Skip to Content

فلاشباک..بەشی حەڤدە/ ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..بەشی حەڤدە/ ستیڤان شەمزینی

Closed
by October 7, 2021 General, Opinion

فلاشباک..
لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی حەڤدە

پێرێ گروپی کامگاران لە هۆڵی رۆشنبیریی کۆنسێرتێکی گۆرانی وتنیان ئەنجامدا. گوێیان پڕکردین لە ئاواز و میلۆدی کوردیی خۆش. مامەڵەکردنی ئەوان لەگەڵ مۆسیقای کوردیی زۆر ناوازەیە، چریکەی بێ خەوش و تۆنی دەنگی “بێژەن کامکار” لە وەسفکردن نایەت. ئەو دەنگە ئەڵێی شمشاڵێکی غەریبە بە لێوی کچە قەرەجێکەوە. هەر ئەڵێی گریانی مۆسیقایە و بە پەنجەی خوا ئەژەنرێ. پێرێ ئەوەندە ئاواز و تۆنی خۆشی گۆرانی و مۆسیقا هاتە ناو مێشکمەوە، ئەمڕۆ هەروەک دوێنێ ئارامم، زۆر هێمنانە بیر لە نووسینی نامەیەک ئەکەمەوە بۆ یار. رەنگە لەو نامەیەدا پێناسەیەک بۆ مەعشووق دابتاشم، هیچ شاعیرێ لە شیعردا نەینووسیبێتەوە یان هیچ دێوانەیەک پەی پێ نەبردبێ، ئەمەیە کاریگەریی مۆسیقا و گۆرانی راستەقینە.
ئێستا من بە پێچەوانەی “سوارە ئەلیخانیزادە”وە ئەمەوێ لەم شاخ و کەژەوە، بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم. چوونکە “سوارە” لە شیعرەکەیدا، ئەیەوێ بگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و شار “کە شاری گوڵەکەیەتی” جێبهێڵێت، وەلێ ئەمە گەڕانەوەیەکی نوستالیجییە بۆ رابردووی نزیک، بەڵام هەر چەشنە گەڕانەوەیەک بێ، دواجار هەر گەڕانەوەیە بۆ دوێنێ. وەک لە سەرەتای شیعرەکەیەوە بەم جۆرە دەستپێدەکات:
گوڵم.. دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ..
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بە جامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم..
عیلاجی کەم کولی دڵی پڕم..
لە دەردی ئینتیزارەکەت..
ئەز دەخوازم، بگەڕێمەوە شار، خەمی دڵم بە با بدەم، پاش ئینتیزارێَکی یەک رۆژی، نامەوێ لەم گوندە دڵگیرە بمێنمەوە. پەلەمە هەرچی زووترە بڕۆمە لای دلبەر. زۆریش حەز ئەکەم شتێک لە بارەی شیعری کاک “سوارە” بنووسم، چوونکە هێشتا شاعیرێکی گومناوە لە دیوی ئێمە، لە کاتێکدا سوارە یەکێک لەو شاعیرانەیە کە سیمای شیعری کوردیی گۆڕیوە بە تایبەت لە کوردستانی ئێران. وەک چۆن گۆران و شێخ نوری، لە کوردستانی عێراق بە تازەکردنەوەی شیعری کوردیی هەستان، “سوارە”ش یەکێک لەو شاعیرانەیە لە کوردستانی ئێران هەمان کاری بە ئەنجام گەیاندووە، بەڵام بە داخم ناوبانگی ئەدەبی نەگەیشتۆتە لای نەوەی نوێی شیعری کوردیی.
ئەبێ ئێستا لەبەر شەوقی چرایەک، بابەتێک بنووسمەوە، فەزایەکی عیرفانی هەیەـ، بیر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئەکەمەوە، ئەو ساتانەی هێندەی دڵسافی خەڵک ژیان خۆش و سادە بوو. پێموایە “نزار قەبانی”یە کە وتی “تەکنۆلۆجیا دڕندەیە”. ئەمە وتەیەکە مرۆڤ ئەگەر بڕواتە قووڵاییەکەی رەهەندی فەلسەفی جۆراوجۆری هەیە. ژیان لەلایەن کەمینەیەکی مشەخۆرەوە لە زۆرینەیەکی بێشوومار تاڵکراوە. زۆرجار رەشبین ئەبم بەرانبەر بەو زاراوەی پێی ئەوترێ خەبات و تێکۆشان. وەک چۆن “دی ساد” لە شانۆگەی “مارا -ساد”ی پیتەر ڤایس ئەڵێ “هیچ باوەڕێک بە ئایدیالیستەکان ناکەم. چوونکە بە تاریکە رێدا ئەڕۆن، باوەڕیشم بە هیچ قوربانییەک نییە با بۆ قەزیەیەکی پیرۆزیش بێ. تەنها باوەڕم بەخۆمە. خۆم و کەسی تر نا”. دەستم لە کاتی نووسینەوەی ئەم دێڕانە ئەلەرزێ، ئەترسم رۆژێک دابێ پەشیمان بینەوە لەوەی ژیانی خۆمان پێشکەش بە خەبات کرد!!. ترسم هەیە ئەو شۆڕشەی ئێمە بانگەشەی بۆ ئەکەین، تەنیا گۆڕینی مەلامیحەکان بێ. ئەگەر وابێ چۆن ئەم تەمەنە لە کیسچووە ئەگەڕێتەوە؟. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئێمە شۆڕشمان پێ ئەکرێ؟. نازانم.
27-3-1999..

گوندی سوسێ

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 58-61 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next