شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ شۆڕش و شۆڕشگێڕ، وه‌ك دوو چه‌مك له كه‌شتی فریشته‌كان(به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م). به‌ختیار علی… زانا خدر.
له دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رهه‌مێكی به‌ختیار علی، ویستوومه و حه‌زمكردووه كه شیكردنه‌وه و چه‌ند قسه‌یه‌كی خۆم هه‌بێ ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه خوێندوومه‌ته‌وه، وتارێكی ده‌رباره بنووسم. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خوێنه‌رێكی هێنده پێشكه‌وتوو و به سه‌لیقه و خاوه‌ن سه‌رنج نیم، هه‌روه‌ها وتارنووس نیم و شاره‌زایی زۆر كه‌مم ده‌رباره‌ی وتارنووسین هه‌یه، بۆیه هه‌وڵم نه‌داوه خۆم له سنووری وه‌ها كارێك بده‌م، نه‌بادا به هه‌ڵه شیكردنه‌وه بكه‌م و هه‌ڵه تێگه‌یشتبم و به‌م جۆره به‌رهه‌مه‌كه بێ نرخ بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، به‌لامه‌وه نه‌نگی و شه‌رم بووه كه (ئه‌م گوزارشت و شیكردنه‌وه و پێناسه و ڕوونكردنه‌وانه‌ی به‌ختیار علی ده‌رباره‌ی هه‌موو شتێك” شه‌ڕ، شۆڕشگێڕ، شۆڕش، عیشق، خودا، دین، ئافره‌ت، سێكس، كۆمه‌ڵگه، خۆشه‌ویستی…هتد”، ده‌یاننووسێت، دووباره من بێمه‌وه نه‌ك به زیاده‌وه، به‌ڵكو به كه‌میشه‌وه باسیان بكه‌م و ڕوونكردنه‌وه و سه‌رنجی خۆمی ده‌رباره بڵێم. چون به‌ختیار علی ده‌رباره‌ی هه‌ر شتێك و هه‌ر جۆره كه‌سێك بنوسێ، ئه‌توانم بڵێم بێ كه‌م و كورتی باسی ده‌كات و پێمان ده‌ناسێنێ. تاكه ڕه‌خنه‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیار علی هه‌مبووبێت و لای براده‌ران باسم كردبێ ئه‌وه بووه كه له ڕۆمانی شاری مۆسیقاره سپیه‌كان بۆ هه‌ندێ بابه‌ت قسه‌ی دووباره‌ی زۆره و وه زۆر درێژدادڕی كردووه.
چی وای كرد ده‌رباره‌ی كه‌شتی فریشته‌كان بنووسم؟
بهدیاركهوتنهوهی به‌ختیار علی، هاوكات له‌گه‌ڵ بڵابوونه‌وه‌ی دوایین به‌رهه‌می به‌ناوی ده‌ریاس و لاشه‌كان، مقۆمقۆیهكی زۆر له نێو خوێنه‌ر و ڕۆشنبیر كه هه‌ندێ له‌وانه ڕۆژنامه نووس و مامۆستای زانكۆشی تیا‌بوو، په‌یدابوو. كه به جۆرێك باس له به‌ختیار علی ده‌كرا، باوهڕنهكردهنی، كه من پێم وایه، گه‌ر خوێنه‌رێكی وردی به‌رهه‌مه‌كانی بوونایه، به‌و جۆره باسیان نه‌ده‌كرد و به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیاریان به‌م شێوه‌یه وه‌سف نه‌ده‌كرد. ناڵێم قابیلی ڕه‌خنه نییه، به‌ڵام به‌و جۆره‌ش نا كه بڵێن: شایه‌نی خوێندنه‌وه نین.
فرێدریك نیتچه ده‌ڵێت: ئه‌زموونێكی زۆر و دوور‌و درێژم هه‌یه، له‌گه‌ڕان و ڕۆچوون به نێو پنته قه‌ده‌غه‌كراوه‌كاندا، ئه‌وه‌یه كه فێری كردووم ته‌ماشای هۆكاری شاراوه‌ی پشت كرده ئه‌خلاقییه‌كان بكه‌م، ته‌ماشای هۆكاری شاراوه‌ی پشت ئایدیاكان بكه‌م و، به شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی باو و ئاره‌زوو پێكراو و قبوڵكراوه، لێیان بڕوانم.
ڕه‌نگه بۆمن كه ئاشنای ته‌واوی به‌رهه‌م و بیروبۆچوونه‌كانی فرێدریك نیتچه نیم، (له ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیار علی)، تێگه‌یشتن له‌م قسه‌یه‌ی نیتچه، سه‌خت بووایه! ده‌مپرسی: ئاخۆ مه‌به‌ستی له چیبێت كه ده‌ڵێ پنته قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان؟ مه‌به‌ستی له چییه كه ده‌ڵێ به‌و شێوه‌ی باو و ئارهزووپێكراوه؟ به‌ڵام به‌وه‌ی كه به به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیار علی ئاشنام، ده‌زانم و تێده‌گه‌م مه‌به‌ستی له چییه؟ به‌ختیار علی، فرێدریك نیتچه‌یه بۆ ئه‌و پنته قه‌ده‌غه‌كراوانه‌ی كه ئێمه ناوێرین نزیكیان كه‌وینه‌وه.
ئه‌گه‌ر بمه‌وێ شیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو بۆ ئه‌م ڕۆمانه بكه‌م، ئه‌وا ناتوانم… چونكه ده‌بێت ڕێك كتێبه‌كه بخه‌یته به‌ر دیدی خوێنه‌ران و بڵێی: له‌مه زیاتر چی ترت ئه‌وێ؟ به‌هه‌رحاڵ… ئه‌وه‌ی من حه‌زه‌كه‌م ده‌رباره‌ی بدوێم، به حوكمی ئه‌وه‌ی تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه، ده‌وروو خولی شۆڕش و شۆڕشگێڕدهدات، بۆیه منیش به‌م كورته وتاره، شیكردنه‌وه‌یه‌كی كورتی خۆم ده‌رباره‌ی ده‌نووسم.
شۆڕش وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی ئازادی؟ یان ده‌سه‌ڵات و هێز؟
ده‌مه‌وێ به دایه‌لۆگێكی نێو ڕۆمانی زۆربای یۆنانی بچمه نێو بابه‌ته‌وه كه له نێوان (سه‌رۆك واته گێڕه‌ڕه‌وه و زۆربا) داییه، بۆ پرسیاری: ئه‌م هه‌موو دزی و كوشت و كوشتاره‌ی كه ئێمه‌ی شۆڕشگێڕ كردمانن. ئه‌مه له خۆیدا مه‌ته‌ڵه، مه‌ته‌ڵێكی گه‌وره‌ش، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی دونیا ئازاد بێت پێویسته ئه‌م هه‌موو تاوانه بكرێن؟
سه‌رۆك: چۆن گوڵ له‌ناو په‌ین و پیسیدا ڕه‌گ دا ده‌كوتێ و ده‌ڕوێت؟ زۆربا، تۆیش هه‌روای دابنێ، كه په‌ین و پیسییه‌كه مرۆڤه و گوڵیش ئازادییه.
زۆربا: ئه‌ی تۆ‌و چییه؟ بۆ ئه‌وه‌ی گوڵێك سه‌وز بێت پێویسته تۆوه‌كه‌ی هه‌بێت، كێ تۆوێكی وای له هه‌ناوی پۆخڵی ئێمه‌دا داناوه؟ ئه‌ی بۆ ئه‌و تۆوه له‌گه‌ڵ چاكی و پاكیدا پێ ناگات؟
ئه‌مه ئه‌و دایهلۆگهیه كه زۆر سه‌رنجی منی ڕاكێشاوه، چونكه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌یبینم كه له‌ناو هه‌ناوی بۆگه‌ن و پیس و پۆخڵی مرۆڤی كورددا ڕواوه و گه‌شه‌ی كردووه، گوڵ نییه به‌ڵكو دڕكه… بۆچی ده‌بێت شۆڕشگێڕانی تر گوڵ بڕوێنن به‌س لێره به پێچه‌وانه‌وه‌یه؟ وه‌هه‌روه‌ها ئه‌و تۆوه‌ی كه زۆربا پرسیاری ده‌رباره ده‌كات من پێم وایه تۆوه‌كه (غه‌ریزه)یه كه له نێو هه‌موو تاكێكدا چه‌كه‌ره‌ده‌كات. مرۆڤ به غه‌ریزه حه‌ز و ویستێكی له‌بن نه‌هاتووی بۆ ئازادی هه‌یه. هه‌ر كه‌سه و جۆره ئازادی و ئازادبوونهكی مه‌به‌سته.
وه‌ك له نێو ڕۆمانی كه‌شتی فریشته‌كان ده‌ره‌كه‌وێت، كه باس له شۆڕشه نوێكان ده‌كات، ئامانجی ئه‌و شۆڕشانه له پێناو ئازادی نه‌بووه. ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ی له نێو شۆڕشگێڕه كورده‌كاندا هه‌بووه، غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵات و پاوان خوازی، غه‌ریزه‌ی به‌هێز بوون و ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆریانه. عبدالله ئۆج ئالان له په‌رتووكی پێنجه‌مین، ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ها ده‌ڵێت: ڕێگای چه‌وتی و ناكۆكییه‌كان ده‌كاته‌وه… وه‌ك ڕوون و ئاشكراشه، سه‌رانی شۆڕشه (ڕزگاری) خوازه‌كانی كوردستان، خاوه‌نی هیچ بیرێكی فه‌لسه‌فی و ئایدۆلۆژیهتێك نه‌بوون تا له پێناوی بجه‌نگن. ئه‌وان باوه‌ڕیان به خوا‌و ئاین و شیوعیه‌ت و ڕادیكاڵی نه‌بوو، ته‌نها بیری نه‌ته‌وه‌یی هانی دان كه شۆڕش بكه‌ن… بیری نه‌ته‌وه‌یش له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ من پێم وایه ته‌نها له ڕووی هه‌ست كردن به كهمێتییهوه بیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌كه‌وێته سه‌ری. ئه‌ڵێت خۆم وه‌ك مرۆڤ هه‌ر حیسبام بۆ ناكرێ، ده‌بێ وه‌ك نه‌ته‌وه خۆم بسه‌لمێنم… به قهناعهتهوهش پێم وایه كه ئه‌مه ته‌نها له پێناو خۆ سه‌لماندنه و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاته.
به‌ختیار علی له نێو رؤمانهكهدا به جوانی ئه‌مه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ له ڕێگه‌ی مه‌نه‌لۆگی وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ، له دوای ڕاپه‌ڕین، ده‌ڵێت: سه‌رده‌مێكی سه‌یر بوو… من خه‌ریكی درووستكردنی زیندانی تایبه‌تی خۆم بووم و لیڤیتانت خه‌ریكی درووستكردنی زیندانی تایبه‌ت به‌خۆی. نه‌وه‌ك هه‌ر ئێمه، هه‌موو حیزبه‌كانی تریش خه‌ریكی دروستكردنی زیندانی تایبه‌تی خۆیان بوون.
ناتسومی سوسیكی له ڕۆمانی كۆكۆرۆ ده‌ڵێت: هه‌ر ئینسانێ بگریت، كه ته‌ماع گرتی له پڕ ده‌بێت به كه‌سێكی شه‌ڕانی. ئه‌مه ڕێك ئه‌م پێناسه و گوزارشتهیهیه كه حه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گریشه كه ده‌سه‌ڵات دارانی هه‌رێم، دوای ئه‌وه‌ی له شاخ دابه‌زین، ئیتر بیری نه‌ته‌وایه‌تی و شۆڕش و ئازادی، له نێو سه‌ریان گسكێكیان پیای هێنا. نه‌ك هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان، چونكه ته‌ماع گرتیان، ڕێگه ناده‌ن هیچ كه‌سێكیش بیر له شۆڕش و ئازادی و ژیان بكاته‌وه، ئه‌مه ڕێك ئه‌و سیفاته شهڕانیهیه كه ناتسومی سوسیكی باسی لێوه ده‌كات.
شۆڕش و نائومێدی.
شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه كه‌سێكه كه تا كۆتایی به شۆڕشگێڕی بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر ههلو مه‌رج له‌بار نه‌بوو وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی شۆڕشگێڕی ئه‌وا مرۆڤ تووشی نا‌ئومێد بوون ده‌بێت… یان ئه‌وه‌تا خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات. نزارئیدریس و هۆشه‌نگی بولبولیار وه‌ك دوو سیمبولی شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه. نزار ئیدریس ڕۆحی شۆڕشگێڕ، كه‌سێك كه به‌ختیار عه‌لی ئیره‌یی به كه‌سایه‌تییه ئازادی خوازه‌كه‌ی ده‌بات. كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ختیار علی له ڕابردوودا له نێو كه‌سانی شۆڕشگێڕ‌دا چنگی نه‌كه‌ووتووه بۆیه هاتووه كه‌سێكی خه‌یاڵی درووستكردووه، هه‌موو ئه‌و ئاكار و بیرانه‌ی كه بۆ كه‌سێكی ئازادی خواز پێویستن، له‌ودا به‌رجه‌سته‌ده‌كات، كه‌سایه‌تییه‌ك ڕۆحی خۆی ته‌سلیم و گرفتاری هیچ شتێك ناكات.
بێ باك له خۆشه‌ویستی، بێ باك له‌ژن و باوك و دین و كۆمه‌ڵگه… بێ باگ له‌وه‌ی بخرێته زیندانه‌وه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحی هه‌ر هی خۆی بێت و نه‌بێت به كۆیله. هۆشه‌نگی بولبولیار ڕۆحی به‌ختیار علی، كه‌سایه‌تییه‌كه له نێو به‌ختیار علی دا زیاتر وابه‌سته‌یه تا له نێو ڕۆمانه‌كه‌دا، واته بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له هۆشه‌نگی بولبولیار بگه‌ین، پێویست به خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی تر ناكات، به‌ڵكو پێویسته خودی به‌ختیار علی له نزیكه‌وه بناسین. ڕۆحێكی په‌ژمورده و نا‌ئومێد له شۆڕش، كه‌سایه‌تییه‌ك سڵ ده‌كاته‌وه له شه‌ڕكردن و ده‌سته‌پاچه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو تاوانانه‌ی مرۆڤ ده‌رهه‌ق به خۆیی و مرۆڤانی تر ده‌یكات.
له كتێبی {شۆڕشی خوێندكاران68} هاتووه: دوای تێپه‌ڕینی چل ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی خوێندكارانی فه‌ڕه‌نسا، داڕمانی سیسه‌تمی سوسیالیستی له ساڵی 1990دا، زۆرێك له له هاوكێشه‌كانی ژێره‌و ژوور كرد و بووه مایه‌ی كه‌نارگیركردنی چه‌پی جیهانی و كۆمه‌ڵگاكانی دونیا ڕویانكرده به‌رخۆری(به‌رخۆری وه‌ك یه‌كێك له له خه‌سڵه‌ته‌كانی سه‌رمایه‌داری). سه‌باره‌ت به چالاكوان و ئه‌كتیڤیسته‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ش ئه‌وا به‌سێ ئاڕاسته‌ی جیادا ڕۆیشتن.
(من لێره‌دا هه‌ر سێ ئاڕاسته‌ی ئه‌كتیڤیسته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشی خوێندكاران بۆتان ده‌نووسم، ئێوه‌ش لای خۆتانه‌وه به‌راوردی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌كتیڤیست و شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان تا هه‌موویان به پێی هه‌رسێ پۆلێنه‌كه بناسن كه نه‌وه‌ك دوای چل ساڵ، به‌ڵكو هه‌ردوای چه‌ند مانگێك خه‌سڵه‌ته‌كانیان وه‌رگرت، خه‌سڵه‌تی كه‌سێكی ناشۆڕشگێڕ و ته‌ماع كار. كه له‌و سێ ئاراسته‌یه‌دا، من پێم وایه ئه‌كتیڤیسته‌كانی ئێمه هه‌موویان تێكڕا به یه‌ك ئاڕاسته ڕۆیشتن…)
1- هه‌ندێك گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی سیسته‌مه‌كه هه‌ڵبژارد(كه ئه‌مه لای ئێمه بۆ ئه‌مه‌یان تێكڕایه، ڕاسته له ساڵانی 2009وه نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی بێبه‌ری كرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌رده‌وامیتان به شۆڕشكردن، له ڕێگه‌ی مه‌ده‌نیه‌ته‌وه، به‌ڵام دوای چی؟)، وه‌ك شۆڕشگێڕ و بیریاری فه‌ڕه‌نسی ڕێجی دۆبرێ، كه له ئه‌مریكای لاتینییه‌وه گه‌ڕایه‌وه پاریس و تا ببێت به یه‌كێك له ڕاوێژكارانی فرانسوا مێتران، بوو به سه‌رمایه‌دارێكی خاوه‌ن پله‌و پایه.
2- هه‌ندێكیان تا ئێستاش بڕوایان به‌و پره‌نسیپانه ماوه، وه‌ك تارق علی و خاتو ڤانیسا ڕیدگریف، كه تا هه‌نووكه به گیانی ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ی شه‌سته‌كانه‌وه، درێژه به كار و چالاكی سیاسی خۆی ده‌دا.(له كوردستانیش ئه‌م جۆره‌یان هه‌یه كه به هه‌مان نه‌فه‌سی حه‌فتاو هه‌شتاكانه‌وه، درێژه به كار‌و چالاكییه حیزبییهكانی ده‌دات، نه‌ك سیاسییه‌كانی، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌هه‌مان نه‌فه‌سی حه‌فتا و هه‌شتاكان، هه‌ر له پێناو حیزب و تاكێكه، نه‌ك له پێناو گه‌ل و هاووڵاتیانی).
3- هه‌ندێكی كه‌شیان (كه ئه‌مانه‌یان زۆرینه‌ن) دووچاری نائومێدییه‌كی قووڵ هاتن و خۆیان له‌به‌رده‌م دۆخێكی نه‌خوازراودا بینییه‌وه. (كه ئه‌م جۆره كه‌سانه، وه‌ك له پێشتردا باسم لێیه‌وه كردووه، به‌ختیار علی له مێژووی شۆڕشگێڕییه‌تی ناوه‌ڕاست و كۆتایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، هیچ كه‌سێكی نهدۆزییوهتهوه، كه ڕۆحی خۆی پێشكه‌شی سیسته‌م نهكردێ و وه‌ك شۆڕشگێڕی هه‌میه‌شه‌یی و تاقانه مابووبێته‌وه، یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نا ئومێد بووبێت، بۆیه هاتووه دوو كه‌سایه‌تی دروستكردووه، وه‌ك ڕۆحێكی یاخی و شۆڕشگێڕ و ڕۆحێكی نا‌ئومێد، ئه‌وانیش نزار ئیدریس و هۆشه‌نگی بولبولیار).
كه‌شتی فریشته‌كان، كوتەكێك بۆ شكاندنی بته‌كان و حه‌قیقه‌تێكی فانتازیا شكێن.
ئێمه ده‌زانین كه ڕۆمان تێكه‌ڵه‌یه‌كه له واقیع و فانتازییا، له كات و شوێنێكی دیاریكراو، به چێڕۆكێكی خه‌یاڵی. نوسه‌ر دێت و كۆمه‌ڵێك ڕووداوی یه‌ك له دوای یه‌ك، به كۆمه‌ڵێك پرسی فه‌لسه‌فی و ڕوونكردنه‌وه‌ی وردبینانه و كۆمه‌ڵێك پرسه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یان ژی پرسه هه‌نووكه‌یی و نه‌خۆشییه له مێژینه‌یی و هه‌میشه‌ییه‌كان، له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌یاڵی ده‌خاته به‌رباس و له دووتوێی كتێبێكدا به ژانری ڕۆمان ده‌یخاته به‌ردیدی خوێنه‌ران. هه‌میشه ئێمه ده‌ڵێین ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كان، چیڕۆكی خه‌یاڵین.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌شتی فریشته‌كان له‌م پێناسه كورته جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه كه‌شتی فریشته‌كان فانتازییا نییه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر كه‌مێك شاره‌زایی له مێژوویی دێرینی نیشتیمانه‌كه‌ی هه‌بێت، هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌ناسێته‌وه، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به شۆڕش و حیزبه‌وه هه‌یه، جگه له‌مانه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی شۆڕش و شۆڕشگێڕ باسی ده‌كات، حه‌قیقی و واقعییه. كه‌واته ئه‌وه‌ی به‌ختیار علی كردوویه‌تی له‌م ڕۆمانه‌دا، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و وێنه فانتازیی و خه‌یاڵییه‌ی ئێمه بۆ شۆڕش و حیزب و شۆڕشگێڕ هه‌مان بوو، ده‌یشكێنێ. كه‌واته ڕۆمانی كه‌شتی فریشته‌كان، حه‌قیقه‌تێكی فانتازی شكێنه. كوتكێكه له چه‌شنی كوتكهكهی ده‌ستی په‌یامبه‌ر ئیبڕاهیم، ئه‌و بتانه ده‌شكێنێ كه ناتوانن به‌رگری له خۆیان بكه‌ن.
نیكۆس كازانتساكیس ده‌ڵێت: ئێمه سه‌فه‌ر ده‌كه‌ین، زه‌وی و ده‌ریا به پێوه ده‌ده‌ین، به‌ڵام هێشتا سه‌ری لووتمان به ئه‌و دیو ده‌ركه‌ی ماڵه‌كه‌مان نه‌گه‌یشتووه.
كه‌شتی فریشته‌كان، ئه‌م ڕۆمانه… یان ئه‌توانین بڵێین ئه‌و هێزه، ئه‌و ڕووداوه، ئه‌م شۆكه‌یه كه وا له ئێمه ئه‌كات سه‌ری لووتمان بكه‌ین به‌و دیو ده‌ركه‌ی ماڵمان و خه‌به‌رمان ئه‌كاته‌وه. به‌ختیار علی ده‌ڵێت: هه‌موو حه‌قیقه‌تێكی گه‌وره پێویستی به كاره‌ساتێكی ترسناكه به دونیای بناسێنێت. ئه‌و ئه‌و ساته‌یه كه ته‌واوی وڵات و مه‌مله‌كه‌ت به ناو تونێلی كاره‌ساتی گه‌وره گه‌وره‌دا ده‌ڕوات، جه‌نگ، ڕه‌شه‌كوژی، زینده به‌چاڵ كردنی ده‌سته‌جه‌معی…
كاره‌ساتی گه‌وره و ترسناك بۆ خودی مرۆڤ ئه‌وه‌یه(حه‌قیقه‌تی خۆی ڕووه‌و خۆی بێته‌وه و به‌ڕوویدا بته‌قێته‌وه) به‌و واتایه‌ی خۆی بناسێت. كه‌شتی فریشته‌كان، به هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی له نێو خۆیدا هه‌ڵی گرتوون، ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه بوو كه به‌ڕووی ئێمه‌دا ته‌قیه‌وه. پێشم وایه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه زۆرێك له خه‌ڵكی له به‌ختیار علی هه‌راسانن، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه نه‌ده‌بوو ئێمه بیزانین و خۆمان لێی نه‌بان ده‌كرد، به‌ختیار پێی وتین. ئێمه به‌و شێوه‌یه خۆمان ناناسین وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌ختیار علی ئێمه ده‌ناسێت.
———————————————————
سه‌رچاوه:
ئه‌وه‌یه مرۆڤ. فرێدریك نیتچه/ وه‌رگێڕانی ڕێبین ڕه‌سول.
مانیفیستۆی شارستانێتی دیموكراتیك/كێشه‌ی كورد و ڕێگه چاره‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیك. عبدالله ئۆج ئالان/وه‌رگێڕانی لوقمان عبدالله
زۆربای یۆنانی. نیكۆس كازانتساكیس/ وه‌رگێڕانی ڕه‌ووف بێگه‌رد.
كۆكۆرۆ. ناتسومی سوسیكی/پاچهڤی حه‌مه كه‌ریم عارف.
شۆڕشی خوێندكاران68. شوان احمد كردوویه به كوردی(ئاماژه به‌ناوی نوسه‌ر و سه‌رچاوه‌كان نه‌كراوه).