گۆڕستانی دەسەڵات؛ کاتێک میدیا و یاسا تاوانەکان دەشۆنەوە.. نووسینی : کارزان عزیز عەبدولرەحمان
ئەم سەردەمەی کە ئێمە تێیدا دەژین، نیشتمانی گۆڕانی شێوەی ستەمە؛ ستەمێک کە جاران بە زۆرەملێ، بە شمشێر و بە کۆیلایەتیی ڕووت لە بازارەکانی مێژوودا دەبینرا، ئەمڕۆ بە کراوەت، بە تەکنەلۆجیا، بە یاسا کاغەزییە چەوتەکان و بە دەزگا زەبەلاحەکانی میدیا بەرگێکی پیرۆز، مەدەنی و فریادڕەسانە لەبەر دەکات. چیرۆکی مێژوویی «ئانوکیس» تەنها داستانێکی کۆنی سادە نییە کە لە پەڕتووکی مێژوودا تۆمار کرابێت، بەڵکو ئاوێنەیەکی زۆر ڕوون و بێگەردە بۆ سیستەمی حوکمڕانی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی ئێمە. لەو کۆمەڵگایانەی کە تێیدا یاسا بۆ پاراستنی کورسییە نەک بۆ دادپەروەری، دەسەڵاتداران بەردەوام خەریکی پاککردنەوەی ناوبانگی ڕەشی خۆیانن؛ ئەوان یاسا و مێژوو وەک ئامرازێک بەکار دەهەن تاوەکو کۆمەڵگە باوەڕ بەوە بکات کە ستەمکار، لەبنەڕەتدا، پیاوێکی خێرخواز و فریادڕەس بووە.
کاتێک سەرنجی خوندنەوەیەکی قووڵ دەخەینە سەر ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکان، دەبینین ستەم هەمیشە قاڵب، ناو و ڕووخسار دەگۆڕێت، بەڵام ناوەرۆکەکەی – کە هەڵمژینی خوێن و سستکردنی هۆشیاریی تاکەکانە – وەکو خۆی دەمێنێتەوە. لەم وتارەدا، بە شێوازێکی زانستی، ڕەخنەیی و ئەدەبی، وردەکاریی ئەو میکانیزمە فیکری و سیاسی و میدیاییانە شی دەکەینەوە کە چۆن ستەمکاران لە دوای مردنیشیانەوە وەک «پیاوچاک» دەهێڵنەوە و کۆمەڵگە لە هۆشیاریی ڕاستەقینە بێبەش دەکەن.
لە جیاتی کێڵگە کۆنەکانی نیل و کۆیلەکردنی جەستەیی ڕووت، ئەمڕۆ ئانوکیسە نوێکان بوونەتە خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان، پڕۆژە ڕووکەش و بێبنەماکان، قۆرخکاریی ئابووری و کورسییەکانی بڕیاری سیاسی. ئەوان سامانی گشتی، داهاتی نیشتمان و بژێوی خەڵک دەدزن، سامانی وڵات بۆ بەرژەوەندیی تەنگی خێزانی و حزبی بەکار دەهەن، و گەنج ناچار دەکەن ببێتە قوربانیی بێکاری و کۆچکردن بۆ ئەوروپا (هەروەک چۆن لە داستانەکەدا کچەکەی لە دەستبرد و فرووشتی). لە سەردەمی ئێمەدا، یاسا تەنها قەڵغانێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی چینێکی بچووکی دەسەڵاتدار، نەک بۆ دادپەروەری. کاتێک هاوڵاتییەک مافی خۆی دەوێت، یان داوای ژیانێکی شایستە دەکات، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزادەدرێت، لەکاتێکدا دزی ڕاستەقینە و گەندەڵکارە گەورەکان لە پشت دیوارە ئەستوورەکانی دەسەڵاتەوە خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانن. ئەم هاوکێشەیە نیشانەی ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداریی چەتەگەری، ڕاکێشانی داهاتی نیشتمانی بۆ لای خۆی دەکاتە ئامانجی سەرەکی و هیچ بەزەیییەکی بە حالى خەڵکدا نایەتەوە.
کاتێک ئانوکیسەکان دەمرن، یان دەسەڵاتیان دەگۆڕێت و پێگەیان کاڵ دەبێتەوە، سیستەمەکە دەست دەکات بە پڕۆسەیەکی گەورەی سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشیان. کەناڵە میدیاییەکان، پەیجە سێبەروەکان، پیاوە دەستەمۆکان و مێژوونووسە درۆزنەکان دەبنە «پیاوە لووتبڕاوەکەی ناو چیرۆکەکە»؛ واتە ئەو کەسانەی کە دەقە درۆینەکان بۆ خەڵک بخوێننەوە و بڵێن: «ئەو پیاوێکی چاک بوو، سەیری ئەم دەستکەوتانە بکەن! ئەو پارێزگاری لە ئارامی و سەقامگیری کردووە!» ئەمە هەمان ئەو فێڵە میدیاییەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەمڕۆ بەکاری دەهەن؛ دروستکردنی مێژوویەکی خەیاڵی، فابریکەی دروستکردنی قارەمانی و پاکانەکردن بۆ تاوانەکانی ڕابردوو، تاوەکو کۆمەڵگە باوەڕ بەوە بکات کە هەموو ئەو ستەمە، گوایە بۆ خێری گشتی و پاراستنی قەوارەکە بووە. دەسەڵات زۆر باش دەزانێت کە چۆن مێژوو لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەستکاری بکات، چونکە بەبێ کۆنترۆڵکردنی یادەوەریی گشتی و بەبێ دروستکردنی کەسایەتیی درۆینە، ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی درێژە پێ بدات.
ڕووداوی تاڵانکردنەکەی گۆڕستان لە داستانەکەدا، وێنەی ڕاستەقینەی ئەو هاوڵاتییە ستەملێکراوەیە کە لە نەبوونی داهاتوو و نائومێدییەکی قوڵدا، پەنا بۆ هەمان ڕێگەی دەسەڵات دەبات بۆ دزینی مافی خۆی، بەڵام لە کۆتاییدا هێزە ئەمنییەکان تەنها سزای چینی خوارەوە دەدەن (سەدان غوڵام هەڵواسران یان سزادراون). لە حوکمڕانیی ئەمڕۆشدا، دزە گەورەکان و گەندەڵکارەکان پارێزراون، لەکاتێکدا بچووکترین سەرپێچی یان ناڕەزایەتیی هاوڵاتییەکی هەژار یان کاسبکار بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت. ئەم دووانەیە، واتە پاراستنی گەندەڵی گەورە و سزادانی توندی بچووک، بنەمای بەردەوامبوونی چینە دەسەڵاتدارەکانە کە نایەڵن دادپەروەریی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە و هەمیشە ترس لە دڵی کۆمەڵگەدا دەچێنن.
کاتێک کەسایەتیی ناو چیرۆکەکە لە کاتی خوێندنەوەی ڕستەکاندا دەگوت: «ڕەفتاری مرۆڤ وەکو بەردێکە دەخرێتە ناو دەریاوە… پاش کاتژمێرێک ئاوەکە هێور دەبێتەوە و مرۆڤ هەموو شتێک لەبیر دەکات،» ئەمە باسی ئەو فێڵە دەروونی و سایکۆلۆجییە گەورەیە دەکات کە دەسەڵات لە کۆمەڵگەی دەکات. ئەوان چاوەڕێ دەکەن بە تێپەڕبوونی کات، کارەساتی کۆچ، فەوتانی سامان، دزی، قەیرانە ئابوورییەکان و گەندەڵی ببنە بەشێک لە فەرامۆشیی گشتی، تاوەکو خەڵک سەرلەنوێ بگەڕێنەوە ژێر هەمان سیستەم و باوەڕ بهێننەوە. دەسەڵات لەسەر کورتبینیی یادەوەریی کۆمەڵگە قەڵای خۆی بناغە دەنێت و پێی وایە کات هەموو برینەکان و ستەمەکان دەسڕێتەوە.
لە دیمەنی کۆتایی داستانەکەدا، دەبینین غوڵامە ئازادکراوەکان دوای تێپەڕبوونی کات دیسانەوە دەگەڕێنەوە ناو هەمان سووڕی قەرزداری، ترس و ملکەچییەوە. ئەمە نیشاندەری ڕاستییەکی تاڵ و فەلسەفییە: کۆیلایەتی تەنها بە بڕینی زنجیر و ئازادکردنی جەستەیی کۆتایی نایێت، بەڵکو کاتێک کۆتایی دێت کە عەقڵ، هۆشیاری و دەروونی مرۆڤەکەش لە ترس و وابەستەیی ڕزگاری ببێت. لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆشماندا، زۆرجار مرۆڤەکان دوای ڕزگاربوون لە دەست دەسەڵاتێکی ستەمکار، بەهۆی نەبوونی زەمینەیەکی ئابووریی سەربخۆ، نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی دروست و کەمتەرخەمیی فیکری، ناچار دەبن سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ هەمان ژینگەی چەوساندنەوە و خۆیان بخەنەوە ژێر باڵی تانوکیسە نوێکان.
مێژوو تەنها دووپاتبوونەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو دووپاتبوونەوەی بێدەنگیی کۆمەڵگەیە لەبەرامبەر درۆیەکی ڕێکخراودا. بۆ ئەوەی لەم بازنە داخراوە ڕزگارمان ببێت، چەند خاڵێکی گرنگ و پراکتیکی وەک ڕێنیشاندەر لەبەر چاو دەگرین: یەکەم، دەبێت کۆمەڵگە و نەوەی نوێ فێر ببن کە مێژووی دەسەڵاتداران و کێلە پڕ لە درۆکانیان ڕەت بکەنەوە، و ڕاستییەکان بەبێ ترس بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە هەمان هەڵەدا نەچن. دووەم، تاوەکو تاکەکان لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستەی مووچە، بەزەیی و خێرخوازیی دەسەڵاتداران بن، ناتوانن ئازادانە بڕیار بدەن؛ بۆیە دروستکردنی سەربەخۆیی ئابووری و بازاڕی ئازاد کلیلی ڕزگاربوونە. سێیەم، نابێت ڕێگە بدەین کەناڵە میدیاییەکان و پەیجە سێبەروەکان تاوانباران و ستەمکاران بکەنە پاڵەوان لە پاش مردن یان گۆڕانی پۆستەکانیان؛ دەبێت یادەوەریی نیشتمانی پارێزراو بێت. چوارەم، دەبێت هۆشیاریی گشتی لە ئاستێکدا بێت کە هیچ کات جیاکاری لە نێوان سزادانی چینی هەژار و پاراستنی گەندەڵە گەورەکاندا قبوڵ نەکات و هەمیشە داوای سەروەریی یاسا بکات.
سەرچاوەکان
کتێنی بەرگی یەکەمی سینۆها
لەپەری
(١٣٩/١٤٠/١٤١/١٤٢/١٤٣/١٤٤/١٤٥/١٤٦/١٤٧/١٤٨/١٤٩)

