Skip to Content

فەلسەفەسازی زۆربڵێی نییە!- بەشی سێهەم.. ئازاد حەمە

فەلسەفەسازی زۆربڵێی نییە!- بەشی سێهەم.. ئازاد حەمە

Closed
by ئه‌یلول 6, 2021 General, Opinion, Slider

دەستپێک:
لە گەڕانەوەدا بۆ ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەوە تێدەگەین کردەی فەلسەفەسازی لە خۆتازەکردنەوەی بەردەوامدایە. ئەم كردەیە نە وڕێنەیە و نە گوتنی بۆش، بەڵكو كردەییەكی بەرپرسیارئامێزە و ویستیشە بۆ دانایی و ئەم ویستەیش لە فۆڕمی ئەڤینداریی بۆ ئەم داناییە خۆی نیشاندەدات، لە کۆتایشدا هەر فەیلەسووفە، كە هاوڕێی داناییە و بگرە تاكە هاوڕێشیەتی. كردەی ناوبراو بریتینییە لە زۆربڵێییbabble و زۆروێژیی، تەنانەت لە گۆكردنی ئەوەیش، كە لێیحاڵینابین. ئەڵبەتە كردەی فەلسەفەكردن زێدەڕۆییكردن و چەقاوەسۆیش ناگەیەنێت. كردەی فەلسەفەسازی تەنانەت ئەوەیش ناگەیەنێت هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی بێتەگۆکردن. كەوابێت، فەلسەفەسازی كردەیەكی هەڕەمەكیی نییە، بەپێچەوانەوە فەلسەفەسازی كردەیەكی دژوار و ناسانایە و بە ڕێساگەلێكی ڕێڕەوییەوە گرێدراوە. هاوكات فەلسەفەسازی لە زۆروێژیی و چەنەبازیی جیاوازە، لەو شتە جیاوازە دۆشدامان و سەرسوڕمان ناسازێنێت. ئەگەرچی فەلسەفەسازی سەرقاڵبوونە بەوەی جێیباس و جێیباس نییە، لێ فەلسەفەسازی مەرامێكی مەبەستگەریشی لەخۆیڕا حەشارداوە. واتە لە گوتراوی فەلسەفییدا مەبەست و ئامانج پەنهانە.

گوتنی فەلسەفیی گوتنێكی هزرییە

بەپێی ئەوەی کردەی فەلسەفەسازی كردەیەكی زەینی پوختە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە هەچ شتێك تێینەگەیشتن دروستبکات ناچێتە خانەی فەلسەفەوە. هەموو گوتنێكیش نەتوانێت خۆی وەك گوتنێكی فەلسەفیی نیشانبدات بە فەلسەفە دانانرێت. بەم شێوەیە، دەشێت بپرسین: گوتنی فەلسەفیی چییە؟ یاخود گوتنی فەلسەفی چ جۆرە گوتنێكە؟ گوتنی فەلسەفیی بریتیە لە گوتنێكی كۆنكرێت(دیاریكراو) و كراوە، وەلی ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، گوتنی فەلسەفیی بێ سنور و بێتخوبە. لە هەموو ئەوانە گرنگتر گوتنی فەلسەفیی بریتییە لە گوتنێكی هزریی، لە شیكردنەوەیەكی ئاوەزیانەی ئەو شتانەی دەبن بە بابەتی شیكردنەوەكە.
وێڕای ئەوە،، كردەی فەلسەفەسازی كردەیەكە لە گەڕان بەدوای زانین، گەیشتن بە ڕاستیی، بەو داناییەی، کە پێویستمانە. پێویستمانە، چونکە نیمانە. وەلی ئەم كردەیە سانا و ساکار نییە، بگرە دژواریشە. ئەم كردەیە خۆی بەوە لە كردەكانی تر جیادەكاتەوە، کە تێڕامانی قوڵ و پوخت دەكات بە بناغە بۆخۆی. هەروەها كردەی فەلسەفەسازی دەیەوێت وەك بیرێكی سەرتاسەری و یەكانگیر خۆی نیشانبدات. گەڕانی فەلسەفە بەدوای زانین گەڕانە بەدوای ڕاستی. بەپێی ئەوەی ڕاستیی هەمیشە ون و نا-ئامادەیە، هەر لەبەرئەوە فەلسەفە پێویستی بەم گەڕانەیە. ئەم گەڕانە گشتی و هەمەلایەن، بەردەوامیشە.
فەلسەفە لەبەرئەوەی گومان دەكات ڕاستیی هەبێت، ئەمە وایلێدەكات لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا بەردەوامبێت. ئەم لایەنە لای پۆل ڕیكۆر Paul Ricoeur ئاقارێكی تر وەردەگرێت، ئەمەیش لەسەر ئەو بناغەیەی گەڕان بەدوای ڕاستیی لەنێوان دوو لادایە. لایەك بریتیە لە حالەتێكی كەسیی(شەخسیی) و ئەوەیتر تەماشاكردنە بۆ بوون. كەوابێت گەڕان بەدوای ڕاستیی گەڕانە بەدوای شتێك تەنها ئەو كەسە دەیكات، کە مافی هەیە ئەو گەڕانە بكات. گەر بوونی ئەم كەسە واتای هەبێت و بێمانا نەبێت ئەوا تەنها ئەم كەسە مافی ئەم پرسیاركردنەی هەیە. ئەمەو بۆ ڕیكۆر گەڕان بەدوای ڕاستیی واتە گوتنی شتێكی باش بۆ گشت، بەس ئەم گوتنە تەنها بریتینییە لە گوتنی هەرچ شتێك، كە بشێت بگوترێت. بەهۆی ئەم گوتنەشەوە دەشێت من(هەرچ منێك) ئامادەبێت لە بووندا، واتە گوتنەكە دەبێت بەهۆكاری ئەوەی، كە شوێنم لەناو بووندا هەبێت. ئەمەیش ئەوە دەگەێنێت، كە ڕیكۆر لەڕێگای گەڕان بەدوای ڕاستیی بەدوای شوێنێك، پەیوەندیی لەتەك، بووندا دەگەڕێت (1). بۆئەوەی بەقوڵی لەوە بڕوانین، كە ڕیكۆر دەیڵێت پێویستمان بەوە دەبێت هەڵوێستەیەک لەئاست وشەی گەڕاندا بكەین.

فەلسەفەسازی گەڕانە بەدوای ئاسۆ

گەڕان ئاسۆییەكی نوێمان بۆ دەستبەردەكات. ئەم ئاسۆیەش ئەو كاتەیە، كە دەیژێین. گشت كاتەكان گەڕانی خۆیان پێویستە، یان هەموو كاتێك ویستی خۆی بۆ گەڕان هەیە، ئەڵبەتە گەڕان بۆ خوڵقانی ئاسۆ. ئەم ئاسۆیە، كە بەرهەمی بەشداری منە(هەرچ منێك) لە جیهاندا شوێنێكیشە بۆ خۆنوێكردنەوە. جیهان، كە ئێستای منە چركەی ئامادەبوونی ئەو منەشە. لێرەوە دەشێت بگوترێت فەلسەفەكردن هەوڵێكە بۆ نیشتەجێبوون لە جیهاندا و جەخكردنیشە لە ئامادەبوون لەو جیهانە. كەواتە فەلسەفەكردن لە جیهاندا، لەو شوێنەی دەژێین، كۆششە بۆ پووچەڵكردنی نامۆیی، وەكیتریش مەشقكردنە لەسەر بوون بە بوونەوەرێكی ئامادە و زەفەربەر بەو تەگەرانەی بوونمان لە شوێنێكدا دەشێوێنن. لێرەشەوە دەگەینە ئەو سەیركردنەی پرۆسەی گشت فەلسەفەكردنێك هەنگاوێكی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە بوونمان، لەو جێگەیەی تیایدا ئامادەین. بەم پێیە ئەو ئاسۆ نوێیەی فەلسەفەكردن هەڵماندەداتە ناویەوە بەجۆرێك لە جیهاندا ئامادەماندەكات، كە لەتەك ئەوەیتردا لە ڕووبەڕووبوونەوە دابین. دیارە ئەوەیتر یەكێكە لەو چەمكانەی فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا وەك دژە جەمسەری خود بەكاری دەبات، لێ لەم دژبەكاربردنە ئێمە بە ڕووخسارێكی تر ئاشنادەكات، بەو كەسەی لە منەوە دوورە. تاكە سەرچاوەیەكی ئەم ئێتیكە ئەو فێنۆمێنۆلۆژیایەیە دەموچاوی خودی خۆ ڕووبەڕووی دەموچاوی ئەوەیتر دەكاتەوە. تەنها لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەموچاوەكان بەریەكتردەكەون. ڕووبەڕووبوونەوەی دەموچاوەكان بۆ لێڤیناس Levinas ئەوەمان پێدەڵێن، كە تەنها دەموچاویان بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هەیە. لێرە دەموچاو ئامرازە. كەوابێت كاتێک ئێمە فەلسەفەدەكەین هەم لە ناو بوونی خۆماندا جێگیرین و هەم بە بوونی، بە ئامادەبوونی، ئەوەیتر ئاشنادەبین. ئەوەی ئێمەی بەم ئاشنابوونە گەیاند، كەوایلێكردین درك بە ئامادەبوونمان لە جیهاندا بكەین فەلسەفەكردنە، فەلسەفەكردنەكانی فەیلەسووفەكانە، ئەو ئاسۆ تازەیەیە، کە ئێمە لە بوونماندا پێیگەیشتووین. دەشكرێت فەیلەسووفەكان هەڵەبكەن، بەس لە هەڵەكانیانەوە شت فێردەبن، كردنی هەڵەكانیش بۆ زۆرترگەڕانن بەدوای ڕاستیدا. گومانیشیناوێت، جیاوازیی لەنێوان شێوازەكانی بیركردنەوەی فەلسەفییدا بوونی هەیە، یان شێوازەكانی بیركردنەوە یەك جۆر نین، لێ بەردەوامی فەیلەسووف لە پشكنین بەدوای ڕاستیی سەرجەمی شتەكان دەگۆڕێت و فڕێشماندەداتە ناو ئەزموونێك لە تێژیانێکی نوێوە. بۆیە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی (چەنەبازی، درێژدادڕیی) جیاكردنەوەی فەلسەفەیە لەو شتەی پێویستناكات، ئەو شتەی نامانگەێنێت بە هیچ شتێك. پێویستیی ئێمە بۆ فەلسەفە پێویستیە بۆ ئەو شتەی هانماندەدات بیربكەینەوە و ئاسۆ بدۆزینەوە.

فەلسەفە لەگەڵ چەنەلێدان یەکناگرێتەوە

كەوابێت ئاماژە بۆئەوە دەكەین، بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە، یان بیركردنەوەیە لەمەڕ بیركردنەوە، یاخود بیركردنەوە دەستەمۆدەكات. ئەمە وادەكات فەلسەفە نەتوانێت لە دەرەوەی ئەو كردەیە كاری خۆی بكات و جگەلە بیریاریی شتێكی تر بكات بە مۆڵگەی مەبەستی خۆی. ئەمەیش بەجۆرێكی تر وادەكات هیچ هاوخەمیی و هاوهەڵوێستییەك لەنێوان فەلسەفە و زۆربڵێیدا نەبێت. زۆربڵێیی، كە تێكەڵێكە لە گوتنێكی دووبارەساز واتاسازێنەر نییە و پڕیشە لە دەمامک و نیشانەی لێوانلێو لە بێمانایی و لەگەڵ فەلسەفەشدا یەكناگرێتەوە. بۆیە پووچەڵكردنەوەی گشت پرۆسەیەكی زۆربڵێیی پووچەڵكردنەوەی ئەو بەشەیە لە گوتن، كە دەشێت نەوترێت، ئەو بەشەی هەر لەسەرەتاوە دەچێتە خانەی گوتراوە سواوەكانەوە. لەڕیشەشدا زۆربڵێییی بریتییە لە گوتنی گوتراو و گوتنی گۆكراو. ئەمەیش وادەكات زۆربڵێییەكان ڕۆچوون بەخۆوە نەبین و خۆشیان لە كردەگەلێكی پەلە و پەرت و زێدەڕۆئامێز بریتیبكەن. لەمیانەی گشت زۆربڵێییەکیشدا واتا بەوپەڕی مەبەستەوە دەمرێنرێت و ئەوەیش لە گوتندا دەهۆنرێتەوە، كە ناپێویست و ناكاریگەرە. کاتێک گوتن بێمانایی و گۆكردنی گۆكراو بەرهەمدەهێنێت، کە گوتن واتا لە خۆیدا حەشارنادات. ئەمەو زۆربڵێییەكان ناتوانن هیچ تێگەیشتنێك پووچەڵبكەنەوە و هیچ ڕۆڵێكیش لە داماڵینی هیچ جۆرە ماسكێكدا نابینن، نەک هەر ئەوە بگرە دەبن بە بەرهەمهێنەری دنیاییەك لە ماسك و ئاماژەی بێ واتا. ئەمەیش لەسەرێكی ترەوە ئەوەمان پێدەبێژێت، بنەبڕكردنی زۆربڵێیی بەچۆكدادانی ئەو بەشە لە گوتن لە خۆدەگرێت، كە ناتوانێت تێگەیشتنێكی نوێ دروستبكات.

بەپێی ئەوەی كردەی زۆربڵێییی لە دروستكردنی تێگەیشتنەوە دوورە، ئەمە وادەكات زۆربڵێییی ببێت بە پڕۆسەیەك لە قسەكردنی ناسێستەماتیك و ناكۆنكرێت. ئەو بەربەستانەیش زۆربڵێییی لەناو تێگەیشتنەكانمان دایدەنێت، پێگەی بێمانایی لە گوتنەكانمان بەهێزدەكات و شوێنێك بۆ واتاسازیی و ڕوونكردنەوەی پێویست بوونی نابێت. لە زۆربڵێییدا هیچ نیگەرانییەك، یان سڵەمینەوەیەك جێی دیار نییە، چونکە لەناو زۆربڵێییدا ئەوەی دەوترێت گومان و نیگەرانیی لەپاش خۆی بەجێناهێڵێت. بۆیە دەڵێین: ئەزموونی زمان و بیركردنەوە لە فەلسەفە ئەزموونێكی دژە زۆربڵێییە و کارێکی سانا نییە. ئەمەیش لەبەرئەوەی ئەزموونی فەلسەفە لەسەر تێڕامان و سەیركردنەكانمان كاریگەریی لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت. دواتر فەلسەفە حاڵەتێكی تریشمان لا دروستدەكات، ئەوەیش ئەوەیە، كە فەلسەفە بە ئەوانی ترەوە گرێماندەدات، دەمانخاتە ناو كۆمەڵگە و لەگەڵ بەرپرسیاریەتیشدا ڕوبەڕووماندەكاتەوە. فەلسەفەكردن، كە كاری خستنەڕووی دید و بیرە، ئەمە بەجۆرێكی ناهەڕەمەكیی و لۆژیکیی، تاڕادەیەكی زۆر هەر ئەوەیشە فەلسەفەكردن لە زۆربڵێییی جیادەكاتەوە. هەر لەبەرئەوە هەمیشە لە هزری هزرەڤاناندا ئەزموونی هزریی نوێ نمایشدەكرێت و ساتەوەختەكان ژێرپرسیار و گوماندەخرێن. ئەڵبەتە كەلەپوری ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی مرۆڤایەتیش هەر لەژێرسایەی ئەو ژێرپرسیار و گومانخستنانە بە ئاكامدەگات و لەو کێشانەش حاڵیدەبێت ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. لێرەوە دەكرێت قسە لەسەر ئەوە بكەین، ئەو دەمەی زۆربڵێیی وەك فۆڕمێكی زاڵی گوتن خۆی نیشاندەدات، شوێنێك بۆ گوتنی لۆژیكی نامێنێت و بوونی بیركردنەوەی لۆژیكیش ئەستەم و ناشیاو دەبێت. لەبەرئەوەی زمان و لۆژیك یەكانگیرن ئەمە وادەكات لۆژیكیبوون داوای ئەوەمان لێبكات زمان كاریگەرانە بەربەكاربردن بخەین(2). ئەم شێوە بەكاربردنەی زمان ڕێگا لە زۆربڵێییی دەگرێت و دوژمنی گەورەی زێدەڕۆییexaggeration شە. هاوكات ئەو كێشە ئێپیستێمۆلۆژییەی لێرەدا، لە جیاكردنەوەی فەلسەفە لە زۆربڵێیی، پێویستە ئاماژەی بۆبكرێت ئەوەیە، كە فەلسەفە خەسلەتێكی گەردونایی و گشتیی هەیە، ئەم لایەنە وادەكات لە فەلسەفەدا سێستەمێكی زمانەوانیی كاری خۆی بكات، كە ئەوەیش بیركردنەوە بەرهەمدەهێنێت. خەسڵەتی بیركردنەوەی فەلسەفی خۆی لەوەدا پوختدەكاتەوە، كە شێوازەكانی بیركردنەوە جۆراوجۆرن. كەوابێت گوزارەكردن بەشێوازی جیا شێوازەكانی بیركردنەوە دەیسەپێنن. مرۆڤ، كە زانی بۆ بیردەكاتەوە؟ لە ئەوەیش حاڵیدەبێت بیركردنەوە چی دەگەێنێت. ڕوونە، كە هەر كەسە و شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە و ئەو شێوازەش بەپێی دۆزە جیاكان گۆڕانی بنەمای دێتەسەر، بەڵام بیركردنەوە جیاوازەكان نە شیاوی لەبەردەم زۆربڵێیی دەكەنەوە و نەش جیاوازی لە بیركردنەوە مەترسیە بۆسەر پێكهێنانی واتا. دەكرێت كەسێكی ئاینی جیاوازتر لە كەسێكی سیاسی بیربكاتەوە و دەشكرێت كەسێك مۆدێرنانە بیربكاتەوە و كەسێكی تر نامۆدێرنانە، ئەڵبەتە بیركردنەوەی هەرزەکارێکیش لە بیركردنەوەی پیرێك جیایە، ئەم جیاوازیانە نامانگەیەننە ئەو تێڕامانەی بڵێین بیركردنەوە جیاكان لە زۆربڵێیی كەسەكان بەرپرسیارن.

لۆژیکیبوونی فەلسەفە بەڵگەهێنانەوەیە

لایەنێكی تر، لێرە گرنگە هێمای بۆ بكرێت ئەوەیە، كە ئەو دەمەی فەلسەفەدەكەین واتە هەوڵدەدەین لۆژیكییانە بەڵگەبهێنینەوە، یان توانایەكی شیاكاری لە بیركردنەوەكانماندا بخەینەگەڕ. ئەم توانایەش كاتێک لە فەلسەفەدا دەیخەینەگەڕ، کە پێویستمان بەوە بێت ئەوەی دەیڵێین بەڵگەداریبكەین. لەوە گرنگتر ئەوەیش، کە چۆن بەڵگەیەك ڕاستیئامێز بكرێت، یان ڕاستیگەرییreality بۆ بدۆزرێتەوە، چۆن وابكرێت، ڕاستیی پەسەندكراوبێت؟ هەروەها لە فەلسەفەدا گرنگە چۆن بەڵگە پەسەندكراوانە acceptable بنیاتبنرێت؟ واتە فەلسەفە ئەوە هەڵناوەشێنێتەوە پەسەندكراو و باشە، بەڵكو توێژینەوە لەو بارەیەوە دەكات، چۆن شت پەسەندكراو و باش بێت؟ ئەمەیش لەگەلێك ڕووەوە فێری ئەوەمان دەكات نەك هەر فەلسەفە لە زۆربڵێیی جیابكەینەوە، كە خۆی ئەوەیان شەڕی نێوان لۆژیكیبوون و نالۆژیكیبوونمان بیردەخاتەوە، بەڵكو لە ڕێگای جیاكردنەوەی شتی بەڵگەدار لە شتی بێبەڵگە بەوەش دەگەین، زۆربڵێیی کردەیەكە لە گوتنێکی ناسێستەماتیكی بێبەڵگە.
گومانی ناوێت، فەلسەفە ئەوەمان بیردەخاتەوە، چۆن دەتوانین ڕەخنەییانە توانای بەڵگەهێنانەوەمان هەبێت و لەم حاڵەتەشدا ئەوەی گرنگە ئەم لایەنانەن: چۆن بڕیاربدەین؟ ئەوەی پێیدەڵێن ئاكام، یان دەرئەنجامی ڕاستەقینە چۆن پێیدەگەین؟ هەروەها چۆن گریمان پێكدێت؟ ئاشكرایشە هیچ یەك لەم لایەنانە لە زۆربڵێییدا ئامادەنین و بۆیە زۆربڵێیش ناکارێت واتا دروستكەربێت. هاووەخت لە گفتوگۆ فەلسەفیەكاندا پێویستمان بە بەكاربردنی چەندین واتای شیكارەییە، تا ئەوەی دەمانەوێت بیگەێنین و پەسەندكراویشبێت، وەك: پرێمیس premise یان سەرەتا، پێشەكیی، بەڵگە، ئاكام یان دەرئەنجام، كۆتایی، پەیوەندیی ڕێژەیی، زاراوە، تایبەت و گشت … هتد. دیارە بۆ فەلسەفە پرسیاری چۆن بە زانینێكی دڵنیا دەگەین؟ هەمیشە مەسەلەیەكی، یان پرسیارێكی بنەڕەتی بووە. بەواتایەكی تر، گەڕانی بەردەوامی فەلسەفە بەدوای زانینێكی پەسەندكراو، باوەڕپێكراو و ڕاستیئامێز هەروەها ئەوەیش، كە چۆن زانین بەهائامێزدەبێت خودی ئەو پرۆسە ئاڵۆزەمان بۆ شیكاردەكەن فەلسەفە تیایدا بەرهەمدێت، یان فەلسەفە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات.
سەرباری ئەوەی لای سەرەوە باسكرا هێما بۆئەوەیش دەكەین، گەر ئێمەی مرۆڤ تا هەنووكە لەوە حاڵینەبووبێتین بۆ دەبێت(بۆ دەبایە) فەلسەفە هەبێت؟ لەوەش حاڵینین پرۆسەی فەلسەفەكردن، كە لەتەك لێوردبوونەوە و پشكنیندا دەست لەملانە، چەند واتای بۆ بەردەوامی فەلسەفە هەیە. بەردەوامی فەلسەفە پێویستییە بۆ بیری فەلسەفیی، بۆ ئەو شتەی هەموان كۆدەكاتەوە، چونكە هەموان لە ئامادەبوونی فەلسەفە، لەو شتەی بیر لە ئێمە دەكاتەوە، لە بوونمان، لە هەنووكەیی ژیانمان، سوودمەندین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی دەركەوتنی فەلسەفە لە یۆنانی كۆنەوە بەو پرسیارە دەستیپێکردووە “ئەو شتە واتای چییە” (3)، لێ ئەمە بەو واتایە ناێت، كە فەلسەفە كاری دووپاتكردنەوەیە. سەختیشە ئێمەی مرۆڤ لەوە حاڵینەبوبێتین بیری فەلسەفیی خۆی لە بیرەكانی تر بەوە جیادەكاتەوە لە پەیوەندیدانییە بە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆییەوە. دیارە فەلسەفە ڕەخنە لە هەڵوێستە فەلسەفییە بەسەرچووەكان دەگرێت، دەبێت بە گوشار بۆسەر گەلێك تێگەیشتنی تر، كە خۆی لەتەكیاندا لە ناكۆكی دەبینێتەوە، کە بۆ یەكلاكردنەوەی شتەكان بە پەرۆشە و هەنگاویش بۆ گەیشتن بە ئاكام دەنێت، کە بە ڕەگ و ڕیشەی شتەكان ڕۆدەچێتەخوارێ تا بگاتە ئەو شوێنەی پێینەگەیشتووین. ئەمەیش بەپێی ئەوەی خەمی فەلسەفە سۆراخكردنە لەو شتەی هیچ لەبارەیەوە نازانین و پێینەگەیشتووین، لەوانەش سەیرتر دەکارێت وەك” چالاكییەك یان تێڕاپی(چارەسەر)”(4) تەماشابكرێت. بۆئەوەی فەلسەفە گشت ئەمانەیش بكات پێویستی بەوەیە ڕیسكئامێز riskful بێت. ئەو ئێستایەیش، كە فەلسەفە تیایدەژیت بەرهەمی ئەو ڕیسكە هزریانەیە پێشتر كردوونی. ڕیسكەكان فەلسەفەیان بەرەو ئەزموونگەلێكی جیا و فرە ئاڕاستە بردووە. كەوابێت كاتێك فەلسەفە ئاسۆكان دەخاتە ژێرپرسیارەوە، لێماندەپرسێت چەند ئەو شتە دروستە؟ پرسیارە بووناوییە-مێتافیزیكییەكان دەوروژێنێت، دەپرسێت: سەرچاوەكانی زانین چییە؟ ئەركی زانین چییە؟ سروشتی زانین چییە؟ چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت؟ هەموو ئەمانە پێماندەڵێت فەلسەفە خۆی لەسەر جۆرە گوتنێك ڕادەهێنێت، تێگەیشتن بەدەستەوەبدات، كە ئێمەش هەرئەوەمان پێویستە. لێرەوە دەگەینە ئەو بینینەی، كە فەلسەفە بەوەش لە زۆربڵێی جیادەكەینەوە، كە فەلسەفە تێگەیشتن و لێكدانەوە دەگەیەنێت و ئەمەیش تامەزرۆیی ئێمەی مرۆڤ بۆئەوە نیشاندەدات، كە خۆمان لە بیری سواو و نەزۆك بپارێزین.

شەڕی فەلسەفە بۆ گەیشتنە بە زانین، زانینی ڕاستی

سەرباری ئەوەی لای سەرەوە سەبارەت بە زانین وترا، دەكرێت بڵێین: شیاوە پرسیارێكی فەلسەفیی بكەین بێ ئەوەی لە فەلسەفەدا پسپۆڕبین؟ ئایا ئەوە زێدەڕۆییە؟ پێمانوایە نەك هەر فەیلەسووف بگرە مرۆڤی سادەش دەکارێت پرسیاری فەلسەفیی بكات. بۆنموونە هەمووان دەكرێت بپرسین بۆ ئاسمان لە گشت شوێنێك بەسەر سەرمانەوەیە؟ ئەمە گەر پرسیارێكی فیزیایی بێت لەناواخندا فەلسەفیشە. یان بۆدەبێت كۆتایی ژیان مەرگ بێت؟ ئەمەیش دیسانەوە پرسیارێكە، کە گشت یەكێك لە ئێمە، چ پسپۆڕ بێت لە فەلسەفە و چ كەسێكی خاكیی و بێ ئاگا لە زانست و فەلسەفە، دەتوانێت بیكات. ئاشكرایە وەڵامەكان زۆرجار ئاستی تێگەیشتنی ئێمە بۆ پرسیارەكانمان دەستنیشاندەكەن. ئەو دەمەش بەم جۆرە دێینەگۆ، واتە، كە ئامانجێك لە گۆكردنەكانماندا بەدیدەكرێت و ئەو ئامانجە سنورێك بۆ ئەوەی گۆدەكرێت دادەنێت، لەوە حاڵیدەبین ئێمە شتێكمان بۆ گوتن هەیە. واتە شێوەی گوتنەكانمان جیاكارەیی دروستدەكەن و ساتەوەختی خۆیان لە گوتندا دەپارێزن. گوتنی ئێمە گوتنی خۆمانە، ئەو گوتنەیە ئامانجێك لەپشت گوتنیەوەیە، هەر ئەو ئامانجەش واتا بە گوتنەكانمان دەبەخشێت و ئەوەیش، كە گوتراوە لەوە جیادەكاتەوە بەجۆرێكی تر گوتراوە، یان گوتراوە و هیچ واتایەكی نەپێكاوە. لێرە جەختكردنەكە لە گوتن و لە واتاپێكانە نەك لە شتێكی تر. بیریشمان نەچێت گشت فەلسەفەكردنێك پەیوەندیی بە ئامانجێكی دیاریكراوەوە هەیە. بەشێك لە ئامانجەكان پەیوەندییان بەوەوەیە، ئەو كەسەی فەلسەفە دەكات دەیەوێت زانین بەدەستبهێنێت. واتە، تێگەیشتن لەسەر شتێك بەدەستبهێنێت نایزانێت.
كەواتە كەسی فەلسەفەكەر بە هیوای چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، فەلسەفەدەكات و ئەو بۆشاییانە لە تێگەیشتنیدا پڕدەكاتەوە كەلێنی گەورەیان لە زانینیدا بەرانبەر بەو دیاردەیە دروستكردووە، کە قابیلە بە گوتن، یان بەو شتەوەی فەلسەفەی بەسەرەوە دەكرێت. بەم جۆرە ئەوەی فەلسەفەدەكات بە گومانە لە تێگەیشتن و زانینەكانی و دەیەوێت دڵنیابێت ئایا ئەوەی ئەو وا دەیزانێت و تێیدەگات بەوجۆرەیە و زانین و تێگەیشتنەكانی ڕاستن. گشت ئەم شێوە سڵەمینەوە و تێڕامانانە جۆری گوتنەكانمان لێكدی جیادەكەنەوە و مەرام و ڕیشەیان دەستنیشاندەكەن. بۆنموونە كاتێك كیمیاناسێك پرسیارمان لەبارەی ڕەنگ، یان کەڕووەوە لێدەكات، یان كاتێك فیزیاناسێك پرسیارمان لەبارەی بارستایی و كێشەوە لێدەكات واپێویستدەکات وەڵامەكانیش كیمیایی و فیزیایی بن و لەخودی خۆیانیشدا وەڵامگەلێكی زانستیی و لەدواینباریشدا وەڵامگەلێكی فەلسەفیی پێكبهێنن. ئەم جۆرە زانستانە پێشتر لەهەناوی فەلسەفەدا بوون و دواتر وەك دوو زانست لە فەلسەفە جیابوونەتەوە و جیابوونەوەكەشیان ئاڕاستەی كاركردنەكانیانی لاوازنەكردووە. هەروەها ئەو پرسیارانەی كیمیاناس و فیزیاناسان دەیكەن لەهەمان ئاستدا خەڵكانێكی سادە ناتوانن، نە ئەو پرسیارانە بەو جۆرە بكەن و نە وەڵامەكانیشیان لەئاست وەڵامی كیمیاناس و فیزیاناساندا دەبێت. بۆیە ئەو وەڵامانەی كیمیاناس و فیزیاناسێك بەدەستەوەی دەدات بریتییە لە جۆرە گوتنێكی تایبەتی سنوردار، سنوردار لە چوارچێوەی زانینێكی دیاریكراو.

دیارە نەزانین سنوری نییە و زانینەكانیش سنور تێدەپەڕێنن، بەڵام ئەمە سنور و ڕێسکەكان لەنێوان زانین و نەزانیندا تێناپەڕێنێت. ئەمەیش لەبەرئەوەی نەزانین ناچێتە خانەی زۆربڵێییەوە. نەزانین كردەیەكە لەو پرۆسەیەی بۆ بەدەستهێنانی زانین دێتە دنیاوە، هەرچی زۆربڵێییە پرۆسەیەكی زۆربارە و بێمەرامە. هەروەها نەزانین دانپێدانانیشە بەو شتەی تێیناگەین و پێینەگەیشتووین، بۆیە زۆربڵێیی ناتوانێت خۆی بەسەر نەزانیندا بسەپێنێت هیچ نەبێت لەبەرئەوەی زۆربڵێیی لەبارەی شتێكەوەیە گوتراوە و تێشیگەیشتووین. هاوكات لە نەزانینەوە تێگەیشتنێكی قوڵ دەستەبەردەبێت، كە زۆربڵێیی ناتوانێت هەرگیز ئەوە دەستەبەركات. زۆربڵێیی دەیەوێت لە كونفەیەكونێكدا بە زانین بگات، بەو شتە بگات لێیحاڵی نییە. حاڵینەبوون بەردەوامە، چونکە پرۆسەی وەدەستهێنانی زانین لەلایەن مرۆڤەوە بەردەوامە. كاتێكیش لە هێنری بێریگسۆن Henri Bergson دەپرسن “باشترین كتێب چییە، كە دە ساڵی تر چاپدەبێت لە وەڵامدا دەڵێت: جا ئەگەر بمزانیایە خۆم دەمنوسی”. ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە ئەو شتەی دێت زانیمان لەسەری نییە هەچ زێدەڕۆییەكیش لەو بارەیەوە بكەین بەهیچزانین كۆتایدێت.
کەوابێت، ئەو دەمەی ئێمە چەنەلێدەدەین هیچزانین بەرهەمدەهێنین و دووپاتكردنەوەكانیشمان بەشوێنێكی تازەمان ناگەیەنن. لە زۆربڵێیدا چەندبارەكردنەوە ئامادەیە و گومانیش لەگەڵ زۆربڵێیی و زۆر دووپاتكردنەوەدا یەكناگرێتەوە. بەپێی مێتۆدی سوكرات بێت دەشێت ئێمە خۆمان وەك نەزان نیشانبدەین تائەوە فێربین چۆن زانین بەدەستدەهێنرێت. گرنگ نییە ئێمە دەزانین، كە چی نازانین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئێمە نەزانین چی نازانین. تەنها ئەو كاتە لەو پرسیارە حاڵیدەبین، كە بەم جۆرەیە: نەزانین چییە؟ دەمانەوێت هێما بۆ ئەوە بكەین، پرسیاری نەزانین چییە؟ هەروەك پرسیارە مێتا_فەلسەفییەكان، بۆنموونە پرسیاری فەلسەفە چییە؟، بە پرسیارگەلێكی ڕیشەیی لە فەلسەفەدا دادەنرێت، ئەو دەمەش، كە دەپرسین نەزانین چییە؟ مەراممان دەربازبوون لە نەزانین، كە لە نەزانینیش دەربازماندەبێت لەسەر خوانی زانین، زانینی ئەوەی نایزانین، دادەنیشین. واتە، نەزانین بە پەیداكردنی زانین كۆتای دێت، زانین لەمەڕ ئەو شتەی ئاگاییمان لەسەری نییە. ئەوەی لە نەزانیندا سەبارەت بە شتێك نوقمە دەبەنگ نییە، بەڵكو دانبە نەزانینی خۆیدا دەنێت سەبارەت بەوەی، كە نایزانێت. بەم جۆرە، ئەوەی جاهیل لە نەزان جیادەكاتەوە ئەوەیە دەبەنگ نازانێت، كە نازانێت، لێ نەزان ئەو كەسەیە دەزانێت، كە نازانێت، بۆیە كەسی نەزان دەخوازێت بزانێت. كەوابێت نەزانین بەرهەمی نەزانینی ئەو كەسەیە، كە زانینی تایبەت بە شتێكی دیاریکراو پێنییە.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئێمە، كە نازانین “ڕاستیی چییە؟” ئەمە ئەو نەزانینەیە تایبەت بە ڕاستیی هەمانە، لێ كاتێک زانیمان ڕاستیی گەڕانە بەدوای ڕاستییەكی ڕەها و ڕێگاكانیش بۆ گەیشتن بە ڕاستیی جۆراوجۆرن و تاكە ڕێگایەكیش لەو بارەوە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی بوونی نییە بەمە لەوە حاڵیدەبین نەزانینی ئێمە لە چیدا خۆی كورتكردووەتەوە. واتە، ئێمە پاش ئەوەی زانیمان پەیوەندیی سروشت، یان گەردوون بە مرۆڤەوە بریتیە لە ڕاستیی و ئەو پەیوەندییەش لە ناوەوەی ژیانی ئێمەی مرۆڤدا ئامادەیە بەوە زانینێك تایبەت بە ڕاستیی بوونمان دەخەینە سەر خەرمانەی زانینەكانمان، ئەمەیش وادەكات ئێمە نەزانینی خۆمان دەستنیشانبكەین، یان بناسینەوە. دیارە بۆ كەسی نەزان هەمیشە ئەوە پرسیارە، کە كێ خاوەنداری ڕاستییە، یاخود ڕاستیی لای كێیە؟ هەر ئەم لایەنە وا لە نەزان دەكات زۆرترین تێڕامان لەوە بكات، كە نایزانێت. بۆ كەسێك، كە نازانێت، بۆنموونە فەیلەسووف، هەمیشە گەڕان بەدوای ڕاستیی بۆ بیركردنەوەی فەلسەفیی پێویستیە. بۆیە بیرمەند بێوچان ویستویەتی بەدوای ڕاستیدا وێڵبێت، كاتێك بیرمەند ئەمە دەكات بۆ ئەوە دەیكات تا لە ڕێگای ئەوەوە لە سەرچاوەكانی كێشەكانی ناو بوونی خۆی بگات. ئەوكاتەش، كە كەسی بیرمەند بە ڕاستیی دەگات خۆی لە ناوچەكانی یەقین نزیكدەكاتەوە و پێویستی بەوە نابێت گومان لەوە بكات، كە جارێ گومانی تیادا دروستنەکردووە.

لەسەر بناغەی گوتنەكانی لای سەرەوە بێت پرسیارگەلێك وەك: چۆن دەزانین، كە دەزانین؟ چۆن دەزانین، كە ئەوەی دەیزانین ڕاستە یان هەڵەیە؟ هەروەها چۆن دەزانین، كە زانینەكانمان باشن نەك خراب؟ ڕێنماییەكی فەلسەفیی زۆرماندەكەن، کە لە بنەچەی نەزانینی خۆمان بگەین. شرۆڤەكردنی ئەو لایەنەش، واتە نەزانینی مرۆڤ، شرۆڤەكردنی ئەو بەشە گرنگەیە، مرۆڤ لەخۆیدا بەئاسانی دركیپێناكات. ڕاستە دركپێكردنەكانی ئێمەی مرۆڤ بێ خەوش نین بەتایبەت گشت كەسێك خاوەنی ئەزموونی دركپێكردنی خۆیەتی، ئەمەیش، واتە دركپێكردن، پرۆسەیەكە لە شرۆڤەكردنێكی ناسادە، یان کارێکی ئاڵۆزی هزریی. ئەمەیش بەزۆری لەبەرئەوەی هەموو وەك یەك درك بە هەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرمان ناكەین. بۆئەوەی درككردن لە ئێمەدا بە باشی بڕسكێت پێویستمان بەوەیە ڕۆڵ لە ڕێكخستنی ئەو زانیاریانەدا ببینین لە دەوروبەرمانەوە پێماندەگات، بۆیە گرنگە جەخت لەوە بكەین پرۆسەی درككردن پرۆسەیەكی زانینییە (مەعریفییە).
بۆئەوەی گفتوگۆكان لە كۆنتێكستی فەلسەفیی باسەكەدا چڕبكەینەوە جەخت لەسەر ئەو لایەنە دەكەین، كە فەلسەفە لە ئاكامی گەڕان بەدوای چۆنیەتی پێكهێنانی زانین دروستدەبێت. لەناو فەلسەفەدا زانین بەهۆی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە دێنەسازان، كە فەلسەفە ئەنجامیدەدات. جا وابێت ڕۆشنبیریی فەلسەفیی لەمیانەی ئەو پشكنین و تێڕامانانەوە نەشونمادەكات و بەمە فەلسەفە ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێت و وەك فۆڕمێك لە بیركردنەوە خۆی نیشاندەدات. لەناو ئەم فۆڕمە گشت دووپاتكردنەوە و جوینەوەكان جۆرە دووبارەبوونەوەیەک دروستدەكەن بەهەموو جۆرێك لە فەلسەفەكردنەوە دوورن. بیركردنەوەكان نەزۆكیی بەرهەمدەێنن. زۆربڵێیش ئەو نەزۆكیەیە شتێكی نوێ ناخوڵقێنێت، لە زۆربڵێییدا (كە دووپاتكردنەوە و زێدەڕۆیی پەنهانە) وێنابوونی زەینی قوڵ لە بینین و لە واتادا بەدیناكرێت. بۆیە، هەمیشە لەوەی دەوترێت، لە گوتراو دا، پێویستمان بەوەیە بەدوای ڕیشاڵی هزریی گوتراوەكەدا بگەڕێین، ئەم لایەنەش هەمیشە دەمانخاتە بەردەم جۆرە سڵەمینەوەیەك لە گوتراو. گومانیشی ناوێت، گوتراو بەرهەمی بیركردنەوەیە و پێچەوانەی ئەو گوتراوەیە لە شێوەی چەنەبازیی خۆی نیشاندەدات. ئەمەیش لەبەرئەوەی زۆربڵێیی بیركردنەوەیەكی سواوە و هیچی لێوە سەوزنابێت.

فەلسەفە = گوتنی گوتنێكی نەگوتراو
هاوكات لە زۆربڵێیدا گوتن سنوری نییە و وێنەكان هیچ كات پوختنابنەوە. بەواتایەكی تر، زۆربڵێیی تێگەیشتن بەدەستەوەنادات و دووبارەكردنەوەی ئەوەیە، كە دەیزانین. كاتێكیش ئالان بادیو دەپرسێت بیركردنەوە لە ئەم ئێستاماندا چی دەگەیەنێت؟(5). ئەم تێگەیشتە وامانلێدەكات بۆئەوە بچین هێزی بیركردنەوە لە ئەمڕۆدا ڕوو لە خوارە، یان ئەو جۆرە بیركردنەوانە ڕوو لە خوارن گوتنێكی پێویست بەرهەمناهێنن. لێرە بەپێویستی دەزانین ئاوڕێک لە سەیركردنە فەلسەفییەكانی ڤیتگێنشتێن تایبەت بەم لایەنە بدەینەوە. لەسەر ئەو بناغەیەش ئاماژە بۆئەوە دەكەین بۆئەوەی سنورێك بۆ بیركردنەوە دانرێت پێویستە بیر لە هەردوولای سنورەكە بكرێتەوە ( واتە ئێمە مەرجە بتوانین لەوە بیركەینەوە، لە شتێك، كە ناكرێت بیری لێبكرێتەوە)(6). ئەڵبەتە ڤیتگێنشتێن پێیوایە ئەو سنورە لەم حاڵەتەدا لەرێگەی زمانەوە دێتەدی. بەم شێوەیە بێت ئەوە زمانە بیركردنەوە لە بیرلێنەكراو جیادەكاتەوە و ئەوەیش، كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەم سنورەوە، بێماناییە(7).
بەپێی ئەو تەماشاكردنە فەلسەفییانەی لای سەرەوە بێت گوتن لە پەیوەندیی دایە لەلایەك بەڕاستیی، لەلایەكی تر بەوەی لەناخی گوتندا ئامادەیە، كە ئەوەیش واتایە؟ گوتن فۆرمی هەیە و ئەم فۆرمەش واتای هەیە. واتە ئەوەی فۆرمی گوتن دیاریدەكات واتاكەیەتی، یان ئەوە واتایە فۆرمی قسەكردن دەستنیشاندەكات، بەڵام بابپرسین چۆن ئەم ڕێسایەی ڤیتگێنشتێن كاری لەسەر دەكات، دەکارێت واتا بەرهەمبهێنێت، یان بەگشتی چۆن دەكرێت واتا بەرهەمبێت؟ لەڕاستیدا ئەوەی واتا بەرهەمدەهێنێت بەپێی سەیركردنی ڤیتگێنشتێن فاكتە Fact. بەڵام لەو بیرە فەلسەفییە یاریئامێزەی تراكتاتۆسدا، ئەوەندەی لێیحاڵی بووبێتین، واتا لە پەیوەندیدایە لەتەك گوتندا. گوتن، كە مۆدێلێكە، وێنەیەكە، لە ڕاستیی ئەم ڕاستییە، ئەوەندەی لە تراكتاتۆس گەیشتووبێتین، واتا بەرهەمدەهێنێت. ئەمەیش بەهۆكاری ئەوەی لە گەرووی گوتندا واتا حەشاردراوە. هەرچی گوتنی توتۆلۆژی Tautology یە (دوبارەكردنەوەی هەمان واتا) بەم جۆرە نییە. ئەم جۆرە گوتنە نە وێنەیەكە لە ڕاستیی و نە واتایش لەناخیدا پەنهانە. ئەمە بۆ ئێمە واتای ئەوەیە گوتنی توتۆلۆژیی شیاوی لەبەردەم بەمانابوون ناكاتەوە. نەك هەرئەوە، بەڵكو ئەم گوتنە لە پەیوەندیشدا نییە لەتەك ڕاستیی. توتۆلۆژیی، كە هیچ دەڵێت لەبەرئەوەیە واتای لە ناخی خۆیدا بەرجەستەنەكردووە. لەبەرئەوەی، گوتنی توتۆلۆژیی واتە دوبارەكردنەوە بەبێ واتا، یان گوتنی گوتنێكی ناپێویست، گوتنی هەمان شت، گوتنی شتێك بە هەمان وشە و بە هەمان واتا.
سەرباری ئەوەی گوترا، توتۆلۆژی گوتنی ئەو شتەیە، ڤیتگێنشتێن گوتەنی، هیچ شتێك لەبارەی ڕاستیەوە ناڵێت. هاوكات توتۆلۆژیی گوتنی شتێكە گوتراوە، لێ بە واتای جیا، ئەمەیش شێوازێكی ناجۆر لە گوتندا دروستدەكات. ئەمەیش لەبەر ئەوەی شتێك دەوترێت پێشتر گوتراوە، یان دوبارەبوونەوە لە قسەكرندا پێكدەهێنێت. بەم جۆرە لە قسەكردنەكانماندا شتێك دەڵێین هەمان ئەو شتەیە پێشتر وتومانە بەمە دەكەوینە ناو دووبارەكردنەوەیەك لە واتاوە دوورە، یان هەمان واتا دوبارەدەكرێتەوە. لە لۆژیكیشدا توتۆلۆژیی دەتوانێت خۆی وانیشاندات لە ڕستەكەدا، یان لەژێرسایەی هەمان بەهادا شتەكە دەوترێتەوە(9).

سەرئەنجام:
سەرئەنجام بەو تێگەیشتنە دەگەین گوتنی توتۆلۆژیی، گوتنێكی هەمان شتە، دوبارەكردنەوەی هەمان گوتنە، دووجار گوتنی ئەوەیە، کە گوتراوە، بۆیە پێویستمان بەوە دەبێت لە توتۆلۆژیی دووركەوینەوە. توتۆلۆژیی دروستكەری بێزاریی و گوتنی شتێكە دەیزانین. كەواتە فەلسەفەكاری كردنی ئەو شتەیە نایزانین، فەلسەفە بۆ گەیشتنە بەوەی نەوتراوە، یان ئەوەی هەمان واتا، یان زانین بەدەستەوەنادات. گەر فەلسەفە بۆ گەیشتن بێت بە دانایی، ئەو داناییە نەوتراوە، هاوشێوە و هەمان واتا لەخۆ حەشارنادات. بۆئەوەی فەلسەفە دروستبێت پێویستی بە بڕین و دیسانەوە دەستپێكردنەوەیە. بەواتایەكی تر، لە گوتندا، یان لە بیركردنەوەدا، کاتێک بێزاریی و زێدەڕۆیی دروستدەبێت، فەلسەفە لەوێدا ئامادەبوونی نەبێت. بۆ هایدیگەر پرسیار لەسەر فەلسەفەكردن، نەك خودی فەلسەفە، کاتێک مەرج بووە، کە فەلسەفەكردن توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو پیادەكردنی فەلسەفەوە، هەرچی فەلسەفەیە توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە ناو تەنها فەلسەفەوە. ئەمەیش داوای مانەوە، یان نیشتەجێبوونمان لێدەكات، واتە ژیان لەناو فەلسەفە. مانەوە، یان نیشتەجێبوون لەناو فەلسەفە بۆ هایدیگەر گرنگ بووە تا بۆمان هەبێت بپرسین فەلسەفە چییە؟ ئەگەرنا بۆمان نییە بپرسین فەلسەفە چییە؟ لێرە ئێمە هاوكۆكی خۆمان لەتەك هایدیگەر نیشاندەدەین، كە دەبێژێت: گشت سەردەمێكی فەلسەفیی پێویستیێكی خۆی هەیە. كە ئەوەیش دواتر وادەكات ئێمە فەلسەفە بكەین. كاتێکیش فەلسەفە دەكەین پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵی بین كردەی فەلسەفەکردن لەبنڕا بۆ گەیشتنە بە زانینێكی نەزانراو، ئەو زانینەی نادووبارە و نەوتراوە.

سەرنج:
لە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگە کوردییەکانی تردا زۆربڵێی بە چەنەبازی، چەقەسرۆی، چەقەسووی، چەقاوەسۆی، زۆروێژی، هەڵەوەڕی، دەمهەراشی، چەنەوەری هاتووە.

—————————————————

رفڕێنسەکان
1.Paul Ricoeur.History and Truth. Introduction : Charles A. Kelbley, Foreword :David M. Rasmussen . Northwestern University Press.2007. pp.54-55.
2.D.Q.Mclnerny. Being Logical: A Guide to Good Thinking. Random House Trade Paperbacks. 2005.p3.

  1. Bryan Magee. Från antikens naturfilosofer till dagens moderna tänkare . Bonniers stora bok om filosofi.1998.
    4.Gunnar Fredriksson. Wittgenstein. En biografi. Stockholm : Bonnier. 1993.
    5.Alain Badiou. Andra manifestet för filosofin. Översättning: Carin Franzén.Tankekraft förlag, 2012.s. 1.
    6.Ludwig Wittgenstein, Tractatus logico-philosophicus, översättning, inledning och noter av Anders Wedberg, Thales, 1997.s.37.
  2. Ibid.
  3. Poul Lübcke.red . Filosofilexikonet. Stockholm. 1988. Ss. 539-540.
  4. Dag Prawitz. ABC i symbolisk logik: logikens språk och grundbegrepp. Stockholm: Thales. 1991.s. 62.
    Wittgenstein om tautologier och andra logiska satser.
    http://www.phil.gu.se/posters/festskrift2/mnemo_radovic.pdf
Previous
Next
Kurdish