زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين: دەسپێکم چۆن بێت.. سەردار جاف
دەوڵەمەندی بير و پاشخانی ئەبستمۆلۆژی و رۆحی ئارەزوومەندانەی نووسين، ئەو دەرگايەيە بەهەشتی خودناسين بە رووی پانتایی دونيای ئەدەب و هونەر و رۆژنامەوانی و سياسەت و ئيکۆنۆمی و …..تاد، لە بەردەم هەرتاکێکمانە دەکاتەوە و بەخت يارمان دەکا بۆ خۆشبەختی، راستە نووسين لە ئەدەبدا پێويستی بە ئارەزوويەکی هەڵقوڵاوی ناخ هەيە، چونکە نووسينێک لە ناخی راستگۆیی خودەوە دەربچێ وەرگری زياتر دەبێت، مەرج نييە هەموو سياسييەک ببێ بە سەرکردە، رۆشنبيری سياسی پانتایی و فەزايەکی ئەوتۆی بۆ دەخوڵقێ، هەم لای تاک خۆشەويست دەبێ، هەم لای دەسەڵاتيش گوێ لە ديد و بۆچوونەکانی دەگيرێت، لە بەرامبەريش دا قێزی لێناکرێتەوە و گوێبيستيشی زۆرتر دەبێت، تەواوی ئەم باسەمان لە بيری مەکەن تەنها پەيوەستە بە ئەدەب و ئەوانەی دەيانەوێ لە دادێی ژيانيان ببنە ئەديبێک ياخود شاعيرێک، کەواتە با بزانين چۆن دەست پێبکەين ؛
کەسێکی تازە هەڵدەچيت هەم لە رووی ئاوەزەوە هەميش لە رووی سۆسيۆلۆژييەوە، شياو و لەباری بۆ وەرگرتنی ئەوەی دەيخوێنێتەوە، باشترين کاتيش سەردەمی دواناوەندی و ئامادەیی جاران، پۆلەکانی حەوت بۆ دوانزەيە ، هەست دەکەی لە ناخەوە مەيلێک دنەت دەدا و نازانی چييە، وەلێ ناوبەناو وڕێنەيەکی رستە ريزکردن لە بەرخودەوە دەڵێی و دەينووسيتەوە، هەندێجار ئەو نووسينەت زۆر لا ناوازەيە، دەتەوێ لێرەولەوێ باسی بکەيت و شەرم دەتگرێت، پێويستە هەر لە بەراییەوە پەردەی شەرم تووڕ بدەی دەنا ناگەی بە مەخسەد، بۆ پڕکردنی هزرت لە پاشخانێکی ئەپستمۆلۆژی پێويستيت بە کتێبخانەيەک هەيە، و نازانی چۆن ئەو ماڵە دەوڵەمەندە پێکەوە بنێی، تەنانەت ئەگەر لە رووی داراييشەوە رەوشی ماڵەوەتان نالەبار بوو، دەتوانی لە نەفسی خۆت بگريتەوە، مەبەست لە نەفس کە دەچييە قوتابخانە زۆر پێويست نەبوو، پارەی رۆژانەکەت بە فيرۆ مەدە، ئەو ئارەزووی وڕێنەيەت تێر بکە لە بری سکت، هەوڵی کۆکردنەوەی پارە بدە بۆ دابينکردنی ئەو پاشخانە ئەبستمۆلۆژييە، واتا کتێب کڕين.
هەست دەکەی پارەت هەيە و لە بازاڕ چاوت دەچێتە سەر کتێبێک سەرنجت رادەکێشێت با ئەو کتێبە نەيخوێنيتيشەوە، وەلێ بيکڕە و لە ماڵەوە تووڕی بدە، ئەم حاڵەتە چەندين جار دووبارە بکەوە، تا وای لێ دێت لە ماڵەوە دايک و خوشک گلەوگازندەت لە دەست دەکەن، ماڵەکەت لێشێواندوون، دەبێ چارەيەکيان بکەی، تۆيش وەک ئەو خەسڵەتە رۆژهەڵاتيانەمان گوێ بە قسەی دايک و خوشک نادەی، ئەمە بۆ کچانيش هەر دەشێ، تا کار دەگاتە ئەوەی بە باوک و برا گەورە و کەسی سەرپەرشتيار دەوترێ و چاوسوورکردنەوە دێتە ئاراوە، ناچار بە هەر رێگايەکيش بێت، تەنانەت ئەگەر سنووقی پلاستيکی تەماتە و ميوەيش بێت کتێبەکانتی لە ناو رێک دەخەی، گريمان ئەگەر پارە نەبوو کتێبخانەيەکی بچوک يان کۆنەی هەڕاجخانەکان بکڕی. ئەو دەم هەر خۆت پرسيار لە خۆت دەکەی چما ئەو هەموو کتێبەم لە خۆ کۆکردۆتەوە، ناچار لە کاتی شەوان يان نووستن، يا ئەو دەمانەی هاوڕێکان و کچە کەپڵەکەی تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان، لە نێو مۆبايلەکەت دوور کەوتوونەتەوە، پەنا دەبەيە بەر ئەو کتێبانە، هەست دەکەی سەرنجت رادەکێشێ و تام و چێژێکی زۆری لێدەبينيت، حەز دەکەی هەموو کەس بزانێ چ تامەزرۆيەکی شيرين يا مێخۆش لە هزرتدا دەخولێتەوە، جا بۆ ئەوەی لای کەپڵ و هاوڕێيەکانيشت خۆ دەربخەی لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان باسی دەکەی، هەست دەکەی گوێت لێ دەگرن، لە ناوياندا کەسێکی دياری ئيدی ناتەوێ لێی داببڕێی چونکێ هەفتەی پێشوو لێی دابڕاي لای کەپڵەکەت و برادەرەکانت پەراوێزخرابووی وەک جار ئەو ژمارە نەبووی گوێت بۆ رادێرن، بە ناچاری ئیدی کاتی بۆ دياری دەکەی، بە تێپەڕينی کات وات لێ دێت بە هاوڕێکانت بڵێی، ئیتر من کەم کەم دێمە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان لە رێی واتساب و ماسنجەر و فايبەر و ئەوانی ديکەوە زوو زوو لە گەڵ کەپڵەکەت يەکدەگرن و کەمتر لە بە فيڕۆدانی کاتی تۆڕەکۆمەڵايەتييەکان دەمێنيتەوە، پاشان حاڵی دەبيت پێويستيت بە خۆ پێگەياندنە لە بەر ئەوەی خوليايەکيشت هەيە، بەم جۆرە هەم کتێبەکان زۆرتر دەبن هەميش باکگراونی ئەپستمۆلۆژيت بەرەو فراوانی دەچێت، بايەخ و سەرنجت زێتر لە سەر خوێندنەوە دەبێت و کەمتر کوشتنی کاتی خۆڕایی، دەشێ کاريگەريت بە سەر يەک دوو هاوڕێی خۆتيش هەبێت و بەم جۆرە بەشدار دەبيت لە بونيادنانی نەوەيەکی دی رۆشنبير. پێشوەخت باش لەوە حاڵی ببە کە خۆرۆشنبيرکردن بازرگانی نييە دەوڵەمەندت بکات، زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێ نووسەرێک دەوڵەمەندێکی باڵا بێت. خاڵێکی ديکە لە ژيانی رۆشنبيری پێويستی بە مەعريفی هەيە ئەوەيە، رۆشنبيری هەميشە پارە خەرج دەکا کەمتر پەيدا دەکات. ئەمەيش بۆ ئەوە ناهێنمەوە هەر لە هەنگاوی يەکەمتدا ساردت بکەمەوە، نەخێر ، بۆ ئەوەيە لە ژيانی خۆت لە سەرەتاوە بزانی خوليايەکەت خوليای پێگەياندنی ئاوەز و دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی حەزەکانتە، ئەو دەمانەی يەکەمين کتێبت دەردەچێ ئەو دەم هەموو سامانی دونيا بە ئی خود دەزانيت، لە بەرامبەردا ئەو هاوڕێی کە پەنای بۆ بازرگانی برد، رەنگە نيوەی سامانەکەی لە پێناوی ئەو باکگراونەی تۆ دابنێت و دەستی ناکەوێ…. لێرە گەيشتينە ئەو خاڵەی عەقڵی پڕ مەعريفی لە گيرفانی پڕ پارە گرينگترە.