Skip to Content

کورتە چیرۆک\ ماچی کچە عەجەمەکە.. جەلال قادر

کورتە چیرۆک\ ماچی کچە عەجەمەکە.. جەلال قادر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 26, 2023 General, Literature

لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان جاحێڵ بووم حەزم چووبووە کچە عەجەمێک، ڕۆژانە لەناو باژێری- شارۆچکەی (نەغەدە) دەمبینی و دەردە دڵی خۆم بۆ بەیان دەکرد.
كیژێکی باریکەلانە و چاوڕەشی لێو باریک و خوێن شیرین بوو، بە بێ ئومێدییەوە دەیگووت : زەحمەتە ئێـمە بۆ یەکتربین، ماڵەوەمان ڕازی نابن بمدەن بە کوردی ئێراقی.
سەرەڕای بێ ئومێدبوونم، کەچی ڕۆژانە لەبەردەم دوکانێکی شەربەتفرۆشی سێ چوار کاتژمێر ڕادەوەستام بۆ دیدەنی نیگای ئەو پەرییە شۆخ و شەنگە.
شەربەتفرۆشەکە گەنجێکی گەنم ڕەنگ و قسەخۆش بوو، کە منی دەبینی دەیگووت : لەوەتەی ئەو کچە عەجەمە بێرە تێدەپەڕێت ڕزقم زیادی کردووە.
هەندێکجاریش بە ئەنقەست گۆرانیەکی حەسەن زیرەکی دەهاویشتە سەر زەبتەکەی :
نەسیحەت بێت بۆ دڵداری
عاشق نەبن بە ڕێبواری

کاتێک سێبەری ئەو پەرییە دەردەکەوت، دەپۆشۆکام و ئاگام لەخۆم نەدەما. دەمزانی ئەویش دڵی پێمەوەیە، جارجار ئاوڕی لێدەدامەوە و ئیشارەتی دەدامێ، لی ئەفسووس کە ئێمە لە دوو شوێنی جیاواز لەدایک بووبووین.
لە پاش چوارپێنج مانگ بڕیارمدا ئەو شارە بەجێبهێڵم، بڕیارمدا دوا سەردانی گەڕەکی کچە عەجەمەکە بکەم، ئەگەر بینیم ماچێکی مزری بکەم ئینجا ماڵئاوایی لێبکەم.
کاتێ نزیک بە ماڵیان بوومەوە، شۆک بووم، پەرییم بینی بە کراسی بووکێنی، دەست لەناو دەستی زاوا سواری ئۆتۆمبیڵیکی سووری کەشخە دەبوون.
خەریک بوو مێشکم بتەقێت، لە ئیرەییە سەرم لێشیوابوو. لەم کاتە، لە پڕ گوێم لەدەنگی چەند لاوێک بوو دارێکی ئەستووریان ڕادەکێشا بۆ سەر شەقامەکە، بەدەنگی بەرز دەیانگووت : ڕێ لە بووک و زاوا دەگرین تا بەخشیشێکی باش نەدات ئیزنی نادەین تێپەڕێت.
ئەم کردەوەیەم پێخۆش بوو، منیش بەدڵ و بەگیان هاوکارییانم کرد و کاریتەکەم لەگەڵیان ڕاکێشاو ناوەڕاستی جادەکەمان گرت.
ماشێنی بووک و زاواو کەسووکاری گەیشتە بەردەممان. سەرەتا زاوا بە قسەی خۆش و پاڕانەوە هەولیدا بەربەستەکە بشکێنێت، لەگەڵ گەنجەکان شانماننا بە شانی یەکتر، ئیزنی زاوامان نەدا ڕێگاکە ببڕێت.
زاوا ناچاربوو دەستی خستە گیرفانی بڕێک تمەنی دا بە گەنجەکان، ئەوان دوور کەوتنەوە، خۆم بە تاق و تەنها لە سەنگەر مامەوە، چەند جارێک زاوا پاڵی پێوەنام، وەک بەرد لە شوێنی خۆم چەقیم. دووبارە ناچاربوو دەست بنێت بە گیرفانی بڕێک پوولی پیشاندام، وەرمنەگرت.
بە تووڕيییەوە، یەخەی گرتم و هاورایکرد : هەی ئاژاوەچی، چت لێم دەوێت؟

  • ماچێکی بووکە…
    قۆڵمی تووند گرت و گووشی و بایدا و خۆشی لەگەڵ سووڕاند، کەوتمە بەر پێی. نەمکردە نامەردی هەردوو ڵاقیم گرتوو بەزەوییدا و لەبنی خۆمنا، هاواری لێ هەڵسا، توومەز سەر ئەژنۆم بەر گوونی کەوتبوو.
    لەم کاتە بووکە وەک ناوبژیوان دەستی نەرمی خستە سەرشانم و وتی ؛ ئەتۆ شێت بوویتە.
    یەکسەر وەڵامیمدایەوە ؛ ماچێکم دێ ڕێگاتان بۆ واڵا دەکەم.
    زاوا کە هێشتا ئاخ و ئۆفی ژانی گونی بەری نەدابوو، هاواریکرد بەسەر بووک: ماچێکی بەرێ با لە کۆڵمان بێتەوە.
    بووکە لە جێی خۆی وەک پەیکەر ڕاوەستا. لە سەرخۆ و بە جوانی و مهرەبانی لێی نزیک بوومەوە. ماچێکی مزرم کرد. خێرا وەک فیشەکە شێتە، بێئەوەی ئاوڕ لەدوای خۆم بدەمەوە، چووم بە ئاسمانەو ونبووم.
Previous
Next
Kurdish