Skip to Content

فلاشباک..8.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..8.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 24, 2021 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی هەشتەم

دیسان ئەمڕۆش، بە رەشبینییەوە لە خەو رادەچڵەکم، دەستم خستۆتە ژێر چەناگەم و سەرم بەسەر کتێبێکدا شۆڕ کردۆتەوە، دەخوێنمەوە بێ ئەوەی بزانم ئەمە چ سوودێکی هەیە؟. ئیرەیی بەوانە دەبەم کە مردوون. چوون مەرگ بۆ رۆژگارێکی پڕ کوێرەوەریی وەک ئەمڕۆ کە تەمی شەڕ ئاسمانی گرتووە رزگارەکە. مەرگ رزگارەکە. هەر چەند بیر دەکەمەوە، هۆیەک نابینم، وەک ئەو خەڵکە گەشبین بم، ئامڕازێک بۆ گەشبینی شک نابەم، جگە لە درۆ. “کۆڵن وڵسن” باس لە داڕووخانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ دەکات و پێیوایە هەموو شتێک بەرەو خاڵی پایانی خۆی دەڕوات. ئیدی هەموو شتێک لە کۆتایدایە. دڵنیام رۆژێکی دوور نییە کە مرۆڤ لەسەر زەوی وەک دەیناسۆرەکان ئینقراز دەکات. بەڵام لە پاش چی؟. لە پاش ئەوەی گەردوون وێران دەکات، وەک درێغیشی نەکردووە.
تۆ سەیری ئەم دنیا پووچە بکە، سامانی 130 کەس لە ئەمەریکا، هەموو کیشوەری ئەفەریقای پێ دەکڕدرێت!. سەیر بکە ساڵانە رۆژئاوای لانکەی هیومانیزم و لیبرالییەت و بازاڕی ئازاد، سەدەها هەزار تۆن دانەوێڵە و گەنم، نغرۆی ئۆقیانووس دەکات، کەچی لە رواندا و تانزانیا و کیشوەری رەش، مرۆڤ لە بێ نانی دەمرێت لە برساندا. تۆ سەیری “شەپۆلی سێیەمی ژیاری مرۆڤایەتی”یەکەی تۆفلەر و “کۆتایی مێژوو”ەکەی فۆکۆیاما بکەن، چۆن دنیای لە ئاشوبێک هەڵکێشاوە لە ئەفسانەی “بابلی”شدا نموونەی نەبینراوە. ئەمە ئەو رۆژگارەیە “نزار قەبانی” باسی دەکات، کە برسییەکان ددانیان لە مانگی چواردە گیر کردووە، چوونکە شێوەی لە نان دەچێت.

بە بڕوای من، دەسەڵات لە پشتی گەشبینییەوەیە، گەشبینەکان بیانەوێ و نەیانەوێ خزمەتکاری سیستمی کۆن و داڕزیوی حکوومەتەکانن. ئێستا من لە حاڵێکدام کە “ئەدگار ئالان پۆ” هەمیشە دەیووتەوە “پڕاوپڕم لە ئازار و ترس و پووچی”. من لێوانلێوم لە نهێلیزم. خەڵک چۆن بیر ئەکاتەوە با بیکاتەوە، چوونکە رقم لەو شتانەیە کە زۆرینەی خەڵک بڕوایان پێیەتی و پیادەی دەکەن، من ئەنتی کەلتووری باڵادەستم، رقم لەو مێگەلییەیە کە بەرهەمی ناسیۆنالیزمی شوانکارەی کوردە. من رقم لەو ژیانەشە کە بەشایی و هەلهەلە دێیتە ناوی و بەشین و رۆ رۆ لێی دەردەچی، وەک “حەسار”ەکەی “شێرزاد حەسەن”، “من بە هەلهەلەی شایی هاتمە ناو حەسار، بەڵام دەبینن بە وەلوەلەی شین لێی دەچمە دەرێ”. ئای خودایە لە جوانی “حەسار و سەگەکانی باوکم”.

چەند سەختە ئێمە لە وڵاتێکدا مەحکوم کراوین بە ژیان خوێنی پەپوولەی تیا دەڕژێ و سەرچۆپی مەرگی ناسکیی تیا دەگیرێ، کەچی لەولاوە خێڵی جنۆکە فەرشی سوور لەبەرپێیان رادەخرێ!. ئەوەتا من بەو تەمەنە کورتەی هەمە هێندەی هەزار ساڵ ئازارم بینیوە و وام لێهاتووە لە رووی دەروونییەوە بوومەتە کەسێکی ماسۆشی، چێژ لە ئازار و خەمەکانم وەرئەگرم چوونکە خەم و ئازار پانتایی ژیانمی داگیر کردووە. خەمی من بۆ نان نییە، ئەگەرچی خەمی نان هێشتا خەمی زۆرینەی کۆمەڵگەیە، خەمی من کڵۆمدانی خەون بینینە. خەونی من، لوتکەی ئازادییە نەک قەفەزی ئاسنینی کەلتور و ئاین و سیاسەت و دەسەڵات. لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم وەک چۆن خولە شێت وڕێنەکانی خۆی لەسەر کارتۆنە جگەرە ئەنووسێ و بڵاویان ئەکاتەوە، فرمێسک ئەڕژم و فرمێسکم بەم جۆرە تەوزیف کردووە لە وڕێنەیەکما:
پرسیاری ئەوە مەکە بۆچی فرمێسک دەڕێژیت؟
پرسیاری ئەوە بکە بۆچی فرمێسک ناڕێژیت؟.

15-1-1998

سلێمانی – سەهۆڵەکە

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 30-33 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish