Skip to Content

ئەمە بانگشەی سیاسی یە یان هەراوهوریاو ئاژاوەگێری …؟! … موزەفەر عەبدوڵا

ئەمە بانگشەی سیاسی یە یان هەراوهوریاو ئاژاوەگێری …؟! … موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by نیسان 23, 2018 General

چەند ڕۆژێکە هەراوهوریاو ئاژاوەگێریەک بەناوی کەمپەینی سیاسی دەستەو تاقمەکانی بەشدار لە بەناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردەوە.ئەم دەستەو تاقمە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و مەزهەبی و تایەفیە دەستڕۆیشتو باڵادەستانە هەمو شوێنێکی کارو ژیانیان کردۆتە مەیدانی تەراتێنی ململانێی خۆیانوژیانی ئاساییان لە زۆرایەتی خەڵک ، کە هیچ ئومیدکیشیان پێیان نی یە، تێکداوە.
خۆ ئەگەر لایەنێکی سیاسیش کە بەناوی چەپو ئازادیخوازی یەوە بەخەیاڵی ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک بەشداریان کردوە ئەوە دەنگیان لە بنکەو بارەگاو نوسینگەکانی خۆیان تێپەڕ نابێت.

ئەم دەستەو تاقمە بۆرژوازی یانە بەهۆی دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنو تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکانیانیانەوە ،بەناوی دروشمو بەرنامەی چاکسازی هەڵبژاردنەوە لە پاڵ بانگشە بۆ دروشمو بەرنامەی چاکسازی یانەوە کەوتونەتە تۆمەتبارکردن و سوکایەتی و شکاندنی کەسایەتی یەکترو ناوزڕاندنی ئاکارو ڕەوشتی یەکتر و تەنانەت پێشێلکردنی بچوکترین بەهاو نەریتە ئینسانی یەکان . بە تایبەتی لە دژی ئەو ژنانەی کە خۆیان کاندید کردەوە بۆ پەرلەمان تا بە ئومیدی ئەوەی لەو چوار ساڵەی ئەندامەتیان پارەو سەرمایەیەکی باش کۆکەنەوە بۆ ئیستاو داهاوتویان .

بیگومان ئەم بە ناو کەمپەینی سیاسی و بە ناوەڕۆک هەراوهوریاو ئاژاوەگێرییەش، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە بە کردەوە ئەمە هەڵبژاردنێکی ئاساییودروست نی یە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێک ،کە بە یەکەمین دەزگای یاسادانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی هاوچەرخ دادەنرێت ، لە چاو دەسەڵاتی سیستەمی دەرەبەگایەتی سەرکوتگەری ڕەهاوە.
ئەمە تەنها کارو کردەوەو نەریتی تاقمێکی میلیشایی قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و مەزهەبی و تایەفی دواکەوتون کە بەناوی پەرلەمانو حکومەتی هەڵبژێردراوە شەرعیەت بە سەرکوتو جیاکاری و دواکەوتویی و دزی و گەندەڵیو لوش کردنی سەروەتوسامانی ئەم ووڵاتە دەدەن.

وەئەمەش ناوەڕۆکی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و هەمو ڕەوتەکانێتی لەم ووڵاتە دواکەوتوە ئابوری و سیاسی یانە کە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان هەر دەبێت یان سەرکوتگەرێکی ڕەهای بێ نوزەی ئازادی سیاسی بن وەک بەعسی یەکان ،یان دەبێت ئەم شێوازە گاڵتەجاری یە پڕ لە هەراوهوریاو ئاژاوەگێری یە بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەوە بگرنە بەر.
بەڕاستیش هەرکەسێک لانی کەمی درکی سیاسی چینایەتی ، یاخود ئەزمونی بە کردەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنو کەمپەینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی واقعی لە ووڵاتانی ژێر سایەی دەوڵەتە بۆژوازی یەکانی ئەوروپاو ئەمریکا هەبێت ،ئەوە بۆی ڕوونە کە ئەوەی دەگوزرێت لەم ووڵاتانەی وەک عیراقو زۆر شوێنی تر هیچ پەیوەستی بە هەڵبژاردنو کەمپەینی هەڵبژاردنێکی ئاسایی و نۆرماڵەوە نی یە. بەڵکو جگە لە مەیدانێک بو ململاننی و شەڕو پێکدادانو ئاژاوەگێری نێوان دەستەو تاقمە چەکداری و چەتەگەریانە زیاتر هیچی تر نی یە.
هەر بۆیە هەر لایەنێکی سیاسی ئازادیخواز بەهەر خەونو خەیاڵو خۆش باوەڕی یەکەوە دابەزێتە ئەم مەیدانەی ڕزمبازین و تەڕاتێن وهەراوهورایاو ئاژاوەگیری یە هەم خۆڵ دەچێتە چاوی خۆیانەوە هەم خوڵ دەکەنە چاوی زۆرایەتی جەماوەری ئازادیخوازەوە لە کرێکارانو توێژە بێبەشو ستەمدیدەکان.

ئاخر دەزگای پەرلەمان وئەو حکومەتانەی لەو ووڵاتانەی کە ئەم شێوازەی دەسەلاتی چینی بۆرژوازیان لێ هەڵقوڵاوە دەمێکە ئامرازێک نین بۆ بچوکترین چاکسازی بە قازانجی چینی کرێکاراو تویژە کەمدەرامەتو ستەمدیدەکان، ئیتر چۆن دەبێتە ئامرازێک بۆ قازانجی ئەمانە لەم ووڵاتانە کە بە هیزی شەڕو کاولکاری ئەو دەوڵە ئیمپریالیستانە هاتۆتە سەرکار.
بۆیە لە بەرامبەر ئەم کەمپەینی هەراوهوریاو ئاژاوەگیری و سوکایەتی و ناوزڕاندنو تۆمەتبارکردنانەی ئەو دەستەوتاقمانە پێویستە جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز باوەر بە دروشمو بەرنامە ڕیاکاری یەکانیان نەکەنو گوێیان بۆ ڕانەگرن و ڕیسوایان کەن .

هەر ئێستا بە ڕادەیەک ئەم کارە دەکرێت لە لایەن ڕیکخراوە چەپو کۆمۆنیستەکانەوەو پێویستە ئەم لایەنانەش کەمپیەنی هاوبەشیان هەبێت لە دژیان. هەروەها بۆ سەپاندنی مافو ئازادی یەکانیان پێویستە جەماوەر ئیرادەی خۆیان بە یەکگرتویی و ڕێکخراوەیی بێننە مەیدانو ناڕەزایەتی دەربرن تا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەمانەو، دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەو خۆی خۆیان کە دەسەڵاتو دەوڵەتی شورایییە. وە تەنها لە سایەی ئەم دەسەڵاتو دەوڵەتە شورایی یەشدا هەمو مافو ئازادی یەکانی جەماوەر بەدی دێت، کە فراوانترین شێوازی دیموکراسی ڕاستەوخۆیە لە چاو شێوازی دیموکراسی پەرلەمانی بۆرژوازی کە دەسەڵاتی کەمایەتی یەکی سەرمایەدارانە.

٢٣-٤-٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish