(كۆ) ی دیل….(تاك) ی ئازاد! … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
هه‌ر ڕێژیمێكی سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تی یا كولتووری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای به یه‌كه‌م له ڕیزبه‌ندی بایه‌خ و گرنگیه‌كانی خۆی وه‌رنه‌گرت، هه‌رگیز متمانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ده‌ست ناهێنێ و ناچێته نێو ویژدان و ده‌روونی تاكه‌كان و شوێنێكی شیاو له یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه ناگرێ.
ته‌واوی كار و پڕۆسێسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابووریه‌كان له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی خه‌بات و جولانه‌وه پێشكهوتووخوازهكاندا بۆ ئه‌وه‌ن به‌شێك له متمانه لای پانتاییه‌كی دیاریكراو له كۆمه‌ڵگه گلده‌نه‌وه، متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كڕۆكی داهات و ده‌سكه‌وتی مه‌عنه‌وی هه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی و جولانهوهیهكه ڕۆژگارێك ویستبێتی یا ئێستا بیه‌وێ نه‌ته‌وه یا كۆمه‌ڵگه له بارێكه‌وه بباته بارێكی تر.
لای دهروونناسسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان پێوه‌ری پته‌وی و له‌رزۆكی پێوه‌ند و ڕایه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌نها پێگه‌یشتنی ” متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی” یه، هه‌ر كاتێك كێشه كه‌وته ئه‌و فاكته‌ره زیندوو و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وه یهكدیگیری و شیرازه‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه ته‌واوی شیرازهكانی تر ده‌گرێته خۆی بۆ ئه‌وه ناشێ پشتی پێ ببه‌سترێ و پێتوابێ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به هوشیاریه‌وه هه‌نگاو بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی بهاوێ.
كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی ئێمه‌ی كورد به درێژایی مێژوو له هه‌ناوی كولتوور و سیستمی به‌هایی و ترادیسیۆنماندایه، ئێمه به‌ر له ئاراسته‌كردنی (كۆ) پێویستمان به‌وه‌یه(تاك) ێك بێنینه ئارا هوشیار بێ به‌رانبه‌ر به گرنگی (كۆ) نه‌ك ته‌نها بۆ پاراستنی بوونی جه‌سته‌یی خۆی (كۆ) ی بوێ و په‌نای بۆ به‌رێ، هه‌میشه له(كۆ) دا كه‌سه‌كان خۆیان ون ده‌كه‌ن و دوای هه‌ڵچوون و سۆز و میزاجی گشتی ده‌كه‌ون و له گردبوونه‌وه‌دا تاك به‌شێكی زۆر له ئیراده و مه‌یل و حه‌زی له‌ده‌ست ده‌چێ و توانای خۆ كۆنتڕۆڵكردنی نامێنێ.
(كۆ) هه‌رگیز ته‌واو هوشیار نابێ ئه‌گه‌ر(تاك) به‌ر له بایه‌خی (كۆ) بایه‌خی (خود) ی خۆی نه‌زانێ، گرنگی هوشیاری (تاك) له‌وه‌دایه چه‌نده كه‌سێك هوشیار بێ به خۆی و بایه‌خی خۆی له ژیاندا بزانێ ئه‌وه‌نده‌ش بوونی تاك و كه‌سه‌كانی تر له ده‌وروبه‌ری خۆی به گرنگ ده‌زانێ. ئه‌م ڕایانه‌ی من سه‌لمێنراوی زانستین و هه‌روا قسه و ده‌ربڕینێك نین بۆ جوانكاری گوتاری كولتووری و هزری ڕازێنرابنهوه. درووستكردن و به‌خێوكردنی(تاك) پڕبایه‌خترین پڕۆژه‌یه‌كه هه‌ر ڕێژیمێك یا داروده‌سته‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت بیانه‌وێ یا ویستبێتیان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست بێننه ئارا. ئازادی (كۆ) هه‌رگیز مه‌رج نه‌بووه بۆ ئازادی(تاك)، پێچه‌وانه‌كه‌ی ته‌واو له جێی خۆیه‌تی.
غه‌ریزه‌ی ئازادی هه‌ر كه‌سێك كه دێته ژیان هه‌وڵ ده‌دا به پێی توانا و هوشیاری خۆی وه‌ڵامی بۆی هه‌بێ و ئامانجه‌كه‌ی وه‌دیبێنێ، بابه‌تێك نیه به ساده و سوك سه‌یری بكرێ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ، ئازادی غه‌ریزه‌یه زۆر دیالێكتیكیانه له دووتوێی جوڵه‌ی هاوسه‌نگی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری(تاك) و (كۆ) دا ڕێی خۆی ده‌گرێته به‌ر، هه‌ر تاكێك گه‌ردوونێكه بۆ خۆی و سه‌ره‌تا ئه‌م گه‌ردوونه ده‌بێ بپشكنرێ و نهێنیه‌كانی بدۆزرێته‌وه ئینجا ئیش له‌سه‌ر گه‌ردوونێكی تر بكرێ كه تاك تیایدا هه‌ناسه ده‌دا و له ده‌وری خولگه‌كانی خۆی ده‌خولێته‌وه. دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی كۆمه‌ڵگه دوای دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی تاك كار و پڕۆسێسێكی هه‌ره سانا و ساده‌یه، تاكی هوشیار هه‌میشه هه‌م خۆی لا گرنگه و هه‌م خۆیه‌كانی تر و هه‌میش كۆمه‌ڵگه، تاكی ئازاد و هوشیار بایه‌خی كۆمه‌ڵگه لای ئه‌و، ئه‌و ماڵه‌یه كه هه‌میشه ئامێز و باوه‌شی وه‌ك ئامێز و باوه‌شی دایك وایه و تیایدا ئه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بێ تیاماندا ناهێڵێ.
كۆمه‌ڵگه ئارامگه‌یه‌كی ڕۆحیه بۆ هه‌موومان و ئه‌و ئارامگه‌یه به‌هه‌شتێكه هه‌موو تاكه‌كان تیایدا تا هه‌ن له‌و باوه‌شه گه‌رم و ئارامه‌دا ده‌چنه‌وه نێو سرووت و سیناریۆی دایك و كۆرپه و كۆرپه و دایكدا.
تاك له مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ئێمه‌دا هه‌میشه بایه‌خی خۆی له‌و هێز و كڵان و گرووپانه وه‌رگرتووه كه پاراستوونی، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆرمان نووسیوه و زۆریشمان گووت، به‌ڵام مه‌ترسی وابه‌سته‌یی ناهوشیارانه‌ی تاك لای ئێمه به (كۆ) وه مه‌ترسیه‌كی وجودیه و له ڕاستیشدا نه‌خۆشیه‌كی كولتووریه و تا په‌ی به‌م ڕاستیه نه‌برێ و ئیش بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه درێژخایه‌نه وجودیه نه‌كرێ، هه‌رگیز و دیسان به جه‌خته‌وه هه‌رگیز و تا هه‌تایه نه(تاك) و نه(كۆ) مان چێژی ئازادی ناكه‌ن و زه‌مینه و زه‌مه‌نه‌كانی نابینن و ئه‌زموونی ناكه‌ن.
به هاناوه چوونی به قه‌ولی كۆن(مه‌عاریف!) ی ئێستا و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێ (خوێندنی باڵا) لای من و ئه‌وه‌ش ڕایه‌كی100% زانستیه له به‌هاناوه چوونی ته‌واوی جه‌سته و بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستامان گرنگتره، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه مه‌ترسی له‌سه‌ر نیه، ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ره(تاك) ه‌كانی نێو ئه‌و كۆمهڵگهیهمانن، هه‌میشه كۆمه‌ڵگه‌كان سرووشتیانه هاتوونه‌ته دنیا و باش و خراپ، جوان و ناشیرین، به‌هێز و بێهێز، هه‌ن و هه‌ر ده‌شمێنن و له نێو ناچن. مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به بوون و مانه‌وه‌ی تاكه له‌ڕ و لاوازه‌كان مانه‌وه‌یه‌كی شه‌رافه‌تمه‌ند و ئومێد به‌خش نیه، ئه‌وه جۆری په‌روه‌رده و هوشیاری و به‌خێوكردنی تاكه‌كانه جۆری كۆمه‌ڵگه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه وه‌ده‌رده‌خا.
لاوازترین و ناهوشیارترین سیستمی!! په‌روه‌رده‌یی و خوێندنی باڵا ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ن، ئه‌م لاوازیه لاوازی حزبێك یا وه‌زاره‌تێك یا وه‌زیرێك یا سیستمێك ته‌نها لای خۆی نیشان نادا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ناهوشیاری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له درێژه‌ی مێژووی خۆی و درێژه‌ی جولانه‌وه شۆڕشگێڕیه‌كه‌ی ده‌خاته ڕوو.
تا (تاك) نه‌بێته ته‌وه‌رێكی سه‌نتڕاڵ له ته‌واوی پڕۆسه‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و به‌ر له‌وه‌ش كرده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریهكاندا، تا (تاك) نه‌بێته تاكه سه‌رمایه و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌چێته پێش پاره و نه‌وت و ده‌سه‌ڵاتخوازی و پاوانخوازیهوه، تا(تاك) نه‌بێ به دنیایه‌كی نه‌پشكنراو و به‌ر له‌وه‌ی به قوڵاییه‌كانی زه‌وی بۆ كانزا و كانه‌كان ڕۆچنه خوار ده‌بێ خودی ئه‌و له‌و ونبوونه ئه‌زه‌لیه ڕزگاری بێ، هه‌موو دنیا ببه‌ینه‌وه تاك هه‌ر دۆڕاوه، چون گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی مرۆڤ به تێگه‌یشتنه ئینسانیه باڵاكه‌ی عه‌قڵ و هوشیاریهتی به‌و عه‌قڵه و تا تاك نه‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی خۆی وه‌ك بوونێكی به‌ڕێز بناسێ هه‌رگیز هیچ بوونێكی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێز نیه.
ئۆرگانه‌كانی ئیشكردن له‌سه‌ر مێشك لای ئێمه ئۆرگانی ناسه‌ربه‌خۆ و بێ ده‌سه‌ڵاتن، چاره‌كی ئۆرگانه‌كانی سك و باخه‌ڵ به هێز نین، به‌م ئۆرگانه لاوازانه قه‌تاوقه‌ت تاك و هاوڵاتی گونجاومان بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان پێنایه‌ته ئارا، دایه‌نگه و باخچه‌كانی ساوایان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا و به‌م ناهوشیاریه په‌روه‌رده‌یی و فێركاریه زیانیان له قازانجیان زیاتره، قۆناغه‌كانی به‌ر له خوێندنی سه‌ره‌تایی ئاماده‌باشیه‌كی هه‌ره گرنگن بۆ منداڵ و ساوایهكانمان تاوه‌كو به حه‌ز و زه‌وق و پاڵنه‌ره‌وه بچنه نێو ژیان كه ده‌رگاكه‌ی و كۆده‌كانی وان له نێو سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا، قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌كانمان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی شێواندنی مرۆڤبوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بنه‌وه، ئاماده‌كردنی قوتابیانی دواناوه‌ندی بۆ زانكۆكان وه‌ك هه‌ڵدانیان و له كۆڵخۆكردنهوهیانه بۆ دوورگه‌یه‌كی تر كه پێشتر هیچیان له‌باره‌وه نه‌زانیوه و ته‌نانه‌ت تیاشیدا ونتر ده‌بن، چون حاڵی زانكۆكانمان زۆر له دۆخی ئۆرگانه‌كانی سیستمی په‌روه‌رده‌یی بهربادتره.
له زانكۆی ئێمه‌دا مه‌عریفه و زانین هه‌ر له بنچینه‌وه نه‌بوون و ئێستاش ته‌نها گوزه‌راندنی كات و ساتێكن له بێهۆشی و نه‌زانی و سادهلهوحیدا. زانكۆ وه‌ك چه‌مك و وه‌ك ده‌سته‌واژه نه (زان)ینی تیا هه‌یه نه(كۆ) واته ئه‌وه‌ی ده‌چێته زانكۆ به ئامانجی(زانین) نه‌چووه و ناچێ، ئامانجی ئه‌و هه‌ر له كۆنی ئه‌م زانكۆیانهماندا سازكردنیانه بۆ ئه‌رك و وه‌زیفه و دواتر بۆ كۆمه‌ڵگه، ئه‌وه‌ش له بنچینه‌دا سه‌رچاوه‌ی نه‌زانی و هه‌ڵه هه‌ره گه‌وره‌كه‌یه.
سیستمی په‌روه‌رده‌یی نوێ و ئه‌كادیمیاكانی خوێندنی باڵا ی مۆدێرن (تاك) وه‌ك تاك و خودێكی هوشیار به خۆی ئینجا به (كۆ) و به كۆمه‌ڵگه ساز ده‌كه‌ن، له سیستمه زانستیه ئینسانیه نوێیه‌كاندا قوتابی بۆ(زانست و زانین) ده‌چێته زانكۆ نه‌ك بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تێك بۆ كار، بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆیی و ناسینی خۆی ده‌چێته زانكۆ نه‌ك ته‌نها به پیرۆزهێشتنهوهی كۆمه‌ڵگه، تاكێك خۆی نه‌ناسێ قه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش ناناسێ و تاكێك ڕێز له بوونه ئینسانیه باڵاكه‌ی نه‌گیری َههرگیز ئه‌ویش نازانێ ڕێز له كۆمه‌ڵگه بگرێ.
من پێشتر له نووسینێكی تر و له ده‌ربڕینێكدا وتم: حوجره‌كانی جاران كه فه‌قێ تیایاندا ده‌یانخوێند له قوتابخانه و زانكۆكانی ئێستامان سیستماتیك تر بوون، ئه‌وان ئه‌گه‌ر چی شێوازێكی كلاسیكی خوێندن و فێركردنیان هه‌بوو و زیاتر زانیاریه دینیه‌كانیان ده‌خسته مێشكی قوتابیان و به شێوه‌یه‌كی ته‌لقینی، به‌ڵام فه‌قێ جۆرێك له پاڵنه‌ری لا هه‌بوو حه‌زی خرابووه سه‌ر ئه‌م خوێندنه و خۆیشی هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا مه‌لا و مامۆستای باشی هه‌بێ تاوه‌كو دواتر سه‌روه‌ریه‌كی كه‌سایه‌تی له‌و پایه‌یه‌دا ده‌سته‌به‌ر بكا. پاشان مۆڵه‌تی ده‌رچوونیشیان كه پێیان ده‌وت ئیجازه‌ی 12 ده‌بوایه له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوێكی ئاینی گه‌وره بوایه و پیاوه ئاینیهكهش هه‌میشه چاودێرێكی له‌سه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بینی كه (خوا) یه له ترسی ئه‌و نه‌یده‌وێرا گه‌نده‌ڵی له پێدانی بڕوانامهكهدا بكا.
له راستیدا ده‌بوایه له هه‌لومه‌رجی ئێستادا هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌مان بڕیبوایه نه‌ك هه‌ر بۆ ڕزگاركردنی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه به‌ڵكو له پێناو ڕزگاركردنی تاك و ئازادكردنی له هه‌موو ئه‌و ئایكۆنانه‌ی ئه‌و فێربووه وه‌ك كولتوور و هه‌ر كه ده‌كه‌وێته نێو پڕۆسێسی فێركردن و فێربوونه‌وه ئازادیه‌كانی خۆی له ترسان بداته‌وه ده‌ستیان.
تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه فێربوون له ئازادی خۆیان بترسێن، فێركراون له شادمانی بترسێن، فێركراون له ده‌سه‌ڵاتداران بترسێن، فێركراون له دایك و باوك بترسێن ، فێركراون له ……….تاد بترسێن، ئه‌م ترسه بووه‌ته ئاسانترین میكانیزم بۆ كۆنتڕۆڵ و ئاسانترین میكانیزم بۆ خه‌ساندن.
تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه عه‌جیب بۆ نادیارگهلێگ غلۆر بۆته‌وه، عه‌جیب له كونه ڕه‌شه‌كانی ئه‌م گه‌ردوونی كۆمه‌ڵگه‌یه ون بووه، تا ئۆرگانه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه له گرنگی و بایه‌خی ڕزگاركردنی تاك و ئازادكردنی هوشیار نه‌بنه‌وه، تا ئاراسته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له كه‌ره‌سته‌وه نه‌گۆڕن بۆ مێشك ئه‌وا نه خۆیان ئازادن و نه توانای ئازادكردنی خۆیان و نه‌ته‌وه‌شیان هه‌یه.
ئه‌وان تا تاك نه‌كه‌نه‌وه سه‌نته‌ر هه‌رگیز خۆشیان له سه‌نته‌ر نین چون كۆمه‌ڵگه‌ی نا ئازاد هه‌رده‌م تاكی نائازاد دێنێته ئارا و باڵاترین سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵاتیش ته‌نها چێژ له ته‌سلیمكردنی ئازادیه‌كانی خۆی به ناوه‌ندی تر ده‌كات.