Skip to Content

پاشەکەوتی موچە و پاشەکەوتی مەعریفە و فێربوون! … جیهاد موحەمەد

پاشەکەوتی موچە و پاشەکەوتی مەعریفە و فێربوون! … جیهاد موحەمەد

Closed
by ئازار 6, 2019 General, Opinion


مامۆستایان و فەرمانبەران و هەموو کارمەندەکانی کوردستان تەواو مافی ڕەوای خۆیانە خۆپیشاندن بکەن و دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزبکەنەوە دژ بە پاشەکەوتی موچە. بەڵام بێدەنگیان لەسەر پاشەکەوتی مەعریفە و پەروەردە، مامۆستاییبوون و پەروەردەناسینیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوە ڕاستە پاشەکەوتی موچەکانی مامۆستایان جۆرێکە لە نانبڕین و بریسیکردنی خۆیان و منداڵەکانیان، جۆرێکە لە ستەمکردن و پێشیڵکردنی مافەکانیان هەم وەک مامۆستا و هەم وەک مرۆڤێکی کارمەند و بەرهەمدار، کە بەرهەمەکانیان بەرهەمێکی مەعریفییە. بەڵام لەوە ڕاستر و لەوە ستەمکاریتر بەرامبەر بە خۆیان و منداڵەکانیان و منداڵانی هەموو کۆمەڵگە، پاشەکەوتنکردنی “مەعریفە” و “فێربوون”ە. پاشەکەوتنکردنی مەعریفە و فێربوون بە واتای شێواندنی مەعریفە و فێربوون دێت.

پاشەکەوتنکردنی مەعریفە و فێربوون، ستەمکاری و شێواندن و خراپکردن و گەندەڵی گەورەی پەروەردەیە، کە پاولۆ فرێری ناوی دەبات بە(میتۆدی بانکی). چۆن لە بانکەکاندا پارە هەڵدەگیرێت بۆ کات و ڕۆژی پێویست، لە پەیڕە و سیستمی پەروەردەی نەریتیی و دواکەوتووشدا مەعریفە و فێربوون وەک داهاتێک دادەنرێت، کە لە مێشکی مامۆستا نەریتییەکان و مێشکی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان و ڕۆشنبیرە نەریتییەکانیان و کتێبەکانیاندا تۆمارکراوە، ئەم داهاتە لە فێرگە نەریتیەکاندا دەدرێت بە فێرخواز وەک خۆراکی زانین و فێربوون، تا فێرخوازیش لە مێشکی خۆیدا تۆماری بکات و بۆ کاتی پێویست کە تاقیکردنەوەکانیەتی، وەک خۆیان بیڵێتەوە، یان بینووسێتەوە. ئیتر ئەم مەعریفە و فێربوونە ئەفسانەییەی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان دەبێت بە کولتوورێکی زاڵ، ئەم کولتوورە زاڵە چۆن لە فێرگەکاندا گوێڕایەڵیی و کۆیلەبوونی فێرخواز بۆ مەعریفە “پێدراو”ەکەی مامۆستا و کتێبەکان دەکات بە پێویست، بۆ هەموو کۆمەڵگەش دەبێت بە کولتووری خۆڕاهێنان لەگەڵ نادادپەروەریەکان و نایەکسانیەکان و نامرۆڤبوون و تووندوتیژی ستەمکارە فەرمانڕەواکاندا.

لە ئەنجامیشدا نەک جارێک، چەندین جار بە درێژایی فەرمانی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان نانبڕین و بێ موچەکردن و بە دەیان ناوی وەک پاشەکەوتی موچە و دەیان پاساوی وەک پاساوی قەیرانی ئابووریی و دابەزینی نرخی نەوت، نانبڕین و ستەمکارییەکان خۆیان نوێ دەکەنەوە. کەواتا چارەسەری نانبڕین و پاشەکەوتی موچە بە گەڕانەوەی موچەکان ناکرێت، بەڵکو بە هەڵتەکاندنی کولتووری زاڵی ستەمکاران و پەروەردەی نەریتیی و فێرگە نەریتیەکان دەکرێت، بەمەرجێک لە جێگەیاندا فێرگە و پەروەردەیەکی هاوچەرخ و نوێ دامەزرێت، کە هەردوو جەمسەری هاوکێشەی چەوسێنەر و چەوساوە هەڵتەکێنێت و لە جێگەیدا کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و دادپەروەر و یەکسان دروستکات.


مەعریفە و پەروەردە داهاتێکی پێدراو نییە، کە لە دەرەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هاتبێت، خەسڵەتگەل و خاسیەتگەلی کۆمەڵە مرۆڤێکیش نییە لە مرۆڤەکانی دیکە زیرەکتر و بە تواناتر و هۆشمەندتر بن، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە، بیکردنەوەی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، کە کتێبەکان بە دانسقە دەستدەکەوتن، تەنها لای کۆمەڵە کەسێکی دەسەڵاتدار هەبوو، بەم خوێندەوارانەیان دەوت شەرەفمەندەکان، یان شەرەفدارەکان، وەلێ لەمڕۆدا فێربوون و زانین و پەروەردە ئەگەر دەسەڵاتی ستەمکار ڕێگر نەبێت لێی بۆ هەموو کەس هەیە دەستی پێبگات. بەڵام دەسەڵاتی ستەمکار کاتێک ڕێگەیش پێدەدات بەشێواندن و نازانستیانە ڕیگەی پێدەدا، نەک بە شێوازە زانستیە پێویستیەکەی خۆی، ئەمەش بۆ ئەوەی بچێتەوە خزمەتی خۆی و سیستمە ستەمکارییەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێگەپێدانە شێواوە دەکات بە ئەفسانەی ئازادی خوێندن و پەروەدە بۆ هەموو کەس.


ئەو فێرگە و پەروەردەیەی ئێستای کوردستان، خاوەنی پەیڕەو پرۆگرام و ڕیبازێکی پەروەردەیی نەریتیی و کۆنەباوە، کە زۆربەی فەیلەسوف و زانا پەروەردەیی ناسەکانی دنیا گەیشتوون بەو دەرنجامەی کە ئەمە شێواندنی پەروەردە و مەعریفەیە، ئەمە لە کەڵەکەبوونی زانیاری زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە و هیچ شتێکی دیکە ناگەیەنێت بە منداڵ و فێرخواز.
مامۆستای هۆشمەند و پەروەردەناسی باش، ئەو مامۆستایەیە، کە دژی ئەم جۆرە لە پەروەردەی نەریتیی بوەستێتەوە، کە منداڵ گوێڕایەڵ و بێدەنگ دەکات، منداڵ ترسنۆک دەکات لە ئاستی پاوەری مامۆستاو فێرگە و بەڕێوەبەری فێرگەکاندا. ئەم پەروەردە نەریتییە کۆنەباوە منداڵ دەکات بە کۆیلە، مێشکی منداڵ دەکات بە دەفرێکی کراوە لەبەردەم مامۆستادا، مامۆستا هەرچی ویست و هەرچی لا باش بوو، یان هەرچی لە کتێبەکاندا تۆمارکرابوو دەیخنێتە ناو مێشکی منداڵەوە، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت گومان بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت پرسیار بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت دیالۆگ بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت هاوبەشی بکات لە فێربوونی خۆیدا. بە واتایەکی دیکە مێشکی منداڵ و فێرخواز کۆتوبەندی مێشکی مامۆستا و کتێبە نەریتییەکان دەبێت و هیچی دیکە.


ئەم جۆرە لە مەعریفە، ئەم جۆرە لە زانیاری وەرگرتن، ئەم جۆرە لە کۆیلەکردنی منداڵ یەجگار ترسناکترە لە نانبڕینی مامۆستا. ئەم جۆرە لە مەعریفە بێدەنگیەک دروست دەکات، کە تەنها لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە ستەمکارەکانە، نەخۆشییەکە دیموکراسیەت و ئازادیەکان، مافەکانی مرۆڤ دادەڕزێنێت، کێشەی جێندەر زیاتر و زیاتر دەکات، دادپەروەریی و یەکسانیەکان بە جارێک دەسڕێتەوە.


جۆن دێوی و ئەفڵاتون و دەیان زانا و فەیلەسوف، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە پەروەردە لە دیموکراسیی جیاناکرێتەوە. دیموکراسیی واتا پەروەردە و پەروەردە واتا دیموکراسیی. لای ئەم زانا و فەیلەسوفانە، پەروەردە واتا ژیان، یان بە گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی. دیموکراسیش واتا ڕێبازی ژیان، کەواتا ژیان و ڕێبازکەی لە یەکتری جیاناکرێتەوە. پەروەردەی هاوچەرخ و نوێ ئەو پەروەردەیەیە، کە لە ژیانەوە هەڵەیەنجێنرێت، زانینیش دەرنجامی پەروەردەی نوێە، پەروەدەش مامەڵەکردنە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتیدا، پەروەردە هیچ شتیک نییە جگە لە زانین و فێربوونی ژیان زیاتر، پەروەردە و ژیان گریدراوی یەکترین. ئەوە ئەزموونەکانی مرۆڤە، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بوون بە زانین و زانست، واتا زانین و زانست و فێربوونیش لێیان لە خودی ژیانەوە هاتوون، نەک لە دەرەوەی ژیان.


دیموکراسیش ئەو کولتوورەیە، کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیەکانی تاک و ئازادی بیر و ڕای لێ دەکەوێتەوە، مافی مرۆڤی تیا پارێزراو دەبێت. دیموکراسی ئەو بیرەگشتییە(کۆنسێپت) نییە کە فەرمانڕەوا ستەمکارەکان بانگهێشتی بۆ دەکەن، بەڵکو ڕێبازی ژیانێکی یەکسان و دادپەروەریی مرۆڤیانەیە، دیموکراسی کولتووری ژیانێکی شایستەیە بە مرۆڤەکان.
مەعریفە، لەگەڵ بەردەوامی ژیاندا بەردەوامە، واتە هۆشیاری و زانین بە کۆتا ناگات، زانین، زانیاریگەلێک نییە بە کۆتا گەیشتبێت و لە کەسانێکەوە بگوێزرێتەوە بۆ کەسانێکی دیکە، زانین و زانست لەسەر یەک گریمانە نەوەستاوە، کراوەیە بۆ هەموو گریمانەکان، بۆ هەموو گۆڕانکارییەکان. کاتێک فێرگە و پەروەردەی نەریتیی میتۆدێکی بانکی بۆ فێربوون و زانین بەکاردەهێنێت، وەک ئەوەی کە فێربوون و زانین، یان هۆشیاری مرۆڤ لای کۆمەڵێک مامۆستا، یان لە نێو کۆمەڵێک کتێب، یان لای دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان کۆبووبێتەوە، ئەوە لە ئەفسانە زیاتر هیچی دیکە نییە. هەتا ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە بەردەوام بێت، زانین و زانست و فێربوون بەردەوامە و لە گەشەکردن و پەرەسەندندایە. بۆیە پاشەکەوتکردنی مەعریفە لە پەروەردەی نەریتییدا ئەفسانەیەکە بۆ بە کۆیلەکردن و نەزانینی منداڵ و فێرخواز. ستەمکارییش لە کولتووری داگیرکەر و پاشەکەوتی زانین و هۆشیاریەوە لە لای ڕۆشنبیرانی دەربار و سەر بە فەرمانڕەوا ستەمکارەکان خۆی زاڵ دەکات بەسەر ستەملێکراوەکاندا.


جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٥/٠٣/٢٠١٩

Previous
Next
Kurdish