Skip to Content

گەورەبە! … سروە ساڵەیی

گەورەبە! … سروە ساڵەیی

Closed
by ته‌مموز 15, 2020 General, Poems

گەورە بە
لەکامڵ بوون
چەندو چونەکانی تەمەن
ڕنوکەکانی ڕۆژگار
لەوچرچولۆچانەی هێڵ دەکێشن
بەبەرۆکی ڕووکارتەوەو…وبێ ئیزن دەنیشن
مەترسە
کە تەمەن هەڵکشا
ئازادانە ڕێ دەکەی، بە نیوقەدی ..ڕێگا و بانەکان
لە ڕۆخی شۆستە وشەقامەکان… ئۆقرەدەگری
کتێبێکی هۆنراوەی دڵداری لە ئامێزت
هەنگاوەکانت سست..
خولیای خۆت دەبی بەبەردەمی عەوامەوە
ئەوان..
بە تیلی چاوەکانیان بزەیەکت بۆدەکەن
بڕێکیان سەردەلەقێنن..
گەمەی ئەو دەمی بەتینترە ،
ئەشق سەخترە،
نیگاکان ڕاستگۆترن ،
تو لەوەگەڕێ تەمەن مەودا..
جەستە هێز ..
هیوا گڕی ..
سەرولێژە
چما
کێ؟
حاڵیە لەو ئاوازەی لە تۆنی تار_ێك
دەردەچێت
کەلە باوەشی ئیسقانە تەژەکان خۆی مەڵاس دایە
خێرا خێرا
گڵپە دەکا وگڕدەگرێ…
تا تەمەن هەڵنەکشێ لە سەودایە ناگەی
ئاخر قەد نازانی
چەند سەرشێتانە تاودەدا
ئەو دڵە!


کە تەمەن سەرولێژ بوو
تێدەگەی ئەشق بەچاو نابینرێ
لەنێوپەنجەکانی هەست
لە ڕەنگی ئێوارەیەکی لانەواز دەمەو ئاوابوونی خۆرەتاو
کە دڵ دادەخورپێ!
لەتاشەبەردێکی دوورەپەرێز وشەیەك هەڵکەنراوە
پیتێك سەردەکا
بەرەبەیانێك کە سروە لەپەنای پەنجەرەی ژوورەکەت
بۆی گوڵەبەیبونێکی کێویت بۆدەهێنێ
بیرت دەخاتەوە
لەکوێ
خۆی حەشاردایە

چاوەکانت دادەخەیت و خەیاڵی
گلێنەکانی
وتاڵە ژێیەکانی پرچی و
ئەو وشە نەرمانەی لە دوورەوە
درکت پێدەکرد …
بێ ئەوەی
بوێری ئەوت کردبێ
لێیان حاڵی بیت …خۆت تەواو گێل کردبوو!
کەوا بوو تەمەن
ئەندێشە قۆڵبەست
ناکا..
نامەکانی دڵ هەموو ڕۆژ لەنوێبونەوەیە
ئاوا نابێت!


کە تەمەن هەڵکشا
لە چاخانەکەی نیوجەرگی شار تا شەکەت دەبیت
لەوپەڕی مێزێك بەخەیاڵێکەوە ڕۆژنامەیەك
هاونشینت دەبیت و
بەکاوەخۆ
وشە لێکترازاوەکان …دەلکێنیت
هەموو ئامانج بۆ گەیاندنی
پیتەکانی ناوی خۆت بە
ناوی ئەو ..دەبێت ،
کە لەناوی خۆت
پیتێکی ئەو دەدۆزیەوە ،خێرا خێرا پەڕەکانی ڕۆژنامەکە
ئەودیو دیو ..دەکەی
تا هۆنراوەیەك هەواڵێك
مانشێت_ێك
بە وشەیەك لەناوی ئەو بدوێ


کە تەمەن هەڵکشا
تابلۆکانی ژیان وتێڕوانینەکان
ڕوونتر لە چوارچیوەکانی بینین دەردەکەون
کێوە وەهمیەکان
ڕاستتر بەردەکەون
ئیدی هەموو شاردراوەکان لە نوکی بزمارێکی بێ بەزەیی
دەکەن
ئەستۆی ڕۆژگار خامۆش دەکرێ
لەهیچ سڵ ناکرێ
ڕۆژانە
دەستە جلێکی جوان دەقونوشت
ئامرازەکانی خۆشبەختی لە ساکێکی
بچوك ،
ئامادەی… بۆ هەر سەفەرێك
کەس
سەلیقە ناکا کۆمەڵێ پرسیاری بێ سەروشوێنت
بەگژ دا_کا
و ئارامتر
چاویلکەکەت لە نیو دەستەکانت دەگری
پەستانە بێهۆدەکانی
هەموو چرکەیەك
نایانقرنجێنتەوە!

کە گەورە دەبی
بێ چاوداخستن لە دوێنێ دەڕوانی
بۆ لەدەستدانی کەس پەشۆکاو نابیت
سارد..سارد
دەست دەخەیتە تاڵەکانی پرچتەوە
کە ختۆکەی کڕێوە دایپۆشیوون
ئەوجا
یەکتر دەدۆزینەوە
چیتر بە دوای مەچەکی ڕێکەوت ناکەوین
ئێوارەیەكی نیسان …بەدەم شەستەبارانێکی ناوەختەوە
چەترەکانمان توڕدەدەین….
لەژێر پاڵتۆکەت ڕێدەکەین
هێند نیگا و ووردە زەنگیانەکانی خۆشەویستی
لە چەنگی یەکتر کۆدەکەینەوە
تا ڕێگا وون دەکەین
عەیامێك لەکۆڵانە کۆنەکانی منداڵی
ئەو گەڕەك بۆ ئەو گەڕەك
وەك حەوت دەمانە
یادەکانمان
لەپریاسکەی پیری هەڵدەگرین


بابڕوا …
مەترسە لە گەورەبون و هەڵکشانە پەلەکانی
لە نێوپەنجەکانی تەمەن شت گەلێکمان لێکەووت کە
گیرۆدەی خۆی کردبووین
لە پیریدا
دەیاندۆزینەوە و سەرلەنوێ ئاوێزان
دەبینەوە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish