Skip to Content

پرسی کوردەکان کاری ئێمەیە.. ‌هێرڤێ هامۆن.. لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف

پرسی کوردەکان کاری ئێمەیە.. ‌هێرڤێ هامۆن.. لە فەڕەنسییەوە: دیار عەزیز شەریف

Closed
by ئه‌یلول 18, 2022 General, Opinion



وڵاتەکەیان کە بە رۆژئاڤا ناودەبرێت، بە هەوڵ و تێکۆشانێکی مەزن لە ٢٠١٢ لە سەروبەندی “بەهاری عەرەبی” کۆنترۆڵیان کرد. ئەوان نیشتیمانەکەیان لەنێوان دیجلە و فورات ئاواکرد، خاکێک کە چوار ئەوەندەی لوبنان گەورەترە لەسەر بنەمای پرەنسیپە بەهێزەکانی : عەلمانیەت، یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاوان، گرنگیدان بە ژینگە بەڕێوەی دەبەن. دژ بە ئەسەد، و لەگەڵ مەسیحی و عەرەبە هاوپەیمانەکانیان لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک.
لە ماوەی شەڕی سوریا، ئێمە سەرسامی ئازایەتی ئەوان بووین، بەتایبەتی ژنەکانیان لە بەرەی شەڕدا. ئەوان قەڵای ئێمە بوون لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە قوربانیدان بە گیانی ٣٦ هەزار شەڕڤان لە کۆبانێ -یەوە (٢٠١٤) هەتا رەققەی “پایتەختەکە” (٢٠١٧)، رایانماڵین، ئەو راماڵینەی کۆتایی بەوە هێنا کە خۆی بە خەلافەتی ئیسلامی ناساندبوو. ئێمە ئەوانمان وەک سەری رمی خۆمان، قەڵغانمان دەزانی، بەڵام دۆناڵد ترامپ، لە ٢٠١٩، پشتی خۆی تێکردن، مەیدانەکەی بۆ تورکەکان چۆڵ کرد تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان بتوانن ئەوەی کە بونیادنرابوو لێکی هەڵبوەشێننەوە. ئەردۆغان، کە بەدرێژایی ٨٠٠ کیلۆمەتر دیوارێکی لەنێوان تورکیا و رۆژئاڤا دروستکردووە، تاکە خەون و خەیاڵ و وەسوەسەی پەلاماردان و لەناوبردنی گەلی کوردە، وەکچۆن رۆژگارێک باب و باپیرانی هەمان پەلاماردان و کۆمەڵکوژییان لە دژی ئەرمەنییەکانیان ئەنجامدا. ئەردۆگان نیازی دامەزراندنەوەی ئیسلامییەکانی لەسەر ئەو خاکە هەیە کە داعش بیرو مۆڕاڵی خۆی تێیدا سەپاندبوو، و چوار جار، هێرشی کردە سەر کوردەکان بەبێ ئەوەی خۆرئاواییەکان، “دۆستەکانی کوردەکان”، ڕابچڵەکێن.
لە رۆژهەڵات، عێراق گەمارۆیەکی تەواوی سەپاندووە. لە خۆرئاوا، تورکە دزەکردووەکان خەریکی پاکتاوی ئیتنیکین، هاوکات سوپای عوسمانی بۆمبارانی قوتابخانە و گوندەکان دەکات. لە باشوور، ئەسەد، کە دەتوانێت پشت بە بەئاگایی ئیران ببەستێت، لە دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ تۆڵەسەندنەوە. ئێمە دەزانین تورکەکان خۆیان بۆ دوایین هێرش و پەلاماردان ئامادە دەکەن. ئەوان دەستیان بەسەر بەنداوەکانی دیجلە و فوراتدا گرتووە، ئاوی تەندروست بۆ ئاژەڵان و بەروبومی کشتوکاڵی نەماوە. رۆژئاڤا لەسەر لێواری برسێتی دایە، لە چاوەڕوانی جەنگەکە. فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەردۆغان بەوردی ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و دەپێکن، سەرکردە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج – حەفتیان، کە زۆربەیان ژن بوون، کوژران.
لەو کاتەی ئێمە لەسەر سکرینی میدیاکان خەریکی مشتومڕ و دەمەتەقێین لەبارەی هەوڵی قێزەونی تیرۆرکردنی سەلمان روشدی، ئایا درکمان بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئیسلامی هەڕەشەی دروستکردنەوەی خۆی لەسەر خاکی کوردی دەکات، بەدەست و بازووی یەک لە ئەندامە سەرەکییەکانی ناتۆ، “هاوپەیەمانەکەمان” ؟ مافی کوردەکان بەشێکە لە مافی خۆبەڕێوەبەریی گەلان، هەروەکو ئۆکرانیا. بێباکییە سەرلێدەرنەکراوەکەشمان بارگران بووە بە مەترسیگەلێک کە رۆژێک دێت بەشێوەیەکی کوشندە بەرۆکمان دەگرێت.

—————————-
سەرچاوە:
https://www.letelegramme.fr/debats/courant-d-ere-les-kurdes-sont-notre-affaire-20-08-2022-13155859.php

رۆژنامەی تێلێگرام

Previous
Next
Kurdish