Skip to Content

ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە لە جێگەیەک ناوەستێت.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە لە جێگەیەک ناوەستێت.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 29, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی یازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: پێشتر وا تێدەگەیشتم تەنھا مرۆڤە ناسکەکان دەتوانن خۆشەویستی بکەن!، پێش ئەوەی درەنگ بێت بیرم کردەوە دەشێ دڕندەکانیش بە کردەی خۆشەویستی ھەڵستن، کاتێک مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکانم خوێندەوە، جیاواز لە کرۆنۆلۆژیای خوێن و کابووس و کوشتن و دڵڕەقی، ئەوەی جێی راوەستان بوو بۆم خۆشەویستییە. تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە بەرامبەر خۆشەویستیدا ھەستیان بە لاوازیی کردووە. زۆرجار ژنێک دڵی دیکتاتۆرترین پیاوی ھێناوەتە لەرزین. لەم سۆنگەوە دەڵێم خۆشەویستی جادوویەکە دڵڕەقترین مرۆڤەکانیش ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن.
من: خۆشەویستی ھێزێکە توانای زاڵبوونی ھەیە بەسەر ھەر دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئینساندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستی لە مردن دەچێت، شا و گەدا ناناسێت، پلەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناناسێت، رەچاوی دۆخی سایکۆلۆژیی کەسیش ناکات، من دەتوانم لەوپەڕی نیھلیزمدا خۆشەویستی بکەم، دەتوانم لە رەوشێکی ھیپیستیدا بکەومە داوی خۆشەویستییەوە، یان تۆ دەتوانیت لە سەرەتای تەمەنەوە خۆشەویستی بکەیت، یان لە کۆتایی تەمەندا بۆی بگەڕێیتەوە، ھەر چۆنێک بیگریت مرۆڤ مەحکومە بە خۆشەویستی، دیکتاتۆرەکانیش دواجار ھەندێک ھەست و خەسڵەتی مرۆییانەیان تێدا دەمێنێتەوە تاکو بتوانن کەسێکیان خۆش بوێت.
خۆم: زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی تێکشکان لە پەیوەندییەکی سۆزدارییدا، دووچاری گرێی دەروونی بوون، ھیچ دیکتاتۆرێک نییە لە دنیادا ژنێک دڵی نەشکاندبێت یان ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ خۆشەویستی نەبووبێت. دەکرێت ئێمە ھاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئەگەر تێکشکانی عاتیفی نەبوایە ژمارەی دیکتاتۆر و ستەمکاران بەو ئەندازەیەی ئێستا نەدەبوو. مۆسۆلینی، ھیتلەر دوو نموونەی سوپەر دیکتاتۆرن، ئەگەر رۆبچینە نێو وردەکاریی بایۆگرافیایانەوە ئەزموونی تێکشکانیان لە رووی سۆزدارییەوە دەبینین. لەو باوەڕەدام تا خۆشەویستی لە ژیانماندا ھەبێت، ھەلومەرجی بابەتی بۆ دڵڕەقی و خەونی ستەمکاریی کەمتر دەبێتەوە.
من: ئەمەی تۆ دەیڵێت ھەر ئەو ئەنجامەیە “فرۆید” تیۆریزەی کردووە، کاتێک دەڵێت “خۆشەویستی وەکوو رەمەکی ژیان، ھەر لە سەرەتای ژیانەوە کاری خۆی کردووە، پاشان لە بەرامبەر ئەم غەریزەیەدا رەمەکی مردن دەرکەوتووە، لێرەشەوە مەتەڵەکانی ژیانمان بۆ روون دەبێتەوە”. مادام خۆشەویستی غەریزەی ژیانە، کەواتە دیکتاتۆرەکان دەکەونە دەرەوەی ژیان، ئەگەر لە دروشمی فاشیستەکانی ئیتالیا ورد بینەوە “بژی مەرگ”، ئەو فاکتەمان زۆرتر لەلا روون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی دیکتاتۆر بەرھەم بھێنیت، دەبێت سەرەتا مەرگپەروەر بیت نەک ژیاندۆست، ژیاندۆستییش بە دیدە فرۆیدییەکە واتە خۆشەویستی.
خۆم: کەواتە ئێمە چۆن دەتوانین نیشانەکانی خۆشەویستی لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا بناسینەوە؟. راستە سیستمی دیکتاتۆریی لەسەر دڵڕەقی و رەتکردنەوەی ژیان و خۆشەویستی راگیراوە، بەڵام ئایا ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکەسیش ھەروایە؟. ئایا مافمان ھەیە بانگەوازی ئەوە بکەین دیکتاتۆرەکان وەک تاکەکەسیش لە مانای خۆشەویستی تێناگەن؟.
من: ناکرێت دیکتاتۆرەکان تەجرید بکەین لە توخمی مرۆڤ، تەنیا ئەوەیە دیکتاتۆرەکان خۆیان بە نموونەی سوپەر و بوونەوەری خەیاڵئامێز و فریادڕەس نیشان دەدەن، ئەمە دیوی فەرمی و ئاشکرای ژیانی ھەر دیکتاتۆرێکە، دەشێ ئێمە دیوی ناوەوە و ئاسایی ژیانی ئەوانیش ببینین، کە وەک ھەر مرۆڤێکی تر شاد دەبن، پێدەکەن و دەگرین، تووشی تراوما دەبن، لەحزەی ناجیددیان ھەیە، سۆزیان دەجوڵێت. ھەر بۆ وێنە کۆچی یەکەمین ھاوسەری ستالین، “ئاکاترینا سڤاندێزی” لە ساڵی ١٩٠٧، نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسە، کاتێک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ستالین دەڵێت “تەنھا ئەم بوونەوەرە نازدارە دەیتوانی دڵە رەقەکەم ئارام بکاتەوە، ئەویش مرد، بە مردنی ئەو ھەموو ھەست و نەستم بەرامبەر بە مرۆڤ نامێنێت”. پاشان دەستی راستی لەسەر دڵی دادەنێت و دەڵێت “ناتوانم چیتر ھەستم دەرببڕم”. ئەمە ھەمان ئەو ستالینەیە بیست ملیۆن مرۆڤی کوشت و توانی سەربکەوێت بەسەر نازیزمیشدا.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی و مردن دوو رووداوی ھاوبەشن لە ژیانی ھەر مرۆڤێکدا. خۆشەویستی ھەروەک مردن ھیچ کات نافەوتێت. جارێک “پاولۆ کۆیلۆ” وتی “خۆشەویستی تاکو سەر دەمێنێتەوە، ئەوەی دەگۆڕێت خودی مرۆڤەکانن” بە تێگەیشتن لە خۆشەویستی و کاریگەریی ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا گەیشتمە ئەو بڕوایەی خۆشەویستی لە مردن بەھێزترە، چوونکە وامان لێدەکات ژیانمان پووچ نەبێت، یان ھۆکارێکمان دەداتێ بۆ بەردەوامبوون لەسەر ژیان.
من: وەک خۆم لە ژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی ئەوسادا، لە سەرەتای لاویدا دەمووت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان پێویستە جیھانێکی باشتر دروست بکەین بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانە، ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕێکی رادیکاڵ بووم، دوای پووکانەوەی ئەو خەونە گەورەیەم، بەرەو رێگە “نیتچە”ییەکە خزام کە “ئەگەر نەتتوانی ژیانێکی شایستە بژیت ئەوە مەرگ ھەڵبژێرە”. زوو لەمەش ژیوان بوومەوە، ھەنووکە دەڵێم کوالێتی ژیانت ھەر چۆنێکە تەنھا خۆشەویستی ھەڵبژێرە، ئەوەی واتایەک بە ژیانمان دەبەخشێت خۆشەویستییە ھەر ئەویش لەمەرگ دەمانپارێزێت.
خۆم: ئامۆنز، لە شیعرێکیدا دەڵێت “پەیوەندیم بەدنیاوە خۆش نەبوو.. سەرەتا شتێکم نەبوو لەوەی دنیا دەیەوێت.. دواتر دنیا ئەو شتەی نەبوو کە من دەمەوێت”. ئەو کاتانەی خۆشەویستی ھەبوو من سەرقاڵی کارێکی تر بووم، با بڵێم ئەو کاتەی خۆشەویستی لە بەردەم دەرگامدا بوو، من لە پەنجەرەوە بۆ نیگارێکی ترم دەڕوانی، ئەمێستاش دنیاکەی من ئەو خۆشەویستییەی تێدا نەماوە من دەیخوازم. خۆشەویستی ھاتۆتە خوار حەزیشەوە، بووە بە درۆ و پاساوێک بۆ بەڕێکردنی چەند شەوێکی سوور.
من: تۆ دەبێت تێبگەیت ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە، لە جێگەیەک ناوەستێت، خۆشەویستی ھەروەک جوانی وایە، بە پێی سەردەمەکان پێناسەکانی دەگۆڕێت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بە جێگیریی دەمێنێتەوە.
خۆم: خۆشەویستی شتێکە قابیلی دەستکارییکردن نییە، یەک سیمای ھەیە بە درێژایی مێژوو، ئەوەی دەگۆڕێت تێڕوانینی ئێمەیە بۆ ئەو چەمکە. ئێستاش خۆشەویستی بچووک کراوەتەوە بۆ بەریککەوتنی دوو جەستە. ئەمە دیاردەیەکی نامۆی ھاوچەرخە.
من: ھەمیشە دەمگەڕێنیتەوە چوارگۆشەی یەکەم و باسی بابەتی رۆح و جەستە. فیساگۆرسییەکان پێیانوایە رۆح لە جەستەدا بەندە، تەنھا لە کاتی مردنی جەستەدا ئازاد دەبێت!!, ئەوان جیا لەوەی بڕوایان بە دۆنادۆنی رۆحە، لە ھەمان کاتدا جەستە بە شتێکی پووچ دەبینن، لەبەرامبەردا “میرۆلۆپۆنتی” پێداگریی دەکات بوونی مرۆڤ بەستراوەتە بە بوونی جەستەوە، لە دەرەوەی جەستە ئینسان لە ئارادا نییە. ئەگەر گریمان رۆح ھەیە، خۆشەویستی تەنھا دیاردەیەکی رۆحی نییە، بەڵکو جەستەیشە، بەریەککەوتنی جەستەکان بە تەنیا لە خۆشەویستیدا مانای ھەیە، تۆ خۆشەویستی لەگەڵ من بکەیت، ناتوانیت جەستەی خۆتم لێ دوور بخەیتەوە، ئەگەر واتکرد ھێشتا لەنگییەک ھەیە و پەیوەندییەکە ماوێتی ببێتە خۆشەویستی.
خۆم: ھەمیشە ئەوەی لە پێکگەیشتنی جەستە دەسڵەمێتەوە ژنە، چوونکە دڵنیا نییە ئەو پیاوەی لە ژێر ناوی خۆشەویستی پەیوەندیی لەگەڵ دەگرێت، تەنیا خوازیاری پەیوەندیی جەستەییە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە دنیای ئەو ژنە.
من: ئەوە راستە پیاوی ئێمە تەنھا بە چاوی لەش ژن دەبینێت، ھەمیشە سەرنجی دەچێتە سەر جەستەی ژن و وەک نێچیرێکی سێکسیی سەیری دەکات، ناتوانێت خۆشی بوێت بەڵکو حەزی لێ دەکات!، حەز شتێکە زۆر لە خوار خۆشەویستییەوە، بە حاستەم پیاوێک ھەیە لە جیھانی ژن تێبگات، لە خەسڵەتەکانی ژن حاڵی ببێت، تاکو پیاو لە ژن تێنەگات ناتوانێت خۆشی بوێت، ھەر کات توانی لێی تێبگات پاشان خۆشی بوێت، ئەوسا پەیوەندیی جەستەیی بە ئۆتۆماتیکی روودەدات!، بۆیە ھەمیشە ویستوومە لە پێشدا لە ژن تێبگەم ئینجا خۆشم بوێت.
خۆم: کێشەکە ئەوەیە فەلسەفەی چێژگەرایی بووە بە بەشێک لە تێڕوانینی پاتریارکی، ھەمیشە پیاو وەک سەرچاوەی لەزەت لە ژن و ژیان دەڕوانێت. ئەمە ھەر ئەوەیە “لینین” رکی لێی دەبووە و بە ئاکاری بۆرژوازیانەی لە قەڵەم دەدا.
من: سەرەتا خودی لینین وەک دیکتاتۆرێک تێڕوانینەکەی لە ژێر پرسیار و گوماندایە، لە باری کرداریشەوە ئەزموونی پێچەوانەی قسەکانی خۆی پیادە کردووە. سەبارەت بە چێژگەرایی ئەوە بناوانێکی فەلسەفی دێرینی ھەیە، فەلسەفەی “ئەبیکۆریزم”ی چاخی ھێلیسنتی وەھا سەیری ژیان دەکات، تەقەلا و کۆششی مرۆڤە بۆ مسۆگەرکردنی ئەندازەیەکی زۆری چێژ. چێژگەرایی ھەر رەھەندی سێکسوالێتی ناگرێتەوە، ئەگەرچی سێکسیش یەکێکە لە سەرچاوەکانی چێژ و ژیاندۆستی، بەڵام ھەموو چێژەکانی ژیان لە خۆ ناگرێت، سەلمێنراوە ئەوانەی قێز لە سێکس دەکەنەوە جیا لەوەی لە رووی دەروونییەوە ساغڵەم نین و کەسایەتییەکی سیکۆپاتیان ھەیە، لە ھەمان کاتدا تا راددەیەکی بەرز مەترسیدارن، چون ئەوان ھەمیشە تابووری نوستووی ھەموو ھێزە مەرگدۆست و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانن.
خۆم: لە دوای شۆڕشی پیشەسازیی و باڵابوونی سیستمی کاپیتالیزم، جەستەی ژن بووە بە کاڵا و ماتریاڵێکی ھەرزانی بزنس. سەیری ئەو ھەموو مافیا جۆراوجۆرانە بکە چۆن سەرمایەگوزاریی بە جەستەی مێینەوە دەکەن.
من: قسەی ئێمە لەسەر تێگەیشتنە لە جەستە، پێشتر جەستە بابەتی توێژینەوەی پزیشکی بوو، بەڵام ئێستا ماتریاڵی توێژینەوەی دەروونی و فەلسەفیشە، راستە ئێمە خۆمان لە رووی بایۆلۆجییەوە خاوەندارێتی لە جەستەی خۆمان دەکەین، بەڵام بە مانای ئەوەش نییە جەستەمان لە رووی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە لە بن دەستی خۆماندا مابێتەوە، بەو پێیەی جەستە ھەمیشە پەروەردە و سیستم کڵێشەی جەستەمان بەو جۆرە رەنگ دەکەن خۆیان دەیانەوێت.
خۆم: ژنانی ئێمە لە جەستەی خۆیان دەترسن، بۆیە ھەمیشە خۆشەویستی وەک پێدراوێکی رۆحی وەردەگرن، رەنگە ئەو ترسە زۆر لە جێی خوێدا نەبێت، بەڵام لەو دەرئەنجامانە دەسڵەمێنەوە کە لە کاتی ئازادکردنی جەستەدا دێنە ئارا.
من: ژنی ئێمە لە بواری بایەخدان بە جەستە و ماکیاژ و نەشتەرگەریی جوانکاریی، تووشی درمی مەسرەفگەرایی بووە، بەڵام نازانێت فەلسەفەی ئەو بایەخدانە بە لەشولاری لە کوێدایە. کاتێک گوێی بۆ دەگریت، باسی بۆشایی رۆحی خۆی دەکات، ئەو رۆحەی من زۆر بە گومانم لێی، تێناگات بەڵاکە بۆشایی رۆحی نییە، بەڵکو ئەوەیە فێر نەبووە چۆن جەستەی ئازاد بکات، یان ئازادانە مامەڵە بە جەستەی خۆیەوە بکات، ناچار بە دوای بەھانایەکی تردا دەگەڕێت لە دەرەوەی جەستەی.
خۆم: کەواتە چارەسەری ھەموو شتێک خۆشەویستییە. تەنانەت ھەموو ترسێک بە خۆشەویستی لەناودەچێت. ئەمە ھەمان ئەو گەوھەرەیە ھەمیشە “ئۆشۆ” پێداگریی لەسەر دەکات.
٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: سیانزە و پێنج خولەکی نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish