
دۆبلاژ و زمان… به‌ختیار محه‌مه‌د
به ڕێكه‌وت له درامایه‌كی دۆبلاژكراوی توركی و له كه‌ناڵێكی ئاسمانیی كوردیدا گوێم لێ بوو ده‌یانگوت: ((چایه‌كان ئاماده ده‌كه‌م… چایه‌كان ئاماده بوون…)). كێ تا ئێستا له هه‌موو مێژووی زمانی (ئاخاوتنی) كوردی گوێی لێ بووه بگوترێ چایه‌كان و (چا) كۆ بكرێ؟ چا خۆی بڕه، كه‌م و زۆر ده‌كرێ، به‌ڵام هه‌رگیز كۆ ناكرێ.(1) ئێمه ده‌كرێ بڵێین: چایه‌كه زۆره، كه‌مه؛ به‌ڵام قه‌ت ناشێ بگوترێ چایه‌كان (مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كاتێك كه چا ساز ده‌كرێ و دێم ده‌كرێ و ده‌كوڵێندرێ، چونكه له درامایه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو، نه‌ك كارتۆن و كیسه و فه‌رده چایه‌كان، كه لێره دیاره ژماره و ئامار دێنه گۆڕێ و ده‌شێ چا كۆ بكرێ). لێره‌ش كۆكردنه‌كه هی چایه‌كه نییه، به‌ڵكو هی كیسه و فه‌رده و كارتۆنه‌كانه. له‌مه‌وه ئێمه ده‌ڵێین: ((كیسه چایه‌كان…، فه‌رده چایه‌كان…، كارتۆنه چایه‌كان…))؛ ده‌شڵێین: ((پیاڵه چایه‌كان))، به‌ڵام قه‌ت ناڵێین: ((چایه‌كان ده‌خۆمه‌وه…، چایه‌كان ده‌خۆینه‌وه…))… چا چونكه ناژمێردرێ، بۆیه كۆ ناكرێ. ئه‌مه بۆ هه‌موو شتێك ڕاسته، كه وه‌ك چا ناژمێردرێن؛ وه‌ك: خوێ، لم، شه‌كر، ئارد… تاد.
مخابن! ئێستا زمانی كوردی له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كاندا، نه‌زانه‌كان خاوه‌نین و ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به كاری ده‌هێنن؛ بۆیه ئه‌وه‌ی نه‌زان و نه‌خوێنده‌واره‌كان (زۆربه‌ی جار خوێنده‌واری نه‌خوێنده‌واری حزبیین) به زمانی كوردی ده‌كه‌ن، با به ده‌واری شڕی ناكا. ئه‌وه‌ی جێی داخه، ئه‌م ته‌عه‌دایه و ئه‌م شێواندنه‌ی زمانی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك نووسه‌ر و ئه‌دیبی پڕ به‌رهه‌م و ناسراویش ده‌كرێن: ڕۆماننووسی ناسراومان هه‌یه له ڕۆمانه‌كانیدا به‌م زمانه خراپ و شڕه كوردییه قسه ده‌كا: ((گه‌رچی مه‌كته‌بێكی زۆی نه‌خوێندووه…))؛(2) یان: ((… كه‌سێك له باراندا بوه‌ستێت و… هه‌روا له بارانه‌كه‌دا له‌سه‌ر لێواری شۆسته‌یه‌ك وه‌ستا بوو)).(3) چۆن ده‌بێ نووسه‌رێكی كورد بیت و نه‌زانی بڵێی: (گه‌رچی له مه‌كته‌بدا زۆری نه‌خوێندووه)، (له‌به‌ر باراندا بوه‌ستێت و … له‌به‌ر بارانه‌كه‌دا وه‌ستا بوو…)؟… له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیاردا، هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانیی له‌م جۆره یه‌كجار زۆرن.
—————————–
په‌راوێزه‌كان:
1- ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێی ئاوه‌كان ده‌خۆمه‌وه، كه ئه‌مه ناشێ و ئێمه ده‌ڵێین: ئاو ده‌خۆمه‌وه، ئاو ده‌خۆینه‌وه… ئاویش خۆی له خۆیدا ناژمێردرێ، بۆیه كۆ ناكرێته‌وه. ئێمه ده‌ڵێین: (ئاوی ڕووباره‌كان…، ئاوی ده‌ریاكان…، ئاوی ده‌به‌كان…)، به‌ڵام قه‌ت ناڵێین: (ئاوه‌كانی ڕووبار…، ئاوه‌كانی ده‌ریا و ئاوه‌كانی ده‌به… تاد).
2 – به‌ختیار عه‌لی، كه‌شتی فریشته‌كان، كتێبی یه‌كه‌م، ل 67 – 68
3 – به‌ختیار عه‌لی، ده‌ریاس و لاشه‌كان، ل 109
به‌ختیار محه‌مه‌د