کێش بکات. کەواتە لێرەدا ئەم دەقە شیعرییە لە رێگای بەرهەمهێنانی شیعرێتەوە دەیەوێت لە دوو ئاستدا رەخنە لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێمە بگرێت کە یەکەمیان دەوری ئەم دامودەزگایانەیە لە بەرهەمهێنانی تووندو تیژی و درووست کردنی تیرۆریستدا ئەویش لە رێگای پشتگوێخستنی داواکانی جەماوەرو رەتکردنەوەیاندا . دووەمیان لەو روانگەیەوە کە دامودەزگانی ئێمە لە بری جێبەجێکردنی ئەرکی راستەقینەی سەرشانیان بە هەندێ کاری لاوەکی و بێگەوهەرەوە خەریک دەبن و لەسەر داوای سەرەوەی خۆیشیان بڕیار لەسەر هەندێ شت دەدەن کە دژی پرینسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و کۆمەڵگای مەدەنیە وەکو مەسەلەی وێنە هەڵواسین لە داموودەزگاکانی وڵاتدا .

لەتیف هەڵمەت لە رێگای بە مرۆڤ کردنی کاتەوە دەقێکی شیعری بەرهەم دێنێت کە فەزایەکی جوانی شیعری هەیەو لە هەمان کاتدا توانیوێتی لە رێگای بەرهەمهێنانی شیعرێتەوە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگ بەرز بکاتەوە لەوەشدا جارێکی تر لەتیف دەیەوێت پێمان بڵێت سەرباری ئەوەی کە شیعر خوڵقاندنی یۆتۆپیایەکی نەخشێنراوە بە وێنەو جوانکاری زمان ، لەهەمان کاتدا خەیاڵ و ئەندێشەو هەستی شاعیرانەش ئەو بنیادە قەشەنگتر دەکەن بەڵام دیسان ئەو پێکهاتەیەی کە بە ناوی شیعرەوە بەرهەم دێت هەڵگری پرسیاری فیکری و مەعریفی و سیۆسیۆلۆژی و دەرونی و ئێستاتیکیشە .بە مانایەکی تر لای لەتیف شیعر سەرباری ئەوەی خوڵقاندنی یۆتۆپیایە ، ئەرکی هەڵگرتنی پرسیارە گرنگەکانی مرۆڤیشى پێدەسپێرێت ، ئەو پرسیارانەی کە پەیوەستن بە بوون و ماهیەتی بوون و ماناکانی بوون و هەموو ئەو پێداویستیە رۆحی و مادیانەشەوە کە بەبێ بوونی ئەوان بوون هیچ مانایەکی نابێت .

لە ئەزموونی شیعری کوردی دا یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنانی دەق شوێن بووە هەر لە سەردەمی شیعری کلاسیکەوە تاکو ئێستاش کە شوێنیش زیاتر لە سرووشت و رەگەزەکانی نێو سروشتی کوردستانەوە وەرگیراوە ، بەڵام تاکو ئێستا ( کات ) بەم شێوەی لەتیف بەکار نەهێنراوە کە بەو جۆرە بکرێت بە رەگەزی سەرەکی بەرهەمهێنانی دەقێکی شیعری و خاسێتی مرۆڤی پێببەخشرێت یان کرداری بە مرۆڤ کردنی بەسەردا جێبەجێ بکرێت .بێگومان ئەمەش پەیوەندی بەو جیهانە هەستیارەوە هەیە کە جیهانی شیعری لەتیفە و دەتوانێت لە شتە مەئلوفەکانی ژیانی رۆژانەو لە رەگەزی سادەو ئاسایی دەورو بەرو ئەوانەی کە رۆژانە لەگەڵیان دەژین شیعریەت بەرهەم بهێنێت .

لە ئەنجامی ئەم شیکردنەوانەدا کە بۆ ئەم دەقە شیعرییەمان کرد دەشێ ئەم پرسیارانەی خوارەوە خۆیان بسەپێنن . ئایا تەنیا لە ئەنجامی بێزار بوون لە دووبارە بوونەوەدایە کە رۆژەکانی هەفتە هەریەکەی بەلایەکدا کۆچ دەکات و پشت لەو ئەرکانە دەکەن کە پێیان سپێردراوە ؟ ئایا بۆچی ئەو سەرچاوەیەی کە رۆژەکانی هەفتە لێیەوە یاخی دەبن نێو واقیع و کەلتووری ئێمەیە ؟ یان بۆچی ئەو سەرچاوەیە زیاتر شووناسێکی ئیسلامیانەى هەیە ؟ ئایا ئەو پاڵنەرە چییە کە وا لە شاعیر دەکات کە پرۆسەی بە مرۆڤ کردنی کات بهێنێتە ئاراوە ؟ ئایا ئەم دەقەی لەتیف کە بە ناوی یاخی بوونەوە بڵاو کراوەتەوە تا چ ئاستێک پەیوەندی بە یاخی بوونی راستەقینەی خودی لەتیف هەڵمەتەوە هەیە ؟ ئایا بە گوێرەی لەتیف خۆی دەشێ یاخی بوونیشی وەکو جۆرێک لە مەشقی دەروونی سەیر بکرێت ؟ ئایا ئەم یاخی بوونە پەیوەندی هەیە بەو رۆحی تەسەوفەی کە لە کەسێتی لەتیف دا باڵا دەستە و دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە تەسەوف بۆخۆی جۆرێکە لە یاخی بوون یان ئۆپۆزسیۆن بوون لە ناوەندی دەسەڵات یان لە بارو دۆخ و کەلتوورو عەقڵی باو ؟ بێگومان ئەم پرسیارانەش لەسەر زەمینەیەکی ناجێگیرو لە بارێکی دەروونی و مەعنەوی شلۆقدا لە میانەی دەقەکەوە خۆیان دەسەپێنن . هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە لە بنەرەتدا داهێنانیش بەرهەمی ئەو چرکە ساتانەی هەست بە نیگەرانی کردن و ناسەقامگیری و تێڕامانە کە بەردەوام کەسی داهێنەر تێیدا دەژى و هەوڵدەدات واقیعێک بخوڵقێنێت بەو جۆرەی کە دەیەوێت یان تەسەوری دەکات یان پێشبینی دەکات کە مەرج نییە بە هیج جۆرێک لەو واقیعە بچێت کە هەیە یان دەشێ هەبێت بە تایبەتی لە سنووری دەقی شیعریدا چونکە ئەوە ئاشکرایە کە شیعر بەرهەمی خەیال َو ئەندێشەو نەستە و مل کەچى هیچ یاساو دیسپلینێکی عەقڵی نابێت .

Previous
Next
Kurdish