Skip to Content

نۆبەرەی مەرگم دیت، دوومین کتێبی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

نۆبەرەی مەرگم دیت، دوومین کتێبی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

Closed
by ته‌مموز 3, 2021 Books, General

کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) براوەی خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێب. وەک دووەمین کتێبی چاپکراوی چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، لە ماوەیەکی نزیک دا لە کەرنەڤاڵێکی تایبەتی ئەدەبی دا لە هەولێر دەکەوێتە بەردیدی خوێنەرانی. (نۆبەرەی مەرگم دیت) لە بیست و سێ کورتە چیڕۆک پێکهاتووە. کە خۆی لە (١١٧) لاپەڕە دەبینێتەوە. لە لایەن شۆڕش غەفوری دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆکی بۆکراوە. لە ساڵی ٢٠١٩ کتێبەکە خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبی لە هەولێر بەدەست هێنا. سەرجەم چێڕۆکەکانی نێو کتێبەکە، بە شێوە و تەکنیکی جیاوازەوە نووسراون. زۆربەی چیڕۆکەکانی نێو کتێبەکە براوەی یەکەم و باشترینی خەڵاتە ئەدەبییەکانی کوردستانن، لەوانە چیڕۆکی پیاوێکی ڕووت، تارای بووکی ئاشتی، دوانزەهەزارەمین بیرەوەری دوورترین شەوی دونیا، ئیمپڕاتۆریای ژن، نۆبەرەی مەرگم دیت. دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە ڕایگەیاند: کە (نۆبەرەی مەرگم دیت) کۆکراوەی سەرجەم چیڕۆکەکانی بەرهەمی ژیانی ئەدەبییەتی و ئەزموونی نووسینی پێش ڕۆمانی بە ڕێگاوەیە، کە لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ناوچەکە و خوێنەرانی پێشوازییەکی باشی لێکرا.
فکر و مەعریفە، کوشتن و خوێنڕشتن، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری، ئازار و جەرمەسەرییەکانی کۆمەڵگا و دۆزی نەتەوایەتی و گەڕان بەدوای شوناسی کوردی، ناوەڕۆکی سەرەکی سەرجەم چیڕۆکەکانی ناو کتێبەکەن. زۆربەی چیڕۆکەکان پێشووتر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکراونەتەوە و بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی. کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپکراوە و بەڵام بە هۆی گرفتی دارایی و نەخۆشی کۆڕۆناوە و وەستانی چاڵاکییەکانی دەزگاکە، پڕۆژەی کتێبەکە دواکەوت و لە ساڵی (٢٠٢١) بۆ یەکەم جار کتێبەکە بە دیزاین و بەرگێکی جوانەوە دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

mm

دڵشاد ڕەزاق ڕەسوڵ ناسراو بە (دڵشاد کاوانی). نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس. چاڵاکوان له بواری ڕێکخراوەیی و مافەکانی مرۆڤ. لەدایکبووی 01-07-1978 شاری قەزوینی ئێرانە. لە ساڵی 1984 لە گوندی کاوانیانی شەقڵاوە چووەتە بەر خوێندن. یەکەم وێستگەی نووسینی لە ساڵی 1996 بە شیعر دەستی پێ کردووە. پاشان یەکەم چیڕۆک بە ناوی (هەرگیز پاشگەزنابمەوە) لە ساڵی 1997 نووسی، زیاتر لە 24 چیڕۆک و (100) کورتیلە چیڕۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، خەڵاتی یەکەم و دووم و باشترین چیڕۆکی لە فیستڤاڵەکانی کوردستان وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish