
…نیگه‌رانییه‌كانی كچێكی یاخی … مه‌لاك نه‌والی و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاله‌بانی
په‌یمانگه‌م به ته‌واوه‌تی به‌جێ هێشت. ئه‌و ڕۆژه له‌گه‌ڵ (هاله)دا زۆردواین. گێژبووین، له‌كاتێكدا هه‌ردووكمان له پشتی شووره‌ی په‌یمانگه‌كه‌وه تێنووسه‌كانی فێرگه‌مان ڕاخستبوو و لێی ڕاكشابووین، هه‌موو ئه‌و پاكه‌ته جگه‌رانه‌ی كڕیبوونی هه‌ر یه‌كه‌و چێژی له چێژی جگه‌ره‌كانی دیكه جیاوازتربوو.
ده‌زانیت (تاهیر بن جه‌لوون) چی له‌باره‌ی جگه‌ره‌وه گوتووه: (من ئه‌و جگه‌رانه‌م خۆش ده‌وێت كه بۆنه‌كه‌یان به‌ره‌و دوورترین دووراییم ده‌به‌ن، ئه‌و جگه‌رانه مێشكێكم پێ ده‌به‌خشن تێكه‌ڵی و پێكه‌ڵی تێدا ئاڵۆزتر ده‌بن و پشێوی تێدا گه‌شه ده‌كات).
(هاله) به خاڵه‌كه‌ی سه‌ر برۆی ڕاستی و هه‌ردوو چاوییه‌وه كه به‌رده‌وام ئاره‌زوویان لێ داده‌چۆڕێت و پاشه‌ڵێك و دوو سمتی ورووژێنه‌ر‌یه‌وه زۆر جوانه. ئه‌و بۆنه‌یه‌م خۆش ده‌وێت كه له هیچ شوێنێكی دیكه نییه. ته‌نیا له گه‌ردن و له‌نێو هه‌ردوو مه‌مكیدایه. كاتێك ناسیم له خانه‌ی لاوان خه‌ریكی قۆشمه‌كاری بووین. ئه‌و كاته ته‌نیا ڕۆمانه‌كانی (عه‌بیر)ی ده‌خوێنده‌وه، كه‌چی ئێسته شه‌یدای چامه‌كه‌ی (عه‌بدولڕه‌حمان كافی بووه).. پێكه‌وه كتێبه‌كه‌ی (شێخ نه‌فزاوی)مان خوێنده‌وه‌و پێكه‌وه به شادییه‌وه سوپاسگوزاریمان دووباره ده‌كرده‌وه كه چێژی گه‌وره‌ی پیاوانی له هه‌رامه‌ی ئافره‌تاندا كۆكردووه‌ته‌وه‌و چێژی گه‌وره‌ی ئافره‌تانیشی له هه‌رامه‌ی پیاواندا كۆكردووه‌ته‌وه. ئه‌و ڕۆژه ده‌ركراین كاتێك سه‌رپه‌رشتیاری په‌یمانگه‌كه هێرشی بۆ هێناین و ئه‌و په‌رتووكه‌ی لا بینین. سێ ڕۆژمان به سه‌ردانی كۆڵانی پینه‌دۆزان له پایته‌خت به‌سه‌ربرد تا ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌ناو په‌رتووكه‌كاندا هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی په‌رتووكفرۆشه‌كه پێ بزانێت شیعره‌كانی (عه‌لییه‌ی كچی مه‌هدی)و (ته‌وقی حه‌مامه)ی ئیبن حه‌زمم دزی.. به‌شاره كۆنه‌كه‌دا سووڕاینه‌وه‌و بازاڕی (قه‌رانه)م زۆر خۆش ویست. به به‌رده‌م هۆڵه‌كانی سینه‌مادا تێپه‌ڕین. (هاله) باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردم كه سینه‌مای خۆش ده‌وێت و چه‌ندی حه‌ز لێیه ببێته ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی. منیش باسی (سه‌مۆئێل شه‌معۆن) و خه‌ونه سینه‌ماییه‌كه‌ی و ڕۆمانه‌كه‌ی (ئێراقییه‌ك له پاریس)م بۆ باس كرد، به‌ڵام به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بوو.
نغرۆی ناو خه‌ون بووبوو. ئه‌و ڕۆژه ماڵئاواییم لێ كرد له‌كاتێكدا هه‌ردووكمان له پشتی شووره‌ی په‌یمانگه‌كه‌وه تێنووسه‌كانی فێرگه‌مان ڕاخستبوو و لێی ڕاكشابووین.
ـ به‌رده‌وام پێوه‌ندیم پێوه ده‌كه‌یت، ئه‌دی وه‌نییه؟
ـ به‌ڵێ، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بڕۆم ئه‌م بڕگه‌یه‌ی (جان جینێ)ت بۆ ده‌خوێنمه‌وه: (پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ سلڤادۆر شه‌ش مانگ درێژه‌ی كیشا، پێوه‌ندییه‌كی زۆر جوان نه‌بوو، به‌ڵام به‌پیتترین پێوه‌ندی بوو. ئه‌و جه‌سته لاواز‌و ئه‌و ده‌م و چاوه ڕه‌نگ زه‌ردو ئه‌و ته‌ڵه ته‌ڵه ڕیشه جێ گاڵته‌جاڕیانه‌ی چه‌ناگه‌یم خۆش ویست. چاوی لێم بوو، به‌ڵام شه‌وانه له‌به‌ر ڕۆشنایی مۆمێك پانتۆڵه‌كه‌یم له ئه‌سپێ ده‌دۆزی).
به‌ڵام وێ گوێی به‌وه نه‌ده‌دا كه ده‌مخوێنده‌وه. هه‌ندێك جار به ڕوومدا هه‌ڵده‌شاخی:
(بۆچی تۆ به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌وه سووریت ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانخوێنیته‌وه سه‌رنجی من ڕابكێشن)!.
حه‌ز له‌م وه‌ڵامه ده‌كه‌م و زۆر پێده‌كه‌نم. به‌سه‌ریدا داده‌نووشتێمه‌وه‌و ماچی ده‌كه‌م. چه‌ند بۆنی تۆم خۆش ده‌وێت. چه‌ند ئه‌و حه‌زه‌ی تۆم خۆش ده‌ویت كه حه‌زت له ماتۆڕسكله. پانتۆڵه جوانه‌كانی تۆم خۆش ده‌وێت كه كارێكی ئه‌وتۆ ده‌كه‌ن شته‌كه‌ت له پێشه‌وه جوان ده‌ركه‌وێت. ئه‌و خه‌ونه‌م خۆش ده‌وێیت كه ئاره‌زوو ده‌كه‌یت گه‌شتی مه‌كسیك بكه‌یت و ئه‌و ئاره‌زووه‌م خۆش ده‌وێیت كه (مارلین مۆنرۆ)و (ئیدیس بیاف) و (لۆرا فابیان) سه‌رنجیان ڕاكێشاویت، خوات له‌گه‌ڵ ئه‌ی ساویلكه‌ی جوان.
ئه‌و ڕۆژه‌ی په‌یمانگه‌م به ته‌واوه‌تی به‌جێ هیشت، دایكم ته‌واو بوورایه‌وه.
ـ په‌یمانگه به‌جێ ده‌هێڵیت و تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریا ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه.
ـ نه‌فره‌ت له به‌كالۆریا.كێ پێی گوتوویت من چاوه‌ڕوانی ئه‌م بڕوانامه‌یه ده‌كه‌م..هه‌موو ئه‌م په‌رتووكانه‌ی كه هه‌من جێگه‌ی ئه‌و بڕوانامه بێ به‌هایانه ده‌گرنه‌وه.
ـ ئاشكرایه په‌رتووك مێشكی تێك دایت و له‌ڕێ لایدایت. ئه‌ی له‌ڕێ لاده‌ر له‌وه دڵنیا به ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌و ده‌بینیت هه‌ر هه‌موویان بووگن به كۆمه‌ڵێك خۆڵه‌مێش.
(سوعاد) هه‌رگیز ئه‌و كاره ناكات. وێ ڕكی له‌و په‌رتووكانه‌یه كه شوێنێكی زۆری ژووره‌كه‌م داگیرده‌كه‌ن. وێ به‌رده‌وام سه‌ری له‌وه سوڕماوه كچه‌كه‌ی چی به‌م هه‌موو په‌رتووكانه ده‌كات كه هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بینێت به‌ناو ژووره‌كه‌دا په‌رت و بڵاوكراونه‌ته‌وه.. تۆزه‌كه‌یان ده‌ته‌كێنێت و ڕیزیان ده‌كات و ڕاهاتووه ڕێكیان بخات و نازانێت چی‌یان تێدایه. په‌رتووكه زۆر گه‌وره‌كان له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگه‌كاندا پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه، په‌رتووكه‌كانی دیكه به قه‌واره بچووكتره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدی كۆده‌كاته‌وه كه ڕۆمانن.. هه‌رچی قه‌واره بچووكتره‌كانه ئه‌وانه دیوانه شیعرن، به‌م شێوه‌یه ڕیزبه‌ندی ئه‌زبه‌ر كردووه..
ـ من ده‌بمه نووسه‌رو ئه‌گه‌ر له په‌یمانگه‌و زانكۆكان درێژه به خوێندن بده‌م مێشكم ده‌بێت به به‌ردو هیچ فێرنابم و شتێكی به‌سوود بۆ خه‌ڵكی نانووسم.
ـ ئه‌ی كچی سۆزانی ئه‌م هه‌موو شتانه چی ده‌گه‌یه‌نن، ده‌بێت بڕوانامه‌ی به‌كالۆریات هه‌بێت.
ـ (جان جینێ، فۆكنه‌ر، هنری میلله‌ر) بڕوانامه‌یان نه‌بوو. ده‌یگوت مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌م ده‌كرد په‌یامی من له فێرگه گاڵته‌كردن به مامۆستا‌و پرۆگرامه پڕووكێنه‌رو زۆر تونده‌كان بێت كه له توندی پیاوه پیره‌كان ده‌چوو، ئه‌وانه‌ی له لێواری گۆڕ نزیك بوونه‌ته‌وه. (بۆرخێس) گاڵته‌ی به خاوه‌ن بڕوانامه‌كان ده‌كرد. (جیمس جویس)، (هه‌منگوای)، محه‌مه‌د شوكری (نانی ڕووت)ی به هۆی ئه‌و ژیانی كوڵه‌مه‌رگییه‌وه نووسی كه گوزه‌راندوویه‌تی، هه‌روه‌ها (محه‌مه‌د زه‌فزاف، محه‌مه‌د خه‌یره‌دین، عه‌ققاد، به‌یره‌م توونسی، عه‌لی دوعاجی، محه‌مه‌د ماغووت، حه‌ننا مینه، گۆگۆل، ڕابلێ، ڕامبۆ، گۆركی، ماركیز، ئه‌ندرێ مارلۆو دوستۆیڤسكی).
ـ به‌ڵام ئه‌و هه‌موو كه‌سانه كێن؟
دایكم ماوه‌یه‌كی دوورودرێژی ئه‌و هاوینه به‌بێ ده‌نگی هه‌ر ده‌گریا، شێتانه به نووستوویی، یان بێداری، یان ئه‌و كاته‌ی چێشتی لێ بنایه، یان جلی هه‌ڵخستایه، بزنه‌كانی بۆ كێڵگه دووره‌كان له پێش خۆ دابایه، یان له‌ژێر دار زه‌یتوونێكدا دانیشتبایه، هه‌ر ده‌یگوت:
ـ سۆزانی كچی سۆزانی، سۆزانی كچی سۆزانی.
ئه‌و په‌رتووكه‌ی ئه‌و هاوینه بوو به سه‌رچاوه‌م (نیگه‌رانی له‌مه‌ڕ ئه‌زموونی ڕۆماننووسی) حه‌ننا مینه بوو، ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی خه‌ڵكی لازقییه جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی كوله‌مه‌رگی و زانین ده‌كاته‌وه بۆ نووسه‌ر. باسی (نازم حیكمه‌ت)ی هاوڕێی ده‌كات و ده‌ڵێت: (نازم حیكمه‌ت هه‌ستی به نه‌زانینی ڕاسته‌قینه ده‌كرد، له‌كاتێكدا به درێژایی ساڵانی دوورودرێژی له‌ناو به‌ندیخانه‌دا مانگی پازده په‌رتووكی ده‌خوێنده‌وه. له نه‌زانینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خۆم تۆقیم و خه‌ریك بوو ده‌ست به گریان بكه‌م ئه‌وه‌ند تووڕه‌بووم. له‌وه گه‌یشتم كه تا چ ڕاده‌یه‌ك نه‌زان بووم. چونكه زانیارییه‌كانم له‌باره‌ی ڕووه‌ك و زینده‌وه‌رو كانه‌كان و فیزیۆلۆجیا و فیزیك و كیمیا‌و كۆمه‌ڵێك شتگه‌لی دیكه له زانیاری كابرایه‌كی نه‌خوێنده‌وار تێنه‌ده‌په‌ڕین). ڕۆماننووسی خه‌بات و شادی درێژه به قسه‌كانی ده‌دات: (كاتێك بۆ شاره‌كه‌م لازقییه ده‌گه‌ڕێمه‌وه كاتی خۆم له قاوه‌خانه‌و مه‌یخانه‌كان به‌سه‌ر ده‌به‌م. له‌گه‌ڵ لاوان و به ته‌مه‌نان و كرێكار‌و ده‌ریاواناندا تێكه‌ڵ ده‌بم و به دوو گوێی واڵاوه گوێ ڕاده‌دێرم و بێ ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگ بێت (مه‌ی)یان بۆ تێده‌كه‌م و به‌م شێوه قوربانی به پاره‌و به پشووی خۆم ده‌ده‌م تا شتێك فێربم له‌وه‌ی بۆم ده‌گێڕنه‌وه).
ـ (مارگرێت دۆراس)م ناسی و به‌هۆی ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه (ئاشق) زۆرم خۆش ویست، زۆرتریش فلیمه‌كه‌یم خۆش ویست، ڕه‌نگه (سوزان سۆنتاگ)ی ئه‌مه‌ریكیشم خۆش ویستبێت.
له په‌رتووكی (له‌دایكبوونێكی دیكه)دا، كه ڕۆژژمێری ڕۆژانه‌یه له نێوان 1947 تا 1963 نووسیویه‌تی و كچه‌كه‌ی پاش مردنی دایكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه. باسی دایكی ده‌كات: (دایكم تا ڕاده‌یه‌كی زۆری سه‌رنجڕاكێش خۆڕاگربوو). زۆرتر له‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی هه‌ڵوه‌سته‌ی پێ كردم ئه‌و لایه‌نه بوو كه گیانێكی گه‌نجانه‌ی هه‌بوو، تا ئه‌و كاته‌یش به نێو ته‌مه‌ندا چوو، هه‌ر له هه‌مان جه‌نگی دژ به جیهان و دژ به خۆی به‌رده‌وام بوو. هه‌ستی ده‌كرد له هونه‌ره‌كاندا ده‌ستڕۆیشتووه و، بڕوایه‌كی زۆری به دروستی بڕیاره تایبه‌تییه‌كانی خۆی هه‌بوو، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر تینووی زانین و فێربوون بوو. هاوكات ئاماژه به پێوه‌ندییه‌كانی دایكی ده‌كات له‌گه‌ڵا (ئێچ)ی ده‌سته خۆشكی له‌كاتی خوێندنی زانكۆ له كالیفۆرنیا، پاشان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خانمه نووسه‌ری شانۆیی (فۆرنیس).
(سۆنتاگ) له ڕۆژژمێره‌كانیدا به ڕسته‌ی كورت و پوخته بیروبۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی كۆكردووه‌ته‌وه. ئه‌و میوزیكانه‌ی جاروبار گوێیان لێ ده‌گرێت. دیداره‌كان. لیستی ئه‌و په‌رتووكانه‌ی كه ده‌بێت بیانخوێنێته‌وه..
به‌رده‌وام ئاره‌زووم بۆ لای ڕۆژژمێرو دیداری ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و شاعیران ده‌چوو. زۆرم ئاره‌زوو ده‌كرد زانیاری له‌باره‌ی ژیانی نووسه‌ره گه‌وره‌كانه‌وه بزانم به‌تایبه‌تی زانیارییه ورده‌كان. ئه‌و هاوینه زۆرم هه‌ست به‌وه ده‌كرد كه ده‌بمه نووسه‌ر. جگه‌ره‌یه‌كم به ده‌سته‌وه ده‌گرت وه‌ك (سیمۆن دی بۆڤوار) له دیدارێكدا. یان له‌گه‌ڵا هه‌ندێك لاودا گاڵته‌م ده‌كرد، وه‌ك چۆن وێ له‌كاتی هه‌رزه‌ییدا وای ده‌كرد كه له ڕۆژژمێری كچێكی سه‌نگیندا باسی كردووه، یان به دوای چاكه‌تێكدا ده‌گه‌ڕام له‌وه‌ی (سوزان سۆنتاگ) له دیدارێكدا له‌به‌ری كردبوو، یان شه‌بقه‌یه‌كی كۆن وه‌ك شه‌بقه‌كه‌ی (مارگریت دۆراس) له ڕۆمانی (ئاشق)دا. شه‌یدای ئه‌م ورده‌كارییانه بووبووم، هه‌ندێك جاری دیكه نائومێدی دایده‌گرتم كه ناتوانم یه‌ك ڕسته‌ی جوانیش بنووسم مادامه‌كی لێره‌م له‌ناو ئه‌م زه‌لكاوه‌داو بۆ شوێنێكی دیكه‌ی به‌جێ ناهێڵم. هاوارم ده‌كرد: ده‌بێت بچمه ده‌ره‌وه. گه‌شت بكه‌م. له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بڕۆم و پیاسه بكه‌م و له‌گه‌ڵ پیره‌ژناندا دانیشم تا بۆم باس بكه‌ن ڕۆژگار چی به‌سه‌ر هێناون. به‌ناو شار‌و شه‌قامه بێ كۆتاییه‌كانی جیهاندا بزرببم. خۆم مه‌ست بكه‌م. ئه‌وینداری بكه‌م، به‌ڵام هه‌ركه ده‌رگه بكه‌مه‌وه (سوعاد) ده‌بینم هێرشم بۆ ده‌هێنێت.
ـ كچی سۆزانی بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟؟؟
كارێكم له كارگه‌یه‌كی بچو‌وكدا دۆزییه‌وه زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كانی كیژی هه‌رزه‌كارو ئافره‌تگه‌لی به‌مێردبوون. كاره‌كه‌م له‌گه‌ڵ كچه‌كاندا بوو. چه‌ندم ڕك له‌كاركردن بوو له‌گه‌ڵیان. سارد‌و وشك بوون. بالۆك ده‌م و چاوی داپۆشیبوون. دانیان زه‌ردو بۆنی ئاره‌قه له بن باڵیانه‌وه ده‌هات، هه‌موویان ته‌مه‌نیان له‌نێوان بیست ساڵاندا بوو، هیچ هه‌ستێكم به‌رانبه‌ریان نه‌ده‌جووڵا ته‌نیا بێزهاتنه‌وه نه‌بێت.
(نه‌بیهه) ئافره‌تێكی په‌نجا ساڵه‌ی دوو چاو سه‌وزه كه ئاڵۆشییان لێ ده‌بریسكێته‌وه، به‌ژن كورت و جه‌سته قه‌ڵه‌و. وێ وای داده‌نێت كه جه‌سته‌ی قه‌ڵه‌و له‌ناو جێگه‌دا په‌سه‌ندتره. جارێكیان له ژووری قاوه‌ڵتی بووین (نه‌بیهه) ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی گێڕایه‌وه: شه‌وێك له شه‌وه تاریكه‌كان كه ته‌نانه‌ت دزانیش له‌و شاوانه‌دا ناچنه ده‌ره‌وه، (شه‌له‌بییه) هاواری كرد كه خوشكی زاوا بوو:
ـ بووكێ هه‌ڵات!
كه‌س له چوارده‌وری ئه‌و ئاگره‌ی هه‌ڵیانگیرساندبوو نه‌ما. پیاوه‌كان به تفه‌نگ و سه‌گی پاسه‌وانییه‌وه به‌ره‌و كێڵگه نزیك و دووره‌كان تێیانته‌قاندو، هاواری ئافره‌تانیش بڵند بووه‌وه‌و كیژه‌كانیش به‌نهێنی ده‌ستیان به چرپه چرپ كرد:
ـ لێی ترساوه.
ـ جارێكیان بینیم له پشتی ماڵه‌وه میزی ده‌كرد، هه‌رامه‌كه‌ی له دار ده‌چوو.
ـ به‌سته‌زمانه ته‌نیا پێستێكه‌و ئێسكه‌كانی داپۆشیوه. چۆن به‌رگه‌ی دارێكی گه‌وره ده‌گرێت.
هه‌ندێك له پیاوه‌كان گوتیان:
ـ بووكێ شوێن بزره، به‌رازه كێوی خواردوویه‌تی.
هه‌رچی زاواكه‌یش بوو تا به‌یانی به‌ناو گونده‌كه‌دا گه‌ڕا هیچی نه‌دۆزییه‌وه ته‌نیا با نه‌بێت. هه‌ركه ده‌رگه‌ی ژووره‌كه‌ی كرده‌وه ئه‌وه‌ند شه‌كه‌ت بوو یه‌كسه‌ر خۆی به عه‌رددا دا‌و نه‌یده‌توانی بجووڵێته‌وه. له‌ناكاو بینی بووكه‌كه له‌ناو جێگه‌كه‌دا نووستووه. سواری كۆڵی بوو و نه‌فره‌تی له‌و شوێنه كرد لێوه‌ی هاتووه.
ـ كچی سۆزانی خۆ هه‌رامه‌یه‌كی جوانت نییه تا هه‌ڵێیت!.
(عه‌زیزه) ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن چل ساڵانه، چاوی ورووژێنه‌رو لێوو سینگ و پێكه‌نینی ناسك، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه به ئاڵۆش و ئاره‌زووی ده‌كه‌ن كه به‌رگه ناگرن. خۆش دووه. ته‌نانه‌ت له بابه‌ته بێ بایه‌خه‌كانیشدا ئاماژه‌ی به‌وه ده‌كرد كه هه‌رگیز له‌و شته تێرناخوات.
عه‌زیزه كچی (موهه‌زه‌ب)ـه، شتی زۆرم له‌باره‌وه بیستووه.
له گونده‌كه‌دا به‌وه ناسرابوو كه ڕوخسارێكی سوور‌و سپی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی له دایكی بۆ به‌جێ مابوو (كه خه‌ڵكی شاری نابل بوو)، به درێژایی كات ده‌یخوارده‌وه‌و سه‌رخۆش بوو، به‌و هۆیه‌وه‌یش له‌و كارگه‌ی مه‌ی دروست كردنه‌یان ده‌ركرد كه ئه‌و كات داگیركاران به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
له قرچه‌ی گه‌رمادا ده‌چووه ده‌ره‌وه‌و ئه‌وه‌نده بیره‌ی خواردبووه‌وه له‌تری ده‌بردو، له‌ناو ئه‌و خانووانه‌ی پیاوه‌كانیان بۆ كاركردن له كێڵگه دووره‌كان به‌جێیان هێشتبوون به‌دوای سه‌ركێشییه‌كدا ده‌گه‌ڕا. چه‌ندان جار له به‌ندیخانه توندكراوه به‌هۆی ئه‌و كیژانه‌ی له گونده‌كه، یان له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌ستدرێژی ده‌كرده سه‌ریان. جارێكیان له گوندێكی دوور له گونده‌كه‌ی خۆیان كاری ده‌كرد. له‌وێ كیژێكی ته‌مه‌ن چوارده ساڵان ورووژاندبووی كه گه‌نمی دروێنه ده‌كرد. ماوه‌یه‌كی زۆر چاودێری كرد تا ڕۆژێكیان چووه ناو حه‌وشه‌كه‌یانه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی ئاگه‌یان لێ بێت خۆی پێ گه‌یاند، ئه‌و ڕۆژه كه‌س له‌وانه‌ی گوێیان له هاواره‌كه‌ی بوو نه‌یتوانی له‌ژێر چنگی ده‌ربهێنێت، ئه‌و كاته نه‌بێت كه ئاره‌زووی خۆی پێ دامركانده‌وه.
(موهه‌زه‌ب) تا ته‌مه‌نی گه‌یشته حه‌فتا ساڵانیش هه‌ر ده‌یخوارده‌وه. له ئێواره‌كانی هاویندا مێزێكی گه‌وره‌ی داده‌ناو به بوتڵه بیره‌و گۆشتی برژاوو شووتی و میوه ده‌یڕازانده‌وه‌و، ئه‌و هاوڕێ و دۆستانه‌ی خۆی بانگ ده‌كرد كه له ماوه جیا جیاكانی ژیانیدا ناسیونی، تا ئه‌و كاته‌ی ژنی كوڕه‌كه‌ی تووڕه‌بوو، كه ئافره‌تێكی زۆر ناشیرینه‌و به‌رده‌وام جلی ڕه‌شی ده‌پۆشی و ڕقی له پێكه‌نین ده‌بووه‌وه، ڕۆژی به نووشتانه‌وه‌و كڕنووش بردن به‌سه‌ر ده‌برد، به كوته‌كێكی ئه‌ستووره‌وه هێرشی كرده سه‌رو خوانه‌كه‌ی لێ تێك و پێك دا.
ـ ئه‌ی پیره‌مێردی پیسۆك كه‌ی تۆبه ده‌كه‌یت.
ئه‌و هاوینه‌ی په‌یمانگه‌م تێدا به‌جێ هێشت ڕۆمانێكی دیكه‌م دۆزییه‌وه: (ڕێگه‌ی تووتن)ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی (ئه‌رسكین كالدوێل).. ڕه‌نگه ئه‌م بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه جوانترین بڕگه‌ی ئه‌و ڕۆمانه بێت:
(ئه‌و قایشه لاستیكییه‌ی ناوه‌وه كه جیته‌ر ویستی پینه‌ی بكات خه‌ریك بوو ده‌پتوركا. ته‌نانه‌ت تایه‌كانیش په‌ڕپووت بووبوون. پێده‌چوو ئه‌و ئۆتۆمۆبیله فۆرده‌ی كه ئه‌و ساڵه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه چوارده ساڵا نه‌توانێت له‌سه‌ر هه‌ر چوار تایه‌كانی خۆی بگرێت تا جیته‌ر تایه لاستیكییه‌كه نه‌خاته‌وه شوێنی خۆی. بۆنیتی ئۆتۆمۆبیله‌كه حه‌وت، یان هه‌شت ساڵ ده‌بوو بزربووبوو. ده‌عامییه‌كه‌ی پێشه‌وه‌ی كه بێجگه له‌و هیچی دیكه‌ی نه‌مابوو به تێلێكی ئاسنینی ژه‌نگین به ئۆتۆمۆبیله‌كه‌وه جه‌ڕێنرابوو. هه‌موو سپرینگ و به‌رگی كۆشنه‌كان كه له تووكی ئه‌سپ دروست كرابوون هه‌موویان نه‌مابوون. منداڵه‌كان كۆشنه‌كانیان لێ كردبووه‌وه تا بزانن چی‌یان تێدایه. كه‌سیش خۆی شه‌كه‌ت نه‌ده‌كرد تا چاكیان بكاته‌وه).
هه‌رچی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی خاڵۆم له ئۆتۆمۆبیله‌ی جیته‌ر له ڕێگه‌ی تووتن لێك جودا ده‌كاته‌وه، كه وێڕای په‌ككه‌وتوویی و ده‌نگی بزوێنه‌ره‌كه‌ی كه هه‌موو گونده‌كه ده‌یبیسێت و ئه‌و ڕه‌نگه شینه‌ی كه به ئاسته‌م له ڕه‌نگی ژه‌نگین جودا ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌توانێت ڕێگه‌یه‌كی دوور به‌ناو گوند‌و شاره‌كاندا ببڕێت كاتێك خاڵۆم به‌ره‌به‌یانیان به‌سه‌رخۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئۆتۆمۆبیله‌كه‌یش له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه‌دا له‌گه‌ڵی مه‌ست ده‌بوو.. هه‌هه‌هه‌هه. له‌وه ده‌ترسێت پیر بێت. ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێت هه‌رگیز واز له خواردنه‌وه‌و تێكه‌ڵبوونی لاوان ناهێنێت، ئه‌وێك كه په‌نجای تێپه‌ڕاندووه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌یشی وازی لێ بهێنێت كه له‌وه بێزار بووه له‌گه‌ڵا پیاوێكی سه‌رخۆشدا بگوزه‌رێنێت.
له ئابی ئه‌و هاوینه چه‌ند ڕۆژێكی یه‌ك له دوای یه‌ك باران باری، ئه‌و ئێواره‌یش باران ده‌باری كه خاڵۆم هاته ناو ژووره‌كه‌مه‌وه‌و من تازه فیلمی (زۆربای یۆنانی)م ته‌واوكردبوو.
ـ خوشكه‌زا جوانه‌كه‌م.
وێنه‌كه‌یم بیركه‌وته‌وه كاتێك لاوێكی ته‌مه‌ن بیست ساڵان بوو، كراسێك و پانتۆڵێكی كاوبۆی له‌به‌ركردبوو، كالایه‌كی له‌پێ بوو.
ـ له‌گه‌ڵمان دێیت بۆ زه‌غوان؟
مه‌به‌ستی گوندی (دۆڵی لم) بوو. به‌ڵام خاڵم ئه‌و ئێواره‌یه بۆ ئه‌وه هات بۆ لام، چونكه ده‌یزانی مووچه‌یه‌كی باش له كارگه‌كه وه‌رده‌گرم. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌یش ڕێگه‌م نه‌دا درێژه به ڕوونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی بدات.. به دزی دایكمه‌وه چه‌ند بانكه‌نۆتێكم خسته ناو مشتییه‌وه!. ئاوێكی ساردم به‌خۆدا كرد‌و پاشان خۆم بۆ زه‌ماوه‌ندی زه‌غوان ئاماده كرد.
ته‌نیا كراسه كۆنه ڕه‌شه‌كه له‌به‌ر ده‌كه‌م كه هه‌ردوو باڵ و هه‌ردوو مه‌مك و پشت و هه‌ردوو لاق داناپۆشێت. له‌گه‌ڵا پێڵاوه شینه‌كه.. پرچی ڕه‌شم به ته‌ڕی ده‌هێڵمه‌وه.. بێ سووراوو سپیاو و بێ بازنگ .. پاش ئه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله شڕه‌كه‌ی خاڵم به‌ڕێ كه‌وت و به‌ره‌و (دۆڵی لم)ی بردین، ڕه‌نگه (سوعاد) له‌ژووره‌كه‌مدا ئه‌م ڕسته‌یه هه‌ر دووباره بكاته‌وه:
ـ سۆزانی كچی سۆزانی جله‌كانی ژێره‌وه‌ی فڕێ داوه.
ئه‌و ناوی (منیار)ی بۆ هه‌ڵبژاردووه. بڕوام وایه له كوڕه‌كه‌ی خۆی زۆرتری خۆش بوێت. حه‌ز ده‌كات به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ببات كه ڕوویان تێده‌كات. زۆری سه‌رنج ڕاده‌كێشێت. وێ زۆر له‌و ده‌چێت. له ڕووی جه‌سته لاوازی و ..به‌ژن زراڤی و، لووت و پێ گه‌وره‌ییه‌وه. ئێسته وێ له‌ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌دا له ته‌نیشتییه‌وه دانیشتووه‌و ئه‌و گۆرانییانه‌ی به دڵه كه ئه‌و گوێیان لێ ده‌گرێت. هیچ ڕۆژێك لایه‌نگری له دایكی نه‌كردووه كه هه‌موو شه‌وێك به ڕوویدا هه‌ڵده‌شاخێت پاش ئه‌وه‌ی به مه‌ستی و گیرفانی ته‌واو به‌تاڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه. وێ له‌و ته‌مه‌نه بچووكه‌یدا لێی نه‌ده‌گه‌یشت. سه‌رنجی (وێ)ی به‌لای خۆیدا ڕاكێشابوو. زۆر جار ئاماده‌ی فێرگه نه‌ده‌بوو، چاوه‌ڕێی ده‌كرد ئه‌و بێت. بۆ شوێنی جوانی ده‌برد كه وایان ده‌كرد ئه‌میش ڕقی له فێرگه ببێته‌وه‌و خه‌ونی به‌وه‌وه ده‌بینی جارێكی دیكه سه‌ری لێ بداته‌وه، بۆیه وێ له هه‌موو شتێكی دیكه زۆرتر خۆشی ده‌وێت. خاڵم به‌ناو كێڵگه‌و ڕێگه پێچاوپێچه‌كاندا ده‌یبردین و ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی لێ ده‌خوڕی. باران دایدابوو. له په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یرم ده‌كرد، چه‌ندم لادێ خۆش ده‌وێت، هه‌موو لادێكانی توونسم خۆش ده‌وێت.
سڵاو سڵاو سڵاو له هه‌موو گوند‌و لادێكان.
هه‌موو چیرۆكه جوانه‌كان له لادێكانن. لادێ له وێژه‌ی توونسدا ئاماده‌یه، به‌ڵام ته‌نیا له‌ناو دوو په‌رتووكدا خۆشم ده‌وێت كه بریتین له: (سه‌رگوزه‌شته‌ی شێتبوونی هه‌نییه‌ی پلكه‌زام) و (قه‌سب به هێشووه‌كانییه‌وه).
كاتێك گه‌یشتین، (دۆڵی لم) له لافاوی باراندا نغرۆ بووبوو.. خانووه‌كان زۆر له یه‌كدییه‌وه دوور بوون. ئه‌وه‌یش هانی سه‌ركێشی ده‌دات به شه‌و.
(كه‌سكه‌سی)یه‌كی خۆشمان خوارد.. كێكی (نه‌سری)یان به‌سه‌ردا دابه‌ش كردین. ئافره‌تێك گۆرانی چڕی و جاروبار سه‌یرێكی ده‌كردم:
ئه‌ی ساڵح ساڵح
ئه‌ی گه‌نمی به‌لیوومی
به چاوانی عه‌لی ساڵح
كل بوو، كوشتمیان
ئافره‌تێكی دیكه‌یش كه كراسێكی سووری له‌به‌ركردبوو له‌گه‌ڵ پشتێنێكی حه‌وت چین سه‌مای كرد.
چه‌ند جوانه خه‌نه به پێی په‌تییه‌وه. چه‌ند جوانه كل به چاوی گه‌وره‌ی ئافره‌تانی زه‌غوانه‌وه.
ئه‌و شه‌وه شێت بووم كاتێك ئه‌و پیاوه گۆرانی چڕی.. ده‌نگی غه‌مگینی كردم، به‌ڵام ئه‌و غه‌مگینییه جوانه. غه‌مگینی ئه‌وینداری. كاتێك ئیسماعیل حه‌تاب گۆرانی چڕی من و كچه‌كه‌ی خاڵۆم هه‌ڵمان كوتایه ناوه‌ڕاستی ئافره‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ما بكه‌ین. ئه‌و شه‌وه ئافره‌ت و كیژو پیاوه‌كان هه‌موویان سه‌مایان كرد بێ ئه‌وه‌ی گوێ به باران بده‌ن.
حه‌ز له سه‌ما ده‌كه‌م. حه‌ز له گۆرانی به‌ده‌وی ده‌كه‌م.. ئیسماعیل حه‌تاب ئه‌لشه‌یخ.. بورقعه كاتێك گۆرانی (حبك دربانی) ده‌چڕێت. زۆرم بایه‌خ به مێژووی تیپی هونه‌ری میللی نیشتمانی ده‌داو زینه‌و عه‌زیزه‌و خه‌یره عوبه‌یدوڵڵا سه‌رنجیان ڕاده‌كێشام.
زۆرم حه‌ز ده‌كرد ببمه ئه‌ندامی تیپی هونه‌ری شاری ڕۆشنبیری له توونسی پایته‌خت، به‌ڵام سوعاد ده‌بوورایه‌وه كاتێك ئه‌وه‌م پێ ده‌گوت.
ـ سۆزانی كچی سۆزانی ده‌یه‌وێت ببێت به سه‌ماكه‌ر.
كاتژمێر دووی به‌یانی گوندی (دۆڵی لم)مان به‌جێ هێشت، كچه‌كه‌ی خاڵم له ته‌نیشتمه‌وه نووستبوو. باران هه‌ر ده‌باری. خاڵم ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی لێ ده‌خوڕی و به‌م لاو به‌و لادا له‌تری ده‌برد.
مالك نه‌والی، خانمه چیرۆكنووسێكی خه‌ڵكی توونسه.
سه‌رچاوه:
https://kikahmagazine.com