Skip to Content

سیمبول، زمان و تەکنیک لە ڕۆمانی “ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم”… د. گۆران سەباح

سیمبول، زمان و تەکنیک لە ڕۆمانی “ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم”… د. گۆران سەباح

Closed
by ئایار 24, 2020 General, Literature


بە بیست و دوو هەزار وشە، ڕۆماننوس ئارام محەمەد، ئازارەکانی چل ساڵی “سەفین سەلیم’مان بۆ دەگێڕێتەوە. ئازارەکانی سەفین مێژووی ئەزموونی کوردمان بیر دێنێتەوە؛ مێژووێک نەوەی نوێ نایزانێ و هی کۆنیش لە بیری چووە. وەک چۆن سەفین بە منداڵی قسە دەکات و لە بیری دەچێ، گەلی کوردیش خێرا دەربەدەری و نەهامەتی و دڕدۆنگی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕەپەڕینی بیر چووەتەوە.
ئازارەکانی سەفین فێری دیوە زانستی و ئەفسانەییەکانی پێکەنین و گریانمان دەکەن، ئاشنامان دەکەنەوە بە پرسیاری بوون و مردن، وەڵامی سەتان پرسیار دەدەنەوە لەمەڕ شۆڕش و خەباتی کورد، گرنگترینیان، “کێ کردی و کێ خواردی؟”
سەفین و سەدای خوشکی دەبنە قوربانی خەبات و شۆڕش. سەلیمی باوکیان دەست لە خێزانی، بەتایبەتیش سەدا، هەڵدەگرێ تا خزمەتی شۆڕش بکات. سەدا دەست و قاچی نییە و بەس پێدەکەنێ. هەست و سۆز و بیرکردنەوەی سەدا بێ سەروبەر و کاڵفامن. ئەم کارەکتەرە سیمبولێکە لە پشتییەوە نوسەر پێمان دەڵێت زۆرینەی نەوەی دوای ڕاپەڕین، لە ڕووی بیرکردنەوە و هەستەوە، وەک “سەدا”ن.
سەلیم لە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی ناو شاردا شەهید دەکرێت، ماڵی چەند جار تاڵان دەکرێت و دەسووتێنرێت. سەفین کەمێک هیوای بە ڕاپەڕین دەبێ، بەڵام هێندەی نابا خۆزگە بۆ سەردەمی پێش ڕاپەڕین دەخوازێت. کاربەدەستانی وڵات هەموو شتێک ئاودیو دەکەن، بەڵگەنامە و یادگارییەکانی خەباتیش دەسووتێنن.
سەفین دڵی خۆشە بەوەی بەرپرسێک “مۆزەخانەی شۆڕش” دەکاتەوە بۆ پاراستنی کەلوپەل و بەڵگەنامەکانی شۆڕش. بە خۆشباوەڕی خۆی شتەکانی باوکی پێشکێشی مۆزەخانەکە دەکات، بە پرینتەرەکەشەوە، ئەو پرینتەرەی سێ کەسی لەسەر دێتە کوشتن تا بگەیەنرێتە شاخ. بەرپرسەکە ئەوەی پارەی بکات ئاودیوی دەکات، ئەوەشی نایکات دەیسووتێنێ، دەستیش بەسەر باڵەخانەی مۆزەخانەکەدا دەگرێت.
بەری خەباتی باوکی، ئازارەکانی سەفین لە بەندیخانە و گەڕانەوەی لە پەتی سێدارە و مردنی دایکی و خوشکی جگەرەفرۆشتنە. بۆ بژێوی ڕۆژانە، کوڕی شەهید دەبێتە زێراب پاکەرەوە، کرێکار و کاسب، دایکیشی نانکەر. ئەوانەی ماڵیان سووتاند و باوکیان بە کوشتدا بەری شۆڕش دەخۆن.
نوسەر بە چڕی ڕووداوەکانی ژیانی سەفین لە ١٩٨٩-١٩٩٢ تۆمار دەکات. گەنجانی کورد، بە تایبەتی ئەوانەی لەو ساڵانە و بە دواوە لە دایەک بوونە، دەبێ بەلانی کەم سێ جار ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە.
یەکەم جارە گەنجە-نوسەرێکی کورد بە زمانێکی سادە و دەوڵەمەند کاریگەری و دەرهاویشتەکانی ڕاپەڕین لە ڕۆمانێکدا تۆمار بکات. هەرچەندە جارجار دەمی ڕابردوو و ڕانەبردوو تێکەڵن، بەڵام بە گشتی بە کوردیێکی پوخت و سەلیقەیەکی ئەدەبی، نوسەر ڕۆشنبیرمان دەکات بە ئازارەکانی پێش و پاش ڕاپەڕین. سەفین بەهۆی ئازارەکانی شۆڕش و دوای شۆڕش داهاتووی دەفەوتێ، کۆڵ دەدات و هەموو تاقەتی لە جگەرەفرۆشتن بەبا دەدات.
زمانی ڕۆمانەکە سادەیە. خوێنەر دەتوانێ بەیەک دانیشتن هەمووی بخوێنێتەوە. فەلسەفەی زمان لە سادەییەکەی دایە، کەم ڕۆماننوس هەیە بتوانێ بەو زمانە بنووسێ. ئەوەی بە زمانێکی پڕ لە ئاڵۆز و گرێ دەنووسێ، بێ متمانەیی و خەوشی زمانەکەی پێ دەشارێتەوە. داخ ئەوەیە لە فەزای ڕۆمانی کوردیدا چەند ئاڵۆز بنوسی ئەوەندە گرنگی. لای بژاردە و خوێنەری کورد گرنگی و باشی ڕۆمان لەوەیە کەس تێی نەگات. ڕۆماننوس، ئارام محمەد، گرێی ڕۆمانەکە هێدی هێدی دەکاتەوە بێ ئەوەی زمانی وتار و پڕوپاگەندە بەکار بێنێت، ئەمەش جیای دەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی تر.
“ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم” سیمبولێکە بە شانازینەکردن بەو هەموو خەباتە. کوڕە شەهیدێک لەو هەموو ساڵە ڕۆژێک نییە شانازی پێوە بکات. لەوانەیە ژیانی سەفین و سەدا لەوپەڕی سادەیی و خۆشیدا بووایە، گەر باوکی هەر کوشنچی بووایە و تەداخولی سیاسەتی نەکردبا و بۆ کورد تێنەکۆشابا. سەلیم لە نامەکانیدا زۆر شانازی بە کارەکانییەوە دەکات، لێ مخابن سەردەمی دوای شۆڕشی نەبینی، چۆن ماڵباتەکەی دەکەونە دەستی چەتە و مافیاکان. بێ لەوەش، شەهیدبوونی باوکی دەبێتە گرفت، لەبەر شانازیکردن بە خەباتی باوکی، ژیانی دەکەوێتە مەترسی و چەتەکان دەیانەوێ بیکوژن.
نوسەر لە ڕێگەی دیالۆگی درێژ، نامە و لەبەرخۆدووان ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. خۆ باشتر دەبوو گەر دەرەقەتی دیالۆگ هاتبا و کورتی بکردایەتەوە. هەروەها، نوسەر تەکنیکی ئەڵماسی بەکار هێناوە، واتە کۆتایی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە سەرەتا. تەکنیکێکی باشە و لە بواری نوسینی فیچەری ڕۆژنامەوانیدا بەکار دێ. هەروەها تەکنیکی چیڕۆک لە ناو چیڕۆکی بەکار هێناوە، ئەمەش کارەکە جوانتر دەکا. سەرەتای ڕۆمانەکە بە حیکایەتخوان دەست پێدەکا، دەیەوێ لە ڕێگەی چیڕۆکەوە ژیانی سەفین بگۆڕێت، هەرنا، ئومێد و خۆشویستیی ژیانی بۆ بگەڕێنێتەوە. لە هەمان کاتدا، فیلمسازێکی بیانی دەیەوێ ڕووداوەکانی کوڕە شەهیدەکە لە دۆکیومێنتەریەک پێشانی دنیا بدات، بەڵام دەسەڵات ڕێگە نادات و بیانییەکە دەستگیر دەکەن، نەبادا شتیان لەسەر ئاشکرا بکات لە ڕێگەی چیڕۆکی ژیانی سەفین و سەلیمی باوکی.
لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، حیکایەتخوان بە چیڕۆک ژیانی سەفین ئاوەژوو دەکاتەوە و دڵخۆشی دەکات. دەیەوێ لە ڕێگەی خەیاڵەوە تاکی سەقەتی کوردی، کە بەرهەمی ڕاپەڕینە، چاک بکاتەوە. چیڕۆکەکەی شێرزاد باس لەوە دەکات سەفینی کوڕە شەهید خوێندن تەواو دەکات، سەدای خوشکی چاک دەبێتەوە و قاچی بۆ دروست دەکەن، ئەو ژیانە دەژین سەفین خەونی پێوە دەبینی. بەڵام کاربەدەستانی وڵات خەیاڵیشی پێ ڕەوا نابینن، وێڕای لەباربردنی خەونەکانی، خەیاڵیشی گەوج دەکەن.
”ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم،” لە لایەن خانەی نوسیار لە سەرەتای ئەمساڵ (٢٠٢٠)دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. چوارەم ئەزموونی ئارام محەمەدە. تا ڕۆمانەکانی تری نوسەر نەخوێنییەوە (سەمای سڕبوون، خەوتوو، مەرگی مێژوونووس)، نازانی نوسەر چەندە پەرەی بە بوار و تەکنیکی نوسیندا داوە.

———————————————

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نوسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی *(شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نوسیندا.

Previous
Next
Kurdish