Skip to Content

ئەمە حیزبی ئێوەیە!… مەنسور حیکمەت… وەرگێڕانی لەفارسیەوە: کاوە عومەر

ئەمە حیزبی ئێوەیە!… مەنسور حیکمەت… وەرگێڕانی لەفارسیەوە: کاوە عومەر

Closed
by ته‌مموز 3, 2022 General, Opinion



قسەوباس لە کۆبونەوەی گشتی پرسیار و وەڵام
ستۆکهۆڵم – ئۆکتۆبەری ١٩٩٩
لە کاسێتی قسەکردن وەرگیراوە

هاوڕێیان لەلای خۆمەوەئەمەوێت پێتان بڵێم چەند خۆشحاڵم کە لەم دیدارەدام و ئێستا کە هاتوومەتە ئێرە و ئێوە دەبینم ئیرەیی بە خەلیل کەیوان دەبەین و پێم وایە یەکێکە لە یەکەم پێشنیارەکان کە لە گەڕانەوەمدا دەیخەمەڕوو لەم گەشتەوە ئەوەیە کە من و خەلیل با شوێنەکان بگۆڕین تا بتوانم زیاتر بەشداری ئەم کۆبوونەوانە بکەم. تێبینیەکانم هێناوە بەڵام بەداخەوە ئەو نوکتانەی کەویستم لێرەدا بۆتان بگێڕمەوە لەبیر چوو.
بە دڵنیاییەوە لە بەشی پرسیار و وەڵامدا باس لە پرسە تایبەت و ڕێکخراوەیی و تاکتیکییەکان دەکەین، و لەوانەیە باسەکانی پەیوەست بە هەڵوێستە سیاسییەکان. من وەک خۆم بە تامەزرۆیەوە ئەمەوێت بزانم پرسەکان چین و پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی چییە، هەروەها پرسیارێکم بۆ ئێوە هەیە، لای خۆمەوە، لە بەشی داهاتوودا پرسیارتان لێدەکەم.
لێرەدا دەمەوێت باسی چەند پرسێکی گشتیتر و ڕەنگە سەرەتاییتریش دەربارەی خۆمان بکەم و بە مانایەک دەمەوێت نهێنییە بنەڕەتییەکانی حیزبتان بۆ ئاشکرا بکەم. واته‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌سه‌ر چییه‌ و بۆچی پێمان وایه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندی پیوە بكرێت‌ و بۆچی پێمان وایه‌ له‌ ڕووی فیزیكییه‌وه‌ ده‌كرێت په‌یوه‌ندی به‌ حیزبه‌وه‌ بكرێت و بۆچی پێمان وایە ئه‌و په‌یامه‌ی کەهه‌مانە‌ لای زۆر كه‌س قبووڵكراوه‌. چونکە ئێمە دڵمان بە پرۆژەیەکی مەحکوم بەشکست نەداوە و پێمان وایە ئەوەی دەیڵێین پراکتیکییە. چونکە بەدڵنیاییەوە هەریەکەمان سیناریۆیەکی باشترمان بۆ ژیانمان هەیە، ئەگینا ئەگەر وا بیربکەینەوە کە ئەمە کارێکی باش نییە و بە ئەنجام ناگات، هیچ کام لە ئێمە نەماندەتوانی ژیانێکی خۆش و ئاساییمان هەبێت، بەڵام ئەمە جوڵانەوەیەکی سیاسییە کە پێمان وایە دەبێت بێتەدی بۆچی پێمان وایە کۆمۆنیزم دەتوانێت سەربکەوێت مشتومڕێکە کە ئەمڕۆ دەمەوێت قسەتان لەگەڵ بکەم.
بۆچی کۆمۆنیزم دەتوانێت سەربکەوێت؟ ئەگەر کەسێک نیشانم بدات کە کۆمۆنیزم ناتوانێت سەربکەوێت، ئێمە شێت نین، بەنیازی ئەوە نین نووسراو لەسەر خاکی جیهان بەجێبهێڵین کە نەوەکانی داهاتوو دەیدۆزنەوە و ئافەرین و دەستخۆشی بۆ ئاستی بیرکردنەوە و مرۆڤایەتیمان بنێرن. ئێمە دەمانەوێت شتەکان لە ماوەی تەمەنماندا و لەژیانی خۆماندا لەژیانی مرۆڤە ئاساییەکانی سەردەمی خۆماندا ڕوو بدەن، و پێمان وایە ئەمە وەڵامە، و پێمان وایە ئەمە ڕێگایەکەیەتی، وە ئەگەر دەرکەوت وەڵام دەرەوە نییە،زۆر باشە، بێگومان ئێمەش نایکەین. بەڵام دەمەوێت پێتان بڵێم بۆچی گەشبینین کە ئەمە پراکتیکییە. بۆچی کۆمۆنیزم پراکتیکییە؟ بۆچی کۆمۆنیزم دەتوانێت سەربکەوێت و بۆچی چانسمان هەیە؟
من پێم وایە ئێمە چانسمان هەیە چونکە زۆرینەی رەهای خەڵکی جیهان کۆمۆنیستن و خۆیان ناناسن. پێم وایە ئەگەر زنجیری پێستی هەر مرۆڤێکی دادپەروەر بکەیتەوە کۆمۆنیستێکی بەلشەفی دەبینیت کە دەیەوێت لێی دەربچێت. لە هەر یەکێکماندا سۆسیالیستێکی شاراوە هەیە کە دەیەوێت لەم چوارچێوە دەربچێت. لە و چوارچێوانەی، کە هیچ کامیان لە لەدایکبوونەوە لەگەڵمان نەبوون. چوارچێوەی ڕەگەزی، چوارچێوەی ئایینی، چوارچێوەی میللی، چوارچێوەی نەتەوەیی، چوارچێوەی تەمەن، چوارچێوەی ڕەگەزی، هیچ کام لەمانە لە کاتی لەدایکبووندا ناسنامەی ئێمەیان لە قاڵب نەداوە. من پێم وایە سۆسیالیزمی ناخی ئێمە، ئەو مرۆڤە سۆسیالیستییەی کە لە ژێری پێستماندا چەسپاوە، لە ژێر بارگرانی ئەو شوناسانەدا نێژراوە کە بە درێژایی ژیانی بۆی هەڵکەندراوە، و لە فەزادان، و تۆ دەیانبینیت، و ڕۆژانە هەستیان پێدەکەیت شاراوەیە.
یەکێک لەو کارانەی کە پێویستە حیزبێکی کۆمۆنیستی بیکات ئەوەیە کە ئەم کەش و هەوایە نەهێڵێت و ئەو کەسە سۆسیالیستییە بهێنێتە دەرەوە کە لە زۆرینەماندا بوونی هەیە، لانی کەم لە بوونی ئەو بەشەی ئێمەدا کە مرۆڤێکی دادپەروەرین بهێنینە دەرەوە. بەڕای من هەرئەوەندە بەسە دادپەروەر بین تا بتوانین گریمانە بکەین ئەگەر ئەم جێگایە هەڵکەنین سۆسیالیستێکی تێدا دەدۆزینەوە. هەرئەوەندەکەبەسە دادپەروەر بین. هیچ پەیوەندییەکم بە کەسانێکەوە نییە کە غەریزەی خۆپەرستییان ئەوەندە بەهێزە تەنانەت دادپەروەریش نین. بەڵام ئەگەر مرۆڤێک، تەنانەت بۆ ڕۆژێک، بۆ ساتێکیش، دادپەروەری لەگەڵ ڕووداوێکی ژیانیدا کردبێت، پێموایە ئەگەر کەرەستەی هەڵکەندن بهێنین و لەناو ئەو کەسەدا هەڵکەنین، کۆمۆنیستێک دەدۆزینەوە. و دەمەوێت چەند وشەیەکتان لەگەڵ باس بکەم لەسەر ئەم بابەتە.
ئەوان ڕەخنەمان لێدەگرن، یان خۆمان سوورین لەسەر ئەوەی بڵێین، کە ئێمە بەردەوام سەرقاڵی دیاریکردنی سنوورەکانین لەگەڵ ئەوانی تردا. گلەییمان لێدەکەن کە ئێوە لەگەڵ کەس ڕێک ناکەون و بەردەوام جیاوازیەکانتان دەڵێن و سنوور دروست دەکەن. وا دیارە کۆمۆنیزم لە لێواری دروستکردندایە. ئاگادارمان دەکەنەوە کە پێدەچێت ئەم سنووردارکردنانە پاڵمان پێوە بنێت بۆ پەراوێز. لە باسى پێکەوە کارکردن لەگەڵ کەسانی تر بۆ پێکەوە کارکردن لەسەر هاوبەشییەکانمان،هەتائەوەی کە بۆچی ڕەخنە لە بنەماڵەیەکی موسڵمان دەگریت کە حیجابیان کردوەتەسەر کچەکەیان، و بۆچی خاتەمی بە هەنگاوێکی ئەرێنی نابینیت، یان بۆچی ئەم ڕێکخراوە و ئەو ڕێکخراوە لۆمە دەکەیت و لەسەر وردەکاری بیانویان پێ دەگریت، یان بۆچی ئەوەندە توندیت بەرامبەر بە ناسیۆنالیزم، یان بۆچی هێرش دەکەیتە سەر ئایینی جەماوەر. ئەوان ناڕەزایەتیان بەرامبەرمان هەیە و بەردەوام لێمان دەپرسن بۆچی ئەم سنووردارکردنانە دەکەن، و دیارە بە بۆچوونی زۆرێک، سنووردارکردنی هەمیشەیی ئێمە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بڵێین ئەمە بابەتی ئێمە نییە و ناکۆکی زۆرمان لەگەڵ ئێوە هەیە لەسەر ئەمانە ئەوان پێیان وایە ئەمە پاڵمان پێوەدەنێت بۆ پەراوێز.
بەڕای من بەپێچەوانەوەیە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ دەرچوون لەو توێکڵەی کە پێمان وایە هەموومانی داپۆشیوە و پەیوەندی بەو سۆسیالیزمە جیهانیەوە بکەین کە هەموومان هەمانە. ئێمە سنوور دروست ناکەین. ئێمە چینەکانی ئەم خورافاتانە دەکەینەوە. بۆ ئەوەی بگەمە ئەو کەسەی کە پێموایە لە هەر یەکێک لە ئێمەدا بوونی هەیە و کەسێکی سۆسیالیست و ئازادیخوازە کە لە ژێر باری ناسیۆنالیزم ونەتەوەچێتی و سنوورخوازی و ڕەگەزپەرستی و خۆپەرستی ڕۆژانە و کێبڕکێی ئابووریدا نێژراوە. دەبێت کۆمەڵەسنوورێک لەگەڵ ئیسلام دابمەزرێنین بۆ ئەوەی پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو نیوەی دونیادا دروست بکەین کە حیجابیان داوە بەسەریاندا. کاتێک دەکەوینە ژێر دۆگما و خورافاتەکانەوە، ئەوە ئێمەین کە خەریکە دەچینە سەر جێگای سەرەکی مرۆڤایەتی و ئەو کەسەی کە دادەنیشێت و کۆمۆنیزمەکەی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بە بڕوای ئەو ناوەندی پارێزگای لوڕستان نابێت خوڕەم ئاباد بێت و ئەبێت بۆروجێرد بێت، یان بۆچی ئێران ئاسنی توانەوەی نییە، یا بۆچی ئێمەی ئێرانی ناتوانین سینەمای خۆمان دروست بکەین، یان ئەوەی کە ئێمەش دەبێ ئایین و شێوازی خۆمانمان هەبێت، ئەو کەسەیە کە نێژراوە و لە پەراوێزدایە. ئێمە لەگەڵ ئەو دادپەروەرییەی مرۆڤایەتیدا، لەگەڵ ئەو مرۆڤایەتییە گشتیەدا کە لە هەمووماندایە، لە پشت خورافاتەکانی هەمومانەوەیە، پەیوەندی دەکەین. باسە کەی من هیچ پەیوەندییەکی بە سروشتی مرۆڤەوە نییە. نازانم ئەمە جەوهەرەکەیە یان نا، باشە یان خراپ… نەلێکۆڵینەوەم لەسەر کردوەو، نە دەروونناسم و نە زانای بایۆلۆجی. بەڵام من پێم وایە ئەگەر هەریەكەمان قەرزار نەبین، نەترسێنرابین، برسی نەبین، نەخۆش نەبین، ماندوو نەبین و بچین لەسەر شاخێكی جوان ڕوو لە دەریا دابنیشین و قاچەكانمان لەسەر یەک دانێین و بیربكەینەوە، جوانترین شتەكان دێتە مێشکمان. کەس پێم ناڵێت هەستە سەری کەسێک ببڕە، مەهێڵە کەسێک بە زمانی دایکی قسە بکات. من سوپایەکم دروست دەکرد و هەندێک کەسم دەگرت و فڕێیانم دەدایە زیندان، کەس وای نەدەکرد. هەریەکێک لە ئێمە، لە باشترین ساتەکانی ژیانماندا، کە بەرزترین هەستمان هەیە بەرامبەر بە خۆمان و پێمان وایە پاکین، بێتاوانین، مرۆڤین، چیمان دەوێت لەو ساتانەدا؟ ئایا لەو ساتەدا کەسێک لەگەڵ کەمکردنەوەی کرێیە؟ ئێمە دەڵێین خۆزگە دەخوازین هەموو مرۆڤەکان هەموو شتێکیان هەبێت، دەڵێین خۆزگە دەخوازین کەس نەخۆش نەکەوێت. شەمەندەفەرێک دەکەوێتە خوارەوە، خۆمان دەخەینە شوێنی دایک و باوکی ئەو منداڵانەی کە کوژراون، لە شوێنی ئەو کەسەی کە نەوەکەی لەدەستداوە، لە شوێنی ئەو کەسەی کەمئەندام بووە، تەنانەت لە شوێنی ئەو کەسەی کە دەیتوانی گۆرانی بڵێت بەڵام ئیتر ناتوانێت گۆرانی بڵێتەوە چونکە قوڕگەکەی بریندار بووە. ئێمە بەردەوام خۆمان لە شوێنی یەکتر دادەنێین و ئەمەش سۆسیالیزمە! کە دەتوانین خۆمان بخەینە شوێنی یەکتر. کە بە یەکسانی من دەتوانم لە شوێنی تۆ بم و تۆش لە شوێنی من بیت. من دەتوانم لە ئازارەکانت تێبگەم و تۆش لە ئازارەکانی من تێدەگەیت. ئەمە سۆسیالیزمە. بەڕای من بەم شێوەیە لەدایک دەبین. راستگۆیانە نازانم ئێمە بەم شێوەیە لەدایک دەبین، بەڵام دەتوانین بەم شێوەیە بین، دەتوانین بەم شێوەیە بین و ئەمەش زۆرینەی رەهای ئەو کەسانەی جیهان دەگرێتەوە کە گرنگی بە پێڵاو نادەن و ڕێگا دەگرنەبەر.
ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێداگری بکات لەسەر لابردنی حیجابی منداڵان و شەڕ لەگەڵ ژمارەیەک کەسی خۆشەویستدا بکات کە خۆشمان دەوێن لەسەر ئەم پرسە، گاڵتەیان پێ دەکەین و پێیان دەڵێین کە ئێوە دواکەوتوو و ڕۆژهەڵاتین، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێمە دادپەروەری ناخی هەمووانمان دەوێت، بۆ ئەوەیە کە ئێمە نامانەوێت هیچ منداڵێک ئازار بدرێت، با پێکەوەپەیوەست ببین. کاتێک ئێمە دروشم دەڵێین لە یەکەم ڕۆژدا کە دەسەڵات بەدەستەوە دەگرین کاری بە کرێ هەڵدەوەشێنینەوە، لە چەپ و ڕاستەوە پێمان دەڵێن زۆر زووە، درەنگ بووە، ناکرێت. ئێمە کاتێک ئەمە دەڵێین ئاماژە بەو هەستە راستەقینەیەی هەر یەکێکمان دەکەین، و دەست دەخەینە سەر هەستی دڵی هەر یەکێک لە ئێوە، کە دەڵێت هیچ هۆکارێک نییە مرۆڤ هێزی جەستەیی خۆی بە کەسێک بفرۆشێت و… دوای سی ساڵ ئەم هێزە جەستەییەی نەبێت، و کە ئەو کەسەی ئەم هێزە فیزیکییەی کڕیوە ئامێرێکی بۆ خۆی دروستکردووە (واتە هێزێکی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ئەم هێزە فیزیکییە دروستکردووە) کە ئەوەندە ترسناک و زەبەلاحە کە ئەمڕۆ من و تۆ نازانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین. سەرمایەی سەر شانی ئەو کرێکارەی کە کاری دەکرد بەهێزتر بووە. ئەمە ڕستەی مارکسە: “چەند کرێکار زیاتر کار بکات سەرمایە بەهێزتر دەبێت”.
هەریەکێک لە ئێمە دەتوانین لە ماڵەوە لەم بابەتە تێبگەین. چونکە دەتوانین خۆمان بخەینە شوێنی یەکتر. مانای چی مرۆڤ سی ساڵ کار بکات؟ ئێمە بۆ کارکردن لەدایک نەبوین. ئێمە بۆ ئەوەی چێژ لە ژیانمان وەرگرین لەدایک دەبین، بۆ کارکردن لەدایک نەبوین، بۆ دروستکردن و چێژوەرگرتن لە بەرهەمی داهێنەرانەمان لەدایک دەبین، بەکۆمەڵ یان تاک. بڕیار نییە لە بەیانی تا ئێوارە بچینە کار لە کارگە و بزانین دوای سی ساڵ چی ڕوویدا؟ من لە تیژڕەوی دە کیلۆمەتر نەچوومە دەرەوە، مۆسیقای زۆر مۆسیقاژەنم نەبیستووە، شیعری زۆر شاعیرم نەخوێندووەتەوە، عاشقی زۆر کەس نەبووم. من تەمەنم شەست ساڵە و ئێستا دەبێت بزانم کێ ئامادەیە گورچیلەکەی بداتێ بۆ ئەوەی بتوانم تا تەمەنی حەفتا ساڵی بژیم؟ گوایە ژیانی خەڵک بەم شێوەیە بێت و ئێمە دەیزانین. مەرج نییە تۆ لینین بیت یان ماو و ترۆتسکی بیت، مەرج نییە کۆمۆنیست بیت بۆ ئەوەی ئەم سنووردارکردنانە بخوێنیتەوە و شارەزاا بیت و بزانیت لە کۆنگرەی ٢٢ و ٢٤ی پارتی سۆڤیەت چی ڕوویدا بۆ ئەوەی سۆسیالیست بیت. تۆ سۆسیالیستیت. ئەگەر ڕاستگۆ بیت سۆسیالیستیت، ئەگەر دادپەروەر بیت سۆسیالیستیت، ئەگەر بینیت کەسێک بەزۆر لەسەر شەقام کەسێک ناچار دەکات و دوور بکەویتەوە، ئەوا تێدەگەیت کە تۆ سۆسیالیستیت. بۆچی؟ چونکە تۆ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بیر دەکەیتەوە و خۆت دەخەیتە شوێنی کەسێکی تر و دەڵێی من یەکسانم لەگەڵ ئەم کەسە و ئەوەی بەسەر ئەم کەسەدا دێت، ئەگەر بەسەر منیشدا بوایە ناڕەزایی دەردەبڕم. بۆیە کۆمۆنیست وەک ئامێرێک دروست بووە نەک چوارچێوەیەکی مینیاتور کە کاری لەسەر بکرێت تا گەیشتە ئێرە. بە پێچەوانەوە دروشمێکی کۆن و سەرەتایی ئینسانییە. دروشمەکە یەکسانی مرۆڤە. مەبەستم لە یەکسانی، گونجانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا نییە. مەبەستم ئەوە نییە کە ئەوان وەک یەک جل و بەرگ دەپۆشن و وەک یەک کار دەکەن. کە ئێمە لە دونیای خۆماندا کەرامەتێکمان هەیە و ئەگەر بمانەوێت بتوانین لەگەڵ ژیانمان شتێک بکەین، جیاوازیمان لە یەکتر نییە. نابێت جیاواز بین لەسەر بنەمای چین و ڕەگەز و هەر شتێکی تر. ئەمە کۆمۆنیزمە.
کۆمۆنیزم سادەیە. ئەو کارە مینیاتورانە، ئەو نەخشانە کاری ئەو قوتابخانانەن کە دەیانویست تیۆرییەکانی کۆمۆنیزم دروست بکەن بۆ گواستنەوەی پایتەختی پارێزگای لوڕستان لە خوڕەم ئابادەوە بۆ بۆروجێرد یاخود توانەوەی ئاسن دروست بکەن تا خۆمان بتوانین دەرزییەکە بەرهەم بهێنین. باشە دەرزییەک هەیە بڕۆ بیکڕە! ئەو قوتابخانانەی کە تیۆری سۆسیالیزمیان کردە تیۆری سەربەخۆیی نەتەوەیی، تیۆری باڵادەستی نەتەوەیی، تیۆری بەرهەمهێنانی بیرۆکراسی، تیۆری کێبڕکێی نێودەوڵەتی و هتد.
کاتێک تەمەنم چواردە یان پانزە ساڵ بوو، پێم وابوو سۆسیالیستم. من کتێبەکانی مارکسم نەبوو تابیانخوێنمەوە، (ئەمە سەرنج ڕاکێشە،دواتر کە ڕۆشتمە زانکۆ دەرکەوت کە کتێبەکانی مارکس لە کتێبخانە بوون پاشان یەکێک لە خوێندکارەکان ڕونی کردەوە کە کتێبەکانی مارکسی لە کتێبخانە وەرگرتووە بۆ خوێندنەوە،دواتر ئێمە کە لە بەریتانیا خویندکاری زانکۆ بوین کتێبەکانی مارکسمان خوێندەوە) ئێمە کە تەمەنمان چواردە پانزە ساڵ بوو مارکسمان نەبوو تابیخوێنینەوە ، بەڵام دەمانزانی یەکسانیمان بەدڵە. بە هەمان شێوە پێویست ناکات پرۆفیسۆری قوتابخانەکەی بیت بۆ ئەوەی ببیتە کۆمۆنیست، چونکە کۆمۆنیزم پەیوەندی بە قوتابخانەوە نییە. کۆمۆنیزم کە ئەمڕۆ باس دەکرێت ئەوەیە کە حکومەت چییە و حیزب چییە و شۆڕشی سۆڤیەت چی بەسەر هات، لینین چی کرد و بوخارین چی کرد و ستالین چی کرد و پێی دەڵێن تیۆری کۆمۆنیزم. کاتێک بە کەسێک دەڵێیت باسی تیۆری بکە، پێی وایە پێویستە مێژووی یەکێتی سۆڤیەت و مێژووی حزبی بەلشەفی ڕوون بکاتەوە، یان ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا. مارکس ئەو باسە تیۆرییەی کردووە کە دەڵێت پێمان دەڵێن دەیانەوێت ژنان بەکۆمۆنیزە بکەن، ئێوە خۆتان ئەوەتان کردووە. ئەمانە تیۆریترین باسەکانن. كاتێك دەڵێت كرێكار كار دەكات و هێزێكی دەرەوەی خۆی بەهێزتر دەبێت و تا زیاتر كاربكات ئەهریمەنەكەی سەر سەری قورستر دەبێت، ئەمە باسێكی تیۆرییە. بەڵام بۆچی ئەم تەقە لە بوخارین کەوتەوە، و بوخارین کەوت، پاشان دوو گا سەربڕدران و سەری سێیەمیان بڕدرا، ئەمە تیۆری سۆسیالیزم نییە. ئەگەر ئەمانە تیۆری بن، ئەوا تیۆری سۆسیالیزم لە سەردەمی مارکسدا بوونی نەبووە، چونکە هێشتا بوخارین نەهاتبوو لە پێناو ستالین بوەستێتەوە و بینیمان چی بەسەر ستالین هات.
سۆسیالیزم لەسەر بنەمای مانیفێستی کۆمۆنیستی دامەزراوە کە هەمووتان خوێندوتانەتەوە. لە یەکەم دروشمی مانیفێستدا باس لە ئازادی مرۆڤەکان دەکات و ئەمەش تایبەتمەندی هاوبەشی هەموومانە، جا تۆ کرێکاری ناو حیزبی کۆمۆنیست بیت یان نا. پێم وایە زۆرێک لە ئێوە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارین، تەنیا ئەندامێتی خۆتان بە دروستی نادەن! چونکە ئێمە کارەکتەری تۆ بۆ دەسەڵاتی سیاسی خۆمان بەکاردەهێنین و تۆش بوونی ئێمە بەکاردەهێنیت بۆ بەرزکردنەوەی سەرت لە کۆڵانەکەتدا. ئەمە واقیعی پەیوەندیمانە لەگەڵ زۆرێک لە ئێوە. بەڵام تۆ ئەندام نیت، نەهاتوویت ببیتە ئەندام لە حیزبەکەی خۆتدا، دڵخۆشبە. بەڵام ئەگەر سبەی لە سەری ئەم حیزب بدەن، کارەساتێک دێت بەسەر ژیانتدا، دڵنیابە. ئەگەر سبەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دابخەن، لە شەقامەکەتدا شتێکت بەسەر دێت. پاشان ئێرانییه‌ك خۆی له‌گه‌ڵ موسه‌دق بناسێنێت. پاشان پێویستە ئێرانییەک خۆی بە داریوش هۆمایون بناسێنێت، پاشان بڵێین کەلتوری خۆماڵیمان دەڵێت پێویستە ئافرەت بچێتە چێشتخانە بۆ ئامادەکردنی قورمەی سەوزە و ئەوە چ خواردنێکی سەرنجڕاکێش دەیخۆین چونکە هی ئێمەیە! پاشان دەتوانرێت قبوڵ بکرێت کە بنەماڵەی ئیسلامی بڕیار بدەن منداڵەکەیان چی لەبەر دەکات. کەس بۆی نییە بڵێت با منداڵەکە لەدەستیان دەربهێنیت یاخود بڵێت کەس بۆی نییە منداڵەکە بە شێوەی گاڵتەجاڕ بپۆشێت و بۆ ئێرە و ئەولای بنێرێت و منداڵەکە بێبەش بکەیت.
ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نەمێنێت کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمی خۆت کەمتر جێبەجێ دەکەیت و ئەگەر لەوێ نەبیت، ئێمە دەتوانین کەمتر لەو هات و هوتانە بکەین کە ئێستا هەمانە. ئێمە پێکەوەین، تەنها تۆ دەبێت هەنگاوێکی تر بەرەو ئێمە بنێیت. ئەم سنووردارکردنانە کە وتم زۆر گرنگن. پێداگریمان لەسەر بنەمای کۆمۆنیستی و کورت نەهێنان لێی زۆر گرنگە. من دەزانم ئەگەر کورت بهێنین لە ڕای کارگەرو یان فیدائیەکان یان ڕێکخراوەی فڵان خۆشەویستی و ڕێزی زیاتر لە هاوڕێکانمان وەردەگرین، بەڵام ئێمە بۆ ڕازیکردنی ڕای کارگەر لەدایک نەبوین. ئێمە لەدایک بووین و هەنگاومان ناوە ئەم گۆڕەپانە بۆ ئەوەی سیاسەتێک لە تەمەنماندا بەدی بهێنین. ئێمەش وەک هەموو پارتەکانی تری جیهان دەمانەوێت پەروەردەو فێرکردنێک ئەنجام بدەین جێبەجێ کردنی ئەم بۆچوونە و ئەم سیاسەتە، دەمانەوێت دەرمان بەخۆڕایی بێت، دەمانەوێت ڕۆژێک بێت کە بەیانیان خەڵک هەستن کەس کاری بەکرێ نەکات ئیتر ، و ئیتر هیچ شتێک بەناوی حکومەتەوە بەسەر سەری خەڵکەوە نابێت. ئێستا ئەگەر بەهۆی ئەم چالاکیانە ژمارەیەک کەسی شەرەفمەند و زیندانی سیاسی دێرین و ئەوانەی کە ژینگەی هزرییان هێشتا بەرهەمی قوتابخانە و ئاڕاستە و کەمپی خۆیانە، لە من نیگەران ئەببن. ببوورە! هیچ کێشەیەک نییە.
ئێمەش دەچینە پاڵ ئەو سۆسیالیستانەی کە باسم کرد لەژێر پێستی هەموو مرۆڤێکی ماندوو و دادپەروەری جیهاندان و ئێمە لەوە نیگەران نین. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بڕیاری خۆی داوە. وتم بۆچی دەتوانین سەربکەوین چونکە لێکۆڵینەوەکانمان دەریدەخەن ئەو کەسانە زیاترن کە دەیانەوێت ئازاد بن لە چاو ئەوکەسانەی کە نایانەوێت. ئەوانەی دەیانەوێت لە کۆمەڵگایەکی یەکساندا بژین، زیاترن لەوانەی کە نایانەوێت، و من پێم وایە ئەمە پەیامی ئێمە نییە، پەیامی هاوبەشی ئێمەیە، و گروپێکی چالاکین، و بڵندگۆمان بۆ دروست کردووە بۆ ئەم پەیامە و ئێمە ئامرازێکمان دروست کردووە بۆ بڕینی، ئەگەرنا، وشە , وشەی ئینسانی جیهانی ئێمەیە.

زنجیرەیەک بابەتمان هەیە کە لەم دواییانەدا خستوماننەتەڕوو، کە بە “حیزب و کۆمەڵگە” و “حیزب و دەسەڵاتی سیاسی” ناسراون، کە هەندێک ئاگری لەکۆمەڵێک بەردەواوە و ئومێدیان بە هەندێکی دیکە بەخشیوە. دەمەوێت چەند وشەیەک لەو بارەیەوە بڵێم.
من تا ئێستا وتم بۆچی دەکرێت کۆمۆنیزم سەرکەوێت، چونکە قسەی دڵی زۆر کەسە. ئەوەش ئێمەین کە بزوتنەوەی ئێستای زۆرینەین. ئەوەی دەیەوێت لە کوردستان بە زمانی دایکی قسە بکات زۆرینە نییە، ئەو کەسەی دەیەوێت ئازاد بێت زۆرینەیە لە کوردستان. بێگومان ئێمەش دەمانەوێت مرۆڤەکان بتوانن بە زمانی دایکییان قسە بکەن. کەسێک کە دەیەوێت زانکۆکان لە ژێر سانسۆری حکومەتدا نەبن، یان نووسەران دەیانەوێت هەر کتێبێک بنووسن، و گریمان شاعیران دەتوانن هەر شیعرێکیان بوێت بنووسن، دەڵێن زۆرینەی کۆمەڵگە نین، زۆرینەی کۆمەڵگە بابەتی سەرەکی نییە ، ئێمەش ئەمەمان دەوێت، بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگە ئەوانەن کە هەموو ئازادییەکیان دەوێت، ئەوان دەیانەوێت و هەمووان خۆشبەختیان دەوێت. لە ئەنجامدا ئەم حیزبە توندڕەوانە(ئیفراتیە)ی ئێمە لە خەڵک نزیکترە لەو حیزبە میانڕەوانەی کە دەیانەوێت نەشیش بسوتێت نەکەباب. حیزبی توندڕەوی ئێمە لە خەڵک نزیکترە و ئەو ڕۆژەی ئەم بەستەرە دادەمەزرێت و ئەو ڕۆژەی ئەم ڕووبارە دەگاتە ئەو دەریای دادپەروەری و شەرەف و یەکسانی کە پێی دەوترێت خەڵکی جیهان، ئەوا کەس ناتوانێت ڕێگریمان لێبکات. لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لێمان ناڕەحەتن دێن و داوای لێبوردنمان لێدەکەن، یان بەهیچ شێوەیەک داوای لێبوردن ناکەن و خۆیان دێنە ئەم ڕیزەوە چونکە بەشێکن لەم دەریای مرۆڤایەتیە.
باسی حیزب و کۆمەڵگا و حیزب و دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئەوەیە کە بۆچی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم مومکینە؟ باقی باسەکە لەسەر بنەمای چۆنیەتی سەرکەوتنی کۆمۆنیزمە. چونکە مەرج نییە هەموو شتێکی مومکین ڕووبدات. ڕەنگە هەندێک شت مومکین بێت، بەڵام بیست ساڵ لەمەوبەر لە ئێران مومکین بوو و بەڵام نەبوو. بیست ساڵ لەمەوبەر دەتوانێ حکومەتێکی چەپ لە ئێراندا بێتە سەر دەسەڵات. هەروەها حکومەتێکی ساندێنیست# ئەگەری هەبوو. بڕیار نەبوو بیست ساڵ لە ژێر سێبەری ڕەشی ئاییندا بژین. ده‌توانێ حكومه‌تێكی ساندێنیستی له‌ ئێراندا بێته‌ ده‌سه‌ڵات. ئەگەر فیدایی دیاردەیەکی جیاواز بووایە بەبۆچونی من دەکرا. چونکە فیداییەکان ئەو بزووتنەوەیە بوون کە لەو سەردەمەدا ئەو دەسەڵاتەیان هەبووە و دڵی خەڵکیان هەبووە و خەڵک وەک بزووتنەوەیەکی چەپ تەماشایان دەکردن کە دەتوانێت کارێک بکات و فیداییەکان ئەم ڕۆڵەیان نەبینی. دەیانتوانی بیکەن. دەمەوێت بڵێم ئەمانە لە ڕوانگەی مێژووییەوە مەحاڵ نین.
بەڵام چۆن دەمانەوێت سەربکەوین، چۆن دەمانەوێت ڕێکخراوبکەین؟ باسی حیزب و کۆمەڵگا و حزب و دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئەمەیە. سەبارەت بەو میکانیزمەی کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەتوانێت پەیامەکەی پێ ببات و بە سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵاتەکەیەوە ببەستێتەوە کە مرۆڤایەتی ناوەوەی هەمووانە. میکانیزمی ئەم کارە چییە؟ ئایا لە گۆشەیەکدا چین چپە چپ بکەین؟ ئایا بچینە پشت دیوارەکە و ناومان نەڵێین و لە دیوەکەی تری دیوارەکەوە بەیاننامەکەمان فڕێ دەینە ئەودیوی دیوارەکە؟ ئایا ئێمە لە کولتوورێکی پەراوێزی چەپدا بژین کە بەرئەنجامی خنکان و سەرکوتە جیهانێکی وا فراوان بخینەلاوەو بەجێبهێڵین و پابەندی ئەو نەریتانە بین؟ ئەم چەپە کە ئێمە هەمانە، چەپێک نییە کە ئیلهام لە حزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا و فەرەنسیەوە وەرگرتبێت و بەو شێوەیە کار بکات. چەپێکە کە لە ژێر دەسەڵاتی پەهلەوی و ئیسلامیدا هەوڵی مانەوەی داوە و فێری ڕێگاکانی چۆنیەتی مانەوەی لەم دۆخەدا بووە.ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسی ببەیتە ئێران، لە یەک ڕۆژدا دەڕوخێت. پێویستە ڕێگا و داب و نەریتی مانەوە لەم جۆرەهەلومەرجە خنکێنەرانەدا لە ڕێکخراوەکانی ئێرانەوە فێر بێت. بۆیە ئەم نەریتە سەر بەوهەلومەرجەیە. ئایا دەبێت بە هەمان شێوە و لەسەر یەک پێوەر کار بکەین؟ بەو نەخشە و بیرکردنەوانە؟ ئێستا من گرنگی بە جیاوازیە ئایدیاڵەکانمان نادەم.
ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین. ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە حیزبە ڕادیکاڵەکان گرووپێکی فشار بن و حیزبەکانی دیکەش کەسانی ڕەسەنتر و گەورەتر بن و لەبارودۆخێکی باشتردا بن لەکۆمەڵگەدا. کێ ئەمەی وتووە؟ کێ وتویەتی هەمیشە حیزبە نەریتییەکان بەهێز بن و گروپە ڕادیکاڵەکان وەک لاوانی پڕجۆش بن کە فشاریان لەسەر دروست دەکەن؟ با باسی كۆمه‌لە بكه‌م، كێ‌ گوتی كۆمه‌لە ده‌بێت گرووپێكی گوشار بێت بۆ سه‌ر حزبی دیموكرات و باڵی رادیكاڵی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟ میانەڕۆ دروست بکات. لێرە لە سوید دەبێ کۆمۆنیستەکان ڕابکەن و بمرن بۆ ئەوەی سۆشیال دیموکراسی دەنگ بهێنت؟ بڕیار نییە کە بەوشێوەیەبێت! ئەم رادیکالیزمە خۆی دەتوانێ و دەبێ جەماوەری بێتەوە و باسی حیزب و کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا لەسەر جەماوەری بوونی میتۆدەکانی کۆمۆنیزمی رادیکاڵە. پرۆژەیەکمان لەبەردەمماندایە کە جیاوازە لە پرۆژەکەی تۆنی بلێر و هەموو کەسێکی تر. هەروەها جیاوازە لە پرۆژەی حزبی شیوعی فەرەنسا و ئیتالیا. جیاوازە لە هەموو کۆمۆنیزمەکانی تا ئێستا. کاتێک دەیانویست بیر لە دەسەڵات و کۆمەڵایەتیبوونەوە بکەنەوە، سازشیان لەگەڵ دۆخی ئێستا ئەنجامدا. ئەگەر دەتەوێت دەنگ بهێنیت بەلای ڕاستدا،ناوەند وەرگەڕێ. ئەوان دەڵێن کلینتۆن دەنگی هێناوە لەبەر ئەوەی ڕووی لە ناوەند کردووە (لە هەمان هەڵوێستی دیموکراتەکانییەوە). یان سۆسیال دیموکراتەکانی سوید بۆ وەرگرتنی دەنگ کەمێک ڕوو و ناوەند بسوڕێن بۆ ئەوەی دەنگ بهێنن، یان لەیبەر پارتی (پارتی کرێکارانی) بەریتانیا بۆ ئەوەی دەنگ بهێنن ڕوو لە ناوەند بکەن. ئەوان ڕاستیش دەڵێن کە بەزۆری کاتێک دەچنە ناوەند دەنگ دەهێنن و لەو گۆشەی کە لێین دەنگ ناهێنن. پڕۆژەکەمان ئەوەیە کە چۆن ئەو چەقۆ سۆسیالیستی-شۆڕشگێڕە سازش هەڵنەگرە بکەینە حیزبی سەرەکی و ئەوانەی دەڵێن نابێت دەست لە پیشەسازییەکان بدەین بۆ ئێستا، بۆ ئێستاش پێویستە یاسایەکی بچووک سەبارەت بە کاری بەکرێ دابنێین و ئێستا با بهێڵین حیجاب بکاتە سەری منداڵەکەی، ببنە گروپی فشار لەبەرانبەر ئێمەدا. چ عەیبێکی هەیە؟ ئایا مەحاڵە؟ ئایا لە تابلۆی چارەنووسماندا نووسراوە کە پێویستە هەمیشە زیندانی سیاسی بین؟ لە سێدارە بدرێین؟ ئایا پێویستە لەبەردەم زانکۆ هاوار بکەین و با تانکەکانیان بەسەرماندا تێپەڕن؟ ئایا بڕیارە ئێمە ئەمە بین؟ ئایا ئەمە چیرۆکی ئێمەیە؟ ئێمە قبوڵ ناکەین. ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین!
ڕێگای ئەوەی کە کۆمۆنیستەکان ببنە حیزبی سەرەکی و بۆ ناتوانێت فریادڕەسی بزوتنەوەی کوردستان بێت؟ ئەمە باسی ئێمە بوو لە هەمان کاتدا. قەرار نییە چەپەکان گروپێکی فشار بن و ویژدانێکی بەئاگا و لێوارێکی ڕیشتاشی تیژیان هەبێت، کە بڕیارە هاتنی حیزبە لاوەکیە بۆرژوازیەکان بێت، چییە؟ ئەمە پڕۆژەی ئێمەیە و یەکێکە لەو نهێنیانەی کە ویستم لێرەدا پێتان بڵێم. ئەمە ئەو فێڵەیە کە لە ژێر سەرماندایە. ئێمە دەمانەوێت حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بکەینە حیزبی سەرەکی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی ئێران بڵێن خودا لە باوکیان خۆش دەبێت ئەگەر لە سەدا دەی ئەم بەرنامەیە بۆ دونیایەکی باشتر جێبەجێ بکەن و بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، تەنانەت ئەگەر لە سەدا نەوەدی وشە کانیشیان درۆ بێت، ئەمە ئەو شوێنە دەبێت کە کۆمۆنیستەکانی سوید خەونی پێوە دەبینن ئێمە دەمانەوێت حیزبی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێران بین. ئێمە نامانەوێت لە شەڕی داهاتوودا سەیری شەڕی دوو کەسی دیکە بکەین لەسەر چارەنووسی ئێمە. ئێمە دەمانەوێت لە یەک دیوی شەڕەکەدا بین و گفتوگۆی نێوان حیزب و کۆمەڵگاش مانای ئەمەیە. ڕەنگە لە دۆزینەوەی ڕێگا و بیرەکەدا کەمێک لە دیوارەکە بدەین، بەڵام ڕێگاکە دەدۆزینەوە و دەمانەوێت ببینە پارتێکی کۆمەڵایەتی فراوان.
باسی حیزب ودەسەڵاتی سیاسی لەوەش سادەترە. ژمارەی ئەو چەپانەی لە جیهاندا، لە بڵاوکراوە تیۆریە سۆسیالیستیەکاندا لە ماڵەوە و لە ژیانی من وتۆ و لە بیری ڕۆژانەدا لە زانکۆ، لە شوێنی کاردا، پێمان دەڵێن “ئایا بینیتان چی بەسەر ستالین هاتووە؟ بینیت کۆمۆنیست چی لێدێت؟” دیکتاتۆریەت! دەبێت سەرلەنوێ پیداچونەوە بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بکەینەوە، دەبێت وریا بین.” کۆمۆنیزم نابێت بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆریەت. ژمارەی ئەمانە زیاترە لەوانەی کە دەیانەوێت کۆمۆنیزم دابمەزرێنن. ژمارەی ئەوانەی کە مار گەستونی زیاترە لە مار و هەموومان. واتا ئەوانەی ئامۆژگارییان ئەوەیە کۆمۆنیستەکان دەبنە دیکتاتۆر، ئەگەر کۆمۆنیستەکان بێنە سەر دەسەڵات، کۆمەڵگا وەک ڕووسیا دەبێت… ئێستا، شێوەی کۆمەڵگای ڕووسی چییە،
وەک کەسێک وایە لەناو پاسێکدا دانیشتبێت، شۆفێر پێی وایە کۆچبەرێکی بێبەشە مافی دەنگدانیشی نییە و ناچارە پارەکەی خەرج بکات. ئایا دەزانی لە مێشکی ئەم کۆچبەرەدا چی دەگوزەرێت؟”ئەگەر بێمە سەر کار چۆن خۆم لە دیکتاتۆری بەدوور بگرم” ئێستا دڵتەنگ مەبە تۆ وەرە سەر کار، ناهێڵین ببیتە دیکتاتۆر. مرۆڤ بە بۆچوونێکی چەپەوە دێتە سەر کار، دواتر بیر لە دیکتاتۆرییەکەی دەکەینەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ستالین دووبارە نەبێتەوە، سەدان هێندەی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت لینین دووبارە بێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٩٢٨ دەترسن سەدان جار زیاترە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئاواتیان بۆ ساڵی ١٩١٧ هەیە. ئەمە چیرۆکی ئێمەیە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری حیزبێکە کە سەرنجی لەسەر ساڵی ١٩١٧یە نەک ساڵی ١٩٢٨. بۆ ساڵی ١٩٢٨ بڵاوکراوەکانی تیۆریک و گروپەکانی “ناکرێ، نەکەیت!” ئەوەندە بەسە. با حیزبێک دروست بکەین بۆ دووبارەکردنەوەی ساڵی ١٩١٧. ئێمە دەمانەوێت دەسەڵات بەدەست بهێنین. ئایا تاوانە؟ بۆچی تاوان نییە بۆ کاک فۆرۆهەر؟ بۆچی تاوان نییە بۆ دکتۆر سەنجابی؟ بۆچی تاوان نییە بۆ ئاغای تاڵەقانی؟ بۆچی تاوان نییە بۆ مێهدی بازارگان؟ بۆچی فاشیستەکانی ئەمڕۆی نەمسا تاوان نییە؟ بۆچی تاوان نییە بۆ تۆنی بلێر؟ بۆچی تاوانە بۆ ئێمە؟
بە بڕوای من باوەڕمان بە کولتوورێکی سەپێنراو هەبووە و داتاکانیمان کردووە بە داتای کلتوری خۆمان. پێدەچێت لە بوونمانەوە بێت. پێمان دەڵێن ڕێگەت پێنادرێت. هەروەها بەخۆمان دەڵێین ڕێگەمان پێنادرێت. هەروەک عەقڵیەتی ژنێک کە لە پەیوەندییەکی تەقلیدیدا گەورە بووە و لەسەر سەری دانراوە و حیجاب و لەچکی لەسەر سەری بەستووە و دەڵێت من حیجاب بە ڕەمزی ئازادیی خۆم دەزانم. باشە شێواو دەیزانیت! هەروەها پێی وایە ئەمە لە خۆیەوە سەری هەڵداوە، پێی وایە بە عەقڵی خۆی ئەم زیندانەی بۆ خۆی داناوە. ئێستا پێمان دەڵێن پێویستە بە ئارەزوومەندانە و ئاگایانە خۆتان لە وەرگرتنی ناوی دەسەڵاتی سیاسی بەدوور بگرن. ئایا تۆ کۆمۆنیستی، تیۆریتان کوانێ؟ مامۆستایەکی زانکۆ بوو خۆی بە کۆمۆنیست و دۆستێکی نزیکی ئێمە دەزانی. وتی دەبێت ڕاستگۆیی خۆمان بسەلمێنین. بۆچی? بۆ کێ بسەلمێنین؟ کەسێک کە ئەمڕۆ لە بۆسنە یان کۆسۆڤۆ بێت دەتوانێت بڕیاری پێکهێنانی پارت بدات و بڕیاری بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات بدات، مەرج نییە ڕاستگۆیی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام من کۆمۆنیستێکم بیست ساڵە لێم دەدرێت، بەڵام بەردەوام دێمەوە و جارێکی تر دەڵێم بژی ئازادی، ئایا دەبێت ڕاستگۆیی خۆم بۆ ڕۆژنامەنووسان، بۆ ئەکادیمیەکان، بۆ بەرەی نەتەوەیی، بۆ لایەنگرانی دەستووری شاهانە، بۆ پارتە نەتەوەییەکان، بۆ گروپە نەتەوەییەکان بسەلمێنم؟ تۆ لە دیوێکی شەڕدایت و منیش لە دیوەکەی ترم. بەم شێوەیە ڕاستگۆیی خۆم دەسەلمێنم و لەم شەڕە پاشەکشە ناکەم. کۆمۆنیستێک کە بە بڕوای من باسی دەسەڵاتی سیاسی ڕەتدەکاتەوە و بڕیار نییە دەسەڵات بگرێتە دەست، و خۆیشی دەزانێت کە ئەو گرینگی پێ نادات، و لەگەڵ من شەڕ دەکات کە دەمەوێت دەسەڵات بگرمە دەست، بە ڕای من بەشێکە لە کێشەکە نەک چارەسەر. ئینجا لۆمەمان مەکەن کە بەردەوام سنوورەکان لەگەڵ ئەواندا دیاری دەکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین کۆمۆنیزم لە قەفەسەکەی ڕزگار بکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین کۆمۆنیزم بهێنینە سەر چوارچێوەی ڕەسەنی خۆی کە ڕۆژی خۆی بوو. ساڵی ١٩١٧یان کرد بەبێ هیچ کام لەم قسانە کە ئەمڕۆ پێمان دەڵێن ئەنجامیانداو دەسەڵاتیان گرتە دەست.
با بە یەک خاڵ کۆتایی پێ بهێنم. کۆمۆنیزم تایبەتمەندییەکی گشتگیری هەموومانە. کۆمۆنیزم ناوێکی ترە بۆ هەموو مرۆڤایەتیمان، هەموو یەکسانیخوازیمان، هەموو ئازادیخوازیمانە لە باشترین حاڵەتدا. کۆمۆنیزمی مەکتەبی لە بیروباوەڕە ئازادیخوازەکانی ترەوە نزیک نییە. کۆمۆنیزم تەواوی داستانی ئازادییە. پێم وایە زۆرێک لە ئێمە کە لێرە دانیشتووین، بە هەر دیدگایەکمان هەبێت، ئەگەر ئێمە ئەو کەسانە بین کە دڵتەنگ دەبین بەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر کەسێک کراوە یان خەمبار بین بەهۆی هەژاری کەسێکەوە. ئەمە کۆمۆنیزمی ئێمەیە. باقی باسەکە لەسەر چۆنیەتیە. دەبێت پلان چی بێت، حیزب چۆن بنیات بنرێت، چ بزووتنەوەیەکی هەبێت، چ تاکتیکێکی هەبێت، کەی شەڕ بکات، کەی شەڕ نەکات، چۆن دەبێت لە ڕێکخراوەکەدا مسۆگەر بکرێت کە هەمووان بتوانن قسە بکەن، بڕیاردان میکانیزمی ئەمانە “چۆن”. کۆمۆنیستەکان دەتوانن هەرچی بیانەوێت لەبارەی ژیانی سیاسی خۆیانەوە باس بکەن، بەڵام هیچ باسێک لەبارەی کۆمۆنیزمی هاوبەشی ئێمە ناکرێت. ئێمە زۆرین و ئێمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەرکێکمان بۆ خۆمان داناوە و پڕۆژەکەمان ئەمەیە و لە ئێستاوە تا لەم حیزبەدا دەبین، دەبینن کە ئێمە باسی ئەو ڕاستییە دەکەین کە دەکرێت ئەمە بکرێت ، دەکرێت ڕیزێکی زەبەلاح و چیرۆکی ژیان دروست بکرێت، لانی کەم خەڵکی ئێران، پێم وایە بۆ شانازیی خەڵکی ئێران و خەڵکی جیهان، جارێکی دیکە، لە دەستیان دەردەهێنین لەدەستی ئەو حزبانەی کە کێشەکەیان ئەوەیە کە دەبێت پارێزگاری ناوەندی لە کوێ بێت و فیلمەکە بە چ زمانێک دۆبلاژ بکرێت. دەتوانین ئازادیخوازی ئەنجام بدەین. ئەگەر مەحاڵ بێت حەز دەکەم لەم کۆبوونەوەیەدا کەسێک بیڵێت. ئەگەر ئەمە ناتوانرێت پێم خۆشە بڵێت. بەڵام ئەگەر پێی وایە مومکینە، ئەوا بیەوێت یان نا، ئەندامێتی بدات یان نا، ئێمە لە یەک حیزبداین و پێویستە ئەم حیزبە دووبارە بنیات بنرێتەوە چونکە بابەتی بۆچوون نییە. باسەکە لەسەر کوتەک کاریە لە شەقامدا، باس لە مانگرتنە، باس لە ڕێکخستنی ڕاپەڕینە، باس لە ئیدارەدانی کۆمەڵگایە، باس لە یاسادانان و جێبەجێکردنی، و بەرەنگاربوونەوەی هێزە سپیەکانی ناو کۆمەڵگایە، دژی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناو کۆمەڵگە. ئەمانە هەمووی ئەرکی سەر شانی ئێمەن و بە بڕوای من کەس ناتوانێت بە فێڵبازی لێی دەربچێت و بە دیاریکردنی سنوور لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ناتوانێت لێی دەربچێت.
بەڕای من هیچ شتێک لە ڕادیکالیزم شکۆدارتر نییە کە هاتبێتە سەر دەسەڵات. كاتێك ریفۆرمخوازی دێتە سەر دەسەڵات، دەڵێت ماوەی ئەو مانگانەی كە مافی بیمەی بێكاریت هەیە لە هەشت مانگەوە بۆ نۆ مانگ و نیو زیاد دەكرێت. چەند هات وهاوارێکی،مەزنە!! زۆر سوپاست دەکەم بەڵام ئەو پانزە ڕۆژە لەبەرچاو بگرە کە بەلشەفیەکان لە کاردا بوون و ئەو یاسایانەی لە کۆمەڵگادا ڕایانگەیاند، یان ئەو ڕۆژەی کە مرۆڤێک دەچێتە پشت مایکرۆفۆنەکە و کۆیلایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، و وا بیردەکەرەوە کە ئەوە تۆی لە پشتی ئەم مایکرۆفۆنەوە ، یان باشترە ، وا بیربکەرەوە کە خۆت ئەتەوێت ڕایدەگەیەنیت. بیهێنە بەرچاوت کە لەسەر مینبەرەکە وەستاویت و هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی ڕادەگەیەنیت. وا دەکات هەست قوڕگت پڕبیت.
زۆر باشە ڕایبگەیەنین کە ڕێژەی باجی بنەڕەتی لە ٣٢٪ بۆ ٣٠٪ زیادی کردووە، بەڵام ڕایبگەیەنین کە لەم بەروارەوە کۆیلایەتی کرێ لەم کۆمەڵگایەدا هەڵدەوەشێتەوە، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنین کە ژن و پیاو لەم بەروارەوە سەیری یەکتر دەکەن ، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێن کە لەم بەروارەوە منداڵەکە مرۆڤە ، ئەو ڕاگەیاندنەی کە لەم بەروارەوە کەس ناتوانێت دەمی کەسێکی تر دابخات ، ڕاگەیاندنی ئەوەی کە لەم بەروارەوە زیندانەکانمان وێران کرد و سوتاندمان و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیتر هیچکەس لە سێدارە نادرێت، ڕاگەیاندنی ئەو بەیاننامەیەی کە تەنانەت کەس سزای زیندانی درێژخایەنی بەسەردا ناسەپێندرێت، ئەو ڕاگەیاندنەی کە دەرمان و تەندروستی مافێکە، نەک ئیمتیازێک کە هەندێک بتوانن هەیانبێت، بەڵکو هەمووان هەیانە، ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری مرۆڤایەتی پێش ئێمە کە ناومان ناوە پەروەردەو فێرکردن، ئەرکێکی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە هاوڵاتیەکانی، ڕایدەگەیەنێت کە هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ڕەنگ و نەژادو ڕەگەز و زمان و هەموو شتێکی تر، پێویستە بە ئازادی پێکەوە بژین. ڕاگەیاندنی ئەوەی کە وڵاتی ئێمە هیچ هاوڵاتییەکی نییە و هەرکەسێک بگاتە ئێرە دەتوانێت وەک ئەوانی تر بژی و کار بکات، ڕایدەگەیەنین کە ناتوانرێت بەناوی هیچ پیرۆزیەکەوە ڕێگە لەهیچ کەس بگیرێت، تەنانەت ئەوەی کە ڕەنگە بۆ تۆ شتێکی بێمانا بێت، بەڵام بۆ یەکێکی تر دەتوانێت بێت لوتکەی داهێنان و پێویستە ڕێگە بدەین خەڵک ئەمجارەیان قسەکانی خۆیان بکەن کاتێک پێیان لەسەر زەوی دادەنێن، ڕاگەیاندنی ئەمانە خاڵ و چرکەساتێکی شکۆمەندە.
ڕەنگە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بێتە سەر کار لە ئێران و چوار ڕۆژ لە ڕووبەرێکی چوار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا، ڕەنگە بەم شێوەیە ڕووبدات. لەوانەیە لە خوێنی هەڵکێشن و ڕەنگە دواتر تەفروتونایکەن و لەناوی ببەن، ڕەنگە بتوانن حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بە حکومەتی حەوت ڕۆژەی تاران ناوی ببنەن، بەڵام بڕوا بکەن هەموو ئەو بەڵێنانەی کە لەم بزووتنەوەیەدا خەریکین ئەیدەین، ئەوەیە کە ئەم حەوت ڕۆژە سەبارەت باسی باج و زیادکردن و کەمبوونەوەی بیمەی بێکاری مانگەکان ناکەین. لە یەکەم ڕۆژدا دەچین ئەم شتانە ڕادەگەیەنین، پاشان دەبێت بزانین کێ دەیەوێت، کام تانک دەیەوێت بەسەرماندا تێپەڕێت و هەوڵ دەدەین ڕێگەیان پێ نەدەین. ئەمە تەواوی چیرۆکی ئەو فێڵەیە کەلە پشت حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە شاراوەتەوە. دوای ماوەیەکی زۆر کۆمۆنیزمێک سەریهەڵداوە و خۆشحاڵم کە ئێمە توخمەکانینی و بەم زمانە باسی دەکەین.من خۆشحاڵم کە بەشداریم لەم کۆمۆنیزمەدا ،کۆمۆنیزمێکی دروست بووە کە قەرزداری بزوتنەوە میللی ونەتەوەیی و ڕەگەزی و پیشەسازی کردنەوەکان و ئەو جۆرە شتانە نییە.
کۆمۆنیزم، وەک وتم، هەموو ئازادییە، هەموو یەکسانیخوازییە، هەموو مرۆڤایەتییە. پێم وایە ئێمە ئەم کۆمۆنیزمەمان دروست کردووە. لەوانەیە باوەڕ نەکەیت چونکە پێشتر ڕای کارگەر بوویت یان ئێستاش هەروایت، لەوانەیە نەتەوێت قبوڵ بکەیت چونکە فیدائی بوویت و هەیت و یان ئەندامی بەرەی نیشتمانییت.
ئایا تۆ سەر بە حیزبی توودەیت؟ بەڵام ئەمە باوەڕی ئێمەیە، بەم شێوەیە خۆمان گێل کردووە. ئێمە پێمان وایە ئەمە ئێمە کێین و ئامادەین بۆ ئەوەی هەر کەسێک بە هەر ئامرازێک بیەوێت تاقیمان بکاتەوە. لەم حیزبەدا کراوەیە، هەرکەسێک هەر گومان و خراپ تێگەشتنێکی هەبێت دەتوانێت بێتە لامان و بپرسێت، با بزانم تۆ ئەوەی کەدەیڵێیت یان نا.
ئەگەر دەرکەوت کە هەیە، یان دەرکەوت کە دەتوانێت بێت، ئەوا چیتر بۆ من قبوڵکراو نییە کە کۆمۆنیستێک کە لەگەڵ ئەم رەوتەدا بێت، لە دەرەوەی ئەم حیزبە بێت. پێم وایە لەم حیزبەدا جێگەیەک بۆ زۆرێک لە ئێوە هەیە.
ئەم حیزبە درێژکراوەی هیچ گروپێک نییە، درێژکراوەی هیچ دارودەستەیەک نیە لە زیندان یان هاوڕێیانی ئەو شارە یان هاوڕێیانی قۆناغێکی دیاریکراوی زانکۆی تاران نیە. حیزبی ئەم باوەڕانەیە. و ئەگەر ئەمڕۆ هاتیتە ناو ئەم حیزبەو ئەم بیروباوەڕانەت هەیە، ئەوەئەم حیزبە ئامرازی چالاکی تۆیە. لەم حیزبەدا گروپ چێتی نییە. حیزبی ئازەربایجانی نییە، حیزبی کورد نییە، حیزبی ئەنجومەنی خوێندکارانی تەکنیکی نییە. حیزبی ئەو کەسانەیە کە مانیفێستی کۆمۆنیست بە بنەمای کارەکانیان دەزانن.
منیش وەک باقی هاوڕێیانم ئاواتەخوازم کە زۆرێک لە ئێوە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراندا بدۆزمەوە.
هەڵبژاردەی نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت – لاپەڕە ١٤٩٨ تا ١٥٠٥
دەقی نوسینەوەی ئەم وتارە بۆ یەکەمجار لە “هەڵبژاردەی نوسراوەکان”دا، بڵاوکراوەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست، خورداد ١٣٨٤ (٢٠٠٥) بڵاوکرایەوە.

دوای کوشتنی ساندینۆ، ئەمریکا باسی کۆتایی هاتنی شۆڕش و یاخیبوونی دە کرد، دوای ٢٧ ساڵ لە نیکاراگوا بزووتنەوەیەک دروست بوو، کە ئیلهامی لە ڕاپەڕینی ساندینۆ وەرگرت و ناوی خۆی نا “ساندینیستا”.

٣\٧\٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish