شیعر‌و پارادۆكسی واتا… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ئه‌وه‌ی زمانی نووسین به گشتی له زمانی ئاسایی جیا ده‌كاته‌وه ئه‌و ڕه‌هه‌نده واتایه‌یه كه له ڕێی زمانه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێت.ئه‌گه‌رچی گه‌یاندن یه‌كێكه له خاسیه‌ته دیاره‌كانی خودی زمان ، وه‌لێ له نووسیندا ئه‌و واتایه قووڵتر ده‌بێته‌وه و فۆڕمێكی ئستاتیكی وه‌رده‌گرێت. له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، مانا هه‌ر ته‌نها ڕه‌هه‌ندێكی دیاریكراوی نییه، به‌ڵكو له خوێنه‌وه‌ی هه‌رده‌قێكدا، ده‌كرێ به چه‌ندین مانای جیاواز بگه‌ین. شیعری نوێ، جیاواز له شیعری كلاسیك كه كێش و سه‌روا ڕیتمی ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌كه ڕاده‌گرن، ده‌توانین وه‌ك وێنه‌یه‌كی سێ ره‌هه‌ندی بیبینین. به‌و مانایه‌ی له شیعری نوێ‌دا، مانا هه‌ر ته‌نها گوتارێكی ئه‌بستراكت نییه، به‌ڵكو ده‌كرێ به وێنه‌یه‌كی گشتی به سه‌ریه‌كه‌وه، یاخود به وێنه‌ی جیا جیا ببینرێت.وه‌لێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا بوونی هه‌یه مانایه له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه. چونكه ئه‌گه‌ر واتا له زمان دابماڵین، ئه‌وا به‌ر هیچ ئاماژه‌یه‌كی مانادار ناكه‌وین. ئه‌گه‌ر چی له چوارچێوه‌ی زمانی كوردیدا، وشه له چوارچێوه‌ی ڕسته مانا ده‌گه‌یه‌نێت،به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو وشه‌یه‌ك به‌و شێوه‌یه بێت، وشه هه‌یه له گه‌ڵ ده‌ربڕینی واتای ته‌واویش ده‌گه‌یه‌نێت و پێویست ناكات شڕۆڤه‌ی بكه‌ین. بۆنموونه:_ وشه‌كانی( شه‌ڕبه‌فر به‌هاربه‌خشنده) زۆری دیكه‌ش،له چوارچێوه‌ی ڕه‌هه‌ندی مۆرۆفۆلۆژی خۆیه‌وه ده‌خوێنرێنه‌وه. به‌ڵام هه‌ندێك له وشه‌كانیش، ته‌نها له چوارچێوه‌ی ڕسته‌یه‌كی دیاریكراو، له میانه‌ی دانه پاڵ كارێك یان هاوه‌ڵناوێك، مانا ده‌دات. بۆیه له زماندا به گشتی ئه‌وه‌ی هه‌یه گه‌یاندنی واتایه‌كی دیاریكراوه بۆ شتێك و ئه‌وه‌ی تریش نه‌گه‌یه‌شتنه به واتای ته‌واو.به درێژایی ئه‌زموونه‌كانی شیعری كوردی و به پێی قۆناغه‌كان، واتای شیعری ده‌گۆڕێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه واتای ته‌واوه، به‌و مانایه‌ی كاتێك شیعرێك ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین واتا وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانی،دیار یاخود نادیار، هاوشێوه‌ی هێلێكی درامی درێژ ده‌بێته‌وه له سه‌ره‌تاوه تا به خاڵی كۆتایی ده‌گات. بێگومان ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌و په‌یوه‌ندییه بابه‌تی و ئۆرگانیكییه‌ی له زماندا هه‌یه. چونكه هه‌موو دارشتنێك و بیناكردنێك له زمان، ته‌واو نابێت ئه‌گه‌ر وشه ڕسته و ڕسته‌ش دواجار ده‌ق ته‌واو نه‌كات.مه‌رج نییه كۆی ده‌قێك وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی زمانه‌وانی و بابه‌تی به سه‌ریه‌كه‌وه واتا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام كاتێ هه‌مان ئه‌و ده‌قه هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه، وێنه و ده‌ربڕینه‌كان له یه‌كتری جیا ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێ مانای سه‌ربه‌خۆ بگه‌یه‌نن. چونكه زمان مانا‌و گه‌یاندنه، ئه‌گه‌ر زمانیش له‌و ئه‌ركه بنچینه‌یه‌ی خۆی به‌ده‌ربێت، كه‌واته ئێمه له به‌رده‌م ده‌قێك و نووسینێك، یاخود ده‌ربڕینێك نین، ده‌ره‌نجام مانایه‌ك به ده‌سته‌وه بدات. له شیعری نوێ‌دا، مانا چه‌مكێكی ئاڵۆز‌و فره واتایه، تۆپۆگرافیای شیعری نوێ، جیاواز له تۆپۆگرافیای شیعری كلاسیك، كه كێش و سه‌رواو هاوسه‌روای هه‌یه، له سه‌ر یه‌ك ڕیتمی دارشتن و خوێنه‌وه بینا نه‌كراوه، به‌ڵكو وێنه‌كان هه‌ندێك جار دیار‌و ڕاسته‌وخۆن، هه‌ندێك جاری دیكه‌ش نادیار‌و پێویست ده‌كات خوێنه‌ر به قووڵایی ده‌قه‌كه ڕۆبچێت. گرنگ نییه زمان ساده‌یه یا ئاڵۆز، هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زێكی ساكاره، یان ته‌مومژاویی و سیبمبول ئامێز، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له شیعردا ده‌بێ هه‌بێت مانای شیعرییه. لێره‌دا ئێمه نموونه‌یه‌ك له شیعری (شێركۆ بێكه‌س) دێنینه‌وه كه چۆن مانا وه‌ك هێلێك له سه‌ره‌تاوه درێژده‌بێته‌وه، تا كۆتایی و به ئاكام گه‌یشتن. بێكه‌س ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر له ناو شیعره‌كانما گوڵ ده‌راوێژنه ده‌ره‌وه..
له چوار وه‌رز وه‌رزێكم ده‌مرێ.
گه‌ر یار بێننه ده‌ره‌وه. دووانم ده‌مرن.
گه‌ر نان بێننه ده‌ره‌وه سیانم ده‌مرن.
گه‌ر ئازادی بێننه ده‌ره‌وه ساڵم ده‌مرێ و خۆشم ده‌مرم..
له به‌رامبه‌ر هه‌ر وه‌رزێكدا، شاعیر ڕووداوێك و كاره‌ساتێكی داناوه، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له مانه له شیعره‌كانی بێننه ده‌ره‌وه،ئه‌وا وه‌رزێكی ده‌مرێ. شێركۆ بێكه‌س وه‌ك شاعیرێكی داهێنه‌ر كه چل ساڵ پێشه‌نگی شیعری كوردی گرتوو له مێژووی شیعری كوردیدا وێنه‌ی دووباره نابێته‌وه، له‌وشیعره‌یدا به جۆرێك مانای شیعری ته‌واو ده‌كات، كه وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانی به شیعرخوڵقاندووه. هه‌موومان ده‌زانین ساڵ چوار وه‌رزه، بۆیه له وه‌رزی یه‌كه‌مه‌وه، بۆ دووه‌م و دواتر بۆ سێیه‌م و پاشانیش بۆ چواره‌م ده‌ڕوات، تاكۆی ساڵه‌كه به نه‌مانی ئازادی كۆتایی دێت و ئه‌ویش ده‌مرێت.ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه ئێمه له‌و شیعره‌دا ده‌توانین واتای شیعری په‌رت بكه‌ین به بێ ئه‌وه‌ی بینای هونه‌ری ده‌قه‌كه تێكبچێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر له نێو ئه‌و شیعره‌دا، ئه‌گه‌ر دێڕو وێنه‌كان به جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆش بخوێنینه‌وه، هه‌ر به‌ر مانای شیعری ده‌كه‌وین. ئێمه ده‌توانین له چوار وه‌رز، ته‌نها وه‌رزێك به ڕووداوێك ببه‌ستینه‌وه. چونكه شیعره‌كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌لگری مانا و ده‌لاله‌تی شیعرییه. به هه‌مان شێوه ده‌شتوانین كۆی شیعره‌كه به سه‌ریه‌كه‌وه ببینین و بخوێنینینه‌وه.كه‌چی لای به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ئێستا گوایا شیعر ده‌نووسن، چونكه شیعر و قسه ڕێزكردن له یه‌كتری جیاناكه‌نه‌وه، چونكه ده‌لاله‌تی شیعر و زمانی میللی له یه‌كتری جیاناكه‌نه‌وه، ئیدی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌وه. شیعر به‌رله‌وه‌ی مانا، چێژ‌و جوانی، وێنه‌ی هونه‌ری بێت، بونیادێكی زمانه‌وانی كۆمه‌ڵێك وشه و دواتر ڕسته‌یه به سه‌ر یه‌كه‌وه. كه سه‌ره‌نجام هه‌موویان واتایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی و بابه‌تی له نێوان ڕسته‌كان و ده‌ربڕینه‌كان دانه‌بوو، ئه‌وا له بری واتا، به‌ر پاڕادۆكسی واتا ده‌كه‌وین. له شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه‌دا، چونكه واتای شیعری نییه و له گوتاری شیعرناگه‌ن، ئیدی به لایانه‌وه گرنگ نییه چی ده‌نووسن و چی ناوده‌نێن شیعر.(محمد قادر) له شیعرێكدا ده‌نووسێت:_
من پێنچ جار مردم..
چواره‌م جار كه دواجار مردم..
یه‌كه‌م جار كه مردم..چونكه به درێژایی مردنه‌كانی ترده‌ژیام..
له ڕاستیدا نه‌ك مرۆڤ، به‌ڵكو هیچ بوونه‌وه‌رێك نییه پێنچ جار بمرێت.مردن كردارێكی فیزیكی و ئه‌پستراكته و ته‌نها یه‌كجار ڕووده‌دات. شتێكه نییه بتوانرێت ئه‌زموونی بكه‌یت. به‌و مانایه‌ی بمرین و زیندووببینه‌وه.بۆیه ئه‌م زێده‌گۆیه له شیعر له لایه‌كه‌وه خه‌ساركردنی وشه‌یه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زۆریكردنه له وتنی شتێك كه هیچ ڕاستییه‌كی تێدا نییه. هاوشێوه‌ی ئه‌و حیكایه‌ته ئه‌فسانه‌ییانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه سه‌ری دێوه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی شاخێك و قاچی ئه‌وه‌نده‌ی نازانم چی درێژ بوو، بۆیه‌شه ناونراون ئه‌فسانه، چونكه ئه‌قڵ و لۆژیك وه‌ریانناگرێت.گریمان ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ش وه‌ك وێنه‌ی شیعری وه‌ربگرین و به‌و مانایه‌ی له شیعردا وشه ڕه‌هه‌ندێكی تر وه‌رده‌گرێت، ئه‌وا هه‌رله ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه نووسه‌ری ئه‌و چه‌ند وشانه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه. بۆنموونه:_ ئه‌و ده‌ڵێت من پێنچ جار مردم، كه واته مردن لێره‌دا كردارێكه پێنج جار ڕوویداوه.به‌ڵام دێڕێك دواتر، هه‌ر خۆی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌تده‌كاته‌وه و ده‌كه‌وێته پارادۆكسی واتاوه.ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:- (چواره‌م جار كه دواجار مردم). لێره‌دا چواره‌م مردنه‌كه هه‌م مردنی چواره‌مه، هه‌میش مردنێكی دوایین جارییه. واته مردنی پێنجه‌م بوونی نییه.ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌وه، كه مردنی یه‌كه‌م جار هه‌بوو، واته پێشتر هیچ مردنێكی تر نه‌بووه. چونكه یه‌كه‌م، هێمایه بۆ سه‌ره‌تاو ده‌سپێك و بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌نجامدانی كارێك. به‌ڵام ئه‌و نووسیویه‌تی:_
یه‌كه‌م جار مردم چونكه به درێژایی مردنه‌كانی دیكه…
واته به‌رله مردنی یه‌كه‌م، ئه‌و به درێژایی چه‌ندین جاری دیكه‌ش له ڕابردوودا مردووه، به‌مه‌ش ئه‌مه نابێ مردنی یه‌كه‌م بێت. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه له ڕووی ژماره‌ییه‌وه نه‌ك هه‌ر هیچ هونه‌رێكی تێدا نییه، بگره بێ ئاگایه‌كی گه‌وره‌شه له‌وه‌ی كه نووسیویه‌تی. چونكه هه‌ر خۆی وشه و ده‌ربڕینه‌كانی خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، مردن گه‌مه‌ی منداڵان و یاری میكانۆ نییه تا چۆنمان بوێت به‌و شێوه‌یه گوزارشتی لێ بكه‌ین، ته‌نانه‌ت هیچ پرسێك هێنده‌ی مردن جێگه‌ی تێڕامان لێوردبوونه‌وه نه‌بووه لای مرۆڤ. كردارێكه تا ئێستاش مرۆڤ هیچ شاره‌زاییه‌كی لێ نییه، چونكه كارێكی خوداییه. ئه‌مه چ سه‌مه‌ره‌یه‌كه كه‌سێك ده‌یان جار بمرێت كه‌چی نه‌زانێت كه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار‌و كه‌ی بۆدواجار مردووه؟ ئاخۆ ده‌كرێ ئه‌م ورێنانه له خانه‌ی شیعردا پۆڵین بكه‌ین؟بێگومان لای به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێستا شیعر ده‌نووسێت، ڕۆشنبیریی شیعری نییه كه ڕه‌گێكی گه‌وره‌ی له نێو زماندایه. به‌و مانایه‌ی نازانن وشه له چوارچێوه‌ی فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی خۆی چ ئاماژه‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و نه‌وه‌یه به‌شێكی زۆریان چونكه شیعر نووسین به قسه ڕێزكردن تێگه‌یشتوون، ئیدی چۆن وشه‌كان له ده‌قی شیعریدا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، به‌لایانه‌وه گرنگ نییه. چونكه ئه‌وان پێیان وایه شیعر ته‌نها خستنه پاڵ یه‌كتری چه‌ند وشه‌یه‌كه، بۆیه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌وه.(بژار حه‌كیم)نووسیویه‌تی:_
ئه‌و كوڕه‌ی به نوێژی نیوه‌ڕۆ..
ئێستا نه ڕێگا هه‌یه نه سه‌فه‌ر..
من له نێوان دووری و ته‌نیاییدا
ڕێبوارێكی ڕه‌نگ زه‌ردم..
هه‌ر كه‌سێك شیعر بنووسێت و ئه‌لف و بێی زمان شاره‌زابێت، ده‌بێ بزانێت وشه‌ی(ڕێبوار) له زمانی كوردی چ مانایه‌ك ده‌دات. به كێ ده‌وترێت ڕێبوار؟ ده‌لاله‌تی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ كه ڕێبوار هه‌بوو، نابێ ڕێگاو سه‌فه‌ریش هه‌بێت؟ بووه كه‌سێك ڕێبوار بێت و ئه‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ری شوێنه‌كان بكات به‌ڵام ڕێگای نه‌بێت؟ گریمان ئه‌و مه‌به‌ستی له ڕێبوار ئه‌و حاڵه‌ته سایكۆلۆژیانه‌یه كه كه‌وتۆته نێوان دووری و ته‌نیایی، وه‌لێ ئاخۆ ئه‌گه‌ر له نێوان دووری و ته‌نیاییشدا بێت و بچێت، مانای وانییه ئه‌و به خه‌یاڵ سه‌فه‌ر ده‌كات؟مه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان زۆر جار به خه‌یاڵ هه‌موو دونیا ته‌ی ناكه‌ن؟ من نازانم كه ڕێگا نه‌بوو، ڕێبوار چ مانایه‌كی هه‌یه ته‌نها له خه‌یاڵی ئه‌و شاعیره نه‌بێت.ئه‌م پارادۆكسه له نووسینی شیعردا، له كاری وه‌ستایه‌كی نه‌زان ده‌چێت كه خشته‌كانی باڵاخانه‌یه‌ك زۆر نا هونه‌ری و نا ئه‌ندازه‌ییانه بخاته سه‌ر یه‌كتری و دواتریش دیوارێكی خوارو خێچ ده‌رده‌چێت. ئێمه له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا نموونه‌مان له شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س هێناوه‌ته‌وه. هه‌رخوێنه‌رێك به وردی سه‌رنج له ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌ی بدات، ده‌زانێت كه شاعیر چه‌ند ئاگایانه و هونه‌رییانه كاری له سه‌ر ئه‌و شیعره كردووه و هیچ وشه‌یه‌كی شیعری نییه مانای ئه‌وی تر ته‌واو نه‌كات. یه‌كێك له سیما دیاره‌كانی شاعیری سه‌ركه‌وتوو، قاڵبوونه‌وه‌یه له زمان، تێگه‌یشته له بونیادی وشه و ئاماژه زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگییه‌كان.ئه‌م ده‌ربڕینه وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێیت له هاویندا به فرێكی ستوورباریوه.له شیعری نوێ‌دا و له شیعر به گشتی، وشه ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی واتای وه‌رده‌گرێت و ده‌شێ ببێته میتافۆربۆ شتێكی دیكه، وه‌لێ نابێ وشه و ده‌ربڕینه شیعرییه‌كان خاڵ بن له هه‌موو جۆره واتا‌و مانایه‌ك، شیعریش وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی له زمان پێكدێت، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی زمانیش گه‌یاندنه، به‌ڵام له‌و جۆره به ناو شیعرانه‌دا، زمان نه‌ك هه‌رهیچ ئاماژه‌یه‌كی نییه، به‌ڵكو ڕۆڵێكی نێگه‌تیڤیش ده‌بینێت له تێكدانی وشه و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی مانا‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی زمان. مانای چییه ڕێگا نییه و سه‌فه‌رنییه و ڕێبواریشی؟. بێگومان چه‌ند به ئه‌زموونی شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه ڕۆبچین، ئه‌وه‌نده زیاتر پارادۆكسی له‌و شێوه‌یه‌مان بۆده‌رده‌كه‌وێت. ڕوونتر به‌و ڕاستییه ده‌گه‌ین كه به‌شێكی زۆر له وانه جیاوازی له نێوان زمانی شیعری و زمانی ئاسایی ناكه‌ن،قسه‌كردن و شیعری‌یان به‌لاوه وه‌ك یه‌كه.(سافی مه‌لا زاده) ده‌نووسێت:_
بردیان ڕه‌می بكه‌ن..
كه‌س نازانێ زه‌وی قووتی دا ..
یان ئاسمان هه‌ڵیكێشا..
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بۆ نووسه‌ری ئه‌و چه‌ند وشانه ڕوونبكه‌مه‌وه كه ده‌سته‌واژه‌ی(نوێژی نیوه‌ڕۆ) له ڕووی مانای فه‌رهه‌نگییه‌وه(نه‌ك ئایینی) چ ده‌لاله‌تێكی هه‌یه له زمانی كوردی. ئه‌م ده‌ربڕینه، ده‌ربڕینێكی میللییانه‌ی كۆنه له زمانی كوردی و ئێستاش به‌كار دێت. ئه‌م ده‌ربڕینه واته كاره‌كه هێنده ڕوون و به‌رچاوبوو، هێنده ئاشكرا‌و دیاربوو، هیچ گومان و پرسیار‌و به دواداچوونێك هه‌ڵناگرێت. چونكه وه‌ك نوێژی نیوه‌ڕۆ كه گه‌رم و دیاره، كاره‌كه دیاره. كه‌وتمان نوێژی نیوه‌ڕۆ، شتێك نامێنێته‌وه به ناوی ئه‌وه‌ی بپرسین چی لێهات؟بردیان ڕه‌می بكه‌ن، واتا دیاره كه بۆ كوشتن بردوویانه و به نوێژی نیوه‌ڕۆش بردوویانه. خوێنه‌ر لێره‌دا له به‌رده‌م كردارێكه كه ڕووینه‌داوه، به‌ڵام هیچ گومانی تێدا نییه كه ڕووده‌دات. چونكه كاره‌كه و بكه‌ره‌كه‌ش دیاره. واته شاعیر وه‌ك هه‌واڵێكی ڕاگه‌یانراو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه گه‌نجێكییان برد ڕه‌می بكه‌ن.به‌ڵام له دوو دێڕی كۆتاییدا،بیری چۆته‌وه پێشترچی وتووه، بۆیه نازانێت گه‌نجه‌كه چی لێهات؟ زه‌وی قووتی دا، یان ئاسمان هه‌ڵیكێشا.واته كه‌وتۆته پارادۆكسی شیعرییه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستیشی پێ بكات. ئێمه وتمان ئه‌و نه‌وه‌یه چونكه شیعر به قسه ڕێزكردن ده‌زانێت ، قسه ڕێزكردنیش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانیكی له نێوان وشه‌كان نییه، بۆیه‌شه به‌رهیچ مانایه‌ك له شیعره‌كانیان ناكه‌وین. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه(ئاورنگ به‌رزنجی) نووسیویه‌تی:_
خۆمنیش ئه‌توانم بگریم..
بۆ نوقل و بوكه شووشه‌كه‌م..
ده‌ئیتر بۆچی مناڵ نیم..
نادایه‌گیان مه‌گری..منیش وه‌ك تۆ دایكێكم.
خه‌مه‌كانی تۆش هه‌ڵده‌گرم..
له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌دا، هێشتا ئه‌و خاتوونه منداڵه و بۆ نوقل و بوكه شووشه ده‌گریت، كه‌چی له پڕێ ده‌بێته كوڕێ و ئه‌مجاره‌یان نه‌ك هه‌ر منداڵ نییه، به‌ڵكو گه‌یشتۆته قۆناغی دایكایه‌تیش! سه‌رنج له‌و پارادۆكسییه شیعرییه بده‌ن. تۆهێشتا هه‌رخه‌یاڵی بوكه‌شووشه ده‌كه‌ی، ئیدی پێم ناڵێی چۆن توانیت خه‌مه‌كانی دایكیشت هه‌ڵگری؟ كه‌سێك هوشیارییه‌كی هێنده ساده‌ی هه‌بێت، كه دنیای منداڵانه‌ی خۆی جێ نه‌هێشتبێت،ئیدی چۆن د‌رك به‌وه ده‌كات وێرای خه‌مه‌كانی خۆی، خه‌مه‌كانی دایكیشی هه‌ڵگرێت؟ ئه‌م بێ ئاگایه له زمان و ده‌ربڕین، ئه‌م نه‌شاره‌زاییه له گوزارشتكردن و بیناكردنی وێنه‌ی هونه‌ری له شیعردا، خۆی له خۆیدا ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی كه ئێمه له به‌رده‌م چ ساده‌نووسی وگه‌ڕه‌لاوژێیه‌ك داین لای به‌شێكی زۆری به ناو شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه.ده‌یان نموونه‌ی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌شم له به‌رده‌ستن، كه له ده‌رفه‌تێكی تردا دێینه‌وه سه‌ریان. ئه‌مه‌یه جه‌وهه‌ری شیعر لای به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له ئێستادا شیعرده‌نووسن، شیعرێك كه كورد وته‌نی:_( كه‌س نازانێ سه‌ری له كوێیه‌و بنی له كوێیه!!)..
*په‌راوێز:_ نموونه‌ی شیعره‌كان له كتێبی( ئه‌لف) وه‌رگیراون كه ماڵی كتێب له هه‌ولێر ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چاپ و بڵاویكردۆته‌وه…
*ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌ی ڕۆژی پێنچشه‌ممه ڕێكه‌وتی 26-9-2019بڵاوكراوه‌ته‌وه..