Skip to Content

ڕامانێک لە ڕۆمانی کناچەکانی ئاسمان و چراخانی تەڵبووخین.. گۆران سەباح

ڕامانێک لە ڕۆمانی کناچەکانی ئاسمان و چراخانی تەڵبووخین.. گۆران سەباح

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2021 General, Literature


بۆ قسەکردن لەسەر ڕۆمانی (کناچەکانی ئاسمان و چراخانی تەڵبووخین)ی دکتۆر مەهدی ئومێد، تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر بەکار دەبەم.
تیۆریستانی وەڵامی خوێنەر دوو باوەڕیان هەیە: ١- نابێ ڕۆڵی خوێنەر لە تێگەیشتنی ئەدەب فەرامۆش بکرێت؛ ٢- خوێنەر هۆشیارانە و چالاکانە مانا لە دەق هەڵدەهێنجێت (لۆیس، ٢٠١٨).
لە بیرمان نەچێ، هیچ دوو خوێنەرێک هەمان خوێندنەوەیان نییە بۆ دەقێک. بەپێی تیۆرەکە ئەم فاکتەرانە کار لە وەڵامی خوێنەر دەکەن لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا: ئاستی ڕۆشنبیری، تەمەن، ئاستی زانیاری، ئەزموون، شوێن، چەشە، کەشوهەوا، کات و پاڵنەر (motive: مۆتیڤ(.
لۆیس تایسۆن (٢٠١٨) ئەم تیۆرە ڕەخنەییە دابەش دەکات بەسەر پێنج لکدا:

  1. تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر (Transactional reader-response theory)
  2. کاریگەریی ستایل (Affective stylistics)
  3. تیۆری وەڵامی خوێنەری سەبجێکتیڤ (Subjective reader-response theory)
  4. تیۆری وەڵامی خوێنەری دەروونی (Psychological reader-response theory).
  5. تیۆری وەڵامی خوێنەری کۆمەڵایەتی (Social reader-response theory
    با ئەمانە یەک بە یەک لەسەر ڕۆمانی کناچەکانی ئاسمان جێبەجێ بکەین.

    یەکەم: تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر
    ئەم تیۆرە ڕاڤەی مامەڵەی نێوان دەق و خوێنەر دەکات. چۆن ئەو مامەڵەیە ڕوو دەدات؟ کاتێ ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، پڕۆسەی خوێندنەوەکە جووڵێنەرە، خوێنەر بە شێوەی خۆی وەڵامی دەداتەوە. لە کاتی خوێندنەوەدا، هەستکردن، جوڵانی یادەوەری، وروژاندن، خۆدیتنەوە ڕوو دەدەن (لویس، ٢٠٠٥). ئەمانە و ئەزموونی خوێنەر کاریگەرییان هەیە لە دروستکردنی مانا لای خوێنەرەکە.
    لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانی کناچەکاندا، هەموو ئەمانەی سەرەوە لە من ڕوویان دا. لەبەرئەوەی خۆم لە ئەمریکا ژیاوم، هەستم بە پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ئەسکەندەر بەگۆک، دەکرد. باش لە ئازارەکانی دەگەیشتم. ئازاری بێ وڵاتی، بێ پاسپۆرت، بێ ناسنامە، بێ پاڵپشتی، ئازاری گەمەی دەستی زلهێزەکان. با وردبینەوە لەم کورتە دیالۆگەی نێوان ئەسکەندەر و بۆگدانۆڤ (لا١٤٤):
    بۆگدانۆڤ: “بۆ تۆ کوێندەری، وا بە باشی ڕووسی دەزانی؟”
    ئەسکەندەر: “کوردستان.”
    “ها . . چۆن؟”
    “کوردستان.”
    “عێراق.”
    ئای لەو دیالۆگە بە ئازارە. دەیان جار خۆم تووشی ئەم حاڵەتە بوومە لە ئەمریکا و ئەوڕوپا. نووسەر (مەهدی ئومێد) بە یەک ڕستە ئەم ئازارەی ئەسکەندەر بۆ منی خوێنەر دەگوازێتەوە. ئەم ڕستەیە بەقەد ڕۆمانەکە قوڕسایی هەیە.
    “ئەسکەندەر وەڵامی نەدایەوە، بەڵام لەبەرخۆیەوە هەر دەیبۆڵاند، نەخێر من عێراقی نیم.”
    من وەک خوێنەر خۆم لەم ڕستەیەدا دەبینمەوە، شتم بیر دەخاتەوە، هەستم دەوروژێنێت، گریانم دێ. ئەمەش خاڵێکی بەهێزی گێڕانەوەیە، مادام وا لە خوێنەر دەکات.

    دووەم: کاریگەریی ستایل
    بەپێی ئەم تیۆرە، دەقێکی ئەدەبی لە کاتی خوێندنەوەدا لەدایک دەبێت. تا نەیخوێنییەوە، دەقەکە وجودی نییە. دەقەکە ڕستە بە ڕستە، تەنانەت وشە بە وشە دێتە ڕاڤەکرن تا تێبگەین چۆن ستایل کاریگەری هەیە لەسەر خوێنەر لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا (لۆیس، ٢٠١٥).
    هاوڕام. بێو کەس ئەم ڕۆمانە نەخوێنێتەوە، تۆز بۆ خۆی دەباتەوە. ئێمەی خوێنەر، کاتێ دەیخوێنینەوە، بەرگی دەقی بەبەردا دەکەین.
    ستایل لە گێڕانەوە واتە هەڵبژاردنی وشە، ڕستە، پەرەگراف، واتە گەمەی زمان و وشەسازی و ڕستەسازی. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە، هەرچەندە شانۆئامێزە، تامێکی تایبەتی هەیە. سیناریستێک دەتوانێت کاری تێدا بکات، دەکرێ ببێتە فیلمێکی زۆر باش. من وەک خوێنەر لەگەڵ ستایلی هەندێ بەشی ڕۆمانەکەدا نیم، بێزارم دەکەن. دووبارەکردنەوە، جوینەوە، درێژکردنەوە، حیواڕی درێژ درێژ و وڕێنەی تێدایە. نووسەر خۆیشی بەشی دووەمی کتێبەکەی ناو ناوە “وڕێنە”. لەم بەشەیدا، گێڕانەوەکە هێواش دەبێتەوە، وەک بەشی یەکەم چالاک نییە. هێدی هێدی گرێیەکان دەکرێنەوە.

    سێیەم: تیۆری وەڵامی خوێنەری سەبجێکتیڤ
    دێیڤد بلیچ (١٩٧٨) دەڵێ شتێک نییە بە ناوی دەقی ئەدەبی. بەپێی ئەم تیۆرە، دەقی ئەدەبی بریتییە لە وەڵامی خوێنەر بۆ دەقەکە. واتە بێ خوێنەر دەقی ئەدەبیمان نییە. ئەو دەقەیشی ڕەخنەگرێک شی دەکاتەوە وەڵامی خوێنەرە.
    بەپێی ئەم لکە تیۆرە، ئەم خوێندنەوەی من لەسەر ڕۆمانەکە دەقێکی ئەدەبییە. با وردی بکەمەوە. ئەم ڕۆمانە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی وەڵامی من، هەر ئەوەش ئیشی دەقە. ئەم وەڵامەی من سەنگی مەحەک نییە. دەکرێ هەزاران وەڵامی زۆر لەوەی من باشتر هەبێ بۆ ئەم ڕۆمانە. دەوڵەمەندیی ئەم ڕۆمانە دەوەستێتە سەر وەڵامی خوێنەرەکانی. بێو هەزار وەڵام هەبێت، هەزار مانای جیاوازمان دەبێت، ئەوەیە جوانیی ڕۆمانەکە.

    چوارەم: تیۆری وەڵامی خوێنەری دەروونی
    ڕەخنەگری دەروونشیکاری، نۆرمان هۆلاند، پێی وایە مۆتیڤ (پاڵنەر)ی خوێنەر کاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر چۆنێتیی خوێندنەوە. هۆلاند (١٩٧٥) دەڵێ لێکدانەوەکانی خوێنەر بۆ دەقێک خودی خوێنەرەکە ئاشکرا دەکات، نەک دەقەکە. پێی وایە چۆن لایەنی دەروونیمان دەجووڵێ لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ئاواش دەجووڵێ کاتێ دەخوێنینەوە.
    ڕۆمانی کناچەکانی ئاسمان لەباتی هەموو کورد قسە دەکات، ناخی هەموو کوردێک دەهەژێنێت. ئازارەکانی ئەسکەندەر بەگۆک دەمباتەوە ناو ناخی خۆم. ئەوە ئەم ڕۆمانەیە پێناسەی من دەکات کاتێ قسەی لەسەر دەکەم. هەندێ جار ڕکم لە ئەسکەندەر دەبێتەوە چونکە زۆر شتم بیر دێنێتەوە، ئازارم دەدات. خاڵێکی بەهێزی گێڕانەوە ئەوەیە خوێنەر تووڕە بکات، دڵخۆش بکات، ڕکی هەڵسێنێت، کێرڤی بەزەیی زیاد بکات، سۆزی خوێنەر بجوڵێنێت.
    ئازارەکانی ئەسکەندەر بەگۆک دەروونیی تێکوپێک دەدەن، ناچار پەنا دەباتە بەر فەنتازیا، لەگەڵ کناچە بەفرینەکان گۆرانی خەونەکانی دەڵێتەوە. لەبەرئەوەی دەرمانێک نییە بۆ ئازارەکانی لە واقیع، ڕوو دەکاتە جیهانی فەنتازیا. ئەم جیهانە فەنتازیییە منی خوێنەر دەبا و لەوێ گرێ دەروونییەکانم دەکاتەوە. بێو بە وردی بنۆڕییە ئەم نووسینەم، هەست دەکەی بەشێک لە دەروونی خۆم وەک خوێنەر واڵا دەکەم.

پێنجەم: تیۆری وەڵامی خوێنەری کۆمەڵایەتی
ستێینلی فیش دەڵێ خوێندنەوەی خوێنەر بۆ دەق سەرچاوە ناگرێت لە خودی خوێنەر، بەڵکو لە نێو ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو ژینگەیە لێی دەژی. ئەو شتانەی وەریدەگرین لە ماڵەوە، لە برادەران، لە بازاڕ، لە میوانداری، لە قوتابخانە، زانکۆ، پەیمانگە، شوێنی کار، هتد، ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە پڕۆسەی خوێندنەوەی دەق.
لایەنی کۆمەڵایەتی لە ژیانی ئەسکەندەر لە ڕووسیا لاببەی، ڕۆمانەکە قاچێکی دەشکێت. نووسەر لە تەک سیاسەت و فەلسەفە و فەزایەکی فەنتازی، بە ڕووداوی جۆرەوجۆر سەرنجی خوێنەر ڕادەکیشێت. ژینگەی من لە کوردستان مەراقم دەکات بزانم ئەسکەندەر لەگەڵ قەرەجەکان چی دەکات لە نێو ڕۆمانەکە.
کاتێ دەبینم ئەسکەندەر سەما دەکات، قسە دەکات، چاڵاکی دەکات، من وەک خوێنەر بەراوردی دەکەم لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیم. شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاوڕێکانی و دەوروبەری، تەنانەت لە نێو سیاسەتیش، تامێکی ناوازە دەدات بە گێڕانەوەکە.
نابێ پێمان سەیر بێ، بێو خوێنەری کوردی ڕازی نەبێ بەم ڕۆمانە، یان گلەیی هەبێ، چونکە ژینگەی خوێنەری کوردی ڕانەهاتووە بەو فەزایەی مەهدی ئومێد دروستی کردووە لە ڕۆمانەکە. بۆیە پێشنیاز دەکەم زۆرترین خوێندنەوە بۆ ئەم ڕۆمانە بکرێت، ئەو کاتە بەهای گێڕانەوەکە دەبینین.

——————————————————-
سەرچاوەکان
کناچەکانی ئاسمان و چراخانی تەڵبووخین (٢٠٢١). مەهدی ئومێد. هەولێر.
Fish, Stanley. Surprised by Sin: The Reader in Paradise Lost. New York:St. Martin’s, 1967.
Holland, Norman. Five readers reading. New Haven, CT: Yale, 1975.
Lois Tyson. Critical Theory today. New York: Rouledge, 2015, 2018.
Rosenblatt, Louise. Making Meaning with Texts: Selected Essays. Portsmouth, NH: Heinemann, 2005.

Previous
Next
Kurdish