Skip to Content

یەپەگە وریابە، ڕوسیا و ئەسەد مارێکی دووسەرن!… ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

یەپەگە وریابە، ڕوسیا و ئەسەد مارێکی دووسەرن!… ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by شوبات 22, 2018 General

ئەمڕۆ، مێژووی تەنیا ساڵێک لەوەپێش خۆی دوپات دەکاتەوە، بە گوێرەی هەواڵی میدیای جیهانی و لۆکەڵەیەکان بێت، یەپەگە لەگەڵ ئەسەد ڕێککەوتون، کە سوپای سوریا بێن بۆ عەفرین، بە مەبەستی هاوکاری شەڕەڤانان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورک! لە ١٩/٣/٢٠١٧دا، یەپەگە لەگەڵ ڕووسیا ڕێککەوتن، ژمارەیەک لە سوپای ڕوسی، هاتن بۆ عەفرین و ئەو ناوچەیە لەژێر پارێزگاری ڕووسیا بوو، تا دەگات بە پارێزگاری کردن لە ئاسمانی ناوچەکە لە هەر هێرشێکی سەربازی.
ڕوسیا، بۆ هەڵخەڵەتاندنی کورد و دەربڕینی نیەت سافی لەو ڕێککەوتنەدا، ئەو کات، ڕێوی ئاسا، کەوتە داڕشتنی فرتوفێڵ و بڵاوکردنەوەی درۆ ودەلەسە وەک، بڕوا بوون بە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە سوریا، کردنەوەی ئۆفسێک بۆ یەپەگە لە ڕوسیا، بەشداری پێ کردنی کورد لە دانوساندنەکان و گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. لە ژێڕەوەش، دەستی کرد، بە توند کردنی پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆحانی، ئەردوغان و ئەسەد و هەڵکەندنی چاڵ، دژ بە میللەتی کورد و دۆزە ڕەواکەی! لەدەرئەنجامدا، ڕوسیا بە خشپەیی عەفرینی، لە ژێر موشەکەکانی تورکیا جێهێشت، لە کۆتاییدا، تەنیا نەبوو بە تەماشاکەر، بەڵکو بوو بە ئاگر خۆشکەریش.

هەنوکە، دەزگای هەواڵگری و سیاسەتمەدارانی ڕوسیا، بوون بە توێژەرەوەی سیاسیی بۆ ئەردوغان! هەر هەنگاوێک، یان هەر لێدوانێک، دەربارەی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا، بڵاو بێتەوە، دەستبەجێ ڕوسیا هەوڵدەدا، بە شێوەیەک شێکردنەوەی بۆ بکات، کە بتوانیت زیاتر دەماری عوسمانیی تورکی رەگەزپەرست بگرێت، زیاتر ئەردوغان هانبدات دژ بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و منداڵی کورد لە ڕۆژئاوای وڵات بە تایبەتی لە عەفرین!
دووشەمەی ڕابردوو، ڕێکسی تێلرسۆن, وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کاتێک کە لێدوانی دا دەربارەی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا لە سوریا، دەستبەجێ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لەڤارۆڤ، هاتە دەنگ و گوتی ” ئەمریکا دەیەوێت دەوڵەتێکی بچووک لە سوریا دابمەزرێنێت لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی یەپەگەن”. گومانی تێدا نییە، ڕوسیا لەبەکار هێنانی ئەو جۆڕە ووشە و ڕستەیە، مەبەستیەتی زیاتر ئاگر خۆش بکات، ئەردوغانی دڕندە زیاتر هاڕ بکات بەرامبەر بە کوردان.
لەڤارۆڤ، ئێستا، لە میدیاکاندا شەکر دەشکێنێت و دەڵێت، “ئەمریکا، ناوچەیەکی جیا کردۆتەوە، حکومەتۆکەکی بچووکی دابڕاوی لە دیمەشق دروست کردوە لە ناوچەکە، پارە و یارمەتی وەردەگرن، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن، یاسا و دەستوری خۆیان دامەزراندوە و چەک و تەقەمەنیان بۆ دێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت سەرنجێک بدەنە ئەو جۆرە بارودۆخەی دروست بووە و نە‌هێڵن هێزی دەرەکی لەوێ بمێنێتەوەو کە بە پێچەوانەی یاسای ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروها دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو لایەک پابەندی ڕێککەوتنی سوچی بکات”. دوای ئەو لێدوانەی لەڤارۆڤ، هێڕش و تۆپبارانەکانی تورکیا، بۆ سەر عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا خەستتر بوو.

کورد، دەبێت بزانێت، کە ئەسەد و پۆتین، دوژمنی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردن، دژ بە سەربەخۆی کوردستانن، لەو دیدەوە ڕێککەوتن، لەگەڵ ئەسەد، هەمان چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنەی ڕوسیای دەبێت بگرە خراپتریش، بۆ؟
ڕوسیا، وەک هێزێکی دەرەکی، دەبێت بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندی زلهێزی تری دنیا و ناوچەکە مانەوەی خۆی لە سوریا مسۆگەر بکات، لە ئەرزی واقیعدا و بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بێت، ڕوسیا بۆی نییە لە سوریا بمێنێتەوە، هەروها لە حاڵەتی پێداگری کردنی لە مانەوەی لە سوریا بێگومان توشی گرفتی زۆر دێت نەک تەنیا لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا بگرە لەگەڵ دوژمنە دێرینەکانی وەک ئیران و تورکیاش، بەڵام، سوپای سوری هاتنی بۆ عەفرین، دواتر دەرپەڕاندنی کارێکی قورستر دەبێت. ئەو سوپایە بە گوێرەی یاسای نێودوڵەتی، سوپایەکی فەرمیی سوریایە و مەشروعیەتی مانەوەی دەبێت، بۆ پارێزگاری کردن، لە خاکی سوریای یەکگرتوو و دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە. بەهێزبوونی ئەو سوپایە، بەهێزبوونی تورکیا، ئیران و ڕوسیایە لە عەفرین، هاتنی ئەو سوپایە بۆ عەفرین، ڕێگە خۆشکەرە لە هاتنی بەکرێگیراوان و جاشی ڕوسیا، ئیران، تورکیا و سوریا بۆ نێو شارەکە و گەشەکردنی شەڕی مەدەنی و دەستەویەخەی لێ چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا، کە ئەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیە، زۆر قورستر دەبێت، بە بەراورد کردن، لەگەڵ شەڕی سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، هەروها دامەزراندنی ئەو سوپایە، لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و سوریا لە عەفرین، جێگە متمانە نییە و چاوەڕوانی ڕێککەوتنی لێ دەکرێت لەگەڵ تورکیا و دزە پێکردنی سوپاکەیان بۆ نێو عەفرین.
لەدەرئەنجامدا، هاتنی سوپای سوری و دامەزراندن و خۆشکردنی جێگە پێیان لە عەفرین، هەڵەیەکی مەزنە، دواتر، دووبارە ژن و منداڵی کورد باجەکەی دەدەن، دووبارە دەکرێن بە قەڵغان و کەواسووری بەر لەشکر، بە دڵنیاییەوە، سووڕانەوەیە لە بازنەیەکی داخراودا!

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress