Skip to Content

دوا ئاوڕدانەوە.. رەسوڵ بەختیار

دوا ئاوڕدانەوە.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2022 General, Literature

هەرگیز لەبیرم ناچێ، کاتێک لەسەر کورسییەکەی تەنیشتم، لەچایخانە هەڵسا و خواحافیزی کرد، هەنگاوێکی هەڵهێنا و ئاوڕێکی دایەوە، لەو کاتەدا هەستم کرد، شتێکی لەدڵدایە و نەیویستووە پێم بڵێ، منیش زۆر بەئاسایی سەیرم کرد، چونکە پێیموابووە قسەیەکم نەکردووە دڵی گەرد بگرێ، هیچمان قسەمان نەکرد، ئەویش هێدی هێدی رێگەی دەبڕی، تا لەپێش چاوانم ون بوو، کەچی نەمزانی ئەو ئاوڕدانەوەیە وەک خواحافیزی یەکجارەکی بێ وایە.
ئەو زۆر بەکەمی قسەی بۆ برادەرانی دەکرد، بەڵام کاتێک باس دەهاتە سەر ئەدەب و زمان و ئەو شۆسیال میدیایە ئەمڕۆ، یەکسەر دەیگوت:تازە کار لەکاڕ ترازاوە بەکەس چاک نابێتەوە، خۆ ماندوو مەکەن، دەسەڵات هەموو شتێکی دابەشکردووە، سەیرەکە سواڵکەرەکانیش شاریان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، هەر سواڵکەرێک لەگەڕەکێک سواڵ دەکات، بۆی نییە بچێتە گەڕەکێکی دیکە.
با ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەو هاوڕێیەم ماستەری لەزمان و ئەدەبی کوردیدا هەبوو، بەکولەمەرگی خوێندنی تەواو کردبوو، بۆیە هەردەم بەهای بۆ بڕوانامەکەی هەبوو، چونکە بەهەوڵ و کۆششی خۆی بەدەستی هێنابوو، نەوەک کوڕی دەوڵەمەندێک بێ، یان حزبێک پشتی بوو بێ، یان لەبەر ئەوەی کوڕی باشبووە و بەڤیتامین واو بڕوانامەی بەدەستهێنابێ.
کاتێکیش باس دەهاتە سەر زمانی کوردی، هەموو لێکدانەوەکانی لەلای هەمووان پەسەندبوو.
ئەوەی زۆر سەیر لەلام، پێدەچوو کەسەرێکی گەورەی لەدڵدایە، زۆرجار دەمدواند و پێداگریشم دەکرد تا دڵی زیاتر بکاتەوە، هەرچی لەدڵیدایە بیڵێ، ئەو دەیگوت:لێگەڕێ باهەر لەدڵی خۆمدا بێ، چونکە قسە زۆرە و لەوانەیە دەربڕینەکانم فریام نەکەوێ، بەڵام زۆرجار دووبارەی دەکردەوە: زۆر تەنگەتاوم مەکە، من خەڵکی ئەو شاخانەم، وەک شاخ هەموو شتێکمان لەدڵمان هەڵگرتووە، تازە تەمەنم نزیکەی شەست ساڵە، چی بڵێم و چی بکەم، وەک ئەوەی پیرێک دەیەوێ بەئومێد بگات وایە.
چەند رۆژێک دوو رۆژ دوای ئەو ئاوڕدانەوە و خواحافیزییە، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی هاوڕێکەم بینیووە، بەڵام لەژێر وێنەکەی نووسرابوو، مامۆستای سەرسەختی زمان ئەم بەیانییە ماڵئاوایی لێکردین.

Previous
Next
Kurdish