Skip to Content

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی هەشتەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی هەشتەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 13, 2021 General, Poems

بمبەرەوە بۆ مێژووی پێش هەڵوەرینم
لە زستانی پڕ رەهێڵەی ئەوینی ساردتدا
بمبەرەوە بۆ چاخی پێش خنکام
لە سەرابی نێو سەحرای چاوەکانتدا
دەتبەخشمەوە بە رۆژانی تەنهایی
کە باخچەیەک دەرگای بەهاری لێ نەکردیەوە
دەتبەمەوە بۆ نێو رۆژانی پێش ناسینم
کە خۆر لە پشت هەورەوە خۆی لێ دەشاردیەوە

چاوەڕوانیم قەوزەی کرد
تۆ هێشتا بیرت لە سەفەرێک نەکردۆتەوە
بەرەو خاکی هەستم
سەبری ئەیووبم پچڕا
تۆ هێشتا بیرت لە هاتنێک نەکردۆتەوە
پێش وەستانی کاتژمێری تەمەنم

لە مەسیح بێ تاوانترم
دامگرە بەخاچی پرچەکانتەوە و
لەنێو پەلکەزێڕینە بمنێژە
لە ئاوی کانی روونترم
مەهێڵە دابڕان لێڵم بکا و
لە نێو چۆمی ژنێتیتدا بمهێڵەوە

وەرە ئەی لە مەریم پاکیزەتر
وەرە ئەی لە باران تەڕتر
وەرە ئەی لە مانگەشەو رووناکتر
وەرە ئەی لە پەروانە سووتاوتر
لێرە لە ناو دڵی من
لێرە لەناو موروە سەوزەکانی چاوم
لێرە لەناو شەوانی دوور و درێژم
ماچێکی تر دەنووسینەوە
لەسەر پەڕەی لێوەکانمان،
لە پەرستگای لێکئاڵانمان
نوێژێکی خۆشنود دائەبەستین

مەڕۆ
برینێک لە تەنهاییمدا جێمەهێڵە
مەڕۆ
دوا گەڵا بە درەختی ئومێدەوە مەوەرێنە
کتوپڕ مەڕۆ درزێک مەخەرە
پەنجەرەکانی پەلکەزێڕینەوە
مەڕۆ و دوای خۆت
دەرگای خەونم لەسەر دامەخە
مەڕۆ و دوای تۆ
ئیدی من لە خۆم ئەڕەنجێم
مەڕۆ و دوای رۆشتنی تۆ
ئیدی نەورەسێکی دڵخۆش نیم و
لە هیچ ئاسمانێکی تردا
لە شەقەی باڵ نادەم

پرسیار مەکە
ئەو دڵە بێگەردەم لە کوێ بوو
بەیانییەک دوو فریشتەی خودا
لە ناو چەمی عەشقدا دڵیان شۆردمەوە
پرسیار مەکە
ئەو دڵە غەمبارەم لە کوێ بوو
عەسرێک وەک ئاوی کانییەک
رێبوارێکی نامۆ لێڵی کرد
پرسیار مەکە
ئەو دڵە کوژراوەم لە کوێ بوو
ئێوارەیەک وەک ریشۆڵەیەکی پەڕاگەندە
لە سەفەرێکدا بەرەو باکوور
بە گوللەی عەشقێکی وێڵەوە بوو

ئاڵای ئەم عەشقەت
لەسەر کەلاوە کۆنەکانی دڵم
بەرز دەکەمەوە
دەستە تەزیوەکانم
بەتینی پەنجە گڕاوییەکانی تۆ
گەرم دەکەمەوە

خۆشم ئەوێی
هەر وەک ئەو باڵندەیەی جگە لە ئاسمان
شوێنێکی تری نییە بۆ فڕین
خۆشم ئەوێی
وەک ئەو شەپۆلەی جگە لە کەنار
جێگەی تری نییە بۆ سرەوتن

هەرچەند لە چاوەکانتم روانی
بە بێدەنگی هەموو شتێکیان پێ وتم
هەرچەند پەنجەکانتم گووشی
گەرمی هەستت گەیشتە بەفراوی رۆحم
سەیرە نە من توانیم دێڕێک بڵێم
نە تۆ توانیت دڵت بکەیتەوە!!

شیعری: ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish