Skip to Content

نامۆیی و بێگانەیی لە خاکی ئێراندا.. ڕزگار حەمە ڕەشید

نامۆیی و بێگانەیی لە خاکی ئێراندا.. ڕزگار حەمە ڕەشید

Closed
by كانونی دووه‌م 30, 2023 General, Opinion, Slider

١

بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئەم نوسینەدا بتوانین نامۆبوون بناسێنین، پێویستمان بەوە دەبێت هەندێک چەمکی تریش بخوازین و لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤەیان بکەین و لەوێوە بەرەو ئامانجی کۆتایی نوسینەکە بڕۆین.

لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا، نامۆبوون وەک بێگانەیی باسدەکرێت، یان لە سادەترین پێناسەدا وەک جیابوونەوە و دابڕان یان وەک دابەشبوون دەناسێنرێت. ئێمە کاتێک لە شتێک جیا دەبینەوە ئیتر دەبینە نامۆ پێی.
لەمڕۆدا زیاتر خوومان بەوەوە گرتووە وشەی “نامۆبوون” بۆ وەسفکردنی ئەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بەکار بێنین کە بەری دەکەوین، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵگەکەمان، یان دوورکەوتنەوە لە جیهان بەگشتی. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن هەست بە نامۆبوون دەکەن لەبەرامبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک. لێرەشدا دیسانەوە هەستی جیابوونەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە جیابوونەوە لە شتێک دەکات.

ئەگەر نامۆبوون بەمانای جۆرێک لە جیابوونەوە بێت، کەواتە پێچەوانەی نامۆبوون بریتییە لە ئاوێتە بوون . ئاوێتەبوون لەگەڵ خێزان یان ڕێکخراو یان کۆمەڵگە بە گشتی. بەم پێیە کاتێک کەسێک سەر بە یەکێک لەو شتانەیە، ئیتر نامۆ نییە، لانیکەم لەو پێوەندەدا. ئەمەش شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێتە کەسەکە، وەک بڵێی، بەوە دەناسرێتەوە، سەر بەو خێزانەیە، یان لەو تیپەدا، لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکات، سەر بە فڵان دەزگا یان ڕێکخراوە. ئەمانە هەریەکەو بە جۆرێک شوناسی کەسەکە دیاری دەکەن، پێبەپێی ئەوەش، ئەرک و پرنسیپەکانی دەستنیشان دەکەن. لەبەرامبەردا، کاتێک کەسەکە بە ڕۆڵی خۆی لەو چوارچێوە دیاریکراوەدا ناڕازی دەبێت، دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە و چیدی ڕۆڵیان تێدا نەبینێت. کاتێک هەستی نامۆبوونم هەیە، ناتوانم شانبەشانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو خۆم بناسێنم و چیدی ئەو چوارچێوەیە ناتوانێت شوناسی من دەستنیشان بکات، بۆیە لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەڵام لەناو یان دەرەوەی ئەو جوارچێوەیەدا، مرۆڤ عەوداڵی ئەوەیە دانیپێدا بنرێت.

چەمکی ناسینەوە یان دانپێدانان”recognition” لەو چەمکە گرنگانەیە لەمڕۆدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئەم چەمکە پەیوەندی بەو شێوازەوە هەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ، سیاسەتمەدار، یان ئەندامی کۆمەڵگەیەک تەماشای یەکتری پێ دەکەین.

وەک نامۆبوون، دانپێدانانیش کۆمەڵێک مانای جیاوازی هەیە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جیاوازدا بەکار بهێنرێت. ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئاستیدا بتوانین باس لە دانپێدانان بکەین وەک جۆرێک لە تێگەیشتن، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو شتە زۆرانە دەکەین کە لە دونیادا دەبینرێن، یەکسەر دەتوانین جیاوازی نێوان مرۆڤ و شتەکانی تر یان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەستنیشان بکەین. بەم مانایە دەتوانین کەسێک وەک مرۆڤ بناسینەوە و دان بە مرۆڤبوونیدا بنێین.

یاخود داننان بە مافی دیاریکراوی کەسانیتردا، چونکە ئەگەر دان بە مافی کەسانیتردا نەنێین، پێشێلکارییەکان ئاسایی تێدەپەڕن، چونکە سنوورێک نامێنێت بۆ ناسینەوەی کەسانیتر. کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز، وامان لێدەکات دان بە یەکتریدا بنێیین و یەکتر بناسینەوە. ئەگەر نەتوانین بەو شێوەیە دان بە بوون و کارەکتەر و مافەکانی یەکتردا بنێین، جۆری هەڵسوکەوتمان بەرامبەریان دەگۆڕێت، بۆ نموونە توندوتیژی و دیاردەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم یان زەبروزەنگی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا، خاوەن دەسەڵات بەسەر ژێردەستەکانیدا لە دانپێدانەنانی تەواوەتییەوە سەرچاوە دەگرن بە ماف و بوون و کارەکتەر و شوناسی کەسانیتر. وەک ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، لەسایەی کەپیتاڵیزم و لقوپۆپەکانییەوە دەیبینین، بەتایبەتیش لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریادا جگە لە پیادەکردنی هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگ بەسەر تەواوی دانیشتواندا، بەشەوەیەکی توندتر بەسەر کوردە داگیرکراوەکاندا پیادە دەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دروستبوونی نامۆبوونێک کە وردە وردە ڕوخسارەکانی باس دەکەین.

دوای جەنگە جیهانییەکان، چەمکی “نامۆیی” گرنگییەکی زۆری پێدرا، لەزۆر بواری ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و دەروونیدا کاری لەسەر کرا. تا ڕاددەیەکی زۆر، هەموویان لەژێر کاریگەریی ئەو ئیشکردنە وردەی کارڵ مارکسدا بوون بۆ پێناسەکردنی نامۆبوون.

مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤دا لە بەشێکدا لەژێر ناوی ‘نامۆبوونی کرێکاران”دا بەم شێوەیە مەبەستەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە: { لە ئابووری سیاسیی و زاراوەسازییەکەیدا، ئەوەمان پیشانداوە کە کرێکار تا ئاستی کاڵایەک نغرۆ دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێتە نەهامەتبارترین کاڵا. نەهامەتیی کرێکار لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدا وەستاوە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەی خۆیدا، کە ئەمە دەرەنجامی سروشتیی کێبڕکێی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە چەند دەستێکدا، ئەمەش ترسناکترین جۆری قۆرخکارییە} ئەو باسی نامۆبوونی کرێکار دەکات لەبەرامبەر ئەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرهەمی کارەکەی خۆی بەهرەمەند بێت. بەپێی مارکس نامۆبوون لە کار بریتییە لە “کردنی کار بە شتێکی نامۆ بۆ کرێکار.”

بەهەرحاڵ، مانای ئەم وشەیە چەندین جار و بەپێی بەکارهێنانەکانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دەشێت وەک ناساندنێکی درشت و فەلسەفی، هیگڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرکی وەر بگرین کە پێش مارکس ئەم چەمکەی بەکار هێناوە. هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا (١٨٠٧) زاراوەکانی نامۆبوون و بێگانەیی بەکار هێناوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆح لە کایەی بابەتگەراییدا ( Objectivity) دەبێت بە شتێکی جیاواز لەخۆی. ئەم پرسیارە لەلای هیگڵیە چەپەکان و لای فیورباخیش لە کتێبی “کرۆکی مەسیحییەت” دا بەشێوەی جیا جیا دێتەوە بەر باس. فیورباخ لەو کتێبەدا باسی نامۆبوونی ئایینی دەکات، پێشبینیکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی بە پێودانگی خودایەکی دروستکراو.
هەرچەندە چەمکی “نامۆبوون” تا ساڵانێکی زۆر نەبووە چەمکێکی سەرەکی هیچ کام لە بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام زۆربەیان بە گرنگییەوە لەسەری وەستاون. دواتر هۆرکهایمەر زاراوەی “ئانۆمی”بەکار هێنا بە مانای ناتەریب و شاز یان (شذوذ)، تا دەستنیشانی کۆمەڵێک دیاردە بکات کە بەهۆیانەوە ئەو نۆرم و یاسایانەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی مەیسەر دەکەن، لەبەرامبەر درێژبوونەوەی سیستمی کاردا ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە. دوای مارکسیش چەندین بیریاری وەک هایدگەر و هێربەرت مارکۆز و ئێریک فرۆم و ڕێچکەی نا مارکسیی جان پۆڵ سارتەر تێزی جۆراوجۆریان لەبارەی نامۆبوون و بێگانەییەوە هێنایە بەر ڕۆشنایی گفتوگۆکانەوە. لە نامۆبوونی مرۆڤەوە بەرامبەر مەکینەکانی بەرهەمهێنان، نامۆبوونی کرێکار بەرامبەر بەرهەمی کار، نامۆبوونی تاک لەناو شیرازەی لێکترازاوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامۆبوونی مرۆڤ لەبەرامبەر ئایین و خودا و سروشت و تەکنەلۆژیا و… لەبەرامبەر خودی خۆیدا.

لێرەشدا ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر نامۆبوونی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە بکەین لەبەرامبەر سیستمێکی فەرمانڕەوادا. بۆ ئەمەش دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەی ئێران و سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەکینە نموونە.

٢

وزەیەک لەناو دڵی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەگەشایەوە و بەچەندین شێوە و ڕوخسارەوە دەردەکەوت و دەدرەوشایەوە، ئەو وزەیە ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوە خەفە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و نکووڵیی لێدەکرێت، بەڵام لەناوەوە زیاتر خۆی دەخەمڵێنێت. وزەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدەستی دەسەڵاتی پاشایی و دواتر دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هەوڵی خنکاندنی دەدرێت و دەئاخنرێتە ناو ماڵە داخراوەکان و زیندانەکانەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە، کەچی ئەو سوود لە کەوتنەکانی خۆی وەردەگرێت و بە شێوازێکی پێگەیشتووتر دێتەوە بەرچاوان.

ناوەوە بۆ گەلانی ناو ئێران و ئەوانەش کە بە وڵاتانیتردا بڵاوبوونەتەوە بریتییە لە ناو ماڵەکان و ناو دەروونی خۆیان کە ڕۆژانە لە نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا دەژین و ئەو وزەیە پەروەردە دەکەن. نامۆیی بەرامبەر سیستمێک کە سەدان فەرسەخ لە خەون و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمان دوورە. ئەوانەی لەناو ئێراندا و لەناو خودی سیستمەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، لە بەرامبەر ئەو سندووقە داخراوەی ئەقڵی ئەو سیستمە ستەمکارەدا ژیانێکی نهێنییان بۆ خۆیان دروستکردووە کە دەستی جەللادەکانی نەگاتێ. نەک تەنیا بە لەبارکردنی ژیانێکی ئازاد و مۆدێرن و کراوە بۆ خانەوادەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا و لەپشتی دیوارەکانەوە، بەڵکو لەناو قووڵایی دەروونی خۆشیاندا هەموو ئەو دیوارانەیان شکاندووە کە لەدەرەوە، لەژیانی واقیعدا، لەدەوریان هەڵچنراون. ئەمان خۆیان بە میراتگر و درێژەپێدەری شارستانییەتێکی گەلێک دێرینتر دەزانن، شارستانییەتێک کە وێڕای ئەوەی بەناو مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و ململانێی هەزاران ساڵەییدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە پێچەوانەی دەسەڵاتەکان، وزەیەکی داهێنەرانەی لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە و پاراستوویەتی، وزەیەک کە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا شانازیی، بەڵکو ڕێچکەیەکیشی پێبەخشیوە تا بەردەوام پێچەوانەی ئاراستە و خواستی دەسەڵاتەکان هەنگاو بنێت. ناوە مەزن و درەوشاوەکانی ناو دونیای هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانیی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
بەم هۆیەوە گەلانی ئێران لەناو نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. وەک ئەو نامۆییەی لەناوەوە و دەرەوەی ژیانیاندا ڕوو دەدات – سیستمی داسەپیوو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان – ئاراستەی پێجەوانەی ئەوەی هەیە و دەبینرێت لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاستی هەیە و بەئاسانی نابینرێت.
“ئەم خوێندنەوەیە دەشێت لەزۆر شوێنیتری دونیادا کاربکات، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی ژیانی ئەو گەنجانەدا کە ئازادانە لە شەقەی باڵ دەدەن و دوور دەفڕن، بەڵام لەناو ئەو سیستمە خنکێنەرەی باشووری کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن” .

دەرەوە ئاوێنەیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات. هەرگیز لەناو ئەو سیستمە تۆتالیتار و فاشییانەدا، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا و فیکری باڵادەستی کۆمەڵگە ناکات “وەک ئەوەی مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد”. دەشێ لەناو میدیا و ئەو جیهانە بەرچاوەدا کە زۆرتر دروستکراوو خۆپیشاندەرە، وا دەربکەوێت کە ڕاستییەکی باڵادەستە، بەڵام لەناو ژیانی واقیعیی تاکەکان و خێزانەکاندا ئەو ڕاستییە ڕوخسار پێدراوو ماکیاژکراوە کورت دەهێنێت. ڕاستەقینەیی ژیانی مرۆڤەکان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی خۆیاندا دەبێتە پێوەر بۆ فەلسەفەی ژیانکردنیان.

لەوێدا کە پاسدارێک، ژەندرمەیەک، ئەمنێک، کۆماندۆیەک، زێرەڤانێک دەوەستێت و فۆرمێک لە ژیانکردن دەسەپێنێت بەسەر ڕووکەشی ژیانی مرۆڤەکاندا، هەر لەوێدا خەونی ژیانێکی جیاواز، ئازاد، لەناوەوەی ژیانی مرۆڤەکاندا چەکەرە دەکات.
نامۆیی و بێگانەیی لەژیانی ڕۆژانەی ژێردەستەکاندا دەبێتە داینەمۆی ئەندێشەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر.
نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەک و لەسایەی سیستمێکدا کە ژنان دادەپۆشێت و لە مرۆڤەوە دەیانکاتە کاڵا، بەشێوەیەکی سیستماتیک گەیشتە ئەو ڕاچەنینەی ئەمڕۆ کە گرنگترین دروشمی مێژوو بەرز دەکاتەوە:
ژن…ژیان…ئازادی

٣

پێشتر هەوڵماندا وێنەیەکی گشتی سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون و بێگانەیی وە شوێنیان لەناو کۆمەڵگەکانی ئێراندا باس بکەین. لەم بەشەدا دەمانەوێت تیشکی قسەکردنەکانمان بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئێران باسی بکەین. لەم بەشەدا فۆکەسەکەمان نزیکتر دەکەینەوە و هەوڵدەدەین نامۆبوونی کوردەکان وەک داگیرکراوێک لەو نامۆبوونە گشتییەی ئێرانییەکان جیا بکەینەوە.
لەم بارەیەوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە، لە جیاوازی نامۆبوونی کۆڵۆنیانیاڵیست و کۆڵۆنیاڵیزەکراو (داگیرکەر و داگیرکراو) دەکۆڵینەوە. ڕاستە هەردوکیان (وەک هاوڵاتی) لەناو هەمان سیستەمی سەرکوتگەر و گەندەڵ و خۆسەپێندا ژیانێکی دوو ڕوو دەژین، ڕوویەکیان ئەو ژیانەیە کە سیستمەکە سەپاندوویەتی بەسەریاندا و ڕۆژانە بە ترس و تۆقاندن و کوشتن و زیندانیکردن ڕووبەری ئازادییەکانیان بچووکتر دەکاتەوە و زۆرتر دەیانخاتە ژێر ڕکێفی ئەو قامچییانەوە کە بەناوی مۆراڵ و پێودانگی کۆمەڵایەتی و دینیەوە کردوونیەتە یاسا، بەمەش مافی لێپێچینەوە و سزادانی کردۆتە پاساوێک بۆ سەرکورتکردنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ناتەبا. ڕووی دووەمیش، ئەو ژیانەی مرۆڤەکانی ناو ئەو چورچێوە جوگرافییە لەناوەوەی خۆیاندا هەڵیدەگرن و پەروەردەی دەکەن و گەشەی پێدەدەن، ژیانێک کە زۆرجار لەگەڵ تەواوی ئەو شێوە ژیانکردنە باڵادەستەدا ناکۆکە و هەناسە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور لەچاوی سیخوڕ و جەللادەکان دەدات. ناچارە عەشق و جوانی و سۆز و ڕوناکی و ئارەزوو تەنانەت خوداش لە شوێنە تاریکەکان و لەناو ڕەفە و ماڵە داخراوەکاندا بشارێتەوە ( لە شیعری ” روزگار غریبی ست، نازنین”ی شاملۆوە). بەڵام بۆ داگیرکراو، لەمەش دوورتر دەڕوات، جگە لە هەموو ئەوانە، ناچارە ناوو زمان و تەنانەت کەلتوور و شوناسی خۆشی بشارێتەوە، یان لە باشترین حاڵدا، بە تەماهی لەگەڵ کەلتوور و شوناس و زمان و ناوی داگیرکەردا خۆی پێناسە بکاتەوە و خۆی وەک پاشکۆی ئەو بناسێنێت و ددان بە ژێردەستەیی خۆیدا بنێت.

لەم ڕووەوە، ڕووبەرەکانی نامۆبوونی داگیرکراو زۆر لە ڕووبەرەکانی نامۆیی تاکەکانیتری ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافی فراوانتر و بڕستلێبڕترە. ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکانیتری سەر زەوەی هەمان ڕەنگ و هەمان کاریگەریی هەیە، بە هەندێک جیاوازییەوە کە پەیوەندی بە سیستمی بەڕەوەبردنی وڵاتەکەوە هەیە. بۆ نموونە داگیرکردنی ئەمەریکا و کەنەدا. لە کەنەدا یەکەم کارێک کە داگیرکەرە سپی پێستە ئەوروپاییەکان کردیان ئەوە بوو کە ڕەنگ و زمان و ئایینی خۆیان کردە ڕەنگ و زمان و ئایینی باڵا دەست. بەمەش، بەر لە خەڵکە ڕەسەنەکە (ئەوەی بە هیندییە سوورەکان ناسێنران و تا حەفتاکانیش هۆڵیوود بێشەرمانە هەمان تێرمی بەکار دەهێنا و ئەوانی وەک کێوی و “وەحشی” و دژە زانین و دژە مرۆڤ دەناساند) دەستیان بەسەر شێوەبیرکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیتریشدا گرت کە وەک ئەوان، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو تا ببنە خاوەنی زەوی خۆیان، ڕوویان لەم وڵاتە تازە دۆزراوە چۆڵە دەکرد. هەنگاوی دووەمیشیان بریتی بوو لە سڕینەوەی تەواوی شوناسی خەڵکە ڕەسەنەکە. هەر لە زمان و کەلتووریانەوە تا باوەڕ و شێوە ژیانیان. بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، بەڵام ئەوان دوور لەچاوی سپییەکان ژیانی خۆیان دەژیان و وەچەیان دەخستەوە تا نەسڵەکەیان نەفەوتێت. بۆیە دوا چەکی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە وڵاتێکی وەک کەنەدا ئەوە بوو کە منداڵەکانیان لێدەسەندن و دەیانخزاندنە خوێندنگە نیشتەجێ زۆرەملێکانەوە (residential school) تا بەتەواوی خڵتەی باوەڕ و زمان و کەلتوورەکەی خۆیانیان لێداماڵن (ئەم خوێندنگە نیشتەجێیانە لە ساڵی ١٨٨٠وە دەستیان پێکرد و تا کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیانەدا تەرمی زیندەبەچالکراوی سەدان منداڵیان دۆزییەوە) دیارە هەر بەمەشەوە نەوەستان، لەو خوێندنگە نیشتەجێیانەدا کە کڵێسا دەیبردن بەڕێوە، هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگیان لەسەر پیادە دەکردن، بە دەستدرێژی سێکسییشەوە. ئەمە دیوە قووڵەکەی نامۆبوونە. نامۆبوون بەرامبەر زمانی ئینگلیزی (فەرەنسی) کە هەرچەندە لەناویدا گەورەکران بەڵام هەرگیز نەبووە زمانی ئەوان، بەرامبەر بە وانە دینییەکان سەبارەت بۆ مۆراڵ و لێبوردەیی کەچی لەسەردەستی ئایینزادەکان ئەو هەموو زەبروزەنگ و دەستدرێژیانە کرایە سەریان.

بەم پێیە، نامۆبوون دەگاتە شوێنێک کە چیدی دیاردە نییە، یان شێوە ژیانێکی جیاواز نییە، بەڵکو خودی نامۆیی دەبێتە ڕیاڵیتی، دەبێتە ڕەچەڵەک و ڕەگی خۆی لە قووڵایی مرۆڤدا دادەکوتێت، دەبێتە نامۆبوونێکی ئەنتۆلۆژی کە تەواوی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات.

٤

لەم ڕووەوە ململانێی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانیتری کوردستان، بەرامبەر سڕینەوەی شوناس و کارەکتەر و بوونیان، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانترین شێوە وەڵامدراوەتەوە. جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندانیکردن و هەڵواسین و هەموو جۆرەکانیتری سەرکوت و ئازاردان و چەوساندنەوە، لەزۆر شوێن مافی قسەکردن و نوسینیشیان بە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە و لەسەری کوژراون و قەتڵوعام کراون.

لەبەرامبەریشدا، کاتێک کوردەکان بۆ مافەکانی خۆیان هاتنە دەنگ، ساڵانێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەو تاقمی چەکدارەوە نوێنەرایەتی دەکران. ساڵانێکی زۆر کوردی داگیرکراو بە دروشمەکانی “یا کوردستان یا نەمان” بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکرد، لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیدا، بەڵام ئەزموونەکان بە گشتی و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی باشوور ئەوەی یەکلاکردەوە کە لەژێر ئەم دروشمەدا کوردستان بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان و سەرکردە خۆوخاک فرۆشەکانە و نەمانیش بۆ قوربانییەکانە، دوژمنیش هاو خەبات و هاوبەرژەوەندی حیزبە بازرگانەکانە. (مەبەستم لە قوربانیی، جگە لە شەهیدەکان، هەموو ئەوانەشە کە هێشتا لەژیانێکی درۆیینەدا لەژێر سایەی بەرپرس و سەرکردە و سەرۆکە کوردە داگیرکەرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. مەبەستم لە ژیانێکی درۆیینە، پراکتیزەکردنی شێوازێکە لە “بوون” بەبێ بوونی مانایەکی ڕاستەقینەی ژیان، بەردەوامبوونێکی زۆرەملێیە لە جیهاندا، بەڵام بەبێ ژیانکردن).

جگە لەمە، ساڵانێکیش دروشمەکانی “یەکسانی و ئازادی” بوونە داینەمۆی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان و بەرگری، ئەمەش، لای هەندێک لە گرووپە چەپەکان، بە ڕزگارکردنی سەراپای جیهان لەدەست سەرمایەداری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی دێتە دی. کەچی ئەزموونەکان و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی ئەو بزووتنەوانەی بەناوی چەپ و مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە لە پارچەکانی کوردستان خۆیان نمایش دەکرد، نەک خۆیان بە خوێندنەوەی چەمکەکانەوە هیلاک نەدەکرد، بەڵکو هەرکەسێکیش بەو ئاراستەیەدا قسەی بکردایە ناتۆرەی “ڕۆشنفیکر” و “مەکتەبیی”یان دەخستە پاڵی. دوای ئەوەی حیزبی شیوعی شانبەشانی پاشەکشەی سۆڤێتی جاران لە ناوچەکەدا ئەستێرەی خەباتی پووکایەوە، ئەو بزووتنەوانەش کە بەناوی مارکسی – لینینی و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە سەریان هەڵدا، نەیانتوانی شرۆڤەیەکی دروست بۆ بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بکەن و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەپەیوەند بە ململانێ ناوجەیی و جیهانییەکان پێشبخەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەشوەیەکی فەرمی (چونکە پێش ئەو بەروارەش دەمێک بوو لەناوەوە کرمێ ببوو)، بزووتنەوە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان شێلگیرانە داکۆکییان لە شکست و هەڵەکانی سۆڤێت و تەنانەت چینیش دەکرد، چونکە وەک پشتوپەنایەکی بەهێز بۆ خۆیان و بزووتنەوەکەیان دەبینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە، بەشێکی زۆریان وازیان هێنا و چیدی خۆیانیان بە پرسەکانی شۆڕش و شۆڕشی پرۆلیتارییەوە خەریک نەکرد، ئەوانەشی کۆڵیان نەدا، بەشێکی زۆریان لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سۆڤێت شکستی هێنا، شەرمنانە وەڵامیان دەدایەوە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش یەکدەنگ، ئەو وەڵامەی مەنسووری حیکمەتیان کردە قەڵغانی ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو پرسە، ئەوەی ” له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی بیست به‌دواوه‌ کۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ خه‌ت لایداوه‌. لێره‌ به‌دواوه‌ خودی مه‌سه‌له‌ی سۆڤیه‌ت له‌ ته‌نیشت مه‌سه‌له‌ی کاپیتاڵیزمه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی، بووه‌ته‌ گیروگرفتێکی میحوه‌ری کۆمۆنیزمی ڕاسته‌قینه‌ی کرێکاریی. سه‌رنه‌که‌وتوویی تا ئێستای سۆشیالیزم وه‌ک ئامانجێک به‌رهه‌می ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ ئه‌و تاکه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ ده‌توانێت ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ به‌هۆی به‌ میللی کردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گیرانی شۆڕشی کرێکارییه‌وه‌ له‌ سۆڤیه‌ت دووچاری لاوازی و لێک دابڕان هات.‌ سۆشیالیزمی کرێکاریی تا ئه‌مڕۆ له‌ ژێر باری ته‌جروبه‌ی سۆڤیه‌تدا پشتی ڕاست نه‌کردۆته‌وه” مەنسور حیکمەت، مارکسیزم و جیهانی ئەمڕۆ.
هەڵسوڕاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وێڕای هەر تێبینییەک لەسەر ئەو زمانە نامۆ و شەقوشڕەی لەنێو کوردی و فارسی و عەرەبی و چەند زاراوەیەکی تێکشکاوی ئینگلیزی و لاتینیدا دەخولایەوە و تا ئێستاش پاکیان نەکردۆتەوە، بەجۆرێک، نەک زمانی نوسین و قسەکردنەکانیان لە واقیع نزیکنەدەکردەوە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی ئەندامەکانیان بەو زمانە دەناسرێنەوە کە پڕە لە هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیی، ئەمەش دابڕانێکی ئاشکرای دروستکردوو. لەوەش زیاتر، (جگە لەو ئەندامە سەرکردایەتییانەی وازیان هێناوە) بەدرێژایی ٣٥ ساڵ زیاتری ئەو بزووتنەوەیە لەسەردەمی ڕێکخراوەکانەوە و نزیکەی ٣٠ ساڵی دروستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە، تا ئێستا هەمان ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی هەیە و ئەو ناوانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، تا ئێستا هەر ئەوانن. زۆری لەسەر نەڕۆین، زۆربەی هەرەزۆریان کەوتنە ناو داوەکەی نەوشیروانەوە و لە ١٧ی شوبات دا بەشێک بوون لە نەوشیروانی و ئەسلامییەکان، کەوتنە ناو یارییەکانی ڕیفراندۆمی بارزانییەوە، کەوتنە ناو یارییەکانی دیموکراتییەوە و لە هەڵبژارنەکانی شارەوانیدا بەشدارییان کرد.

تێپەڕیین بەناو ئەو ئەزموونانەدا، کە ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم یارییان تێدا دەکرد و کۆمۆنیستێکی گۆشەگیری بێ ئاسۆ و داخراو بەسەر خۆیدا لە کەنارەکانیدا بوو، دەشێت ئاراستەی تێگەیشتنەکان لە پێویستیی و حەتمییەتی بوونی حیزبەوە بگۆڕێت بۆ پێداویستی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەیەکی ناحیزبیدا کە هەموو سیستمەکە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە گەڕەک و شوێنی کارەوە تا نوێنەرایەتیکردنی سەراسەریی، بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرەکان، خۆی دامەزرێنێت.

ئەم خۆ ڕێکخستنەوە و خۆدروستکردنەوەیەی کە لە ڕووکەشدا خۆبەخۆ و عەفەوی دەردەکەوێت، ئەنجامی چنینێکی جاڵجاڵۆکەیی ناو ماڵەکان و ئیرادەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و کوردە داگیرکراوەکانە کە ساڵانێکە بەشەوەی جیاجیا خۆی دەردەخات و جاەبەجاریش گەشەکردووتر و پێگەیشتووتر دێتە پێشەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی چەندین نوسەر و هونەرمەندی داهێنەری پێشکەش بە هەر چوار پارچەکە کردووە، جاڵجاڵۆکە ئاسا تەزووی شۆڕشێک دەهۆنێتەوە، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆشناییەکانی زیاتر بەدیار دەکەون، ئەوەتا دروشمی ژن…ژیان…ئازادی جێگەی دروشمە لەکارکەوتووەکانی گرتەوە و بووە دروشمێک نەک سەراپای کوردستان و ئێران، بەڵکو وردە وردە خەریکەهەموو جیهان دەتەنێت.

ڕزگار حەمە ڕەشید

Previous
Next
Kurdish