Skip to Content

گۆرەوی دڕاو … شوان سەعید

گۆرەوی دڕاو … شوان سەعید

Closed
by ئازار 6, 2019 General, Poems

ڕۆژێک ئەگەر بیرت کردم ..
ڕۆژێک ئەگەر بڕیارتدا سەردانم بکەیت، ئەگەر ئەو ڕۆژەی
تۆ دێیت بۆلام بەدبەخت نەبم و
پارەم پێ بێت، داوەتێکی شاهانەت دەکەم،
قاوە بە فرمێسکەوە
دەخۆینەوە، پیزاش بە پێکەنینەوە ..

شەوێکی پایز ئەگەر بڕیارتدا
بەلای خەونێکمدا تێ بپەڕیت، من بە کۆشێک پەپوولەوە
دەتنێرمەوە بۆ ژێر بەتانییە پەمییەکەی
خۆت، لەگەڵ ئەو بەتانییەم بوو; کە وێنەی شاتوویەکی
لەسەر بوو ..

حەز دەکەم بە سواری پاسکیل سەرکێشی
گەورە بکەم
حەز دەکەم بەسەر هەورەکانی دیار ماڵتاندا بڕۆم، ئاسکرێم
بخۆم و زمانت لێ دەربهێنم ..

ئەگەر دڵتەنگ بووی، لەتەنیشتی منەوە هاوار مەکە،
مەقیژێنە
با ئاسمانی حەوتەم بەسەر مندا نەڕوخێت
ئەگەر دڵتەنگ بووی زوو ئاگادارم بکەوە، بە خۆشحاڵیەوە
بە خاتری دڵی تۆ دەچم لەبەردەمی گڵۆپی
سەوزی ترافیکەکاندا دەنووم ..

گۆرەوییەکەم دڕاوە، بە ئاسانی دەتوانیت
پەنجەگەورەی پێمی لێوە ببینیت،
گۆرەوییەکانم دڕاوە، شووم پێ بکەی، پەنجە گەورەی
پێم دەبڕمەوە ..
گاڵتەم کرد شوو بە من مەکە
دەنگی گریانی دایکم ناهێڵێت شەوان بنوویت ..

گەورە بۆتم، سەگ و پشیلەکانم دەدەم بە منداڵانی گەڕەک
دەچم حەبی زەخت و شەکرە و پشت هێشە .
بۆ دایکم دەکڕم
دەچم کرێکاری دەکەم، کەباب دەخۆم و بەپێوە
میزدەکەم ..

پزیشکەکان دەڵێن: باران بۆ پێکەنین باشە،
ئەگەر ئەمساڵ بەرهەمی گەنم باش بوو دەچم تاقمێکی
ددان بۆ دایکم دروست دەکەم ..
حەز دەکەم بەر لە مردنم جارێکی تر بریسکەی ددانەکانی
دایکم ببینم ..

تۆ سمۆرەی منیت،
شەوێک بەناو کەلوپەلی خوشکە مردووەکەمدا گەڕام،
کە دایکم چەند ساڵە هەڵی گرتووە
تەباشیرێکم نەدۆزیەوە لەسەر دیواری ماڵتان
بنووسم: سمۆرە جوانترە لە کەروێشک ..

زانکۆم تەواوکرد، هیچم بیر نەماوە دوو شت نەبێت:
ڕەنگی چاوی “کاڵێ”، ..
تامی ئەو چوار لەفەجگەرەی ئێوارانێک من و “ڕێبوار”
پێکەوە خواردمان و
برسیمان بوو، پارەشمان پێ نەبوو،
کابرای دووکاندار، شەش هەزاری باقی دایەوە پێمان .. !!

نامەوێت ببیت ژنێکی لەشفرۆش و
دامێنی خۆت هەراج بکەیت بۆ قوتوویەک شیر ..
نامەوێت لەتەنیشتی منەوەبیت لەداهاتوو، ڕەنگە حەزت
لەهەزار شت بێت و نەتوانیت بیکڕیت ..

بڕۆ واز لە ژیانی من بێنە،
مرۆڤی هەژار کەرامەتی لەکوێ بوو،
بڕۆ بەلایەنی کەمەوە دەستی پیاوێک بگرە بتوانێت
کەرامەتت بپارێزێت و
ئەو خەونانەت بۆ بەدی بهێنێت کە لەماڵی باوکت
نەتتوانیووە پێیبگەیت ..!!

بۆ زانیاریت: ماڵی ئێمە درێژە پێدەری دۆزەخەکەی
ماڵی باوکتە ..!!

شوان سەعید

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish