
ئێستاش هه‌ر له خۆم ده‌گه‌ڕێم … سۆران محه‌مه‌د
وەفای خامە
لە دوای تۆ یه‌ڵدا
پرچی سپی بوو،
هێنده قیژاندی
به گوێی گه‌ڵای سیس
به‌س بێ وه‌ڵام بوو:
.
” ئای چ مه‌رگێکه بۆ وا زوو ده‌مری
خۆ تۆ گه‌ڵا نیت
خۆ تۆ په‌پوله‌ی
ناو ماڵه‌کانی ره‌حیماوا نیت”(١)
.
گوێت نه‌دایه شالوره‌کان
ده‌ستله‌ملانی ئه‌ستێره‌یه‌کی دوور نووستی
ئاسمان کاسکێته هه‌ورینه‌که‌ی خۆی
خسته سه‌ر ده‌ستی،
مشتێ ئهسرینتان
ڕژا به‌سه‌ردا
نه‌تتوانی هه‌ستی
.
له‌گه‌ڵ په‌پوله پاییزییهکانا
پێکه‌وه گوتتان
” دەمەوێ بنوم،
هەندێ، خولەکێ، سەدەیە؛
بەڵام پێویستە هەمووان بزانن
که من نەمردووم”(٢)
.
ئێستاش تابلۆکان
له دوت ده‌گه‌ڕێن
که خۆشیان ونن:
” ئه‌ی به‌رگی ره‌شی هه‌موومان
له هه‌رکوێ هه‌ی
دووری یا نزیکی لێمان
ئه‌مشه‌و هاتووین گڕمان پێیه-
بۆ ده‌روونی ئاگردانت..
لاسمان پێیه-
بۆ خه‌زاڵی شیعره‌کانت..”(٣)
.
به‌ڵام تۆفانی فه‌سڵی نه‌هاتی
که ته‌وره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی هانی
شیعرت درکانی:
” بۆ ئه‌بێ نه‌مرم
که دڵنیاشم ئه‌م مه‌رگه زه‌رده
زه‌رد وه‌ك دڵی پیر،
زه‌رده وه‌ك چاوی سه‌گه‌کانی میر” (٤)
……………………………..
- ئه‌م شیعرە وێڕای ئەوەی نەفرینە لە جەللادەکانی قەڵەم، لەهەمان کاتیش‌دا هه‌وڵدراوه شێوازی کۆلاژی تێدا به‌کاربهێنرێت- وه‌ك جۆرە داهێنانێکی تایبەت و له‌و ڕێیه‌وه بتوانرێت دیوه شاردراوه‌کانی مانا به‌رجه‌سته بکات؛ هه‌رچه‌نده زمانی شیعره‌که‌ش کاری له‌سه‌ر حاڵه‌ته گیانی و ویژدانیه‌کان کردبێت، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ره‌نگه وه‌ك ده‌قێکی فره ڕه‌هه‌ندیش به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كدا بابه‌ت بە ژێربارخستنی زمان هه‌ستابێت بۆ هێنانه‌دی چه‌ند ئامانجێك:-
1/ بوژاندنه‌وه‌ی ستایڵی کۆلاژ له جیهانی ده‌قی شیعردا.
2/ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شیعریی دره‌نگوه‌خت بۆ شاعیری جوانەمەرگ بەکر عەلی؛ به هه‌ندێك که‌ره‌سه‌و ده‌سته‌واژه‌ی شاعیران و به‌کارهێنانه‌وه‌یان به شێوازی جیاواز.
3/ فۆکس خستنه سه‌ر هه‌ندێك له ئیستاتیکه شیعریه‌کانی شاعیرانی وه‌ك فیدریکۆ گارسیا لۆرکاو محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و به‌کر عه‌لی.
4/ ده‌کرێت هیچ کام له‌مانه نه‌بێت و خوێنه‌ر وه‌ك تانوپۆی شیعرێکی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هیچ ئاماژه‌یه‌کی ده‌ره‌کی له ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌که‌دا، به مانایه‌کی تر فه‌رامۆشکردنی هه‌موو که‌وانه‌ی کۆپله وه‌رگیراوه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی وه‌ك یه‌که‌یه‌کی شیعریی یه‌کپارچه.
…………….
تێبینی/ کۆپلەی نێو کەوانەکان هی شاعیران بەکر عەلی و گارسیا لۆرکایە، ئەوانەی بەکر عەلی لە دیوانی (ئەوشەوانەی لە پرچت رەشتر بوون) وەرگیراوە کە بۆ محەمەد عومەر عوسمان و سۆرانی نووسیون، ئەوەی لۆرکاش لە قەسیدەی (مەرگی تاری کارمامز)ەوە وەرگیراوە.