Skip to Content

ڕەبولعالە… مین.. عومەر سەید

ڕەبولعالە… مین.. عومەر سەید

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2022 General, Literature

گەر فڕۆکەیەکی نەفەربەر، لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبووڵەوە بفڕێت بەرەو وەڵاتی مالیزیا. گەر وایدابنێین ئەم فڕۆکەیە، لە بەرزی سی و دوو هەزار پێوە یا زیاتر، بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا، تێپەڕێ.
ڕەنگە لەو بەرزاییەوە و لە پەنجەرەی بازنەیی فڕۆکەکەوە، پیاوێکی مووسڵمانی مالیزی پۆشتەوپەرداخ، پرۆفیسوێری جوگرافیناس. بڕوانییت و شاگەشکە ببێ بەو سەرزەمینە سەخت و دژوارە و لە دڵی خۆیدا بڵێت”ئاخۆ لە نێو ئەم چیا سەخت و دوورە دەستانەدا، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بژێت؟!” بێ ئەوەی بزانێت کە ئەو ناوچە سەختە، سەدان ساڵە لە ژێر چاوی تەماع و هێرشی دوژمنانێکی زۆردایە و شیوەکانی پڕە لە هاژەیی خوێنی قوربانی و خوێنی داگیرکاران.
لەوانەیشە هەر لەو بەرزایی ئاسمانەوە، دوو دەستی بۆ خودا بەرز بکاتەوە و لە ژێر لێوەوە بڵێت”سەد شوکر بۆ تۆ خودایە کە لە جێیەکی وا نەتهێنامە دنیاوە… ئامین… ئامین… یا ڕەب لعالەمین…” لەوانەیشە وەک پسپۆڕێکی جوگرافیا، دەست ببات و لە نێو جانتا ڕەشەکەی، کتێبێکی قەبەی بەرگ ئەستوری ئەتڵەس دەرهێنێ و لاپەڕە لاپەڕەی پڕ وێنەی نەخشی هەمەهێڵ و هەمەڕەنگ هەڵداتەوە. ئەتڵەسێکی پڕ نەخشە و نیگاری سەرزەمین. سەرەتا با وایدابنێن، دەچێتە سەر بەشی نەخشەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست، بە دیاریکراوی ناوچەی نێوان هێڵەکانی، ٢٩ بۆ ٤١ ی باکور، ٣٥ بۆ ٥١ ی ڕۆژهەڵات. پاشان لە شاشەکەی بەردەمیدا، شوێنی فڕینی فڕۆکەکە دیاری دەکات. دەیەوێ بزانێت، خوارەوەیی سەخت، دەکاتە کوێی ئەم دنیایە.
بێ ئاگا لەوەی جگە لەو هێڵە وەهمیانە، هێڵی تری واقعی هەن. هێڵی دابڕان و ترازان، هێڵی خوێن و دڕکەزیی، هێڵی لە وەهم وەهمتر، بەڵام تیژ و بڕ و کاولکار…
پرۆفیسۆر، ئەو هێڵانە نابینی کە وەک ڕمی جەنگاوەرێکی عوسمانی، یان سەفەوی، تیژ دێت و تێدەپەڕێ. چیا و شیو و دەشتەکان، باخ و دەریاکان دوو لەت دەکات! ڕمێکی سەر ئاسنینی مێژوویەکی ژەنگن، تیژ و سەخت کە هەموو شتێک دوولەت دەکات. ڕمێک هێڵێکی تۆخ و ئەبەدی بە دوایی خۆیدا دەکێشێت. هێڵێک، گوند لە گوند و ڕانەمەڕ لە شوان و کانی لە باخی ئاودامانی دەکات! دوو برا، هەر یەکەیان دەخاتە لایەکەوە! دوو کەو، هەر یەکەیان دەکەونە ئاسمانێکەوە! دار بەڕویەکی پیر، لە ناوڕاستەوە دەکاتە دوو کەرتەوە، دوو لەتە بەڕووی سیس و نەخۆش. پۆلە کچێکی دووی کنگر و ڕێواس، بۆ ئەبەد ڕێی گەڕانەوەیان لێ دەگیرێت! مانگایەک کەوتۆتە ئەمبەری هێڵەوە و بۆ گوێرەکەکەی دەبۆڕێنێت کە هەرگیز ناتوانێ پێی بگاتەوە. باڵندەی دەنگخۆشی ئەمبەر، ناتوانن بفڕنە ئەوبەر و هی ئەوبەریش، لە دووری هێڵی ڕمی سەر ئاسنین، دورا و دوور، کز و غەمگین دەنگ هەڵدەبڕن. کێ باسی چیرۆکی جەنگاوەرانی هەر دوو بەرەی هێڵەکە بە درێژایی مێژوو بگێڕێتەوە! ئەو کاتی برا و برا، ئامۆزا و ئامۆزا یەک دەکوژن. بەسەر هێڵێکی وەهمییەوە کە پلەی گەرما و ڕێژەیی باران بارین و گژوگیا و ڕووەکی هەردوولا، هەر یەکن! دوو دۆزەخ دەخوڵقێ! زنجیرە چیایەکی لە ناوڕاست دوو لەت و ڕووبارێکی دوو لەت کە هەر دوو لەتەکەی، هەمان ئاوی شیرین و سازگار، هەمان قوڵی و شینی و هەمان ماسی کە هێڵێک لێناگەڕێ ئاوێتە ببن! دوو ئاوی هەمان پێکهاتە تێکەڵ نابن! ئەمەیە موعجیزە ڕاستەقینە و تراژیدیاکەی ژیان!
لە نێو ئەم هێڵە وەهمیانەدا کە ڕێژەی ئازار و فرمێسک و خوێن و تیژییەکەی، ڕەنگە بگاتە سێ سەد ملێون سکۆفیلی بیبەری تیژ!
ئەو پرۆفیسۆرە مالیزییە کە تا ڕادەیەکی زۆر، هەموو شتێک سەبارەت بە جوگرافیای گۆی زەوی دەزانێ. دەزانێت پاڵەپەستۆی هەوا، چۆن دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ڕەشەبا و زریان. دەزانێت چ ناوچەیەک بەستەڵەکە و کوێ بیابان. هەموو هێڵەکانی سەر ڕووی زەمین دەناسێت و ئاشنایە بە هێڵی ئیستیوایی. بەڵام هەرگیز نازانێت چۆن فیشەکی سەربازێکی ئینگلیزی، دیسانەوە هێڵێکی تر، لە تەوێڵی ئەم خاکەدا دەنەخشێنێ! فیشەکێکی ئاگرین کە بە دوای خۆیدا هێڵی جەنگ و هێڵی مین، هێڵی ئاگربارین و تەلەزی دەخوڵقێنێ. هێڵی وەهمی، چێنراو بە سەربازگە و مین! بێ ئاگا لەو هێڵە ڕاستەقینانە، بە ویژدانی ئاسودەوە و بێ ترس، لەو بەرزی بەرزەوە، خپ لێی دەخەوێت!
گەر چەند گەشتیارێکی بیانی، بۆ گەشتوگوزار بە ئۆتۆمبیل ڕوو بکەنە نێو چیا و شیو و ڕەوەز و سروشتی سەختی ناوچەکە. دیسانەوە ڕەنگە بە بینینی خەڵکی ناوچەکە و ململانێیان لە تەک سروشتی سەختدا، ئەو پرسیارەیان لە لا درووست ببێت کە مرۆڤ چۆن لە ئاوها شوێنێکدا بەرگەی ژیان دەگرێت. یا ڕەبولعالەمین…
سەرسام و پڕ پرسیار دەڕوانن و لە نێوان خۆیاندا دەڵێن. ئێرە بۆ وایە، یا ڕەبولعالەمین… کێ بێرەدا تێپەڕیوە! ئەم خاکە بۆ سووتاوە! قەد پاڵی ئەم گرد و تەپۆڵک و هەورازانە، بۆ دەڵێی سەری بڕاوی گان و پێستیان داماڵڕاوە! شوێنەواری ئەم ئاوەدانییە خاپورکراوانە، بۆ چ سەدە و ڕۆژگارێک دەگەڕێنەوە؟! ئەم هەموو هێما و بەردە کەڵەکانەی کێڵگەی مینە چییە؟ کەلاکی ئەم هەموو مەڕوماڵاتە، ئەم هەموو جێ چاڵی تۆپ و مووشەکە، لقوپۆپی شۆڕ و شکاوی ئەم هەموو درەختە، ئەم هەموو گۆڕستانە کۆن و نوێیانە چییە یا خودایی ئایین؟! ئەم قامیشەڵانانە بۆ بە با ئاوا دەناڵێنن! باڵندەی ئەم ناوچەیە، بۆ هێندە ئاوازی دەنگیان غەمگینە؟! ئەم مانگا بەڵەک بەڵەکانە بۆ وا لەڕ و لاوازن؟! ئەم تاشە بەردانە بە چ داخ و ئازارێک، واقڵیشاون؟! مەگەر خودای ئێرە، کێیە و بۆ پشتی لێرە هەڵماڵیوە؟!
خۆ ئەگەر تۆ خۆت کورد بیت و بەسەر کەرێکەوە، بەرەو گوندەکەی خۆت بەڕێوە بیت. ئەوجا دەزانیت ئەم ناوچە سەختە، چ ڕۆژگارێکی ڕەش و چ زنجیرە جەنگێکی خوێناوی و کاولکاری بینیوە! ئەم چین لەسەر چین، توێژاڵە خوێنە قەتماغە گرتووە کە هەموو شتێکی داپۆشیوە، چ مانایەک دەگەیەنێت. یان چەند چاوی تەماحی دوژمن و هەوڵ و هەڕەشەیی داگیرکردنی لەسەرە! کابرایی سەر کەرە سپی لە هەر تەماشایەکیدا بۆ پێدەشت و بەرزە زنجیرە چیای دەوروبەری، بە دڵنیاییەوە لە دڵی خۆیدا دەڵێت”یەکەم مین کە درووستکرا، لێرە لەم خاکەدا، نێژرا! ئای چەند سووتان و مەرگ و کاولکاریمان بینی یا ڕەبولعالمین…”
گەر تۆ ڕێکەوتی ئەو پیاوەی سەر کەرە سپییە بکەیت و پێی بڵێی”خاڵۆ، چیرۆکی حەمە و مین دەزانی؟”
بێ یەک و دوو دەڵێ”ئەی چۆن، کەرەکەیشم دەیزانێت… کەس نییە نەیبیستبێ کوڕم”
هاوشانی کەرە سپی پێ هەڵگرە و گوێ بدەرە چیرۆکەکە کە بۆت دەگێڕێتەوە…
پاش زنجیرە جەنگێکی درێژخایەن، داماوی و هەژارییەکی سەخت ڕووی کردە خەڵک، ژیان بە بارێکی زۆر قورس و تاڵدا وەرگەڕا.
حەمەمین، لە پێناو پەیداکردنی هەندێ خەرجی بۆ تەدارەکی گواستنەوەی ئامینی دڵخوازی، کە لە مێژ بوو چاوەڕێی کۆتایی جەنگ و هەڵهاتنی خۆری ئارامی و ئاشتی بوون. تا پێکەوە زەماوەند بکەن و ژیانی هەنگوینی بژێن. کەوتە خۆیی و قۆڵی کار و کەسابەتی لێ هەڵماڵی. بەڵام بە هۆی پاشماوەی جەنگە درێژەکەوە، کەس، یان کەم کەس دەیتوانی بچێتەوە سەر زەویوزاری خۆی. کێڵگەکان ببوون بە کێڵگەی مین. رۆژ نەبوو لێرە و لەوێ، خەڵکی ئاواییەکان نەکوژێت، یان کەلەپاچە نەکات.
نێو دەشت و شیو و چیاکان، پڕ بوون لە کەرەستە و تفاق و گوللەتۆپ و خڕکە شکاوی پاشماوەی جەنگ. بە درێژایی هێڵە دەستکردەکە، قەوانە تۆپی ڕەنگ ئاڵتونی و لەوح و چینکۆ و ئاسن و مس و فافۆن ڕژابوون. هەموو ئەو میتاڵانەش پارەیان دەکرد و دەڵاڵ و بازرگانانی خۆیان هەبوو و نرخی باشیان لە سەر دادەنا. ئیدی خەڵکی گوندە دوورەدەستەکان، کە بە هۆی مینەوە، نەیاندەتوانی مەڕداری و کوشتووکاڵ بکەن. بە لێشاو ڕوویان کردە سەر هێڵەکان، بۆ ئەو جێ قایم و هەوارە کۆن و خاپورانەی سەربازگەکانی ڕۆژگاری جەنگ، بۆ شوێنەواری ڕەبایە و بنکە و مۆڵگە و گۆڕەپانی جەنگەکان و بە دوای ئەو شتانەدا دەگەڕان کە پارەی بۆ دەکردن. ژن و پیاو کەوتنە دەشتودەر، بە کەر و وەڵاخ، لەوح و چینکۆ و تۆپەڵە دڕکەزی و قەوانیان دەهێنایەوە.
خۆرهەڵاتنێک، حەمەمین بە دەم باسوخواسی دنیاییەوە، هاوشانی مینا بێوەژن بە شیوەکەدا داگەڕان. شیوی دامێن ئاوایی، سەدای دەنگێکی بە سۆزی پڕ تراژیدیایی لێوەهەڵدەقووڵا.
قەت لە دونیادا نەبوو، بێجگە لە ناخۆشی بەشم…
ئەی خودا چەند بێکەس و بەدبەخت و چەند چارەڕەشم…
مینا لە مێژبوو پیاوەکەی ببووە قوربانی جەنگ و حەوت منداڵی سەر خڕ سەر خڕی بەسەردا جێهێشتبوو. ئەمیش بە دوو شۆڕە مەمکی زلەوە، کە تا سەر ناوکی هاتبوون. لە نێو شەڕواڵێکی خاکی پیاوانەدا، ڕۆژ تا ئێوارە ناوچەی شەڕگەکانی دەپشکنی. جودا لەوانی تر، مینا، تاقەتی کۆڵەبار و سەرئێشەی زۆری نەبوو. تەنها بە دووی ئێسکوپرووسکی قوربانییەکانەوە بوو. بست بە بستی خاکە پڕ بارووتەکە دەگەڕا و قوورسی ملی ئەو سەربازانەی دەدۆزییەوە کە بێ گۆڕ و بێ ناونیشان بزر ببوون. لە بەختی ئەویش، بە هۆی ساڵانی زۆری جەنگەوە، لەو قوڕسە ئیستیلانە زۆربوون. منداڵەکانی هەمیشە تێروپڕ و قەڵەو بوون.
دەگەڕا و ئەو پارچە ئستیلە بە زنجیرە ئاسنەی ناوێکی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، دانە دانە دەدۆزییەوە و لەگەڵ تورەکەیەک لە ئێسکوپرووسک، ڕادەستی سەربازگەکەی ئەو دیو هێڵی دەکرد و لە بەرامبەردا، فەردە ئارد و برنج و ڕۆنی وەردەگرت. مینا ئاوها بە مەدالیای ملی مرۆڤانێک کە لە مێژ بوو نەمابوون، منداڵەکانی تێر و گەورە دەکرد.
هەمووی چارەکە کاتژمێرێک نەبوو لە یەک جیاببوونەوە و هەر یەکەیان بەلایەکدا، حەمەمین بۆ ئاودیوکردنی کۆڵەبارەکەی کە هەندێ جار مس و فافۆن بوو، هەندێ جاریش جیوە بوو. لە پڕ ناڵەیەکی گەورە و هات و تەپوتۆز و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا. لە ژێر پێی حەمەمیندا، مینێک تەقییەوە. دوو قاچ و دەستێک و چاوێک، چەند باریکە پەنجەیەک و هەندێک تۆپەڵە بەز و گۆشت و مووی سەر، بە ئاسماندا دەفڕین! هاوکات هەرچی باڵندەی ئەو ناوە هەبوون، فڕیین.
جەستەیەکی نغرۆی خوێنیش، هەلاهەلا و پرژاڵ پرژاڵ، کەوتبووە نێو داروپەردووی ڕەبایە کۆنەکەوە و لە نێو تەپوتۆز و دوکەڵدا، بە ئاستەم نرکە و ناڵەی دەهات.
وەک هەموو جارەکانی تر، ئەو مەخلوقانەی لەو دەوروبەرەدا، گوێبیستی ناڵەکە بوون. بە پرتاو خۆیان گەیاندە شوێنەکە، شپرزە و پڕ ترسولەرز لە مینی تر، بە پێ خشکە و بازدانی سەر ئەم بەرد بۆ ئەو تاشەبەرد، خۆیان گەیاندە حەمەمین و خێرا خۆیان و پارچەکانیان کۆکردەوە و لە ناوچە مەترسیدارەکەیان دوور خستەوە.
خێراتر کەری هەگبە باریان هێنا و بەرەو ئاوایی ڕێچکە ڕێگایان گرتە بەر. تایەک حەممەمین و تایەک دەست و قاچە قرتاوەکانی. لە تایەکی هەگبەکەوە، پێیەکی خوێناوی و چوار پەنجە دەست و دەمی زەردی دوو قەوانە تۆپ، بە دەم لەنجەولاری کەرە سپییەوە دەشەکانەوە. تاکەی تریش سەری حەمەمین، پڕ شووخت و چۆڕاوگەی خوێن، بە یەک چاوی تەڵخەوە دەیڕوانی. ڕوانینێکی هێندە عاشقانە و گووناهانە بوو، بە ئاشکرا دیاربوو کە بیر لە چارەنووسی خۆیی و ئامینەی عاشقی دەکاتەوە. خاوەن کەر و بارەکە، لە دواوە خێرا خێرا نەقیزەی کەرەکەی دەدا و یەک لەسەر خۆی و شپرزە هاواری دەکرد. هەچە… هەچە دەی…
کاتێک گەیشتنە نێو گوند. حەممەمین هێندە خوێنی لەبەر ڕۆشتبوو، لە هۆش خۆی چووبوو. بە پەلە وەک پارچە سیپاڵێک کردیانە پشتی پیکابێکەوە و تیژ بەرەو شار ڕفاندیان.
ئەوەی مایەوە دەست و قاچ و چاوێک و هەندێ تۆپەڵە گۆشت بوو. لە سێبەری کزی دیواری مزگەوتەکەدا هەڵیانڕشتبوو. مناڵومەزمی ئاوایی و پیر و پەککەوتەکان، بە دیارییەوە هەڵکوڕمابوون و بۆی دەگریان. بۆ حاڵی و پرژاڵ پرژاڵی بە داخ بوون. بە چاوی فرمێسکاوییەوە، گەورە و بچوک، لەگەڵ یادەوەرییەکانیدا دەژیان. خەیاڵی جوانییەکەی، بە تەنگەوەهاتنی کێشەکانی ئاوایی، لەفز شیرینی و ئازایەتییەکەی، قوڵپ قوڵپ بە گریانی خستبوون. ناهەقیان نەبوو، کوڕی بە جەرگ و ئازای وەک ئەم جەستە هەلاهەلاییەیان هەرگیز نەبینیبوو. کەسێک ئاوا خۆشەویست و هاوخەمی هەمووان. لە کاروباری درەو و کێشە و خەلەوخەرمانا، کاری بۆ هەموان دەکرد. پایزان، هاوشانی خاوەن ماڵ، خۆی لە قوڕ دەنا و دیواری سواغ دەدا. زستانان بەفری بەر ماڵانی گوندی ڕادەدێرا. بەروبوومی ڕەز و باخی بۆ باخەوانەکان دەڕنی و هەمیشە لە پێشەوەی کوڕگەلی ئاوایی بوو بۆ کاری هەرەوەزی. ژن و پیاو، پیر و گەنج، ئەو ڕۆژە و بە بیستنی هەواڵەکە، خەم و گریان هەموویانی چەشنی بەفری زستان داپۆشی. سپی نا، ڕەش و مات و غەمگین.
پەیتا پەیتا دەچوونە سەر لەتەکانی جەستەی.
بە دیارییەوە باوکەڕۆیان دەکرد و لە ناخی دڵەوە بۆی دەگریان.” وای براڕوووو… کوڕی جوان و هاوخەمی گوندمان ڕۆۆۆۆ…”
” قوربانی ئەم دەست و مەچەکە زەردهەڵگەڕا و سیسەت بم کە دوێنێ ئەم حەلانە بژارت بۆ دەکردم…”
پیرە پیاوێک، نەرم و لەسەرخۆ، نێو لەپە زبرەکەی بە قاچە خوێناوییەکەدا دەهێنا و قورت قورت دەگریا.
” باوکەکەی باوکم، پێرێ ئەم حەلە بەم قاچەت قوڕت بۆ کەفماڵی خانووەکەم دەشێلا…
ئەو ڕۆژە و دوای کارەساتەکە، ناوی حەمەومین، وێردی سەر زاری هەموان بوو.”
ئامینی عاشق، بە بیستنی هەواڵەکە، ئاگر لە هەناوی بەربوو. لە تاو قوڵپی گریان، خۆی لە تەنوربانەکەدا شاردەوە تا برا و باوکی بەو حاڵە پەرێشانەوە نەیبینن. هێندە بە کوڵ گریا، ئاوی پێی داهات. شپرزە و بە چاوی پڕ گریانەوە. بە بیانووی هێنانی ئاوەوە، گۆزەی خستە سەر شان و بە کۆڵانی تەنگەبەری مزگەوتدا تێپەڕی. حەشاماتی دەوری لەتوپەتی یار، هێندەی تر بە گریانیان خست! کاتێ بینی لە نێو حەشاماتەکەدا، ئافرەتیش هەن. کەمێک ترسی دامرکایەوە و ئەویش بە گۆزەی سەر شانەوە، خۆی کوتا و بە پاڵەپەستۆ چووە دیار نیوە یارەکەی. بە دیمەنەکە دڵی هەڵشێواو و هێڵنجی دا. هەر زوو بە تاتۆ سەوز کاڵەکەی سەر نەرمایی دەستەکە کە گێڕ و نابووت نوسرابوو ” مین” زانی حەمەومینەکەی خۆیەتی. “ئاخر ئەو مینە هەمان ناوەکەی خۆی بوو! پێشتر دەیان جار حەمەمین، لە جێژواندا پیشانی دابوو و هەموو جارێکیش پێی وتبوو، ئەمە ناوی تۆیە، لەبەر لۆمە و ترسی خەڵک، ئاکەم نەنووسیوە.”
چاوی پڕ گریانی خستە سەر ئەو پەنجە خوێناوییە سیسانەی کە چەندین کەڕەت مەمکیان گووشیبوو. سەر ئەو چاوە تاریک و بێ ڕەونەقەی سەدان جار خۆی تێدا بینیبوو. سەر ئەو پەنجەی شایەتومانەی کە دەیان جار لە جێژواندا، بە گاڵتە و وەهم، بە دوو پەنجە ناسکەکانی، ئەلقەی هاوسەرگیری لێ هەڵکێشابوو.
قوڵپی گریان لە ناخەوە، وەک شەپۆل هورژمی هێنا. دەستی خستە سەر دەمی و لە شەرمی حەیا و حورمەتی خۆی، تیژ تێپەڕی و لە هەواڵەکە دڵنیابووەوە. ئەو هەموو ڕۆژەکە، یان لەو کاتەوەی هەواڵەکەیان پێڕاگەیاندبوو. هەزاران جار بەدەم هەنسک و قوڵپی گریانەوە، لە دڵەوە یان بە دەنگی بەرز، هاواری کردبوو( خودایە ئەو نەبێت، خودایە ئەو نەبێت، خودایە ئەو نەبێت…) تێپەڕی و لە بری ئاوی کانی، گۆزەکەی سەر شانی بە فرمێسکی چاوە خومارەکانی پڕ پڕ کرد. هاوکات ئاهێک لە ناخیدا کڵپەی سەندو و کردییە دوو لەتەوە. ئای سەرەتا بوو بە هەڵم و ئەوەی لە خۆیی و لە ناوی مایەوە، تەنها و تەنها مین بوو، وەک مینی سەر بازووە قرتاوەکە. مین عشقەکەی هەپروون بە هەپروون کرد.
لای مەغریب و پاش نوێژ، مەلا بە کوڕگەلی وت”ئەم گۆشتە تا بۆگەنی نەکردووە بنێژن. گۆڕێک لێدەن و ئەم دەست و قاچەی تێخەن و بە تاشەبەرد دایپۆشن، تا سبەی بەشە مردووەکەی تری دەگات” هەمووان هاوڕای مەلا بوون کە دەبێ گۆڕەکە پڕ نەکرێتەوە. کەس بڕوا بەوە ناکات حەمەمین بە زیندوویی بگەڕێتەوە ئاوایی. ئەوەی جەستە بێ پەلوپۆ و شیتاڵ شیتاڵ و خوێنینەکەی دیبێت. بۆ یەک ساتیش گوومانی لە مردنی نەدەکرد.
پاشماوەی قوربانییان خستە گۆڕەکەیەوە و لەترسی سەگ و چەقڵ، نەک زەفەری پێ بەرن بە تاشەبرد دایانپۆشی.
سبەی تا ئێوارە هیچ خەبەر و باسێک نەبوو. درەنگانێک، برایەکی حەمەمین گەڕایەوە و لە بەردەم مزگەوتەکەدا، خەڵکی گوند بۆ هەواڵ پرسین دەوریان لێدا. دەستی برد و لە تورەکەکەی بن هەنگڵی پێیەکی سیسی دەرهێنا و وتی:” دکتۆرەکان ئەم قاچەشیان لە خوار ئەژنۆیەوە بڕییەوە، ئەمیش بەرن و بیخەنە لای بەشەکانی تری…”
دیسانەوە براکەی وتی:” حەمەمینی برام هێشتا بێ هۆشە، دکتۆرەکان دەڵێن، تا چل کاتژمێری تر نەمرێت. لە مەترسی دەربازی دەبێت و دەژێت. دووعای خێری بۆ بکەن بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ناومان” کاتی زیاتر تێپەڕی و حەمەمین نەمرد.
پاش هەفتەیەک، مەلا بە کوڕگەلی ئاوایی وت:” بچن گۆڕەکەی پڕ بکەنەوە، ئەجەل بە دەستی پەروردگارە، وادیارە هێشتا ڕۆژی تەواو نەبووە. ئەلبەقائو فەقەت لیلاە… خۆ هەر دەمرێت. ئەوکات بەشەکەی تریشی هەر لەم گۆڕەدا دەنێژین. خۆ بە نیوە جەستەیەکەوە ناتوانێت لە پردی سیرات بپەڕێتەوە…” گۆڕیان پڕ کردەوە و دوو کێلیشیان بۆ دانا. بەڵام نە مەلا و نە کەس نەیدەزانی بۆ ئاوا حاڵێک، بۆ نیوە کەسێک دەبێ چۆن چۆنی تەلقین بدرێت! یان چی لەسەر کێلەکە بنووسرێت!
تا بارین، شاعیری گوند هات و بە بۆیەی سپی لەسەر کێلێکیان نووسی.
ئامین… ئامین
یا ڕەب لعالەمین
ئەمە گۆڕی مینە
خودا دانا و عەلیمە
حەمە هێشتا لە ژینە
لەتێک مردوو لێرە ئەمینە
لەتێک هێشتا بە تەمایی ئامینە
تەلقینی ناوی شەهیدی مینە
نامرێ و زیندووە، لایی ڕەبولعالەمینە
حەمەمین بوو بە دوو لەتەوە، لەتێک لە گۆڕ و لەتێک لە خەستەخانە. بوو بە وێردی سەر زاری خەڵک، باس هەر باسی چیرۆکی ئەو بوو. حەمە و مین، نەک وەک مەم و زین، وەک شیرین و فەرهاد، لەیل و مەجنوون، چیرۆکی ئەو وەک ئەو چیرۆکە تەقلیدیانە نەبوو. خەڵکی هەرگیز نەیاندەوت چیرۆکی حەمەمین و ئامین، چونکە ئەو خۆی قوربانی و قوربانی بوو. هەر لە خۆیدا وەک هاوکێشەیەکی کیمیایی دابەش ببو بەسەر خۆیدا، لە ناو خۆیدا وەک ئەمیبیایەک، ببوو بە دوو بەشەوە، جیاوازتر لەوەیش، ئەم دوو بەشی هاو دژ بوو. بەشێک مردوو لە گۆڕدا، بەشێک زیندوو لە ژیندا! خەڵکیش ببوونە دوو بەشەوە، بەشێک بەشە مردووەکەیان بە پیرۆز دەزانی و دەچوونە سەر گۆڕی مین، نزایان بۆ دەکرد و بە دەم گریانەوە نیازی دڵی خۆیان دەگرتەوە. بەشێکیش بۆ هەواڵ پرسینی، بە مەنجەڵە ماستی گەورەوە، دەچوونە خەستەخانە و لە نێو قاوشەکاندا، بەدەم پێچانەوەی سیگارەوە و بە دەنگی بەرز دوعایان بۆ دەکرد. هیوای شەفاعەت و تەندروسی باشیان بۆ دەخواست.
پاش سێ مانگ، حەمە بە سیمایەکی لاواز و قووپاوەوە، بە تاقە چاوێکەوە، بێ دەستی ڕاست و هەر دوو قاچیی، گەڕایەوە ئاوایی. خەڵک بە چەپڵە لێدان و هەلهەلەی خۆشی و دەهۆڵ و زوڕناوە، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرد. لە تەختایی دامێنی ئاواییدا، حەشاماتی ورد و دڕشت، نێر و مێ، بە جلی ئاڵوواڵاوە تێکچڕژابوون. حەمە کە بەسەر شانی پیاوێکی کەتەوە بوو، بە هەموو لایەکدا و بە تاقە دەستە چوار پەنجەکەی، ماچی هەوایی بۆ هەڵدەدان. ماچی هەڵدەدا و تاقە چاوەکەی بۆ ئامین دەگێڕا. سێ مانگی ڕابردوو بە هێزی چاوە ڕەشەکانی ئەو بەرگەی ئەو هەموو ئازارەی گرتبوو. سێ ڕیز پیاو و ژنیش، بە کاریگەری دەنگی بەرزی دەهۆڵ و زۆڕناکە و گۆرانی خێرای بەیتبێژەکان، سێ پێیی هەڵدەپەڕین و بە ناو یەکدا دەچوون. تەپوتۆز و بۆنی عارەقی بن باڵی پیا و ژن، فەزای گوندی داپۆشی. نیوە جەستە و نیوە ڕۆح حەمە پڕ پڕ بووەوە لە ژیان. تا دەمەو ئێوارە، حەشامات شاییولۆغانیان کرد. ڕیز ڕیز، دەچوون و ڕوومەت و تاقە دەستە چوار پەنجە پڕ برینەکەیان ماچ دەکرد! لەو ڕۆژە مێژووەی حەمەدا، ئەوەی دەرنەکەوت، ئەو تاقە کەسەی ئەو پێویستی پێبوو، لە هیچ لایەکەوە نە خۆیی و نە هەواڵێکی نەبوو.
دواجار بە ڕێوڕەسمێکی ئاهنگسازییەوە بە ڕێکەوتن بەرەو گۆڕستان. وەک ئەوەی بووک بەرن بۆ لای زاوا، تاقمی دەهۆڵ و زوڕنا و گۆرانی بێژان و سەماکەران، کەوتنەپێش. بە دوایاندا، ئەو پیاوەی حەمەی خستبووە سەر شان، هاوشانی مەلا و ئەنجومەنی گوند و یەک دوو پیاوماقوڵی تر ڕێیان دەکرد. حەشاماتی خروشاویش، لە ڕێچکەیەکی درێژدا، شاد و بەکەیف بە دوایاندا هەنگاویان هەڵدەهێنا. حەمە تاوناتاوێک، زەلیلانە ئاوڕی بۆ دواوە دەدایەوە، بەو ئومێدەی لە قەرەباڵغێکەدا، تاقە چاوەکەی بکەوێتە سەر جووتە چاوە ڕەشەکەی ئامین. ئەوە تاقە خەونی ئەو ڕۆژەی بوو کە نەهاتە دی.
حەشامات یەکوڕاست ملیان نا بۆ بەرزایی گۆڕستانەکە، بۆ سەر گۆڕەکەی خۆی. وەک ڕێزێک بۆ ماڵی مردووان، دەهۆڵ و زوڕنا و قوون بادان نەمان و ماتی و بێدەنگی جێی گرتنەوە. تێکڕا پێکەوە بە دەوری گۆڕەکەدا فاتیحایان خوێند. تێکڕا و پێکەوە نێو لەپیان هێنا بە سیمایاندا و بە کۆرس هاوریان کرد:”ئامین…” لە شیوی دامێن ئاوایشەوە، دەنگی گۆرانییەکی بە سۆز دەهات.
عەترم پێیەو بە دیاری دەیدەم بە تۆ…
حەمە هاوکات دەستی خستە سەر شووشە عەترەکەی بن باخەڵی، ئەوی هێنابووی تا بە دیاری بیداتە ئامینی عاشقی. لە ژێر لێوەوە وتی:”خودایە ئەم دەست و چاو وقاچانەم لە عەزابی قەبر ببخشە، ئەوان هیچ گووناهێکیان نییە، ئەوەی کردوویانە من لێی بەرپرسم. تا ڕۆژی گەیشتنە لایان، بە ڕەحمەتی خۆت بیانپارێزە و ئەوەی کردوویانە لە ئەستۆی منە، ئەم نیوە عەبدە زەلیلەی بەردەمت یا ڕەب لعالەمییییین…” پاشان مەلای گوند تێهەڵچوو:”ئەمە یەکێکە لە موعجیزەکانی ڕەب لعالمین، عەبد لە یەک وەقتا، هەم مردووە هەم زیندوو. لە ئادەمەوە تا ئێستا، ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتاندا، عەبدی خودا لە سەر گۆڕی خۆی فاتیحا دادات! ئەڵڵە لەم موعجیزەییە! قەتعی ئەی موسڵمانان، ئەوەی دەگەڕێتەوە مین نییە، مین لە حزوری خودادایە بۆ ئەبەد، ئەوەی دەگەڕێتەوە حەمەیە کە ئەمڕۆ یا سبەی وەفاتی قەتعی دەکات. ئەمڕۆ دەست و قاچی و سبەی سەر و خەیاڵات و تەماحەکانی. واقعی حەدەسی ئەم حیکایەتە یەکێکە لە ئایەتە زۆرەکانی خودا، ئێوەش وەک ئەم مەخلووقە زەلیلە، بەشێکتان لە تاوان و گوناهدا مردووە، بەشێکیشتان هێشتا ئەمەلی تێدا باقییە، لە ئیمتیحانی ڕەب لعالمیندایە… شوکری خودا بکەن تا نیوە دنیایەکەتان لە چڵک و مەلەزاتی حەیات دەرباز بکەن و پاک و بە تەقوا بگەڕێنەوە قاپی خوداوەند…”
هەر لە سەر قەبران، شاعیری ئاوایی خۆی هەڵدایە سەر گۆڕێکی هەڵبەستراو و بە دەنگێکی دڵێر و بەرز هاواری کرد:
مین قوربانییە
حەمە بەرنگارییە
نامرن ئەو دەست و قاچانەی
تا ئێستا خەباتیان کارییە
شاخ وتی دامێنم دادەڕمێ
بەڵام لووتکەم هەر باقییە
هەڵۆ وتی کلکم قرتاوە
ئەمما باڵم فێرە بەرزەفڕییە
خاک وتی مین لە لام لەوپەڕی ئارامییە
حەمە تا زیندوو بێ بۆ من دڵنیاییە
ئامین یا ڕەب لعالمین
حەمە بپارێزە لە هەرچی هەیە لە سەر زەمین
لە مین لە مین لە مین…
تەفروتوونای کە هەرچی هەیە کارگەی مین
ئامین ئامین ئامین یا ڕەبولعالە مین…
جەماوەر تێکڕا دایان لە چەپڵە و بە دەمی پڕ درووشم و هاتوهاواری، نامرێ نانوێ حەمە بێ مین، زیندووە نامرێ ڕۆحەکەمان، بەرەو خوار داگەڕان.
تا کونی ماڵەوە بەڕێیان کرد. برا و خوشکەکانی لە خۆشحاڵیدا دەگریان، حەمە لە مێژبوو دایک و باوکی مردبوون. خوشکە گەورەکەی بە گریانەوە دەیوت:”خۆزگە دایە و بابە، ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان دەبینی. دەیانبینی ڕۆڵەکەیان چۆن بووەتە قارەمانی نیشتمان، چۆن بووەتە هێمای بەرخوردان و نەمری…”
ڕۆژانی دواتر، پەیتا پەیتا، خەڵک دەهاتن و دەچوون. بە لێشاو دیاری و پارە و خۆراکیان دەکرد بە ماڵەکەیدا. چ وەک خێر و چ وەک خۆدەرخستن. ئیدی ببووە ڕەمزێکی گەورەی ناوچەکە، سەد و یەک حسابیان بۆ دەکرد. تەنانەت کەری واهەبوو پێڵاوەکانی خۆی بۆ دەهێنا، بێ ئاگا لەوەی کە قاچی نییە! حەمە ببووە موعجیزەیی سەردەم. بەڵام پەست و غەمگین، هەمیشە چاو لە ڕێی یار بوو. گەرچی هەمووان هاتن، بەڵام دڵی ئەو تەنها ئامینی دەویست.
پاش هەفتەیەک، کاتێ قەرەباڵغی سەر سەری ڕووایەوە و هەناسەیەکی تەنهایی هەڵمژی. وەک خەواڵوویەک، یان کەسێک بەنج بەریدابێت. سەرلەنوێ شێتانەتر لە عشقەکەی بە ئاگاهاتەوە، کەوتە وڕینە، خەیاڵی پێکگەیشتن لە دڵە لاوازەکەیدا دیسانەوە کەوتە ترپە ترپ. ئاگری ئامین لە ناخیدا، وەک مین دەتەقییەوه. لە خەیاڵی خۆیدا دەیهێنا و دەیبرد. لە دڵی خۆیدا دەیوت، ئامین بۆیە تا ئێستا دەرنەکەوتووە، دەیەوێت بە تەنها و دوور لە حەشامات، لە جێژواندا بمبینێ و تێر بە دڵی خۆی لە ئامێزم بگرێت.
ئەو هەفتەیە و تەنانەت سێ مانگی سەر قەرەوێڵەی خەستخانەش، بە سەدان جۆر لە ناخی خۆیدا و بە خەیاڵ، وێنای یەکەم دیداری خۆی و ئامینی کردبوو.” ئامین بە پرتاو دێت و توند لە ئامێزی دەگرێت و هەناسە سارد دەڵێت، ئۆخەی کە نەمردیت. ئامین بە خاوی دێت و دەڵێت، کەی دەنێریتە خوازبێنیم. ئامین بە خەندەوە دێت و دەڵێت، نیوە پیاو هەر خۆشمدەوێیت. ئامین بە مەکرونازەوە دێت و دەڵێت، بۆ گۆی مەمکەکانم، گرنگ سەر پەنجەکانتە کە شوکر ماون…”
بە هەزاران جۆری تر خەیاڵی یەکەم دیداری پاش نیوەبوونی خۆی و یاری دەکرد.
دەیویست بچێتە جێژوان و نەیدەتوانی.
بێ قاچووقول ڕێگاکردن مەحاڵە، چۆن بگاتە ژێر دار گوێزەکە؟!
بەو حاڵەوە، خەم و حەسرەتی عشق وەک مۆرانە لێیدا و تا دەهات ڕەنگ زەرد تر و بێ ئۆقرەتر دەبوو. بەسەر قەرەوێڵە شەقوشڕەکەیەوە، هەر دەجوڵا و جیڕە و زیکەی شڕە قەڕەوێڵەش تا بەرەبەیان نەیدەهێشت خوشک و براکانی بنوون. بۆ ڕەوینەوەی خەمەکانی و کەمێک فراوانکردنەوەی فەزایی ژیانی. براکەی لە تایەیی کۆنی تراکتۆر، لە شێوەی پێڵاو، ڕاخەرێکی بۆ قاچە نیوە بڕاوەکەی درووست کرد، تا لە خشاندا ئازاری پێنەگات. دارشەقێکی کورتیش بۆ بن قۆڵە قرتاوەکەی. پاش مەشقێکی زۆر بە نێو حەوشەکەدا، قورس و لاسەنگ دەیتوانی بجوڵێت. حەزی جێژوان و لە ئامێزگرتنی ئامین، هەوێنی ئەو هێزە پەنهانەی ناخی بوو کە پاش هەفتەیەک، وەک تەتەر دەجوڵا و قنج و قیت بە حەوشەکەدا پیاسەی دەکرد.
یەکەم شوێن کە دەرگای گەورەی حەوشەی بۆ ترازان، جێژوان بوو. پێشتر بە خوشکەکەی وتبوو:”کەمێک ڕێک و قۆزم کە، دەچمە دیداری ئامین…”
کڵاووجامانییەکی قووتی بۆ بەست، جلێکی کەشخە، قات و مراخانییەکی ڕەنگ خاکی لەبەر کرد و ئەو شوێنانەی زیادە بوو بۆ کەسێکی کەمئەندام مەقەستی لێنا و پڕ بە بەری ڕێکیخست. بۆنی خۆش و تیژی لێدا و بەرەو جێژوان بەڕێیخست.
پایز بوو، گەڵا بە ڕێز دەوەرین. سەرما بە ئاستەم، موچڕکەی بە لەشدا دەهێنا.
خشەخش کەوتە ڕێ. تا ژێر دارگوێزی نێو باخەکە، جێژوانی هەمیشەیی پێشوویان. گەلێک چاوەڕێی کرد. بەڵام ئامین دەرنەکەوت. لەگەڵ کەوتنی گەڵای دار گوێزە باڵاکەدا، خەونی دڵ و فرمێسکی تاقە چاوەکەی ئەویش، ئەو ڕۆژە بێ هوودە داکەوتن.
چەندین ڕۆژ لەسەریەک بە هەمان جلوبەرگ و هەمان گەرموگوڕییەوە چووە جێژوان. دەیڕوانییە گەڵاڕێزان، دیمەنی سەیری هەورەکان، شپرزەیی سمۆرە و مارومێرۆکان، ڕۆح و خەیاڵی ئاوێتەی دەنگی حەسەن دەکرد کە لە شیوەکەوە بە ئاستەم دەگەیشتە بەر گوێی. هەموو ڕۆژێک ئەمە حاڵی بوو، گەڵاو و فرمێسک دادەباران. کەچی کۆڵی نەدەدا و هەموو ڕۆژێک بە ڕێگاوە بوو.
دواجار ئێوارەیەک خوا کردی و خۆشەویستەکەی هات. مەعشووق بە ترس و شەرمەوە بۆ لای داگەڕا! جیاواز لە هەموو وێنای نێو خەون و خەیاڵی! بێ هەست و بێ خۆ ڕازانەوە، هات و لە لا تەنیشتییەوە بێ دەنگ هەڵکوڕما!
بە بینینی یار، حەمە وەک گوڵێکی ژاکاو، سەرلەنوێ گەشایەوە. تەزووی لەزەت، سەرتاپای جەستە لەت و شەکەتەکەی گرتەوە. لە بەختەوەریدا، خەریک بوو قاچ و باڵی دیسانەوە بڕوێنەوە.
بە پێچەوانەوە ئامین مات و غەمگین! جارانی پێشوو هەر کە دەگەیشتە ژێر ئەم درەختە، پڕ شەوق و لەزەت و پێکەنین دەبوو. پێشتر خۆشەویستەکەی قنج و قیت و بێ کەموکوڕی بوو، کوڕێک بوو دوو بازووی گەرم و دوو قاچی پتەو و ڕێک، مرۆڤێک لە ئیرادە و جەربەزەیی. سەرچڵ و بە ئاگا، پشت و پەنا و ئومێدی خەڵکی ئاوایی. سەروسیایەک و جوانییەک کە هەموو کیژانی گوند بۆی سووتابوون. ئەمێستا ئەوەی ئامین بۆ لای هاتووە. سیمایەکی پڕ شووخت و تاقە چاوێکی ڵێڵە، بنچکە دڕکێکە و بە زەوییەوە نووساوە! حەمەمین پێکەوە تەبا و گوونجا و جوانخاس بوو.
ئەمەی هەیە حەمەیەکی نیوە ناچڵ و پڕ عەیب و عارە! هاتبوو تا وەکوو ئەمەک و وەفایەک بۆ ئەو چەند ساڵەی پێکەوە سەدان بەڵێنی ڕەنگاوڕەنگیان بە یەک دابوو، داوای لێبوردن و مەرەخەستی بکات. هاتبوو تا پێی بڵێ بەم زوانە شوو دەکات و بۆ ئەبەد لە بیری بکات. بە گریانێکی نەرم و درۆزنانەوە، چاوە گەشەکانی بە چمکی کراسە گوڵگوڵییەکەی داپۆشی و لە ژێر لێوەوە وتی:” باوکم بە زۆر و زۆرداری لە ئامۆزایەکی خۆمی مارە کردووم. بەم زوانە دەمگوازنەوە بۆ شار…” بەڵام دیار بوو درووی دەکرد.
حەمە بە تاکە چاوە پڕ فرمێسکەکەی لێی ڕوانی و پێی وت:” تۆ گفتت بە من دا هەرگیز جێمنەهێڵی…”
کچە دیسانەوە وتی:”ئەو ڕۆژەی واتلێهات، لە حەیبەتانا ناوکم کەوت و تا ئێستا نەهاتۆتەوە جێی خۆی. ئای ناوەکەشم کەوت و لەو ڕۆژە بوومەتە مین، تەنها مینی ڕووتوقووت.”
کچە زیاتر لە پرمەی گریانی دا و لووشکە لووشک دیسانەوە وتی:” من حەمەمینم خۆشدەویست، بڕوانە خۆت؟! تۆ ئەو نیت، تۆ نیوەی ئەوی، نیوەت لە گۆڕستانە، کوا ئەو بازووەی ناوی منت لەسەر نەخشاندبوو؟! تۆ ئەوەتا بێ پەلوپۆی، قاچەکانت نەماون، گوومان دەکەم قاچی سێیەمیشت مابێ… ئیتر بە کەڵکی ژن هێنان نایەیت و چیتر بیر لە من مەکەوە…”
حەمە تاقە دەستە چوار پەنجەییەکەی بۆ درێژ کرد و توند دەستە نەرم و گەرمەکەی لە نێو لەپیدا گووشی و بە حەسرەتەوە و لە ژێر لێوەوە پێی وت:” کەواتە بە جێممەهێڵە و وەرە لەگەڵ من، پێکەوە و دوو بە دوو دەبینەوە بە حەمەمین.”
ئامین دەستی بە بەزەیی خستە سەر شانە داخورماوەکەیی و هەناسە سارد و غەمگین پێی وت:”هەرگیز ناتوانین پێکەوە ببینەوە بە حەمەمینی پێشوو. ئەمڕۆ تەنها بۆ ماڵئاوایی هاتووم. ئەمە دوا دیدارمانە و ئیتر قەت چاوەڕوانی من مەبە…”
هەر هێندە و دیسانەوە بە دەم گریانێکی مەکراویی و درۆزنانەوە هەڵهات.
حەمە، دڵ شکاو و تەنها، سەری داخست و لەگەڵ دەنگی بە ئاستەمی حەسەن کە لە نێو چەمەکەوە دەهات. ڤورت قورت کەوتە گریان. بە دەنگی بەرزی ئاوێتە بە گریان هاواری ئاوێتەی دەنگی حەسەن بوو” قەت لە مین خۆشنابم کە مینی لێم کرد…”
قەسەم بە زوڵف و پەرچەمت دینێ مەڕۆ دینێ
خاڵی جوانی دەورەی دەمت خاڵەکەی ئامینێ
دەبم بە شەریکی غەمت دینێ مەڕۆ دینێ
من دەبم بە شەریکی غەمت بەه لە بەر ئامینێ…
لەوە بە دوا حەمە تێگەیشت کە کەوتووەتە بارودۆخ و دنیایەکی نوێوە. دنیایەکی دۆزەخی، بێ هەست و بێ خۆشەویستی. هەر بە ڕاستیش دنیا گۆڕا، نەک حەمەمین بە تەنها! هەمووان گۆڕان. تەنانەت لەبەر یەک هەڵوەشان. هەموو عەبدلعەزیزەکان بونە دوو لەتەوە و عەزیزەکەیان لێ کەوت و تەنها بە عەبد مانەوە، جەنگ و برسێتی لەگەڵ پاشگرەکەیان لێکیدابڕین. ئیدی هیچ شتێک و هیچ کەسێک، پێکەوە تەبا نەبوون. سەردەمی هەڵوەشانەوە بوو. نەنە پیرەژنێک وتی:”تا ئێستا بەنیی واهەڵوەشاوم نەبینیووە، خوری چۆن وا دەبێ بئاڵۆسکێ؟! زەمەنی ئێمە، ئەو هەموو قالیی و بەڕە و کوڵەبانەمان درووست کرد. ئێستا هیچ شتێک پێکەوە هەڵناکات! جاران هەموومان پێکەوە بووین، ئێستا کەس نابینی لەگەڵ خۆیدا پێکەوە بێت و گۆرانی بڵێ…”
حەمە زوو تێگەیشت و گەڕایەوە بۆ ناخی خۆی. دنیایی لەبیر کرد بە ئامینیشەوە. موودەتێکی زۆر خۆیی دایە خوداپەرستی و نوێژ و ڕۆژوو. بە سەعات دەچووە سەر گۆڕەکەی خۆیی و سورەتی یاسین و فاتیحای دەخوێند. بەرۆکی خەڵکی دەگرت و باسی قیامەتی بۆ دەکردن. لەسەر نیوە گۆڕەکەی خۆیەوە و لە نیوەی شەودا، پڕ بە تاریکی ئاواییەکە هاواری دەکرد( بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای خودا ئەی زەندیقینە، ئەی مەلعونیینە… نیشانەکانی ئاخر زەمان دەرکەوتوون… بگەڕێنەوە، بگەڕێنەوە، بگەڕێنەوە…) لە نێو گۆڕستانەکەوە، تا بەرەبەیان وەک سەگ بە ئاوایی دەوەڕی.
بەڵام ژیان بە زوویی کۆتایی نایەت. لە نێوان سورەتی یاسین و دین، مین و ئامین، مرد هێند بڵێ بگەڕێنەوە، مرد هێندە بڵێ، پەنام بە تۆ گرت ئەی ڕەبولعالەمین…
بەو حاڵەشەوە، خەڵکی گوند، بەردەوام خێر و حەسەناتیان دەخستە چنگی حەمە و لە ڕووی سۆز و بەزەییەوە یارمەتییاندەدا. لە نێوان خۆیاندا دەیانوت” ناهەقی نییە داماوە شێت ببێت”
هەر بە ڕاستیش خەریک بوو شێت دەبوو. هەمیشە توڕە و تەوسن، لە نێو بێ هودەیی و فەوزادا دەژیا، پەرشوبڵاو و بێ ئامانج، شەڕی بە هەمواندەفرۆشت و لەسەر بچوکترین شت دەیکردە گاڵەگاڵ. هەتا دەهات توندڕەو تر دەبوو. تا دواجار هەموو ئاراستەی خۆی، بەرەو دراو گۆڕی. ئاین و ئیمانی تۆڕهەڵدا و ئەمجارەیان خوی دایە پارە کۆکردنەوە.
ئەو کە ئیدی ڕۆحی پێوە نەمابوو. پارە و سەروەتوسامان هێدی هێدی گۆڕییان و کردیانە مرۆڤێکی تر. سیحر و ڕەونەقی دینار، دین و خودای لا کاڵ کردەوە. دەنگی زرنگانەوەی کانزای پارە، خستیانە سەر سکەی تەماحی زۆر. لە قوڵاییدا، دیوە تەماحکارییەکەیان تێدا زیندوو کردەوە. هەر هێندەی خۆشبوو کە لە سێبەری مزگەوتەکەدا، کاتێک سەرشۆر گرمۆڵە ببوو. ئیماندارێک وەک خێر، دینارێکی ئاسنی فڕێدایە بەردەمی. بە دوایدا درهەمێکی تر و ئیدی بوو بە سواڵکەر.
پریاسکەیەکی کردە کۆڵ و حۆلحۆل دەگەڕا و لەپە چوار پەنجەیەکەی بۆ سواڵکردن دەخستە بەردەم چاوی ڕێبواران. هەرچی پارەی زیاتری بهاتایەتە چنگ، چرووک تر و ڕەزیل تر دەبوو. نە خوشک و نە برا، کەس کەس نەیدەزانی پارەکانی لە کوێ دەشارێتەوە! ئەو کە لە مێژ بوو، مرۆڤ نەمابوو. چەشنی سمۆرە و مێرولەکان، هەرچی چنگ بکەوتایە وەک ئەوان خێرا دەیشاردەوە. لە کون و کەلەبەرانێک، کە هێز نەبوو پەی بە شوێنەکانی بەرێت! بە تەواوەتی گۆڕا. بۆ هەموو چواردەوری ببووە قیرسچمەیەکی بستەبنەی ڕەزاگران، تەنانەت چەند جارێک لەسەر وردە پارەیی کەم، لەگەڵ خوشک و براکانیدا کردی بە شەڕ و گاڵەگاڵ و لە نێو گونددا کردیانی بە دز و حەیایی پێوە نەهێشتن! ئەوانیش چیتر تەحەموولیان نەکرد و برا گەورەکەی، شڕوشیتاڵی لە ماڵەکە هەڵدایە دەرەوە و ڕێکوڕەوان پێی وت:”ئیتر تۆ حەمەمینی برامان نیت، نیوەی یا هەموو مێشکیشت وا لە گۆڕەکەتدایە، بۆ کوێ ئەڕۆی بڕۆ، یەک جاری تر نایەڵم پێ بخەیتەوە ئەم ماڵە…”
حەمە هیچ نیگەران نەبوو، لە دڵی خۆیدا وتی: “زۆرترین پارە، مانایی زۆرترین دەسەڵات و خۆشترین ژیان، کەسم پێویست نییە…”
پێچەوانەی ئەو ڕۆژەی بە دەهۆڵ و زوڕنا، پێشوازی شاهانەیان لێکرد. تەنها و بێدەنگ، لە ئاوایی وەدەرهات.
بەدەم سواڵەوە و گوند بە گوند و پێ بە پێ کەوتە گەڕان تا گەیشتە شار.
شار بۆ ئەو دنیایەکی نوێ و فراوان بوو. دەیان مزگەوت و شەقام و کۆڵان، هەزاران هەزار مرۆڤی هەمەچەشن و هەمەجۆر، بوون بە پرۆژەی تەماحی. خەونی بەوەوە دەبینی دیسانەوە دوولەت و سەد لەت بێت. لە یەک کاتدا، لە هەموو پنتێکی قەرەباڵغی شاردا دەست بۆ پارە پانکاتەوە. ئۆقرەی نەدەگرت. لەم چوارڕیانەوە دەچووە ئەو چوارڕیان، لەم مزگەوتەوە بۆ بەردەمی ئەو مزگەوت. بیری لەوە دەکردەوە چۆن بتوانێ لە یەک کاتدا، پارەی هەموو خێر و حەسەناتێکی شار تەنها بۆ گیرفانی ئەم بێت. لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنێک بێت.
هەر زوو سواڵکەرانی شاری بە دوژمنی باوەکوشتەی خۆی دانا و بۆی بکرایە هەموویانی شار بەدەر دەکرد.
خەونی بەوەوە دەبینی پارەی هەموو شار لووشداتە گیرفانەکانیەوە. چەندین شەو بەدەم یەک خەوەوە ڕادەچەڵەکی! لەبری دەست و قاچەکانی، هەزاران گیرفانی گەورە گەورە، قووڵ قووڵ هێندەی شیوە قووڵەکانی ناوچەکەی، لە هەموو جەستەیەدا ڕوا بوون. پڕ پڕ لە دراو و لیرە و ئاڵتوون، هەزاران گیرفانی قورسی پڕ دیناری ئاسنی هانکەهانک بە دوای خۆیدا کێش دەکرد! بەردەوام لە خەونەکەیدا، شوێنێک شک نابات ئەو هەموو پارەیی تیا حەشار بدات و لە ترسی سواڵکەرانی تر و دز و پیاو خراپ، بەدەم هاوارێکی بەرزەوە ڕادەچەڵەکێ.
خەڵکی شار لە زۆر شوێن ڕێکەوتیان دەکرد و یارمەتییاندەدا. زۆربەی کات لە چوارڕەیانی شەقامەکەدا لار و خێچ ڕادەوەستا. بە نێو ئۆتۆمبیلە ڕاوەستاوەکاندا زیکزاک تێدەپەڕی و بە چاوێکی خەماویی و پڕ بەزەییەوە لە سەرنشینەکانی دەڕوانی و بە زمانی حاڵ داوای پارەی لێدەکردن. بە سەرما و بە گەرما، دەتبینی. لە جلکێکی شڕوشیتاڵ و چڵکندا، کە توێژالێک لە دووکەڵی ئۆتۆمبیل، دایپۆشیبوو. سیمایەکی ڕەقەڵەی ڕەشداگەڕاوی نابووت، بە کەشکۆڵی لا کەمەر و گیرفانە هەڵئاوساوەکانییەوە، لە نێرە چۆلەکەیەکی دەرچووی نێو خۆڵەمێشی تەنوربانی دەکرد. نەک بەنیئادەم.
هەندێ جاری تریش، لە نێو جەرگەی بازاڕە قەرەباڵغەکاندا، لە بن دیوارێک هەڵدەکورما. سەری بەسەر دەستەسڕەکەی بەردەمیدا شۆڕ دەکرد و بە جۆرێک هەڵدەنیشت، هەموو ڕێبوارێک قاچ و دەستە قرتاوەکەیان بە یەکەم نیگا، هەست پێدەکرد.
جارێک ڕێکەوتی ڕووداوێکی سەیر بوو. دەستێکی سپی پڕ بازنگی ئاڵتوون، تا سەر دەستەسڕە چڵکنەکەی داگەڕا و دوو دیناری ئاسنی بۆ دانا. حەمە لەگەڵ سەر هەڵبڕیندا، دڵی داخورپا، ڕەنگی لە ڕەشی چڵکنەوە، گۆڕا بە زەردی شەرمەزاری! تاقە چاوەکەی کەوتە سەر سیمایی سپی ئامین. لە یەک ساتدا و بۆ چەند چرکەیەک نیگایان یەکانگیر بوو. یەکترییان ناسییەوە. ڕەنگی ژنەش لەپڕ هەڵبزوڕکا و خێرا هاواری لە کوڕەکەی دوای خۆی کرد.” ئەمین پێ هڵگرە…” تیژ هەڵهاتن.
هەتا لە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا لە چاو ونبوون، حەمە لە دواوە تەماشای کردن. زیاتر چاوی لەسەر مێردمنداڵەکە بوو و بەردەوامیش لە ژێر لێوەوە ناوەکەی دەوتەوە. ئەمین، ئەمین، ئەمین…
تاوێکی باش بە تاقە چاوەکەی فرمێسکی دڕشتی ڕشت. یادەوەری هەڵیپێچا بۆ ڕۆژگاری دوور، بۆ گفتوگۆی شیرینی جێژوان. ئەو کات بڕیاریان وابوو گەر کوڕیان بوو، ناوی بنێن ئەمین، گەر کچیش بوو ناوی بنێن گوڵچین. قوڵپ قوڵپ دەگریا و لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد” گەر مین نەبوایە، ئێستا ئەمین کوڕ گەورەی من بوو”
بە خەیاڵ گەڕایەوە بۆ سەردەمی گەنجێتی و قیت و قۆزێکەی، بۆ ڕۆژگاری کوڕێنی ناو ئاوایی کە هەمووان خۆشیاندەویست و بە چاوی ڕێز و خۆشەویستییەوە لێیان دەڕوانی. بۆ ڕۆژگاری سەروەری و دڵداری و دڵی پڕ هیوا. گریا گریا زۆر گریا. پاشان دامرکایەوە و دوو دینارەکەی خستە گیرفانی سەر دڵە غەمگینەکەی و هەناسەیەکی قووڵی خۆشبەختی هەڵمژی. بەڵام دیسانەوه یادەوەری هەڵیپێچا، دیسانەوه کەوتە گریان. تا ئێوارە، هەر کەسێک پارەی بۆ دانایە، دراوسێ پێڵاو بۆیاخچییە هەرزەکەی تەنیشتی بە لاقرتێوە دەیوت” پارەکەت هەڵگرەوە، ئەمڕۆ پشوومانە کار ناکەین…”
پاش ساڵانێکی زۆر، ئەو بە هەموو جێگاکان ئاشنا بوو. لە هەموو شوێنێک دەبینرا. لە مۆڵەکان، لە بەنزینخانەکان، لە سەر پرۆژە گەورە و بچووکەکان، لە باخە پڕ تاوسەکان و شوێنە گەشتیارییەکان. بە ڕادەیەک بەرز بووەوە، دۆلاری ناسی! بوو بە یەکەم سواڵکەری دۆلار، هەوایی کەشوفش و خۆ بە گەورەزانی تێیگەڕا و ئیتر هەمیشە لە ژێر لێوەوە دەیگووت:” ئیتر من هاوشانی پیاوە کەچەڵەکەی سەر سەد دۆلاریم…”
حەمە وەک ساحیر لە یەک کاتدا فریایی هەموو جێیەک دەکەوت! لە هەموو شوێنێک پارەی کۆدەکردەوە. گەیشە ئاستێک کە ئیتر وەک ڕابەر و سەرکردە، گروپی سواڵکردنی دروست کرد. دەیان منداڵی بێ کەس و بێ لانەی لە خۆی کۆکردەوە. خەونی خۆی هێنایە دی و لە یەک کاتدا، سەدان منداڵ و مێردمنداڵ، لە تەواوی شاردا و لە ژێر دەستی ئەودا پارەیان کۆدەکردەوە، یان پارە و ئاڵتونیان بۆ دەدزی. گروپێک کە سڵیان لە هیچ نەدەکردەوە. ڕۆژ و شەو، لە هەموو کونج شوێنێکی شاردا هەبوون و کاریان دەکرد. ئیتر حەمە شاهانە دەژیا و شەوانە دەوری قەرەباڵغ و باشترین ویسکی دەخواردەوە. باخەکەی پڕ کردبوو لە تاوس و کچی جوان.
وەک ئەوەی بەشە جوان و خوداییەکەی لە مێژ بێ مردبێت. بونەوەرێک بوو لە تەماح و چاوچنۆکی، تەنها وەک منە غەریزە و شەیتانییەکەی مابوو. وەک ئەوەی لە دابەشبوونیدا، هەموو مرۆڤ بوونی بەر گۆڕ و هەموو پۆخڵەواتەکانی بەر مانەوە کەوتبێ. مرۆڤێک بوو، مین لە ناوڕاستەوە هەرچی جوانی هەبوو کوشتبێت و هەرچی ناشرینیش هەبێت مابێتەوە.
هێدی هێدی زەمەن کاری خۆی لەسەر دەکرد. تاقە دەستەکەی کەوتە سەر لەرزین. تاقە چاوە پڕ تەماحەکەی کز و کزتر بوو، بە ئاستێک بەهای پارەکانی بۆ جیا نە دەکرایەوە. لە نێوان دۆلارێک و دینارێکدا، نەیدەزانی کامیان بە بەهاترە. دز و تەماحکار پەیتا پەیتا پارەیان لێ دەکێشایەوە. سووکوڕیسوا و بێ کەس و سەرلێشێواو نەیدەزانی دەبێ چی بکات.
وەک هەر مرۆڤێک، داڵغە و خەیاڵی شوێنی لە دایکبوون، هەواریی عشقەکەی، گۆڕی مینی نیوەکەی، لە کەللەیی دا و پاش سی و دوو ساڵ لە سواڵ و کۆکردنەوەی پارە، پیر و دەردەدار، گەڕایەوە گوندەکەی خۆی. خەڵکی هەوارەکەی سەرەتا نەیاناسییەوە. ئەو بە دوو باردا تەواو گۆڕابوو. وەک خۆی بچووکتر و گرمۆڵەتر و پیرتر ببوو. سەروقژ تێکچڕژاو و ماشووبرنجی، دەموددان کەل و قووپاو وەک تەنکە شکاوێکی سەر سەگوردان. بەڵام لە جلوبەرگێکی پاک و کەشخەدا. لە هەمووی سەیرتر، ئەو ئیتر بە خشەخش نە دەڕۆی. بەسەر عارەبانەیەکی کەمئەندامی نوێی و ئۆتۆماتیکییەوە بوو کە بە کۆنترۆڵی پەنجەکانی دەجوڵا. ئەوەی کە دەستی چووبووە خۆی و پارەکانی، لای خەڵکی والێکدرایەوە کە نیشانەی نزیکبوونەوەی مەرگێتی.
سی و دوو ساڵە، نیوە جەستە و نیوە ناو دەژێ. خەڵکی ناهەقیان نییە وادەڵێن. هەرچۆنێک بێت هەر سێ ساڵی تر دەتوانێ بەرگەی ئەم دنیایە بگرێ. هاکا بەلادا کەوت و ڕۆحی دەرچوو…
کەس لە پێشوازیدا نەبوو، هێندە نابوت و قێزەون بوو، هێندە چرووک و نا مرۆڤ بوو، خەڵک وەک گەڕێک، وەک پەتادارێکی کوشندە و بێ ئەرزش تەماشایان دەکرد! شکڵ و شێوەیەکی هێندە قێزەون و پەڵەداری هەبوو، مرۆڤ لێی دەترسا. لە کاغزە پارەیەکی کەم ئەرزش و ژاکاو و چڵکن دەچوو.
بەر لەوەی داکشێ بۆ ناو ئاوایی، یەکوڕاست ملی گۆڕستانەکەی گرتەبەر. بە عارەبانەکەیەوە گەیشتنە سەر گۆڕەکەی مەحاڵ بوو. لەو ماوە درێژەدا هێندە خەڵک مردبوون، دەوروبەری گۆڕەکەی هەموو کێل بوون. بە ناچاری لە عارەبانەکەی دابەزی و دیسانەوە خشەخش داکشا بەرەو نیوەکەی خۆی. زۆرێک لەوانەی کاتی خۆی چاوەڕێی هێنانەوەی تەرمەکەی بوون تا لەگەڵ دەست و قاچەکانیدا بینێژن، مردبوون. مەلای گوند و برا گەورەکەیی و ئەو جووتیارەی هەمیشە لە دامێنی شیوەکەدا و بە دەم کارکردن لە نوێکردنەوەی ڕەزەکەیدا، بەردەوام بە تەسجیلێک و موکەبەرەیەکی گەورەوە، گۆرانییەکانی حەسەنی لێدەدا و بە هەموو فەزاکەدا دەنگی دەدایەوە، لەگەڵ خەڵکوخوایەکی زۆری گوندا، مردبوون.
مەلای گوند، نیوە شەوێک لە شیرینی خەودا، کچ و کوڕ و ژنەکەی دەیخنکێنن. لە بەردەم دادوەریشدا، بێ شەرم و ترس دەڵێن:”کووشتمان چوونکە درۆی زۆر دەکرد!”
زۆری تری گۆڕەکان، لەسەر کێلەکانیان نووسرابوو بە کارەساتی مین گیانیان لە دەستداوە، یان لە شەڕی ناوخۆدا کوژراون، لێیانخۆشبە ئەی ڕەبولعالەمین…
لە نێو قەفەزی گۆڕی جووتیارە عەوداڵەکەی حەسەن زیرەکیش، تەسجیلێکی گەورە و وێنەیەکی خۆی و دوو وێنەی زیرەک هەبوون. لە چوارچێوەیەکیشدا، بە خەتێکی جوان وتە هەمیشەییەکەی سەر زاری نووسرابوو”خەڵک دەوڵەتیان هەیە، ئێمەش حەسەن زیرەک”
بەر لە حەمە، چەند کەنجێک کە هاتبوونە سەر گۆری ئازیزێکیان، پەنجەیان بە دووگمەی تەسجیلەکەدا نابوو. حەسەن پڕ بە سروشتە جوان و واڵاکە، دەنگی، ڕۆحی بە بەر دار و درەخت، چیا و ئاسمانە ساف و بێگەردەکەدا دەکرد.
حەمە لە خۆخشان و زیکزاکیدا بۆ سەر گۆڕەکەی خۆی. ڕووی تەقی بە کێلی شاعیری گونددا، تاوێک وەستا و نوسینی سەر کێلەکەی خوێندەوە.
ئامین… ئامین
ئەمە گۆڕی هەموو مێژوومانە دوای زایین
بارین نازناوی شاعیری سەردەمی ئازار و تۆقین
لێرە لەم گۆڕە ڕاکشاوە بۆ ئەبدلئابدین
لەسەر وەسێتی خۆی ئەم چەند دێڕە دەنووسین
خواعەلیمە دوژمن نەیهێشت بژێت لە سەرزەمین
تۆ بیپارێزە لە عەزابی قەبر و نار و جەحیم
لە بەهەشتی بەرین، شادیکە گەورەمان بارین
ئەجمەعین یا ڕەبولعالەمین…
ئامین… ئامین
حەمە ژیان دڵی گۆڕیبوو بە بەرد، دڵێک وەک بەرد ڕەق. مەرگی هیچ کەسێکی بۆ گرنگ نەبوو.
گەیشت و بە دیار گۆڕی خۆیەوە هەڵکوڕما. لە ژێر لێوەوە سڵاو و درودی بۆ بەشە مردووەکەی خۆی نارد. ژیان بە ڕادەیەک ماندووی کردبوو، لە ژێر لێوەوە وتی”خۆزگە ئێوە لە جێی من و منیش لە جێی ئێوە دەبووم…”
فاتیحای بۆ خۆی خوێند و لە ژێر لێوەوە وتی”ئامین”
هاوکات حەسەن دەنگی لێهەڵبڕی”ئامینێ و ئامین… وەی دەردم تاوتاوە… شەو لە ناڵەی من، ئەی سیروان بێ ئاوە…” حەمە بە دەنگی حەسەن و خەیاڵی ئامین، کەوتە نێو پووچی خۆیەوە. دەستی خستە سەر گیرفانە هەڵئاوساوە پڕ پارەکەی و مات و غەمگین، سەری شۆڕ کردە بەر قاچە بڕاوەکانی. دەیزانی کۆتایی نزیکە، دەیزانی لە ئەسپێکی قاچ شکاو دەچێت. تەمەنای دەکرد کەسێک فیشەکێکی ڕەحمەت بنێ بە نێوچەوانییەوە! هێندە دنیادیدە بوو و دەیزانی چیتر کەڵکی ژیانکردنی پێوەنەماوە. هێندەش ترسونۆک کە هەرگیز نەیدەتوانی خۆیی بکوژێت. پڕ گریانی پەشیمانیی و شەرمەزاری، دەستە چوار پەنجەکەی بردە باخەڵییەوە و لە نێوان سەفتە پارەی ژاکاوی سواڵیدا، قورئانە بچووکەکەی دەرهێنا. ناوی خودایی هێنا و کەوتە خوێندنەوەی سوورەتی یاسین.”وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ، إِنَّكَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ”
حەسەنیش، بەرزتر و پڕ بە گۆڕستانەکە و هەموو مێرگ و کەند و لەند و هەوراز و نشێوە و پەسێو و هەڵدێرەکە، پڕ بە بەندەن و باخ و مێرگ و تەلانەکە، پڕ بە سروشتە پانوبەرینەکە، تەبا و هاوگونجاو. دەنگ و ئاوازی، هاوشەپۆلی شنەی کوێستان، ژیانی بەبەر هۆبە و هەوار و لادێ و چیا بریندارەکەدا دەکردەوە.
“ئامینێ و ئامین، هەر تۆی دنیا و ژینم
کۆڵەکەت دانێ بیکە بە سەرینم
چوونکێ تاقانەی هەی مەرگت نەبینم
ئامینێم تاقانەی، هەی مەرگت نەبینم…”

عومەر سەید

Previous
Next
Kurdish