Skip to Content

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەی بۆ ڕۆمانی ٣٦٠ شانشین … هۆشیارجەمال

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەی بۆ ڕۆمانی ٣٦٠ شانشین … هۆشیارجەمال

Closed
by ئه‌یلول 7, 2019 General, Literature, Slider

ڕۆمانی ٣٦٠ شا نشین یەکێکە لە و ڕۆمانانەی لەلایەن ناوەندی ساراوە چاپ کراوە.و ژمارەی لاپەرەکانی ٣٢٨ لاپەرەیە و لەنوسینی “ڕێبوار وەلی کاوانی”ە و یەکەم کاری نوسەرە لە چوارچیوەی ئەدەبدا. من لێرەدا هەوڵم داوە لەڕووی تەکنیکی گێڕانەوە هەندێک گرفت و کێشەی ڕۆمانەکە دەربخەم.

جۆری ڕۆمان:

ئاشکرایە ڕۆمان چەندین جۆری هەیە، وەک ڕۆمانی مێژووی، پەروەردەیی، ڕیالیزمی، هەڵسوکەت و نەریتی کۆمەڵایەتی ، دەروونی، ڕوداو، ئەزموونی، پۆلیسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆمانی دژە ڕۆمان و چەندین جۆری تر.
ئەم ڕۆمانەی ڕێبوار وەلی کاوانی دەکرێت لە ڕیزی ڕۆمانی دژە ڕۆمان هەژمار بکرێت، کەدژە ڕۆمان، جۆرە بەرهەمێکی ئەزموونیە کە لە یاسا و نەریت و شێوازەکانی ڕۆمان نوسەکانی ڕابردوی ژێر پێ دەخات. ڕۆمان نووس هەوڵنادات بە شێوەیەکی ڕیالستی هەموو شتێک بەواقعی نیشان بدات، یاخود شێوەی سروشت گەرایی وەربگرێت.
چەندین نوسەر هەیە لە م جۆرە ڕۆمانەیان نوسیوە بە نموونەی: بەرهەمەکانی (تۆماس هاری)، سامیۆن بێکت…هتد
بەگشتی تایبەتمەندیەکانی دژە ڕۆمان ئەمانەن:
١/ دژە ڕۆمان داڕشتن و چیرۆکی دیاری کراوی نیە.
٢/سود لەڕووداوی پەرش وبڵاو وەردەگیرێت.
٣/کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە زۆر کەم دەگۆڕێن.
٤/بەشێوەیەکی ڕواڵەتی ودرێژ دادڕی کەرەستە و بابەتەکان شیدەکاتەوە.
٥/زۆر سود لەدوبارە کردنەوە وەردەگرێت.
هەمووئەم خاڵانەی سەرەوە لە ڕۆمانی ٣٦٠ شا نشین دابوونی هەیە.
سەرباری زۆری لاپەرەکانی کتێبەکە کارەکتەرەکان زۆرکەمن و درێژ دادڕیەکی زۆربە قسەی کارەکتەرەکانەوە دیارە کە خوێنەر چێژی لێنابینێت.
هەروەها زۆر سود لە دوبارە بوونەوەی گفتوگۆکان، لەکاتی گۆڕینی کارەکتەرەکاندا بەکارهاتووە.

لەم ڕۆمانەدا داڕشتی چیرۆکێکی دیاری کراو بوونی نیە، بەڵکو کارەکتەری سەرەکی کە ناوی “جەمال”ە، لەڕێگای پارچە کاغەزێکەوە دەچێتە ژیانێکی خەیاڵییەوە کە لە چەند شانشینێک پێكدێت.
لێرەوە ئە و پرسیارە دروست دەبێت ئایا نوسەر ئاگاداری جۆرەکانی ڕۆمانە؟ ئایا نوسەر ڕۆمانی دژە ڕۆمانی نوسیوە؟ یان کەم ئەزموونی نوسەر وبێ ئاگای لە بەرهەمە ئەدەبیەکان وای کردوە بەرهەمەکە بەم شێوەیە بێت و نوسەر ئاگاداری ئەم جۆرە لەنوسین نیە کە لەساڵانی نیوەی یەکەمی سەدی بیست دا “سارتەر” لە ڕۆمانی (دڵڕابوون)کاری لەسەرکردوە.

دەروازە
ئەم ڕۆمانە لە (٧)چاپتەر پێکدێت کە هەر چاپتەرەی ژمارەی تایبەتی خۆی هەیە(١-٧)و لێک جیاکراوەتەوە. لەگەڵ تەواوبوونی هەر چاپتەرێکدا وێنەیەکی خەیاڵی بوونی هەیە وەک هێمایەک بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ئەوەی سەیرە لێرەد ئەوەیە لەکۆتا چاپتەر هیچ وێنەیەکی خەیاڵی نەکێشراوە و جیاوازە لەوانی تر.
کارەکتەری سەرەکی کە (جەمال)ە، لەدوای چوونە ناوشانشینەکان، بەشێوەیەکی گێل هەڵسوکەوت دەکات، بۆهەر بابەتێک پێوستە ڕونکردنەوەی بۆ بدەن و درەنگیش تێدەگات لە قسەکان و ئەمەش وای کردوە هەندێک جار سەرزەنشت بکرێت، بە بۆچونی من نوسەر لەم هەڵبژاردنی کارەکتەرەدا سودی لە ڕۆمانی( گوێ بگرە پیاوی بچوک) وەرگرتوە،کە لەساڵی ١٩٤٥ نوسراوە لەلایەن ولێم ڕایش کەنوسەرێکی ئەڵمانیە و لەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین جارو لەلایان زیاتر لە وەرگێرێک کراوەتە زمانی کوردی.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ٣٦٠ شا نشین کەسەیری دەکەیت یەکسەر خەیاڵت بۆئەوە دەڕوات ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە لە ٣٦٠ شا نشین ڕووبدات، بەڵام هەموو ڕوداوەکان تەنها لە ناو (٤) شانشیندا ڕوودەدا وکۆتایی بە ڕۆمانەکە دێت و کارکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە ناو ژیانی واقعی و کۆتایی دێت بەڵام نوسەر لەکۆتایدا نوسیویەتی کۆتایی بەرگی یەکەم !

دیالۆک لەناو ڕۆمانەکەدا:
ڕۆمانەکە پرە لە دیالۆگ لەنێوان جەمال و تابان، جەمال و ڕوناک. بەڵام دیالۆگەکان لەئاستێکی نزمدان و قسەکان گشتین، تەنانەت خۆشەویستیەک لە لایەن جەمالەوە بۆ تابان دروست دەبێت، ئەو دەربڕینانە ی نوسراون زۆر ئاستێکی نزمی ئەدەبیانەی هەیە و زیاتر لە دەربڕینی هەستی مێرد مندڵیکی کور بۆ کچ ئەچێت.

شێوازی زمان:

شێوازی زمانی ئەم ڕۆمانە زۆر جیاوازە لەهەر ڕۆمانێکی تر چونکە دابەش بووە بۆ دوو جۆر زمانی نوسین ، یەکەمیان کە باڵی کێشاوە بەسەر زۆربەی نوسینەکەدا زمانێکی ناتەواوە ونا ڕێکخراوە واتە دیالۆگ وقسەکانی کارەکتەرەکان زیاتر قسەی ئاسای ناوخەڵکە و زمانێکی ئەدەبی سەرنج راکێش بوونی نیە. لەبەرامبەردا بە شێکی تر لە دێڕەکانی ناو ڕۆمانەکە تاڕادەیەک زمانیكی ئەدەبیە ودەربڕین وڕستەکانی خوێنەرڕادەکێشن بۆ خوێندنەوە، پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت ئایا ئەم ڕۆمانە بەرهەمی یەک نوسەرە؟ یان زیاد لەنوسەرێک ئەم بەرهەمەی نوسیوە؟

شوێن:
شوێنی ڕوداوەکان لەم کتێبەدا بەدیاری کراوەی وڵاتێک یاخود شارێک یاخود ناوچەیەک نیە کە لەواقع دابوونی هەبێت، ئەوەی هەیە زیاتر لە ئەفسانەیەک دەچێت، کەمترین کەسی تێدا دەژی ئەم ڕۆمانە سەرباری زۆری لاپەرەکانی بەڵام نەیتوانیوە وێنەیەکی جوانی ئەو شوێنە بخوڵقێنێت کە ڕووداوەکان لێی ڕویان داوە، لەڕووی بوونی سروشتی جوان و بونی ڕوبار ناوچەی شارستانی و بازار و چەندین بابەتی تر
نوسەر بۆجاری دووم لە ڕۆمانەکەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕۆمانێکی ترەوە کە ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێلە و لەیەکێک لە شا نشینەکاندا باسی سیستەمی حکومرانی ئەو شا نشینە دەکات کەلەلایەن ئاژەڵەوە و باڵندە وپەلەوەرەوە حکوم ڕانی دەکرێت لای جۆرج ئۆروێل بنەماڵەی بەرازەکان دەسەڵات دارن لای ڕێبوار وەلی کەلەشێرێک سەرۆکە.
بەگشتی پەیامی نوسەر زۆر ناڕوونە لەسەر ئاین وسیاسەت و پەروەردە وکۆمەڵگا بە ڵام زۆر بەشەرمە و دەیەوێت ڕەخنە لەم لایەنانە بگرێت.

——————————————————-

سەرچاوەکان
١/ ٣٦٠ شانشین ، ڕیبوار وەلی کاوانی، چاپی یەکەم ، چاپخانەی سارا.ساڵی ٢٠١٩.
٢/بنیادی گێرانەوە(چەند لیکۆلینەوەیەکی ئەدەبیە لەبارەی چیرۆک و ڕۆمان و ڕۆمانە شعر)، عبدولا ڕەحمان، چاپی یەکەم ٢٠١٤، خانەی موکریان بۆچاپ و بڵاوکردنەوە.
٣/ ڕۆمان چیە؟، نوسینی ئیبزامیر مالکام، وەرگیرانی جەواد مستەفا، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨ خانەی موکریان بۆچاپ و بڵاوکردنەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish