دوایین خۆکوژی لەسەر زەوی … ژیار ئەسوەد
سێ مانگ پێش کریسمس
ئای لەتۆ زەوی داماو! پیرە زەوی، دواجار هەموو جێت دەهێڵن! ئەوەتا ئەو زانا پیرە قژ درێژە هەموو ڕۆژێک خۆی دەکات بە شاشەی تەلەڤزیۆنی ماڵەکاندا. وەک ئەوەی قسەی دیکە نەزانێ، بێ بڕانەوە دەڵێ: “زەوی لە مەترسیدایە، پێویستە چۆڵی بکەین.” خۆ بەردەوام باس لە ئینتیما دەکرێ، ئەی کوا؟ نا، بۆم دەرکەوت نیشتیمان بووکەڵەیەکە و هەموومان یاری پێدەکەین؛ هەرکات دەستێکی، قاچی، هەر پارچەیەکی لێبێتەوە فڕێی دەدەین و پێویستمان بە دانەیەکی دیکە دەبێ.
هەموو شتێکیان ئامادەکردووە. دەیان ئامێر و کەشتی ئاسمانیی زەبەلاح کە تا ئەم ساتە نەبینرابوون، لە ئامادەباشیدان بۆ هەڵگرتنی مرۆڤ و بردنی بۆ هەسارەیەکی تر. تا ئێستا پێشیان ڕانەگەیەنراوە کامە هەسارەیە؟ بەڵام گوایە تازە دۆزراوەتەوە و هەموو پێداویستییە سەرەتایی و سروشتییەکانی گوزەرانی ژیانی لێیە… من باوەڕم بە هیچ نەماوە، دوێنێ یادی لەدایکبوونم بوو، نازانم بوومە حەفتا یان حەفتا و یەک ساڵ؟ لەوانەیە زیاتریش بێت؛ دڵنیانیم! وەک هەمیشە لە ماڵە پۆخڵەکەمدا مامەوە و کاتەکانم بە شتی پڕوپووچ بەسەربرد. ئەوەی جیاوازییەکی بچووکی هەبوو لەگەڵ ڕۆژانی تر، تەنها بوتڵێک مەی نوێ بوو، کە بەهۆی گرانی نرخەکەی بۆ جارێکیش هەڵمنەقوڕاندبۆوە. پارچە کاغەزێکی بچووکی لەگەڵ بوو، لەسەری نووسرابوو (ڕۆژی بوونت پیرۆز). نەمزانی لەلایەن کێوە هاتووە؟ خۆ من چەندین ساڵە هاتوومەتە ئەم شارە تا ژیانێکی ئازاد و تەنیا بژیم و دووربم لە چاوی هەموو کەس. ئاخر مرۆڤ هیچ سوودێکی نییە بۆ سروشت؛ بە پێچەوانەوە، بەڵکو هەموو چرکەیەک شێواندنێک دروست دەکات. وەک چۆن لە هەڵەیەکی بچووکی ماتماتیکیدا هەموو شیکارەکە تێکدەچێ، مرۆڤیش هەمان هاوکێشەیە بۆ سروشت.
گەڕ بوومە و نامرم، ژیانمم وێران کردووە بە ئەلکهول و ماددەی هۆشبەر کەچی هیچم بەسەر نایەت. پێستم جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ هیی پیرە تیمساحێک، بگرە لەوەش قێزەوەنتربووە. ماوەیەکە کە سەیری ئاوێنە دەکەم، لەناکاو کۆمەڵە جانەوەرێکی ڕەش و پیس خۆیان بە سەروگوێلاکمدا هەڵدەگژێنن. شەپازللە لەخۆم دەدەم و پڕ بە گەروو هاوار دەکەم. لەخۆمەوە حەزدەکەم هێزێکم هەبووایە زەویم بدڕیبا…! بە هێوری لە سوچێکی ژووری نوستنەکەمدا دانیشتووم و پێک هەڵدەدەم. لەهەمان کاتدا ئاگایەکم لەو حەشاماتەی دەرەوە هەیە، هەموو بە شپرزەییەوە کەلوپەلی پێویست دەپێچنەوە بۆ ڕۆیشتن؛ تەنها من نەبێ کە هەموو سەرقاڵییەکم بە کتێبخانەکەمەوەیە. ناوێرم تەلەڤزیۆن هەڵکەم، دەزانم دووبارە ئەو زانایە قسەی بێ بنەما دەکاتەوە. لەو ڕۆژنامەیەی ئەم بەیانییە هەڵدرایە ماڵەوە، بەگەورەیی لە لاپەڕەی یەکەمی نوسرابوو (پڕۆفیسۆر: ناگاتە دە ڕۆژی دیکە، تەنێکی گەورە خۆی بە زەویدا دەکێشێ، لەبەرئەوە ئامادەبن، دوو بەیانی دەردەچین. ئەوەی بمێنێتەوە تێ دەچێ). بەم هەواڵە دڵخۆش دەبم و بەناو هۆڵەکەدا هاتوچۆ دەکەم. بزە لەسەر لێوم نابڕێتەوە، هەر هۆشم لای ئەوەیە: خۆ لەکۆتاییدا کەس لە دەوروبەرم نامێنێ و من پێش کۆتایی زەوی – هەرچەندە ناچێتە عەقڵم – بەتەنیایی ژیان بەسەردەبەم ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکی کەمیش بێ.
شەو درەنگی کردووە، هیچ گڵۆپێک نابینرێ. جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بەم پاییزە بارانێک نابارێ. هەست بە بێ تاقەتیی زەوی دەکەم. ئاسمان گەرووی گیراوە، لەهەر ساتێکدا بێ فرمێسکی دادەبارێنێتە سەر ڕۆحی شەکەتم… مێشوولە وردەکان بەدەوری لایتەکەدا یەکتر لەباوەش دەگرن. بێدەنگییەکی سەیرە! دەڵێی ئەم شارە کەسی تێدا نەماوە…! هێواش هێواش هەتاو هەڵدێ و ڕووناکییەکی کز لە چاوە تەڵخەکانم دەدا. لەدەرەوە کەرنەڤاڵـئاسا ژاوەژاو دەبیسترێ، من تەنها بەشێکی پەردەکە لادەبەم و سەیری ئەو خەڵکە دەکەم. گوێبیستی چەند گەنجێکی گەڕەک دەبم، بەدەم جگەرەکێشانەوە، بە سیمایەکی خەمبار و شپرزەوە دەڵێن: “پڕۆفیسۆر ون بووە، لە دوێنێ شەوەوە نەبینراوە، ئاخۆ چی بەسەرهاتبێ…؟!” پەردەکە دادەدەمەوە و بیر لەو هەموو خەڵکە دەکەمەوە. گوێزانێک وا لەدەستمدا، دەمەوێ ڕیشم بتاشم، هێزم نییە. لەسەر چرپاکە ڕادەکشێمەوە و چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێکی تر دەکەم؛ خەڵکیش بێحەوسەڵە لەچاوەڕوانیی کەشتییە ئاسمانییە گەورەکان… قیڕەی باڵندەکان وای کردووە چاوەکان سەراسیمە و پێکڕا ڕووەو ئاسمان بەرز بکرێنەوە. لەدوورەوە، لەنێوان زنجیرەچیاکاندا ڕووناکییەکی ڕەنگ سوور شەوق دەداتەوە. هۆشم لای خۆم نەماوە و لەگەڵ گڵۆپی ژوورەکەمدا بۆم جیا ناکرێتەوە. بەرەو کەوەنتەرەکە دەڕۆم، دەرگاکەی دەکەمەوە و فینجانێک دەردەهێنم، لەناو کترییەکەش قاوە قوڵپ دەدات. جارێ قاپە پیسەکانی دیکە کەڵەکە بوونە لەسەر یەکتری و دەستشۆرەکە هێشتایش چاوەڕێی هەڵلووشینی فنجانەکەی دەستم دەکا. وای لەم دەنگە سامناکانە! ئەوە کەشتییە ئاسمانییەکان گەیشتن! وای لە دڵخۆشیی ئەو خەڵکە! تەنها پڕۆفیسۆر نابینرێ کە دەبوو ئێستا لەپێش هەموویان بووایە و ڕێنمایی ئەو حەشاماتەی کردبا. ئەم کێبڕکێ نەفرەتییە چییە؟ ئەم هەموو هەوڵە چییە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆحە نەفرەتییەکانتان؟ خۆ ئەوە بە چەند خولەکێک کەس نەما! وا هەڵدەفڕن بەرەو بۆشایی. قاوەکەم هەڵدەچێت، تا دەگەمە لای هەموو ئەوناوەی پیس کردووە. ئۆف، پێرێ بوو ژنە دراوسێیەکم ئەو چاکەیەی کرد و هات ماڵەکەی خاوێن کردمەوە…
گرنگی پێ نادەم، کاتێک پەردەکە هەڵدەدەمەوە، هیچ نەماوە. جگە لە خانووە چۆڵکراوەکان هیچی تر بەدی ناکەم. لە ماڵەکەی بەرامبەرم گڵۆپێک پرتە پرت دەکات و خەریکە دەسووتێ. لەناکاو چاوم بەرەو شوێنێکی دیکە دەڕوا، وا دەنوێنێ پڕۆفیسۆر لەناو باخچە گشتییەکە ڕاوەستابێ! جگەرەیەک بە لالێوییەوە و سێبەر دروست دەکا بۆ هەڵکردنی چەرخەکە. دڵنیانیم ئەوبێ، چاوەکانم کزبوونە و سەرم مەستە؛ بەڵام بەژن و باڵای و پۆشاکی وادەردەکەوێ ئەوبێت. سەرم لێ شێواوە! ئەم بۆچی لێرە ماوەتەوە؟ ئا ئەوە مۆبایلە بەگوێیەوە؛ بەپەلە دەڕوات… ئاخۆ بەنیازە چی بکات؟ تۆ بڵێی بزانێ من هێشتا لێرە ماوم؟ هاهاها ئەوە باسی چی دەکەم، کێ گرنگی بە قەحپەیەکی وەک من دەدات…؟!
دەچم لەسەر چرپاکە ڕادەکشێم و گوێ بۆ پیانۆ نیانەکەی (فریدریک شۆپان) هەڵدەخەم… دوای ئەوەی لەخەو وەئاگا دێمەوە، دەبینم خۆر بە تیشکی کزەوە پێشبڕکێ لەگەڵ هەوری چڕ و ڕەشی ئێوارەیەکی درەنگ دەکات و وا خەریکە لە جێی خۆیەوە دۆش دادەمێنێ. بەمەش بۆم دەردەکەوێ لەمێژە نوستووم.
شەوی کریسمس
وای لە چۆڵیی جادەوبانەکان! کوا ڕازاندنەوەی درەختە پشت چەماوەکان بە گڵۆپی بچکۆلانەی سوور و زەرد و سەوز و.. چەشنی شەبەنگی بەهار کوتلەیەک لە جوانیی؟ بۆنی عەتری نەرم و سەرگێژکەری ئەو خانمانەی بەتەنیشتت ڕادەبوورن؟ بۆنی گۆشتی برژاوی خوانەکانی ئێوارە؟ شەڕە بەفری منداڵ؟ حەیف؛ ئەمانە هەمووی گوڵی گەشاوەبوون لە ڕۆژگاری خەونە زێڕینەکان و لەمێژە هەڵوەریون… بەڵام ئێستا هەست بە ئارامیی سروشت و ئاژەڵان دەکەم. وا ئێستا لەبری مرۆڤ، ئاژەڵ بە ماڵەکەی خۆی -کە لەکاتی هاتنی ئینسانەوە دەربەدەربووە- دووبارە شادبۆوە. کەشی پاکی درەخت و دەریا، ئاسودەیی بەفری قوڕس و داتەپیوی سەر ئەرز، گوێم لە هەناسەی گەرمی خاکە کە لەبەرخۆیەوە دەڵێ: “لە من بەختیارتر نییە، چەند دەمێکە گوێم کەڕنەبووە بە دەنگی پێڵاو، بە دەنگی جەنگ، مقۆمقۆ و ناڵەی ئازارە ڕۆحییەکان…” هەنووکە کارگە زەبەلاحەکانی پیشەسازی بوون بە تەویلەی ئەسپ. هەر درەختێک بە هێلانەی باڵندەیەک و سووچی کۆڵانیش بە شوێنی هەڵکورمان و حەوانەوەی سەگی گەڕۆک… هەر لەو کاتەشەوە کە دواجار پڕۆفیسۆرم بینی، ئیتر هەرچی ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنیی هەبوون، لەکارکەوتن. ئەمن، وەک هەمووجار، لەم شەوە مەستەی ئەم شارە خامۆشە, شەرابی کۆن، گەرووم دەهێنێتە جۆشوخڕۆش؛ گەدەم دەخاتە سەما… لەم چوار دیوارە تەنگە، وەک ئەوەی لە گرتووخانەیەکی تاکە کەسیی دانرابم، بێزارم. ئاخر دیوارەکان هیچ کات مایەی ئاسوودەیی نین، هەرچەندە تێکەڵبوون بە دونیای دەرەوە ئاڵۆز و کوشندەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترە لە باڕێکدا بخۆیتەوە وەک لەناو زیندانێک.
سێ مانگ دوای کریسمس
ڕۆژەکان بێهوودە بەهەدەر دەچن، چیتر خواردنەوە و سیگار و ماددەی هۆشبەریشم نەما، ئۆخژنێک نییە ئەم ڕۆحە موعتادە هێور بکاتەوە. دوێنێ بوو؟ پێرێ؟ نانا! نەفرەت، خەریکە عەقڵیشم لەدەست دەدەم! وا بۆ مانگێک دێت. وەهەرحاڵ، سپێدەیەک لەگەڵ چوونە دەرەوەمدا بە بینینی سندووقێکی گەورە سڵەمیمەوە، پاش نەختێک تێڕامان لێی، ڕووخسارم دوای ئەو هەموو ماوەیە گەشایەوە و بە دەنگێکی یەگجار بەرز هاوارم کرد: “شەراب، شەرااااب.!” پەلامارم دا و ڕاپێچی ماڵەوەم کرد. کاتێک کردمەوە زەرفێکی زەردی گەورەی تێدابوو، بە دەستوخەتێکی جوان نووسرابوو: (نامەکانی کریسمس). پاش ئەوەی بە چەقۆ کوڵەکە هەڵمدڕی، نامەگەلێکی ڕازاوە بە نەخشونیگار پەرشبوونەوە سەر فەرشەکە. واقم وڕما و وردە وردە دەستم کرد بە خوێندنەوەیان؛ یەکەم شتیش کە سەرنجمدا ئەوەبوو لەسەر هیچیان ناو نەنوسرابوو. یەکەم نامە بەم شێوەیە بوو: (لێرە ژیانمان کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام هەرنەبێ مەترسی لەناوچوونمان لەسەر نییە. بە کورتییەکەی سەرمان سووکە؛ تۆ هەڵەیەکی گەورەت کرد نەهاتی، ئاخر چی هەیە لە ژیان خۆشتر؟) لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دێڕە تێر پێکەنیم و پاشان دووبارە گەڕامەوە سەر دەقی نامەکە: (زیانێکی زۆر گەورەت لەخۆت دا، با بزانین مەی و مادەی هۆشبەر چیت پێ دەبەخشن؟ دواجار خوازیاری مردنێکی ئاسانم بۆت هاهاهاها…) خۆم بۆ ڕانەگیرا و دیسانەوە کەوتمە قاقا لێدان.. دواتر نامەیەکی دیکەم هەڵدایەوە، تێیدا نووسرابوو: (ژیانی ئێمە زۆر ئاسوودە و خۆشە، شوێنەکانمان بە باشی دابەش کردووە و هەر ماڵێک ڕووبەرێکی باشی وەبەرکەوتووە، لەبەرچاومە حاڵی تۆ بەبێ ئێمە چەندە پەرێشانە!) ئێستێکم کرد و ویستم ئەمجارەش پێبکەنم، بەڵام بێزاربووم لە پێکەنین بە عەقڵ و داماویی ئەو مێگەلە! بەردەوامبوو: (هەرچەندە تازە تۆ کەڵکی هیچت نەماوە و لێرەش دەبوویە بارگرانی بەسەرمانەوە، چونکە شوێنت بەرنەدەکەوت و دەبووایە لەسەر جادەکان هەر ژەمێک لەخێری خۆمان پارچە ئێسقان و بەرماوەی خۆمانمان بۆت فڕێدایە… پێم خۆشە گەر ئێستا باشبی.) میزڵدانم خەریکبوو دەتەقی، دڵم نەدەهات نامەکان جێبهێڵم، نەک لەبەرئەوەی هەست و سۆزم بجووڵێنێ یاخود خەم بخۆم، بەڵکو دەمویست میزەکەم ببێتە جۆگەیەک تا دوای خوێندنەوەیان هەموو نامەکانی تێدا نوقم بکەم… سێیەم نامە و دوا نامەشم لەهەمان کاتدا، بەبێ ڕاوەستان خوێندەوە: (دوای سڵاوێکی گەرم، دەمەوێ ڕاستەوخۆ بچمە ناو باسەکە. لێرە ژیان بەوشێوەیە نەبوو کە چاوەڕوانمان دەکرد. لێرە برسێتی هەیە، ئاژاوە و ناکۆکی بەردەوام هەیە. دکارم بڵێم باشترین کار کە کردت ئەوەبوو لەگەڵ ئەم مەخلووقە پیسانە نەهاتییە ئێرە؛ ئێرەشیان وەکو خۆیان گڵاوکرد. لە کریسمسدا زەبوونانە و بێ دەسەڵات دانیشتبووم، منداڵەکانم دەکڕووزانەوە بۆ لەتە گۆشتێک. بۆن و بەرامە نێو خانووەکەی تەنیبوو، بەهۆی کەمی خۆراکەوە هەموو شت گرانییەکی لەڕادەبەدەرە و منیش ناتوانم خۆراکێکی باش دەرخواردی ئەو ژن و منداڵە داماوانەم بدەم؛ ئەمە جگە لەو سەرما کوشندەیەی تاقە ئامرازێکی خۆ گەرم کردنەوەمان نەبوو… هیچ کەس یارمەتی یەکتری نادەن و بەدەم یەکەوە ناچن. ئەوی ڕۆژێ منداڵەکانی بەشێکمان نەکرانە بەر خوێندن بەهۆی نەدانی پارەی پێشەکی. ئێستا کە ئەمە دەنووسم دەستم ڕەش داگەڕاو و قڵیشاوە. بەهۆی بارکردنی بلۆک، ئازاری پشت کوشتوومی. کێ گوێم لێ دەگرێ؟ کە برادەران وتیان نامە بۆ جەنابتان دەنێرن، شاگەشکەبووم؛ هەر هیچ نەبێ دەردە دڵێکت بۆ بکەم باشترە لەوەی ئەو حەسرەتە لەسەر دڵم قەتیس بمێنێ. نازانم چارەسەر چییە؟ تازە بەسەرچوو، خۆزگە هەروەک تۆ لەسەر زەوی دەمامەوە و چاوەڕێی لەناوچوونم دەکرد. هەزار قات لەم حاڵەی ئێستا باشترە. بەرلەوەی لەبیرم بچێتەوە، هیوادارم چێژت لەو شووشە مەیە وەرگرتبێ کە لە ڕۆژی لەدایکبوونتدا کردمە دیارییەکی بچکۆلانە. مەبەستمە ئەو پەیامەت پێ بگەیەنم کە ناڕازیی مەبە لەو ژیانەی خۆت. خۆزگە… با لەوە پتر درێژدادڕیی نەکەم، هیوام بەختەوەریتە.) پاش خوێندنەوەی ئەو نامەیە ئاهێکی قووڵی پڕ قەهرم بۆی هەڵکێشا، تا ئەم دەمەش پەژارەیەک هەموو گیانی داگرتووم و سەراسیمە بیر لە فرەڕوویی ئەوانە دەکەمەوە. ئەوەندە بێزارم، ژیانم چەشنی ژیانی جورجێکە لەناو زێرابێکی تاریکدا، کە هیچ ترووسکاییەک هیوام پێ نابەخشێ بۆ دەرچوون…!
هەمدیس بچم بنووم… باوێشکێکی درێژ دەدەم و وابزانم بۆ یەکەمین جار لە ژیانم پێخەفەکە ڕێکدەخەم. هێشتا هەموو شتێك خەواڵوو، نە ئاژەڵ و نە درەخت و نە چیا و تەنانەت خۆریش بەتەواوی چاویان هەڵنەهێناوە. دەنگی دەرگا وشیارم دەکاتەوەو بەلەز ڕادەکەم بۆ کردنەوەی. کاتێک لەسەر پشت واڵای دەکەم، پیاوێکی قیت و قۆز لەبەردەممدا بە شەپقەیەکی ڕەشی گەورە سەرتاپای قژی داپۆشیوە؛ بە ملپێچێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی دەم و لووتی پێچاوەتەوەو خۆی لە پاڵتۆیەکی خوری ئەستوور لوول داوە. پاش کەمێک بێدەنگیی و ڕاوەستان بەرامبەر یەکتری، سەری شۆڕدەکاتەوە و شەپقەکەی هێدی هێدی دەهێنێتە خوار. قژێکی بژ و ئاڵۆزکاوی وەک لۆکە بەدی دەکەم. دڵە خورپەیەک دامدەگرێت. پاش ئەوەی کە سەری بەرزدەکاتەوە، بە چاوە شینە ئاسمانییەکەی دەیناسمەوە کە ئەمە پڕۆفیسۆرە…! لەبەرخۆمەوە ورتە ورتێک دەکەم: “پڕۆفیسۆر؟ شتیوا نابێ!” چاوە غەمگین و تەڕەکانی نیگای تیژم بۆ دەکات و منیش بەوپەڕی بێ هێزییەوە هەر تەماشای دەکەم. بە دەنگێکی کەرخ دێتە گۆ:
“سڵاو؛ دەتوانم بێمە ژوور قسە بکەین؟”
“فە.. فەرموو.”
هەنگاوی کورت هەڵدێنێ، شەکەت و داهێزراو سەیرێکی بنمیچی تەنراو بە تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ناندینەکە دەکات و پشتگوێی دەخات. لەسەر یەکێک لە قەنەفە تۆز و خۆڵاوییەکانی هۆڵەکە دادەنیشێ. پەرداخە ئاوەکەی دەخواتەوە و لەسەرخۆ پێیەکانی لەیەکدی دەئاڵێنێ.
“وەرە لەتەنیشتم دانیشە، چەند قسەیەک هەیە دەیکەم و دەڕۆم.”
بەبێ ئەوەی وشەیەک لە زاری من بێتە دەرەوە، لە تەنیشتی دادەنیشم و هەمدیس خۆی قسە دەکات: “هیچ ناپرسی؟ ناڵێی بارودۆخی ئەوێ چۆنە؟”
“نازانم، ئەرزشی نییە، چاوەڕێی جەنابتم شتێک بڵێێ.”
“سوپاس بۆ ئاوەکە.”
پاش کەمێک بێدەنگیی: “شایەنی نییە، ناچیتە نێو باسەکە؟”
“پەلەمەکە، هەموو شتێکت بۆ باس دەکەم.”
“پێش ئەو شتانە، پێم ناڵێی کارت لێرە چییە؟ مەگەر تۆ شەش مانگ لەمەوبەر نەتگوت زەوی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و با جێی بهێڵین؟ ئەو خەڵکەشت بەدوای خۆت خست، ئێستا لێرە چی دەکەی؟”
“مافی خۆتە ئەو پرسیارە بکەی، ڕاستە هەر من بووم ئەو خەڵکەم ناردە ئەوێ و خۆشم تا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە نەچووم.”
“تۆم بینی، لە باخچەکەی بەرامبەرمان تەلەفۆنت دەکرد، دواتر بەیەکجاریی ون بووی.”
“لەو کارەم پەشیمانم و هەر ئەوەندە.”
“کامە؟”
“نازان.!”
“نازانی؟”
“نازانم چی بڵێم!”
“کەواتە بۆ هاتووی؟”
“بۆئەوەی ئەم وێنانەت پیشاندەم.”
دەست بۆ گیرفانی دیوی ناوەوەی پاڵتۆکەی درێژدەکا و کۆمەڵە وێنەیەک دەردەهێنێ. تەماشای دەکەم: ئەمانە چین؟ چی دەبینم؟! پیرەمێردێک قاچی پەڕیوە و هاواردەکا! ساوایەک لە سەرما ڕەق بۆتەوە! دایکێکی پەککەوتوو پرچی خۆی دەڕنێتەوە لەسەر تەرمی کوڕە کوژراوەکەی! دایکێكی دی لەودیو کووخێکی گڕگرتوو دەقیژێنێ بۆ منداڵەکەی، کە لەناو پوش و پەڵاش خەریکە دەبێتە خۆڵەمێش! کچێکی پارچەڵەی نازەنین گێچەڵی سێکسیی پێدەکرێ لەژێر دەستی سێ چەکداری کەڵەگەت…! کچێکی تر لە تینووێتیدا قوڕاو و چڵپاوی پاش باران دەخواتەوە؛ وشک هەڵگەڕاوە… بۆ ساتێک ئەم وێنانە هۆشم دەبا، برووسکەی خێرا لە دڵم دەدا و ڕۆندک لەو چاوانەی پڕبوونە لە بینینی کارەسات، قەتیس دەمێنێ. بەرچاوم تاریک و لێڵ، دەپرسم: “چی ڕوویداوە؟”
“جەنگ؛ دووبارە جەنگ هەموو شتێكی وێرانکرد.”
” جەنگ؟”
“بەڵێ، لەوێ جەنگە.”
پەلاماری قوڕگی دەدەم: “هەمووی خەتای تۆ بوو، تۆ ئەوانت بردە ئەوێ و ئێستاش هەر خۆت هۆکاری هەموو ئەمانەی، کەچی هاتوویتەوە بۆ سەر زەوی و ئاسوودانە پیاسە دەکەی.”
قوڕگی بەردەدەم. کۆخەی، گشت ماڵەکە دەلەرێنێتەوە. دەموچاوی سوور هەڵدەگەڕێ و بە هەناسەبڕكێوە دەڵێ: “دەزانم تاوانبارم، تاوانبارم بەوەی متمانەم بە مرۆڤ بەخشی؛ پێم وابوو ئینسان پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ زەمینێکی تری هەبێ، سەرلەنوێ پەروەردە و خەیاڵ و بیرۆکەیەکی تری هەبێت، بەڵام نەمدەزانی، ئینسان هەر خاوەنی ئەو ڕۆحە دڕندە ئەزەلییەی ناوەوەیەتی. ئیتر نە جێگا و نە ژیانێكی تازەش ناتوانێ بیگۆڕێ.”
“هەموو ئەمانە لە پای چی ڕوویاندا؟”
“ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکە. هەر لە سەرەتاوە لەوێ دەیان کێشە و گرفت دروست بوو…”
بەربەستێک دەخەمە بەردەم وشەکانی و دەڵێم: “ئاگام لە هەمی شتێکە، نامەکانی کریسمسم پێ گەیشت.”
“بەڵێ دروستە… لە نیوەشەوێکی نووتەک، یەکەم تەقەی ڕاپەڕین دژ بە نادادپەروەریی و خراپەکاریی لەلایەن چینی خواروو و زوڵم لێکراو بیسترا.”
“ئەو شۆڕشە چۆن بەرپا کرا؟”
“پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو. ئەو کەسەی ڕابەرایەتی دەکرد و هاوکات یەکەم کەسیش بوو خوێنی ڕژا، لەلایەن کوڕە خانەدانێکەوە کچەکەی ڕفێندرابوو و دەستدرێژیی کرابووە سەری، پاشانیش بە کوژراویی دۆزرابۆوە. لە ڕۆژی دادگایی، کوڕە بە بێتاوان دەرچوو و ئازادکرا. دوای ئەوە باوكی کچە خەریکبوو شێت ببێ، ئۆقرەی لێ بڕابوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی نزیکی کە ئەوانیش لەوەوبەر چەندین جار چەوسێندرابوونەوە، بڕیاڕی ئازادییان دا و لەو شەوەدا پلانەکەیان جێبەجێ کرد. بەڵام زۆری پێنەچوو شکستیان هێنا، بەمەش زۆردار و دیکتاتۆران پتر دەسەڵاتی توند و نابەجێیان سەپاندە سەریان و وەک لە وێنەکان دیارە، ئاوایان لەو خەڵکە زەبوون و بەستەزمانە دەکرد.” کە ئەمانە دەگێڕێتەوە هۆن هۆن دەگری.
“تا ئەم ساتەی من گەڕامەوە سەر زەوی، ئەمانەی بینیت بەردەوامن.” لە سەری خۆی دەدا: “من تاوانبارم؛ من تاوانبارم.”
هەموو ئەمانە بە خەونێكی ناخۆش دەچن، چیتر توانای بەرگەگرتنم نەما. هێشتا بە چاوی پڕ ئەسرینەوە، پڕۆفیسۆر هەڵدەستێتە سەرپێ و ئەمجارە حاڵی خراپتر، بە بێهۆشییەوە هەنگاوی کورتتر هەڵدێنێ بۆ چوونە دەرەوە. من لەسەر قەنەفەکە دادەنیشم و کاریگەری بینینی ئەو دیمەنە فرە تراژیدییانە، تاساندوومی. زۆری پێ ناچێ، دەنگی فیشەکێك پەردەی گوێم دەزرینگێنێتەوە. پەردەی هۆدەکە هەڵدەدەمەوە و لە پەنجەرە تەڵخەکەوە دەڕوانم: لەبەر دەرگا جۆگەیەک خوێن ڕژاوە و لاشەی پڕۆفیسۆر، لەسەر ئەرزە شەختەگرتووەکە کەوتووە. تووشی حەپەسان نابم، خۆشم نازانم بۆچی مرۆڤ وەختێک چاوی بە بینینی خوێن و کوشتن ڕاهات، ئیدی هەمووشتێک ئاسایی دەبێت بەلایەوە… دووبارە، بەزۆر لەشی تەپیوم تا لای قەنەفەکە ڕادەکێشم و دەکەومە خەوێکی بێهوودە…
ئەم چیرۆکە لە مانگی تەمموزی ٢٠١٨، لە ژمارە ٢٥٤ی گۆڤاری ڕامان بڵاوبۆتەوە.