Skip to Content

نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژن …  ناڵە حەسەن

نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژن … ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2018 General, Poems

نەوڕەسی من
ئەی هاودەم و هاودیدەکەی من
بەرلەوەی دوا قومی جگەرەی تەمەن و
دواپێکی شەڕابی ئومێدەکانم هەڵبدەم
بەرلەوەی
وەسییەتەکانی خۆم
لەنێو کتێبی دڵۆپە بارانێک بنووسمەوە
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ
بڕۆ / لەبنار کێوێکی سەخت و دوورەدەستی
نێو ناوجە شاخاوییەکانی خۆرەتاو
بۆ خۆم و خۆت
کەپرێک
یان کەلاوەیەک بدۆزەرەوە
با ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت
لە ژێر تەوژمی تاڤگەکانی
ئەم دڵەڕاوکێیە و نائومێدییەمان
دووربکەوینەوە
بڕۆ ئەی نەوڕەسی من بڕۆ
بەرلەوەی
دوادێری ئەم قەسیدەیەم بنووسمەوە
یان دوانوختە بۆ ( دەقی تەمەن ) م دابنێم
یان دواپیاسە بەنێو شەقامەکانی
مردنی خۆمدا بکەم
یان بۆ دواجار
گوێ لە گۆرانییە حەزینەکانی ڕەشەبا بگرم
یان هەڵوەرینی دواهەمین
پەرەمووچەی باڵەکانی پەرەسێلکە بێنازەکان و
هەڵوەرینی گەڵای دواهەمین
درەختی خەونە گەورەکانم ببینم
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ و
بڕۆ /
لەسەر دوورترین ئەستێرە
لەنێو دڵی کاتژمێر و سەوزاییە سەرمەستەکان
ئارامگەیەک بدۆزەرەوە
لەوێدا /
نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژە
بەدیوی سەرەوەی جەستەی نیشتیمانم
لەنێو کتێبێکی بەرگ سپی
بە قەڵەمێکی ڕەشەوە / بنووسە
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بەر لە سەدەکانی مێژوو
بەر لەسەدەکانی مەسیحەوە
هەر لە خاچ دەدرا
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بستێک لە جەستەی نەمابوو برین نەبێ و
بە ئەندازەی هەموو ئۆقیانووسەکانی خودا
خوێن لە جەستەی دەچۆڕا
نەوڕەسەکەم
هەر لەنێو ئەم کتێبەدا / بنووسە
ئەوە نیشتیمانێک بوو
لەنێو مردندا هەناسەی دەدا و
هەر لەنێو مردنیش خەونی دەبینی
ئەوە نیشتیمانێک بوو
بۆ هەمیشەو هەمیشە و هەمیشە
لەسەر دەستی
پیاوە بچووکەکانی نێو دنیای سیاسەت
لەنێو بازارەکانی
عەرەب و تورک و عەجەم
هەڕاج دەکرا
نیشتیمانێکی بێ شوناس و بێ ئاڵا
نیشتیمانێک / بێ خودان و بێ پشتوپەنا
بڕۆ ئەی نەوڕەسی من زووکە بڕۆ
بەرلەوەی بەرەبەیانی ئەو تەنیاییەم
لەنێو شەوەکانمدا نەزیف ببێ و
ڕەنگە دڵگەشەکانی پاییز
لەنێو ئەلبووم و
نیگارەکانی سروشت کاڵببنەوە
یان / ژیان مۆمی بیست و دووهەمین
سەدەی مردنی خۆی هەڵبکا
یان بەرلەوەی
میلی کاتژمێری پەلکەزێڕینە غەمگینەکان
بگاتە سەر بیست و پێنجی خۆکوشتن
دەی نەوڕەسی من / دەزووکە دەی
بەرلەوەی شەپۆلەکانی یاخیبوون
لەسەر لوتکە و گردەکانی سەرسینگی ئاو
بەچۆک دابێن
یان تریفەی مانگ
بە زمانی تاریکی سروودەکانی بچڕێ
ڕووبارەکان میلۆدییەکانی عەشقییان بیربچێتەوە
گەردەلوول بە ئیفلیجی خول بخواتەوە و
خۆرەتاویش بەسەرخۆشی
نێولەپ و نێو نیگای خەونەکانمان بخوێنێتەوە
بڕۆ بڕۆ بڕۆ / نەوڕەسەکەم بڕۆ
بە پەیژەکانی ئاسمان هەڵگەڕێ
لەنێو پێدەشتی هەورە دوورەکان و
ئاقارە ئاوریشمییەکانی
نێو بروسکە و تەمە سپییەکاندا
لەوێدا /
لەنێو کیشوەرە ئاگراوییەکانی
دوورترین دۆزەخدا
ئارامگەیەک بدۆزەرەوە
نیشتیمانم لە تەنیشت منەوە بنێژە
لەسەر کێلەکەشی بنووسە
نیشتیمانی چلوپێنج ملیۆن مرۆڤی ونبوو
پێنچ هەزار ئەستێرەی ڕژاو
هەزاران هەزار باڵندەی سەربڕاو
سەدوهەشتاودوو هەزار پەپوولەی ئەنفال
نیشتیمانێکی بێ شوناس و بێ ئاڵا
نیشتیمانێک / بێ خودان و بێ پشتوپەنا
نیشتیمانێک لەنێو هەموو
سەدەکان و وەرزەکان و ساڵەکان و
مانگەکان و ڕۆژەکانیدا
کازێوەیەکی شەبەنگی
پرشنگی نەداو نەدرەوشایەوە
لەنێو شەوە سوور و سپی و شینەکانیدا
ناقوورەیەکی ئازادی
بەبنار مەمکۆڵەکانییەوە
فەوارەی نەداو نەبریسکایەوە
نیشتیمانێکی ماندوو
ماندوو ماندوو ماندوو
لێیگەڕێن
با چاوە گەشە پرشنگییەکانی لەسەریەک دابنێ و
بە بەرینایی جەستەی خۆی
لەنێو گۆڕەکەیدا ڕابکشێ و بحەسێتەوە
منیش هەرلەوێدا
لەنێو ئەم ئارامگە رووناکەدا
هەروەکجاران
لاوکەکانی تەنیایی و
لاوژەکانی هەرەس و
سەدای سووتماکی سووتانەکان و
نرکەوناڵە پڕ حەسرەتییەکان و
خەونە خاکییە خەزانییەکانی
خۆم و نیشتیمانم
لەنێو قەسیدەیەکی درێژدا
بۆ ئێوەی وەک من مردوو
بە ڕێنووسە /
نارنجییەکانی نائومێدی / دەنووسمەوە …!

بەفرانباری ٢٠١٨

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish