Skip to Content

گومانی مێتۆدی لای غەزالی.. کاوە جەلال

گومانی مێتۆدی لای غەزالی.. کاوە جەلال

Closed
by ئازار 3, 2024 General, Opinion, Slider

بۆخوێندنەوەو داگرتنی ئەم بابەتە بە فۆرماتی PDF کلیکی ئێرەبکەن..


یەک) کەس و سەردەم

ئەبو حامید محەمەد ئیبن محەمەد ئەلغەزالی کوڕی سەردەمێکی تەنگژاوییە. ناکۆکیی ئایینی، هزری، پارەپەرستیی مەلاکان و ملکەچییان بەرانبەر دەسەڵاتداران، لەناوچوونی دەوڵەتی گشتگیری خەلافەت و سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەتۆچکەی ناوچەیی، مۆرکی ئەو سەردەمە بوون کە تێیدا غەزالی هاتە جیهانەوە: ساڵی 1058 لە توس / خۆراسان. ئەو و ئەحمەدی برای هێشتا زارۆک بوون کاتێک باوکیان مرد، وەلێ هەڤاڵێکی باوکیان کە سۆفی بوو، ئەرکی پەروەردەیی هەردووکیانی لە ئەستۆ گرت: لە “مەدرەسە” خستنیە بەر خوێندن، بەو ڕێیەشەوە کێشەی شوێنی گوزەرانیان لەکۆڵ بۆوە.
پەروەردەی غەزالی لەسەر شێوازی باوی کولتوورەکەی بەرخرا: قورئان، حەدیس، یاسا. ئەوجا لە تەمەنی 19 ساڵاندا ڕۆیشت بۆ نیشاپور و لە “نیزامییە”ی ئەوێ بوو بە فێرخوازی زانای بەناوبانگ زیائەلدین ئەلجووەینی (1028-1085) کە نازناوی ئیمام ئەلحەرەمەینی پێدرابوو. پێدەچێت غەزالی لای ئەم زانایە 7 تا 10 ساڵ زانستی کەلام، لۆگیک، دیالێکتیک و فەلسەفەی خوێندبێت. ئەو درەنگتر بە واژەی “شێخەکەمان” ناوی ئەلجووەینی دەبات، بۆیە گریمانە دەکرێت کە ئەو مامۆستایە هەروەها ڕێبەریی کربێت بۆ نێو سۆفیزمیش.

نیزامییە یەکێک بوو لەو نۆ فێرگەیە کە نیزام ئەلمولک، گەورە وەزیری ئالپ ئارسلان کە سوڵتانی دەوڵەتی سەلجوقی (1063-1092) بوو، دایمەزراندن. مەزهەبی سوننی بنەڕەتی ئەم دەوڵەتەی سەلجوقییەکان بوو، وەزیریش نەک تەنیا سەربازییانە لەدژی باتینییەکان دەجەنگی، بەڵکو هەروەها سیاسی-ئیدیۆلۆگیانە: نیزام ئەلمولک بە کردنەوەی ئەو مەدرەسانە کە تێكڕا ناوی ئەو خۆیان لێنرا، دەیویست تیۆلۆگیی سوننی لەدژی شیعە ئیسماعیلییەکان برەو پێبدات. ئەو پشتگیریی مەدرەسەی ئەشعەرییەی دەکرد کە غەزالیش سەر بەو مەدرەسەیە بوو و کاریگەرانە بەشداریی لەم ناکۆکییە ئیدیۆلۆگییەدا کرد.
دوای مەرگی ئەلجووەینی، غەزالی لە تەمەنی 27 ساڵاندا نیشاپوری بەجێهێشت و ڕۆیشت بۆ موئەسکەر کە بارەگای سەرەکیی دەسەڵاتدارانی سەلجوقی بوو. ئەو شەش ساڵی لە سەرای نیزام ئەلمولک بەسەربرد، پاشان ساڵی 1091 لەسەر داوای وەزیر ڕۆیشت بۆ مەدرەسەی نیزامییە لە بەغداد و لەوێ 5 ساڵ وەک مامۆستا خەریکی وانەبێژی بوو. بەم شێوەیە غەزالیی 33 ساڵان یەکێک لە باڵاترین پۆستە ئاینییەکانی لە دەوڵەتدا پێدرا. زۆر لە نووسینە یاسایی و تیۆلۆگییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم ماوەیەی مامۆستایەتییەکەی لە بەغداد. لێ ئەو هەر لە بەغداد دەخزێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵی هزری و بەمەش دەروونییەوە. غەزالی زەمینەی نامێنێت، کەواتە چیدی لاسایی، سوننەگەری (تەقلید) بەهانایەوە نایەت، بە پێچەوانەوە تەنانەت خودی سوننەگەری لای ئەو دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئەمڕۆ ساغنەبۆتەوە داخۆ گومانەکەی غەزالی بگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمەی تەنگژەی هۆشەکی یان زووتر لەکاتی خوێندنیدا لای ئەلجووەینی تووشی بووبێت. گەر ئەوە ڕاست بێت کە غەزالی لە لایەن ئەلجووەینییەوە ڕێبەری کراوە بۆ نێو سۆفیزم، ئەوا دەتوانین گومانەکەی بگەڕێنینەوە بۆ ئەم سەردەمە زووەی پێگەیشتنی هۆشەکییانەی. ئەو خۆی تەنیا دەبێژێت کە لە هەڕەتی لاوێتیدا “کۆتی لاسایی” فڕێ دەدات، یان لەنێو ئەودا “ئەقیدە ترادیسیۆنییەکانی ئیمان” تێکدەشکێن (1). ئەوجا لەم تەمەنەوە ئاوڕ لە تەمەنی زارۆکیی مرۆڤ دەداتەوە کە لێوەی مرۆڤی هێشتا زارۆک لە لایەن دایک و باوکەوە پەروەردە دەکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە جوو، کریست یان موسڵمان. غەزالی دەیەوێت لێرەوە ئەزموونی ڕاستیی ئەم سروشتە سەرچاوەییە (فتڕە) و ئەقیدە بەڕێکەوتەکان بکات کە بە لاساییکردنەوەی دایکان و باوکان، مەلاکان و مامۆستایان سەرهەڵدەدەن، لاساییکردنەوەش هەروا سانا ئەو ڕێنومایانە وەردەگرێت کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون و ئەوجا مرۆڤ لە زانست و کرداردا بەکاریان دەبات:
“(…) دەستم کرد بە ڕوانین لە پەیوەندییەکانی ژیانم. بینیم بە چەندین پەیوەندییەوە ئاڵۆزکاوم و لە هەموو ڕوویەکەوە گرتوویانم. کارەکانم، لە نێویشیاندا مامۆستایی و وانەکانم، وایان نواند بۆم کە لەچاو ڕێگەی ڕووەو ئەودنیاندا تەنیا خەریکبوونن بە زانستە بێواتا و بێسوودەکانەوە. ئیدی سەرلەنوێ هزریمەوە لە مەبەستی مامۆستایەتییەکەم و وەک ناپاکژ لە بەردەم خودای مەزندا بینیم. پاڵهێز و وروژێنی مامۆستایەتییەکەم تەقەلادان بوون بۆ گەیشتن بە ناوبانگ و شکۆمەندی. ئیدی مسۆگەر زانیم گەر شێوازی ژیانم نەگۆڕم، ئەوا دەکەومە سەر لێواری خەرەندێک و لە دۆزەخ نزیک دەکەومەوە”(2).
کەواتە مامۆستا غەزالی، زانا بەناوبانگ و پارەدارەکەی بەغداد کە دەسەڵاتداران ڕاوێژی پێدەکەن، کە فێرخوازانی سوننەتی دەوریانداوە و چاوەڕوانن زانای مەزنیان بەرەو زانست و تەرقیەی زانستییان بەرێت، “تێماوە”، لەم دۆخەشدا خۆبەردان لە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکان هێندە ئاسان نییە. حەزی ژیان، چێژی دەسەڵات وەک مامۆستا و گوێلێگیراو، پابەند دەیهێڵنەوە بە جیهانی مێژووییەوە. گومان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ناخی دەتەنێت و تەنانەت دەیگەیەنێت بە ناکامیی دەروون، کەچی ناتوانێت خۆی لە ترادیسیۆن بەربدات. ئاخر ئەو کۆرپەی جڤاکێکی سوننەتییە کە لە نێویدا نەریتەکان باڵادەستن، هاوکات بە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە ئاڵاوە، وەلێ ئەو بەتایبەتی سوننەمەزەبە (پاشپاتکەرەوەیە). ئەو دەیەوێت بەغداد جێبهێڵێت تاکو خۆی لەو پەیوەندییانە ڕزگاربکات کە لێیان کەوتۆتە گومانەوە، کەچی ناتوانێت و هەمیشە سەرلەنوێ لە نیازەکەی پەشیمان دەبێتەوە: “بەیانیان خواستم بۆ ئەودنیا منی تەنی بوو، ئێواران سوپای مەیل هێرشی بۆ ئەو خۆزگەیەم دەهێنا، کە ئیدی دادەمرکایەوە”(3). جیهان بە سەرجەم پاڵهێزە وروژێنەکانییەوە، بە درەوشەی سۆزبزوێن و دڵفڕێنییەوە، کۆتی لە پێی غەزالی ناوە. لە ناخەوە بەقووڵی تووشی ناکامی هاتووە، وەلێ ئەوی نێو تەنگژەی ئیمان هاندەرێکی تایبەت، خەتابارێکی زۆر تایبەت، بۆ بێتوانایی دەستبەرداربوون لە جیهان وەردەگرێت: شەیتان دێتە بن کڵێشەیەوە و بەگوێیدا دەچرپێنێت: پیاوی خاس بە نەکەیت! “ئەمە ڕەوشێکی کاتییە. نەکەیت کۆڵ بدەیت، چونکە زوو دەڕەوێتەوە. گەر بەگوێی ئەوە بکەیت و واز لە ناوبانگی باڵات، لە پەیوەندییە مسۆگەر و تەباکانت بهێنیت کە بەدەرن لە بێزاری و سەغڵەت، ئەوسا زۆر دەشێت دەروونت تاسەی هەموویان بکاتەوە بەبێ ئەوەی بتوانیت سەرلەنوێ بۆ لایان بگەڕێیتەوە”(4).
غەزالی بۆ ماوەی شەش مانگ، لە ڕەجەبی 488ی کۆچییەوە (1095ی ز.)، “تێماوە” لە نێوان دەرخستە فریودەرەکانی جیهان و خواستی تایبەتیدا بۆ ڕێگەی دروستی ئیمانداری: “ئەم نەخۆشییە لێی پیس کردم و نزیکەی دوو مانگی خایاند.”(5). ئیدی زمانی لێدەبڕێت و ناتوانێت بەردەوامی بە کاری وانەبێژی بدات. سەرەتا هەستی بەرپرسیاری بەرانبەر فێرخوازەکانی دەیبزوێنێت کە تا ڕادەی شیان وانەیان پێبدات، وەلێ:
“زمانم نەیدەتوانی یەک تاکە وشە دەرببڕێت. سووک و ئاسان نەمدەتوانی هیچ ببێژم. لەکارکەوتنی زمانم دڵمی خەمبار کرد، بەو ڕێیەشەوە توانای هەرسکردن و چێژتنی خۆراک و خواردنەوەم نەما. ئیدی بەو ڕێیەوە هێندە لاواز بووم کە پزیشکەکان هیوایان بە چاکبوونەوەم نەما و گۆتیان: تازە ئەم مەسەلەیە لە دڵی داوە و لەوێشەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو دەروونی. بۆ ئەوە هیچ چارەسەرێکی پزیشکی نییە. مەگەر لەو خەمە ڕزگاری ببێت کە دڵی تەنیوە.”(6)
غەزالی کە وەڵامی (“دەوا”ی) پێنادۆزرێتەوە تاکو کۆتایی بە گومانەکانی بهێنێت، ڕەوشی خۆی هاوشێوەی دۆخی سۆفییەکان دەبینێت کە نە بە هزر و نە بە گۆزارە دەردەبڕرێت. وەلێ ئێستا خودا کتوپڕ لەم دۆخەدا بە هانایەوە دێت و ڕزگاری دەکات لەو “دەرد”ە کە تووشی بووە. کەواتە نەک “بەڵگەی ڕێکخراو” و مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)، یان “شێوازی سیستەماتیکییانەی ئاخافتن”ی ئەلموتەکەللیمون، بەڵکو ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕاستەوخۆی ڕوون و ئاشکرا) کە غەزالی وەک بەهاناوەهاتنی خودا ڕاڤەی دەکات، وەڵامی پێدەدات. ئەو هێمای “نوور”ی بۆ بەکاردەهێنێت، واتا “ئەو نوورە کە کلیلی سەرجەم مەئریفەکانە.”(7) بێگومان ئەو کە دەستبەرداری لاسایی سوننەتی بووە و خۆی هێناوەتە نێوەندی هزرینەوە، چیدی لەم ڕەوشەی ئێستایدا تێڕوانینەکانی زانایانی ئایین دادی نادەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ کەسی محەمەد وەک پشتیوان وەردەگرێت و گۆتەی ئەو وەک سیتات (ئیقتیباس) دەهێنێتە نێوانەوە، بۆ نموونە دەربڕینی: “ئەوە نوورە کە خودا دەیپەخشێنێتە نێو دڵەوە”(8). خودا لە چاکیی خۆیەوە ڕوناکی بۆ نێو هۆشی گوماندار دەپەخشێنێت، ئەوجا ئامانجی محەمەد، وەک پشتیوانی غەزالی، ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت تاکو خۆیان “تەقەلا بۆ توێژینەوە لە مەئریفە سەرەکییەکان (ئەلئەووەللیات)” بدەن، یان تەقەلا بۆ ئەوە بدەن کە “لە خۆدا شیاوی لێتوێژینەوە نییە”؛ ئاخر “مەئریفە سەرەکییەکان بابەتی توێژینەوە نین، چونکە ئەوان (پێشتر) لەنێو هۆشماندا هەن. مرۆڤ هەر کامیان وەک بابەتی لێتوێژینەوە بەهەند وەربگرێت، لە دیدی توێژەریانەی دوور دەکەوێتەوە و خۆی حەشار دەدات”(9).
غەزالی لە سەرئەنجامدا حوکمێکی توند بەسەر ئەو مرۆڤانەدا دەدات کە دەخوازن درێژە بە مامۆستایەتیی سوننەتی (تەقلیدی)، بە ئیمانی لاساییگەرا و بە پەیوەندییە ڕاهاتووەکانی نێو کردەکێتی بدەن: “سەرجەم زانین و کردار کە سەرقاڵیان کردوویت، تەنیا مونافیقێتی / ڕیاکاری و بەستنەوەن”(10). ئیدی غەزالی دوا بڕیاری دەدات:
“کاتێک خۆمم بەنهێنی ئامادەکردبوو لە بەغدادەوە بەرەو دیمەشق بکەومە ڕێ، بڕیارم دا بڕۆم بۆ مەککە. ئەمەم لە ترسی خەلیفە و هەڤاڵانم کرد نەبا ڕێی سەفەرم بۆ دیمەشق لێبگرن. ئەوەم بۆیە کرد، چونکە نەمدەویست هەرگیز بۆ بەغداد بگەڕێمەوە. ئاخر بەردەوام لەژێر هێرشی ڕێبەرانی ئایینیی ئێراقدا بووم. یەک کەسیان تێدا نەبوو کە بیویستایە مۆتیڤێکی ئایینی بۆ داگەڕانی من لە شێوازی تا ئەو دەمەی ژیانم بناسێنێت، چونکە ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە پێگەی تا ئەو دەمەی من باڵاترین بووە لە ئاییندا (…).
(…) ئەوجا کاتێک خەڵک بۆ مۆتیڤێکی ڕەفتارم دەگەڕان، ئیدی دەشڵەژان. لە دەرەوەی ئێراق وا هەست دەکرا کە ترس لە دەسەڵاتداران کاریگەریی لەسەر من هەبووە”، وەلێ غەزالی جەخت دەکات کە مەسەلەکە بە پێچەوانەوە بووە: دەسەڵاتداران پابەندی ئەو بوون(11).
دوا بڕیاری غەزالی یاخیبوونە لەو ڕەوشە کە بەهۆیەوە دووچاری ناکامی هاتووە: “(…) سامانەکەمم دابەشکرد و تەنیا ئەوەندەم هێشتەوە کە بۆ خۆم و زارۆکەکانم پێویست بوو”(12). ئەو نۆڤەمبەری 1095 بەغداد جێدەهێڵێت و دەکەوێتە ڕێ بەرەو شام؛ لەوێ دوو ساڵ دەمێنێتەوە و ژیانی بە خەڵوەتکێشی، تەنیایی، ڕاهێنانی ئایینی و هۆشەکی، زۆران لەدژی “من” (نەفس)، بەسەردەبات. ئەو دەیەوێت بەو ڕێیەوە ئارامی بە دەروونی بدات و گۆڕانێک بەسەر تێڕوانینە ئەخلاقییەکانیدا بهێنێت. پاشان دەڕوات بۆ ئۆرشەلیم و لەوێش درێژە بە هەمان ڕەفتار دەدات. لە کۆتاییدا بە مەبەستی حەجکردن دەڕوات بۆ مەککە، وەلێ پاشان: “… خەم و تکای زارۆکەکانم ناچاریان کردم بگەڕێمەوە بۆ وڵات، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەو خواستەم نەبوو.”(13)
لە کۆتایدا غەزالی دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ ژیانێکی دوورەپەرێز بە خەڵوەتکێشی، بە هەوڵدان بۆ پاکژاندنی “دڵ” و زیکری خودا بەسەر دەبات. سەرباری ئەوە هێشتا هەر “ڕووداوەکانی سەردەم، کاروباری گرنگی خانەوادەیی و داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە” کاریگەری لەسەر ڕێگەی بەدیهێنانی ئامانجەکەی دەنوێنن و “سەغڵەت”ی دەکەن.(14)
دوای ئەوەی فەخر ئەلمولوک: عەلی ئیبن نیزام ئەلمولوک، ساڵی 1104 دەبێت بە وەزیری خۆراسان، تکا لە غەزالی دەکات دەست بە کاری وانەبێژی بکاتەوە، ئەویش تکاکەی قبووڵ دەکات و لە نیزامییەی نیشاپور ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت، ئەوە بێگومان بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە دوای ئەوەی وەزیر ساڵی 1106 لە لایەن باتینییەکانەوە دەکوژرێت، واز لە وانەبێژی دەهێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ توس و لەوێ خۆی بەقووڵی بە سۆفیزمەوە خەریکدەکات، هاوکات لە تەنیشت ماڵەکەیەوە خوێندنگەیەک بۆ سۆفییان و خانەقایەک بۆ گوزەرانی هاوهزران دادەمەزرێنێت.
غەزالی سەرجەم ڕەوتی پێگەیشتنی هزریی خۆی بەم شێوەیە پوخت دەکاتەوە:
“لە هەڕەتی گەنجێتیمەوە، کاتێک باڵق دەبووم، زۆر پێش تەمەنی بیستساڵان، تا ئێستا کە تەمەنم لە پەنجا تێپەڕیوە، هێشتا هەر وازم نەهێناوە خۆم بوێرانە (…) فڕێ بدەمە نێو قووڵایی ئەم دەریا فراوان و ئەم هەموو تاریکییەوە؛ دەستم بۆ هەموو کێشەیەک بردووە (…)؛ لە بنەڕەتەکانی بڕوا (ئەقائید)ی مەزهەبەکان (ئاڕاستە مەدرەسییەکان) توێژیمەوە، نهێنییەکانی هەر ڕێبازێکی ئەو گرووپانەم بۆ خۆم ڕوون کردەوە تاکو بتوانم جیاوازی لە نێوان ڕاست و چەوتدا، لە نێوان سوننی و نوێکەرەوەی زەندیقدا بکەم؛ وازم لە هیچ باتینییەک نەهێنا تا ڕێبازەکەیم دیراسە نەکرد؛ وازم لە هیچ زاهیرییەک نەهێنا تا ئەزموونی سەرئەنجامی مەدرەسەکەیم نەکرد؛ ئەوجا وازم لە هیچ فەیلەسوفێک نەهێنا تا نەگەیشتم بە شارەزایی لەبارەی کرۆکی فەلسەفەکەی؛ وازم لە هیچ موتەکەللیمێک نەهێنا تا لە ئامانجی ئاخافتن و دیالێکتیکەکەی نەکۆڵیمەوە؛ وازم لە هیچ سۆفییەک نەهێنا تا نهێنیی بێگەردییەکەیم ئاشکرا نەکرد؛ وازم لە هیچ ئیماندارێک نەهێنا تا لەوە نەکۆڵیمەوە کە داخۆ ئیماندارییەکەی چە ئامانجێکی هەبێت؛ وازم لە هیچ هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی) و نەرێنیکەرێکی ئەدگاری خودایی نەهێنا تا پاشخانی نەترسییەکەیم لە ڕووی نەرێنیکردنی ئەدگاری خوداییەوە و هەروەها هێڕێزییەکەیم (گومڕاییەکەیم) ئاشکرا نەکرد.”(15)
غەزالی 18 دیسەمبەری 1111 لە تەمەنی 53 ساڵاندا جیهان جێدەهێڵیت و لە توس دەنێژرێت: لە تەنیشت مەزاری خەلیفە هارون ئەلڕەشید، ئیمام ڕەزا و هەڵبەستڤانی مەزنی فارسی فیردەوسییەوە.

دوو) گومان لە ئیمانی سوننەتی و زانستەکان لە گۆشەنیگای سۆفیزمەوە

غەزالی لە “ئەلمونقیز”دا لەبارەی ڕاست و چەوت دەپرسێت، بەوەش دێتە نێو پرسی مەئریفەوە. ئەو دەیەوێت ڕاستیی شتەکان بناسێت. مۆرکی مەئریفەی جەخت ئەوەیە کە هیچ گومانێک لە ناسراوەکە نامێنێتەوە. وەلێ ئایا چۆن مەئریفە سەرهەڵدەدات؟ هەرگیز کەسانی سوننەتی ئەم پرسیارە ناکەن، چونکە ئەوان وەک لاساییکەرەوە تەنیا درێژەپێدەرن. ئەوان ئاوەزکارا و سەلار زانستەکان وەردەگرن و تەنانەت درەنگتر وەک مامۆستا دەیاندەنەوە بە گەنجان! وەلێ لە گومانی مێتۆدیدا ڕەوتی چەند ساڵەی خوێندن، درێژەدان بە کاری سوننەتی و دانانی نووسینێک لەسەر نووسراوانی دیکەی ئەنجامدراو، پێکڕا دەبن بە ڕابوردوو، پاشان گومانکەر، دوای ئەنجامدانی ڕەخنەی مەئریفە، واتا دوای توێژینەوە لە شیمانەکانی زانین، سەرلەنوێ ڕەخنەیییانە دەیانهێنێتەوە بۆ نێو هەنووکەی گومانکردن. لەم ڕوانگەیەوە گومانکەر ئاگامەندانە ڕابوردوو و هەنووکە دیاردەهێنێت و هاوکات ئاڕاستە ڕووەو ئایندە وەردەگرێت. بەم شێوەیە غەزالی دوای چەند ساڵێکی درێژخایەنی هزرین و کارکردنی سوننەتی “ڕادەوەستێت”، پرۆسەی هزرینی سوننەتی “ڕادەگرێت” و ئەوجا وەلاوەی دەنێت. دووپاتی دەکەینەوە: لە گومانی مێتۆدیدا کۆتایی هاتووە بە کارە سوننەتیەکانمان، تەنانەت بە خودی خۆمان وەک هزرمەندی ترادیسیۆنی و وانەبێژی سوننەتی کە چێژ لە مووچە و ڕابواردنی ڕۆژانەی ترادیسیۆنی دەبینین. گومانی مێتۆدی بریتییە لە دەستپێکی ئاوەڵاکردنی ڕێگەیەکی نوێی هزرین. ئەوە کە غەزالی بە گومان پێی دەگات، مەبەستمەندانە (بەرەو ئایندە) بۆ ئێمەی دادەڕێژێت تاکو ببین بە سۆفی، وەک چۆن دێکارت دایدەڕێژێت تاکو مرۆڤی هزریو بکات بە ڕاسیۆنالیست.
بەم شێوەیە کاتێک غەزالی لەبارەی مەئریفە دەپرسێت، سەرەتا دەکەوێتە بەردەم پرسی مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر. هزرڤان دەبێت سەرەتا بگات بە جەختییەک سەبارەت بەو پرسیارە کە داخۆ مەئریفەی دەرکی و زەروورەکانی هزر گومانهەڵگرن یان گومانهەڵنەگرن. ئێستا ئەو بە پەرچاندن (ڕێفلێکسیۆن)ی هزری وەرچەرخاوە ڕووەو خۆی: ئەم دەستانە کە دەگرن، ئەم چاوانە کە دەبینن، ئەم زمانە کە دەچێژێت، ئەم لووتە کە بۆن دەکات، ئەم گوێیانە کە دەبیستن، سەرەتا لەژێر پرسیاردان نەک کتێبەکان. ئێستا غەزالی دەبینێت کە ئەو ناتوانێت متمانە بە دەرکەوەرەکانی بکات، چونکە فریوی دەدەن: کاتێک چاو لە سێبەر دەڕوانێت، دەبینێت سێبەر سرەوتووە، ئەوجا کەس بڕیار دەدات کە سێبەر نەبزۆکە، وەلێ هەر خۆی دوای کەمێک بە ئەزموون بۆی ڕووندەبێتەوە کە سێبەر بزۆکە. غەزالی هەروەها نموونەی ئەستێرە دەهێنێتەوە: کاتێک ئێمە بە دەرکەوەری بینین دەرکی ئەستێرەیەک دەکەین، بۆ ئێمە قەوارەکەی زۆر بچووکە، نزیکەی بەقەد دینارێکە، کەچی دوای ئەوەی بە یاساکانی ماتماتیک لە قەوارەی ئەستێرەکە دەتوێژینەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لە زەمین گەورەترە. لێرەدا ئەوە ئاوەز بوو کە بڕیارەکەی دەرکەوەری بینینی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی بشێت کەللەڕەقانە بەرپەرچی بدرێتەوە. کەواتە دەرکەوەرەکان هەرچییەک بە ئێمە بگەیەنن، جێی گومانە، بە پێچەوانەشەوە ئاوەز شایانی پشتپێبەستنە.
سەرباری ئەوە غەزالی لەم جێیەدا ناسرەوێت، بەڵکو ڕیشەییانە درێژە بە گومانکردن دەدات. ئاخر سەرەتا من لە دەرککردنەکەم جەخت بووم، کەچی پاشان ئاوەز بە هزرینی ماتماتیکی جەختییەکەمی هەڵوەشاندەوە. وەلێ ئایا ئاوەز بەتەنیا و بۆ هەر مەئریفەیەک دوا توانستی گەرەکی وەرگرتنە؟ نەخێر. غەزالی ئاوەزیش دەخاتە ژێر گومانەوە: “بە هەمان شێوە دەشێت لە پشت مەئریفەی ئاوەزەوە دادوەرێکی دیکە هەبێت کە هەر ئەوەندەی هاتە نێوانەوە، ئیدی بڕیارەکەی ئاوەز بەدرۆبخاتەوە”؛ بێگومان کەسێک دەتوانێت پاساو بهێنێتەوە کە ئەم توانستەی دیکەی مەئریفە نایەتە نێوانەوە، سەرباری ئەوە پاساوەکە “نابێت بە بەڵگە کە ئەو (دادوەرە) لەگۆڕێ نییە”(16). غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم کێشەیە نموونەی نووستن و خەونبینین دەهێنێتەوە کە پێچەوانەی ڕەوشی بێداری و دەرککردنی شتە بەرجەستەکانی جیهانن: کاتێک من وەک نووستوو خەون دەبینم، وێنەی ڕەوشەکان بۆ من ڕاستینەن، کەواتە گومانهەڵنەگرن، کەچی دوای بێداربوونەوەم دەبینم کە وێنەکان و بڕوای خۆیشم بەو وێنانە هیچ بناغەیەکی ڕیالیان نییە. کەواتە من ناتوانم هیچ تێڕوانینێکم لەسەر بناغەی ئەوان بنیاتبنێم. ئێستا بە هەمان شێوە ئەو پرسیارە لە بەردەم مندا زیتدەبێتەوە کە ئایا چۆن بتوانم لەکاتی بێداریدا متمانە بە دەرککردنی دەرکەوەرەکانم یان بە تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی ئاوەزم بکەم؟ ئاخر زۆر دەشێت ڕەوشێکی ئەوتۆ لای من بێتە ئاراوە کە پەیوەندییەکەی بە ڕەوشی بێدارییەوە هاوشێوەی پەیوەندییەکەی ڕەوشی بێدارییە بە ڕەوشی نووستنەوە، کەواتە دەشێت ڕەوشی بێداری پەیوەند بەم ڕەوشە نوێیەوە تەنیا نووستن بێت (17). ئەمە ڕادیکالێتییەکەی غەزالییە.
بێگومان غەزالی دەزانێت ئەم ڕەوشە کامەیە، سەرەڕای ئەوە، بەگوێرەی گومانە مێتۆدییەکەی، بەتەواوی دیاریی ناکات، بەڵکو دەبێژێت: “پێدەچێت” ئەوە ڕەوشی تایبەتی سۆفییەکان یان تەنانەت ڕەوشی مەرگ بێت. ئاخر هەرچۆنێک بێت سۆفییەکان لەو باوەڕەدان کە ئەوان، دوای ئەوەی لە دەرککردنی بەرجەستەوە بە هزرین و ئەوجا حاڵلێهاتن ڕووەو کایەی ترانسسێندێنت هەنگاو دەنێن، موئایەشەی فێنۆمێنانی ئەوتۆ دەکەن کە پێچەوانەی شتە لەگۆڕێبووە ئاوەزییەکانن. هاوکات غەزالی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەوشی مەرگ گۆتەیەکی محەمەد وەک سیتات (ئیقتیباس) وەردەگرێت کە گۆتوویەتی: “مرۆڤان نووستوون، کاتێک دەمرن، بێداردەبنەوە”(18). لەم ڕوانگەیەوە “پێدەچێت” ئەمدنیا لە پەیوەندیدا بە ئەودنیاوە تەنیا نووستن بێت و شتەکان دوای مەرگ، کەواتە دوای بێداربوونەوە، تەواو جیاواز ببینرێن وەک لەوەی لە ئەمدنیا بینراون.
ئاشکرایە گەر کەسێک واز لە شێوازێکی وەرگرتنی بڕوا بهێنێت و هاوکات بوێرێت ڕێگەی خۆی بە هزرین بگرێتە بەر، ئەوا نەک تەنیا لەو جۆرە بڕوادارییە سوننەتییە دووردەکەوێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناخوازێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نەریتە. غەزالی هەڵوێستێکی ڕەخنەیی، تەنانەت ڕەتکەرەوە، بەرانبەری وەردەگرێت. لاساییکەرەوەی کوێر یان سوننەگەری، واتا زانایان و ئیمانهێناوانی موقەللید کە لەسەر ڕێنوما ئۆبژێکتیڤییەکان دەڕۆن، نازانن لە هزرین و پەرستندا (عیبادەتدا) تەنیا لاسایی دەکەنەوە، بەڵێ ناوێرن ئاوڕ لە ڕەوشە تاریکە ناخەکییەکانیان بدەنەوە و پرسیاریان ئاڕاستە بکەن، ئەوجا لە پرسیارەکانیان بهزرێن. وەلێ دوای ئەوەی مرۆڤ بەئاگا دێت و بۆی خویا دەبێت کە تا ئەو ساتە تەنیا وەرگر و لاساییکەرەوە بووە، ئیدی وەک غەزالی دەبێژێت، نەریتی لاساییکردنەوە لای ئەو کەسە وەک شووشە وردوخاش دەبێت بەبێ ئەوەی هەرگیز شیاوی پێکەوەلکاندنەوە بێت. لێرەدا ئەوە “فۆرم”ە کە بە بەردیدی غەزالییەوەیە نەک “کۆی پارچەکان”. ئاخر ئەو خۆی دەبێژێت: “چیدی ناشێت پارچەکانی (لاساییکردنەوە) بە کۆکردنەوە و تێوەپێچان پێکەوە بلکێنرێن، بەڵکو تەنیا دەبێت بە ئاگر بتوێنرێنەوە و بڕژێنرێنە نێو فۆرمێکی نوێوە.”(19)
بەم شێوەیە غەزالی لەسەر گومانکردن بەردەوام دەبێت، ئەوجا دوای وردبوونەوە لە دەرکەوەرەکانی و پەیوەندییان بە جیهان و شتەکانی نێوییەوە، دوای نرخاندنی ئاوەز و هێنانی ئەویش بۆ ژێر پرسیار، ڕوودەکاتەوە زانستەکان کە وەک بەرهەمی خەریکبوونی فرەجۆری ئاوەز هێنراونەتە گۆڕێ و ئەو خۆیشی ماوەیەکی درێژخایەن پێوەیان خەریک بووە، بەڵێ وەک وانە کردوونی بە بابەتی فێرکاریی گەنجان. غەزالی چوار ئاڕاستەی هزری لە نێویاندا دیاری دەکات:
1. ئەلموتەکەللیمون (سکۆلایستیکە ئیسلامییەکان) کە خۆیان بە کەسانی تێگەیشتن و هزرینی تیۆرییانە دادەنێن.
2. ئەلباتینییون کە ئیمامێکی بێهەڵە بە پێویست دادەنێن تاکو وانە و زانینی پێشتریپێدراویان پێبدات.
3. فەیلەسوفەکان کە کەسانی لۆگیک و سەلماندنن.
4. سۆفییەکان کە خۆیان بە موختاری ئامادەگیی خودا و نەزەر و ڕۆشنبوونەوەی دەروون دادەنێن.

.1 کەلام لە ڕووی زمانناسییەوە بەواتای پەیڤ، گفتوگۆ، ڕوونکردنەوە، وەلێ لە ڕووی هزرییەوە تایبەتمەندییەکانی (ئەتریبوتەکانی) خودا پرسی ئەلموتەکەللیمونن، بۆیە زانستەکە هەروەها ناودەنرێت “عیلم ئەلتەوحید وەلسیفات”؛ کێشەی دیکەی ئەوان بریتین لە: زانستی کەلام گەرەکە بەرپەرچی دژبەرانیان بداتەوە، گەرەکە بە سەلماندنی بنەڕەتەکانی ئیمان بناغەیەک بە موسڵمانانی سوننەمەزەب بدات کە بە دانوستاندنەکانی فەیلەسوفان، بە سێکتە ئاینییەکان و هتد، سەریان لێشێواوە؛ هەروەها پەیوەندیی مەخلوق بە سروشی ئیسلامییەوە کێشەیەکی دیکەی ئەوانە. بەم بنەڕەتانەی هزرین زانستی کەلام لە فەلسەفە جیادەبێتەوە. ئاخر فەلسەفە هەوڵ دەدات بە بەڵگەی ڕاسیۆنال پرسی جیهان و مرۆڤ ڕوونبکاتەوە.
غەزالی بەم چەشنە زانستی کەلام ڕووندەکاتەوە: ئەم زانستە دەیەوێت بە “شێوازی ڕێکخراوی ئاخافتن”(20) بنەڕەتەکانی ئیسلامی سوننی لەدژی شێواندنەکانی گومڕایان بپارێزێت. وەک ئەو دەبێژێت، ئەم گومڕایانە زانای نوێگەران و بە نوێکارییەکانیان پەشێوییان هێناوەتە نێو مەزهەبی سوننییەوە. غەزالی دوو ڕووی ئەم شێوازەی هزرینی ئەلموتەکەللیمون دیاری دەکات: ئەوان دەیانەوێت لە ڕوویەکەوە بەرگری لە بنەماکانی ئیمانی سوننی بکەن، وەلێ لە ڕوویەکی دیکەوە ئەرگومێنتی فەلسەفەیی لە خودی دژبەرانیان وەردەگرن و لەدژی ئەوان بەگەڕیان دەخەنەوە: کاتێک هەوڵ دەدەن دژبێژییەکانی دژبەرانیان بسەلمێنن و دەرئەنجامی پرێمیسەکانیان (پێشدانراوەکانیان / گریمانەکانیان) بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەوا لە خودی ئەو هەوڵەیاندا پرێمیسە لۆگیکییەکانی ئەوان بەگەڕدەخەن، ئەوجا دوای بەرگریکردن لە ئیمانی سوننی دەکەونە گەڕان بەدووی ڕاستیی شتەکاندا. ئەوان لەم ڕەوتەدا ڕوودەکەنە “ئەدگارە بگۆڕەکانی / بەڕێکەوتەکانی هەر کرۆکێک” (واتا ئەکسیدێنسی شتەکان) و بنەماکانیان، جا گەرچی ئەوان تایبەت نین بەم پرسە، بۆیە توێژینەوەکانیان ئامانجی خۆیان نەپێکاوە و نەیانتوانیوە “تاریکیی پەشێوییەکە بەتەواوی” بڕەوێننەوە(21).
کەواتە چۆن غەزالی پابەندبوونی لاساییگەرایانەی خەڵک بە مەلا سوننەتییەکانەوە و خودی ئەقیدەگەرایانیش نزم دەنرخێنێت، بە هەمان شێوە ڕەخنەی لاساییکردنەوە ئاڕاستەی ئەلموتەکەللیمون دەکات: ئەوان کە بەندن بە ئیتیفاقی بەکۆمەڵەوە (ئیجماع)، هەروا ئاسان ئەو پرێمیسانە وەردەگرن کە ئۆبژێکتیڤییانە لە دەرەوەی خۆیان لەگۆڕێن، ئەمەش بۆ غەزالی کارێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو بە کەمی دادەنێت: “زانستی کەلامی ئیسلامی بۆ من بەس نەبوو، نەیدەتوانی لەو نەخۆشییە چاکم بکاتەوە کە تووشم هاتبوو (…). کێشەی من ئەوەیە کە وەسفی ڕەوشی خۆم بکەم. دەرمانەکان بەگوێرەی جۆری هەر نەخۆشییەک جیاوازن.”(22) کەواتە ڕووکردنە سەبژێکتیڤێتی سەنگی مەحەکە نەک هەروا ئاسان بەگوێرەی سوننەگەری ئەو بنەڕەت و ڕێنومایانە وەربگیرێن کە ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون. ئەوجا: لە سەرئەنجامدا “ئەلموتەکەللیم کەم یان زۆر بەو پنتە دەگات کە لاساییکەرێکی (موقەللیدێکی) ناڕەخنەیی مامناوەندی پێی دەگات”، واتا بڕوا دەهێنێت بە ڕاستیی واژە فۆرمالەکانی (شێوەکییەکانی) ئەو ڕێبازانە کە خودی هەر ڕێبازێکیان لێپێکهاتووە. بە پێچەوانەشەوە غەزالی وایدادەنێت، ئەو مەئریفە ڕاستینەیە کە ئامانجی تێڕوانینە ئەقیدەگەراکانە، مرۆڤ دەتوانێت نەک بە یاریدەی زانستی کەلام، بەڵکو “بە تیۆلۆگییەکی باڵاتر” بۆی بگەڕێت و ناوی دەنێت “عیلم ئەلموکاشەفە” (زانستی ئیشراقی ڕەوانی)(23) کە زانستی ناخەکێتییە، لێرەشدا ئیدی ڕێگەی مەئریفە دەبێت بە ڕێگەیەکی دیکەی جیاواز لە ڕێگەی سوننەگەری بۆ نێو ئایین و ئەزموونکردنی.

  1. ڕێبازی ئەلباتینییون لەنێو خەڵکی سادەشدا بڵاوبووبۆوە. جگە لەوە ئەلباتینییە (نێوەکێتی) ناوێکی دیکەیە بۆ بزاوتی ئەلئیسماعیلییە(24). غەزالی هەروەها واژەی “ئەلتەعلیمییە”ی بۆ بەکاردەهێنێت. بەگوێرەی ئەم ڕێبازە وەرگرتنی وانە لە مامۆستای بێهەڵە پێویستە، چونکە پرسیارانی زۆر هەن کە ئاڵۆزن و موسڵمانانیش هیچ وانەیەکیان پەیوەند بەو پرسیارانەوە وەرنەگرتووە. ئەوجا و بەتایبەتی قورئان لەپاڵ واتا دەرەکییەکەیدا (زاهیرییەکەیدا) هاوکات واتایەکی نێوەکی (باتینی)ی هەیە و هەردووکیان دەشێت لە یەکدی جیاواز بن. مرۆڤ ناتوانێت ئەزموونی واتای نێوەکییانەی قورئان بکات و ڕاستی بدۆزێتەوە گەر ئیمامێکی بێهەڵە ڕاڤەی نەکات – ئاخر تەنیا ئەو لە واتای نێوەکیی قورئان تێدەگات. جگە لەوە تێکستەکان (قورئان و حەدیس) ناتوانن بەتەنیا وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بدەنەوە، چونکە زۆر دەشێت پرسیارانی ئەوتۆ بەگوێرەی ناوچەی کولتووری و کات سەرهەڵبدەن کە لە هیچ تێکستێکدا دیارینەکراون. بۆیە مامۆستای بێهەڵە پێویستە.
    غەزالی لەدژی باتینییەکان دەبێژێت کە محەمەد تاکە مامۆستای موسڵمانانە، جا گەرچی ئەو دەمێکە مردووە. ئاخر خودا بەگوێرەی قورئان گۆتویەتی: “ئەمڕۆ ئایینەکەتانم کامیل / تەواو کرد (کە ئیدی هیچ کێماسێکی نەماوە) …”. لەم ڕوانگەیەوە، دوای کامیلکردنی وانە، نە مەرگی مامۆستا و نە نائامادەگیی ئەو زیانیان لێدەکەوێتەوە (25).
    غەزالی دەزانێت کە پرسیارانی ئاڵۆز هەن و موسڵمانان هیچ لەبارەیان نازانن، یان دەشێت پرسیارێک کتوپڕ وەک کێشەی هەنووکەیی زیتبێتەوە. لێرەدا دەبێت سەرەتا پشت بە تێکست (قورئان و حەدیس) ببەسترێت کە بەکۆنکرێت لەگۆڕێیە و چارەسەری خۆی دەخاتە بەردەم، وەلێ گەر کێشەکە پەیوەند بێت بە وردە پرسی ئەوتۆوە کە لە تێکستدا ناونەهێنراون، یان بە پرسی وتووێژهەڵگرەوە، ئەوسا دەشێت ڕاستی بە دەرئەنجامگیریی (قیاسی) دروست بناسرێت. غەزالی سەبارەت بەم پرسە تەنانەت کتێبێک بە ناونیشانی “ئەساس ئەلقیاس” دەنووسێت. ئەوجا گەرچی لە پرنسیپدا دەشێت مرۆڤان جیاوازیی بیروڕایان هەبێت، سەرباری ئەوە گەر هەرکەسێکی ئەو ڕاجیاوازانە لە دەرئەنجاماندنە لۆگیکییەکان تێبگات، جا کەسێکی باتینی یان لۆگیکی بێت، دژبێژییان ناکات، چونکە لە قورئان وەرگیراون و هەروەها بە مەرجە لۆگیکییەکان دەگونجێن، وەلێ گەر سروش و دەرئەنجاماندنی لۆگیکی دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان خوازەییانە بخوێنرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە غەزالی لە ڕەوشی سەرهەڵدانی پرسیاردا سازاندنی بۆچوون بەهەند وەردەگرێت نەک هانابردن بۆ ئیمامێکی بێهەڵە. جگە لەوە هەر خودی محەمەد گۆتوویەتی: “من بەگوێرەی دەرەکێتی حوکم دەدەم، نێوەکێتی دەسپێرم بە خودا”(26). لەم ڕوانگەیەوە حوکمدەر لەنێو بۆچوونانی جیاوازدا باشترینیان وەردەگرێت و بەگوێرەی ئەویش بڕیارەکەی دەدات، کە بێگومان دەشێت لەو بڕیارەیدا سەهوو بێت. ئاخر، وەک غەزالی دەبێژێت، تەنانەت پێغەمبەرانیش بەدەر نین لە بەسەهووچوون لەو ڕەوشانەدا کە تێیاندا سازاندنی بۆچوونی خۆیی پێویستە. کێشەکە خودی مرۆڤێتییە کە شیمانەی بەسەهووچوونی لە خۆ گرتووە(27).
    دوا ئامانجی ڕەخنەی غەزالی لە باتینییەکان ئەوەیە کە پێشانی بدات ئەوان چارەسەریان بۆ سەرلێشێواوییەکانی موسڵمانان پێ نییە. ئەوان دوایەمین پرسە ئاڵۆزەکان بۆ ئیمامی شارراوە جێدەهێڵن کە گەرەکە لەتەک گەڕانەوەیدا چارەسەریان بکات.
  2. غەزالی دەبینێت کە فەیلەسوفان و ڕێبازەکانیان بەسەر گرووپی جیاوازدا بەش بوون. ئەو لەنێو فەیلەسوفەکاندا سێ ئاڕاستە جیادەکاتەوە: ماتەریالیستەکان، ناتورالیستەکان، تایستەکان.
    یەک) ماتەریالیستەکان (ئەلدەهرییون) لە فەلسەفەی ئیسلامیدا سەر بە دێرینترین فەیلەسوفانن کە نکۆڵییان لە بنەڕەتی خوداییانەی جیهان کردووە، واتە جیهان بە تێڕوانینی ئەوان ئەزەلی بووە: هەمیشە هەبووە و هەمیشە باقییە. بەکورتی: هیچ خودایەک نییە کە ئافرێنەری جیهان بێت، زیندەوەرانیش تەنیا بەڕێی سپێرماوە پەرەدەسێنن: سپێرما زیندەوەرێک دەخاتەوە، سپێرماکە خۆیشی بەرهەمی زیندەوەرێکی دیکەیە. لە ئەزەلەوە ئەوها بووە و هەر ئەوها دەمێنێتەوە. غەزالی ئەم ماتەریالیستانە ناودەنێت هێڕێتیکی (هەڕتەقەیی).
    دوو) ناتورالیستەکان (ئەلتەبیعییوون) بەتایبەتی لە بواری سروشتدا، ئاژەڵان و ڕووەکدا، هەروەها ئەناتۆمیی (توێکاریی) زەیندەوەراندا، خەریکی توێژینەوەن یان بوون. ئەمان لە ڕەوتی توێژینەوەکانیاندا بەرهەمەکانی خودا دەناسنەوە، بەو ڕێیەشەوە هەبوونی خودایەکی قادیر و دانا دەناسێنن، چونکە خەریکبوونیان بە ئاناتۆمی و فیزیۆلۆگییەوە دەیانگەیەنێت بە مەئریفەی کامیلێتیی لەشی ئاژەڵان و بەتایبەتی لەشی مرۆڤ، کە ئیدی خودی کامیلێتییەکە دەیانگەیەنێت بە کردگارێک. سەرباری ئەوە غەزالی لای ناتورالیستەکان پنتێکی بنەڕەتی دەبینێت کە تەواو پێچەوانەی تێڕوانینی خۆیەتی: ناتورالیستەکان لە ڕەوتی خەریکبوونیادا بە سروشتەوە دەگەن بەو باوەڕە کە هاوسەنگیی تێمپەرامێنت (میزاج) کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر پێکهاتەی فیزیکییانەی ئاژەڵ دەنوێنێت. پاشان ئەوان لەم باوەڕەوە دەگەن بەو دەرئەنجامە کە توانستی هزری (قووەت عەقلییە) لە مرۆڤدا بەندە بە تێمپەرامێنتی ئەو خۆیەوە، بۆیە گەر تێمپەرامێنتی ئەو کەسە کەمبێتەوە، ئیدی توانستە هزرییەکەشی لاواز دەبێت، یان گەر تێمپەرامێنتەکەی دابمرکێتەوە، ئەوا توانستەکەشی لەکاردەکەوێت و هەر ئەوەندەی نەما، نەشیاوە جارێکی دی زیندوو بکرێتەوە. لێرەوە ناتورالیستەکان دەگەن بەو دەرئەنجامە کە دەروون بمرە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، بۆیە ئیدی نکۆڵی لە ئەودنیا، لە بەهەشت و دۆزەخ، لە گردبوونەوە و قیامەت (ژیانەوە) و دادگەی ئەودنیا دەکەن. وەلێ لەبەر ئەوەی ئیمان بە خودا و ڕۆژی لێپرسینەوە لە ئەودنیا بناغەی ئیمانن، ناتورالیستەکانیش نکۆڵی لە ژیانەوەی لەش و دادگەی ئەودنیا دەکەن، ئەوا غەزالی ئەمانیش ناودەنێت هێڕێتیکی.
    سێ) غەزالی ئاڕاستەی تایستەکان (لایەنگرانی ڕێکخراوێکی خودایی لە پشت ڕێکخراوی گەردوونەوە) لای فەیلەسوفانی گریکی دەبینێت، وەک سۆکرات کە مامۆستای پلاتۆن و ئەمیش کە مامۆستای ئەڕیستۆتێلیس بوو. تایستەکان بەگشتی دژبێژیی دوو ئاڕاستەکەی یەکەمیان کردووە و زۆر ناتەواویی تێڕوانینەکانی ئەوانیان دەرخستووە. وەلێ گەرچی ئەڕیستۆتێلیس لۆگیک بۆ فەلسەفە سیستەماتیزە دەکات، زانستەکان وردتر دەکاتەوە، هەروەها دژبێژیی پلاتۆن و سۆکرات و تایستەکانی پێش ئەوان دەکات، سەرەڕای ئەوە واز لە بێباوەڕی و زەندیقێتیی ئەوان ناهێنێت. بۆیە غەزالی ئەڕیستۆتێلیسیش پێکەوە لەتەک سەرجەمی ئەو فەیلەسوفانەدا کە ئەو بە تایستیان دادەنێت، لە نێویشیاندا بەتایبەتی فەیلەسوفانی ئیسلامیی وەک فارابی و ئیبن سینا، بە بێبڕوا دادەنێت: “هیچ کام لەنێو فەیلەسوفانی ئیسلامیدا هێندەی ئەم دوو ناوبراوە ڕێبازەکەی ئەڕیستۆتێلیسیان بڵاونەکردەوە”، وەلێ ئەوە “هیچی دیکە نییە جگە لە شێواندن و تێکەڵکردن کە بەڕێیانەوە دڵی خوێنەر دەشێوێت (…)”(28).
    کارە هزرییەکانی فارابی و ئیبن سینا کە لە فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیسەوە بنیاتیان ناون، بە دیدی غەزالی سێ مۆرکیان بەگشتی هەیە: کارەکان بەهۆی بەشێکیانەوە بێباوەڕین، بەهۆی بەشێکی دیکەیانەوە زەندەقەن، وەلێ بەشێکی دیکەیان هەیە کە پێویست نییە ڕەتبکرێتەوە.

    غەزالی بۆ ئەوەی وردتر ئەم سێ ڕوانگەیەی خۆی دەربخات، زانستە فەلسەفەییەکان دادەبەشێنێت بەسەر:
    A) زانستە ماتماتیکییەکان
    ئەم زانستانە ژمێرە و ئەندازە و ئەستێرەناسی لە خۆ دەگرن، کەواتە پرسە ئایینییەکان بابەتی ئەمان نین، بەڵکو خۆیان بەو پرسیارانەوە خەریک دەکەن کە شیاوی سەلماندنن، کە ئیدی هەر ئەوەندەی مرۆڤ لێیان تێگەیشت و ناسینی، ناتوانێت نکۆڵییان لێبکات. سەرەڕای ئەوە غەزالی لە ماتماتیکدا مەترسیی گەورە بۆ پرسی ئیمان دەبینێت: لەبەر ئەوەی ماتماتیک زانستێکی ئێکزاکتە (بەڕەهایی دروستە) و سەلماندنەکانی گومانهەڵنەگرن، ئەوا دەشێت موسڵمانان بە چەشنێک پێی هۆشسام بن کە ئیدی فەیلسوفەکان بە مامۆستای خۆیان دابنێن، ئەوجا بەو تێڕوانینە بگەن کە “هەموو لکەکانی فەلسەفە هاوشێوەی ماتماتیک دروستن و خاوەنی هەمان ڕوونیی سەلماندنن، ئەوجا کاتێک دەبینن کە چۆن فەیلەسوفەکان ئەدگارەکانی خودا ڕەتدەکەنەوە، ئیدی دەشێت بچنە سەر ڕێگەی ئەوان و ببن بە بێباوەڕ”؛ ئاخر گەر کەسێک تێڕوانینی فەیلەسوفەکان وەربگرێت، ئەوا دەشێت پاشان ببێژێت: “گەر ئایین ڕاست بایە، ئەوسا دەبوو فەیلەسوفەکان لەو ڕاستییەی ئایین ئاگادار بن، لێرەشەوە ئیدی بگات بەو تێڕوانینە کە ڕەتکردنەوەی ئایین ڕاستییە”(29). هەروەها کەسێکی بەم چەشنە، هاوشێوەی سوننەگەرایان لە ئاییندا، بۆ غەزالی “لاساییکەرەوەیە”، چونکە کوێرانە تێڕوانینەکانیان وەردەگرێت و ئەوە دەداتەوە کە ئەوان چەسپاندوویانە. بۆیە غەزالی گەڤ دەکات: مرۆڤ بەڕێی ماتماتیکەوە کە بناغەیەکی فەلسەفەیە، خراپەی فەیلەسوفەکانی پێدەگات، بۆیە زۆر بەدەگمەن ڕوودەدات کە کەسێکی خۆخەریکردوو بە ماتماتیکەوە لە ئایین دوور نەکەوێتەوە و واز لە ئیمانداری نەهێنێت(30).
    سەرباری ئەوە غەزالی ڕەتکردنەوەی ماتماتیک لە لایەن موسڵمانانی جاهیلەوە بە مەترسی دادەنێت. بۆ نموونە دەشێت ماتماتیک، وەک زانستێکی ئێکزاکت و بناغەیەکی فەلسەفە، لایەنگرێکی نەزانی ئیسلام بەو بڕوایە بگەیەنێت کە سەرفرازیی ئیسلام بەندە بە ڕەتکردنەوەی زانستەکانی فەلسەفەوە (31) کە ماتماتیکیش یەکێکیانە، کەواتە ئەو کەسە نکۆڵی لە تێکڕای ئەو زانستانە بکات، یان تەنانەت هەڵوێست لەدژی گۆزارەکانیان سەبارەت بە خۆرگیران و مانگگیران وەربگرێت، ئەویش چونکە گۆیا ئەو زانستانە پێچەوانەی یاسای سروشییانەی ئیسلامن. هەڵوێستی بەم چەشنە دەشێت شارەزایەکی ماتماتیک کە لە توانایدایە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا بۆ فێنۆمێنە ناوبراوەکانی خۆرگیران و مانگگیران و هتد بهێنێتەوە، بەو تێڕوانینە بگەیەنێت کە ئیسلام خۆی غەشیم دەکات، بەڵێ ئیسلام وەک غەشیم تەنانەت دەوێرێت نکۆڵی لە بەڵگە ئاپۆدیکتییەکان (زەروورییە لۆگیکییەکان) بکات، لێرەشەوە ئیدی ئەو کەسە هێندەی دی فەلسەفەی خۆشبوێت و هاوکات پتر کین لە ئیسلام هەڵبگرێت.
    غەزالی لەم نێوانەدا هانا بۆ دەربڕینێکی محەمەد دەبات کە گۆتوویەتی: “خۆر و مانگ دوو دانەن لە هێماکانی ئەلڵا. ئەوان نە بەهۆی مەرگ و نە بەهۆی زایینی مرۆڤێکەوە دەگیرێن. گەر ئێوە موئایەشەی ئەوە (= ئەو خۆرگیران و مانگگیرانە) بکەن، ئەوا پەلە بکەن بۆ ستایشی ئەلڵا و نوێژکردن”(32). غەزالی لەم ڕوانگەیەی محەمەدەوە ژمێرە (ئەڕیتمێتیک) وەردەگرێت کە زانستی ڕەوتی خۆر و مانگە و فێرمان دەکات لە بەیەکگەیشتن و بەرانبەرییان تێبگەین.

B) زانستە لۆگیکییەکان
لۆگیک ئەم لایەنانە لە خۆ دەگرێت: مێتۆدەکانی بەڵگاندن و زانستی دەرئەنجامگیری (عیلم ئەلقیاس / سیلۆگیزم)، پێشدانراوەکانی (پرێمیسەکانی) سەلماندن و شێوازی پێکهێنانیان، هەروەها مەرجەکانی پێناسەی دروست و شێوازی پێکهێنانی پێناسە. مرۆڤ دەتوانێت بە پێناسەکردن ئەزموونی مەئریفە بکات، یان سەلماندن دەرفەت بۆ ئەزموونکردنی بڕیارێک (حوکمێک) دەڕەخسێنێت. غەزالی لاریی لەمە نییە و لۆگیک وەک ئامرازێکی دروست و سەلمێنەری هزرین وەردەگرێت، سەرباری ئەوە گەر لۆگیک بەسەر سروشدا بەکارببرێت، ئەوا دەشێت لۆگیک بە توانستی سەلماندن و دروستیی دەرئەنجامگیرییەکانی موسڵمانێک بەرەو بێباوەڕی بەرێت، چونکە ئەوسا دەشێت ئەو کەسە لۆگیک بە زانستێکی تەواو هەنگێوەر دابنێت، لێرەشدا بە پشتیوانیی تێڕوانینی مولحیدەکان هەر باوەڕێکی ئایینی ڕەتبکاتەوە کە لۆگیکییانە نەسەلمێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە لۆگیکیش بۆ غەزالی بێمەترسی نییە.

c) زانستە سروشتییەکان
بابەتانی زانستە سروشتییەکان بریتین لە: کایەی ئاسمان، ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانی دیکە، چوار توخمەکەی ئەرد و ئاو، هەوا و ئاگر، هەروەها جەستە ئاوێتەکانی وەک ئاژەڵان و ڕووەک و مێتال، ئەوجا هۆی دۆخگۆڕی و تێکەڵبوونیان. بێگومان توێژینەوەکانی پزیشکانیش لە ئۆرگانە سەرەکی و لاوەکییەکانی لەشی مرۆڤ، لە هۆکانی گۆڕانی ڕەوشی لەش، سەر بە کایەی زانستە سروشتییەکانن. بە دیدی غەزالی نابێت ئایین نکۆڵی لە زانستە سروشتییەکان بکات، چونکە مەرجی ئایین نین، وەلێ سەرباری ئەوە پرنسیپێک بۆ سەرجەم موسڵمانان دەچەسپێنێت: “سروشت لەژێر ڕکێفی خودای مەزندایە. سروشت سەربەخۆ کارا نابێت، بەڵکو لە خزمەتی ئافرێنەریدایە. خۆر و مانگ، ئەستێرەکان و توخمەکان لەژێر ڕکێفی ئەودان. هیچ کامیان سەربەخۆ کرا نابێت”(33). ئەو هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێست لەدژی پەیوەندیی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی) وەردەگرێت: هیچ بناغەیەک لەگۆڕێ نییە بۆ ئەوەی لە نێوان شتێکی وەک هۆ و شتێکی دیکەی وەک ئەنجام دانراودا پەیوەندییەک هەبێت. کەواتە بە دیدی غەزالی دەشێت ئەنجامێک بەبێ هیچ هۆیەک بێتە ئاراوە. لێرەدا خودا خۆی ڕاستەوخۆ یان بە یاریدەی مەلایکەکانی ئەو ئەنجامە دەخاتەوە. گەر پارچەیەک خوری بخرێتە نێو ئاگرەوە، ناتوانین ئاگرەکە وەک هۆی سووتان وەربگرین، بەڵکو خودا تاکە هێزی بزوێنەری گۆڕانکاریی نێو خورییەکەیە (شێوەکەی، ڕەنگەکەی).

D) مێتافیزیک
لێرەدا دەگەین بە کێشە و خەمی بنەڕەتییانەی غەزالی. ئەو باوەڕ دەکات بەسەهووچوونەکانی فەیلەسوفان لە مێتافیزیکدان. فەیلەسوفانی ئیسلامی هەر پێشمەرجێکی بەڵگە لۆگیکییەکان لە مێتافیزیکدا ئاوەڵا دەکەن، سەرباری ئەوە دروست بە بابەتەکانیان ناگونجێن، بۆیە ناکۆکییەکانی نێوانیان پەرەدەسێنن و لەوێشەوە سەرلێشێوان دەهێننە نێو خەڵکەوە. غەزالی، پێش نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی”، لە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”دا (“دژبێژییەکانی / نەسازییە هزرییەکانی فەیلەسوفان”) دەبێژێت، فەیلەسوفەکان لە بیست پرسیاردا بەسەهووداچوون: ئەوان لە سێ پرسیاریاندا بێباوەڕن، وەلێ گەرچی لە حەڤدەکەی دیکەدا ئەوها نین، سەرباری ئەوە تێیاندا خەریکی نوێکاریی زەندیقییانە بوون. بۆ ئەم کێشەیەی مێتافیزیک لای غەزالی سێ تیۆرییەکەی یەکەم بەواتان کە ئەو بە بێباوەڕییان دادەنێت، چونکە دژبەری بنەماکانی ئیسلامن: 1) لەشەکان هەڵناستنەوە (زیندوو نابنەوە)، بەڵکو تەنیا دەروونە پەتییەکان پاداشت دەدرێنەوە یان سزا دەدرێن. لەم ڕوانگەیەوە پاداشت و سزا ڕەوشی هۆشەکین نەک لەشەکی. بێگومان فەیلەسوفەکان ناڕەوا نین کاتێک جەخت لە پاداشت و سزادانی هۆشەکی دەکەن، چونکە پاداشت یان سزای بەو چەشنە لە سروشدا هاتووە، وەلێ نکۆڵیکردنی ئەوان لە پاداشت و سزای لەشەکی لادانە لە سروشی ئیسلامی و هاوکات بێباوەڕییە؛ 2) فەیلەسوفەکان دەبێژن: خودا تەنیا یونیڤێرساڵیا (گشتێتی) دەناسێت نەک سینگولاریا (شتە تاک یان تایبەتەکان). ئەمە بە دیدی غەزالی بێباوەڕییە، چونکە خودا “تەنانەت ئاگای لە گەردیلۆچکەیەکە چە لەسەر زەمین و چە لە ئاسمان”؛ 3) لە کۆتاییدا ئەوان دەبێژن (ئەمیان پێدەچێت ستەمترین بێباوەڕیی فەیلەسوفەکان بێت، چونکە هەبوونی ئەلڵای ئیسلام دەگرێتەوە): “جیهان ئەزەلییە، نە سەرەتا و نە کۆتایی هەیە”، کەواتە نەئافرێنراوە، ئەمەش نکۆڵیکردنە لە یەکەمین کۆڵەکەی ئیسلام کە خودایەکی قادیر بە ئافرێنەری جیهان دادەنێت (34).

E) زانستە ڕامیارییەکان
لەبەر ئەوەی زانستە ڕامیارییەکان بە پرسەکانی ئەمدنیا و دەسەڵاتی جیهانییەوە خەریکن، هاوکات لەم خەریکبوونانەیاندا نووسراوە خوداییەکان کە وەک سروش بۆ پێغەمبەران نێرراون، یان گۆتەکانی دانایانی پێش پێغەمبەران، وەک بنەڕەت دادەنێن، ئەوا ئەم زانستانە هیچ مەترسییەکیان بۆ موسڵمانان نییە.

F) زانستە ئێتیکییەکان
ئێتیکناسان ڕوو دەکەنە کاتێگۆری و مۆرکەکانی دەروون، لێرەشدا دەپرسن کە داخۆ چۆن مامەڵەیان لەتەکدا بکرێت. ئەمان بەهۆی هزرینەوە لە ڕەفتاری مرۆڤان واتای ئێتیکیان بۆ خویا بووە، بەدووی ئەوەدا پرسیویانە کە داخۆ چۆن مرۆڤان سەروەری بەسەر دەروونیاندا بەدیبهێنن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێتیکناسان لێکۆڵینەوەکانی پیاوانی بەئیمان وەک بنەڕەت دادەنێن، لێرەشەوە پرسەکانی دەروون و سەروەربوون بەسەریدا دەبن بە بابەتی پێوەخەریکبوون، ئەوا گەرەکە ڕێ بە زانستەکەیان بدرێت.

  1. ڕێگەی سۆفییەکان
    ئێمە ئێستا لای ئەو ڕێبازەین کە غەزالی لە پێناویدا گومانی مێتۆدیی بەگەڕخستووە. ئاخر کاتێک ئەو دەست بە نووسینی “ڕزگارکەر لە چەوتی” دەکات، پێشتر بڕیاری بۆ ئەو ڕێگەیە داوە.
    غەزالی دوای خەریکبوونی بە زانستەکان و ئاڕاستە جیاوازەکانی فەلسەفەوە ڕوو دەکاتە ڕێبازی سۆفی، لێرەشدا دەبینێت کە تەنیا “لای سۆفییەکان (…) پێکەوەگرێدانی تیۆری و پراکسیس” لەگۆڕێیە: ئەوان تێدەکۆشن “ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ئەزموونانەدا کە دەروون دەیانکات” لابەرن، هەروەها “بەسەر خواستە گەندە و ئەدگارە بەدەکانی” دەرووندا زاڵ ببن تاکو ئیدی “دڵ لە هەموو شتێک جگە لە خودا بەربدەن و بەردەوام بە پاڕانەوە لە خودا بیڕازێننەوە”(35).
    کێشەی غەزالی خودناسینە وەک هەوڵێکی سەبژێکتیڤییانەی مەئریفی، لێرەشدا ئەوە “دڵ”ە کە هزرڤان بە مەئریفەی خودا دەگەیەنێت. لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوالیزمی غەزالی:
    “گەر دەتەوێت خۆت بناسیت، ئەوا بزانە کە تۆ لە دوو شت دروستکراویت. یەکێکیان بریتییە لەو قاوغە / بەرگە دەرەکییە کە ناودەنرێت لەش و دەتوانیت بە چاوی دەرەکی بیبینیت؛ ئەویدیکەیان ئەو ناخەیە کە جارێک ناودەنرێت دەروون، جارێکی دی هۆش، جارێکی دیکەش دڵ و تەنیا بە چاوی هۆشەکی دەناسرێت. ناخەکێتی کرۆکی (واتا هەقیقەتی – ن) ڕاستینەی تۆیە، هەموو ئەوانەی دی پاشەواری ئەون، سوپا و خزمەتکاری ئەون. ئێمە ناوی دەنێین دڵ. کەواتە بزانە، کاتێک ئێمە لە دڵ دەدوێین، مەبەستمان لە کرۆکی ڕاستینەی مرۆڤە کە ناودەنرێت هۆش یان دەروون، نەک ئەو پارچە گۆشتە کە دەکەوێتە لای چەپی سنگەوە. (…) مرۆڤ هەرچییەک بەم چاوە ببینێت، سەر بەم جیهانەیە، جیهانی دیتەنی، وەلێ دڵی ڕاستینەی مرۆڤ هینی ئەم جیهانە نییە. (…) مەئریفەی خودا و نەزەری جوانییەکەی سەر بە هەقیقەتی ئەون (…)”(36).
    ئەو هەروەها دەنووسێت:
    “بزانە کە خودمەئریفە کلیلی مەئریفەی خوداییە (…)، هیچ شتێک هێندەی خودت لە تۆ نزیک نییە. ئەوجا گەر تۆ خودت ناناسیت، ئیدی چۆن دەتەوێت شتانی دی بناسیت؟ گەر ببێژیت: من خۆم دەناسم، ئەوا سەهوویت، چونکە ئەم مەئریفەیە لەبار نییە بۆ مەئریفەی خودا. ئاژەڵانیش هەر ئەوەندە لەبارەی خۆیان دەزانن وەک تۆ لەبارەی خۆت. (…) بۆیە تۆ گەرەکە تێبکۆشیت تا بگەیت بە مەئریفەی کرۆکی (هەقیقەتی) ڕاستینەی خۆت”(37). تەنیا دوای ناسینی خودێتی دەرفەت بۆ مەئریفەی خودا و هەروەها بەرهەمەکانی خودایەتی دەڕەخسێت. غەزالی ئەمە ناودەنێت بەختەوەری: بەختەوەریی مرۆڤ لە مەئریفەی خودادایە. دڵ بەڕێی بەرهەمەکانی خوداوە بە مەئریفەی خودا دەگات.
    کەواتە لای غەزالی لەش و هۆشی مرۆڤ تایبەتمەندیی خۆیان هەیە: لەش زەمینییە، سەر بە جیهانی نزمە، وەلێ هۆش سەر بە جیهانی باڵایە و خوداییە. ئاوەڵاکردنی هۆشەکێتی گەرەکە فرمان و ئامانجی مرۆڤ بێت، ئەوە بێگومان لە پێناوی کامیلکردنی کرۆکی (هەقیقەتی) خۆیدا، کامیلێتیی کرۆکیش دێتەگۆڕێ گەر مرۆڤ بە مەئریفەی خودا بگات کە باڵاترین پلەی مەئریفەیە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ بەدیدی غەزالی لە توانایدایە بگات بە مەئریفەی ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق). وەلێ پێش ئەوەی ڕێگەی مەئریفەی سۆفییانە لای غەزالی پێشان بدەین، گەرەکە بڕوانین چۆن ئەو توانستەکانی مرۆڤ لە یەکدی جیادەکاتەوە، تاکو ئیدی نزیکتر ئەو توانستە مرۆڤییە بناسین کە کەسی خوازیاری خۆکامیلکردن بە ئامانج دەگەیەنێت.
    وەک لە سەرەوە بینیمان، دڵ لای غەزالی دوو واتای هەیە: دڵی لەشەکی لە سنگدا، هەروەها دڵ وەک سینۆنیومی هۆش یان دەروون. دڵ لەم واتایەدا بریتییە لە “گەوهەری ناسکی هۆشەکی” (لەتیفەتون ڕاببانییەتون ڕووحانییە) کە کرۆکی مرۆڤە (حەقیقەت ئەلئینسانە) و دەتوانێت دەرکی شتە دەر-جیهانییەکان (ترانسسێندێنتەکان) بکات. دڵی هۆشەکی توانستێکی ئینتوئیتیڤی (حەدەسییانەی) مرۆڤە و لە سەنتەری ئەودایە (38). دڵ وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی کە سینۆنیومی دەروونە، جیاوازە لە واتایەکی دیکەی دەروون وەک توانستی تووڕەبوون (ئەلغەزەب) یان توانستی حەز (ئەلشەهوە). ئەمیان خوازیاری ئەو شتانەیە کە شایانی سەرزەنشتکردنن، بۆیە مرۆڤ دەبێت بچێتە شەڕەوە لەدژی. ئاخر مرۆڤ تەنیا بە یاریدەی دەروون وەک گەوهەری ناسکی هۆشەکی دەتوانێت خودا و شتانی دیکەی دەر-جیهانی بناسێت.
    ئێمە هەروەها بینیمان کە غەزالی هەموو توانستەکانی دیکەی ناخەکێتی بە پاشەواری، بە سوپا و خزمەتکاری گەوهەری ناسکی هۆشەکی دادەنێت. ئەمە ئاوەزیش (عەقل) دەگرێتەوە کە بە هەمان شێوە لای ئەو دوو واتای هەیە: ئاوەز توانستی زانینە لەبارەی سروشتی ڕاستینەی شتەکان، وەلێ ئاوەز هەروەها توانستی مەئریفەی ئاپریۆرییە (پێش-ئەزموونییە) و ئەمیش سەرلەنوێ هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی (39).
    کەواتە هەر یەکەی دڵ و دەروون و ئاوەز دوو واتای هەیە. یەکێکیان پەیوەندە بە زانینی کردەکێتییەوە، ئەویدی هاوواتایە بە دڵی ناسکی هۆشەکی و توانستێکی ئاپریۆرییە.
    ئاشکرایە دەبێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی خودا لە جیهانی کردەکییەوە بگیرێتە بەر. غەزالی جیهانی ژیان و کارکردن ناو دەنێت “کایەی هەڵبژاردنی ئازاد”(40). مرۆڤ خۆی لەم جیهانەدا پێدەگەیەنێت، دەرخستەکانی دەچێژێت، بۆ گەیشتن بە پێگە و ناوبانگ تێدەکۆشێت (بۆ نموونە دەبێت بە مامۆستای فەلسەفە)، وەلێ پاشان پشتی تێدەکات. لێرەدا جێی سەرنجە کە غەزالی وەک وروژێنی بڕیاردان بۆ ڕێگەی سۆفی، کەواتە دەرچوون لە سوننەگەری (تەقلید)، ئەزموونی بێدادییەکانی نێو جیهان و بەو ڕێیەشەوە گەیشتن بە ناکامیی دەروونی وەک دەرچە دانانێت، کە ئیدی مرۆڤ لەم ڕەوشە ئەزموونکراوانەوە بۆ خودناسین تێبکۆشێت (کەواتە نەک ئەزموونە نێوجیهانییەکەی خودی غەزالی!)، بە پێچەوانەوە “مامۆستا” غەزالی چەند مۆرکێکی کەسێتی بۆ چوونە سەر ڕێی سۆفی دەچەسپێنێت: ئینتەنسیۆن (نییەت)، نیازی پەتی (ئیخڵاس)، ڕاستگۆیی (سیدق). ئەو لە “ئەرباب ئەلقولوب” (پیاوانی هۆشەکێتی) دەدوێت کە جیاوازن لە کەسانی “ڕییا”، واتا کەسانی تووشهاتوو بە دەردی رواڵەتگەری کە ئایین یان شێخایەتی وەک دەستوێژی گوزەران و پرێستیژی سۆسیال وەردەگرن، یان تەنانەت دەست بە گیرفانی هەژاراندا دەکەن. نەخێر، مرۆڤ دەبێت خۆی تێبکۆشێت دەروونی لە ئەدگارە نالەبارەکانی بەربدات، لێرەشدا پراکسیس لەچاو تیۆریدا سەنگێکی تایبەتیی هەیە: “تیۆری دەتوانێت پێناسەی لەشساغی بکات و هۆ و مەرجەکانی بناسێت، وەلێ ئەمە جیاوازە لە ئەزموونکردنی لەشساغیمان”؛ بە هەمان شێوە مەئریفەی کرۆکی ئاسکێز (زوهد) و هۆ و مەرجەکانی زوهد مەسەلەیەکە، وەلێ زاهیدبوونی کەسەکی و وازهێنان لە جیهان بە دەرخستەکانییەوە کە هەست و سۆز دەبزوێنن، مەسەلەیەکی دیکەیە. لەم ڕوانگەیەوە سۆفییەکان (بێگومان سۆفییەکانی غەزالی نەک شارلاتانەکان) پیاوانی موئایەشەکردنن نەک ئاخافتنی ڕووت(41). تەنیا ئەم جۆرەی موئایەشەکردن مرۆڤ دەگەیەنێت بە مەئریفەی خودا و پێغەمبەرایەتی و ڕۆژی قیامەت، کە سێ بنەمای ئیمانن و مرۆڤ نەک بە تیۆری و ڕاڤە سوننەتییەکان، بەڵکو ئەو “خۆ”ی بە موئایەشەی “خۆیی” بەدییان دەهێنێت.
    چۆن غەزالی لە دەستپێکی گومانی مێتۆدیدا دەرکەوەرەکانی مرۆڤی خستە ژێر پرسیارەوە، بە هەمان شێوە دەرکەوەرەکان لە دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەی سۆفیدا سەرلەنوێ وەک بنەڕەت دادەنێتەوە. ئەمە یەکەم پلەی مەئریفەیە: مرۆڤ بە دەرکەوەرەکان ئەزموونی جیهان دەکات. هەر جۆرێکی دەرککردن تایبەتە بە پشکنینی جۆری شتە هەبووەکانی جیهان: دەرکەوەری گرتن (دەست) زۆر ئەدگاری شتە هەبووەکان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، وەک گەرمی، ساردی، وشکی، ناسکی، زبری و هتد؛ دەرکەوەری بینین (چاو) ڕەنگ و شێوەکانی پێدەگەیەنێت؛ دەرکەوەری بیستن (گوێ) دەنگ و مێلۆدی پێدەگەیەنێت؛ بە دەرکەوەری بۆن (لووت) بۆنی جیاوازی شتەکان دەکات؛ بە دەرکەوەری چێژتن (زمان) دەرکی هەر چێژێکی تایبەتی شتەکان دەکات. ئەوجا لە دووەم پلەی مەئریفەدا پێشبینییەکان کارایی وەردەگرن و شتە دەرککراوەکان دەهێڵنەوە تاکو لەکاتی پێویستدا بییانخەنە بەردەم زەین. غەزالی ئەم پلەیەی مەئریفە هەروەها ناودەنێت توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمیز) (42). لە سێیەم پلەدا کارایی ئاوەز (عەقل) دێتە نێوانەوە؛ ئێستا هەندێک کاتێگۆری پێویست دەبن کە لە پلەکانی سەرەتای مەئریفەدا نەبوون، کاتێگۆرییەکانیش تەواو ڕاسیۆنالن، بۆ نموونە کاتێگۆرییەکانی زەروورە، شیمانە و ناشیمانە. ئاوەز تایبەتە بە مەئریفە زەروورییە ڕاسیۆنال و سەرەکییەکان (ئەلئەووەللییات)، بۆیە هەروەها دەشێت بە جۆرێک لە پێرسەپسیۆنی / دەرککردنی ناخەکی (ئیستیبساڕ) دابنرێت(43). لە پلەی چوارەمدا دەگەین بە توانستی هزرین (قووەت ئەلتەفەککور) کە دەشێت بە کاراییەکی باڵای زەین دابنرێت، چونکە مەئریفە ڕاسیۆنالەکان وەردەگرێت و لە نێوانیاندا پەیوەندی و تەریب دەسازێنێت. توانستی هزرین تایبەتە بە سازاندنی بڕیار و دەرئەنجامگیری (قیاس) (44). هزرین کە پەرچاندنە بەرەو ڕاستی لە خۆدا، دەکەوێتە سەرووی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە لای غەزالی دەروونی ڕاسیۆنال و دەروونی هزریو جیاوازن لە یەکدی. توانستی هزرین لای ئەو “ئۆپەراسیۆنێکی زۆر ئاڵۆزتری هۆشەکییە”(45):
    “لەوبەر ئاوەزەوە پلەیەکی دیکە هەیە کە تێیدا چاوێکی دیکە دەکرێتەوە و مرۆڤ بەم چاوە لە شارراوە و لەوەش دەڕوانێت کە لە ئایندەدا ڕوودەدات (…)؛ ئاوەز، هاوشێوەی توانستی جیاوازیکردن (قووەت ئەلتەمییز)، لەمانە بەدەرە”(46).
    ئەم پلەیە بریتییە لە “ئینتوئیسیۆن”ی (نەزەری) هۆشەکی و لە دڵدایە، وەلێ غەزالی ناتوانێت بەتەواوی دیاریی بکات، بۆیە چەند ناوێکی لێدەنێت: “چێژتن” (زەوق / schmecken)، “کەشفی عیرفانی” یان “ئیلهامی عیرفانی”. ئەم توانستەی مەئریفە کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە دایدەنێت و باڵاترین پلەی پێدەدات، بۆ ئەو خۆی “سەرچاوەی هەموو پلەکانی دیکەی مەئریفەیە، هەروەها ئەو ئۆرگانەیە کە توانای بۆ مەئریفەی باڵاترین هەیە وەک مەئریفەی خود و خودا”.(47) کەواتە موئایەشەکە لە ڕوانگەی غەزالییەوە تەنیا سەبژێکتیڤی نییە، بەڵکو هەروەها ئۆبژێکتیڤییە: ئەوەش ئاشکرا دەکات کە شارراوەیە، هەروەها موئایەشەی بەرهەمی لەگۆڕێبووی خودایی دەکات: گەردوون.
    ئامانجی غەزالی گەیشتنە بە “جەختی” (یەقین)، کەواتە ئەو گومان ناکات لە پێناوی گوماندا – ئەو گومانگەرا (سکێپسیسیت) نییە. ئەو جەختیی ڕەهای دەوێت. غەزالی بۆ ئەم ڕێگە مەئریفییەی سۆفی و پراکسیسی سۆفیانە نموونەی محەمەدی پێغەمبەری دەهێنێتەوە کە دەڕۆیشت “بۆ کێوی حەررا، لەوێ بەتەنیا بوو لەتەک ئەلڵاکەیدا و دەپاڕایەوە، کە ئیدی ئارەبەکان گۆتیان: محەمەد سۆزمەندانە ئەلڵای خۆی خۆش دەوێت”(48). بێگومان ڕێگەی هزرین و ڕامانی سۆفییانە پرۆسەی بوون بە پێغەمبەر نییە (یان ئایا ناشێت ئەوە بێت؟!). ئاخر کاتێک گریمانە دەکرێت کە لە پێغەمبەرێتیدا ڕاستی لە دەرەوە، بەڕێی سروشەوە، وەک پەیام بۆ مرۆڤ دێت / دەنێررێت، ئەوا گریمانەکە هاوکات مەبەستی ئەو پەیامەشی لە خۆ گرتووە، واتا ڕاگەیاندنی ڕاستییەکە بە کەسانی دی – لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا (شیعردا). بە دیدی غەزالی تەنیا پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت باڵاترین پلەی هەڵچوونی هەبێت کە ئیدی بەبێ تەقەلادان و تەنیا بەڕێی سروشی خوداییەوە “زۆرینەی هەرە زۆری ڕاستییەکان” بۆی بەیان دەبن (نەک تێکڕای ڕاستییەکان)، لێرەشدا ئاشکرایە کە پێغەمبەری موسڵمانان “خاتەمولئەنبیائە”، ئەمەش بەواتای، ئیستا کۆتایی هێنراوە بە پرۆسەی ناردنی سروش. کەواتە ئایا ئەمەیە هۆی سەرەکی کە بۆچی سۆفی ناوێرێت / ناتوانێت ڕایبگەیەنێت گۆیا بووە بە “پێغەمبەر” یان دەیشارێتەوە و ئەو نهێنییە تەنیا بە لایەنگرانی نزیکی ڕادەگەیەنێت؟ بە هەر حاڵ، کاتێک پێغەمبەر(ێک) دەتوانێت ڕاستییە بۆ هاتووەکان لایەنی کەم لە فۆرمی هەڵبەستدا بداتەوە، ئەوا غەزالی جەخت دەکات، سۆفی ناتوانێت دوایەمین ئەزموونەکانی خۆی دەرببڕێت، چونکە ئەم پلەیە “بە وشە وەسف ناکرێت”، یان چونکە “هیچ کەس ناتوانێت بە وشە دەریببڕێت، گەر ئەوەش بکات، دەربڕینەکەی هەڵەی تێدەکەوێت.”(49) لەم ڕوانگەیەوە غەزالی دەیەوێت تەنیا ببێژێت، کە لە نەزەری ڕاستەوخۆی ئینتوئیتیڤدا (چێژتنی عیرفانیدا) شتەکان وەک ئۆبژێکتیڤی بۆ کەسی نەزەرکردوو بەیان دەبن بەبێ ئەوەی بتوانێت دەریان ببڕێت.
    چێژتنی عیرفانی بەواتای فەنابوون / نەمان (Entwerden) کە ترۆپکی ڕێگەی هەڵچوونی سۆفییە. حاڵلێهاتن ئاڕاستەیەکی ڕووەو یەکانەی بوون وەرگرتووە، واتا ڕەوشێکی ئەوتۆ کە (بە دیدی عارفەکان بەگشتی) جارێ کرۆکی مرۆڤ لە بنەڕەتی خودایی جیانەبۆتەوە. کەواتە سۆفی بە نەهێشتنی جووتەنێتیی سەبژێکت و ئۆبژێکت، من و جیهان، دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە. ئێستا ئیدی کەسی هەڵچوو، گەڕاوە بۆ سەرچاوە، بە ئاگایی خودا دەتەنرێت و هاوکات گەرەگە لەم ڕەوشەیدا لای خودا بمێنێتەوە (بەقاء). ئەمە، فەنابوون، هەروەها ناودەنرێت مەرگ، بێگومان مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی. لەم جۆرەی موئایەشەدا “مرۆڤ بەگوێرەی من-ە ئەمپیرییەکەی فەنا دەبێت و بەردەوامی بە لێرەبوون دەدات لە چۆنێتیی ناخەکییانەی سەرچاوەییدا کە بۆ سۆفییەکان هاوواتایە بە بنەڕەتی خودایی”(50)، بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەوان دەیانەوێت “موئایەشەی ناخەکییانەی یەکانەی کردەکێتیی خودا”(51) بکەن و هاوکات بەردەوام لای ئەو بمێننەوە.
    کەواتە لای غەزالی مرۆڤ بە فەنابوون ئەزموونی ئازادبوونی خۆی لە جیهان دەکات. لەم جێیەدا گەرەکە چەند پلەیەک بەرەو پاش بگەڕێینەوە: ئاوەز کە جیاوازە لە زەینی ڕاسیۆنال، توانستە بۆ ناسینی پەیوەندیی گشتگیر کە لێوەی دەتوانێت خەریکی دەرئەنجامگیریی دروست بێت. لێرەدا “من” هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، چونکە “من”، بەگوێرەی هزرینی عیرفانی، لە مەئریفەکانییەوە هەردەم دەرئەنجامگیریی خۆگەرا / منگەرا (بۆ نموونە قازانجی ماددی) ئەنجام دەدات و دەشێت زیان بە کەسان و هەروەها بە خۆی بگەیەنێت. بە پێچەوانەوە ئاوەز هەردەم دەیەوێت دروست بڕیار بدات، بۆیە بەرپرسیاری لە ئەستۆ دەگرێت. وەلێ سەرباری ئەو ئەدگارە کرۆکییەی ئاوەز تەنیا ئینتەنسیۆن (نەزەری ڕوون و ئاشکرای هۆشەکی) مرۆڤ و خودا بەیەک دەگەیەنێت. لێرە ئاوەز هیچ رۆڵێک ناگێڕێت، بەڵکو ئێستا لە نەزەری ڕوون و ئاشکرادا، لە چێژتنی عیرفانیدا، خودا بە ڕووناکی (نوور) خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت. نوور وەک پزیسکی خودایی دیار دەدات و “وەک فەنابوونی ڕوانەر بۆ نێو لێڕوانراو” دەپەخشێت؛ عەبدولقادر ئەلگیلانی (1166 مردووە) ئەم ڕوانینە ڕاستەوخۆیە “لە شکۆی خودا بەراورد دەکات بە ڕوانین لە خۆر، کە تێیدا کەسی عارف بەهۆی بریسەکەی تیشکی درەوشاوەوە نە خۆی و نە شتێکی دیکە دەبینێت. چەند زۆر ئەو لە خۆر نزیک بکەوێتەوە، ئەوەندەش زۆرتر بەشەوارە دەخرێت تا دەگات بەو پنتە کە ئەو لە خۆر جیانابێتەوە.”(52). ئیدی کەس، دوای مەرگی عیرفانی پێش مەرگی سروشتی، بە ئەزموونکردنی یەکانەی بنەڕەتی، خودا لەنێو هەر شتێکی جیهاندا دەبینێت. سۆفی بۆ غەزالی کەسێتییەکی نوێیە کە دڵی لە سەرجەم پەیوەندییەکانی بە جیهانەوە بەردراوە و تەنیا بە ستایشی خوداکەی درێژە بە ژیان دەدات.

سێ) واتای ئەمڕۆی غەزالی

ئەمڕۆ، لە سەردەمی تەنگژەی قووڵی ئیسلامدا چە وەک ئایین و چە وەک کولتوور، لە خۆرئاوا توێژینەوەکان لەبارەی غەزالی بەتایبەتی و سۆفیزم بەگشتی بێئەندازە پەرەیان سەندووە.
عەبدەلسەمەد عەبدەلحەمید ئەلشازلی کە لەپاڵ “ڕزگارکەر لە چەوتی”دا “میشکات ئەلئەنوار”ی غەزالیی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە، وایدادەنێت کە نووسینی ناوبراو لەنێو کۆبەرهەمی غەزالیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە “نووسەرەکەی سەبارەت بە ژیانی خۆی و گۆڕانی هۆشەکییانەی دەدوێت، یان لەبارەی پەیوەندییەکەی بە خوداوە و چۆن ئەو بە ئیمانی پتەوی خۆی گەیشتووە، هەروەها لەبارەی پەیوەندییە ڕەخنەییەکەی بە مەدرەسە ناسراوە ئیسلامییەکانەوە، بۆیە بەرهەمێکی سەرەکییە، بە پێچەوانەشەوە سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی لەنێو کۆبەرهەمی ئەودا تەنیا لاوەکین (53).
د. ب. مێکدۆناڵد لە بەرواردکردنی غەزالیدا بە ئەلئەشعەری دەبێژێت، کە “ئەلئەشعەری بە سەلماندنی لۆگیکیانە بەرگری لە ئەقیدەگەری دەکات، وەلێ ئەلغەزالی بناغەی سەرجەم جەختیی ئایینی دەگەڕێنێتەوە بۆ موئایەشە لە ئێكستازدا”(54)، لێرەشدا گەرەکە لە ئێکستاز لای غەزالی وەک لەسەر-خۆ-نەمان، وەک تێپەڕینی حاڵلێهاتوو لە سنوورەکانی من-ی ئەمپیری بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت، تێبگەین.
وەلێ گەرەکە زۆر تایبەت جەخت لە واتای غەزالی بکەین وەک ئاڕاستەیەکی توێژینەوە لە تێکست کە ئەرگومێنتی ئاوەز بەهەند وەردەگرێت، بەمەش ئەو جیاوازە لە دانەوەی وشەیی قورئان و حەدیس کە ئەقیدەگەرایان یان وشەگەرایان (ی سەلەفی) پەیڕەویی دەکەن تاکو ڕێ لە گۆڕانی پەیوەندییە سەروەرەکانی هەنووکە بگرن و بەوەش دەسەڵاتیان بپارێزن. بە دیدی غەزالی هەر ئەرگومێنتێکی ئاوەز “ئێڤیدێنت” بێت (ڕوون و ئاشکرا شیاوی لێتێگەیشتن بێت) و بەو هۆیەشەوە “گومانی لێنەکرێت”، ڕەوایەتی بە دەرئەنجامگیری دەدات و ناشێت ئەرگومێنتەکان “هاوشێوەی سروشی خودایی، (…) بە هەڵە دابنرێن”، وەلێ گەر پرسگەلی نوێ هاتنە ئاراوە و پەیوەند پێیانەوە ئەرگومێنت و سروش “دژبێژیی یەکدی بکەن، ئەوسا دەبێت قورئان لە واتای خوازەییدا ڕاڤە بکرێت و لە پێناوی ڕاستییەکی قووڵتردا سیمبۆلییانە بخوێنرێتەوە”(55).
لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی غەزالی “هیوای بە خەڵاسێکی دەرەکی”(56) هەبوو، ئەوا پەلهاویشتنەکانی فەلسەفەی لەوێدا بە مەترسی دادەنا کە بنەڕەتەکانی ئایینی ئەویان بریندار دەکرد و سێ پرسیان دەگرتەوە: ئافراندنی خودایی، سروش و ژیانی پاش مەرگ. ئەو لەم ڕوانگەیەوە “دوژمنی فەلسەفە” نەبوو وەک سەرجەم. ئیسلامناس فڕانک گریفل لە زانستگەی یێڵ دەبێژێت: “هەرگیز غەزالی سەرجەمییانە حوکمی بەسەر فەلسەفەدا نەداوە یان ڕەتی نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە ئەو و کەسانی دیکە فێرکاری فەلسەفە بوون و بەمەش بناغەی ترادیسیۆنی ئەڕیستۆتێلییان لە کەلامی ئەشعەریدا (ئەمە مەدرەسەی سەروەری تیۆلۆگییە لە ئیسلامدا) ڕشت. سەرەتا کارەکانی غەزالی دەرفەتیان ڕەخساند کە بشێت فەلسەفە بەڕێی کەلامی ئەشعەرییەوە بکرێت بە پێکهاتەی هزرینی خۆیی”(57).
بێگومان غەزالی سەر بە دابی هزرینی ئێمەیە. لێرەدا ئەو پرسیارە لە بەردەمماندا زیتدەبێتەوە کە داخۆ چۆن ئێمە واتای ئەو بۆ ئەمڕۆ بنرخێنین. تێڕوانینە دیارهێنراوەکانی سەرەوە لەبارەی واتای ئەو وەک ڕێبەرێکی هۆشەکییانەی سۆفیزم و فەیلەسوفێکی بەواتای نێو مێژووی فەلسەفەی ئیسلامی، لەنێو جیهانی ئیسلامیشدا لەگۆڕێن و کارکردن لە هزری ئەودا هەر بەردەوامە، جا گەرچی لەوێ زۆر سوننەگەرایانە. وەلێ غەزالی بە دیدی ئێمە لە ڕووی پرسیاری مێتۆدەوە گرنگە، لێرەشدا لەبەر ئەوەی گومانی مێتۆدی لای ئەو لە ئامانجی هزرینی ئەو خۆی جیانابێتەوە، ئەوا هاوکات ناچار دەبین “ڕەخنەییانە” ڕەچاوی ئاڕاستە هۆشەکی-سۆفیستییەکەی بکەین. کەواتە خەریکبوونمان بە ئەوەوە بەم چەشنە دەبێت: “لەتەک” غەزالیدا “لەدژی” غەزالی.
ئێمە دەتوانین “لەتەک” غەزالیدا ببێژین: گومانی مێتۆدی پێشانمان دەدات کە سوننەگەری تەنیا دانەوەی ڕێکخراو یان ڕێکنەخراوی (هەڵڕێژراوی) ئەو نێوەرۆکانە دەهێنێت کە پێشتر ئۆبژێکتیڤییانە چەسپێنراون: دانەوەی تێڕوانینە هزرییەکان، ئاڕاستە ئەدەبی و هونەرییەکان، هەروەها بەرهەمهێنانەوەی جۆری کردار و ڕەفتاری نەوەکانی ڕابوردوو: باوکان، مامۆستایان، مەلاکان، لە هەمووشیان ستەمتر: بانگخوازانی وشەگەرا یان شت-پەرست، وەلێ هەروەها بەرهەمهێنانەوەی نووسەر و هونەرمەند و ئەکادیمییە قەدیمییەکان کە بەتایبەتی پەیوەندیی پێشوێنە-دەروێنە (لاساییکردنەوەی ئۆریجیناڵ) وەک بنەڕەتی هزرین و کارکردنی زانستی، ئەدەبی یان هونەری دادەنێن. گەر بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە تەنیا ئەو ڕەوشانە وەربگرین کە ئەمڕۆ بوون بە دیاردە و بۆیە ڕاستەوخۆ دەرکدەکرێن، واتا کارکردنە دەگمەنە باشەکان لە زانست و ئەدەب و هونەردا وەلاوە بنێین، ئەوا دەتوانین ببێژین:
مرۆڤان بەگشتی لە زارۆکییەوە دەخرێنە بەر خوێندن، کەچی تەنانەت دوای تەواوکردنی زانستگە ناتوانن دوو ڕستەی دروست بە زمانی دایک بئاخڤن و ئەم ڕەوشە هیچ پرسیارێکیان لا ناهێنێتە ئاراوە، جا گەرچی پرسیار لەو بەدڕەوشەی خۆیان بەواتایە بۆ لێرەبوونی سۆسیال و کارکردنی هۆشەکییان؛ مرۆڤان بەگشتی قسانی قوتی لەخۆڕازی دەکەن و دەخوازن بەدڵان بن، چونکە ناتوانن هاوشێوەی غەزالی لە “ڕیز دەر-بچن”، لە “نێو-ئەڵقەیی پەیوەندییەکان”ەوە بێنە دەرەوە و چیدی خۆیان وەک ئەڵقە دەرک نەکەن، بەڵکو دەرفەتی گەڕانەوە بۆ لای خۆیان بڕەخسێنن؛ مرۆڤان بەگشتی (ئەوە بێگومان گەر سوننەتیی ڕاستگۆ بن نەک دزی نووسراوەکان یان شەیدای دەرکەوتنی خۆیی بن و رواڵەتگەرایانە کۆششی بۆ بکەن) هەروا سانا تێکستەکان دەدەنەوە و نووسەرێتی یان هزرمەندیی خۆیان ڕادەگەیەنن، لە زانستگە بە کۆکردنەوەی سیتات (ئیقتیباس) و لەیەکدانیان توێژینەوەی ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکەن، وەلێ کارەکانیان بەدەرن لە “فۆرم”، واتا نەیانزانیوە لە نووسین و توێژینەوەدا فۆرم سەرەکییە نەک خۆهەڵڕشتن یان لەیەکدانی سیتات، کەواتە سازاندنی فۆرمێک خەمی پێشینەییە لە خەریکبووندا بە هەر پرسێکەوە کە کەس دەوروژێنێت و ئەویش خۆی لە قەرەی دەدات، ئەمەش بەواتای هیچ تۆمارکراوێکی سەر کاغەز ناونانرێت نووسین یان توێژینەوە گەر فۆرمی نەبێت؛ مرۆڤان بەگشتی لاساییگەرایانە ئیمانداری و بیروباوەڕیان ڕادەگەیەنن، هەروا سانا و لەخۆڕازی دەبێژن کە ئەوان موسڵمانن، مارکسیستن، کۆمونیست یان وجودین، لێرەشدا قورئان دەخوێننەوە و ناوێرن دیدێکی ڕەخنەیی ئاڕاستە بکەن، یان بۆ نموونە (لە هەمان بنەڕەتی مامەڵەکردنی سوننەگەرییەوە لەتەک قورئاندا) مانیفێستێکی ئەوروپی دەخوێننەوە و دەیکەن بە بنەڕەتی بڕوا و خەباتی پراکتیکییان، کەچی ناتوانن و نازانن بپرسن داخۆ ئەو مانیفێستە کە دوو ئەوروپی ئەوروپییانە نووسیویانە، چواندنی بۆ گرووپە ئێتنییەکانی دەوڵەتی عوسمانی هەبێت(58)؛ مرۆڤان بەگشتی دەنگیان خۆشە، هەڵبەستێک وەردەگرن کە ناخیان دەهەنگێوێت، ئەوجا بە ئاوازی دانراوی کەسێکی دیکە وەک ستران دەیچڕن، کەواتە ناتوانن لەنێو خۆیانەوە “سترانساز” (Liedermacher) بن و لە ئەمڕۆدا خۆیەتییان بە دەنگ و وشە بهۆننەوە. ئالێنگارییەکەی غەزالی سەرجەمی ئەم کایانە و گەلێکی دیکەش دەگرێتەوە. ئاخر ئەو بە تەحەداوە دەبێژێت: کێ گومان نەکات، بەدووی هیچدا ناگەڕێت، ئەوجا کێ بۆ شتێک نەگەڕێت، دەرکی هیچ ناکات، ئەوجا کێ دەرکی هیچ نەکات، ئەو کەسە لەسەر ڕێگەی چەوت دەمێنێتەوە (جا موسڵمان یان کەسێکی تەنراو بێت بە خەیاڵی خاوی کۆمونیزم – ئاخر ناتوانین پەیوەند بە ئەوانەوە لە کومونیست بدوێین). لەم ڕوانگەیەی غەزالییەوە خودمەئریفە گرنگترینی مەئریفەکانە، چونکە تێیدا سروشت و سنوورەکانی خودێتی ساغدەکرێنەوە.
وەلێ ئێمە دەتوانین لەدژی غەزالی ببێژین: کانت سەلماندنەکانی نەمریی دەروون و خودایەتی و لەتەک ئەمیشدا ئافراندنی جیهانی لەکارخست. ئەو لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا دادگەی بۆ خودی ئاوەز دانا و ئەوجا بۆ نموونە پەیوەند بە تیۆریی سەلماندنی خوداوە پێشانی دا، کە ئاوەز دەتوانێت بە تێزێک هەبوونی خودا بسەلمێنێت، وەلێ هەر خودی ئاوەز دەتوانێت بە ئەنتیتێزێک نابوونی ئەو بسەلمێنێت. ئاوەز دەخزێتە نێو ئەم دیالێکتیکەوە، چونکە لەنێو خۆیەوە بە پرسیار سەغڵەت دەکرێت، کەواتە لەبەر ئەوەی پرسیارەکانی لە دەرەوە نەهاتوون، ئەوا ناچارە وەڵامیان بداتەوە، لێرەشدا دەخزێتە نێو دەرئەنجاماندنی هەڵە و دژبێژیی لۆگیکییەوە(59).
بێگومان دەشێت بەرانبەر ئەم تێڕوانینە ڕەخنەییانە ببێژرێت کە غەزالی لەوبەر ئاوەزەوە ڕوانینی ئینتوئیتیڤ لە کایەی ترانسسێندێنت (نەشیاوی زانین) وەک توانستێکی تایبەت وەردەگرێت. وەلێ لایەنگرانی سۆفیزم هەرچۆنێک ئاپۆلۆگێتییانە، یان بە سۆفیستیک (سەفسەتە، بە هێزی وشە) هەوڵی ڕوونکردنەوەی ئەم تێڕوانینە بنەڕەتییەی غەزالی بدەن، هێشتا هەر لای ئەو “حاڵ”ی تێپەڕیو لە مەئریفەی زەینی لەگۆڕێیە، کە بۆ ئەو شیاوە، وەلێ بە دیدی ئێمە نەشیاوە. کاتێک فەرمان دەدرێت: “لەسەر خۆ بە!”، لێرەدا دەخوازرێت مرۆڤ لەسەرخۆ لە جیهاندا ڕەفتار بنوێنێت، چە خۆی و چە جیهان بەهەند وەربگرێت، بە پێچەوانەشەوە مرۆڤ لە حاڵی لەسەر-خۆ-نەماودا لە من جیادەبێتەوە و خۆی بە داڵغە دەبات بۆ نێو کایەی ترانسسێندێنت کە ئیدی لێرە ئاگایی من نامێنێت. وەک پێشتر بینیمان، غەزالی ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی من (نەفس) بە پێویست دادەنێت، تاکو من هەڵبووەشێنرێتەوە و لەکاربخرێت، ئەوجا مرۆڤ بچێتە نێو مەرگەوە (فەناوە) کە پێش مەرگی سروشتییە و دوایەمین پلەی حاڵی عیرفانییە. وەلێ، وەک یۆئاخیم ئێڕنست مایەر دەبێژێت، کەسی سەر ئەم ڕێگەیە کە وازی لە ژیانی نێوجیهانی و بەشداریکردنی زیندوو هێناوە، تەنیا خۆی وایدادەنێت کە ئێکستاز (لەسەر-خۆ-نەمان، حاڵ، چێژتن) “ئێڤیدێنس”ە، ئەمەش ڕەوشێکە کە مایەر ناوی دەنێت “فێنۆمێنی پسیکۆپاتۆلۆگییانەی نامۆبوون” (وەرگۆڕینی نەخۆشانەی ژیانی دەروونی) کە “وەک وەرگۆڕینێکی توخمی موئایەشە دەکرێت. (…) فێنۆمێنەکە وەک نزیککەوتنەوەی دازاین لە سنوور، وەک هاوشێوەی مەرگ دیاردەدات”(60). بەم شێوەیە فەنابوونی من وەک کوژانەوەی خودی هاوکات لەشەکی و هۆشەکی، کەواتە وەک پرۆسەی نامۆبوون (ئیغتیراب)، نەمانی زیندوویەتییە لە هەر موئایەشەیەکی من و جیهاندا. مرۆڤ توانستی ژیان وەک بەشداریکردن لە جیهاندا، وەک سۆسیالێتی و چێژتنی پێدراوە بەرجەستەکانی جیهانی کردەکی، لەدەست دەدات – لێیان نامۆ دەبێت. ئاخر ئەو گیرۆدەی ڕزگاربوونی خۆیەتی لە جیهانی کردەکی و کەوتۆتە نێو داڵغەی جیهانێکەوە کە لە بنەڕەتدا ترانسسێندێنتە، یان ڕوونتر لەتەک فۆیەرباخدا ببێژین، مرۆڤ کە دوایەکی (بمر) و ناکامیل و بێدەسەڵاتە، لە ناخیدا خۆزگەی نەمری و کامیلێتی، بەختیاری و یەکسانیی مرۆڤ دەپشکوێت، ئەوجا دەیەوێت خۆی وەک بمر لەو سروشتە ڕزگاربکات کە هەردەم بە مەرگ ژیانی ئەو ناهێڵێت. مرۆڤ لەتاو ئەم هەقیقەتە هەموو خۆزگەکانی دەخاتە نێو خودایەکەوە وەک بێدوایەکی، کامیل، ئەبەدی، بەتوانا بۆ هەر شت، کەواتە دەیپەخشێنێتە نێو خودێکەوە کە بەڕەهایی پێچەوانەی خۆیەتی(61)، لێرەشدا نەمری و ڕزگاریی ئەبەدییانەی مرۆڤ لە ئەودنیا پێشبینی دەکات.
کەواتە گەرەکە هاوکات پەیوەند بە ئالەنگارییەکەی غەزالییەوە بپرسین: ئایا گومان لە پێناوی چیدا؟ غەزالی کە سەر بە “دابی هزرینی خۆمانە”، دوای ئەوەی دەرکی دەکەین، زۆر تایبەت چە وەک وروژێن و چە وەک دەروو بەرمان دەکەوێت، چونکە ئێمەش کوڕانی / کچانی هەمان جڤاکی سوننەتین، جا با سەردەم ئاڵۆزتر و جیاوازتر بێت لەوەی ئەو. کەواتە دوای ئەوەی بەریەک دەکەوین، ئیدی ئێمە دەچینە نێو ئەو و ئەو دێتە نێو ئێمەوە. لێرەوە دەشێت گومانە مێتۆدییەکەی ئەو کەسێکی هزرکردووی پرسیارمەند ببزوێنێت کە بە خۆی ببێژێت: “ئەو وێرای ئەوها ڕادیکال بهزرێت، گومان بکات، منیش ئەو دەکەم بە نموونە”. سەرباری ئەوە هزرکردووی پرسیارمەند ناتوانێت بچێتە سەر ڕێگە هزرییەکەی ئەو، چونکە ئەمڕۆ پرسیاری ئاسایشی ناخەکی کە گەرەکە بە خۆگیرساندنەوەی سۆفییانە لە خودایەکدا بەدیبهێنرێت، کەسێتی بۆ نواندنی کرداری ڕەخنەیی و ژیانبگۆڕ گۆچ دەکات – ئاخر وەک گۆتمان ڕێگەبڕینی هۆشەکیی سۆفیانە بە نامۆبوون تەواو دەبێت. بە دیدی ئێمە واتای ئەمڕۆی غەزالی لە ڕەسەنێتیی ئەودایە بۆ ڕاستیخوازیی هزرین، لێرەشدا سەرەتا مرۆڤ فێر دەکات دەرکەوەرەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە، کەواتە واز لە لاساییکردنەوەی ڕەفتاری باوی باوک و مام و خاڵانی بهێنێت، زمانی ڕاهاتووی بۆ قسەی قوت ڕابگرێت، هەموو ئەو شتانە کە دەیانبینێت و دەیانبیستێت، سوێندیان پێدەخوات و خۆی لەسەریان بەکوشت دەدات، بخاتە ژێر پرسیارەوە، لەم ڕەوتەشدا سەرجەم هزرینی سوننەتییانەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و پێکهاتە بۆگەنکردووەکانی فڕێبداتە دەرەوە، تاکو بتوانێت فێرببێت و ئەوجا بزانێت چی لە پێکهاتە ساغەکانی بکات، یان چۆن ڕێکیان بخاتەوە، کە ئاشکرایە تەنیا خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مێتۆدانی دیکەی مۆدێرنەوە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت ڕەوتی هزرینی خۆیی دابخات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە تێگەی مرۆڤێتی لای ئەو دەبێت بە بنەڕەت، واتا ئەو تێگەیە کە لە سەرجەم جیهانی سوننەگەریدا لەگۆڕێ نییە و بەکارهێنانی تەنیا وشەیەکی ڕێزمانییە، یان تەنیا دانەوەی رواڵەتگەرایانەی هزر و پراکتیکە خۆرئاواییەکانە (“وەزارەتی مافی مرۆڤ”!). کەواتە هومانیزمێک وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ سوننەگەری کە نەهێشتنی (نەفیکردنی) ئیدیۆلۆگییانەی مرۆڤێتی و کردنی بە لاساییکەرەوە وەک باڵاترین ئامانجی خۆی دادەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو دەستوێژە ئیدیۆلۆگی (ئایینی) و پەروەردەییەکانی بەگەڕدەخات. بەکورتی: غەزالی دەکەین بە پسیکۆئانالیز وەک پێشپلەی زانست و فەلسەفە، یان بنیاتنانی خۆیەتی پێش نووسین و کارکردنی هونەری، بێگومان هەروەها کرداری هومانیستی لە جیهاندا.

————————————————————

پەراوێز..
1) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 5.
2) Ebenda, S. 42.
3) Ebenda, S. 43.
4) Ebenda, S. 43.
5) Ebenda, S. 9.
6) Ebenda, S. 43.
7) Ebenda, S. 10.
8) Ebenda, S. 10.
9) Ebenda, S. 10.
10) Ebenda, S. 43.
11) Ebenda, S. 44 f.
12) Ebendaa, S. 45.
13) Ebenda, S. 45.
14) Ebenda, S. 46.
15) Ebenda, S. 4 f.
16) Ebenda, S. 7.
17) Ebenda, S. 8 f.
18) Ebenda, S. 9.
19) Ebenda, S. 12.
20) Ebenda, S. 13.
21) Ebenda, S. 14.
22) Ebenda, S. 14.
23) Ayman Shihadeh, From Al-Ghazālī To Al-Rāzī: 6th/12th Century Developments in Muslim Philosophical Theology, in: Arabic Sciences and Philosophy, vol. 15 (2005). S. 143. Zitat nach Yusuf Kuhn: Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.
24) ڕێبازی ئیسماعیلی نزیکەی 765 ز. (148 ک.) لە ساڵی مەرگی ئیمام جەعفەر ئەلسادیقدا سەریهەڵدا. ئەمان بەهۆی ناکۆکییانەوە سەبارەت بە خەلیفەی ئیمام لە ڕێبازی شیعی جیابوونەوە. ئەمان گۆتیان ئیسماعیل کە کوڕە گەورەی جەعفەر ئەلسادقی باوکی و فاتیمە بینت حوسەین ئیبن عەلی ئیبن ئەبو تاڵیب ی دایکی بوو، (حەوتەم) خەلیفەی ڕەوایە نەک موسا ئەلکازمی زڕبرای. وەلێ ئیسماعیل لە سەردەمی ژیانی باوکیدا مرد، بەدووی ئەوەشدا ناکۆکی لەسەر پرسی ئیمامەت لەنێو شیعەکاندا سەریهەڵدا و هەندێکیان لە جەعفەر تەکینەوە، چونکە بە باوەڕی ئەوان ناشێت ئیمامی ڕاستینە درۆ بکات. سەرباری ئەوە گرووپێکی بچووک وای دانا کە ئیسماعیل لە ژیاندا ماوە، وەلێ باوکی لە ترسی کوڕکەی مەرگی ئەوی نادروست ڕاگەیاندووە و ئەوجا شاردوویەتییەوە، جگە لەوە ئیسماعیل نامرێت تا هەموو زەمین داگیر نەکات و نەبێت بە سەروەری مرۆڤان. بە هەر حاڵ، ئیسماعیلیەکان دەمەو کۆتایی سەدەی هەشتەم (دووەمی کۆچی) زۆر کاریگەر بوون و ساڵی 909 ی زایینی (296 ی کۆچی) خەلافەتی فاتیمییان لە تونسی ئەمڕۆ دامەزراند – وەک دوژمنی دەوڵەتی عەباسی، هۆی ئەم دوژمنایەتییەشیان دەگەڕایەوە بۆ پێشبینییان سەبارەت بە ئیمامی بێخەوش وەک ڕێبەری ئوممەت.
بڕوانە:
Enzyklopädie des Islams. eSlam.de

25) Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. S. 30.
26) سەبارەت بەم حەدیسە ئەلشازلی لە پەراوێزدا ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە حەدیسەکە لە هیچ کامی کۆکراوەکانی ئیبن فوراق، ئەلهەراوی و ئیبن قەییم ئەلغەوسڵیادا نییە، ئەوجا پێشنیار دەکات: “بۆ ئەم جۆرە حەدیسانە دەشێت خودی غەزالی بە سەرچاوە دابنرێت. جگە لەوە هەندێک پرس هەن کە هیچ تێکستێک لەبارەیان نەگەیەنراوە، بڕیاردانیش بۆ سازاندنی سەربەخۆی بۆچوون لەسەر ئەو پرسانە کێشەیەکی گەورەیە لە یاسای ئیسلامیدا. غەزالی لەم ڕەوشانەدا ئەرێنیی گەیشتنی سەربەخۆ بە بڕیار دەکات. ئەو بۆ ڕوونکردنەوە نموونەی ئاوەڵانی محەمەد دەهێنێتەوە کە لە لایەنی خۆیانەوە ئەبو بەکر بە دەسەڵاتداری لەبار دادەنێن و بە خەلیفە هەڵیدەبژێرن، جا گەرچی لەو بارەیەوە هیچ تێکستێک نەبوو. بڕوانە:
Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Anmerkung. S. 136.

27) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 35.
28) Ebenda, S. 18.
29) Ebenda, S. 19.
30) Ebenda, S. 20.
31) Ebenda, S. 20.
32) Ebenda, S. 21.
ئەلشازلی پەیوەند بەم سیتاتەی محەمەدەوە وایدادەنێت کە پێغەمبەری موسڵمانەکان بەو دەربڕینە “بڕوای میللیی خەڵک مەحکوم دەکات”، واتا ئەو بڕوایە “کە هەوڵ دەدات ئایینییانە تەئویلی فێنۆمێنەکانی سروشت بکات. ئەم ئاڕاستەیە کە غەزالی وەسفی دەکات، لایەنگرەکانی دەیانەوێت لەو حەدیسەوە کە وەک سیتات هێنراوەتەوە، دەربئەنجامێنن کە تەنە ئاسمانییەکان گوێرایەڵیی ویستی بۆ لێتوێژینەوە نەشیاوی خودا دەکەن و بۆیە بە مێتۆدە ئێزاکتەکان لێناتوێژرێنەوە” (Ebenda, S. 112, Anmerkung 78.).
33) Ebenda, S. 23.
34) Ebenda, S. 24.
35) Ebenda, S. 40.
36) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit, München 2008, zit. nach: Al-Daghstani, Reid: Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie, 144 f.
37) Ghazali, Abu Hamid Mohammad. Das Elexier der Glückseligkeit. S. 40. Zit. Nach al-Daghstani, a.a.O., S. 161.
38) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 146.
39) Ebenda, S. 151.
40) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 46.
41) Ebenda, S. 41.
42) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 153.
43) Ebenda, S. 153.
44) Ebenda. S. 153.
45) Ebenda. S. 154.
46) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 50.
47) Al-Daghstani, Reid a.a.O. S. 155.
48) Abu Hamid al-Ghazali, Der Erretter aus dem Irrtum. S. 47.
49) Ebenda, S. 47.
50) Joachim Nicolay (Hg.) Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. Santiago Verlag 2019. Raid al-Daghstani. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. S. 48 f.
51) Ebenda, S. 50.
52) Ebenda, 51 f.
53) Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali. Der Erretter aus dem Irrtum. Einleitung. S XX.
54) A. B. Macdonald, S. Artikel, in: Enzyklopädie des Islam, Bd. II, S. 155. In: Alschazli: Abu Hamid al-Ghazali a.a.O., S. XIX.
55) Schneiders, Thorsten Gerald: Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
56) Alschazli, a.a.O., S. XXXIII f.
57) Schneiders, Thorsten Gerald a.a.O.
58) لەم ڕوانگەیەوە گەر لەنێو کوردەکاندا چەند مارکسیستێک هەبن، دەبێت مانیفێستی خۆیان بنووسن، چونکە مارکس و ئێنگلس مانیفێستەکەیان پابەند بە گۆڕانی مێژوویی ئەوروپییەکانەوە بۆ خەباتی پرۆلیتاریی وڵاتانی ئەوروپا نووسیوە. ئەوان “وەک ئەوروپی” کاریان بۆ “خۆیان” کردووە. وەلێ ئێمە لەم پرسەدا لە سەردەمی تەنگژەی ئەخلاق و ژینگەدا یەکسەر بەر جیهانبینیی زەردەشت دەکەوین، چونکە ئەو جیهانبینییە لە کرۆکەوە ئێتیکە (ئەخلاقناسییە) و هاوکات سەر بە دابی هزریی کوردەکان خۆیانە. بێگومان کێشەکە لێرەدا ئایین نییە، بەڵکو گەرەکە کرۆکە ئێتیکییەکانی ئەو هزرە بهێنرێنە نێو دانوستاندنی مۆدێرنەوە لەبارەی سەرجەم بەدێتییە سەروەربووەکانی سەردەم: هزرینی نادروست، بێژتنی نادروست، کرداری نادروست. ئەوجا پرسیاری ژینگەپارێزی کە پرسێکی هەنووکەیی سەرجەم مرۆڤایەتییە، سەر بە ئێتیکی زەردەشتییە، کەواتە کوردەکان لە دابی دێرینی خۆیانەوە پێی ئاشنان. هەروەک هێرۆدۆت دەبێژێت: “هەرگیز زەردەشتیەکان تف ناکەنە نێو ڕوبارەوە. ئەوەندە ڕێزیان بۆ ڕوبار هەیە”. ئێمە زۆر ئاسان دەتوانین وشەی ڕوبار وەربگێڕین بۆ ئاو. بێگومان ئەم نێوەرۆکە زەردەشتییانە نەک تەنیا لە مانیفێستێکی بەو چەشنەدا کە ئاماژەمان بۆ دا، بەڵکو لە هەر هزرینێکی ئێتیکییانەی مۆدێرندا، واتای زیندوو وەردەگرن.
59) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان.
60) Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982. S. 45 f.
61) Feuerbach, Ludwig: Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie. S. 66, S.101.
سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Abu Hamid al-Ghazali: Der Erretter aus dem Irrtum. Aus dem Arabischen übersetzt, mit einer Einleitung, mit Anmerkungen und Indices herausgegeben von Abd-Alsamad Abd-Alhamid Elschazli. Hamburg 1988.
  • أبو حامد الغزالي: المنقذ من الضلال. موقع الطریقة القادریة – زاویة المكتبة الصوفیة القادریة
    سەرچاوەی لاوەکی:
    بە کوردی:
    گێرت هێندریش. فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. ڕەخنەی فەلسەفەیی فەلسەفە: غەزالی و پاشەوارانی. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. کوردڕاوم / کوردستانپۆست / دەنگەکان. سەرچاوە:
    Hendrich, Geert: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
    بە ئەڵمانی
  • Al-Daghstani, Reid. Al-Ghazali und die transzendentale Anthropologie. In: M.Karimi & M. Khorchide (Eds.), „Jahrbuch für Islamische Theologie und Religionspädagogik“, Band 4, Teil 1. Freiburg i. Br.
  • Al-Daghstani, Reid. Zum Verständnis des Todes in der islamischen Mystik: Die Lehre von fanāʾ. In: Joachim Nicolay (Hg.). Nahtoderfahrungen. Religion und Christlicher Glaube. Tagungsband 2018. 2019.
  • Enzyklopädie des Islams. eSlam.de
  • Feuerbach, Ludwig. Das Wesen des Christentums. Digitale Bibliothek Band 2: Philosophie.
  • Meyer, Joachim Ernst. Todesangst und das Todesbewußtsein der Gegenwart. Berlin, Heidelberg New York 1982.
  • Schneiders, Thorsten Gerald. Die Vertreibung der Philosophie aus dem Islam. Deutschlandfunk, Mittwoch, 13. Juli 2022.
  • Yusuf Kuhn. Über Vernunft und Offenbarung in al-Ghazālīs Denken.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish