Skip to Content

تەمەنێکی سەهۆڵی لە بەردەم قەدەری هاویندا …. بەیان ئیبراهیم

تەمەنێکی سەهۆڵی لە بەردەم قەدەری هاویندا …. بەیان ئیبراهیم

Closed
by ئایار 14, 2017 General, Poems

هێشتا ژیان چرۆی نەکرد بو
هێشتا دایکم ئامادە نەبو بو
گوڵدانێک ناو بنێ (من)
هێشتا قەدەری بونم نەبوبوە دارستانێک
هێلانەیەک نەکرا بوە جێ ی جریوەی ڕۆحی من
هێشتا لەرە
نەدرابوە لقی شۆڕە بییەکان
قەدەری من بوە لەپی دەستێک و
کچێتم درایە یەکەم بونم
قەدەری من وا بو
بومە کچێک و خرامە ناو فایلی ئەدرەسی باوکمەوە
پێش لە دایک بون
پێش (بون) لە ژورێکی بێ پەنجەرە و بێ دەرگادا
ڕەشێتی ئامادە بو بۆ هاتنم
ڕەوە ئەسپێکی یاخی ئامادە بو
بۆ شێلانی سەوزێتی ژیانم
…………………………………………………………….
کە هاتم وەک مرۆڤ هاتم
کە هاتم ڕوت وەک مانگ
چاو وەک ئەستێرە
لە دایک بوم
بانگیان دا بە گوێما
بانگێک جیاواز لە بانگی گوێ ی کوڕ
جیاواز لە بانگی مرۆڤ بون
هەر لەگەڵ گاگۆڵکێدا
ژیانیان خستە ناو قوتیەک
ئاسمانیان خستە ناو چوارچێوەیەک
کە گەورە بوم
پر بوم لە باڵ
بەڵام فڕین قەدەغە بو
پڕ بوم لە ئەستێرە و مانگ
بەڵام ئاسمان پێچرابویەوە
من دەمویست بفڕم
نەمدەزانی ڕاوچی مانای چیە
منی شێوە کۆتر
دەمویست بفڕم
بەڵام ڕاوچیەکان ڕقیان لە باڵ بو
من دەمویست چرۆ بگرم
نەمدەزانی خەزان چیە
دەمویست دابگیرسێم
کوژاندنەوە بوە قەدەرم
…………………………………………………..
منی ژن دەمویست ژیان بکەمە گەردانە
دەمویست بە خەندە بۆیەی نینۆکەکانم بکەم
دەمویست بە سەوزایی لێوم ڕەنگ بکەم
دەمویست وەک تابلۆیەک
پڕ بم لە ڕەنگ
کە باوکم مەحکوم بو بە یاساکانی نەریت
نەریت هاتو بۆیەی نینۆکەکەمی شکاند
خەندەیان هەر لەسەر لێوم کوشت
دڵێان دەرهێنام نەوەک ببێتە ماڵی کوڕێک
سۆزمیان خستە ناو قەفەزێکەوە
نەوەک بەباڵای کوڕێکەوە بنیشێت
گۆرانییان لەبەردەم ئاوازی ژنێتیمدا سەربڕی
وێنەکانم قەدەغە بون
نەوەک بە دیواری کوڕێکەوە هەڵبواسرێ و
شەرەفی خێڵێک بتکێ
…………………………………………………………..
دەبو وا نەبم
تا ئازادی لە دڵی ئاسندا دەربهێنم
لەبەرد ئازادییەک هەڵکۆڵم
وێنەکە لە لۆکە بدات بە ژنێتیم
گەورە بوم … دەبو ئازاری خەتخەتێنی منداڵی نەمکوژێ
گەڕانەوە بۆ پەتپەتێن و ماڵە باجێنە بمگرێنێ
گەورە بوم و دەبێت
وەک مناڵێم ڕابمێنم لە پۆلە ڕێشۆڵەی سەر توەکەمان
مەحکوم بوم بەوەی لە خەیاڵدا
خانوەیەک لە گوڵ بۆ خۆم دروست بکەم
مەحکوم بوم بەوەی
وەک جەستە خۆم بدەم بە دەم شەپۆلی کلتورەوە
بەڵام دڵ لە گوڵدانێکی تردا چرۆ دەکات
من ژنێتم لە حیکایەتی عەشقەکاندا
وەک درۆیەکی گەورە دەبینی
دەمزانی ئەم پیاونە هیچیان فەرهادێک نین
تا منی شیرین بۆ مەرگی عەشقێک بژیم
دەمزانی هیچ شەمێک نابێتە گڕ
بۆ پەروانەی پیاوەکان
من باڵم هەیە ناهێڵن بفڕم
من دیدم هەیە ناهێڵن ببینم
ئەمە قەدەری منە
من نازانم ئەم جەستەیەم کە خۆم نیم
لە کام ئەفسانەوە ژنێتم خراوەتە
ژێر سێبەری شمشێرەکان
بۆ دەبێت ناوم لەسەر حکمی خنجەر بنوسرێت
………………………………………………………………
دەبێت تەمەنی سەهۆڵیم
لەسەر لاشەی هاویندا لە دایک بێت
خەیاڵی بەفریم
لە ئاسمانی ئاگردا ببارێت
عەشقی چرا ئاسام
لە میحرابی کوژانەوەدا زیندانی بکرێت
ژنێتم درواتە دەم نەریتێک
یان دەبێت وەک سەهۆڵ بچمەوە باوەشی سیخچە
یان دەبێت دەبێت نەهێڵم بتوێمەوە
تەمەنێک سەرتاپا پر بێت لە پاڕانەوە
تەمەنێک پر بێت لە خوێنی گەڵای ژیان
لە ترپە ترپی دڵ نەبدا فاوڵێک بکەم و
دیواری پیاوێک ڕەش بکەم
دەبو بڵێم
ئیتر نابێت ببمە سەهۆڵ
نامەوێت لەبەردەم حوکمی هاویندا مەرگی هەسۆڵی خۆم ببینم
ئیتر دەبمەوە بە خۆم
دەچمە ناو دڵێک و
ژیان دەکەمە باخچە .

شەو بۆیە ڕەنگی خۆی تاریک دەکا
دەزانێ تۆ ڕنگی مۆمت هەیە
باخ بۆیە خۆی سەوز دەکات
دەزانی تۆ ڕەنگی گوڵت پێیە
کە مانچەکان بۆیە بێدەنگن
دەزانن دەنگت پڕ لە ژێ یە
گوڵ و مۆم و گۆرانی
پڕن لە تۆ لە جوانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish